Draw Media

ئاڵنگارییە هاوبەشەكانی بەردەم بەغداو هەرێمی كوردستان لە 2023

ئاڵنگارییە هاوبەشەكانی بەردەم بەغداو هەرێمی كوردستان لە 2023

2023-01-21 10:07:35


یاسین تەها

هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراقێكی فیدراڵی ئاڵۆزو ناسەقامگیر، بە كۆمەڵێك كێشەی كەڵەكەبووەوە پێی نایە ساڵی نوێ (2023). هەندێك لەم كێشانە، بەرماوەو درێژكراوەی ساڵانی ڕابردوون، هەندێكی تریشیان دەشێت زیاتر لە ئەمساڵدا پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن. ئەم بابەتە هەوڵێكە بۆ هەڵوێستەكردن لەسەر ئەو كێشە هاوبەشانەی كە لە ئاسۆی ساڵی نوێدا هەن.

كێشەكانی هەرێم و بەغدا

لە ساڵی 2022 هەرەسهێنانی هاوپەیمانیی "انقاذ  وطن" بە سەرۆكایەتیی سەدرو بەشداریی پارتی و هاپەیمانیی سیادەی سوننە، بەخێرایی قەرەبوو كرایەوە بە دروستكردنی جێگرەوەیەك لە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەو دوو هاوپەیمانێتی سوننەو دوو لایەنی كوردی بە ناوی "إدارە الدولە" ([1]). لایەنی باشی ئەم هاوپەیمانییە نوێیە لەوەدا بوو كە، دیارترین ئەو هێزە شیعانەی تێدا بوو (جگە لە سەدر) كە خاوەن پێگەو نفووزی ڕاستەقینەن؛ ئەمە جگە لە دوو بەرەی سەرەكیی سوننە (سیادە و عەزم). ئەمەیش ڕێگەخۆشكەرە بۆ ئەوەی ئەگەر بڕیارو ئیرادە لە هەولێرو بەغداوە هەبێت، ئەوە كێشەكان بكەونە سەر ڕێگەی چارەسەر. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، پاش نزیكبوونەوەی وادەی ١٠٠ ڕۆژ لە تەمەنی حكومەتی "محەمەد سودانی"، هێشتا بەرەوپێشچوونی زۆر بنەڕەتی لە ڕەوشی پەیوەندییەكانی هەردوولادا نییە كە لەسەر بنەمای چارەسەری ڕیشەییی هەندێك لە كێشەكان بێت. لە پاش سێ مانگ لە پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییەیش (إدارە الدولە) هێشتا حكومەت و چوارچێوە سیاسییەكەی لە سێ دۆسیەی سەرەكیدا چەقیان بەستووە كە ئەوانیش بریتین لە: جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە سیاسییە دووقۆڵییەكان، پەسەندكردن و ڕەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان و، یەكخستنی دیدی پشتیوانانی حكومەت لەبارەی زۆر پرسی هەستیاری لە چەشنی هەڵوێست لە ئەمریكاو چۆنێتیی دابەشكردنی سامانە فیدراڵییەكان. ئەمەیش وا دەكات هەندێك لە چاودێران باس لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەم هاوپەیمانییە بكەن ([2])، بەتایبەت كە ئێستا لە بەرە شیعییەكەیەوە گیرۆدەی ململانێی جەمسەرەكانی مالیكی و خەزعەلییە([3]؛؛ لە بەرە سوننەكەیشییەوە هەر دووچاری پەرتەوازەیی و داخوران بووەتەوەو پەیوەندیی جەمسەرەكانی ڕووی لە ئاڵۆزیی زۆرەو جارجارە ناكۆكییەكانی تا ئاستی "شەڕە جنێوی ناشرین"یش دەڕوات([4]).

لە بەرنامەی كاری حكومەتی نوێدا ماوەی شەش مانگ بۆ یەكلاكردنەوەی دوو یاسای گرنگ دانراوە، كە ئەوانیش یاساكانی نەوت و گازو یاسای دادگەی فیدراڵییە ([5])؛ بەڵام نیوەی ماوەی دیاریكراو تێپەڕی كردووە بەبێ ئەوەی بەرەوپێشچوونی گەورە هەبێت لەبارەی ئەو دوو یاسایە كە گرنگیی زۆریان لە خستنەسەرپێی پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدا هەیە. ئەمەیش بە مانای مانەوەی چارەسەرە كاتی و كورتمەوداكانە وەك تاقە بژاردە، لە كاتێكدا ئەم چارەسەر كاتییانە ئۆقرەیی و دڵنیاییی سیاسی و ئابووریی لێ ناكەوێتەوە؛ هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێم هەر بەبێ بودجەی جێگیر بمێنێتەوە كە ئەمەیش ناتەبایە لەگەڵ حوكمڕانیی هاوچەرخ و تەندروست و، هەر بەم هۆیەیشەوە تێپەڕاندنی بودجەی فیدراڵی لە وادەی خۆی دواكەوتووە ([6]). لە لایەكی تریشەوە مانەوەی دادگەی فیدراڵی بە هەمان پەیكەری كۆن وایكردووە، هەولێرو بەغدا زۆرجار لە گرژی و كێشمەكێشدا بن لەگەڵ لێكەوتەكانی بڕیاری دادگەی فیدراڵی كە زەقترینیان لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕەتكردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم دەچووە.

تەرازووی هێز لە بەغدای پایتەخت

هەرچەندە نزیكەی سێ مانگ بەسەر پێكهاتنی حكومەتی سودانی گوزەری كردووە، بەڵام هێشتا شوناسی ڕاستەقینەی ئەو حكومەتەو بنكە ڕاستەقینەكەی جێگەی مشتومڕەو، چاوەڕوان دەكرێت یەكلاكردنەوەی ئەمەیش لە سەرەتای 2023دا بێت. یەكێك لە كۆڵەكەكانی حكومەت كە "بزووتنەوەی عەسائیب"ە، پێی خۆشە ناوبنرێت حكومەتی بەرگری (المقاومە) ([7])؛ لە دەرەوەی ئەم پێكهاتە سیاسییەیش گروپە چەكدارەكانی وەك "كەتیبەكانی حزبوڵڵا"و " ئیمام عەلی"و... هەمان بۆچوونیان هەیە. ئەمەیش لێكەوتەی سیاسی و ئابوریی زۆری دەبێت لە بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژاواو ئەمریكاو، قەیرانی ئەم دواییەی دۆلار یەكێك لە لێكەوتەكانی، هەوڵی ڕۆیشتن بەرەو ئەو ئاڕاستەیە. بەرامبەر بەم جەمەسەرە شیعەیەیش هەندێكی تر لە هێزەكانی ئەم پێكهاتەیە لە بارگرانییەكانی خۆساغكردنەوە بەسەر ئێراندا تێ دەگەن و زیاتر لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگیدان لەنێوان بەرەكانی ئەمریكا و ئێران.

زاڵبوونی هەژمونی ئێرانی بەو جۆرەی هەندێك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە دەیانەوێت، ئەگەر سەر بگرێت، لێكەوتەی جۆراوجۆری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت؛ یەكێك لەوانە ئەگەری خراپبوونی باری دارایی و ئابوریی عێراقە كە دانیشتوانی هەرێمیش دەگرێتەوە؛ بەو پێیەی بەهای دینارو دۆلار فیدراڵییە، هەروەها دەرفەتی گێچەڵپێكردنی گرووپەكانیش بە سیماو دیاردە نائێرانییەكان لە عێراق و كوردستاندا زیاتر دەكات. بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەم سیناریۆیە، ئەگەرێكی دووەم هەیە لەبارەی گەڕانەوەی ئیدارەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرباری سەرقاڵییەكانی لە چین و ڕوسیاو لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. ئەم ئەگەرەیش كە لە ناوەندە میدیایییە ئەمریكییەكان ئاماژەی پێ كراوە ([8])، یەكێك لە هاندەرو پاساوەكانی، گرنگیدان دەبێت بە عێراق و لەم حاڵەتەیشدا هەرێمی كوردستان سودمەند دەبێت، چونكە باڵانسی هێز لەنێوان ئەم دوو زلهێزەدا لە وڵات جارێكی تر دەگەڕێتەوەو عێراق بەتەواوی نابێتە پاشكۆیەكی ئێرانی.

لەسەر ئاستی ناوخۆییی عێراقیش باوەڕ وایە 2023 ساڵی گەڕانەوەی سەدرییەكان بێت بۆ سەر شانۆی سیاسیی عێراق، هەر هیچ نەبێت لە دەروازەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە كە لەئێستاوە ئامادەكاریی بۆ دەكرێت لە ئۆكتۆبەری 2023 بەڕێوە بچێت ([9]). بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیش سەدرییەكان ڕۆژی هەینی (12ی كانوونی دووەمی 2023) نوێژێكی هەینیی "یەكگرتوو"یان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری عێراق ئەنجام دا (جگە لە بەسرە)؛ ئەمەیش وەها لێكدراوەتەوە كە دەسپێك و ئامادەكاری بێت بۆ گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆسەر گۆڕەپانی سیاسی لە دەروازەی نوێژی هەینییەوە چونكە ئامادەكارییەكان جۆش و خرۆشی سەدرییەكانی بەرزكردەوە؛ لە بەرامبەریشدا بووە مایەی نیگەرانی بۆ هێزەكانی چوارچێوەی شیعە ([10]).

 لە ئەزموونی نوێژەكەیشەوە دەركەوت جەماوەری سەدر هیچ باكیان بە بڕیارە كتوپڕو بەپەلەكانی ڕێبەرەكەیان نییە كە دەشێت گورزی لێ دابن؛ هەر كاتیش موقتەدا بیەوێت بەكەیفی خۆی جووڵەیان پێ دەكات و سەرمایە كۆمەڵایەتی و بنكە جەماوەرییەكەی هەروەك خۆیەتی. هەندێك بۆچوونیش پێیان وایە تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ بەسەر تەمەنی حكومەتی سودانی و كۆتاییهاتنی پاڵەوانێتیی جامی كەنداو، پاساوێكی بەجێن بۆ گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ شانۆی سیاسی ([11]).

تێكڕای ئەم ئەگەرو گۆڕانە چاوەڕوانكراوانەیش لە بەغدا بەشێوازی جۆراوجۆر كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بەتایبەت ئەگەر سەدرییەكان دەرفەت بقۆزنەوەو ناڕەزایی دژی حكومەتی چوارچێوەی شیعە بەرپا بكەن، ئەوە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەپێشنەی گرنگیدانی حكومەت نابن و، ئەم ئەزمونەیش لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی پێشینەی هەیە كە خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 نەیهێشت لەگەڵ حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنەكەی تەواو بكات.

مەترسیی تیرۆر

بە گوێرەی هەندێك هەڵسەنگاندنی ئەمریكی، پڕۆژە جیهانییەكەی داعش بە سەركردایەتییەكی ناوەندگەرایییەوە وەك خۆی بەردەوامە، جگە لەوەیش پێدەچێت بەردەوام بێت؛ ئەمەیش مەترسییە بۆ سەر كۆمەڵگە ناوخۆیییەكانی عێرق و سوریا ([12]). ئەم هەڵسەنگاندنە پشتئەستوورە بەو داتایانەی باس لەوە دەكەن سەرباری ئەوەی داعش دەیان سەركردەی باڵای لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەدەستداوە، بەڵام بەردەوامە لە سەركردایەتیكردنی یاخیبوون لە عێراق و سوریا؛ هەروەها سەرۆكایەتیی تۆڕێكی جیهانیی یەكگرتوو دەكات كە تا  ئەفریقا درێژبووەتەوە. جگە لەوەیش پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی داعش بەئاسانی سەركردەی نوێیان قبوڵ كردووە لە جێگەی ئەوانەی كوژراون؛ هەروەها هەست بە نیشانەكانی دابەشبوون یان هەڵوەشانەوە ناكرێت لەناو لق و تۆڕەكانی ڕێكخراوەكەدا. لەژێر سەركردایەتیی نوێیشدا، ڕێكخراوەكە هەر پابەندە بە ئامانجە درێژخایەنەكەیەوە كە بریتییە لە دامەزراندنی "خەلافەتی ئیسلامی"؛ بۆ گەیشتن بەم ئامانجەیش یەكێك لەو میكانیزمە سەرەكییانەی بۆ هەڕەشەكردن بەكاریدەهێنێ، میدیاكەیەتی. لە دەرەوەی تۆڕەكانی ئینترنێتیش كەڵك لە ناوچە فشۆڵ و لاوازەكانی عێراق و سوریا وەردەگرێت، شتێكی ڕوونیشە كە بەشێك لەو كۆمەڵگەیانەی تەماسیان لەگەڵ داعش هەیە لەسەر سنوری هەرێمی كوردستان و لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێم و بەغدان، بەشێكی زۆرییش لەو دانیشتوانە كوردن.

بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی داعش لە دوو ڕێگەوە دەكرێت: یەكەمیان بەهێزكردنی هەماهەنگییە لەنێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا؛ دووەمیشیان پەرەپێدان و بەهێزكردنی هێزە ئەمنییەكانی كوردستانە، بەتایبەت پێشمەرگە. بژاردەی یەكەم، گیرۆدەی چەقبەستنی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و بەغدایە، كە هێشتا دیلی بەدگومانی و سستی و خاوەخاوە بەهۆی زۆر هۆكارەوە؛ دووەمیشیان بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆیییەكانی "پارتی"و "یەكێتی"یەوە دووچاری مەترسی بووەتەوەو بەڕای ئەوانەی شارەزان، "یەكخستنەوەی هێزەكان كارێكی قورسە؛ ئەمەیش بەهۆی زاڵبوونی بیركردنەوەی حزبایەتی بەسەر هێزەكان." ئەم شارەزایانەی ڕەوشی پێشمەرگە، زۆر گەشبین نین بە زەمینەسازییەكان چونكە "ئاسان نابێت ئەو هێزانەی سەر بە یەكێتی و پارتین بیركردنەوەیان بگۆڕێت و بكرێن بە هێزێكی نیشتمانی"([13])؛ ئەمە لە كاتێكدا كە سەرچاوە پەرلەمانییەكان باس لەوە دەكەن ئەمریكا هەڕەشەی ڕاگرتنی هەموو هاوكارییە سەربازی و لۆجستییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە كردووە لە ئەگەری یەكنەخستنەوەی ئەو هێزانە لە چوارچێوەی هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. هەروەها هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەخت لەسەر كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو هێزانە دەكاتەوە، كە هاوكاریی دارایی و موچەكانیان بووەتە بارگرانی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە ([14])؛ هەروەها ئەم بابەتەیش یەكێك بووە لە تەوەرەكانی گفتوگۆی دوا سەردانی تیمی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی "برێت مەكگۆرك" لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ([15]). ئەم چاكسازی و یەكخستنەوە دواخراوەیش، یەكێكە لە ئاڵنگارییەكانی بەردەم حكومەتی هەرێم لە 2023، بەو پێیەی تەبایی و ئیرادەی سیاسی و كاری هاوبەشی زۆری پێویستەو، بەبێ زەمینە جێبەجێبوونی لەسەر ئەرزی واقع ئەستەمە.

كێشەی هەڵبژاردن و شەرعیەتی پەرلەمان

سەربارەی ئەوەی ئاماژەكان لەسەر ئەوەن هەڵبژاردنی پێشوەختە لە حكومەتی سودانیدا ئەگەرێكی قورس و زەحمەتە ([16])، بەڵام هەر ئەگەرێكی كراوەیە لە عێراق، چونكە لە كارنامەی حكومەتدا چەسپێنراوەو لە كاتی گرژیدا دەرچەی دەربازبوونە. هەڵبژاردنی پارێزگاكانیش خواست و داوای زۆری سیاسی و حزبیی لەسەرە بۆ پایزی داهاتوو، بەڵام لە كوردستان وێڕای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێك، ئاسۆیەكی ڕوون بۆ سازكردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە ئارادا نییە. ئەمەیش پەڵەو كێشەیە بۆ ئەزموونی دیموكراسی لە هەرێم بەراورد بە عێراق كە لەڕووی ڕواڵەت و ڕووكەشەوە پابەندە بە وادە دەستوورییەكان.

پێشهاتێكی تری نوێ لەم بوارەدا هاتنەسەرخەتی دادگەی فیدراڵییە كە بڕیارە لە كۆتاییی ئەم مانگە (31/ 1/ 2023) دانیشتنێكی تری دادبینی بۆ ئەو سكاڵایانە بكات كە لەبارەی نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە پێشكەش كراون ([17]). سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكانی بڕیاری دادگاكەیش لە سێ حاڵەتدا خۆی دەبینێتەوە كە بریتین لە ڕەتكردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی یاسایییانەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. ئەمەیش بە مانای دروستبوونی بۆشاییی یاسایی و گورز بۆ پرۆسەی سیاسیی كوردستان دێت، یان سەرزەنشتكردنی یاسای درێژكردنەوە لەڕووی پڕەنسیپەوەو پەسەندكردنی تێپەڕاندنی لەبەر ناچاری، یان بەیاسایی وەرگرتنی درێژكردنەوەكە وەك ئەوەی كراوە. لە دوو بژاردە چاوەڕوانكراوەكەی دواییشدا هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە درێژكردنەوە بژاردەیەكی خوازراو نییە بۆ سیستەمی سیاسیی كوردستان كە ئەزموونی یەكەم هەڵبژاردنی لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992؛ هێندەیش بەسە ئاماژەی پێ بكرێت كە یاساكە (12 / 2022) لە "ڕۆژنامەی وەقایع" بەبێ ئیمزای هیچ یەك لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و پەرلەمان بڵاوكراوەتەوەو پەنا بۆ تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی براوە پاش دەنگدان لەسەر یاساكە ([18])، وەك گوزارشتێك لە بێزاری لەو قەیرانەی بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم دروست بووە.

ژمارەی دانیشتووان و گرفتەكانی پەرەپێدان

مەترسییە سەرەكییەكانی سەر عێراق بە گوێرەی خەمڵاندنی دەزگەی ئاسایشی نەتەوەییی عێراق، جگە لە تیرۆر، زیاتر ماددەی هۆشبەرو گۆڕانی كەشوهەواو دیاردەی گەندەڵین ([19])، بەڵام لە پەنا ئەمانەیشدا هەندێك پێشهات و ئاڵنگاریی تر هەن كە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هاوبەشن؛ لەوانەیش: هەڵكشانی ژمارەی دانیشتوان و لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵكشانی ڕێژەی بێكاری و لاوازیی ژێرخانی ئابوری. 

بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی پلاندانان، لە ئێستادا دانیشتوانی عێراق 42 ملیۆنیان تێ پەڕاندووە. ئەگەرچی ئەم ژمارە فەرمییە جێگەی متمانە نییە چونكە پشتئەستور نییە بە ئامار، بەڵام ئەوە یەكلایییە كە ژمارەی لەدایكبووە تۆماركراوەكانی ساڵانە لە 2020 بەدواوە لە ملیۆن زیاترەو، پار (2022) لە سەروو 1.3 ملیۆن منداڵەوە بووە ([20]). ئەم زیادبوونە زۆرەیش كە بە ڕێژەی (2.5%)ەو گەر بەردەوام بێت، لە 2030 دانیشتوانی عێراق دەگەیەنێتە 50 ملیۆن كەس ([21])؛ كێشەو بارگرانیی زۆری ئابوری و ستراتیژی دروستدەكات كە یەكێكیان پەروەردەیییە، چونكە كەرتی پەروەردە گیرۆدەی لاوازی و داڕمانی ژێرخان و خراپیی ژینگەی خوێندنە. ئەم حاڵەتە بۆ كوردستانیش هەمان شتە كە لە ئێستادا بەگوێرەی ئاماری ڕەگەزنامەی هەرێم، شەش ملیۆن و 300 هەزار كەسی تێپەڕاندووە ([22]).

ئەگەرچی جیاوازییەك هەیە لە ناوەندی لەدایكبوون و ناوەندی خێزان لەنێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشور، بەڵام شارەزایان كۆكن لەسەر ئەوەی هەموو زیادبوونێكی دانیشتوان، پێویستە هاوتەریب بێت لەگەڵ پەرەسەندنی ژێرخان و ئامادەكاری بۆ ڕەخساندنی هەلی كار. لەم ئاڵنگارییەیشدا بەغداو هەرێم هاوبەشن و ساڵانە ڕێژەی نەوە تازەو نوێیەكان زیاتر دەكات و چاوەڕوانیی ئەوانەیش بۆ هەلی كار بە هەمان شێوە، لە حاڵەتی چارەسەرنەكردنیدا ئەگەری تەقینەوەی كۆمەڵایەتی و دروستبوونی ناڕەزایەتی هەیە، بەتایبەت كە بەگوێرەی هەندێك لە ئامارەكان ڕێژەی هەژاری لە عێراق لە ساڵی نوێدا دەكاتە 10 ملیۆن كەس كە ڕێژەی دەوروبەری 25%ی دانیشتوان دەكات و لە هەندێك پارێزگای باشوری عێراق دەگاتە 50%ی دانیشتوان بەرامبەر 10%ی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان؛ هێڵی هەژارییش بۆ هەر تاكێك لە مانگێكدا بە 115 هەزار دینار دیاری كراوە كە ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە، لە مەترسیی گەورەدایە ([23]).

پوختە و پێشنیار

لە ساڵی نوێدا عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەردەم كۆمەڵێك ئاڵنگاریی هاوبەشی سیاسی، یاسایی، ئەمنی و ئابوریدان؛ بەشێك لەم كێشانە درێژكراوەی كێشەكانی ساڵی ڕابردوون، بەشەكەی تریان لێكەوتەو بەرەنجامی پەرەسەندنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنی و دیمۆگرافیی وڵاتەكەن و هەندێكیشیان مەحكومن بە گۆڕانكارییە سروشتییەكان. لە حكومەتی نوێی عێراقدا بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی، دەرفەت هەیە بۆ گەیشتن بۆ چارەسەری هەندێك لەو كێشانەو بۆ دروستكردنی كاری پێكەوەیی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییە دوورمەوداكان؛ بەڵام لە بەرامبەر ئەمەیشدا لەمپەرو ڕێگرو مەترسی هەن كە سەرەكیترینیان فاكتەری كاتە، چونكە لە ئەزمونەكانی پێشوودا دروستكردنی هەماهەنگی بەهۆی دواكەوتن و پێشهاتی گەورەترەوە لەبارچوون؛ دەكرێت لەم خولەدا ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتە بگیرێت، ئەگەرنا دۆخەكە لە هەردوولا لە زۆر بوارو لایەنەوە بەناسەقامگیر دەمێنێتەوە، كە سەركیترینیان دارایییە.  

([1])  https://bit.ly/3XtvRKy

([2])  https://bit.ly/3W8RjDC

([3])  https://www.aljarida.com/article/11287

([4])  https://bit.ly/3w7nj0f

([5])  https://www.ina.iq/168772--.html

([6])  https://bit.ly/3QOO4A7

([7])  https://bit.ly/3QGf4lt

([8])  https://bit.ly/3QXE8EN

([9])  https://bit.ly/3Wgj4dA

([10])  https://www.youtube.com/watch?v=laeWTI2UBQE&t=375s

([11])  https://bit.ly/3XRfo3h

([12])  https://bit.ly/3WcWToE

([13])  https://www.youtube.com/watch?v=xgxDkI73Df0

([14])  https://bit.ly/3CQEdUK

([15])  https://bit.ly/3XxxKqh

([16])  https://bit.ly/3QKXPiQ

([17])  https://bit.ly/3ZwYf0a

([18])  وەقایعی كوردستان، ژمارە 293، 2/ 11/ 2022 لا 1.

([19])  https://alrafidaincenter.com/ar/4142

([20])  https://bit.ly/3kkFGfH

([21])  https://www.ina.iq/171458--.html

([22])  https://bit.ly/3Xxw8MD

([23])  https://bit.ly/3GMHDc9

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand