Draw Media

عێراق لە نێو بەرداشی ئەمریکا و ئێراندا

عێراق لە نێو بەرداشی ئەمریکا و ئێراندا

2020-04-01 11:53:17


د.حلمی رەسول رەزا
دوای ئەوەی کێشەی داعش تارادەیەک لە ڕووی سەربازییەوە کۆتایی هات، زنجیرەیەک پرس و کێشەی تر بەرۆکی بەم وڵاتە گرتوە؛ لەوانە پرسی بوونی گەندەڵی و شێوازی حوکمڕانی، وەڵام وەرنەگرتنەوەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، بەهەڵپەساردراوی مانەوەی پەیوەندیەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، لەگەڵ ئەوانەشدا خراپی دۆخی پەیوەندی نێوان حەشدی شەعبی و ئەمریکا کە تا دێت بەرەو هەڵکشان دەچێت، کە دیارە ئەمە بەشێکی پەیوەندی راستەوخۆی بەخراپی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێرانەوە هەیە. 
 لێرەدا ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت، قورس بوونی ئەرکی سەرۆک کۆماری عێراقە،  سەرۆک کۆمار وەک پارێزەری دەستور و ڕاگری هاوسەنگی دۆخەکە لە نێو کوتلە سیاسیەکان و راگرتنی پەیوەندی نێودەوڵەتی.
‌ به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆك كۆمار؛ لەزۆر بۆنەدا ئەوەی دوپات کردبوەوەو هەوڵیشی دەدا تا عێراق به‌دووربگرێت له‌ چوونه ‌ناو ته‌وه‌ربه‌ندییه‌كانی ناوچه‌كه‌، بەپێچەوانەوە هەوڵەکانی بەو ئاراستەیە بوو کە عێراق بکرێتە چەقی هاوبه‌شی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوریە جیاوازەکان، هەروەها هەوڵەکان بەو ئاراستەیە بوو تاسیاسه‌تی گشتی ده‌وڵه‌تی عێراقیش له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ربه‌خۆی بڕیارسازی نیشتمانی دابڕیژرێت.
بەداخەوە به‌ده‌نگه‌وه‌نه‌هاتنی داواكارییە رەواکانی خۆپێشانده‌رانی شه‌قام، هەروەها په‌رتبوونی لایەنە سیاسییەکان و لەناو ئەوانیشدا ناو ماڵی شیعه‌ و په‌رته‌وازه‌ییان له‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌ربژێرێك بۆ ڕاسپاردنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو، له‌ كۆتایشدا ئه‌وه‌ی‌ زیاتر کێشەکانی خه‌ستتر كرده‌وه‌، سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆڕۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت بوو له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی متمانە ئابورییەکەی زیاتر لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتە.
دوای شكستپێهێنانی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی له‌ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی و ڕێككنه‌كه‌وتنی هێزه‌ شیعییه‌كان له‌ پاڵاوتنی به‌ربژێرێك بۆ گرتنه‌ده‌ستی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیری ئاینده‌، به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستورییه‌كانی خۆی خستنه‌گه‌ڕ و عه‌دنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ڕاسپارد، سه‌رباری ڕه‌زامه‌ندی مه‌بده‌ئی سه‌ره‌تای زۆرینه‌ی‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ڕاسپاردنی زورفی، كه‌چی هێنده‌ی نه‌برد، به‌شێك له‌ هێزه‌ نزیکەکانی ئێران، به‌ بیانووی ناده‌ستووری میكانیزمی پاڵاوتنی زورفی له‌ لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌، ده‌ستیان دایه‌ دروستكردنی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ و قۆرتوقولاپی سیاسی، به‌ مه‌به‌ستی له‌باربردنی ڕاسپاردنی زورفی و شكستپێهێنانی كۆششه‌كانی بۆ پێكهینانی حكومه‌تی ئاینده‌، بەبێ ئەوەی خۆیان بتوانن لەسەر کەسێک کۆدەنگی دروست بکەن.
هەرچی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراقیشە هەرکەسێک بێت، لەم دۆخە خراپەدا گەر پشتیوانی تەواوەتی نەکرێت لەلایەن کوتلە سیاسیەکانەوە (شیعەو سونەو کورد)، ئەوا ناتوانێ بەرانبەر ئەو هەموو ئاڵینگارییانه‌ بوه‌ستێته‌وه‌ كه‌ به‌رۆكی عێراقیان گرتووه‌؛ کێشەکانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، پێکهێنانی حکومەتی عێراقی،  داتەپینی باری ئابووری  و تەشەسەندنی نەخۆشی کۆرۆنا،  لەسەروی هەمووشیانەوە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریکا.
چاودێران پێیان وایه‌ هه‌لی سه‌ركه‌وتن و شكسته‌كانی زورفی له‌ سه‌ركه‌وتن له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی به‌ نزیكه‌یی یه‌كسانن، هه‌ر چه‌نده‌ هه‌له‌كانی سه‌ركه‌وتنی زیاترن له‌ هه‌له‌كانی شكستهێنانی، به‌و پێیه‌ی زۆرێك له‌ هێزه‌ شیعییه‌كان گه‌یشتوونه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، ناكریت  پەیوەست بوونیان بۆ ئێران چی دیكه‌ به‌ ستایل و شێوازی كۆن به‌رده‌وام بێت، ناشتوانن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عێراقدا ئاوت بكه‌ن، له‌وەش سه‌ختتر ئه‌وه‌ی كه‌ ناكرێت به‌ هیچ كلۆج و بیانوو و پاساوێك، وەڵامده‌ره‌وه‌ی لایه‌نی كه‌می قبوڵكراوی داواكاری خۆپێشانده‌ران نه‌بن. ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر نیازی ئه‌وه‌یان هه‌بێت شكست به‌ كۆششه‌كانی زورفیش بێنن، كه‌چی هێشتا نه‌یانتوانییوه‌ له‌سه‌ر جیگره‌وه‌یەكی زورفی كۆك و ته‌بابن، چونکە هەموو رەتکردنەوەیەک جیابوونەوەی تر بەدوی خۆیدا دەهێنێت، دیارە ئه‌و ناوانه‌ی باسیشیان لێوه‌ ده‌كریت بۆ جێگرتنه‌ویه‌ زورفی، جێگه‌ی مشتومڕ و ده‌مه‌ته‌قێی نێوان خۆیان و شه‌قامیشن‌، به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ قبوڵكراوی ناوه‌ تازه‌كان زۆر كه‌متره‌ له‌ قبوڵكراوی زورفی له‌ لایه‌ن شه‌قام و فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كانه‌وه‌.
لێرەوە‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ ڕاده‌ی سه‌ركه‌وتن و شكستهێنانی فه‌رمانڕه‌وایانی عێراق له‌ گه‌یشتنه‌ كه‌ناری ئارام و پاراستنی ووڵات له‌ گێرمه‌وكێشمه‌كانی ناوخۆی و ده‌ره‌كی، په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕاگرتنی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سەرۆک کۆمار رەنگ رێژی بۆکرد، چونکە دەستبەردار بوونی یەکجاری لە پشتیوانی ئەمریکا رەنگە بۆ عێراق زۆر قورس بێت، هەروەک ئەوەی کردنەدەرەوەی ئێرانیش لەناو هاوکێشەکە بۆ عێراق کارێکی ئاسان و سەرکەوتوو نابێت.
له‌ ئێستاشدا زورفی، به‌و توانستانه‌ی هه‌ندێ له‌ پێگه‌ و كه‌سایه‌تی خۆی، دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا، نزیكی له‌ زۆرێك له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان، هه‌روەها هاتنه ‌ناوه‌وه‌ی پاڵنه‌ره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك مه‌ترسیداری دۆخی ئابووری وڵات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا كه‌ دوو فاكته‌ری سه‌رباری دیكه‌ن بۆ زوو پێكهێنانی حكومه‌ت و ده‌ربازكردنی وڵات له‌ ته‌نگژه‌ جۆراوجۆرانه‌ی تێی كه‌وتووه‌ كه‌ ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كه‌ كلیلی كردنه‌وه‌ی زۆربه‌یانه‌، به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسكران، پێنوێنه‌كان به‌لای ئه‌وه‌دا ده‌شكێنه‌وه‌ كه‌ زورفی سه‌رباری ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌می، بەڵام کەسایەتیەکی شایستە بێت، بۆ پێکهێنانی حکومەت لەم دۆخەی ئێستادا.
خۆ گەر لایەنە سیاسییەکان گوێی بەگرفتە زۆرەکانی دۆخەکە نەدەن و رەتکردنەوەو دانانی سەرۆکی حکومەت بەمەزاجییەتی گروپێکی دیاریکراو لەمەحەک بدرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە سەر باری ئەو قەیران و گرفتانەی باسکران، ئەوا ئەبێت لەپاڵ ئەوانەشدا چاوەروانی قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزتر بکەین بۆ عێراق، کە بەدور نازانرێت، هەموو دۆخەکە بگێرێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەمی سەرەتا وهەموو ئەگەرەو مەترسیەکان بەکراوەیی لەبەردەمدا بمێنێتەوە. له‌دۆخێکی ئاواشدا  ناکرێت دووریش بزانرێت دوا سیناریۆی پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق، به‌ شه‌رێ خۆبه‌خۆ، یان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی كۆتایی پێ بێت كه‌ كه‌س ناتوانێت ئاكامه‌كانی ئەو ئەگەرانە پێشبینی بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand