ئەشکالیەتی دەوڵەت، یان نەبوونی دەوڵەتی دیموکراتی؟
2020-03-11 07:23:25
ئەبوکاروان
لای ھەمووان ئاشکرایە و ئەوەی لەسیاسەتدا کاری کردبێت و مێژووی خۆیندبێتەوە باش دەزانێ کە دەوڵەتی عێراقی چۆن دامەزرا، ئهوهش دهزانرێ کە کوردستان چۆن دابەشکراوە بەسەر چوار دەوڵەتی دەورووبەردا، دوور لەخواستی خۆی لکێنراوە بەو دەوڵەتانەوە، ئهو دابهشكارییهش له دهرئهنجامی خواست و بەرنامەی ئیمپریالیزمی ئهوكاتە بوو.
تا ئەمڕۆکەش ھەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی ھەریەکێک لەو بەشانەی کوردستان(باشوور ، باکوور، ڕۆژھەڵات، ڕۆژئاوا)تایبەتمەندی خۆیان ھەیە لە ڕوئیاو کارکردن و داخوازییەکانیان لەگەڵ ھەریەکێک لەو دەوڵەتانەی پێیەوەلکێنراون(عێراق ، سوریا، ئێران، توركیا).
مامەڵەکردنی ئەو دەوڵەتە ناوەندییانە لە دەوڵەتێکەوە بۆ ئەوی تر و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر ، دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی وەکو یەک نین، کرداروو ڕەفتاریان جیاوازن لەھەمبەر پرسی کوردو مافەڕەواکانی گەلی کوردستان .
من لێرەدا دەمەوێ لە باشورەوە و لە دهوڵهتی عێراقهوه دەست پێبکەم و بپرسم ئایا کێشە و گرفتەکان و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە کوردستان تەنھا پەیوەندی بە ئەشکالیەتی دەوڵەتی عێراقەوە هه یه؟ ئایا پەیوەندی بەنەتەوەی سەردەست و بن دەستەوە ھەیە؟ ئایا دەسەڵاتی حوکمڕانی لە دەسەڵاتی حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر، لە سەرۆکێکەوە بۆ ئەویتر جیاوازییان نەبووە و نییە لە عێراقدا؟ ئایا کورد بەتەواوی لە ههموو قۆناغەکاندا بەیەک ئاڕاستە مامەڵەی لەگەڵ كراوەو فهرامۆش كراوه و بەشدار نهبووه له حوكمڕانی و وەرگرتنی پلەو پۆستی گرنگ؟ ئایا بەپێی بەش بەشێنە کاریانکردوە لەگەڵ کورد؟ ئایا حزبە کوردستانییەکان و سەرکردەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان چەند بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆییە و کاریگەری نەگەتیڤ یان ھەبووە لە ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە و نەگەیشتن بەڕێککەوتن و چارەسەر؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و گەڕانەوە بۆ مێژوو گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغەکانی و کێشەو گرفتەکانی ڕابردوو دەمەوێ ڕاوبۆچونەکانم بهم شێوهیەی لای خوارهوه بخهمهڕوو:
لە حوکمی مەلەکیەددا کە ئێمەی شیوعییەکان دوژمنی سەرسەختی بووین لەبەر ئەوەی دهستكهلای بریتانیا بوون و ھاوکاری داگیرکەر بوون، بەڵام سهرهڕای ئهوهش چەندین پلە و پۆستی باڵاو کاریگەر (سهرۆک وەزیران، وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری ... ھتد)بە دەستی کوردەوە بووه دوور لە بەش بەشێنەی تایفیی و نەتەوەیی و حزبیی کە ئێستا له عێراقدا پەیڕەو دەکرێ، ئەو کەسایەتیانەش کە بەر پرسیارێتیان ھەبووە لە دەسەڵاتی مەلەکیدا کەسیش بەخیانەتکار لە قەڵەمی نەداون تەنھا حزبی شیوعیی نەبێت کە چەند کەسێکی دیاریکراویان بە خیانەتکار دەستنیشانیکردون، بە پێچەوانەی حزبە نەتەوەییەکان و بەشێکی زۆری سیاسەتمەدار و مێژووناسانی کورد کە وەک ڕەمزو کەسایەتی خەباتگێڕ و ناوزەندیان کردوون.
کاتێک شۆڕشی چواردەی تەمووز بەرپابوو ، سیستهمی كۆماری دامهزرا، حکومەتی ئەو کاتە دەرگای پێشووازییان لەسەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (بارزانی) یادی بەخێر کردەوە، کە ساڵانێک لە یەکێتی سۆڤیەت ئاوارە بوو، لەکاتی گەڕانەوەیدا لە بەسرەوە تاکو زاخۆ سەدان ھەزار کەس لە عهرهب و کورد و تورکمان و کلدو ئاشورو سابیئەی مەندائی بەشداری ئاھەنگ و خۆپیشاندانی پشتگیری یانکرد لەگەڕانەوەی بارزانی کە حزبی شیوعی و لایەنگرانی قاسم سەرپەرشتیان دەکرد، ئەرێ ئەو کاتەیش دەوڵەت دەوڵەتی عێراق نهبوو؟، نەتەوەی عەرەب نەتەوەی زۆرینه نەبوو؟ کەچی دەبینرا ئازادییەکان بۆ ھەمووان فەراھم کرابوو، ئەمن و ئاسایش بۆ ھەمووان لە بەسرەو بۆ زاخۆ بەبێ جیاوازی دابین کرابوو، بەڵام دەبێ ئەویشمان لەبیر نەچێ لە بەرامبەر ئەو پشتگیری یەو دیاریکردنی شەریکایەتی کوردو عه ره ب له دەستوردا و یاسای چاكسازی کشتوکاڵی، ھەڵگەڕانەوەی چەکداری لە کوردستان ڕوویداو کۆمەڵێ کاری تێکدەرانە ئەنجامدرا، دواتریش بزوتنەوەی کوردایەتی پشتگیری خۆیان بۆ ئاغاو دەربەگەکان کە زەرەرمەند بوون لە یاسای چاکسازی ڕاگەیاندو دواتریش ناوی لێنرا شۆڕش ، خودی سەرکردەکانی ئەو شۆڕشە لەو بارەیەوە چەندین نووسین و بەڵگەنامەیان لەو ڕووەوە خستۆتە ڕوو، كه تێدا تێبینی و سهرنجی جدی یان ھەبووە لەسهر بەرپاکردنی .
لە دوای ئەوەی شەڕ بەرپابوو لە نێوان قاسم و ئەم بزوتنەوەییە، بەسەرپەرشتی حزبی شیوعی و کەسانی ئازادیخواز ھەزاران كەس هاتنه سەرجاده له بەغداو پارێزگاکان(زۆربەی زۆریان لە نەتەوەی عهرەب بوون) دژی ھێرشەکانی حكومەتی عێراق وەستانەوه به دروشمی (ئاشتی بۆ كوردستان) دهیان خۆپیشاندانییان ئەنجامدا، كه واتا نە ئەشکالیەتی دەوڵەت و نەشەڕی کورد و عەرەب بوو .
لێرەدا گەر دەمانەوێ کێشەی ئەم ساڵانەی ڕابردوو لەگەڵ بەغدا ببەستینەوە تەنھا بە نەبوونی دەوڵەت لە کاتێکدا کوردو سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان بەشداری کاریگەریان ھەبوەو ھەیە لە عێراقی ئە مڕۆدا، ئەوا توشی ھەڵەی کوشندە دەبین لە شرۆڤە و بیرکردنەوەماندا، خۆ ئەگەریش سەر چاوەی ئەو بۆچونانەمان دەستووری عێراق بێت کە لایەنی کوردستانی بەشداری کاریگەریان ھەبوو لە داڕشتن و بڕیاردان و دەنگدان لە سەری ، ئەوا دیسان دەکەوینە ھەڵەوە چونکە ئەو دەستورە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ و دەیان بەرکەوتن و ناکۆکی تێدایە، جگە لەوەی زیاتر لە پەنجا ماددەی پێویستی بەوە ھەیە بە یاسا ڕێکبخرێت، ئهو دەستورە ھەر لایەنێک بۆ خۆی و لەخزمەتی خۆی تفسیری بۆ دەکات، نمونەش زۆرە کە ھەردوو لایەنی ناکۆک (ههرێم و بەغدا) لەیەکێک لە قۆناغەکاندا بۆ بەرژەوەندییان خۆیان لێكدانەوەیان بۆ کردوە ، لەوانە کاتێک ھێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستھێناو ناوچە کوردستانییەکانیان کۆنترۆڵکرد سەرکردەکانی ھەرێم لێدوانیان دەدا کە ماددەی (١٤٠)ی دەستور جێبەجێکرا لە کاتێکدا باش دەیانزانی و ئاگاداربوون کەتەنھا بە ڕزگارکردنی ناوچەکە ئەو ماددەیە جێبەجێ ناکرێت و جێبەجێکردنی پەیوەستە بە قۆناغەکانی(ئاسایکردنەوە، سەرژمێری، ڕاپرسی)، ھەر بەھەمان شێوە دەسەڵاتی بەغدا بەپشت بەستن بە دەستورو لەوەڵامدانەوەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستاندا ھێرشی ستهمكارانهیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و لە بەرنامەیاندا بوو کە ھەموو کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن ئەگەر ھەندێ ھۆکاری نێودەوڵەتی و ناوخۆی ڕێگر نەبوایە ، ئەرێ ئێمە بەرپرس نین کە ساڵانیک کەرکوک و خانەقین و ئەو ناوچانە تێکۆشانی بۆ دەکەین و دەستبەرداری بووین و خستمانە بەر ڕەحمەتی دەستورو قایل بووین لەڕیگای ماددەی (١٤٠) وه چارەسەری کێشەی ئەو ناوچانە بکەین وگومانمان بۆ کوردستانییەتی ئەو ناوچانە دروستکرد؟.
بەڵی و بە بۆچونی من، سازان (تەوافق )نێوان ھەرێم و بە غدا بەردەوامە و پێویستە واقعیانه بۆ چوونەکانمان دەربڕین، گەر نەماوەو بە زۆرینە و کەمینە مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، چوون لایەنی کوردستانی بە پەنجا و ھەشت پەرلەمانتار دەبینە خاوەنی سەرکۆمار؟ ـ جێگری سەرۆکی پەرلەمان؟ و وەزیر ... ھتد.
له کۆتاییدا دەڵیم پێویستە وەک گەلی کوردستان و ئێمەی شیوعییەكانیش سەرچاوەی بیرکردنەوەمان مرۆڤ دۆستانە بێت و لە چەمکی ھاوڵاتی بوون و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سۆشیالێزمەوە سەرچاوە بگرێت ، چەوسانەوە ھەر چەوسانەوەییە گەر ھەر دەوڵەت و نەتەوەییەک بێکات عەرەب بێت فارسی یان تورک یان کورد بێت ھەر چەوسانەوەیە ، باشترە ئەوەشمان لە بیرنەچێت لە قۆناغی شیوعییەتدا دەوڵەت نامێنێ و ھەموو مروڤەکان یەکسان دەبن ، کەواتا ئەشکالیەت ئە شکالیەتی دەوڵەت نابێت و حوکمڕانی و شێوازی بیرکردنەوە سەرچاوەی کێشەکانە.