Draw Media

پێشنیارێك بۆ كەمكردنەوەی  خەرجیەكانی حكومەت

 پێشنیارێك بۆ كەمكردنەوەی  خەرجیەكانی حكومەت

2020-04-25 14:23:17


ساڵح  ژاژڵەیی
هەرچەندە هەرێمی كوردستان زۆر لە مێژە ڕوبەڕوی  قەیرانی دارایی بوتەوە ، بەڵام  دوای  بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كرَونا  قەیرانەكەی گەیاندە لوتكەو لە ئیفلاسبون نزێك بۆتەوە . لە ماوەی 27 ساڵی حوكمڕانی كوردا هەلی زۆرباشمان بۆ ڕەخساو ئەگەر خاوەنی بەرنامەو پلان و ستراتێجی باش بوینایە ، ئێستا هەرێمی كوردستان  خاوەنی ژێرخانێكی ئابوری بەهێز دەبوو . 
سەرۆكی  پارتی دێموكراتی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی  كە خاوەنی دەسەڵات و  بڕیاری تەواوبوو ، نەیتوانی پێگەی هەرێمی كوردستان لە بواری ئابوریدا بەهێز بكات.  لە هەموو ئەمانەش خرابتر بڕیاری ڕیفراندۆمی داو نێوەی خاكی كوردستانمان لە دەستداو پێگەی كوردیشی لە بەغدا  لاواز كرد .
ئێستا كە ڤایرۆسی  كۆڕۆنا بڵاو بۆتەوە و بۆتە كێشەیەكی جێهانی و بەو هۆیەشەوە نرخی نەوت  بۆئاستێكی زۆر نزم دابەزیوە . زۆرینەی ئەو وڵاتانەی پشتیان بە داهاتی نەوت بەستوە ، توشی كێشەی دارایی بونەوە . كەواتە دەبێ هەموو ئەو وڵاتانە بیر لە سەرچاوەیەكی تری داهات بكەنەوە  بۆ ژیانی هاوڵاتیان . لە كاتێكدا  هەرێمی كوردستان توشی قەیرانی دارایی بۆتەوە ، نەك هیچ پاشەكەوتێكی نییە ، چەندەها ملیار دۆلار قەرزدارە . ژێرخانی ئابوری سفرە. لەگەڵ بەغدا نێوانی باش نییە .خۆناشكرێت  حكومەت دەستە وستان دانیشێت و خەڵك لە برسا بمرێت . ئێستاش ئەگەر حكومەت  بەڕاستی بێتە مەیدانەوە و دوور لە بەرژەوەندی  بنەماڵەیی و حیزبی و شەخشی بەرنامە دانێت ، دەتوانێت داهاتێكی باش بەدەست بهێنێت .  ئێستاش زۆر درەنگ نییە  ئەگەر بە خۆیاندا  بچنەوە . بۆ كەم كردنەی قەیرانی دارایی هەرێم چەندپێشنیارێكم هەیە :
            پێشنیاری یەكەم :  بچوككردنەوەی حكومەت 
هەرێمی كوردستان  خاوەنی حكومەتێكی گەورەی  زیاد لە قەبارەی خۆیەتی  .ئەم هەرێمە دەتوانرێت بە كەمتر لە 10 وەزارەت بەڕێوە ببرێت .   زۆر وەزارەت  هەن وەكو : ڕوشنبیری ، ئەوقاف ، كاروباری كۆمەڵایەتی و هی تریش هەر لاببرێن و بە بەڕیوەبەرایەتییەك  بەڕێوە دەبرێن . دەتوانرێت  دوو وەزارەت لە یەك وەزارەتدا كۆبكەنەوە .
ئەم وەزارەتانە حەشاماتێكی  زۆر فەرمانبەری تێدا كۆكراوەتەوە و زوربەشی هەر لە بنەڕەتەوە پێویست نەبوەو بۆ ڕازیكردنی ئەم حیزب و ئەم و دانراون و بونە بارێكی قورس بەسەر  بودجەی  حكومەتەوە . دیارە  لە پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و بارەگای بارزانیش هەمان  دیاردە هەیە . بەسەدان كەس ڕاوێژ كارەو بۆ یەك جاریش ڕاوێژی پێ نەكراوە .
ئەو هەموو وەزیر و جێگر وەزیر و بەڕێوەببەری گشتی و  ڕاوێژكار و زۆرپۆستی تری داتاشراو بە ملیار دینار  خەرجیان هەیە بۆ كڕێی خان و . تەئسیسی ناوماڵ . كڕینی  سەیارە  خەرجی سەیارەو  دابین كردنی پاسەوان و گرتنی خانو بۆیان . نەسریەی زۆر . ئەگەر لە 20 ساڵی ڕابوردوەوە  پارەی  ئەم فەرمانبەرە  زیادانە بۆ سیكتەری كشتوكاڵ خەرج بكرایە ، ئێستا  لە زۆر بواردا  پێویستمان بە بەرهەمی وڵاتان نەدەبوو . 
كەواتە ئەگەر حكومەت لێرەوە هەنگاو بنێت و  دەست بكات بە بچوك كردنەوەی حكومەت و كەمكردنەوەی ژمارەی فەرمانبەر و بەرپرسی نا پێویست لە هەموو دامەزراوەكانی حكومەتدا پارەیەكی زۆرپاشەكەوت دەكات. دەتوانێت ژمارەیەكی زۆر سەیارە وەرگرێتەوەو بیانفرۆشێـت جگە لەوەی پارەیەكی باشی دەست دەكەوێت ، لە خەرجی سەیارەكانیش ڕزگاری دەبێت . 
         پێنیاری دوەم :  پلان دانان بۆ جێبەجێكردنی ئەمانەی خوارەوە 
1-  كاتی خۆی   بایۆمەتری كرا بەو هیوایەی هەموو ئەوانە بدۆزنەوە كە موچەی ناشەرعی وەردەگرن . بەڵام ئەنجامەكەی ئاشكرا نەكرا  . چونكە دەركەوت هەموو ئەوانەی موچەی ناشەرعی یان دوو موچە وەردەگرن ئەندامی حیزبەكان خۆیانن . ئێستا دەتوانن جارێكتر پێدا چونەوە بكەن و هەمو ئەوانەی بە ناشەرعی موچە وەردەرگرن یان بە نایاسایی خانە نشسین كراون  ، چیتر موچەیان نەدەنی و بڕیاری سزادانیش دەركەن بۆ ئەوانەی بە نایاسایی پارەیان وەرگرتوە .
2-  پڕۆسەی چاكسازی كە سەرۆكی حكومەت  لە سەرەتاوە بڕیاری دا بە تایبەتی بۆ كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان و  ئەندام پەڕلەمان و چۆنیەتی خانە نشینیان ، بە زویی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە . لە بەغدا ئەندام پەڕلەمان تا تەمەنی نەبێت 50 ساڵ خانە نشین ناكرێت . بۆچی لێرەش بەو شێوەیە نەبێت .خۆ باری دارایی ئێمە لە هی ئەوان باشترنییە .
خەڵك هەیە خۆی هیچ نەبوە بە بڕیاری بەرپرسێك  بەدەر لە ڕینمایەكان  خانە نشین كراوە بە 3 ملیۆن دینار . ئەوە نابێت  شمولی موچە كەمكردنەوە بكات ، بەڵكو لە بنە ڕەتەوە هەڵوەشێرێتەوە چونكە نایاسیە. 
3- تا ئێستا  دیار نییە  داهاتی گومرگەكان چەندە . دەیان كۆمپانیای وەهمی  لەو مەرزانە پارەوەردەگرن بۆخۆیان . باشە بۆچی ئەمە بۆ حكومەت نەبێ و حیزب و بەرپرسانی حیزب پارە وەرگرن بۆ خۆیان  . حیزبەكان خۆیان خەرێكی كاری قاچاخن و پارەی گومرگیش نادەن  . ئەگەر سەرۆكی حكومەت دەیەوێت پارە پاشەكەوت بكات ، با وەزیری دارایی  ڕاسپێرێت كە ڕاستەو خۆ ئیدارەی هەموو گومرگەكان  بكات و  و ستافی تازەیان بۆ دانێت و  دەستی پارتی و یەكێتی لەو گومرگانە دوور بخاتەوە . سەدان نمونەمان هەیە كە بەشێكی ئەو پارەیە ئەو دوو حیزبە بۆخۆیانی دەبەن . با سەرۆكی حكومەت  وەزیری دارایی ڕاسپێرێت  كە بە پێی یاسا  باج لە كۆمپانیا گەورەكان وەرگرێت كە هەمویان موڵكی پارتی و یەكێتین . چاكسازی لێرەدا دەكرێت  ئەگەر بتانەوێت . هەوڵ بدرێت  باج بە شێوەیەكی عادیلانە لە هەموو كەسێك وەرگیرێت و كەس نەبەخشن لە پێدانی باج. زۆر وڵات نێوەی داهاتیان هەر باجە .
4- ئەو پارەیە وەرگرنەوە كە بەقەرز دراوە بە كۆمپانیاكان . 
6- ئەرزێكی زۆر بەناوی وەبەر هێنانەوە دەدرێتە ئەم و ئەو یان بەرپرسانی حیزب داگیری دەكەن و نمونەمان زۆرە . باشتر وایە ئەو ئەرزانە بفرۆشرێن  بۆ خەرجی حكومەت نەك  خەڵكیان پی َدەوڵەمەند بكەن .

 7- زیاتر لە 6 هەزار كەس لە ئاوارەی سوری بەناوی هێزی ڕۆژەوە  كراونە پێشمەرگە . ئەوانە بۆ دژایەتی  شۆڕگێرەكانی سوریا دروستكران چونكە نەهاتنە ژێر هەژمونی پارتییەوە . تا ئێستا بڕی 300 ملیار دیناریان بۆ خەرج كراوە . خەرجی مانگانەیان  نزیكەی سێ ملیار و نێوە و موچەیان  لە 500 هەزارەوە ددەست پێ دەكات .
دەڵی: ماڵ لە خۆیا نەبوو مێواننیش ڕوی تێدەكرد . ئێستا موچە بۆ كارمەندانی تەندروستی نییە .زیاتر لە 200 هەزار دەچوی  زانكۆو پەیمانگامان هەیەو دانەمەزراوان . چ ویژدانێكە  مانگانە ئەو بڕپارە زۆروە بدرێت  بەم هێزە  كە پێویستمان پێیان نییە . حەق وایە موچەكانیان ببرَن و  با بچنەوە ئۆردوگا ، یان بچنەوە سوریا خۆ لەویش خەبات هەیە . 
7- گومانێكی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی كە زۆری ئەو نەوتەی فرۆشراوە پارەكەی نەگەڕاوەتەوە. واتە دزراوە . ئەگەر پارەی نەوتی فرۆشراو بگەڕایەتەوە ، ئێستا قەرزدار نەدوەبوین و پارەشمان پاشەكەوت دەبوو . ئەوەتا یەك ملیاری  لە لوبنان ئاشكرا بوەو بەرپرسانیش  ناچنە ژێری . بەڕاستی كاتی ئەوەیە ئەو پارانە بگەڕێننەوە و موچەی هاوڵاتیانی پێ بدەن . ئەگەر بڵێن ئەمە بوختانەو شتی وانییە ، چۆن بڕوا بكەم . هەتا ئەو كاتەی دۆسیەی نەوت وەكو ئێستا شاراوەبێت. هەتا گومرگەكان لە ژێردەسەڵاتی حیزبدابن ، هەموو تاكێكی ئەم گەلە بۆی هەیە گەورەترین بەرپرسی ئەم وڵاتە بەدزبزانێت . ئەگەر ڕاست دەكەن و دزنین ، بڵێن، فەرمون ئەوە حساب و ئەوە كیتاب. ئەگەر بڕواشمان پی َناكەن  وەرن خۆتان سەرپەرشتی بكەن . 
چەندین ساڵە هاوار  دەكرێت و گوێتان بۆ كەس نەگرت تا ئەم میللەتەتان ئاوا توشی قەیران كرد. ئەگەر دەتانەوێت هاوڵاتیان  باری قورسی ئەم قەیرانە لەگەڵ ئێوە هەڵگرن  و بە قسەكانتان بڕوا بكەن ، دەبێ ئەو پێشنیارانەی من لەبەر چاو بگرن ، چونكە خەڵك  ئاگاداری هەموو شتێكەو چیتر بەدرۆی زل فریوناخۆن .

 من خۆم بێم لە گومرگی ئیبڕاهیم خەلیل پارە بدەم و وەسڵم نەدەنی چۆن بڕوات پی َدەكەم بڵێی پارە نییە ؟ بە چاوی خۆم ببینم  لە مەرزی باشماخ قاچاخچییەتی  هێلكەی بەسەرچو بكەیت و پارەی گومرگیش نەدەیت و خەڵكیش نەخۆش بخەیت  و دەتەوێ‌ بڕواشت پێ بكەم  بڵێی پارەی موچەمان  نییە ؟ 
ئەوە بزانن بەغدا فرسەتی بۆ هەڵكەوتوە . تۆڵەی خۆیان دەكەنەوە كە دەتان گوت ئابوری خۆمان سەربەخۆ دەكەین و نەوتی خۆمان بۆ خۆمان دەفرۆشین . ئێستا كە دەچن بۆ بەغدا ، ئەوەی پار ئامادەبون بماندەنێ‌ ئەمساڵ ناماندەنی .  وەكو فەلەستینیەكانتان لێكردین . ئەوەی  ئیسڕائیل ئەمساڵ ئامادەیە بیدا بە فەلەستینیەكان ، ساڵێكی ترپێیان نادات .
هیوادارم  باش بیری لێبكەنەوەو هەتا زوە دەست بكەن بە چاكسازی لەو بوارانەدا  كە ئاماژەم بۆ كردوە . دڵنیابن  بەغدا وا بە ئاسانی نایەت ژێرباری  پێدانی  بودجەوە . جگە لەوەی خۆشی توشی قەیران بوە ، دەیەوێت  هەرێمیش بچوك بكاتەوەو بیخاتە قاوغەكەی خۆیەوە . هەموشمان ئەوە دەزانین بەبێ بەغدا موچەتان پێ نادرێ‌ . كەواتە  دوو  ڕێگاتان لەبەردەمدایە : یەكەم : هەنگاونان بۆ چاكسازی خێرا . هێنانەوەی  پارە ی نەوت  بۆ دەربازبون لەم قەیڕانە . دووەم: یان گەڕانەوەیە بۆ بەغداو ڕازی بون بە هەموو داواكانیان  تا ئاستی تەسلیم بونی تەواو . دڵنیایین  خاڵی بەكەم جێ‌ بە جێ ناكەن . كەواتە بۆ مانەوەی خۆتان  بۆ خاڵی دووەم دەڵێن بەسەر چاو موافیق .  هیوادارم من هەڵەبم و وادەرنەچێ‌ .  
22/4،2020 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand