ژیان دوای كۆرۆنا ئازیزترە
2020-03-30 18:19:50
شوان قلیاسانی
" رۆحەکان ئازینزن،بەڵام بەردەوامی ژیان و بژێوی دوای کۆرۆناش ئازیزە"
ئەمە قسەی سەرۆکی چین (شین جین بینغ) ە دەربارەی ئافاتی کۆرۆنا ولێکەوتەکانی دوای خۆی.وە بڕی ٢٧ ترلیۆن یوانی چینی کە دوو ئەوەندەی داهاتی ساڵانەی وڵاتەکەیەتی بۆ بەردەوامی ژیان و شکست نەهێنانی ئابوری وڵاتەکەی تەرخان کرد. ئەمریکاش بڕی ٢ ترلیۆن دۆلار و بەریتانیاش ٣٣٠ملیار پاوەند و وڵاتانی تریش زۆرینەیان هەمان کاریان بۆ بەردەوامی ژیان و شکست نەهێنانی ئابوریەکانیان تەرخانکرد. بە وتەی ناوەندەکانی توێژینەوەی ستراتیژی لەوانە
(Morgan Stanley) مۆرگان ستانلی کە ئەڵێ هیچ کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا نەک قازانج ناکات بەڵکو هەمویان زەرەر دەکەن تەنانەت هەندێک لە سەرۆکەکانی یانزە شەریکاتی گەورەی دنیا لە بابەتی IBM,Microsoft, دەستیان لەکارکێشایەوە. هەندێک لە ئابوری ناسان باس لە ئیفلاس بونی وڵاتان وقەرزار بونی هەندێکی تریان دەکەن، وە باس لە گۆڕینی نیزامی بەڕێوبردنی دنیا دەکەن کە بۆ ماوەی ٧٠ ساڵە بە تەنها لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێت بۆ نیزامی دو جەمسەری بەڕێوە بردن لەلایەن چین و ئەمریکاوە.
هەرێمی کوردستان لە ڕوی ئیداری و مالی و سیاسیەوە بارودۆخی لەو وڵاتانە خراپترە ، بۆیە لە جیاتی ناکۆکی و دوبەرەکی و یەکتر شکاندن و بچوک سەیر کردنی هەوڵ و تێکۆشانی چاکە لە هەرلایەکەوە بێت . کاتی پێکەوە کارکردن وبرایەتی و خۆشەویستی و بە هەند وەرگرتن و دەستخۆشیە لە هەر هەوڵ و کارێک کە لە توانادایە بکرێت. کارە باشەکانی کە لەم کاتەدا لەلایەن خەڵک و ئیدارەوە کراوە جێگەی دەست خۆشی و پێزانینە، لەپاڵ ئەوەدا بۆ بەردەوامی ژیان ئێمە وەک ئەو وڵاتانە ناتوانین بودجەی زەبەلاح بۆ ئەم کارەساتە تەرخان بکەین ، چونکە هەموو لایەک دەزانن و قسەی زۆری لەسەر کراوە کە هۆکاری و کێ و چی بووە پارەی داهاتی دەستکەوتی کوردستان چۆن سەرف کراوەو کێ لێی بەرپرسە.
ئەوەی مەبەستی منە چی بکرێت باشە نەک بۆ نەکراوە ، چونکە بۆنەکراوە مێژوو خراپ بەکارهێنان و دزی گەندەڵی و خیانەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بارودۆخی خەڵکیش شایەتی دەدەن لەو کرانەی بەرامبەریان کراوەو بۆیان کراوە.
ئەی چی بکەین؟
1- پێویستمان بە دامەزراوەیەکی سەربەخۆی باج هەیە، کە سەر بە وەزارەتی دارای و ئابوری بێت ، کە دەڵێم سەربەخۆ مانای خاوەنی دەسەڵاتی دادوەری و سوڵتەی جێبەجێکردن بیت، نەهێڵێت ئەوانە ی پێویستە باج بدەن لە دەست باج دان رزگاریان بێت.زۆربەی وڵاتانی دنیا باجی سەر کۆمپانیا گەورەکان سەرچاوەی داهاتیانە بۆ نمونە بودجەی ساڵانەی ئوردن لە سەدا سی و چواری لە باجی کۆمپانیاکان ولەسەدا سیوچواری لە باجی بانکەکان پێک دێت . (Franklin D. Roosevelt) فرانکلین د. رۆسفۆلد کە یەکێک بووە لە سەرۆکەکانی ئەمریکا دەڵێت دوو راستی هەن لە ژیاندا ، یەکێکیان باجەو ئەوی تر مردنە.
2- پەرلەمان کە بودجەی ساڵانەی خەمڵێنراو ئەپروڤ ئەكات دەبێت لە شێوەو چۆنیەتی سەرفکردنیشی بپێچێتەوە پێش ئەپروڤی بودجەی ساڵی داهاتوو، ئەوکات ئەزانێ لە کوێدا کەموکوڕی هەیەو پێویستی بە دەست کاری کردنەو بشپرسێتەوەلەخراپ بەکارهێنانی.
3- پێویستە لە کوردستان دەزگای باڵای ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی هەبێت کە لە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی دەزگاکەو ئەندامانی لە بابەتی ئەندامی دادگای باڵا سەرۆکی دەستەی چاکسازی و چاودێری دارایی کەسانی شارەزا پێک بێت و دەسەڵات و دادگای سەربەخۆی هەبێت.
4- لەم کاتەدا یارمەتی و هاوکاریەکان لەلایەن خەڵکان و کۆمپانیاو بەخشندەکانەوە جێگەی تەقدیر و پێزانینە ، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم بارو دۆخەی بەهۆی کۆرۆناوە دروستبووە وە دوای کۆرۆناش کاریگەریە خراپەکانی درێژە دەکیشێت کەواتە ئەم هاوکاریانە کاتین و لەماوەیەکی دوردا چارەسەری کێشەی هاوڵاتیان ناکات بۆیە پێویستە خێرخوازان و حوکمەت بۆ رزگارکردنی خەڵک و بەردەوامی ئەو کارە بەرنامەیەکی گشتگیریان هەبێت ئەویش بە پرۆژەیەکی نیشتمانی و ئابوری ڕێک بخرێت نەک بەوەی فڵان میقدارێک و فیسار میقدارێک لە ڕێگەی خۆیانەوە بێهەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پێویستیەکان هاوکاری بکەن، بۆئەوەی ئەم کارەش کاریگەری زیاترو بەردەوامی هەبێت دەبێت سەرۆکی حکومەت لەگەل خەڵکانی خێرخوازو ژورەکانی بازرگانی و یەکێتی مقاولین و یەکێتی سەرمایەدارانو...هتد لەسەر بنەمای پێویستی و ئیمکانیات و بە گوێرەی توانا و گەورەیی کار و سەرمایەکان لە دامەزراوەیەکی هاوبەشی حوکمەت و سەرمایەداراندا ڕێک بخرێت و سەرف بکرێت.
5- کۆمپانیاکانی بواری نەوت و خاز و تەلەفون و ئنتەرنێت و کارگە گەورەکانی ئەم هەرێمە بە دامەزراوەی سەربەخۆی باج خاڵی (١) مامەڵایان لەگەڵ بکات.
6- خاڵە سنوریەکان و گومرگ و گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری بە خاڵی (١) مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
7- حکومەت هەوڵی جدی بدات بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی لای کۆمپانیاکان.
8- لابردنی مەسرەفی زیادە لە بابەتی دەزگای ئیعلام و سکیوریتی حیزبەکان و کەسی حیزبی کە بارگرانین لەسەر مەسرەف.
9- حکومەت زەویەکی زۆری داوە بە وەبەرهێنان و پرۆژەی گەشت و گوزار و چەندەها شێوەی تر کە بەکاریان نەهێناوە بۆ مەبەستی پێدراو، لەگەڵ ئەو موڵکانەی کە حکومەت ئەتوانێ بیانفرۆشێ ئەتوانرێ بفرۆشرێ بەوانەی کە ئەیانەوێ یاخود خەڵکانی تر.
ئەمانە کۆمەڵێک هەوڵن ئەگەر حکومەت بیانکات هەرگیز پێویستی بە دەستکاری معاش و قوتی خەڵک نابێت و دەبنە هۆی پەیداکردنی هەلی کاریش.