پەرلەمان ،حەوشەی پشتەوەی ماڵەکان ..!
2020-03-31 10:25:10
بەشدار عوسمان
لە ماوەی چوار خولی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە ٥٠٠ ئەندامیدا،کەم بوون ئەوانەی بە ڕوو سووری لە دەرگای پەرلەمانەوە هاتونەتە دەرەوە،لەماوەی ٢٦ ساڵی بوونیدا لەهەرێم،هەرگیز شوێنی گفتوگۆی جدی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگا نەبووە،بەشێکی کەمیش لە کەسانی دڵسۆز و راستگۆ کە بە ئومێدی گۆڕانکاری و خزمەت و باشکردنی ژیانی خەڵک ڕوویان لەم بینایە کردوە،لەگەڵ نائومێدیەکی کەمەر شکێن رووبەڕوو بوونەتەوە .
بەجیا لەوەی،هەڵڕشتنی کۆمەڵیک ئیمتیازات و دزی و گەندەڵیەکی بەیاساکراو،پاڵی بەزۆرێک لە کەسانی بودەڵە نا، هەوڵی جدیدابن بۆ گەیشتن بەکەمێک لە خەونەکانیان ! لەگەڵ ئەوەشدا کێشە لە عەقڵیەت و تێڕوانینی خێڵەکی و دۆگمایی دەسەڵاتدارانە کە وویستویانە و دەیانەوێت بچوکترین بڕیار و گۆڕانکاری لە دیوەخان و تەکیەکانی ئەوان لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی تەسکی خێڵ و خێزانەکانیان نەچێتە دەرەوە،هەمووان بینیمان قەیرانی هەموو دنیا بەسەر خەڵکی بەدبەختی ئەو مەملەتە تاقیکرایەوە لەهیچ کات و شوێنیک ئەو پەرلەمانە نەیتوانی چکۆڵەترین کێشەی خەڵک چارەسەر بکات و تروسکایەکی ئومێد بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە ؟!
تا ئێستا یەک فلس لە داهاتی بێ شوماری تاڵانکراوی کۆمەڵگایان نەگەراندۆتەوە بۆ خەڵک،لەکاتێکدا هەرێم لەریزبەندی حکومڕانە نا شەفاف و گەندەڵەکان پلەکانی سەرەوەی گرتووە،هەزاران ژن لەژێر ناوی جۆراو جۆردا خەڵتانی خوێنکران و خەون و خولیاکانیان کرا بە سەراب،شۆستە و شەقامەکان تەژین لەمناڵانی ئیشکەر و پیر و پەککەوتانی بێ خانەولانە و گەنجانی بێکار،بکوژانی نوسەران و رۆژنامەنووسان لەبەرچاوی هەمووانەوە دێن و دەچن،دادگا و دەسەڵاتی قەزائی لەلایەن حزبەوە گەورەترین سوکایەتی پێکراوە ،هێزە چەکدار و ئەمنیەکان هێزی ترسان وتۆقاندنن و مخالفینی دەسەڵات هەموو رۆژێک لەژر هەڕەشەی کوشتن و ئیهانەکردندان،زانکۆکان پڕکران لە نەخوێندەوارانی حزب..!
پەرلەمان لەکوێی ئەو بەربەریەتە وەستاوەتەوە ؟! کامانەن هەنگاوەکانی ڕاگرتنی ئەو ئاماژە مەترسیدارەی دەسەڵاتدارێتی ؟!
ئەوان ئەو بینایەیان تەنها وەکو میکیاجێک وویستوە بۆ پەردەپۆشکردنی دەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمکارەکەیان، وەکو حەوشەی پشتەوە ماڵەکان مامەڵەیان لەگەڵ کردوە بۆ سەرقاڵکردن و یاریکردنی مناڵەکان ..!