Draw Media

ڕاستییه‌كان ده‌بێ هه موو بوترێن

ڕاستییه‌كان ده‌بێ هه موو بوترێن

2020-07-05 07:34:32


سەلام عەبدوڵڵا
ماوەیەکە هەندێک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، کار و چالاکییان تەرخانکردووە بۆ دژایەتی هەرێم و ‌حکوومەتەکەی بە ئاستێک کە نایشارنەوە کە مەبەستیان تێکدان و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمە کە بە پێی دەستووری عێراقی قەوارەیەکی دەستووری دانپێدانراوە و لەسەدا هەشتای هەموو خەڵکی عێراقیش دەنگی بەو دەستوورە داوە.
ئەمانە بەم هەڵسوکەوتە چەوتەیان دەیانەوێ عێراقچییەتی خۆیان بە دژایەتی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بسەلمێنن.
بەڵام ئەمانە راست ناکەن و درۆ لەگەڵ خۆیان و حزبەکانیشیان دەکەن، چونکە ئەو گەندەڵی و پێشێلکارییەی یاسا و دەستوور کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و لە نێو خودیی پەرلەمانی بەغدا رۆژانە دەکرێت، ئەمانە تەواو لێی بێدەنگن و بە هیچ شێوەیەک باسی ناکەن، تەنانەت ئەو راستییانەی کە هەندێک پەرلەمانتاری عەرەب لە پەرلەمانی بەغدا بە بەڵگەوە نیشانی دەدەن و ویژدانی خۆیانی پێ ئاسوودە دەکەن، ئەمانە ناوێرن بە هیچ جۆرێک باسی بکەن یان تەنانەت پشتیوانیشی بکەن.
ئەوەتا ئەندام پەرلەمانێکی بەغدا، خانمێک زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێت: بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی دەستم کەوتووە، ‌حکوومەتی عێراقی کە بەدەست نەبوونی و هەژارییەوە دەناڵێنێت (٢٢٠) میلیار دۆلاری، وەک پشتیوانی، بەخشیوە بە حکوومەتی بەشار ئەسەد.
ئەمە جگە لەو هەموو بەڵگەنامانەی کە لە تەلەڤزیۆنەکانی بەغدا نیشانی بینەران دەدرێت کە مرۆڤ سەری لە ئاستی گەندەڵی ئەم عێراقە سڕ دەمێنێ، کەسانێک لە نێو خودی پەرلەماندا بوون و (٥٨) مووچەی جۆراوجۆریان وەرگرتووە، بۆیە ٣٠ مووچە و ٢٠ مووچە کە وەردەگیرێت لایان ئاساییە و تەنانەت بە بەڵگەوە تەلەڤزیۆنێکی عێراقی ناوی (٢٦٥١) کەس دەردەخات کە یەکی (٧) مووچە وەردەگرن.
ئەمە خودی پەرلەمانتارانی عێراق دزە بەم بەڵگانە دەکەن و راستییەکان دەردەخەن کە دەیانەوێت دڵسۆزیی خۆیان نیشان بدەن.
بەڵام ئایا کەس بینی رۆژێک لە رۆژان، ئەم کوردە عێراقچییانە باسی ئەو هەموو گەندەڵییەی لە عێراقدا روودەدات – گەر عێراقچین – کردووە و دەکەن؟! یان تەنیا بە هەرێم دەوەڕن!.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand