كۆڤید ١٩ لە فەتوا تێناگات
2020-03-11 09:24:29
سامانی وەستا بەكر
مرۆڤ تاكە هەڵسوڕێنەور و بەكاربەری گەردوونە تاكو ئێستا كە زانست و گەردووناسەكان هیچی شتێكیان نەدۆزیوەتەوە هاوشێوەی مرۆڤ تەنانەت هیچ چۆرە بوونەوەرێكیش، هەر بۆیە مرۆڤ گرنگترین بوونەوەری هەسارەی زەوی و گەردوونیشە، بەبێ مرۆڤ گەردوون بەرهەمێكی بێ بەكاربەر ئەمێنێتەوە، كەواتە پارێزگاری كردن لە مرۆڤ و ژیانی و تەندروستی گرنگترین پێویستیەكانی ژیانە.
بەهەر هۆكارێكبێ ئێستا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دوژمنێكی كوشندەو نەناسراو ئەبێتەوە، دوژمنێك نەبەچاو ئەبینرێ و بە بۆن و هەستیشی پێئەكرێ. كۆرۆنا یان كۆڤید ١٩ كە تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠٠ كەسی بەبێ دەنگی كوشتووە نابێ بەكەم تەماشاكرێ هەروەك چۆن ناشبێ لە خۆی زیاتر گەورەكرێ و خەڵكی پێ بترسێنرێ.
ئەم پەتایە پەتایەكی وەرزی نیە تا شارەزای و لەبارەیەوە هەبێ بەڵكو هێندە نامۆیە تا ئێستا چارەسەرێك یان دژە كوتانێكیش بوونی نیە بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی، بەهەرحاڵ ئەمەیان بابەتی ئێمە نیە بەڵكو ئەوەی جێگەی تێڕامانە تیشكی ئەخەینە سەر.
حكومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە چەند ڕێگایەكی گرۆتەبەر كە هەندێكیان زۆر باش گرنگن، وە هەندێكیشیان زیادەڕۆی تیا كراوە، وە هەندێك ڕێگای تریش هەن كە نەگیراوەتەبەر كە لەوانەیە ئەمەیان بەهۆی ناناسینی ڤایرۆسەكەوەبێ و وە لە كۆی دنیاشا جارێ هەروایە، بەڵام بەكۆی گشتی ئەوەی ئەبینرێ حكومەت لە هەوڵایە بۆ سنوردار كردنی ئەم پەتایە و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری.
یاسا لە هەر وڵاتێك بۆ هەر كەسێك و بۆ هەر ئاینێك و هەر گروپێك جیاوازی ناكا و ئەبێ بەسەر هەموو لایەكا جێبەجێ بكرێ، بۆیە كاتێ حكومەت بڕیارێك دەرەكا گرنگە هەموو لایەك وەك خۆی جێبەجێبكات ئەگەرچێب تێبینیش لەسەری هەبێت بەڵام بۆ یاسا ئەوترێ (نفژ پم ناقش) واتە جێبەجێكە پاشان گفتوگۆیبكە.
نەئەبوو هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە حكومەت كەمتەرخەمی بكات و ڕێگەبات كە هیچ لایەنێك جگە لە بڵاوكراوە ڕێنماییەكانی حكومەت هیچ بۆچوونێك و ڕێنماییەكی جیاواز بڵاوكاتەوە، تا نەبێتە هۆكاری دوو دڵی و دڵەڕاوكێی خەڵكی لەكاتێكا متمانە بوون بە دەسەڵات لای خەڵكی تا ئاستێكی باش لاوازە.
ئەوەی جێگای سەرنج و هەڵوێستەیە ئەو فتوایە بوو كە "لیژنەی فەتوایی هەرێم" بڵاویكردەوە كە تەواو پێچەوانەی ڕێنماییەكانی كۆی دنیا بوون لە ناویشیانا ئەزهەر و دەسەتەی باڵای گەورە باڵایانی زانایانی سعودیە و دەسەڵاتدارانی ئێران كە تەمسیلی مەزهەبی شیعەی دنیا ئەكەن وە عەلی سستانی كە بەگەورە مەرجەعی شیعە دائەنرێ.
تا ئێستا نەبینراوە هیچ كڵێسەیەك پێچەوانەی پاپا و فاتیكان ڕێنماییەك دەربكەن كە ببێتە هۆكاری دوو دڵی باوەڕداران.
كۆی جیهان بە تەواوی ڕێكخراو حكومەت و دەزگا و ئاین و ئاینزا و دەزگا تەندروستییەكانەوە لەسەر ئەوە ئەوە كۆكن كە كۆڕ و كۆبوونەوە نەكرێ و دووركروتنەوە لە هەموو ئەو شوێنانەی ئەبێتە جێگایەك بۆ كۆبوونەوەی مرۆڤەكان لە ناویشیانا داخستنی كەعبە و ڕێگرتن لە چوون بۆ مزگەوتی پێغەمبەر (مسجد النبوی) كە بە یەكێك لە بەهەشتەكانی بەهەشت ناویهێنراوە، لەوەش گرنگتر ڕاگرتنی عەمرە كە ئەمەیان نەك درێژكراویەكی ئاینی هەیە بەڵكو ئەبێتە هۆكاری زەرەرێكی زۆر لە ئابوری سعودیەش، كەچی لیژنەی فەتوای هەرێم زۆر نابەرپرسانە داوا لە خەڵكی ئەكا بەردەوامبن لە چوون بۆ مزگەوت ولەناویشیانا نوێژی هەینی لە ئەبێتە هۆی كۆبوونەوەی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی كە دووریان لەیەك لە چەند سانتیمەرێك تێناپەڕێ، بە هۆكاری ئەوەی ناكرێ نوێژ و نزا و خوداپەرستی لەناو مزگەوتەكانا نەكرێ وەك ئەوەی خواوەند تەنها لەمزگەتا هەبێ! كە ئەكرێ ئەم فەتوا نابەرپرسانەیە ببێتە هۆكاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو خەڵكیا تا ئاستێك لە كۆنترۆڵ دەربچێ.
"ولا تقتلوا أنفسكم إن الله كان بكم رحیما"، "ولا تلقوا بایدیكم الی تهلكە"، ئەمە دوو نمونە كە داوا لە مرۆڤەكان ئەكرێ خۆیان بپارێزن و خۆشیان نەخەتە هەڵدێر و ماندووبوونەوە، كە ئەمەش سەرچاویەكە بۆ شەریعە كە هەر خودی شەریعە بۆ خۆپارێزی هاتووە واتە خۆپاراستن لەهەر هۆكارێك مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگ و ئازار بكاتەوە، ئیتر كە ئەمە شەریعەو دەقە ئاسمانیەكانبێ چۆن ئەكرێ لیژنەی فەتوا هانی خەڵكی بات بەوەی كە ئەگەر بەو ڤایرۆسە بمرن "شەهیدن"!
(یا أیها الژین ێمنوا أگیعوا الله وأگیعوا الرسول وأولی اڵامر منكم) خۆ ئەگەر ئەوانە ئیماندرابن بەڕاستی ئەوا هەر بەپێی دەقە ئاسمانییەكان ئەبوو گوێڕایەڵی ڕێنمانییەكانی حكومەت بوونایە و چونكە گویڕایەڵی ئەوان بۆ فەرمانڕەوا بابەتێكی جیاوازترە و فەرمانیان پێكراوە كە ملكەچ و گوێڕایەڵبن.
هەڵبەتە تا ئاستێك ناهەقی لیژنەی فەتوا ناگیرێ چونكە دیندارەكان وە بەتایبەتی موسوڵمانان زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە لێكدانەوە بۆ دەقە ئاسمانییەكان ئەكەن هەر كەسەو بەكەیفی خۆی بەبەری خۆیدا ئەیدورێ و لەوەش سەیرتر چەندین ئایەت بە چەندین لێكدانەوەی جیاوازەوە ئەدەن بەگوێی باوەڕدارانا.
هەرچۆنێكبێت گرنگە حكومەت لێرەوە ڕژدتربێت لەسەر ئەوەی كە ڕێگە بە هیچ كەسێك نەدا دەست بخاتە كارەكانیەوە بە تایبەت لە بابەتێكی ئاوا هەستیارا كە گیانی هەزاران هاوڵاتی ئەخاتە مەترسییەوە، ئاخر ئەگەر هەر لە سەرەتایی دروست بوونیەوە دەستی حیزب و مەكتەب سیاسیەكان و خەڵكانی باڵا دەستی لە حكومەت دوورخستایەتەوە ئەوا ئێستا لیژنەی فەتواش ڕێگەی بەخۆی نەئەیا كە پێچەوانەی ڕێنماییەكانی حكومەت شتێكیتری هەبێ بۆ ووتن.
ئەوەی جێگای نیگەرانیە بە پلەی دووەم مێدیایە كە سەرەتا زۆر نا بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەیا ئەكرد بە خەڵك ترساندن، بەڵام هەرچەندە ئێستا تا ئاستێك بەرپرسانەتر مامەڵە ئەكەن بەڵام بەهەر هۆكارێكبێ هەندێ لەو مێدیایانە بەردەوامن لە هەندێ جۆری بڵاوكردنوەو ڕووماڵ كردن كە نابێ ڕێگەی پێبدرێ، جا لە ڕێگەی دەزگاكانی حكومەتەوەبێت یان لەڕێی ویژدان و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی ئەو دەزگا مێدیایانەوەبێ، خۆ ئەگەر لە دووەمیانەوەبێ زۆر باشترە.