لە کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت کێشەکان چی بوون و کامیان چارەسەر بوون؟ 

Draw Media

2023-01-23 17:17:54




هاوڕێ تۆفیق

بەشی زۆری گرێ کوێرەکانی هەڵبژاردن کراونەتەوە ،ئەمە جگە لەفشاری نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمریکا ، کە داوا دەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. سەرەتا کێشەکان قوڵ و ئاڵۆزبون بەم شێوەیە بون؛
١: زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوە بوون بازنەی هەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت و کوردستانیش چونکە چوار پارێزگایە کەواتە بکرێت بە چوار بازنە ،بەڵام پارتی دیموکرات نارازی بوو.
٢: زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ ئەو رایە بوون کە تۆماری بایۆمتری هەڵبژاردنی فیدراڵ کە کۆمیسۆنی فیدراڵ ئامادەی کردوە بکرێتە تۆماری دەنگدەران ،لەو روانگەیەی راستر و خاوێنترە ،بەڵام پارتی دیموکرات لەگەڵ تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بوو.
٣: پارتی دیموکرات داوای دەکرد کە پێش مەرجی هەڵبژاردن کاراکردنەوەی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن بێت، پاشان قانونی هەڵبژاردن هەموار بکرێ، بەڵام زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوە بوون کە پێش مەرج قانونی هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە.
٤: مەسەلەی یانزە کورسیەکەی کۆتا دەرگایەکی داخراوی هەڵبژاردنە ، پارتی دیموکرات دژی کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکانیانە ، لایەنەکانی تر داوای کەمکردنەوەی کورسیەکانیان دەکەن، یان بە هەر رێگایەکی تر بێت داوادەکەن کە تۆماری تایبەت بە پێکهاتەکان دروست بکرێ، هەرچەندە ئەمەیان لەرووی هونەرییەوە ئاڵۆزەو جێبەجێکردنی سەختە. 
لە ئێستادا کۆمەڵێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر بوون، بەم شێوەیە؛

١: هەڵبژاردن فرە بازنەیی دەبێت و کوردستان بکرێت دەکرێت بە چوار بازنەوە.
٢: تۆماری دەنگدەرانی بایۆمتری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ دەکرێتە تۆماری دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان.
٣: کۆمیسۆن کارا دەکرێتەوە.

مەترسیەکانی کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن؛
بەو هۆیەی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم پشکپشکێنەیە، لە کاتێکدا ئەنجامەکان دڵخوازی لایەنەکان نەبوو ، هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشووی  پەرلەمانی کوردستان لە ناو ئەنجومەنی کۆمیسیاران دروست دووبارە دەبێتەوە ، ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران پێکهاتوە لە  نۆ ئەندام و بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن پێویستی  بە دەنگی پێنچ ئەندام هەیە، ئەگەرنا ،ئەنجامەکە پەسەندکراو نابێت. ئەمەش ئەگەر هەیە بەهۆی ئاڵۆزی سیاسیەوە ئەو ژمارەیە دروست نەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand