شەڕی بوون؛ موچە وەک نمونە
2020-04-27 13:45:57
فارس نەورۆڵی
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە بگەڕێینەوە سەر بنەڕەتی کێشەی کورد، ئەوەی کە تا ئێستا ڕۆشنبیرانی کورد قسەیان لەسەر نەکردووە ئەگەر کرابێتیش، لەئاستی پێویستدا نەبووە.
ئەویش ئەوەیە کە دەبێ بزانین پرسی کورد و کێشەی کورد بە تەنھا پرسێکی یاسایی و ئابوری و مۆراڵی و ھەتا سیاسی تەواویش نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا پرسێکی فەلسەفییە و پەیوەستە بەململانێی بوون و نەبوون، پەیوەستە بە بەریەککەوتنی دوو ئاگایی جیاواز، ئاگایی داگیرکەر و ئاگایی داگیرکراو، ھەموو شەڕەکانی دیکە لەھەموو کایەکاندا کە بەسەرماندا دەسەپێنن لەپێناوی بوون و نەبووندایە، لەپێناو کورد کێیە و چیان دەوێت؟
ئەمە پرسیارێکی فەلسەفییە لە بوونی کورد، گەڕانە بۆ دروستبونی نەتەوەیەک کە لە مێژودا لە ھەموو گەلانی ناوچەکە کۆنترە لەم سەرزەمینەدا. کەچی نەتەوەکانی دیکە سەرەڕای جیاوازی بیروڕا و ئایین و مەزھەب و زمان و ڕەگەز و فەلسەفەیان لەبەرامبەر بوونی کورد لەیەک ھێڵی فیکری و سیاسی و ئایینی و ئابوریدا یەکدەگرنەوە . ھەمیشە کاریان کردووە بۆ پەراوێزخستن و تێکشاکاندنی شوناس و کەلتوری کورد، ھەوڵدراوە بخرێتە دەرەوەی مێژوو. ئەم دید و جیھانبینییە دەگەڕێتەوە بۆ دوای کەوتنی ماددەکان، دواتر ھاتنی ئایین و ئیمپراتۆرییەتی جیاواز جیاواز بۆیە ڕێگا نەماوە تاقینەکرێتەوە بۆ سڕینەوەی کورد و یەکێک لەوڕێگایانەش شەڕی ئابورییە، چونکە ئابوری ھۆکارێکی کاریگەری گەشەی ھەر نەتەوەیەکە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تێزەکەی مارکس و ئەنگڵس، نمونەی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگایان داناوە لە پەرەسەندنی کۆمەڵگادا، بۆیە مەسعود محەمەد لەپرسی بوونی کورددا وەک بوون و نەبوونی دەوڵەت لە مێژوودا، بۆ (ئیستینزاف)ی ئابوری کوردستانی گەڕاندووەتەوە بۆ سەنتەرەکانی دەوروبەر، چونکە ئابوری کاریگەری لەسەرشوناس و بوون ھەیە، ھەربۆیە دوای ٢٠٠٣ کە عێراق پێناسەیەکی نوێ وەردەگرێت بەناوی عێراقی فیدراڵ، کورد ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە بۆیە ھەوڵی پێناسەی کوردبوونی دا لەو چوارچێوەیەدا، بەڵام لە ٢٠٠٨وە جارێکی دیکە کەڵکەڵەی شۆڤێنیەت و سڕینەوەی کورد لە فکری سیاسی سیاسیەکانی عێراقدا سەریھەڵدایەوە.
مالیکی بە مۆدێلک و عەبادی بە مۆدێلێک و لەلایەکی دیکەشەوە مۆدێلی داعش، کە تەواوکەری پرۆسەی سڕینەوەی کوردبوون دەستیپێکرد، لە ٢٠١٣دا شەڕی ئابورییان دەسپێکرد کە بڕینی موچە و بودجەی ھەرێم بوو. لەوکاتەوە بەغدا و ھەرێم پەیوەندییەکانیان لە تۆخبوون و کاڵبوونەوەدا سەروخواری کردووە، تا گەیشتە زەمەنی کۆرۆنا، جارێکی دیکە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیان ڕاگرت، بە بیانوی ئەوەی ھەرێم ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی نەداوە بە بەغدا، لەڕاستیدا ئەمە بیانوە و شەڕی وشککردنە ئەگینا بەپێی ڕێککەوتنی مانگی ١٢ی ٢٠١٩ ھاتووە: ھەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگای سۆمۆ بفرۆشێت و بەغدا لەبەرامبەر ئەمەدا مەبلەغی دیاریکراو کە لەڕێککەوتنەکەدا ھاتووە بداتە ھەرێم، بەڵام بەغدا لەم ڕێککەوتنە کشایەوە. ئەمە دەمانگەیەنێتە سەر ئەو خاڵەی کە ھەرچی بکەین لەگەڵ عێراق قبوڵی نییە، چونکە ئەوان ئامانجێکی دیکەی ئایدۆلۆژییان ھەیە و لە ڕێگای شەڕی ئابوری جێبەجێی دەکەن. ئەویش شەڕی پرسیارە فەلسەفییەکەیە بوونی کورد واتە سڕینەوەی قەوارەی کورد و گەڕانەوە بۆپێش ١٩٩١.
کەواتە ئێستا لە قۆناغێکی نوێداین لە دۆخێکی تازەی سیاسی و ئابوری داین، بۆیە پرسیارێک دێتەپێش وەک کورد ئێمە چیبکەین؟ من ھەمیشە فەلسەفەی خۆم بۆ ژیان و بۆ سیاسەت وابووە تا کراوەبین لەگەڵ یەک، تا گیانی پێکەوەیی و یەکترقبوڵکردنمان بەھێز بێت، ئەوا سەرکەوتن مسۆگەرە، بەپێچەوانەوە دۆڕان لەبەر دەرگایە.
ئەم دۆخەش ڕەھەندی ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ھەیە، کەواتە دەبێ کورد بە جیھانبینییەکی نوێوە کە لە ئاستی پێشھاتەکاندا بێت بۆ سیاسەت و فەرمانڕەوایی بخەینە سەر ڕێ. ئەویش بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەرسێ لایەنی بەشداربوی حکومەت و لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەکرێت، لەژێر چەتری سەرۆکایەتی ھەرێمدا بە ئامادەبوون و ڕاوێژی پەرلەمان و حکومەت و ئامادەبونی ھەموو حیزبەکان کۆببنەوە و نەخشەڕێگایەک داڕێژن بۆ ئامادەبوون بۆ ھەر پێشھاتێک کە جێپەنجەی ھەمولایەکی پێوە دیاربێت.
ھەنگاوی یەکەم لەوەوە دەسپێدەکات ھەر سێ لایەنە بەشداربووەکە شانبدەنە ژێر بەرپرسیارێتی نەک کێشەکە بۆیەک لا جێبھێڵن. دواتر کە گەمەکە کۆتاییھات ئەگەر براوەبوین ھەمووی خۆی بەخاوەنی بزانێت.
یاریچییە سەرەکیەکەش وەک ناونیشانی ڕۆمانەکەی ھێمنگوای براوە بە دەسبەتاڵی بێتەوە لەلایەکی دیکەوە ئەو پاشاگەردانییەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕاگرن و دەبێ دەرک بەوەش بکەن خەڵک ماندو و ناڕازییە و مافی خۆشیانە، چونکە پارادۆکسی حیزبەکان سایکۆلۆجیای خەڵکیان شێواندوە، چونکە ھەندێ سیاسی و پەرلەمانتار و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر بەداخەوە بە زمانێکی سۆفستایی و بیرکردنەوەیەکی پۆپۆلیستی ڕەفتاردەکەن. ئەمەش بووەتەھۆی دابڕانی بیرکردنەوەی حکومەت و خەڵک، کەواتە پێویستە ھەرسێ لایەنی پێکھێنەری حکومەت تێگەشتنێکی نوێیان بۆ سایکۆلۆجیای جەماوەر ھەبێت، چونکە بەو جەماوەرە دەتوانین ئەوشەڕانە بەرینەوە کە دێنەپێش. ئەمەش بەوە دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ داواکارییەکانی خەڵک و دادگەری کۆمەڵایەتی.
دواجار دەگەینە ئەو باوەڕەی ئەم شەڕە شەڕی بوون و نەبوونی کوردە لە ڕێگای موچە و ئابورییەوە، ئەمە بنەڕەت و ڕاستی مەسەلەکانە. بردنەوە و دۆڕاندن بەستراوە بە جۆری مامەڵەی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان و مێژووش دەرەنجام تۆمار دەکات.