Draw Media

سوید مۆدێلێكی جیاوازی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیڕەو كرد....

سوید مۆدێلێكی جیاوازی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیڕەو كرد....

2020-03-30 21:18:15


حەمە گۆپاڵە - سوید 

 لە جیھاندا تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە زیاتر لە ٧٠٠ ھەزار كەس  تووشی كۆرۆنا بوون و بەردەوام لە زیادبوندایە، نیوەی توشبوانی كۆرۆنا دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپان، لە ئەمریكاش ئەم نەخۆشیە زۆر بە خێرایی گەشە ئەكات، 

لە سوید زیاتر لە چوارھەزار كەس دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون ، لە نێویاندا ١٤٦ كەس بەھۆی ئەم ڤایرۆسەوە بەم شێوەیەی خوارەوە 
مردوون، 

٣٢ كەسیان  تەمەنیان سەرو ٩٠ ساڵ بوون

٣٤كەسیان تەمەنیان لەنێوان ٧٠-٧٩ ساڵ بوون

٦ كەسیان تەمەنیان  لە نێوان ٦٠ -٦٩ ساڵ بوون

٨ كەسیان تەمەنیان لە نێوان ٥٠-٥٩ ساڵ بوون

١ كەسیش تەمەنی لە نێوان ٢٠-٢٩ ساڵ بوو،

  وڵاتی سوید پلان و ستراتیژیرتی جیاوازی گرتوەتە بەڕ ،  باش لەوە تێ ئەگات كەوا لە جیھاندا ھیچ كۆمەڵگایەك نیە بتوانێت تا كۆتایی  شەڕی كۆرۆنا بە داخستنی دەرگای ماڵەكانیان بۆ ماوەیەكی دورودرێژ  بكات، لەكۆتاییدا ئەبێت دەرگای چارەسەر بەڕووی كۆرۆنادا بەھێواشی بكەینەوە،

مەترسی گەورەی ئەم وڵاتە ئەوەیە وەك ئیتالیاو ئیسپانیاو ئەمریكا لە یەك كاتدا بڵاونەبێتەوە، تاوەكو بتوانێت  ژیانی سەدان كەس ڕزگار بكات،

سوید زۆرباش ئەوە ئەزانێت ئەم ڤایرۆسە یەخەمان بەرنادات ، بە بەردەوامی لە نێو كۆمەڵگا كەم و زیاد ئەمێنێتەوە ، عەرەب واتەنی شر لابد منە ،  تەنھا پێویستمان بە كاتە بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین و چارەسەری یەكجارەكی، ئەمەش بەلایەنی كەمەوە ٣ تا  ٦ مانگی تری پێویستە، 

 سوید جیاواز لە وڵاتانی دیكە   ستراتیژیەتی جیاوازی دژی نەخۆشی كۆرۆنا پەیڕەو كرد ، ئەمەش  بووە ھۆی ئەوەی ناڕەزایەتیەكی نێودەوڵەتی لێ بكەوێتەوە، 

 سوید  پێی وایە زۆربەی زۆری نەخۆشەكان بە قورسی كۆرۆنا ناگرن،  بەڵكو بەشێكی كەم لە توشبوانی ئەم  ڤایرۆسە بەسەختی تووشی ئەم نەخۆشیە ئەبن ، بەتایبەت  ئەوانەی بەتەمەنەن یان ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن و جۆراوجۆریان لەگەڵدایە، 
بۆیە ئەم وڵاتە بەباشی نازانێت بۆ ماوەی چوار  یان پێنج مانگ زیاتر  ھاوڵاتیانی خۆی لە كونجی ماڵەكانی خۆیان زیندان بكات ، چونكە كەرەنتینە بۆ ماوەیەكی دورودرێژ  چارەسەری یەكجارەكی نیە،؟زەرەری زیاترە لە قازانج ،

 گرنگترین ستراتیجی سوید  دژی كۆرۆنا لەسەر داتاباس و ئامارو دیاگرام و بڵاوكردنەوەی ھۆشیاری تەندروستی و خۆپاراستنە ، نەك لەسەر بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لە نێو كۆمەڵگادا،  چونكە ترس  شیرازەی كۆمەڵگا تێك ئەدات،

ستراتیژیەتی سوید ئەوەیە تاك ھەست بە بەرپرسیارێتی بكات نەك  چاوەڕێی فشارو سزای حكومەت  بكات،

ستراتیژیەتی سوید ئەوەیە كاتێك یەكێك یان زیاتر  لە نیشانەكانی ئەنفلۆنزا لە تاكەكانی كۆمەڵگا دەركەوت  وەك تا، پژمە ، كێشەی ھەناسەدان، قوڕگ ئێشە، لوت ئاوكردن، یان ھەر نیشانەیەكی تری وەك لەدەستدانی ھەستی بۆنكردن و تامكردن  نابێت  بچێتە سەر كار یان  دەرەوە، بەڵكو ئەبێت  تا دوو ڕۆژ دوای كۆتا نیشانەكانی ھەڵامەت لەماڵەوە  بمێنێتەوە، دوای دوو ڕۆژ  پاش چاكبونەوە ئەتوانێت  بچێتە  سەر كارو ژیانی ئاسایی خۆی پەیڕەو بكات،

ئەمەش بۆ ئەوەیە نەخۆشیەكە بە خێرایی بڵاو نەبێتەوە،  لاوازەكان و ئەوانەی نەخۆشی قورس و درێژخایەنیان ھەیە یان  تەمەنیان سەرو  ٧٠ ساڵە بپارێزێت،
 
سوید  سەردانی خەڵوەتگای پیری و خەستەخانەی قەدەغە كردووە ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، 

 ڕێنمایی ئەوەیە سەردانی شارە گەورەكان  و قەرەباڵخی نەكەن،

 پێویستە دەستەكان  ھەمیشە بە سابوون و ئاوی گەرم  بشۆن و بەردەوام پاك و خاوێن بن،

دانیمارك و ئەڵمانیا قەدەغەیان كردووە لە ٢٠٠ كەس زیاتر كۆببنەوە، بەڵام سوید  تا ٥٠ كەس بۆی ھەیە لە شوێنێكدا كۆببنەوە، 

وڵاتان قەدەغەیان كردوە سەفەری دەرەوەی وڵاتان بكەن ، بەڵام سوید ئەڵێت ئاسایی بوو ئەگەر سەفەری دەرەوەش بكرایە،

سوید پرسیاری ئەوە ئەكات ئایا چی ئەگوزەرێت كاتێك دەرگای ماڵ لە  سەر ملیۆنەھا كەس  دابخەین ؟ چی بەسەر تەندروستی و  ئابوری و قوتابخانەدا دێت ؟ ئایا ئەمە چارەسەری یەكجارەكیە یان كاتی ؟ ئەگەر كاتیە بۆ ماوەی چەنێك كاتیە؟ 

سوید بەدونیای ڕاگەیاند كەوا ئەم وڵاتە   جیاوازە، 
جیاوازە چونكە پێچەوانەی وڵاتانی دیكە دوكان و قوتابخانەی منداڵان و ناوەندی و بازاڕەكانی دانەخست ، نەخۆشیەكەش تا ئێستا بە ھێواشی گەشە ئەكات، 

جیاوازە چونكە ئەزانێت زۆربەی خەڵك تووشی ئەم نەخۆشیە ئەبن و تێی ئەپەڕێنن و بەرگری پەیدا ئەكەن، خەمی سوید  پارێزگاریكردنە لە بەتەمەنەكان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن و خراپیان  ھەیە و  مەترسی مردنیان لەسەرە ،  

خەمی سوید ئەوەیە نەخۆشی كۆرۆنا بە خێرایی گەشە بكات و فریای ڕزگاركردنی ئەو  نەخۆشانەی نەبێت كە بە خەستی ئەم نەخۆشیە ئەگرن ، بەڵكو لای ئاساییە  ھێدی ھێدی ئەم نەخۆشیە بڵاو ببێتەوە ،

جیاوازە كاتێك نایەوێت بە ترس و دڵەڕاوكێ ھاوڵاتیان لە ماڵەكانی خۆیان زیندانی بكات و سیستەمی ئابوری و كۆمەڵایەتی  وڵات بشێوێنێت ، لەكۆتایشدا كۆرۆنا سەربكەوێت.

سوید  ئەیەوێت بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڵێت بە عەقڵ و ستراتیژیەت و پلانی جیاواز دەرگا لەسەر خۆمان داناخەین، تەسلیم نابین و  لە كۆتاییدا بەسەر  كۆرۆنا سەرئەكەوین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand