Draw Media

سێکسبازو ئەخلاقچی

سێکسبازو ئەخلاقچی

2020-03-12 14:35:52


پەیكار عوسمان

یەکێ لە نیشانەکانی پاشەکشێ ی ئەخلاقیی، کورتکردنەوەی ئەخلاقە لە سێکسا. یەکێ لە سەرچاوەکانی فەسادیش، یەکسانکردنی فەسادە بە سێکس.

ئەو فەسادە زۆرەی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان، لەو عەقڵیەتەوە هاتووە، کە سێکسی نێوان دوو کەس، بە گەورەترین فەساد ئەزانێ. ئیتر فەساد خۆی، یان "فەسادی گشتی"، وەکو شتێکی بچوك، یان تەنانەت وەکو نافەسادێك، بەسەرماندا تێئەپەڕێ!

ئەخلاق بەها باڵاکانی وەکو دەسپاکی و ڕاستگۆیی و یەکسانی و ڕێزگرتنە.. کە جێگیرەو لە هەموو کات و شوێنێکدا هەر خۆیەتی ناگۆڕێ. بەڵام سێکس شتێکە خۆی لە خۆیدا، نە ئەخلاقییە نە نائەخلاقیی. بەڵکو یاساو نەریت و کات و شوێن و کۆمەڵگاکان سنوری ئەخلاقییبوونی دیاری ئەکەن!
جا کاتێ تۆ ئەخلاق کورتئەکەیتەوە لە سێکسا، ئیتر بازێکت بەسەر خودی ئەخلاقدا داوە، بۆیە ئەخلاق خەلەلی تێئەکەوێ.

کاتێ فەساد یەکسانبێ بە سێکس، ئیتر دەرگا کراوەیە بۆ فەسادەکانی تری وەکو فەسادی سیاسی و ئابووری و ئیداریی.. ئەم فەسادانەش کە هاتن، فەسادی سێکسییش لەگەڵ خۆیان ئەهێنن و یەکێ لە لێکەوتەکانیان، هەر ئەوەیە کە ئێمە پێ ی ئەڵێین فەسادی ئەخلاقیی!

یەعنی کاتێ تۆ فەساد لە سێکسا ببینی، نەك فەسادی سێکس بنبڕ ناکەیت، بەڵکو فەسادەکانی تر زائید فەسادی سێکسیش بەرهەمئەهێنیت!
ئا لێرەوەیە کە کە کۆمەڵگا "سێکس ئەخلاقەکان" هەموو جۆرەکانی فەسادیان هەیە بە فەسادی سێکسیشەوە. ئا لێرەشەوەیە کە کۆمەڵگای "ناسێکس ئەخلاق" پاشەکشێ بە فەسادەکانی تر ئەکاو لەگەڵیا فەسادی سێکسییش دائەکشێ!

چەقی ئەخلاق، مەسەلەی عەدالەت و ستەمکارییە، کاتێ ئەم چەقە ئەگۆڕیت و ئەیکەیت بە سێکس، ئیتر ناعەدالەتی و ستەمکاریی دێن، یەکێ لە لێکەوتەکانی ناعەدالەتی و ستەمکارییش، خودی فەسادی سێکسی یە!

سێکس ببەرەوە حەجمی خۆی و وەکو ئازادی کەسیی سەیریکە، ئیتر عەقڵت ئەکرێتەوە بۆ تێگەیشتن لە ئەخلاق و دەستت ئەکرێتەوە بۆ لێدان لە فەساد، لەناویا لە فەسادی سێکسیش!
سێکس لە حەجمی خۆی دەرکەو بیکە بە کۆی فەسادو هەموو ئەخلاق، ئیتر مێشکت لەسێکسا داخراوەو لە ئەخلاق ناگەیت. ئیتر دەسیشت بەستراوەو لە فەساد نادەیت.

ئا لێرەوەیە کە لەسەر مستەوای جیهان، کۆمەڵگا دینییەکان، یەکەمن لە تەحەروش و نێربازی لەشفرۆشی و لە موتابەعەی سایتە سێکسییەکاندا.. لەکاتێکا ئەم نەوعە کۆمەڵگایانە، خۆیان بە ئەخلاقیی و غەیری خۆشیان بە نائەخلاقیی ئەزانن و پێوەرەکەشیان بۆ ئەمە، مەسەلەی سێکسە. کەچی بە بەپێوەرەکانی ترناو هەر بەو پێوەرە، داتاکان و واقعی حاڵ، پێچەوانەکەیمان پێئەڵێن!

تۆ وائەزانی لایەکی ئەوروپا هاوڕەگەزبازە، "کە ئەمە ئەگەر واشبێ کێشەیەك نیە لە ئینسانییەتی ئینساندا" لەکاتێکا ئەمە وانیەو ئەوانە تەنیا کەمینەیەکی زۆر کەمن، بەڵام کەمێکی ئاشکران و مافەکانیان پارێزراوەو کەس ناتوانێ لەسەر ئەوە لە مرۆڤایەتییان کەمکاتەوەو مافیان پێشێڵبکات.
لەکاتێکا لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا، ئەشێ دیاردەکە زۆر زیاتربێ، بەڵام شاراوەیەو لەوپەڕی نامرۆڤایەتی و پێشێلکردنی مافی ئەو کەسانەشدایە!
ئا ئەمەیە کە تۆ لەڕوانگەیەوە خۆت بە ئەخلاقیی و غەرب بە نائەخلاقیی ئەزانیت. لەکاتێکا سەیرکردنی بابەتە وەکو بابەتێکی شەخسی و ڕێزگرتنی مرۆڤەکە وەکو مرۆڤێکی ئاسایی، زۆر ئەخلاقییترە لە بە ئەخلاقیکردنی کەیسەکەو کەرامەتشکاندنی مرۆڤەکە!

کاتێ سێکس یەکسانبێ بە ئەخلاق و ئەخلاق یەکسانبێ بە سێکس، ئیتر بەگشتی لە ئەخلاقداو بەتایبەتیش لە ئەخلاقی سێکسدا پاشەکشێ ئەکەین و فەزای تاوانی سێکسیی ئەخولقێت، لەبابەتی تەحەروش و لاقەو ئیستغلالکردنی جنسی.. بەڵام بەشاراوەیی و لەپشتی پەردەیەکی موزەییەفی ئەخلاقیبووندا!

لەڕاستیدا نە زەواج و گانی حەڵاڵ، پرسێکی موهیمەو هی ئەوەیە کە دوو تایەفە بۆی هەڵپەڕێ. نە سێکس و گانی حەرام هی ئەوەیە پرسێکی گشتیبێ و کۆمەڵگای بۆ بهەژێ. بەڵکو هەردوکیان ئازادیی کەسین و هەردوکیان ئەکرێ ئەخلاقیی بن و هەردوکیشان ئەکرێ نائەخلاقیی بن!

مەسەلەن خودی پرۆسەی زەواج و دامەزراوەی خێزان، پڕیەتی لە درۆو خیانەت و ناچاری و ناعەدالەتی و ڕەنگە عیلاقەی کوڕوکچێكی ئەروپی، زۆر ڕاستگۆیانەترو شەریفانەتربێ، لەو بتە موقەدەسەی ئێمە، کە ناوی خێزانەو کە بە چارەسەری قەیرانی ئەخلاقی ئەزانین، لەکاتێکا خۆی کێشەی ئەخلاقیی هەیەو هەر خودی پیرۆزکردنەکەی، یەك دنیا لێکەوتەی نائەخلاقیی هەیە!

بەڵێ زەواج خۆی لە خۆیداو لەوەدا پیرۆزنیە کە کۆمەڵگاو ئەوانیتر بە پیرۆزی بزانن، بەڵکو شتەکە لە ناوەڕۆکداو لەوەدا پیرۆزە، کە چەنێك پەیوەندییەکی ئەخلاقیی ئینسانییە بۆ دوو کەسەکە خۆیان. یەعنی "خێزان" بەخۆی پیرۆز نیە، بەوە پیرۆزە کە چی تێدایەو چی لەناویدا ئەگوزەرێ.

لێرەدا عورفی کۆمەڵایەتی و دینی، ڕۆڵێکی خراپیان گێراوەو پیرۆزیی پرۆسەی زەواج و دامەزراوەی خێزانیان، سەرخستوە بەسەر پیرۆزیی بەهاکانی ناو زەواج و خێزاندا!
ئیتر "خێزان" خوی ئەبێتە ئامانج و جێگای خودی "ئەخلاق" ئەگرێتەوەو ئەونەی خەمەکە بۆ ئەوەیە کە دووکەس خێزانێك دروست بکەن، ئەونە خەمەکە بۆئەوەنیە کە ئەوان ژیانێکی ئەخلاقیی دروستکەن.
ئەونەی خەمەکە بۆئەوەیە کە دوو کەس، جیانەبنەوەو خێزان هەڵنەوەشێتەوە، ئەونە خەمەکە ئەوەنیە کە پەیوەندی نێوان دوو کەسەکە چیەو چۆنەو چەنێك ئەخلاقییەو چەنێك کەرامەتی ئەوانی تیا پارێزراوە!

لێرەشەوە خێزان ئەبێتە ئەو سجنە نابووتەی کە هەر قابیل بە هەڵوەشانەوەیەو لەڕاستیدا من ئامارەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان نەك بە زیاد نازانم، بەڵکو پێموایە ڕێژەیەکی زۆر لەوە زیاتری خێزانی ئێمە، لە پەیوەندییەکی ناتەندروستدان و هەڵوەشانەوەیان دروستترە لەوەی کە دانیشن بەلای بتی خێزانەوەو نەوێرن بیشکێنن!

ئەخلاق پەوەندی بە سێکس و ناسێکسەوە نیە، پەیوەندی بە زەواج و نازەواجەوە نیە.. پەیوەندی بە خودی بەها باڵاکانی وەکو ئازادی و عەدالەت و ڕاستگۆیی و دەستپاکی و خیانەتنەکردن و ئەم شتانەوە هەیە.. ئەمانە هەبوو پەیوەندییەکە ئەخلاقییە، با نازەواجیش بێت. ئەمانە نەبوو، پەیوەندییەکە نائەخلاقییە، با زەواجیش بێت.

ئەم نوسینە، بەرگری نیە لە وێنەو فەزیحەی مەسولێکی بەدڕەوشت، کە ئاشکرایە سێکسی ئەوان، سەربە ئازادیی فەردی نیەو سەربە فەسادو ئیستغلالکردنی دەسەڵات و ماڵی گشتییەو شتەکە تاوانە.
بەڵکو ئەمەوێ بڵێم، ئەم دەعبایانە لە شوێنێکی ترەوەو (لە ستەمکاری و ناعەدالەتییەوە) فاسدن، ئینجا لە سێکسەوە.
ئێمەش لە عەقڵیەت و تێروانینمانەوە بۆ ئەخلاق و (کورتکردنەوەی لە سێکس و جەستەدا) فاسدین، بۆیە ناتوانین پاشەکشێ بە کۆی فەسادو لەناویا بە فەسادی ئەخلاقییش بکەین.

- ئینجا "سێکسباز" مەبەستم ئەو سێکسە نیە کە دووکەس بۆ "خۆیان" و بۆ "سێکس" ئەیکەن. مەبەستم ئەو سێکسەیە کە بۆ شتی ترو بۆ ئەوانیتر ئەکرێ!

- ئینجا "ئەخلاقچی" مەبەستم ئەو کەسە نیە کە بنەما نەگۆڕەکانی ئەخلاق لەناو خۆیدا بەرجەستە ئەکا. بەڵکو مەبەستم کەسێکە، کە پۆلیسی ئەخلاق و مامۆستای ئەخلاقی ئەوانیترە لە بنەما گۆڕاوەکانی ئەخلاقدا!
هەر کۆمەڵگایەکیش مامۆستاو پۆلیسی ئەخلاقی زۆربوو، ئەوە بێ شك لە قەیرانێکی قووڵی ئەخلاقدایە! چونکە مامۆستای ئەخلاق و پۆلیسی ئەخلاق، خودی ئەخلاق لە بەها نەگۆڕە ناوەکییەکانەوە ئەگۆڕن بۆ شتانێکی ترو ڕووکەشی، لەبابەتی سێکس و جلوبەرگ و پەرستشی دینیی.. ئیتر ئەخلاق خۆی ئەکەوێتە دواوەو ئەبێتە شتێکی یەدەگ و پلە دوو!

ئینجا نامەو وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی کەسەکان فەساد نیە. بڵاوکردنەوەو بەگشتیکردنی فەسادە.
ئینجا سێکسی ناو متمانەی دوو کەس فەساد نیە. نەمان و هاڕەکردنی متمانەی نێوان ئینسانەکان فەسادە.
ئینجا ئەوەی لەناو سنوری ژیانی تایبەتی ئینسانەکاندا ئەگوزەرێ، فەساد نیە. شکاندنی ئەو سنورە فەسادە.
ئینجا هەرچی لەناو ئازادی دوو کەسدایە، فەساد نیە. دەستدرێژی و ئیستغلالکردن و ناچارکردن فەسادە.
ئینجا سێکس وەکو خۆی فەساد نیە. وەکو ململانێ و کارت و کەرەستەی شکاندنی یەکتر فەسادە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand