چی بکرێ بەرامبەر چۆڵکردنی نەخۆشخانە گشتیەکان؟
2020-07-02 23:40:56
ئاسۆ كەمال
سامان بهرزنجی، وهزیری تهندروستی لهكۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگهیاند، "رێژەی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لهههرێم گەیشتۆتە 3.7%، کە ئەوەش رێژەیەکی زۆر بەرزە، ئێستا (67٪)ی کۆی توشبوانو حاڵەتەکانی مردن بەکۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانییە". *
کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە هەرێم ٥٠٠٠ تێپەڕاندوە و لە نیویاندا ٢٠٠ دکتۆر و کارمەندی تەندروستی تێدایە، ژمارەی مردووەکان ١٦٠ کەسە.*
ئا لەم کاتە مەترسیدارەدا بزانن ئەم حکومەتی هەرێمە چۆن فریای خەڵکی بێ موچە و هەژاری کوردستان دەکەوێ؟
حەسەن مارف ، کارمەندی تەندروستی فریاکەوتن دەڵێ " کەم دەرامەت کەرتی گشتی تەندروستی لەبەر هەڵوەشاندنەوە و خاپور کرداندایە بەویست وئارەزوی ئەم دەسەڵاتە بێ باکە و خاوەن کومپانیاکانی دەرمانی قاچاخ و نەخۆشخانە تایبەتەکان زۆر بێ باک و خەم ساردن و لێرە بۆ سێ مانگە چێت زۆرینە نەخۆشخانە کان چۆڵکراون یان بەشێکی کەمی لەکاردان ، پزیشک وکارمەندان وا پشت گوێ خراون. تکایە فریاکەون."*
د.پشدەر عبداللە اسماعیل ، بەڕیوەبەری نەخۆشخانەی مناڵانی فێرکاری سلێمانی دەڵێ" دەست لە کاردەکێشمەوە چونکە لەبەرامبەر بێ باکی حکومەت لە دابینکردنی موچە و بێ باکی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لەبەرامبەر چۆلکردنی خەستەخانە...کەرتی گشتی پشت گوێ خراوە و خراوەتە خزمەت کەرتی تایبەت".*4
ئەم بەڵگانە نیشانی دەدەن کە حکومەتی هەرێم خەڵکی هەژاری کوردستانی خستۆتە بەردەم هەڕەشەی مەرگی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە و تەنیا کەسانێک لە کوردستان دەتوانن خۆیان بپارێزن کە پارەدارن و دەتوانن چارەسەر وەرگرن لە نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەتە بکڕن.
چۆڵکردنی نەخۆشخانە گشتیەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، لەم کاتی پەتای کۆرۆنایەدا ئەمە چی دەگەیەنێ؟
لەم کاتی پەتای کۆرۆنایەدا یەکێتی و پارتی خەریکی قوربانی کردنی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستانن لە پێناو تاقیکردنەوەی پلانی تایبەتی کردنی کەرتی تەندروستی. نەدانی موچەی کارمەندانی تەندروستی نیشانی دەدا کە ئەم حکومەتی هەرێمە دەیەوێ ئەم کەرتە چۆڵ بکا و خەڵک ناچاربن ڕوو لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان بکەن و دەرمان و چارەسەر ببێتە مەیدانێک بۆ کەڵەکەی سەرمایەی کۆمپانیاکانی ئەم حزبانە.
هەربۆیە ئەم سیاسەتی چۆڵکردنەی نەخۆشخانە گشتیەکان لای بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەسەڵاتدارەوە تاوانێکی جەنگی دژی کۆرۆنایە، کە گیانی هەزارەها ئینسانی هەژار دەخاتە مەترسیەوە.
لە کاتێکدا کەرتی تەندروستی تەنیا لە ٦،٥٪ موچەخۆران پێک دێنێ* کە بەپێی ژمارەی گشتی موچەخۆران ژمارەیان ٢٧٩٦٥ موچەخۆری تەندروستیە. لە داهاتی ساڵانەی هەرێم کە تەنیا ڕەسمیەکەی بڕی ١٠ ملیار دۆلار دەبێ زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ موچەی ئەم کارمەنادانە بدرێ، کەواتە پارتی و یەکێتی بە ئەنقەست و بێ گوێدانە حەساسیەتی ئەم دۆخەی کە دڵی هەموو کۆمەڵگە لە دەستی کەرتی تەندروستیدایە دەیانەوێ نەدانی موچە ببێتە هۆکارێک بۆ چۆڵکردنی کەرتی حکومی تەندروستی. ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە لە ٢٠٠٥ ەوە پۆل بریمەر فێری بورژوازی کورد و عەرەبی عێراقی کردوە کە چۆن دەسەڵاتی میلیشیاییان پشت ئەستوور بکەن بە کۆمپانیا بازرگانی و وەبەرهێنانەکانیان و هەرچی داهاتی کەرتی حکومیە بکەنە موڵکی ئەم کۆمپانیا تایبەتیانەیان.
مەسرور بارزانی لەم کاتەدا ڕایدەگەیەنێ کە "خەرجکردنی قۆناغێکی دیکەی بودجەی تایبەت بە خەرجییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بڕی پێنج ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی."*
ئەم سەرۆکە چاکسازە قۆناغی یەکەمی پەتای کۆرۆنای بە پیتاک کۆکردنەوە بە ڕێکرد لە کاتێکدا جیهان بە ترلیۆنەها دۆلاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتاکە بەناچاری سەرفکرد تاکو بەر بە مەرگی خەڵک بگرن. ئێستاش کە پەتاکە فراوانتر بڵاوە و هەڕەشەیەکی جدی ترە. دانانی ٤ئەم ملێۆن دۆلارە گاڵتەکردنێکی ترە بە ژیان و مەترسیەکانی خەڵکی کوردستان لە کاتێکدا دەزانرێ کە چ وێرانەیەکە سیستمی تەندروستی کوردستان و چۆن بەم بڕە پارەیەی ناتوانرێ هیچ کام لەو پێداویستیانە دابین بکا کە بۆ ڕوبوڕوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و بڵاوبونەوەی پەتاکە پێویستە، وەک ڤانتلەیشن و نەخۆشخانە و دەرمان و پشتیوانی بواری فریاکەوتنی کتوپڕ، دۆزینەوەی کەیس و پێوەری تەندروستی گشتی، چارەسەری نەخۆش، تاقیکردنەوەی تاقیگەکان، کۆنترۆڵی بڵاوبونەوە و پەرژانە سەر هەموو کۆمەڵگە. ئەم بێدەربەستیەی حکومەتی هەرێم لە دانانی بودجەی پێویست بۆ ڕوبەڕوبونەوەی شەپۆلی دووەمی پەتای کۆرۆنا درێژەی ئەو سیاسەتەیە کە ئەم حزبانە دەیانەوێ لە کاتی کۆرۆناشدا کەڵەکەی سەرمایەکانیان پەکی نەکەوێ و هیچ لەو سەرمایەیەی بۆ ١٥ ساڵە لە نەوت کۆی دەکەنەوە لە ئێستادا سەرفی پێداویستی تەندروستی خەڵکی نەکەن. هەربۆیە هاواری ٢٧ ملیار قەرزداری دەکەن لە کاتێکدا هەموو دەزانین کە ئەم قەرزانە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەو دەیان ملیارەی داهاتە لەلای ئەو ملیاردێر و ملیۆنێرانەی کوردستان، ئەگینا قەرزداری مانایەکی تری نیە لە کاتێکدا، بە فەرمی و لە زمانی خۆیانەوە، ساڵانە لانی کەم داهاتی کوردستان لەم ١٥ ساڵەدا ١٠ ملیار دۆلار بوو بێت. بێگومان داهاتی کوردستان دوو بەرانبەری ئەم ئامارە ڕەسمیەیە.
دەبێ چی بکرێ؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێ وەک خەلکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان ئەمڕۆ بیکەین و ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزینەوە.
ئەم حکومەتە و کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی دەیانەوێ ئەوەی بەناو و موڵکی حکومەتە بیکەنە موڵک و داهاتی خۆیان و لەم ڕێگەیەوە لەکاتی قەیرانی ئێستای کۆرۆنادا دەیانەوێ کەرتی تایبەتی خۆیان بکەنە ئەمری واقیع و سوود لە نەخۆشی و ترسی خەڵک لە مەرگیش وەرگرن.
پاراستنی ئەم نەخۆشخانە و داهات و کەرتە حکومیانە ئەمڕۆ لە ڕێگای دەست بەسەراگرتن و بەڕێوەبردنیەوە دەبێ لەلایەن کارمەندانی تەندروستی خۆیانەوە و فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچە و پێداویستیەکانی کەرتی تەندروستی. نمونەی نەخۆشخانەی هیوا بۆ شیرپەنجە نمونەیەک لەو کارە هەروەزیانەیە کە دکتۆر و کارمەندانی تەندروستی ئەو نەخۆشخانەیە نیشانیان داوە. ئەم دۆخە ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە کاتێکدا دەسەڵات خەریکی تاڵانکردنی کۆمەڵگەیە ئەوا پێویستە ،جگە لەوەی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین فشاریان بۆ بهێنین ، خەڵکی خۆی دەست بەرێ بۆ ئیدارە و دابینکردنی پێویستیەکانی. با لە ڕێگەی ئەنجومەن و شورای دکتۆر و کارمەندانی نەخۆشخانەکانەوە پەیوەندی بکەین بە WHO و ڕیکخراوە جیهانیەکانەوە کە بڵێین ئەوا حکومەتی هەرێم نەخۆشخانە گشتیەکانی چۆڵ کردوە و ئێمە دەمانەوێ ئەم سەنگەرانەی تەندروستی ملیۆنەها ئینسان لە کوردستان بپارێزین و هەروەک لە ١٩ نیسانی ٢٠٢٠ بە بڕی (US$ 426 732) * کۆمەکتان کردین وەرن ئێستاش فریامان کەون تا خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستان لە کارەساتێکی مرۆیی ڕزگاربکەین. پێویستە ئێمە خۆمان نیشانی بدەین کە ئەم حکومەتەی حزبە بورژوازیەکان نەک زیادەن و سەربارن بەڵکو مافی ئەوەیان نیە بە ناوی حکومەت کردنیشەوە داهاتی کۆمەڵگە داگیربکەن.
١٠ ساڵە وەک خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستان دەزانین کە ئەم حکومەتە دەبێ بڕوخێ، بەڵام وەک ئەم خەڵکە بەدیلی ئەم دەسەڵاتەمان دروست نەکردوە. هەربۆیە زۆربەی کات حزبێکی کۆنە دز و کۆنە ئۆپۆزسیۆن دێنە پێشەوە و دەیانەوێ خەڵک فریوبدەنەوە کە ئەوانن بەدیلی ڕزگاری بەخشی ئەم خەڵکە ناڕازیە. ئەم سیناریۆیە پێویستە بگۆڕین. ئەم هێزە سیاسی و جەماوەریە ناڕازیەی خەلکی هەژار و کەم دەرامەت دەبێ خۆمان خەستەخانە و کارگە و فەرمانگە و داهاتەکان کۆنترۆڵ بکەین و بەڕیوەی بەرین. یا خود نمونەکانی کاری هەرەوەزی لە شاری خانەقین و هاوکاری لە گەرەکی حوریەی کەرکوک و هاودەمی خەڵک لەگەڵ یەکتر شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەبێت جێگەی ئەو سیستمە نیولیبرالیە میلیشیاییە بگرێتەوە کە یەکێتی و پارتی بگرێتەوە کە دزی و چەتەیی ئاشکرای موڵکی گشتی خەڵکی کوردستانە.