لە ستایشی گفتوگۆدا.. (لەداخی ئەوەی كورد نازانێت گفتوگۆ بكات)
2023-01-27 06:46:43
رێبوار سیوەیلی
1. گفتوگۆ هونەرێكی ئاسمانییە. سەرەتا خودا و فریشتەكان، بەتایبەتیش خودا و ئیبلیس گفتگۆ دەكەن. پاشان ئادەم و خودا. بەمجۆرەش پێشنموونەی گفتوگۆ كردەیەكی ئاسمانییە و بنەمایەكی پیرۆزی هەیە.
2. مرۆڤ فێری گفتوگۆ بووە نەك گفتوگۆ شتێك بێت لە جەوهەری مرۆڤبووندا. گفتوگۆ ڕۆشنبیریی و داناییە، نەك بۆماوەیی و غەریزەیی. مرۆڤ بۆ ئەوەی فێری گفتوگۆ ببێت، سەرەتا پێویستی بەوەیە فێری گوێگرتن ببێت. مرۆڤی سەرەتایی ئەم هونەرە بەرزە لە سرووشتەوە فێر بوو: سرووشت بەبەرچاوییەوە خۆی دەنواند، دەپەیڤی و خۆی نوێ دەكردەوە. مرۆڤیش لەمەوە فێری سەما، مۆزیك و زمان و ڕەنگ بوو..
3. بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت گفتوگۆ بكات، پێویستە بتوانێت گفت لە گۆ جوێ بكاتەوە و بیانكاتە یەك: گفتوگۆ! گفت پێویستە گۆ بكرێت، بگوترێت، دەرببڕدرێت و ببێتە دەنگ و سەدا. گفتوگۆ، خۆدواندن نییە، داڵغەلێدان نییە. خۆخواردنەوە نییە، زمانی بێدەنگیی نییە، بەڵكو زمانی دەنگ و گوتن و خۆدەربڕینە. مرۆڤ گەرەكە خۆی دەرببڕێت و بەدەنگی بەرز خۆی بخاتە ڕوو و خۆی بەرجەستە بكات.. لە بێدەنگییدا مانا شیاوی ڕاڤەی جیاوازە، مانا جێگیر نییە، ڕەوانە هێندەی ژمارەی ئەوانەی لە بێدەنگی ڕادەمێنن چونكە هەر كەس لە تێگەیشتنی خۆیەوە لە بێدەنگی تێدەگات. بێدەنگییش زمانێكی تایبەتە، وەلێ بێدەنگانە.
4. بۆ ئەوەی بتوانین گفتوگۆ بكەین، نابێت لە قسەكردنەوە دەستپێبكەین. قسەكردن توێكڵی گفتوگۆیە و ئاستی دەربڕینی فیسیۆلۆژیانە و جەستەیی گفتەكانە. لە قسەكردندا، هەناسە، ژێیەكانی گەروو، زمان و لێوەكان دەكەونە گەڕ بۆ دەربڕین، بەڵام لە گفتوگۆدا، لە (گوێگرتن لەئەویترەوە) دەستپێدەكەین. گفتوگۆ هەمیشە لە دەرەوەی قسەوە و لەناو گوێگرتنەوە دەستپێدەكات. گوێگرتن لە دژی ڕەهایگەریی و موتڵەقخوازیی و ئەوەی ڕاستیی بەتەنیا لای منە، ڕاماندەهێنێت. لە فاشیزم و ئوسوڵگەرایی ڕەهاخوازەوە بەرەو دیموكراسییەت و ویژدان و هەڵكردن لەگەڵ جیاوازیی دەمانبات و لەویشدا پێدەگەین و پەروەردە دەبین، نەك چەقبەستوو و بۆگەن بكەین..
5. گفتوگۆ پێش هەمووشتێك هونەرە: هونەری بوونەخود لە بەرامبەر قەبووڵكردنی ئەوی دی وەك خۆی! ئەگەر مرۆڤ خۆی نەبێت، ناتوانێت ئەویتریش وەكخۆی قەبووڵ بكات و جیاوازیی دەمرێت. ڕەگوڕیشەی هەموو فاشیزم، ڕەگەزپەرستی و فەندەمانتالێزمێك لەو نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، كە مرۆڤ وا بزانێت بۆ ئەوەی خۆی هەبێت، پێوستە ئەویتر بسڕێتەوە و نەمێنێت. گفتۆگۆ وەك هونەر، دێت بۆ ئەوەی تابلۆی پێكەوەبوون تەواو بكات، نەك بەشەكان لەیەكتر جیا بكاتەوە. ئەو دێت بۆ بەرینكردنی مەودای جیاوازی نەك سەلماندنی ڕاست و هەڵەی نێوان جیاوازەكان. گفتوگۆ وەك هونەر، جوانیی بە جیاوازیی دەبەخشێت نەك ڕاستەقینە بۆ لایەنێك بەرێتەوە و لایەنێكی دیكە بەدۆڕاندن بدات.
6. گفتگۆكردن ئاسان نییە، زەحمەتی دەوێت. یەكەم زەحمەت ئەوەیە مرۆڤ خۆی ڕابهێنێت لەسەر گوێگرتن ئەمجا قسەكردن. دووەمین زەحمەت ئەوەیە، مرۆڤ خۆی ڕابهێنێت لەسەر ئەوەی كاتێك قسە دەكات خۆی بخاتە شوێنی ئەویتر و زەحمەتی سێیەمیش ئەوەیە: مرۆڤ خۆی ڕابهێنێت لەسەر ئەوەی كە قسەكانی خۆی لە ئاوێنەی قسەكان و وەڵامەكانی ئەویتردا ڕەنگدانەوەیان دەبێت. ئاوێنەكە دەنگی مرۆڤ خۆیەتی، ئەویتر ڕەنگدانەوەكەیە.
7. بۆ ئەوەی گفتوگۆ ئامانجی خۆی بپێكێت، چونكە هیچ گفتوگۆیەك بێ ئامانج نییە، پێوستە مرۆڤ خۆی لە هەموو بڕیارێكی پێشینە لەبارەی هەر شتێكەوە، كە باری نێگەتیڤ و دزێوی بەسەر ئەویتردا دەسەپێنێت، یان پێیدەبەخشێت، خۆی ڕزگار بكات. حوكمە پێشینەكان لەسەر هەر نیمچەڕاستییەك، یان وەهم و ئایدیۆلۆژیایەكەوە لەسەر ئەویتر دروستبووبن، شێوێنەری گفتوگۆن. گفتوگۆ تەنیا لە نێوان مرۆڤە خاوەن هەقە چونیەكەكاندا ناكرێت، بەڵكو لەنێوان ئەو مرۆڤانەشدا كە مافی چوونیەك بەیەكتر دەبەخشن و ڕوانگەیان بۆ یەكتر چونیەكە. هەركات لەناخی خۆماندا بە نزمی، یان هەژاری، یاخود بە هەر جۆرێكی دیكە ڕوانیمانە ئەویتر، خودی ئەم ڕوانینە ناهەقیییەكە. گفتوگۆ بەم ڕوانگانەوە ناكرێت و ناشگاتە ئەنجام.
8.من ناڵێم گفتوگۆكردن ئاسانە، شیاوە، یاخود بەدەستەوە دێت! بەڵكو دەڵێم: قوورسترین و بەرزترین ئاستی ڕۆشنبیرییە، كە مرۆڤێك یان نەتەوەیەك پێیدەگات. ئاسان نییە و حازریش نییە. دەبێت خۆمانی لەسەر پەروەردە بكەین، بەدەستی بهێنین، خۆمان بەرزكەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامی بدەین. لەبەر ئەم هۆكارانەیە، كە ئێمەی كورد هێشتا نازانین دەست بۆ ئەو هونەرە ببەین. ئەمەش نەك هەر لە ئاستی تاكەكەسی و جڤاكیدا، بەڵكو لەئاستی پەروەردەیی و سیاسییشدا. سیاسییەكانی ئێمە لە هەموو شتێكدا شارەزابن و بەدەستیان هێنابێت، لە هونەری گفتوگۆدا كۆڵ و كۆڵەوارن: لەو شوێنەی پێویستە عەقڵ كار بكات، ئەوان پەنا بۆ پەرچەكردار دەبەن، لەو شوێنەی پێوستە تەگبیر بێتە ئاراوە، ئەمان كەوگیر لە كێشەكان وەردەدەن و بە حوكمی پێشینەوە دەچنە بەرامبەر ئەویتر كە بەشێكە لە خۆی. ڕۆشنبیرەكانیشمان هەر وان: كەمترین گفتوگۆی ڕۆشنبیریمان لە هەرێم هەیە. ئەوەی كە هەیە گفتوگۆ نییە. یان تەنیا گوتنە، یان دەرپەڕاندن و شكاندنەوە، یاخود یەكتری سڕینەوە و یەكتری نەبینین. ئەگەر جاروبار سیاسییەكان پێكەوە دانیشتنی هەڵخەڵەتێنەری بێ گفتوگۆی نومایشكارانە لەمیدیاكانەوە پەخش دەكەنەوە، ئەوە دەستەبژێر لە حەسوودی و ئیرەییان بەیەكتر، ناتوانن ئەو نومایشەش ساز بكەن.
9. بە بۆچوونی من لە ئێستادا ئەوەی لە ئابووری زیاتر قەیرانی بۆ كۆمەڵگەی ئێمە دروستكردووە، نەبوونی كولتووری گفتوگۆیە. نەبوونی ئەو هونەرە بەرزەیە كە پێشنووسە بۆ چارەسەركردنی زۆربەی كێشەكان. پێویستە ڕەهەندی گفتوگۆ بێتە نێو سیاسیەتی ئێمەوە، نەك دانوستان و دانیشتن. یان تەسریحات و لەوچەلەوچ و تەنانەت چەقەچەقیش.. پێوستیشە سیاسییەكانی ئێمە لەنێوخۆیانەوە دەست بەگفتوگۆ بكەن، نەك ببنە گوێگر و گوێڕایەڵی بێگانە. سیاسەت پێش هەموو شتێك كاركردنە بە بنەماكانی گفتوگۆ. بە قەبووڵكردنی جیاوازی. ئەوە ئەركی نووخبە و دەستەبژێرە كولتووری گفتوگۆ بهێنێتە ئاراوە، پەرەی پێدات و بیناسێنێت و بیكاتە باو..
10. گفتوگۆ فێر نەبیت، ئازاد نابیت. ئەگەر گفتوگۆ پێشزەمینەیەكی ئاسمانی هەیە، نەك لەبەرئەوەی ئاسمان پیرۆزیی پێ بەخشیوە. بەڵكو لەبەر ئەوەی گفتوگۆ بوونەوەر ئازاد دەكات و ئازادی ئامانجی گفتوگۆیە. ئیبلیس بەوەی گفتوگۆی كرد بوو بەشەیتان، بەڵام خۆیشی ئازاد كرد. ئادەم بەوەی ملكەچیی هەڵنەبژارد، گوناهی كرد و فڕێدرایە سەر زەوی، بەمانایەكی دی ئازاد بوو. بۆیە جەوهەری گفتوگۆ پێش هەموو شتێك تیلەی چاوی لە ئازادییە. گفتوگۆ هەر بەتەنیا تەكنیكێك بۆ فێربوونی بیروڕاگۆڕینەوە نییە، بەڵكو ڕێگایەكە بۆ گەیشتن بە ئازادی.
*لە ئاكاونتی (رێبوار سیوەیلی) وەرگیراوە