جارێکی دیکە پەرلەمانی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران
2020-06-28 12:20:23
عەبدولقادر ساڵح
وەک پێشتر چەند جارێک ئاماژەمان پێداوە، پەرلەمانى کوردستان لە بابەتى مووچەى فەرمانبەران ، ئەگەر نەڵێین بە تەواوى غایب بووە، ئەوا دەتوانین بڵێی ئەم بابەتەى بەرێژەى (95%) پشتگوێ خستووە، بەڵام دواجار لە یاساى چاکسازى ژمارە (2)ى ساڵى 2020 پەرلەمانى کوردستان، دەستى بردووە، بۆ ئەم بابەتە و فەرمانى کردووە بە دەسەلاتى جێبەجێکردن تا هەستێ بە رێکخستنەوەى دەرماڵەى فەرمانبەران، هەروەک لە ماددەى (5)ى یاساکەدا دەقى لەسەرهێناوە ، بێگومان ئەم هەنگاوەى دەسەلاتى یاسادانانى هەرێم، هەنگاوێکى بێ پێشینەیە و بە هیچ شێوەیەکى دەسەلاتى لەو جۆرە نەدراوە بە دەسەلاتى جێبەجێکردن بۆ تەحەکوم کردن بە بابەتى دەرماڵەوە ، لە خوارەوە لە چەند خاڵێیدا ، سەرنجى خۆمان تۆمار دەکەین:
یەکەم: دەقەکە بە شێوەى وجوبى هاتووە: (على مجلس الوزراء) (پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران) ، لەسەر ئەم بنەمایەش بۆمان دەردەکەوێت کە ئەنجومەنى وەزیران دەبێت پابەندى ئەم دەقە بێت و هەستێ بە رێکخستنەوەى دەرماڵەکان و هیچ دەسەڵاتێکى نیە تا دەست بۆ ئەم بابەتە نەبات، بێ ئەوەى دەقى یاسادانەر لە نێو مادەکانى یاساکە رێسایەکى یاسایى (القاعدة القانونیة) هێنابێت بۆ ئەم رێکخستنى ئەم بابەتە.
دووەم: دەستەواژەى دەرماڵەکان بە شێوەى رەها هاتووە، بەو مانایەى دەسەلات دراوە بە ئەنجومەنى وەزیران بۆ رێکخستنەوەى دەرمالەکان، ئیتر دەرمالە جێگیرەکان بێت یان ناجێگیرەکان، ئەمەش لەسەر بنەماى (المطلق یجرى على اطلاقه، مالم يقم دليل التقييد نصا أو دلالة).
سێهەم: دەستەواژەى رێکخستنەوە، دەستەواژەیەکى (مطاطى) یە و بەبرواى ئێمە کەمکردن و زیادکردن لە خۆى دەگرێت ، رەنگە هەندێک لە دەرماڵەکان کەم بکرێتەوە لەبەر رۆشنایى بارودۆخى دارایى هەرێم.
چوارەم: یاسادانەر لەم ماددەیەدا دەسەڵاتێکى یاسایى داوە بە ئەنجومەنى وەزیران، لەسەر ئەم بنەمایەش، ئەنجومەنى وەزیران بریار بدات بە هەر جۆرە رێکخستنێک بۆ دەرماڵەکان، ئەوا بریارەکەى لەرووى تایەتمەندییەوە(اختصاص)دروستە و کێشەى قانونى نیە.
پێنجەم: ئەوەى سەیرە لە دەقى ماددەکەدا، دەستەواژەى (یاسا بەرکارەکان ـ القوانین النافذة) هاتووە ، کە دیار نیە مەبەستى پەرلەمان لە یاسابەرکارەکان کام یاسایانەن، چونکە ئەگەر مەبەستى یاساى مووچەى فەرمانبەرانى ژمارە (22)ى ساڵى2008، ئەوا ئەم یاسایە بە پێچەوانەى بڕیارى ژمارە (11)ى ساڵى 1992ى خودى پەرلەمانەوە بەرکار کراوە و پەرلەمان ئاگادارى نەبووە، خۆ ئەگەر مەبەستى یاساى راژە و ماددەى (3)ى یاساکە بێت تایبەت بە مووچەى فەرمانبەران ، ئەوا لە هەرێم ماوەى (12) ساڵە کار بەو ماددە و یاسایە ناکرێت، لەبەر ئەوە هێنانى دەستەواژەى یاسا بەرکارەکان، لەکەیەکى(عیب) گەورەیە بۆ دەسەلاتى یاسادانان، کە یاسایەک بەبەرکار بزانێت لەکاتێکد خۆى بەرکارى نەکردبێت و بە پێچەوانەى یاساوە بەرکار کرابێت.
لەسەر بنەماى ئەوەى لاى سەرەوە ، سەرەراى بێدەنگى و پشتگوێخستنى پەرلەمان لە ماوەى (28) ساڵى رابردووى کارکردنیدا، کەچى بەم دەقە دێتە ناو بابەتى مووچە و وەزیفەى گشتى ، کە بە داخەوە دەقێکى بێ پێشینەیە و پێدانى دەسەڵاتێکى رەهایە بە ئەنجومەنى وەزیران بۆ دەستبردن بۆ بابەتى دەرماڵەى فەرمانبەران.