Draw Media

بەهەرێمکردنی سلێمانی، ئەگەر و مەترسیەکانی

بەهەرێمکردنی سلێمانی، ئەگەر و مەترسیەکانی

2020-07-04 18:55:04


چیا عەباس

پیاوە مەزنەکانی ئیسلام و بیرمەندەکان لە مێژە گوتویانە: " لای کێ سکاڵا دەکەیت کاتێک ناحەز و دژەکەت حاکم و قازی بێت". 
ماوەیەکە باسکردن و بانگەشە بۆ بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی چربۆتەوە، هاوتەریب لە گەڵ ئەم هەڵمەتەشدا داوای لامەرکەزیەت لە لوتکەی دەسەڵاتی حزبی و ئیداری پارێزگای سلێمانی دەبیسترێت.
ئەگەر ... !
گەر حوکمرانی هەرێمەکەمان جێگیر و دامەزراوەیی بوایە، گەر یاسا سەروەر بوایە، گەر دەسەڵات لە لوتکەوە تا بنکە لەلایەن حزب و بنەماڵەوە قۆرخکراو نەبوایە، گەر جوگرافیای سیاسی پارێزگاکانی هەرێم بە سنوری حزبی و میلیشیاکان لەتلەت نەکرابوایە، گەر دەسەڵاتی بەغدا راستگۆ و خەمخۆری هاوڵاتی بوایە و گەر .... تاد، لەوانەیە هەر پێویست بەو هەڵمەتە نەبوایە، ئەگەر بشکرایە دەچوە چوارچێوەی نیەتی راستگۆیانەوە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و دەبوە شارێگایەک بۆ گۆرانکاری و چاکسازی و بە ململانێی نیەت پاک و دۆستانە لە گەڵ دەڤەرەکانی تری کوردستان دەشبوە زەمینەی گەشەکردن و بەرەو پێشچونی ژیانی ئیداری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری گەلەکەمان.
مەخابن واقیعی عێراق و هەرێم و سلێمانیش پێچەوانەی ئەو ئەگەرانەن، بۆیە پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ ئەمجۆرە هەڵمەتانە پشتئەستور بێت بە تێرامانێکی واقیعی گشتگیر و بەرفراوان بۆ رەگ و ریشەی کێشەکان نەک تەنها چرکردنەوەی  لە کێشە و قەیرانەکانی ئەم ساتەی حوکمرانیدا. ئەم گرێدانە بەرچاورونی دەرباری بەشێکی گرنگی نیەت و هاندەرەکانی ئێستای پشت هەڵمەتەکە دەبەخشێت، بەپێچەوانەوە چاوپۆشین و پشتگوێخستنی ئەو گرێدانە وەک لە هەڵمەتەکەی هەنوکەدا بەدی دەکرێت دەبنە زەمینەخۆشکەری گرێکوێرە خەست و سەختەکەی ئەو پارادۆکسە سیاسیە سواو و کوشندەیەی کە هەناوی رەوشی سیاسی باشوری بۆ دەیان ساڵە تەنیوە. 
بۆ خۆم یەکێک بوم لەو کەسە کەمانەی دوازدە ساڵ لەمەوبەر پشتگیریم لە بە هەرێمکردنی سلێمانی کردوە و نوسینم لە سەری بڵاوکردۆتەوە، لە ئاکامدا کەوتومەتە بەر هێرشی توندی راگەیاندنی یەکێتیەوە کە ئێستا هەندێک لە جەمسەرەکانی و نزیکەکان لێیان بونەتە عەرابی بە هەرێمکردنی سلێمانی.
بۆچونی ئەو سەردەمەم هەوڵێک بو بۆ کاڵکردنەوەی تەلیسمی چەمکی شمولیەت لە هزری نەتەوەییدا بەرێگەی دەسەڵاتی هاوڵاتی لە ئیدارە لۆکاڵیەکاندا.
دنیای پێشکەوتو ماڵئاوایی لە دەسەڵاتی توندی ناوەندی کردوە، ئەم ئاراستە مۆدێرنەی کارگێری رۆڵی بەرچاوی هەبوە لە ئاسانکردنی کاروباری هاوڵاتیان، کەمکردنەوەی بیرۆکراسیەت و رۆتین، زیاترچەسپاندنی چەمکی دەسەڵاتی هاوڵاتی لە فەرمانرەوایی شوێنی ژیان و گوزەرانی و ... تاد.
ئەم وڵاتانە سەربەخۆن و خاوەن سەروەرین و دەوڵەتی خاوەن دامەزراوەی کاران، بۆیە لەو شێوە حوکمرانیەدا پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتی هاوسەنگ و جێگیرە، هێزە سیاسیەکانیش لە ئاستێکی بەرزی بەرپرسیەریەتیدان بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکانیان و پێرەوکردنی یاسا، ناکۆکی و ململانێکانیشیان لە پەرڵەمانی وڵات و هەرێمەکان لە سایەی سیستەمێکی دیموکراسیدا بەرێدەکەن. 
گشت ئەم کەش و هەوا و مەرجانە لە سەرانسەری عێراقدا ئەوەندە لاواز و بێ بەرەکەتن بۆیە تەنانەت بیرکردنەوە لە دەسەڵاتێکی لۆکاڵی ناوچەیەک دەتخاتە بەردەم هەزار و یەک پرسیار و کێشە و ئەستەمەوە.
سلێمانی، شارە " حەیاتەکە "
لە دوای راپەرینەوە تا ئەم چرکەیەش یەکێتی هێزی سەرەکی حوکمرانیە لە ناوچەی سلێمانی، هەرچی بەسەر ئەم شارەدا لە دەردەسەری و ستەمکاری و پشگوێخستن و گەندەڵی رویدابێت یەکێتی بەرپرسیاری یەکەمە، ئەم راستیە حکومەتی هەرێم کە پارتی باڵادەست بوە و باڵادەستیشە تێیدا لە بەرپرسیاریەتی ئەو روداوانە بێبەری ناکات، لەو ساتەوەش گۆڕان بۆتە بەشێک لە دەسەڵاتی سلێمانی و هەرێم لە بەرپرسیاریەتی ئیداری و سیاسی و مەعنەوی یەکسانە بە پارتی و یەکێتی.
سلێمانی ئێستاش هەر وەک جاران شارێکی یاخیە، نرخی یاخیبونەکانی بوێرانە بە خەبات و دەریای خوێن و قوربانی و ماڵوێرانی و دەردەسەری داوە، هیچکاتێکیش ئەم مێژوە پر سەروەریەی نە سەپاندوە و نە زاڵ کردوە بەسەر خەبات و قوربانیەکانی دەڤەرەکانی تری باشوری کوردستان. لە دوای راپەرینەوە زۆرجار بۆ بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەیی بەرامبەر ئەو ستەم و نارەوایەتیەی لە زۆر لاوە بەرامبەری کراون بێدەنگی هەڵبژاردوە.
ئێستا سلێمانی بەتەنیشت کۆرۆناوە بەدەست ئەو هەمو دەسەڵات وجەمسەر و میلیشیا و فرە کوێخایانەشەوە زۆر هیلاک و ماندوە، سوچێک لەو شارە نادۆزیتەوە هاوڵاتیەک بە ئارامی و دڵنیاییەوە سەرەخەوێکی تێدا بشکێنێت، روکنێک لەو شارە گەورەیەدا نابینیت بە زۆرەملێ نەکرابێتە موڵکی حاکم و بەرپرسێک، لە شارو و دەوروبەری پارچەیەک سەوزایی نادۆزیتەوە بە کۆنکرێت و بلۆک باڵاخانەیەک یاخود ڤێڵایەکی کەشخەی بەرپرسێکی لەسەر قیت نەکرابێتەوە، بۆ پارچە نانێک،  پارچەیەک گۆشت، چنگێک سەوزە، قومێک ئاو، داگیرسانی گڵۆپێک، لیترێک بەنزین، تەنەیەک نەوت و ... تاد دەبێت هاوڵاتی برێک دینار باجی زیادە بدات بۆ گیرفانی ئەو لەشکرە لە بەرپرس و کۆماندۆ و جەمسەر و پاشکۆکانیان، با باسی زەوی و زار و بازرگانی و گۆمرگ و کۆمپانیا و گرێبەست و پاڵاوگە و  قاچاخچیەتی و شتی تریش نەکەین.
سلێمانی نەک تەنها مافی رەوای خۆیەتی بەڵک دەبێت بەجدیش کار بۆ چاککردنی بنەرەتی ئەو جۆرە ژیان و گوزەرانیە بکات، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن بیکات؟ خەڵکی بەئەمەک دەتوانن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە. 
لە مێژوی نزیکی کورد لە باشور چەند جارێک رویداوە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و شەری دەسەڵاتدارانی کورد شار کراوەتە قوربانی.
باسی وێرانکردنی چەندین شوێنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە خولەکانی شەری ناوخۆدا ناکەم، رەنگبێ لای بەرپرسانی لایەنەکان شەر حەڵالی وێرانکردنی ئەو شوینانەی کردبێت، بێ هیچ کۆمێنتێک باسی دو نمونەی زۆر زەق دەکەم:
هەولێر و دەوروبەری لە ٣١ ئۆگۆستی ١٩٩٦ و دوەمیش کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکان لە کارەساتەکانی ئۆکتۆبەردا.
دەترسم، زۆریش دەترسم بە هەڵمەتی بەهەرێمکردنی سلێمانی ئەمجارە نۆرەی شارە حەیاتەکە بێت!
بەغدا و بەهەرێمکردن        
ناشێت بۆ رۆڵی بەغدا و دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە پرسی بەهەرێمکردنی سلێمانی وردکردنەوەیەکی دروست نەکرێت.
سیستەمی حوکمرانی عێراق لە دوای روخاندنی سەدامەوە بە نیەت پاکی مامەڵەی لە گەڵ کورد و هەرێم نەکردوە، ئەم راستیە دەسەڵاتدارانی هەرێم بێبەری ناکات لە پشکیان لە بیانودان و هۆکارسازی بۆ ئەو مامەڵەکردنە. 
دەستور بەچەند مەرجێک مافی داواکردنی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی چەسپاندوە، لە ئەزمونی پارێزگای بەسرە بۆ بەکارهێنانی ئەو مافە سەلمێندرا دەسەڵاتی سیاسی بەغدا دوا بریاردەرە لەو پرسەدا، هەرچۆن بریاردەریشە لە دروستنەکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق کە لە دەستوردا چەسپێنراوە و دەبو ساڵێک دوای پەسندکردنی دەستور دروستبکرایە.
سەبارەت بە دادگای باڵای فیدراڵی لە مادەی پێنجی دەستوردا سەبارەت بە دەسەڵاتەکان هاتوە: یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەرێمەکان یاخود پارێزگاکان دروست دەبن. ئەوەندەی لێی تێبگەم باسی کێشەی نێوان پارێزگایەک لە هەرێمێکدا لە گەڵ حکومەتی هەرێمەکە ناکات. زیادە بۆ ئەمەش ئەندامانی ئەو دادگایە بە پشکپشکێنەی سیاسی دانراون، بۆیە ئەوەندە چاوەروانی لە سەر هەڵناچنرێت.
ئەگەر هەیە سلێمانی بکرێت بە هەرێمێک بەڵام ئەو کاتەی ئیرادەی سیاسی بەغدا لە سایەی سەفقەیەکی سیاسی و ئابوریدا بەوە رازی بێت. لە سینیاریۆیەکی لەو جۆرەدا سلێمانی دەکرێتە قوربانی شەر و مەرافەی ناو ماڵی کورد و کوردیش زیاتر دەچێتە ژێر رەحمەت و رکێفی بەغداوە.
لەم دۆخە ئاڵۆز و سەختەدا باشترە بیرکردنەوەی جدی بۆ چارەی بنەرەتی کێشەکان بە ئاراستەیەکی تردا بکرێت.
       

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand