Draw Media

دووه‌م شۆرشی نه‌وتی، لە چەند رۆژی رابردوودا

دووه‌م شۆرشی نه‌وتی، لە چەند رۆژی رابردوودا

2023-01-27 21:12:30


   فه‌رهاد حه‌مزه‌ محه‌مه‌د
 

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دوای گەران و پشکنینی کۆمپانیای گشتی گەران و رومالی نەوت  سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق لە بیابانی رۆژئاوای عێراق، یەدەکی سەلمێنراوی نەوت بە بری ٦ ملیار بەرمیل زیادی کردوە و یەدەکی سەلمێنراوی غازی سروشتی بە بری ٢٣ ملیار پێ سێجا زیادی کردوە، بەم شێوەیە یەدەکی سەلمێنراوی نەوتی عێراق گەیشتۆتە ١٥١ ملیار بەرمیل نەوت . لە ساڵی ٢٠١٤ وتارێکم لەسەر دەوڵەمەندی دەڤەری سوننەنشین نووسی و تیایدا پێشبینی ئەوەم کرد هەر کاتێک کارەکانی وەزارەتی 
نەوت پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت ئەوا گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر سامانی هایدرۆکاربۆنی لە وڵاتدا دێت . وا لای خوارەوە دەقی وتارەکە جارێکی تر بڵاودەکەمەوە  :
زۆرجار كه‌ باس له‌ ناوچه‌ی سوننه‌ی  عێراق ده‌كرێت باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌  له‌ بیابانێكی وشك و برنگ به‌ولاوه‌ هیچی تری تێدانیه‌  .            
 ئه‌م تێروانینه‌ی خه‌ڵكی بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ تا ئه‌و كاته‌ بڕی ده‌كرد كه‌ هێزه‌كانی داعش له‌ 9ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014 دا زۆربه‌ی ناوچه‌ سووننه‌ نشینه‌كانی عێراقیان كۆنترۆل كرد و خه‌لافه‌تی ئیسلامیان  له‌شاری موسل جاڕدا ، له‌و ساته‌وه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن باس له‌و نه‌وته‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌ ده‌كه‌ن كه‌ رۆژانه‌ هیزه‌كانی داعش ده‌یانفرۆشێت به‌ جۆرێك جگه‌ له‌ مه‌ترسییه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی مه‌ترسی ئابوورییشیان خسته‌ پاڵ و كردیان به‌هێزێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ داهاتی نه‌وت له‌وانه‌ وڵاته‌ یه‌ككگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ ئیدیعای ئه‌وه‌ی ده‌كرد رۆژانه‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلار له‌ داهاتی نه‌وت ده‌چێته‌ گیرفانی داعشه‌وه‌ .
له‌ چاو گێرانێكی خێرادا به‌ پارێزگا سوننه‌ نشینه‌كاندا ئه‌و راستیانه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ ده‌ڤه‌ری سوننه‌ش له‌ رووی ئابووری نه‌وت و غازه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌و له‌ توانای دایه‌ ئه‌و دەڤەرە پێش بخات و بیهێنێته‌ سه‌ر پێی خۆی .
پارێزگای موسڵ 
_____
له‌ سنووری ئه‌م پارێزگایه‌دا نزیكه‌ی 50 ستراكچه‌ری جیۆلۆجی تیا دۆزاوه‌ته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كیان بیری نه‌وتی تێدا هه‌ڵكه‌نراوه‌و بوونی نه‌وتی تێدا سه‌لمێنراوه‌ ، چه‌ند دانه‌یه‌كیش له‌مانه‌ گه‌شه‌یان پێدراوه‌ و چوونه‌ته‌ بواری به‌رهه‌مهینانه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ كێڵگه‌ی گه‌یاره‌ , كێڵگه‌ی عه‌ین زاله‌ , كێڵگه‌ی سوفه‌یه‌.چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی تریش وه‌ك نه‌جمه‌و به‌تمه‌و جاوان و قه‌سه‌ب و عه‌لان و سه‌رجۆن و خانوقه‌ و نه‌ینه‌وا هه‌یه‌ كه‌ ته‌نها بونی نه‌وتیان تیا سه‌لمێنراوه‌ به‌ڵام گه‌شه‌یان پێنه‌دراوه‌ .به‌ كورتی یه‌ده‌كی سه‌لمێنراوی  پارێزگای نه‌ینه‌وا دەگاتە 3,2% ی یه‌ده‌كی هه‌موو عێراق . 
پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین 
له‌م پارێزگایه‌دا ژماره‌یه‌ك ستراكچه‌ری جیۆلۆجی به‌رچاو ده‌كرێت به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌مهێنن  ئه‌مانه‌ن : - كێڵگه‌ی حه‌مرین , كێڵگه‌ی عه‌جیل , كێڵگه‌ی به‌له‌د , به‌شێك له‌ كێڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا 0

پارێزگای ئه‌نبار 
جیۆلۆجییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و راستییه‌یه‌ی كه‌ خۆرئاوای عێراق به‌ تایبه‌ت ئه‌و به‌شه‌ی له‌ سنووری وڵاتی ئوردونه‌وه‌ نزیكه‌ گومان ده‌كرێت چه‌ندین كێڵگه‌ی غازی له‌ خۆگرتبێت. ئه‌گه‌ر رووپێوێكی چاكی ناوچه‌كه‌ بكرێت ئه‌وا زیاتر راستییه‌كان روونده‌بنه‌وه‌ .
له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژبه‌رۆژ پێویستی جیهان بۆ غاز زیاتر ده‌بێت هه‌ربۆیه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێرا ق له‌ به‌رنامه‌یدایه‌ كه‌به‌ ده‌ستی شاره‌زایانی عێراقی و به‌توانای نشتمانی هه‌لبسێت به‌ رووپێوی هه‌زاران كیلۆمه‌تر دووجا له‌ خاكی خۆرئاوای عێراق .
ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌و ناوچه‌یه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌و به‌رهه‌می هه‌بووه‌ كێڵگه‌ی (عه‌ككاس) ه‌ .
كێڵگه‌ی عه‌ككاس كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ كێڵگه‌ غازییه‌كانی عێراق ده‌ژمێردرێت ده‌كه‌وێته‌ بیابانی رۆژئاوای عێراقه‌وه‌ 30كم له‌ باشووری شارۆچكه‌ی قائیمه‌وه‌ .یه‌ده‌كی غاز له‌م كێڵگه‌یه‌ به‌ 5.6تریلیۆن پێ‌سێ‌ جا ده‌خه‌مڵێنرێت ( له‌ كۆی یه‌ده‌كی هه‌ردوو كێڵگه‌ی كۆرمۆرو چه‌مچه‌ماڵ زیاترە ).


له‌ پێش پرۆسه‌ی ئازادییدا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی بیابانی ڕۆژئاوای عێراقی دابه‌شی 12 بلۆك كردبوو 6 له‌م بلۆكانه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنوری هه‌ردوو پارێزگای موسڵ و ئه‌نباره‌وه‌ ڕووبه‌ره‌كه‌یشی زیاتر له‌ 46 هه‌زار كیلۆمه‌تر دووجایه‌ . به‌ مه‌به‌ستی ڕوپێوكردن(مسح-survey ) داوای له‌ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای روسی و هندی و ئه‌نده‌نوسی كردبوو تا ئه‌ركی ڕوپێوكردنی تێدا ئه‌نجام بده‌ن به‌ڵام ڕوداوه‌كانی ساڵی 2003 كاره‌كه‌ی په‌كخست . له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق وه‌زاره‌تی نه‌وت لە رێگەی کۆمپانیاکانی خۆیەوە پلانی گەڕان بە دوای نەوت و غازی لە ڕۆژ ئاوای عێراق دارشت هەروەها له‌ رَێگه‌ی خوله‌كانی مۆڵه‌ت پێدانه‌وه‌  و له‌ خولی چواره‌می مۆڵه‌ت پێداندا ده‌رگای واڵا كرد بۆ كۆمپانیا بیانیه‌كان تا بكه‌ونه‌ كێبرَكێوه‌ بۆ به‌ده‌ست خستنی كاركردن له‌و بلۆكانه‌ . 
سه‌باره‌ت به‌ نه‌وتیش ئاژانسی نه‌وتی ئه‌مریكی له‌ ڕاپۆرتێكیدا له‌ ساڵی 2006 ئاماژه‌ به‌ بوونی 100 ملیار به‌رمیل نه‌وت له‌ بیابانی ڕۆژئاوا ده‌كات .
ئه‌گه‌ر دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له‌ ساڵی 1927 له‌ كه‌ركوك به‌ یه‌كه‌م شۆرشی نه‌وت هه‌ژمار بكرێت ئه‌وا به‌ ته‌واو بوونی ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كردن دووه‌م شۆرشی نه‌وتی له‌ عێراق به‌رپا ده‌بێت .

* كۆمپانیای نه‌وتی باكوور

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand