Draw Media

دادگای فیدراڵی:  ناردنی بودجە بۆ کوردستان لە دەسەڵاتی حکومەتدا نیە 

دادگای فیدراڵی:  ناردنی بودجە بۆ کوردستان لە دەسەڵاتی حکومەتدا نیە 

2023-01-25 16:20:58


 

هاوڕێ تۆفیق
دادگای فیدراڵی سەرجەم بریارەکانی پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەڵوەشاندەوە، ئەو بریارانەی کە تایبەت بوون بە ناردنی پشکی بودجەی هەرێم ، ئەمەش بەو پاساوەی کە ئەو بریارانە پێچەوانەی دەستورن.

دادگای فیدراڵی پشتی بە باوەرێکی قانونی و دەستوری بەستوە کە بە گوێرەی دەستوری کۆماری عێراقی فیدراڵ دەسەڵاتەکان لە دەستوردا لە یەکتری جیاکراونەتەوە، پەرلەمان قانون دەردەکات، ئەنجومەنی وەزیران بریارو رێنمایی بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی قانونەکان دەردەکات و ئەمەش نابێت دژ بە قانون بێت ،  دادگا دەڵێت پشکی هەرێم لە قانونی بودجەی فیدراڵ باسکراوەو و چونێتی پێدانی دیاریکراوە. ئیتر ئەنجومەنی وەزیران ناتوانێ جگە لەو چوارچێوە قانونیەی کە هەیە رێگای تر دیاری بکات و لەلای خۆیەوە بریار دەربکات.

ئەم بریارەی دادگای فیدراڵی ئیتر بە تەواوی دەستی ئەنجومەنی وەزیرانی گرت کە نابێ هیچ بریارێک دەربکات بۆ ناردنی بودجە بۆ هەرێم و دەرگای گفتوگۆی هەرێمی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ داخست .چونکە دادگا دەڵێ؛ ناردنی بودجە بۆ هەرێم دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران نیە و لە پسپۆری قانونی بودجەدایە. تاکە دەرگای کراوەی هەرێم پەرلەمانە کە بتوانێ رێککەوتن بکات و مافەکانی لە قانونی بودجە بچەسپێنێت. 

شەقامی عێراقی دڵخۆشن بەم بریارانەو ئێستا ئەو پەرلەمانتارانەی کە سکاڵا لە دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێم دەکەن  ،دەبن بە پاڵەوان و لە هەمان کاتدا رای گشتی لە شەقامی عێراقیدا دەڵێن، بۆچی هەرێم نەوتی خۆی بۆ خۆی دەبات و لەهەمان کات داوای پشکی نەوتی بەسرەش دەکات! 

ئاشکرایە کە مەسەلەکان ئاڵۆزبوون، داگای فیدراڵی لە بریاری پێشوتریدا مافی هەرێمەکانی لە دەرهێنانی سامانی سروشتی بە تەواوی زەوتکردو مەرکەزیەتی سامانی سروشتی چەسپاند کە ئەوەش ناکۆکە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی وەکو رژێمی دەستوری دەوڵەت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand