قەوارەی هەرێم وقەوانی کوردایەتی
2020-06-28 11:13:08
د. ئیسماعیل نامیق
دەبێت جیاوازی بکەین، لەنێوان قەوارەی هەرێم وەکو خاک وسنور، قەوارەی هەرێم وەکو دەسەڵات ودەزگاکانی بەڕێوەبردن. قەوارەی هەرێم وەکو سنور، هیچ کەس دژی نیە وکەسیش ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، تەنانەت حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، لەبەهێزترین دۆخیشیاندا ئامادە بوون لەژێر ناونیشانی خۆبەڕێوەبەریی دان بەم قەوارەیەدا بنێن، بۆیە کەس جورئەتی ئەوە ناکات دژی قەوارەی خاکی هەرێم بێت. بەڵام قەوارەی هەرێم وەکو ئەو دەزگا فشەڵانەی کەیەکێتی وپارتی لەپەنایدا خەریکی دزیی وراوو روتن، خەریکی ستەمکردن وشکاندنی کەرامەتی تاکی کورد وبەکۆیلەکردنن، نەک هەر جورئەت ئەکەین داوای هەڵوەشاندنەوەی بکەین، بەڵکو دەبینین لەواقعدا ئەم قەوارەیە بەرەو هەڵوەشاندنەوە هەنگاو دەنێت، سەرەتای هەڵوەشاندنەوەکەشی بەئەنجامدانی ریفراندۆم وئەو هەموو شکست وسازشە گەورەیەی دوای ریفراندۆم دەستی پێکرد، پاڕانەوەی قەوارەوانانی ئەم قەوارەیە لەبەغداد بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی قەوارەکە بدات، هەروەها کەمپینی فەرمانبەرانی قەوارەکە بۆ گواستنەوەی مووچەکانیان بۆ سەر بەغداد، ئەگەر شکست وهەڵوەشاندنەوەی ئەم قەوارەیە نەبێت چی دەگەیەنێت؟ قەوارەوانان دەبێت باش لەوە تێ بگەن، سروشتی مرۆڤــ وایە کاتێک شتێک ئازاری ئەدات وزیانی پێ ئەگەیەنێت، بەجۆرێک ئیتر ناتوانێت لەگەڵ ئەو ئازارەدا هەڵ بکات ئەگەر چاوی خۆشی بێ ناچار ئەبێ دەری بهێنێ! ناکرێ هەرکەس ووتی برسیمە ئێوە بڵێن ئەم قەوارەیە بەقوربانیدان وخەباتی چەندین ساڵ دروست کراوە، بۆیە نابێ هاوار بکەی، ئاخر کەی خەبات وقوربانیدان دەکاتە ئەوەی تا هەتایە بەشتی خراپ رازی بین ولەئاستیدا بێدەنگ بین؟ مرۆڤـ چەند ماندوو بێت بەدروستکردنی شتێکەوە، کەزانی ئەم شتە بێفەڕە حیکمەت وای لێدەخوازێت تێکی بداتەوە، زۆرجار دایک وباوک دوای چاوەڕوانی وهیواو نزا رەنجی زۆر گەورە ئەدەن بۆ ئەوەی منداڵێکیان بۆ دروست ببێ وشەونخونی وماندووبونی زۆر دەکێشن تا گەورە دەبێ، بەڵام کەدەبینن منداڵەکە بێ کەڵکەو جگە لەزیان هیچی دیکەیان وبۆ ناهێنی، زۆرجار دەستبەرداری دەبن، ئایا پەیوەندی منداڵ لەگەڵ دایک وباوکی بەراورد بەپەیوەندی گەل لەگەڵ حکومەتەکەی کامیان پیرۆزتر وبەهێزترە؟ ئێوە ئەزانن یەکێتی سۆڤیەت رکابەری ئەمریکا بوو، بەڵام کەدەسەڵاتدارەکانی وەکو ئێوە دەستیان دایە گەندەڵی و خەڵکەکەی برسی کەوت، گوێیان نەدا بەگەورەیی وڵاتەکەیان ورکابەرێتی ئەمریکا، داوای روخاندنیان کرد؟
خەڵک باش لەوە تێ گەیشتووە ئێوە لەپاڵ قەوارە وئابووری سەربەخۆ خەریکی چەتەگەرێتی وراو وروتن، رەوا نیە هەرکەس بڵێ ئەمە هەڵەیە، ئێوە تەخوینی کەن. ئاخر ناکرێ چل ساڵ بەگوتاری کوردایەتی وقەومی فێڵ لەخەڵک بکەن وتا قیامەتیش بەبیانووی پاراستنی قەوارەی هەرێم بمانچەوسێننەوە!! ناکرێ ئێوە وەکو جاش وموستەشارەکانی سەردەمی بەعس مانگانە بچن لەبەغداد مووچەی قەبەی خۆتان وەربگرن، خەڵکیش کەلەژێر فشاری ئازار وبێدەرەتانیی خێزان ومنداڵدا دەڵێن گیرفانمان بەتاڵە، ئێوە پێیان بڵێن خیانەتکار ودژە کوردن ودەبێـت شاربەدەر بکرێن، تو ئەو قەوارە وکوردایەتیەی کەباوەڕتان پێی نیە ئەمە رەوایە؟ دڵنیابن قەوارەی هەرێم بەداواو هاواری خەڵکی برسی هەڵناوەشێتەوە، بەڵکو بەهەراو کارەخراپەکانی خەڵکی دزو گەندەڵ نوغرۆ دەبێت.
ئێستا میللەت داوا ئەکات، لەجیاتی ئەوەی ئەم قەوارەیە بەشێکی دیلی دەستی تورکیا وبەشەکەی دیکەی دیلی دەستی ئێران بێت، لەچوارچێوەی دەوڵەتی فیداڵی عێراقدا، وەکو هەرێمێکی فیدراڵی هەڵسوکەوت بکات، بەپێی دەستور پابەند بێت بەماف وئەرکەکانیەوە، ئەمەش باشترین بژاردەیە، چونکە نەتورکیا وئێران لەعێراق شەریفترن، نەدیلی دەستی ئەوان باشترە لەژیان لەگەڵ بەغدادا. بۆیە هیچ پێویست ناکات تەپوتۆز لەسەر داواکارییەکان دروست بکرێت، وبەقەوانی کوردایەتی وپاراستنی قەوارەی هەرێم فیڵ لەخەڵک بکرێت. چونکە بەکورتی وبەکوردی، چارەنووسی ئەم قەوارەیە بەندە بە هەڵسوکەوتی ئێوەوە، ئەگەر خۆتان چاک بکەن وهەڵسوکەوتتان باش بێت وخەریکی دزی وراو وروت نەبن، دڵنیا بن قەوارەکە بەهێز دەبێت، ئەگەر ئێوەش نەتانەوێت، بەڵام ئەگەر هەر لەسەر ئەم ئەتوارانەی ئێستاتان بەردەوام بن، بێگومان بن لەوەی دەزگا فشەڵەکانی ئەم قەوارەیە دەکەون، جا بتانەوێ یان نەتانەوێ.
کەواتە رازینەبوون بەسیستمی حوکمڕانی هەرێم، یەکسان نیە بەدەستبەرداربوون لەخاک ومێژوو ونەتەوە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی حوکمڕانی، هەڵوەشاندنەوەی خاک ونەتەوە ناگەیەنێت، قەوارەی حوکمڕانی لەئێستادا موڵکی یەکێتی وپارتیە، بەڵام قەوارەی خاک ونەتەوە موڵکی کەس نیە وکەسیش مافی ئەوەی نیە خۆی بکات بەخاوەنی، ئەگەر قەوارەی حوکمڕانی خراپ وبێ کەڵک بوو، هەڵوەشاندنەوەو دروستکردنەوەی ئەرکە، بەڵام قەوارەی خاک ونەتەوە، نەخراپ دەبێت ونەقابیلی هەڵوەشاندنەوەشە.