Draw Media

ماڵه‌كه‌ی هه‌مووان

ماڵه‌كه‌ی هه‌مووان

2019-09-25 21:26:04


شاناز برایم ئه‌حمه‌د

هه‌ر له‌كاتی نه‌خۆشكه‌وتنی مامی ڕابه‌رمانه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا مانگ نه‌بووه‌ كه‌ به‌ شه‌ڕ و ده‌مه‌قالێ و هه‌ڕه‌شه‌ و هه‌ندێك جاریش قوربان و سه‌ده‌قه‌ به‌شێك له‌ پاره‌ی كوردسات و ده‌زگا و میدیاكانی یه‌كێتیم له‌ملاوله‌ولاوه‌ دابین نه‌كردبێت ، له‌ پاش كۆچی دوایی مامه‌وه‌ ئیتر كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یانجار ئه‌و په‌نجه‌ره‌ جوانه‌ی كوردساتیان به‌رووماندا داخست و بینه‌رانیان له‌ كه‌ناڵه‌ ئازیزه‌كه‌یان بێبه‌ش كرد و ته‌نانه‌ت مافی بۆن كردنی ئه‌و چڵه‌ نیرگزه‌ خۆشه‌شیان پێ ڕه‌وا نه‌بینین ..!

خۆ له‌ پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ داخی ئه‌و هه‌موو ناداد په‌روه‌رییانه‌ ته‌ندروستی داده‌ تێك چوو ، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر كوردسات به‌ڵكو خاك و ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ و ( س.ن.ن) و مناڵپارێز و گه‌له‌ری زاموا و زانكۆی كۆبانی و خوێندنگه‌ی شه‌هید جه‌بار و كه‌ناڵی بادینان سات و كه‌ركوك و سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركوك و ماڵی ئیزدیه‌كان و كوردستانی نوێ و گشت كه‌ناڵ و راگه‌یاندن و هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ دیاری مام و داده‌ بوون كه‌وتنه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن و هه‌ندێكیشیان داخران به‌ كورد ئایدڵشه‌وه‌ ..!

لێره‌دا كێشه‌كه‌ ته‌نیا كوردساتی ماڵی هه‌مووان نیه‌ ، كوردسات ئاوێنه‌ی ماڵه‌گه‌وره‌كه‌یه‌ ، واته‌ یه‌كێتی

هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گوزه‌رێت گوزارشت له‌و راستیه‌ ئه‌كات كه‌ ئه‌و یه‌كێتیه‌ی ئه‌مڕۆ چیتر نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌‌ و نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی مامه‌ و نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی جاری جارانه ، هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی ده‌ستكه‌وتی یه‌ك ته‌به‌ق هێلكه‌ی گه‌نیو و نیو كیلۆ دووگی حه‌یوان و جگه‌ری مریشك و سنوقێك ده‌رمانی ئێكسپایه‌ر ناگۆڕنه‌وه‌ به‌ هیچ یه‌ك له‌و پڕۆژه‌ و دیارییانه‌ی مام و داده‌ و یه‌كێتی

بۆ ئه‌وان جگه‌ره‌ی قاچاخ گرنگتره‌ وه‌ك له‌ بادینان سات لای ئه‌وان سه‌یاره‌ و ده‌مانچه‌ و پله‌ و پۆست به‌خشینه‌وه‌ باشتره‌ وه‌ك له‌ هێشتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی (الاتحاد) بێگومان بۆ ئه‌وان سه‌رف كردنی پاره‌ی یه‌كێتی بۆ پیاو كڕین بۆ كۆنگره‌ سودی زیاتره‌ وه‌ك له‌ دابین كردنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی دڵسۆز و ماندوو ..

ئه‌وان به‌ خه‌فه‌كردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌كان و شاردنه‌وه‌ی راستیه‌كان ئه‌توانن له‌سه‌ر كورسیه‌كانیان بمێننه‌وه‌ نه‌ك به‌ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ و ماڵی هه‌مووان ..!

ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ خودی خوم جێی داخه‌ ئه‌و بێهه‌ڵوێستی و بێ باكیه‌ی كوڕانی مامه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ خۆیان كردوه‌ته‌ ده‌مراستی ده‌باشان و یه‌كێتی و له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ گه‌وره‌ترین زیانیان به‌ ده‌باشان و یه‌كێتی گه‌یاندوه‌ ..!

له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌ به‌ڵگه‌وه‌ دیارنه‌مانی مووچه‌ی مام ( هه‌ر له‌كاتی نه‌خۆشكه‌وتنیه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ) و بڕینی نه‌سریه‌كه‌ی و بڕینی نه‌سریه‌ی داده‌ و زۆر بابه‌تی هه‌ستیاری تر ئه‌خه‌مه‌ ڕوو ، چونكه‌ نه‌ ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ و نه‌ ماڵی هه‌مووان شایانی ئه‌وە نین كه‌ به‌م ڕۆژه‌ بگه‌ن ..!!

رێزو حورمه‌تی بێ پایانم بۆ ستافه‌ به‌ ئه‌مه‌ك و دڵسۆزه‌كه‌ی كه‌ناڵی نیرگزه‌ بۆنخۆشه‌كه‌ی ماڵی هه‌مووان

ده‌ستی ماندووی گشت كارمه‌ندانی خاك و بادینان سات و كه‌ركوك و س.ن.ن و سه‌ربازه‌ گومناوه‌كانی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ ئه‌گوشم ..

به‌ڵێن بێت‌ تا دووا هه‌ناسه‌ پشتتان به‌رنه‌ده‌م

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand