مەسعود ڕەجەوی نەمردوە...!
2020-03-12 15:52:26
ئەنوەر حسێن (بازگر)
پاش بیست ساڵ ڕەجەوی بۆ دەرکەوتەوە؟
مەسعود ڕەجەوی سەرۆکی ڕێکخراوی سازمانی مجاهیدینی خەڵقی ئێران، پاش دیار نەمان و ونبوونی بۆ ماوەی (20) ساڵ، لە تازەترین لێدوانی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵبژاردنەکانی ئێران لێدوانیدا و تا ئێستاش (22) ڕاگەیاندنی داوە، کە دواترینیان ڕۆژی 9ی مارسی 2020 لە چواردە خاڵدا، داوای شۆڕش دەکات دژی کۆرۆنا و ویلایەتی فەقیهی.
ئەوەی گرنگ و جێی باسە، ئایا بیست ساڵە مەسعود ڕەجەوی لە کوێ بوە؟ چۆن خۆی شاردۆتەوە؟ ئایا مەبەست لەم سیناریۆیە چی بوە؟
پێشتر زۆربەی لایەنەکان لەو باوەڕدا بوون، کە ڕەجەوی کوژراوە، یان تیرۆر کراوە، لەمبارەیەوە جگەلە کۆماری ئیسلامی ئێران، تورکت فەیسەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری پێشووی عەرەبستانی سعودیە ڕۆژی 9/6/2016 لە کۆنگرەی ئازادی بۆ ئێران، کە ساڵانە لە فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت، وتی: "سڵاوم هەیە بۆ مەریەم ڕەجەوی هاوسەری مەسعود ڕەجەوی خوالێخۆشبوو پشتیوانیانم".
ئەم قسانەی فەیسەڵ، دەنگدانەوەیەکی میدیایی گەورەی لێکەوتەوە و سەرزەنشتی کرا و دواتریش ڕوونکردنەوەیدا.
مەسعود ڕەجەوی، وەکو یەکێک لە بونیادگوزارانی سازمانی موجاهیدنی خەڵق 1965 ئەم ڕێکخراوەیان دروستکرد، کە ئایدۆلۆژیایەکی ئیسلامیستە و پێیوایە ئیسلام بۆ خۆی ئایدۆلۆژیایەکی دیموکراتی خاوەن دینامیکایە.
ئەو لە دژی ڕژێمی شا، ڕۆڵی گەورەی هەبوو، دواتریش بوە هاوپەیمانی خومەینی، بەڵام هەر زوو پەیوەندییان تێکچوە و کەوتە پشتیوانی حەسەن بەنی سەدر و دواتر (ئەنجومەنی شورای میللی مقاوەمەت)یان دروستکرد و ڕەجەوی بوە سەرۆکی، کە ئەوکات حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و قاسملۆش تێیدا ئەندامبوون، پاش ئەوەی ڕایانکردە پاریس، لە دەیەی هەشتاکاندا عێراق کەوتە پشتیوانیکردنیان و کردنەوەی بارەگا و پێدانی پارە، چەک و کەلوپەلی سەربازی و کەمپی (ئەشرەف) لە نزیک شارۆچکەی (خالص)ی عێراق بۆ کردنەوە.
بەوشێوەیە مجاهیدین تا دەهات بەهێزتر دەبوو، سازمانی مجاهیدینی خەڵق لە 1981 تەقینەوەیەکی تیرۆریستی کرد لە بارەگای پارتی کۆماری لە تاران، کە بوە هۆی کوشتنی (72) گەورە ئێرانی لە ناویاندا بەهەشتی و هەروەها لەسەرکوتی خەکی کوردستان لە ڕاپەرینی 1991 لەگەڵ هێزەکانی بەعس ڕۆڵی دوژمنکارانەی گێڕا و دەیان خەڵکی بێ دیفاعی کوردی تیرۆر کرد و دواتریش لە ساڵی 1997 ئەمەریکا موجاهیدینی خستە لیستی تیرۆرەوە و ساڵی (2003) دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەمەریکا موجاهیدینی لە لیستی تیرۆر سڕییەوە.
سازمانی مجاهیدینی خەڵقی ئێران پەرلەمانێکی لە مەنفا هەیە کە (550) ئەندامی هەیە، جگەلە سوپای ڕزگاری نیشتمانی ئێران باڵی چەکداری بزوتنەوەکەیە و ساڵی 1993 پەرلەمانی موجاهیدین مەریەم ڕەجەوی وەکو سەرۆکی ئێران لە مەنفا هەڵبژارد، بەڵام پاش ئەوەی دواین دەرکەوتنی مەسعود ڕەجەوی لەگەڵ سەدام حسێن لە ساڵی (2000)دا، لەوکاتەوە مەریەم ڕەجەوی هەموو کاروبارەکانی سازمان بەڕێوە دەبات و کەسی یەکەمی ڕێکخراوەکە بوە، لەوبارەیەوە قوربان عەلی حوسێنی نەژاد (غوڵام) یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی مجاهیدین پاش ئەوەی لەو سازمانە جیابۆوە لە ساڵی (2012) دەڵێت "سازمانی موجاهیدین بەشێکبوو لە دەزگای هەواڵگری عێراق و هەموو سوپاکەشی بەشێکبوو لە سوپای سەدام حسێن دا و لە بەرامبەردا سەدام حسێن مانگانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی دەدایە مەسعود ڕەجەوی، بۆیە پاش ونبوونی مەسعود ڕەجەوی لە ساڵی (2000) کۆی ئەو ملیاران دۆلارە مەریەم ڕەجەوی مامەڵەی پێوە دەکات"، وەکو قوربانی دەڵێت "مەریەم ڕەجەوی شاهانە دەژی، لە بابەتی خەرجی زۆر و زەوەندەی کۆشکەکەی لە پاریس، لە پۆشاک و جلوبەرگە مارکە جۆراوجۆرەکان و خەرجی نەشتەرگەری جوانکاری بەردەوامی، خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ کۆنفرانس و ئاهەنگەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا، پارەیەکی زۆر بۆ بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەوروپا و میدیاکان تا پشتیوانی لێبکەن".
سازمانی موجاهیدینی خەڵق سەرەڕای ئەوانە وەکو ڕێکخراوێکی دینی، خاوەنی جەماوەرێکی زۆرە لە ئێران و ئێستاش جگە لەوەی ئەمەریکا، ئەوروپا، سعودیە و وڵاتانی کەنداو پشتیوانی لێدەکەن، ساڵی (2003) و دوای ڕووخانی بەعس و پاش دەرپەڕاندنیان لە عێراق لەلایەن هێزە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانەوە، بە پشتیوانی ئەمەریکا و فەڕەنسا کامپێکی گەورەیان بەناوی ئەشرەف لە ئەلبانیا بۆ کردونەتەوە و بەردەوامیش پشتیوانیان دەکەن، سەرچاوەکانی زانیاری دەڵێن "کە سازمانی موجاهیدین ڕۆڵی زۆری گێڕاوە لە ئاشکراکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە (ناتانز و ئاراک) بە قازانجی ئەمەریکا و ئیسرائیل"، جیا لەوانە وەکو (مەریەم سەنجانی) یەکێک لە ژنە بەرپرسەکانی ڕێکخراوەکە پاش جیابوونەوەی دەڵێت "مەریەم و موجاهیدین پەیوەندی توند و تۆڵیان لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیە هەیە و گوایە هەردوو وڵات پشتیوانی ئابوری و ئەمنی و سەربازی سازمانی موجاهیدین دەکەن".
ئێستا باسی گەرم ئەوەیە، ئایا مەسعود ڕەجەوی بیست ساڵە لە کوێیە؟ لە کوێ خۆی حەشارداوە؟ ئایا ئەمەریکا داڵدەی دابوو؟ یان وەکو دەیانوت لە ئوردونە؟ یان باسی ئەوە دەکرا، کە تیرۆر کراوە؟ یان ئیسرائیل بە نهێنی پارێزگاری لێدەکرد؟ یان لە پاریس بوو؟
پرسیاری گرنگ ئەوەبوو، مەسعود ڕەجەوی ئێستا لە کوێیە؟
(شاهێن قوبادی) وتەبێژی سازمانی موجاهیدینی خەڵق بەردەوام وتویەتی: مەسعود ڕەجەوی لە شوێنێکی نادیار و ئارام ژیان بەسەر دەبات...!
سازمانی موجاهیدینی خەڵق، بەردەوام خۆی وەکو ئەڵتەرناتیڤی ئێران ناساندوە و هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا دەستی لە هیچ نەپاراستوە، لە کوشتن، تیرۆر، تەقینەوە، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی نەیاری ئێران و قەتڵ و عامی خەڵکی کوردستان لە 1991 و دژایەتی خەڵکی عێراق و پشتیوانی لە ڕژێمی بەعس، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین "تا ئێستا یەکێکە لەو سازمانانەی بەسەر پێوە وەستاوە"، سەنا بەرق زاهیدی سەرۆکی لیژنەی دادوەری لە ئەنجومەنی نیشتمانی مقاوەمەتی ئێران دەڵێت "دوای (2016) توانیمان گشت موجاهیدینەکانی کامپی لیبرتی لە عێراق بگوازینەوە بۆ ئەلبانیا"، هەرچەندە پێشتر ناسر ڕەزەوی یەکێک لە بەرپرسانی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران وتبووی: "مەسعود ڕەجەوی ماوە و زیندوە و لەنێوان فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا هاتوچۆ دەکات"، بەڵام زۆر باوەڕی پێنەکرا.
ئێستا پاش بیست ساڵ و تۆماری دەنگی و ڕاگەیاندنە ڕۆژانەییەکانی مەسعود ڕەجەوی، دەرکەوت مەسعود ڕەجەوی نەکوژراوە و لە ژیاندا ماوە ئەمەش گرنگە.
گرنگی لەوەدایە سازمانی موجاهیدنی خەڵق توانیویەتی بیست ساڵ سیناریۆی مردن و مانەوەی کەسی یەکەمی بزوتنەوەکە بشارێتەوە و بە نهێنی پارێزگاری لێبکات وەکو سیمبوڵ و ڕەمزێکی گەورەی حەرەکەتەکە سەیری بکەن، کە کەم حاڵەتی وا ڕویداوە بزوتنەوەیەکی سیاسی بتوانێت بیست ساڵ ڕەهبەرەکەی بشارێتەوە، جا بە زیندوویی یان مردوویی.
ئێستا دەکرێت بڵێین "ونبوون و شاردنەوەی مەسعود ڕەجەوی بۆ ئەوە بووە کە موجاهیدین خۆی ئامادە کردوە بۆ ئەوەی مەسعود ڕەجەوی وەکو سیمبوڵێکی گەورەی شۆڕشگێر و مبارز، وەکو ئایەتوڵڵا خومەینی لە ئاڵوگۆڕێکی وەکو شۆڕشی خەڵکی ئێران 1979 بگەڕێتەوە ئێران و پەرجوو بێت بۆ خەڵکی ئێران و وەکو فریادڕەس سەیری بکەن و جڵەوی داهاتووی ئێران هاوشێوەی خومەینی بگرێتە دەست.
مجاهیدین دەیویست مەسعود وەکو پێغەمبەری ئاخر زەمان لە نمایشێکی یەک ملیۆنی بگەڕێتەوە تاران، ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەوە نەکرا و ڕووی نەدا؟ بۆچی خۆی دەرخستەوە؟