Draw Media

دیموكراسیه‌ت  و كوده‌تا له‌ دیدی راوێژكارێكی بارزانیه‌وه‌

دیموكراسیه‌ت  و كوده‌تا له‌ دیدی راوێژكارێكی بارزانیه‌وه‌

2020-03-03 19:39:54


حلمی ره‌سول ره‌زا
له‌ پاش ئه‌وه‌ی محمد تۆفیق عه‌لاوی نه‌یتوانی كابینه‌كه‌ی پێك بهێنێ، ده‌هۆڵی یه‌كرزی و فرۆشتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی لێره‌و له‌وێ لێدرایه‌وه‌و لایه‌نگرانیش وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان کەوتنە هۆنینەوەی چیرۆک و بارزانیش وه‌ك پاڵه‌وانی تێكدانی ئه‌م پێكهانه‌ وێنا كرا؛ ئەمەش هەمووی بەهۆی ئەوەی گوایە گه‌وره‌ترین پلانی دژی ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان شكست پێ هێناوه‌.
من لێره‌دا نامه‌وێ فاڵ بۆ ئه‌وه‌ بگرمه‌وه‌، دژ بونه‌كه‌ی بارزانی له‌ ئاینده‌دا ده‌چێته‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ یاخود حزبی و شەخسییەوە‌، یان بێ بەڵگە ناتوانم بڵێم ئەوەی روویدا بەراستی ئاکامەکەی باش ئەبێت بۆ کورد یان بەپێچەوانەوە، چونکە زۆر جار شای و لۆغان بۆ شتێک کراوە کە دواتر سەرلەبەری بەزیان بەسەر خەڵکدا شکاوەتەوە. 
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌ره‌نجی من بوو، تازە راوێژكارێكی کۆنە نەیاری بارزانی له‌ باره‌ی پێكنه‌هاتنی ئه‌م حكومه‌ته‌وه‌، هه‌م وه‌ك مێژوونوسێك و هه‌م شیكاركارێك و هه‌م وه‌ك فاڵگه‌ره‌وه‌یه‌ك به‌ناو كه‌وتوه‌و له‌ مێژوویی دێرێنی عێراقه‌وه‌ هێناویه‌تی تاكو ئه‌م شازده‌ ساڵه‌ی دوایی و هه‌ر هه‌مووانی وه‌ به‌ر ته‌شه‌ر داوه‌و پێی وایه‌ هیچ یه‌كێك له‌ عێراقدا دیموكراسی نیه‌ و وه‌ك به‌رگریكارێك هاتۆته‌ مه‌یدان و شیوه‌ن بۆ خه‌ڵكی سه‌ر جاده‌ ده‌كات، دیارە ئێمە شاهیدی ئەوەین کە  خه‌ڵك و خوێنی رژاوی سه‌ر سەرشەقامی سلێمانی ئه‌وی كرد به‌ده‌م سپی و له‌و رێگایه‌وه‌ گه‌یشت به‌و مه‌رامه‌ی كه‌ ئێستا ئه‌و ده‌یه‌وێ و له‌ مونته‌ڵه‌قی هێزه‌وه‌ خۆی نمایش ده‌كات (ئه‌مه‌یان هه‌ڵئه‌گرم بۆ دەنگدەرانی فه‌قیرو هه‌ژاری گۆڕان كه‌ به‌سه‌ر پشتی ئه‌واندا رۆشتوه‌و ئێستا له‌ ئه‌مانێكی بێ سنوردایه‌ و رڵی راوێژكاری روقایم دەبینێ‌).
راوێژكاره‌كه‌ی بارزانی له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا هاتۆته‌ گۆو دكتۆر به‌رهه‌م ساڵحی خزاندۆته‌ به‌ناو پیلانێک كه‌ بەخەیاڵی ئه‌و باس دەکرێت، بۆ له‌باربردنی كورد دروست ‌ببوو، کاکی راوێژکار زۆر بێ ویژدانانه‌ ده‌یه‌وێ وێنای سه‌رۆك كۆمار به‌ پلانگێر دژی گه‌له‌كه‌ی بكات و له‌ هه‌مان كاتدا ژه‌هری دووبه‌ره‌كی به‌ قوڕگی هاوڕێكانیدا بکات و ده‌ڵێ: ویستویه‌تی تۆڵه‌ له‌ هاوڕێكانی نێو یه‌كێتی بكاته‌وه‌ به‌وه‌ی نه‌كراوه‌ به‌ سكرتێر.
 هەرچەندە من و زۆرکەسی تر هیچ سه‌رمان له‌م هاوكێشه‌یه‌ ده‌رناچێت كه‌ راوێژكار بۆی چوه‌، چونكه‌ كاك به‌رهه‌م به‌ ئاشكرا و به‌ نوێژی نیوه‌رۆ له‌ سیسته‌می هاوسه‌رۆكی كشاوه‌ته‌وه‌و به‌ڵێنی پشتیوانیشی به‌ هاوسه‌رۆكان داوه‌. ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌شی ویستویه‌تی تۆڵه‌ له‌ پارتی بكاته‌وه‌، دیسان جه‌نابی راوێژكار ده‌یه‌وێ دووبه‌ره‌كی له‌ نێو ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا دروست بكات، چونكه‌ كاك به‌رهه‌م غه‌یری ئه‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتیدا له‌نێو په‌رله‌مان بردویتیه‌وه‌ و پاشانیش پارتی پێشوازی لێ كردوه‌و پشتیوانی بۆ هه‌وڵه‌كانی ده‌ربڕیوه‌؛ هیچ رەفتاریكی تری نەکردوە جێگای نیگەرانیی بێت..ئیتر نازانم پارتی له‌ پای چی له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ پشتیوانی ناكات. ره‌نگه‌ ئه‌م قسه‌ی پشتیوانی نه‌كردنه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ زۆر راست و دروست بێت، چونكه‌ به‌رهه‌م ساڵح خاوه‌نی خۆیه‌تی و رقی له‌ ته‌به‌عیه‌ته‌ جا له‌ هه‌ر بوارێكی تریشدا بێت.
ئه‌وه‌شی پێویسته‌ راوێژكاره‌كه‌ی بارزانی لێی تێبگات ئه‌وه‌یه‌، دەبێت راستگۆیانە ئەوە باس بکات، کە شه‌قام خه‌ڵكی حزبی ناوێت، ئێوەش باس لە پشتیوانی شەقام دەکەن وشەرەکەشتان لەسەر ئەوەیە وەزیرە دوبارەکراوەکان دابنرێنەوە یان هیچ نەبێت وەزیری حزبی بسەپێنن، پاشان شاندی هەرێم هاتونەتە بەغداد و خۆیان دانوستاندنیان لەگەڵ عەلاوی کردوە بەسەرۆکایەتی کاک نێچیرڤان، نەک کاک بەرهەم، ئەوان تارادەیەکیش رەزامەند بوون، بەڵام دواتر لەپشتی دامەزراوەکانی هەرێمەوە کاک مەسعود رێککەوتنی لەگەڵ هەندێک هێز کرد، کە پێشتر بە دوژمنی کورد ناسێنرابوون، بۆ تێکدانی رێککەوتنی شاندە کوردیەکە نەک نارەزایەتی لەدژی پیلانگێرییەک کە وەک ئێوە باسی ئەکەن، بۆیە لەراستیدا ئەوەی رویدا، کودەتا بوو بەسەر دامەزراوەکانی هەرێم بەناوی دژایەتیکردنی پیلانگێرییەوە، هەربۆیە دواتر کاک مەسعودیش لەباتی هەمووان دەستخۆشی لەهاوبەشەکانی کرد، نەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم. 
دوا قسەش ئەوەیە ئه‌گه‌ر کاکی راوێژکار بەمەبەست سەر لە خۆی نه‌شێوێنی ده‌زانێ سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر ئه‌و رێسایه‌ كاری كردوه‌ كه‌ شه‌قام و كه‌س و كاری خوێنڕژاوان داوای ده‌كه‌ن، خۆ گەر ئێوەش ئەوەنە خەمخۆری داخوازی شەقامن و باکتان بە دەنگی شەقام هەیە باجارێ واز بێنین لەشەقامی عەرەبی، باشترە خەمێک لەداخوازیەکانی شەقامی کوردی بخۆین خۆ لەهەرێم هەموو دەسەڵاتەکان لای بارەگای بارزانیە و بفەرموو پێی بڵێن، ئاورێکیش لەوخەڵکە داماوەی خۆمان بدەنەوە نەبا جارێکی تریش بەداخوازیی و نارەزایەتیەکانیان بوترێتەوە هەڵپەرین و داپەرین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand