Draw Media

چی لەپشت بڕیارەکەی دادگای فیداڵیەو کێ تاوانبارە؟ 

چی لەپشت بڕیارەکەی دادگای فیداڵیەو کێ تاوانبارە؟ 

2023-01-27 18:29:43


ئه‌مین به‌كر

بڕیارەکەی ڕۆژی ۲٥/۱ی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی بەدەر نیە لە ئامانجی سیاسی و دیدگای ئەو دادگایە بەتایبەت چەند ئەندامێکی دژە فدڕاڵییە. بەڵام ئەو لایەنەی کە لەم بابەتەدا تاوانبارە تەنها ئەو ئاڕاستە دژە فیدڕاڵییە نیە کە لەبەغدا هەیەو لە دادگای باڵای فیدڕاڵیشدا بڕیاربەدەستە، بەڵکو هەردوو حزبی باڵادەستی هەرێم (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)یش پشکی شێریان لەو زوڵم و مافخورانەی بەسەر هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی ئێمەدا دێت، بەردەکەوێت.
لێرەدا نامەوێت باسی ئەوەبکەم کە چەند خەڵکی هەرێمی کوردستان، باجی سیاسەتی ملهوڕی و بێمنەتی ئەو دوو حزبە بەناو کوردستانییەیان داوە، لەدیارترین نمونەکانی ملهوڕیش پشتگوێخستنی داواکارییەکانی به‌غدادو دنیا  بوو لەپرسی ڕیفراندۆم و بابەتی  گرێبەستە نەوتییەکان و پرسە داراییەکانی تری وەک نەگێڕانەوەی داهاتەکان و پرسی گومرگ و سنورەکان و ڕێگریکردن لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ چاودێریکردنی خەرجی و داهاتی هەرێم و نەدانی ڕاپۆڕتی دارایی ساڵانە بووە بە عێراق!.
لەبابەتی  ملهوڕیدا هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تاوانبارن، بەڵام پارتی دیموکرات پشکی زیاتری  بەردەکەوێت، هەروەک باسی خۆخۆری و جەمسەربەندی ئەو دوو هێزە دەسەڵاتدارەی هەرێمیش ناکەم کە لە بەغداد ململانێی یەکتری دەکەن و لەو پێناوەشدا لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و مافەدەستورییەکانی تەنازولاتی گەورەیان بۆ لایەنە عێراقییەکان کردووەو، بێ ئەوەی هیچ دەسکەوتێک بۆ خەڵکی ڕەش و ڕووتی هەرێم بەدەستبهێنن!.
لەدیارترین ئەو تەنارولاتانەش کە لە به‌غداد کردویانە، تێپەڕاندنی یاساکانی حەشدی شه‌عبی و یاسای پەیماننامە دەوڵەتییەکان و چەندان یاسای تر بووە، بێجگە لە ڕێگەدان بەهاتنە ناوەوەی حەشدی شه‌عبی سەرەتا بۆ دوزخورماتوو دواتر کەرکوک و دەشتی نەینەوا، ڕێگەدان بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵیش یەکێک بووە لەو تەنازولاتانەی کردویانە، لەم پرسەشدا هەردوو حزب تاوانبارن، بەڵام یەکێتی پشکی زیاتری بەردەکەوێت.

بۆچی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئامانجی لێدانە لەمافە فیدڕاڵیبەکان؟
لەڕوی یاساییەوە: دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەو بڕیارەی لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی لیژنەی یاسایی دەرکردووە ،کە داوا دەکات  بڕیارەکانی ژمارە (٤۰۱،۳۳٥ ،۲٥۷، ۲۲٦،۱۹٤ی سالی ۲۰۲۱و بڕیاری ٨ی سالی ۲۰۲۲ كە لە ۱۱/ ۱/ ۲۰۲۲) ی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بەناردنی ۲۰۰ ملیاردینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەنادەستوری دابنێت و هەڵیانبوەشێنێتەوە، چونکە بەدەر لەیاسا دەرکراون،  ئەوەی شارەزای یاسا بێت دەزانێت، تانەدان لە بڕیاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەناویاندا بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەبەردەم دادگای کارگێڕیی دەبێت نەک لەبەردەم دادگای دەستوریی، بەتایبەتیش کە لەدەقی داواکەیدا داواکار وتویەتی لەبەرئەوەی بڕیارەکە پێچەوانەی یاسای بودجەیە، واتە دادگای باڵای فیدڕاڵی تایبەتمەند نەبووە بەو داوایەی کە سەیری کردووەو حکومی لەسەر داو ،   دەیان داواش هەن، کە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بەرزکراونەتەوەو داواکارەکان داوای  نادەستوریبوونی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە بەڵام دادگای ناوبراو بە بیانگەی نەبوونی تایبەتمەندی (عدم الاختصاص) ڕەتیکردونەتەوە، تانەت هەندێک داوا هەن کە لەسەر نادەستوریبوونی یاسای بودجە بوون، بەڵام کاتێک داواکە سەرو گوێی حکومەتی فیدڕاڵی گرتۆتەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی بەبیانوی نەبونی تایبەتمەندی بەهەمان شێوە ڕەتیکردونەتەوە.
ئەم بۆچونەم لەئەنجامی ئەزمونکردنی چەند داوایەکە لەبەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، کە دوو داوایان بەبیانوی نەبوونی تایبەتمەندی (عدم الاختصاص) ڕەتکراونەتەوە، داوای یەکەم بەندە لەگەڵ هەردوو بەڕێزان پەرلەمانتاران حاکم سامان فتاح و زانا ڕۆستایی لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرزمانکردبۆوە، کە بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجەی عێراقی و هەروەها بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی، هەمان ئەو ئەنجومەنەی ئێستا دادگای ناوبراو تانەلێدان لەبڕیارەکانی بە اختصاصی خۆی ئەزانێت، بەڵام ئەوکات دادگاکە بەبیانوی عدم الاختصاص داوەکەی ئێمەیان ڕەتکردەوە، داوای دووەمیشم بەندە وەک پارێزەری خۆبەخشی هەردوو بەڕێزان پەرلەمانتاران کاوە محه‌مه‌دو غالب محه‌مه‌د لەبەردەم هەمان دادگاو هەمان دەستەی دادوەری و لەسەر خورانی موچەی چەند مانگێکی فەرمانبەرانی هەرێم بوو، و پاڵپشت بە بڕگەی ۳ مادەی ۹٤ی دەستور بەرزم کردبۆوەو سەرەڕای ئەوەی دادبینی چەند دانیشتنێکی بینی، بەڵام کاتێک بەپرسیارێکە ڕون بۆوە بەشێکی شانی حکومەتی عێراقیش دەگرێتەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی بەبیانوی عدم الاختصاص بەهەمان شێوەی داواکەی تر ڕەتیکردەوە.
بۆیە کاتێک ئێستا  هەمان دادگاو بەهەمان دەستەی دادوەری پێشویەوە، داوایەک لەسەر بڕیارەکانی هەمان ئەنجومەنی وەزیران، وەردەگرێ و بەپێچەوانەی بڕیارەکانی پێشووی بە اختصاصی خۆی ئەبینێ و بەپێی بڕگەی ۳ مادەی ۹٤ حوکمی نادەستوریبوونیان لەسەر ئەدات، نیشانەی پرسیارگەلی زۆر هەڵدەگرێ.
دادگای ناوبراو بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی بە بیانوی دەرچون لە دەسەڵاتی ڕێپێدراو هەڵوەشاندونەتەوە. بەڵام کاتێک سەیری ناوەڕۆکی داواکە بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە دادگاکە بەرگری نوێنەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی وەرنەگرتووە کە دەڵێت (ئەوە کارێکی کارگێڕییەو پێدانی سلفەی پێشینەیە تا حساباتی کۆتایی دەکرێت و دواتر لەبەشە بودجەی هەرێم دەگێڕدرێتەوە، و کارێکی پێویستە لەپێناو خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و ڕانەوەستانی دامودەزگاکانی دەوڵەت، بەپێچەوانەوە وتەی نوێنەری یاسایی وەزیری دارایی کردووە بەبەڵگە کە دیارەو بەئەنقەست دان دەنێت بەوەی کە زانیویانە خەرجکردنی ئەو دووسەد ملیارە  نایاساییە بەڵام دەبوایە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران جێ بەجێ بکەن).
هۆکاری ئەم ئاڕاستە ئامانجدارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دیارە بۆچی جیاوازە لەبڕیارەکانی پێشووی، چونکە ئەمجارە زەرەرمەندی ڕاستەقینە حکومەتی فیدڕاڵی نیە، بەڵکو خەڵکی هەرێمی کوردستانن و  لەگەڵیشیدا گورزێکی تریشە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم دوای بڕیارەکەی پێشووی دادگای ناوبراو لەسەر پرسی یاسای نەوت وغازی هەرێم. بڕیاریەکی لەو شێوەیە ئەگەر کاردانەوەی هەڵوێستەکانی پارتە دەسەڵاتدارە کوردستانییەکان بێت، یان دەرئەنجامی هەڵەو تەنازولاتەکانیان بێت، بۆ من ئەوە گرنگە کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر دۆخی خەڵکی کوردستان و  زەوتکردنی مافە دارایی و دەستورییەکانیانی لێدەکەوێتەوەو باجەکەشی هەر ئەو خەڵکە ڕەش وڕوتە ئەیدات.
 پێکهێنانەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەم شێوەی ئێستای  تاوانی پارتی و یەکێتی بوو. بەپێی مادەی ۹۲ی دەستوری عێراقی، دەبوایە دوای ساڵی ۲۰۰٥ ، یاسایەکی تایبەت بە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دەربکرایە، و دەرکردنی یاساکەش بەپێی دەستور پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، ئەم زۆرینەیەش وەک گرەنتێک بۆ خواستی پێکهاتەکان و گرنگی ڕۆڵی ئەو دادگایە لەدەستوردا دانرابوو.
دەرکردنی ئەو یاسایە دواکەوت و دادگاکەی پێشوو کە پێش دەنگدان لەسەر دەستوری ئێستاو، بەبڕیاری ژمارە ۳۰ سلطەی ئیئتلافی کاتی پێکهاتبوو، بەردەوام بوو لەکارەکەی  و هەرچەند زۆر باس لەنادەستوریبوونی دەکرا چونکە بەپێی دەستورە تازەکە دروست نەکرا بوو، بەڵام لێزانینی سەرۆکی دادگاکە کە زیرەکانە بابەتە کێشەلەسەرەکانی ئەخەواند یاخود بەپێی دۆخی سیاسی بڕیاری لێ ئەدان و تاڕادەیەکیش هاوسەنگی دەپاراست، وایکردبوو هێزە سیاسییەکان  ئەو داوایانەی دەخەواند کە دەیزانی کێشەی بێ دەنگەی لێ بکەن و تانە لەشەرعیەتی نەدەن، بەهۆی زۆری تەمەنی ئەندامەکانییەوە، و خانەنشینبوونی ئەندامێکی و مردنی ئەندامێکی تری، لەنیوەی دووەمی ۲۰۱۹ەوە ئەو دادگایە کارەکانی وەستاو نەیتوانی کۆببێتەوە، بەهۆی بڕیارێکی پێشووتری دادگاکە خۆشیەوە کە  مادەی ۳ی بڕیاری ژمارە ۳۰ سلطەی ئیئتلافی بەنادەستوری دانابوو، ئەو مادەیەی کە شێوازی گۆڕین و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەو دادگایەی ڕێکدەخست، نەدەتوانرا دادوەری نوێ بۆ ئەو دادگایە دابنرێت و بەمەش دادگاکە توانای زیندوبونەوەی نەما.
بەهۆی خۆپیشاندانەکانی تشرین و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی کە بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختی دابوو، دەویسترا هەڵبژاردن بکرێت و هەڵبژاردنیش بێ زیندوکردنەوەی دادگای باڵی فیدڕاڵی نەدەکرا، چونکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڕیاری ئەو دادگایە پێویست بوو.
هێزولایەنە شیعەکان دوای ئەوەی دڵنیابون ناتوانن بەبێ ڕازیکردنی کورد یاسایی دادگای باڵای فیدڕاڵی وەک ئەوەی لەدەستوردا هاتووە تێبپەڕێنن، هاتن پڕۆژەی هەمواری بڕیارەکەی سلطەی ئیئتلافیان هێنا کە دادگا کۆنەکەی لەسەر پێکهاتبوو، وە ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە ئەم هەموارە پێویستی بەزۆرینەی دوولەسەر سێ نیەو وەک هەر یاسایەکی ئاسایی بەزۆرینەی سادە تێدەپەڕێنرێت، و لەپشتی دەرگاکانیشەوە زەمینە سازیان بۆکرد تا ڕێگری بۆدروست نەبێت.
پڕۆژەی هەموارەکە بەپێی دەستور دانەڕێژرابوو، تەنها شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێ ی ئەو دادگایەو ئەندامانی یەدەگی گۆڕیبوو. شیعەکان دەیانویست بەمشێوەیە بەربەستی دوو لەسەر سێی دەنگ تێپەڕێنن و داواکارییەکانی کوردیش لەیاساکەدا جێگیر نەکەن.
ئەو پڕۆژەی هەموارە  لەزۆر ڕوەوە نادەستوری بوو لەکاتی خۆیدا وتارێکمان لەسەر نوسی، و هەرچەند بەندە پەرلەمانتار نەمابوین بەڵام لەڕێگەی هەندێک لە هاوڕێ پەرلەمانتارەکانمان ڕای خۆمان گەیاندو ئاگادارمانکردن کە ئەم پڕۆژەیە واتە ڕێگەدان بەپێکهێنانەوەی دادگاکە لەڕێگەی هەمواری یاساوە دانی بزمارە لەتابوتی کارتە دەستورییەکانی دەست هەرێم. ئەوە بوو لەکۆتایی مانگی پێنجی ساڵی ۲۰۲۱دا پڕۆژەی هەموارەکە دەنگی لەسەردراو لەنێو لایەنە کوردستانییه‌کاندا تەنها یەکێتی نیشتمانی دەنگی پێدا. بەڵام پارتیش کاری پێویستی نەکرد بۆ ڕێگرتن لەتێپەڕاندنی، بەتایبەت کە دەیتوانی لەڕێگەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە لە پارتی بوو، ڕێگری لێ بکات. یاخود دەیتوانی، لەسەرەتای دەنگدان لەسەر پڕۆژەی هەموارەکە ڕایبگەیەنێت کە دادگاکە بەدەستوری نازانێت و اعترافی پێ ناکات، بەڵام نەک ئەوەی نەکرد بەڵکو پەلەی بوو کەسێک لەپشکی خۆی بنێرێت بۆ ئەندامێتی ئەو دادگایە. 

بەمشێوەیە لایەنە کوردستانییەکان، کاتی خۆی  زۆر بەئاسانی کەوتنە ژێر کاریگەری فشاری هێزە شیعەکان وازیان لەو مافە دەستورییە هێنا کە دەستور دیاریکردووەو ڕێگەیاندا پڕۆژەی هەموارەکە تێبپەڕێ لەکاتێکدا دەیانتوانی لەڕێگەی دەستگرتن بەو مافە دەستورییە گرەنتی پێکهێنانی دادگایەکی دەستوریی عادل بکرێت.
تا ئەوکاتەی دادگاکە مانگی دووی ساڵی ۲۰۲۲دا، دەستی برد بۆ مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی دەرکرد، بەمەش گەرمایی گەیشتە سەر پشتی پارتی دیموکرات و گورزی ڕاستەوخۆی بەرکەوت، و ئیتر بەرامبەر دادگاکە دەنگی لێ بەرزبۆوە، ڕایگەیاند کار بەبڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ناکاو دادگاکە نادەستورییە.
ئەمجارەش لە دۆسیەی ناردنی پارە کەدا دادگاکەی بەدادگای ئەنجومەنی سەرکردایەی شۆڕشی سەردەمی بەعس دەشوبهێنێ. بۆیە دەبێت خەڵکی کوردستان لەو دوو هێزە سیاسییە بپرسنەوە کە نەک نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی ئەوان بکەن و مافەکانیان بپارێزن، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ڕۆژ بەڕۆژ زیانی گەورەو کەمەرشکێنیان لەماف و دەسکەوتەکانی ئەم گەلە داوەو، جاری واش هەبووە لەپێناو مەرحەبایەکی گەرمی عێراقییەکان یان تورکیاو ئێران، جاربەجاریش ئەمریکا، سازشی زۆریان لەسەر پرسە چارەنوس سازەکانی ئەم گەلە کردووە. 
ئەوەی بۆ خەڵکی ڕەش و ڕوتی کوردستانیش ماوەتەوە تەنها قوربانیدان، و ئازارو برسێتی و نەبوونی بووە، جێکەوتی هەڵەکانی ئەوو دوو هێزە سیاسییە تەنها بۆسەر خۆیان نیە بەڵکو باجەکەی گەلی کوردستان داویەتی و دەیدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand