Draw Media

روداوگه‌لێك كه‌ ئازاری مرۆڤ ئه‌ده‌ن 

روداوگه‌لێك كه‌ ئازاری مرۆڤ ئه‌ده‌ن 

2020-03-09 11:44:05


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
ئه‌و روداوه‌ی رۆژی هه‌ین له‌ ناوچه‌ی شوان ڕویداو تێیدا كوڕو باوكێك گیانیان له‌ ده‌ستدا ، هه‌موومانی خه‌مبارو نیگه‌ران كرد ، ئه‌م روداوه‌ ناخۆشانه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ ئیدی بیر له‌وه‌ بكه‌رێته‌وه‌ چۆن به‌ریان پێبگیرێت ، خه‌یروڵای كوێخا شه‌ریف و كوڕه‌كه‌ی به‌ ده‌سڕێژی گوله‌و به‌ روداوێكی نه‌خوازراو كوژران ، ئه‌وان  نه‌وه‌ی كوێخا شه‌ریفی سه‌یدانن ، ئه‌و پیاوه‌ی تا كۆچی دوای كرد له‌ ڕژێمه‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانی عیراق یاخی بوو ، پیاوێكی ئازاو ناسراو ، نه‌ك هه‌ر له‌ به‌ر كوێخاشه‌ریف بگره‌ له‌به‌ر خه‌یروڵا و كوڕه‌كه‌شی روداوه‌كه‌ وه‌ك كۆستی هه‌موو ناوچه‌كه‌و هه‌موو چه‌مچه‌ماڵیه‌كان  وابوو ، ئه‌م روداوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ یه‌كه‌م روداو دوا روداوی  ناوچه‌كه‌و هه‌موو كوردستانیش نیه‌و له‌ رابردوودا هاوشێوه‌ی ئه‌م روداوه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رویداوه‌ ، قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چۆن به‌ر به‌م روداوانه‌ بگیرێت ، ئاخر ده‌ڵێن كاتی خۆی كه‌ حكومه‌ت و زه‌بت و ره‌بت هه‌بووه‌ ، پۆلیسێكی سواره‌ به‌ خۆی و ئه‌سپێكه‌وه‌ توانیویه‌تی لێپرسینه‌وه‌ بكات و خه‌ڵكیش حسابیان بۆ كردووه‌ ، كه‌واته‌ روون و ڕه‌وان كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا حساب بۆ حكومه‌ت ناكرێت ، ئه‌م حساب بۆ نه‌كردنه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت له‌ سنوری زه‌رد بكوژ خۆی ده‌كرد به‌م دیوداو له‌ سنوری ئه‌وده‌می سه‌وز بكوژ خۆی ده‌كرد به‌و دیودا ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ده‌زگای دادوه‌ری كوردستان داواكاری گشتی لاوازه‌و ناتوانێت هیچ دۆسیه‌یه‌ك بجوڵێنێت .
ره‌نگه‌ ده‌یان جاری دیكه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌مان نووسیبێت ، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو دنیا ده‌سه‌ڵات به‌ دواداچوون بۆ نووسینی رۆژنامه‌نووس و نوسه‌ران ده‌كات و كاری له‌ سه‌ر ده‌كات ، له‌ باشوری كوردستان بشخوێنرێته‌وه‌ كاری له‌ سه‌ر ناكرێت ، گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ كوردستان رای گشتی  دروست نابێت ، هۆكاری رێگری كردن له‌ رای گشتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی باشوری كوردستان جگه‌له‌وه‌ی سیاسه‌تی په‌رتكه‌و زاڵبه‌ی به‌ كار هێناوه‌ ، جۆرێك له‌ دڕدۆنگی و ناجۆری له‌ نێوان شارو شارۆكه‌و بنه‌ماڵه‌كانی كوردستانیشدا دروست كردووه‌ ، ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵات ماوه‌یه‌كی زۆره‌ كار له‌ سه‌ر زندووكردنه‌وه‌ی خێڵ و هۆزو بنه‌ماڵه‌ ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پاره‌ش ته‌رخان ده‌كات به‌ ناوی جیاجیاوه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر رای گشتی دروست بێت حكومه‌تیش ناچار ده‌بێت لێپرسینه‌وه‌و به‌ دواداچوون بۆ ئه‌و روداوانه‌ بكات .


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand