Draw Media

گەرم بوونی ، جەنگە ساردەکەی ئێران و سعودیە

گەرم بوونی ، جەنگە ساردەکەی ئێران و سعودیە

2019-09-21 20:50:38


هونەر تۆفیق  
ئەمریکا بەقەد ئەوەی توڕەیە لە ئێران ، دوو هێندەش خۆپارێزی دەکات لە تێوەگلانی لە جەنگێکی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئێراندا . بەڵام هەردوولا ( ئەمریکا و ئێران ) لەوە دڵنیان کە ناتوانن ڕاستەخۆ بەرانبەر بەیەک شەڕی ڕووبەڕوو بکەن . لەهەمان کاتدا ئیسرائیلیش دەیەوێت ئێران خاوەنی هێزێکی سەربازی وەها نەبێت کە لەتوانایدابێت کێبڕکێ ی تەل ئەبیب بکات . ناشتوانێت ڕێگری لە هەڵکشانی توانا سەربازیەکانی ئێران بکات کە بەمەترسی دەزانێت بۆ سەر قەوارەکەی خۆی لەناوچەکەدا .
سعودیەش دوژمنێکی عەقائیدی و تەقلیدی ئێرانی شیعە مەزهەبە . تەنیا وڵاتێک لە دیدی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە گونجاوبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا سعودیە . لەلایەکەوە سعودیە وزەیەکی ئابووری گەورەی هەیە کە بەبێ هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانێت تەموینی جەنگەکە بکات ، لەلایەکی ترەوە ئەو هێزە بەزەبرەش نیە لە توانایدابێت ئێران بخات و سەرکەوتنی خێرا مسەوگەربکات . لەبەر ئەوە شەڕی راستەوخۆی سعودیە و ئێران بەدوو ئاستدا قازانج بە ئەمریکا دەگەیەنێت . لە ئاستێکدا قازانجی ئابووری هەیە بۆ ئەمریکا بەهۆی فرۆشی ئەو چەکانەی سعودیە بۆ شەڕەکە پێویستی دەبێت و دەبێتە داهات بۆ ئەمریکا . لەلایەکی ترەوە ، سعودیە ناتوانێت ببێتە براوەیەکی لەخۆبایی ، وەک زلهێزی ناوچەکە دەرکەوێت .
دەشێت جەنگێک بێت وەک شەڕی هەشت ساڵەی ئێران - عێراق جگە لە پڕوکاندنی ئابووری هەردوو وڵات ، لایەنی براوەی تیادا دەرنەکەوێت . تۆڵەکردنەوەیەکیش بێت لە ئێران .
بەڵام مەترسی پەلهاوێشتنی ئەو جەنگە بۆ وڵاتانی سەر بە نفوزی ئێرانی و سعودیە ، لەدەستدانی کۆنترۆڵکردنی ڕوویەکی تری گریمانەی ئەو شەڕەیە . چونکە لەناوچەی نفوزی هەردوو وڵاتدا سێ گەورەترین و هەستیارترین کەناڵی دەریایی هەیە کە نزیکەی لەسەدا پەنجای ئابووری جیهانی پێوەبەندە . ئەویش گەروەکانی هورمز و باب مەندەب و سوێسە . گواستنەوەی جەنگ بۆ ئەو کەناڵانە کە لە ستراتیژی سەربازی ئێراندا ، بەدەر نابن لە جیوگرافیای جەنگ ، ئابووری جیهان شلۆق و وێران دەکات . ئەمریکاییەکان لە ئەساسەوە بۆیە خۆیان و ئیسرائیل لەو جەنگە بەدوو دەگرن ، بۆئەوەی ئەو گەرووانە نەکەونە زۆنی شەڕەکەوە ، بۆ ئێرانیش خاڵی بەهێزی توانا سەربازیەکەی تواناکانیەتی بۆ گواستنەوەی جەنگ بۆ ئەو گەرووانە . ڕەنگە لەو کاتەدا ئەمریکا بەناوی پارێزگاری لەئابووری جیهانی بتوانێت هاوپەیمانیەکی سەربازی نێودەوڵەتی دروست بکات بەناوی پاراستنی ئاسایشی گەروەکانەوە ، لەوێوە هەم هاوپشتی سعودیە بکات و هەم گەروەکانیش لە مەترسی هێرشی ئێرانی بپارێزێت .
لەناو ئەم مەترسیانەدا ، جەنگە ساردەکەی نێوان سعودیە و ئێران بەرەو گەرمبوون دەچێت . لەپاش جەنگی کەربەلا و کوشتنی حوسەین لەلایەن یەزیدی کوڕی معاویەوە ، ئەمە یەکەم شەڕی ڕاستەوخۆی ئیسلامی سونی و ئیسلامی شیعی دەبێت کە عاقیبەتەکەی بۆ هیچ لایەکیان بەخێرنابێت .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand