قەڵفڕكردنی پەنابەران تاوانێكی دیكەی توركیا
2020-03-05 04:48:53
هیوا سەید سەلیم
دوای ئەوی سوپای توركیا لە ئیدلب تووشی شكست سەربازی بوو، كە تیایدا بە دەیان سەربازی وڵاتەكەی و چەندین تیرۆرستی نزیك لە خۆی كوژران.
وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەو شکستە سەربازیە، وە بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی ئەوڕپا و هاوپەیمانی ناتۆ كە توركیا ئەندامی ئەو هاوپەیمانیەیە، توركیا هەڵسا بە کردنەوەی دەروازە سنووریەكانی لەبەردەم هەزاران كۆچبەر، تا رووبکەنە وڵاتانی ئەورپا، لە پڕۆسەیەكی بە قاچاغبردنی رێكخراو، بەدەیان هەزارهاوڵاتی كە هەڵگری رەگەزنامەی جۆراوجۆرن بۆ سنوورەكانی یۆنانستان و بولگاریای بەڕێكرد.
قەڵفڕكردنی (تهریب) پەنابەران، پرسێكی سیاسیە کە توركیا دەستی بۆبردووە، توركیا دەیەوێت پرسی پەنابەران وەک كارتی فشار بۆ سەر وڵاتانی ئەورپی بەكاربێنێت، بۆ ئەوەی دەستكەوتی سیاسی و ماددی دەستكەوێته.
هەروەها لەپاڵ پرسە سیاسیەکە ئەو بابەتە پرسێكی یاسایشە، چونكە قەڵفڕكردنی پەنابەران تاونێكە پەیوەستە بە رێكەوتنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان، تایبەت بە رووبەڕوبونەوەی تاوانی رێكخراو، كە بەقاچاغ ناردنی پەنابەرانیش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی رێكخراو.
ئەو تاوانە كە ئەمجارەیان توركیا ئەنجامی دەدات، هەموو سیماكانی تاوانی ریكخراوی تێدایە لەوەی بە بەرنامە و ئاشكرا پەنابەران هاندەدا و ناچاریان دەكات كە بە نایاسایی روو لە وڵاتی دیكە بكەن، وەك چۆن بینیمان كارئاسانی بۆ هەزاران پەنابەركرد لە رێگەی ئۆتۆبوسەوە گواستنیەوە بۆ خاڵە سنووریەكان.
خاڵی دووەمی تاوانی رێكخراو وەك لە یاسا نێودەوڵەتیەكان هاتووە، بریتیە لە مەترسی ئەو پرۆسەیەی توركیا دەستی بۆ بردووە لە هاندانی پەنابەران، مەترسی لەسەر گیانی هەزاران كەس لە خەڵكانی سڤیل درووست دەكات، كە ئەمەشیان پێچەوانەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەكانە، چونكە بە هاندان و ناچاركردنی ئەو پەنابەرانە گیانیان دەكەوێتە مەترسیەوە، لەبەرئەوەی پڕۆسەكە بە ئاسایی و یاسایی بەڕێوە ناچێت بگرە قاچاغە.
دەوڵەتی توركیا جگە لەوەی لە یاسا نیشتمانیەكانی خۆشیدا، یاسای تایبەتی هەیە سەبارەت بە بەقاچاغ ناردنی پەنابەران، هەروەها لەوبارەیەوە چەندین ریكەوتنی تایبەتی واژۆكردووە، سەبارەت بە رێگری لە كۆچی پەنابەران، دواین رێكەوتنامەش كە لە نێوان توركیا و یەكێتی ئەوڕپا واژۆكراوە، ریكەوتنامەی ٢٠١٦ بووە، كە لە بەرامبەر رێگری توركیا لە چوونی پەنابەران بۆ ئەوڕپا، لایەنی دووەم ساڵانە هاوكاری ماددی توركیا دەكات بە بڕی ٣ێ ملیار یۆرۆ.
توركیا ئەوجارەیان هەموو بیانوەكانی بریتیە لەوەی فشارێكی زۆری پەنابەرانی سوریای لەسەرە، وە شەڕی ئیدلب فشارەكانی سەر تورکیای بۆ لە ئەستۆگرتنی کاروباری پەنابەران زیاتركردوە، بەڵام ئەو راپۆرتانەی كە لەنێو پەنابەرەكان بڵاودەكرێنەوە پێچەوانەكەمان پێدەڵێن، لەوەی كەمترین ژمارەی ئەو پەنابەرانەی توركیا قەڵفڕیان دەكات، هەڵگری رەگەزنامەی سوریایین و لە نێو ئەوانیش كەمترینیان خەڵكی دەڤەری ئیدلبن .
كارتی پەنابەران كە توركیا وەك فشار بەرامبەر ئەورپا بەكاریان دێنێت، تا ئێستا كارتێكی بێكاریگەر بووە، چونكە وەك باسمانكرد توركیا دەستی بۆ پرسێكی نایاسایی بردووە، كە لە رۆژگاری ئەمڕۆمان پرسێكی جدی جیهانیە، ئەویش پرسی كۆچی نایاسای پەنابەرانە، كە كێشەی ئابووری و بێكاری لەو ولاتانە درووستكردووە كە لێشاوی پەنابەران رووی تێدەكەن، وڵاتی یۆنانستان بە نموونە.
ئەم کێشەیە وا لە ولاتانی ئەورپا دەكات كە بۆ لەمەودوا متمانەیان بە توركیا نەبێت، چونكە ئەگەر جاران توركیا بە نەهێنی ولاتی ترازێتی كۆچی نایاسایی بووە، ئەوا ئەمجارەیان بەبەرچاوی هەموو دونیا دەرگای لەبەردەم كۆچی نایاسی كردۆتەوە، گیانی دەیان هەزاران هاوڵاتی سڤیل وەک کارت دژی وڵاتانی رۆژئاوا بەکاردێنێت، بێباک لەوەی چارەنووسی ئەو هاوڵاتیانە چیان بەسەر دێت، لەوەی لە برسان دەمرن، یان لەسەرمان رەقدەبنەوە، یان دەبنە قوربانی شەپۆڵەکانی دەریا.
• قەڵفڕکردن= تەهریب