حکومەتێک بۆ سزادانی هاوڵاتیان
2020-03-02 08:31:20
عومەر عەلی محەمەد
ئەگەر سەیری سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین لە جیاتی ئەوەی هەنگاو هەڵبگرێت بەرەو ئەوەی کە ببێتە حکومەتی هاوڵاتییان یان حکومەتی چاک ، دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر هاوڵاتیان بێ هیوا دەکات و بارگرانی زیاتریان بۆ دروست دەکات و توشی ڕەشبینی و دڵەڕاوکێ و دواجاریش نەخۆشی دەرونی و جەستەی زیاتریان دەکات ، هەر حکومەتێک کە دروست دەبێت لە جیاتی چاوگێڕانەوە بە خواست و ویستەکانی هاوڵاتی و چارەسەری گەندەڵییەکانی حکومەتی پێشوو ، تەنها لە سەرەتاوە پڕۆژەیەکی بێ ناوەڕۆک دەخاتە ڕوو کە تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکەو هیچی تر ، بە هەمان شێوازو ستایلی حکومەتی پێشوو درێژە بە کارەکانی دەدات ، بەمەش دەتوانین بڵێین حکومەتی هەرێم لە جیاتی ئەوەی خاوەنی ۲۹ ساڵ لە حکومڕانی بێت ، تەنها یەک ساڵەو ۲۹ جار دوبارەی دەکاتەوە .دروست بونی ئەم کابینە نوێیەی حکومەت لە بارودۆخێکی زۆر جیاوازتر بوو لە حکومەتەکانی پێشوو ، ئەو پڕۆژەیەش کە سەرۆکی حکومەت ڕای گەیاند سەرەتا خەڵک وا چاوەڕوانی دەکرد کە شتێکی نوێ بێ و هیوایەک بۆ هاوڵاتییانی بگەڕێتەوە ، چونکە ئەم حکومەتە لە دوای شەڕی داعش بو کە ئەمەش خەرجییەکی زۆری بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاندەوە ، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ۲۱ دۆلارەوە گەیاندە سەرو ٦۰ دۆلار ، دەستکەوتی دارایی ناوخۆش لە ۱۰۰ ملیۆن دۆلارەوە بەرز بووەوە بۆ زیاتر لە ۳۰۰ ملیۆن .ئەمەش سەرەڕای زیادکردنی باج و چەندان شتی تری وەک نرخی فلێکس و ئاوی ماڵان و کارەباو گەشەسەندنی بواری بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ، لە لایەکی تریشەوە هەتا ئێستاش هاوپەیمانان بڕی ۲٥ ملیۆن دۆلار دەدەنە هێزی پێشمەرگە ، ئەمەش سەرەڕای زیادبونی دەستکەوتی سامانی گازو خاڵە سنورییەکان ، لە جیاتی ئەوەی حکومەت پڕۆژەیەکی تازە ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی کە زیادبونی دەستکەوتی دارایی بکاتە هۆکارێک بۆ گەشەپێدان و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری ، بەڵام هەموو چاکسازییەکی ئەوە بوو کە لە پەرلەمان پڕۆژەیەکی خستەڕوو کە ئەویش تەنها ڕێکخستنەوەی مووچە بوو .
حکومەت هەتا ئێستاش ناتوانێت ئەوەی کە هاڵاتی و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەیانەوێت ئەنجامی بدات کە ئەویش خۆی لە شەفافیەت و فرۆشتنی سامانی وزەیە کە لە نەوت و گازدا خۆی دەبینێتەوە ، لە ڕاستیشدا ئەمەش سەنگی مەحەکی ئەم حکومەتەیە ، لەمەوە دەتوانین بگەینە ئەو ڕاستیەی کەلە هەرێمی کوردستاندا دوو حکومەت بونی هەیە ، حکومەتێک لە پشتی پەردەوەو پارتە دەسەڵاتدارەکان بەڕێوەی دەبەن ، ئەو حکومەتەش کە وەک دیکۆر لە واقیعدا دەبینرێت . لەبەر ئەوە هەتا ئەم دوو حکومەتە یەکنەخرێت و بە شەفافی داهاتی نەوت و دەستکەوتەکانی تر نەخرێتە ڕوو ئەم دۆخە چارەسەر نابێت ، چونکە لەو دۆخەدا حیزب و بەرپرس و کۆمپانیاکانی هەڵدەستن بە دادۆشینی حکومەت و لەم حاڵەتەشدا هەر ئەوە بەرهەمدێت کە دەبینرێت ، ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوڵاتییان ڕۆژانە ئەم دۆخە ناهەموارە دەبینن و ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن .
کەواتە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم حکومەتە بۆ ئەوە هاتووە کە سزای هاوڵاتییانی بدات و لە مانگە ساردەکانی زستاندا سزای بێ نەوتی و بێ غازی بدات و موچەی بۆ پاشەکەوت بکات و سەروەت و سامانەکەی بەرێت . لە راستیدا ئێستا حکومەت تەنها ئەرکی بۆتە دابەشکردنی موچەو ناتوانێت ئەم کارەش بەباشی بکات و لە ئێستادا کە مانگی سێیە موچەی مانگی ۱۱ی پاردەدات کەواتە کە بەر پرسیایێتی حکومەت تەنها ئەمەبێت کواتە خەڵک حکومەتی بۆچیە چونکە ئەو ئەرکە بە فەرمانگەیەکیش دەکرێت و پێویست بەو هەمو دامەزراوە زەبەلاحە ناکات باشە حکومەت دەبوایە بەم شێوە بوایە یان دەبوایە بەردەوام لەگەڵ هاوڵاتییاندا بژیایە و هەوڵی چارەسەری کێشەکانیان بدات و ببێتە سەرچاوەی دابین کردنی خۆشگوزەرانی بۆیان و گرنگی بە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی هەمەلایەنە بدایە .