درۆی بە دراو!
2020-03-04 08:02:48
هاودەنگ فاروق
بەڕێکەوت سایتێکی ناوعەنتیکەم هاتە پێش چاو، سەرنجی ڕاکێشام، ناوی "درەو" میدیا بوو. ئاخر" درەو" لە بادینان واتا " درۆ"، گوتم: سایتی واش پەیدا بووە؟! کلیکێکم لە سەرکرد، کەیلی درۆ و بوختان و ڕق و قینێكی پەنگخواردوو بوو، ناو و ناوەڕۆك هەر هەمووی چەواشەکاری و ئاوەژووکردن بوو.
ماوەیەکە، مۆدیلێکی نوێ لە ناو فەوزای سۆشیال میدیای کوردیدا هەڵتۆقیوە، جاران سایت و پەیجی بندیوار، بۆ ناودەرکردن، درۆیان بڵاو دەکردنەوە، ئێستا ئیشەکە بۆتە تیجارەت، درۆ بکە،
جنێو بدە، دراوی خۆت وەرگرە.
خۆش ئەوەیە: ئەو جنێوفرۆش و درۆفرۆشانە ناوی خۆیان ناوە سەربەخۆ و هەر قسە دێتە ناو قسان، لافوگەزافی سەربەخۆییمان پێ دەفرۆشن، ئیتر گلەییان لی ناكەین، چونكە ئەوانە كار و پیشەیان بووەتە فرۆشتن جا لە خۆیانەوە بگرە تا درۆ و تەنانەت نیشتمان و گەل، هەمووی بە عانەیەك دەدەن.
دیارە جەماعەتی سایتی ناوبراو ناسراون و، بەشێکن لە پاشماوەی مەکینەی ئیڕهابە فیكرییەكەی جاران، کە هەر بۆ ئەو ئیشە ناموبارەکە ساز درابوون.
سایتی درۆ، لە زۆربەی حزبەکانەوە نەفەریان بۆهێناوە، بۆ ئەوەی هەموویان بدۆشن، ئەوەی پوڵیشیان پێنەدات، پەلاماری دەدەن. بۆ ئەم بازاڕگەرمیەشیان، وەک هەمیشە پارتی باشترینە.
ئەمانە کە زۆرینەیان لە بەر لاساریی و بێ مۆڕاڵی لە حزبەکانیان دەرکراون، ئێستا وەک شاگردی بێ باڵن، بە جووتە ڕاپۆرت دەنووسن، کێ تێردراویان کات، ئەو باوکیانە و کلکیان لەوێ تۆز دەکات.
سایتی "درەو" میدیا، کە هەر ناوەکەی پڕ بەپێستی خۆی پێ بڕاوە، ڕاپۆرتێکی بێ نرخ و پڕ لە زانیاریی ئاوەژووکراوی بڵاوکردۆتەوە گوایە: سەرۆک بارزانی، ڕێککەوتنێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا هەڵوەشاندۆتەوە).
پێشتریش گوتومانە، سەرۆک بارزانی کێشەی شەخسیی لە گەڵ هیچ کەسێک نەبووەو نییە لە بەغدا، بەڵام کێشەی لە گەڵ ڕوانگەی شۆڤێنی و هەموو ئەوانەیە، کە دەیانەویست بە کەڵەگایی ئەجێندای خۆیان بەسەر گەلی کوردستان و عێراقدا بسەپێنن، سەرۆک ئەوە قەبووڵ ناکات، جا لە مالیکی بێت یا عببادی و عەلاوی و هەر كام لەوانەی ڕووگەی هومێدی ئێوەن..
ئەگەر سەرۆک بارزانی شکستی بەم هەوڵانە هێنا، هەروەک لە پەیامەکەشیدا هاتبوو: بە پشتگیری و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان بوو، کە توانرا، ئەم سەرکەوتنە بۆ گەلی کوردستان و عێراق بێتە دی، ئەو شانازییە بۆ یەکڕیزیی هەموو ئەو لایەنە کوردستانییانەشە، کە لە ژێر چەتری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێم کۆ بوونەوەو، بە یەک دەنگ و یەک پەیامی کوردستانیانەیان ڕووبەڕووی هەوڵەکانی بەغدا بوونەوە، شاندی هاوبەشی حزبەکان و هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان بە سەرۆکوەزیری کاندیدکراویان ڕاگەیاند، دەبێ بەخۆیدا بچێتەوە، لایەنە کوردستانیەکان ڕازی نین، لە دەرەوی دەزگا فەرمییەکانی کوردستان، نوێنەریان لە بەغداوە دابنرێن. ئەمەش سەرلەبەری ئەوهەواڵە چەواشەکاریانەی ئەم سایتی و کەسانە بە درۆ دەخاتەوە.
ئەوە سەرکەوتنی یەکڕیزیی میللەتی کورد بوو، بێگومان ئەو میدیاکارە دراودۆست و ئەونانخۆرانەشی کە لە بەغداوە بەناوی پارلەمانتاری کورد دەوروخولی عەلاوییان دەدا و وەعدی گەورەیان وەرگرتبوو، ئومێدبڕاو کران، بۆیە ناهەقیان نییە کە سێرە لە پارتی و بارزانی دەگرن و فرمێسکیش بۆ عەلاوی دەبارێنن، خەونی گەورەیان ئەوە بوو کە بەڵکو عەلاوی بێت و یەکەم ئیشی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بێت، بەڵام ئیڕادەی گەلی کوردستان سەرکەوت و ئەوانیش زمان لە دەست درێژتر گەڕانەوە.
لێرەوە هێندەی شەرمەزاریی ئەوان، سەربەرزی و شانازی بەو كەسانە بڕاوە كە بەدیهێنەر و پارێزەری ئەو یەكڕیزییە بوون و لە سایەی ئەو یەكڕیزییەوە سەركەوتنیان بۆ میللەتەكەیان بەدیاری هێناوە.
* رۆژنامەی هەولێر