ڕیفراندۆم، قومارێك کە تیایدا دۆڕاوەکان خۆیان پێ براوەیە!
2020-09-25 15:15:07
هادی حەمەرەشید
ڕیفراندۆم کردەیەکی یاسایی مەدەنییە، بە ئاشتییانە ڕای گشتیی کۆمەڵگایەك لەسەر پرسێكی کێشەدار بە «بەڵێ» یان «نەخێر» وەرئەگیرێت، ئەکتێکی کۆنە و لە یۆنانی دێریندا بە دیموکراسیەتی ڕاستەوخۆ ناوبراوە.
کەواتە بۆچی دیسان وەك هەموو پرسەکانیتر کۆمەڵگای کوردستانی بەشێوەیەکی ستوونی دوو لەت کردەوە؟!
وەڵامێکی سادە و بەبێ ڕتوش؛ بکەرانی ڕیفراندۆم لە بنەڕەتدا ئەنگیزە و مەبەستی سەرەتا و کۆتاییان درێژەدان بوو بەو ململانێ ناتەندروستە!
ڕۆژانی سەرەتای پایزی ٢٠١٧ مێژوویەکی پڕ لە شکستی چەمکی ڕیفراندۆم بوو، چونکە بەگشتیی لەمێژووی هاوچەرخی جیهاندا زیاتر لە ١٠٠ وڵات و نەتەوە و پێکهاتەی ئیتنیکیی جیاواز پەنایان بۆ ئەم چارەسەرە بردووە، لەو ژمارەیە، زۆرترینیان سەرکەوتوو بوون، بەڵام لە چەند ڕۆژێکی کەمدا دوو ئەزموونی شکستخواردوو خرایە سەر هەوڵە سەرنەکەوتووەکان!
بەتایبەتی ئەزموونی«کەتەلۆنیا» تا ماوەیەکی دوور مەودا خەونی سەربەخۆیی زۆربەی هەرێمەکانی دواخست، چونکە خاوەنی هەموو بنەماکانی دەوڵەتداریی بوون، بەر لە ساڵی ١٧١٤ کە تیایدا سەربەخۆییان لە دەستدا بۆ ئیسپانیا، خاوەنی پەرلەمانی هەڵبژێردراو و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بەهێز بوون، لە ئێستاشدا ئابوورییەکی جێگیریان هەیە و لە هەموو بوارەکاندا ئەتوانن ململانێی ناوەند بکەن.
لە ناو دڵی کیشوەرە پیرەکەدا و لەسەردەمی دابینکردنی مافە کەلتوریی و ئایینی و نەتەوەییەکاندا، ئەوان هەمیشە وێڵ بوون بە دوای شوناسی خۆیاندا، لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا و لەسایەی دەسەڵاتی فاشیستی جەنڕاڵ فرانسیسکۆ فرانکۆدا ڕووبەڕووی لەناوبردن بوونەوە و زمانی دایکیان قەدەغەکرا، تا مردنی فرانکۆ لەساڵی ١٩٧٥ و کرانەوەی ئیسپانیا بەڕووی پێکهاتە جیاوازەکانی هەناویدا.
لەساڵی ١٩٧٩دا مافی ئۆتۆنۆمییان پێدرا و زمانی کەتەلۆنی هاوتای ئیسپانی کرا بە زمانی فەرمیی دەوڵەت، هێزی ئەمنیی تایبەت بە خۆیان دامەزراند، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو نیمچە سەربەخۆیی ڕۆیشتن.
تا ساڵی ٢٠٠٦ کە یاسای نوێی ئۆتۆنۆمیی جێگیرکرا، گرنگترین بڕگەی بریتی بوو لە ناساندنی کەتەلۆنیا وەك «نەتەوە». لەبەرامبەردا دادگای دەستووریی ئیسپانیا لە ٢٠١٠دا ئەو بڕگەیەی هەڵوەشاندەوە.
سەربەخۆیی کەتەلۆنیا چەندە خەون بووە لەلای بەشێکی زۆری کەتەلۆنییەکان، واوەتر مۆتەکەیەکی بەردەوامیش بووە لەلای ناوەند، چونکە ئیسپانیا پێکدێت لە حەڤدە هەرێمی جیاواز، جیابوونەوەی کەتەلۆنیا دەستپێکی کۆتاییهاتن ئەبێت بە چیرۆکی ئەو وڵاتەی کە ناوی ئیسپانیایە.
١ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧ گەورەترین وەستانەوە بوو لە دژی دەوڵەتی ئیسپانیا ، بۆیە هەڕەشەکە زۆر بەجدیی وەرگیرا و پایەکانی دەوڵەتی ئیسپانیا بە جارێك لەرزین، یەکێك لە وەزیرەکانیان نەیشاردەوە و وتی: بەتوندیی لە سەربەخۆیی هەرێمی کەتەلۆنیا ئەترسین، چونکە ئەمە کۆتایی دەوڵەتی ئیسپانیایە، وەك کەوتنی یەکەمین پولی دۆمینەیە کە کەوتنی پولەکانیتریش حەتمییە!
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کەتەلۆنیا و ئەو حیزبانەی کە بە جوداخواز و سەربەخۆییویست پۆلێن کران ئاستی هەڕەشەکەیان گەیاندە کۆتایی و لەکۆی ئەو ٤٢%ی دەنگدەرانە، ڕێژەی ٩٠%ـیان بە #بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا.
لەژێر باری توندی ئەمنییدا دەنگدەران بە دڵگەرمییەوە ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان ئەکرد، هێزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی گێرەشێوێنیی ڕووبەڕووی دەنگدەران ئەبوونەوە و لە چەندین جێگادا سندوق و ئامێری لۆجستییان شکاندن، نزیکەی ٨٠٠ دەنگدەر و زیاتر لە ٣٠ پۆلیس بریندار بوون.
«چارلس پۆگدیمۆنت»ی سەرۆکی هەرێم، پاش دەنگدان بەبێ شڵەژاویی و بە جلی فەمییەوە، لەسەر پێیەکانی ڕاوەستا و بۆ میدیاکان قسەی کرد: (ئەوەی ئێمە ئەنجاممان داوە هەر ئەوەیە کە گەلانیتر ئەنجامیان داوە لە ڕابردوودا و لە ئایندەشدا بەردەوام ئەبێت.)
سوپاسی خەڵکی ئیسپانیای کرد کە هاوپشت و هاوڕێ و دۆستی کەتەلۆنییەکان بوون، هاوکات سەرزەنشتی پاشای ئیسپانیای کرد کە پاڵپشتیی گوتاری «ماریانۆ ڕاخۆ»ی سەرۆکی کردووە و بۆچوونی ملیۆنان کەتەلۆنیی پشتگوێ خستووە.
لەکۆتاییدا داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کرد، کە ڕۆڵی ناوەندگیر بگێڕن.
ئەوەی وتیان، پێی هەستان و بەرپرسیارێتییەکەشیان لە ئەستۆگرت، کاتێك کە لە مەدریدەوە هێزی ئەمنیی و پۆلیس شەقامە پڕ لە هەیەجانەکانی بەرشەلۆنە و جیرۆنا و تەرەگۆنایان کۆنترۆڵ کرد، پۆگدیمۆنت و ١٣ لە گەورە بەرپرسان وڵاتیان بەرەو بەلجیکا بەجێهێشت و ٩بەرپرسیشیان بە جێگرەکەشیەوە دەستگیرکران.
بە پێچەوانەوە لە کوردستاندا بە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠یشەوە لەبارودۆخێکی زۆر ئاسایی و پڕ لە خۆنواندندا بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریی دەنگدان لەئاستێکی زۆر لاوازدا بوو، ئەگەر کۆمیسیۆنە تازە پیاکەوتووە پشك پشکێنە حیزبییەکە نەبووایە ڕێژەکە ئەوەندە نزم ئەبوو، کە شیاوی باس کردن نەئەبوو!
کۆمیسیۆن بە ساختەکاریی دەستی پێکرد و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاش ڕیفراندۆمیشدا ڕاهات لەسەر ئەو بارە و داریدا بەڕۆحی ئەوانەدا کە ڕازییبوون لە ڕیفراندۆمدا ساختەکاریی بکەن و بە (پرسێکی نەتەوەیی چارەنووسساز) وێنایان کرد!
«ڕیفراندۆچی» بوو بە ناوێکی پڕ لە تەشەر بۆ کەسانێك کە لە ڕووکاردا سەبجێکت بوون، بەڵام لەڕاستیدا کۆمەڵێك مرۆڤی بێ ئیرادەی«ئۆبجێکتکراو» بوون.
بارزانیی بکەری سەرەکیی ڕیفراندۆم بوو، لە پەرچەکرداری ئەوانەی کە پێیان ووت: ماوەی سەرۆکایەتیی تۆ کۆتایی هاتووە، تەنانەت بیانووی مەترسیی داعشیش کۆتایی پێهات.
هات تا لەڕێگای ڕیفراندۆمەوە درێژە بە مانەوە بدات، ئەوانەش کە لە پەراوێزی ئەودا خۆیان بینییەوە بوون بە بەرکار، ڕۆژانە لێرە و لەوێ هەواڵی ناڕاستیان لەسەر ئاستی سەپۆرت و پشتگیریی وڵاتان لەپڕۆسەکە بڵاو ئەکردەوە، ئەمانە کۆمەڵێك لۆمپن و گەندەڵ بوون کە ئەیانویست لە ناو تەمتومانی دروستکردنی دەوڵەتدا خۆیان بشارینەوە و لە گەرماوی مافی چارەی خۆنووسیندا غوسڵ دەربکەن!
بارزانیی ڕووی گوتارەکەی لەناوخۆ بوو، شتێکی نەبوو بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، هاتنی بێرنارد هێنری لیڤی و کۆکردنەوەی کۆمەڵێك
کۆمەڵێك خانەنشینی ڕۆژئاوایی بۆ ڕووپۆشکردنی پرۆسەکە بوو، بەزوویی شوێنبزر بوونیشیان باشترین پاڵپشت بوو بۆ تەواو بوونی ڕۆڵیان!
ئەوان لەناوخۆدا هەموو شتێکیان بۆ بارزانیی کرد، دەی هەر ئەوەشیان پێئەکرا!
کۆمەڵێك بەتاڵی سیاسیی و فیگەری ڕۆشنبیریی وێنەیەکیان بەخشی بە بارزانیی کەم وێنە بوو، وەك هەندێکیان موبالەغەیان ئەکرد و بە «بەسمارکی ئەڵمانیی» ناویان ئەبرد، وایان کرد قەڵەمی ئەژنۆی بەناو سەرۆکی حیزبەکان شکابوو، هەندێکیان هەر لەبەرە بەیانی کارەکەیەوە هۆڵ بە هۆڵ و یاریگا بە یاریگا بوون بە کەمپەینەر و تیمی بانگەشە بۆی، هەندێکیشیان لە دواڕۆژەکاندا و لە قۆناغی «سیلاح بەرەو خوار»دا خۆیان گەیاندە سندووقەکانی دەنگدان و بەبێ ئەوەی کەس هەواڵی بەڵێ یان نەخێری لێپرسی بن، پاکانەیان بۆ بارزانیی کرد و وتیان: دەنگمان بە بەڵێ بوو!
لە ڕاستییدا هەر کەسێکی ئاسایی و سادەدڵ لەژێر ئەو بارە سازێنراوەی ڕۆژانی پێش ڕیفراندۆمدا حەماوەی کوردایەتیی بەرزبوویەوە و دەنگیدا، پێی ناوترێت«ڕیفراندۆمچی»
بەڵام ئەوانەی کە لەخوارەوەی بنکەی جەماوەریی حیزبەکانیان بارزانییان پێ ئیبلیس و ئەهریمەن بوو، بەڵام بۆ بەرماوەخۆریی و لەلایەکیتریش لە ترسی تەخوین ڕێگایان لێنەگرت و پێیان نەووت: نابێت ڕیسك بە کۆمەڵگاوە بکەیت!
ئەوانەی کە خەون بە ئەندامی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی داش عێراق)ـەوە ئەبینن کە بارزانیی سەرۆکیان بێت، لەگەڵ ئەودا هاوبەشن و ئەوانیش ڕیفراندۆچین!
بارزانیی و تیمەکەی نزیکەی مانگێك بانگەشەیان کرد و پاشتر ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی پۆلیسێکی فیدراڵیی پێیان بڵێن پشتی چاوتان برۆیە، ڕۆژی ٢٥ی مانگ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێك لە حیزبەکان ڕەچەتەیەکی درایە دەست و پێیان ووت: ئەمە هێڵە گشتییەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە، بڕۆ بیخوێنەرەوە!
دوابەدوای ئەو نێچیرڤان بارزانیی کە برازا و زاوا و سەرۆك وەزیرانی حکومەتەکەی بارزانیی بوو، لەژێر پەرچەمی عێراقی حەبیبدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی بەست و پاش قسەکردن بە زمانی ئاسك لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، بە زمانێکی پاراو ووتی: ئەو ئاڵایەی عێراق کە لە پشتمەوەیە، وەك خۆی ئەمێنێتەوە!
بارزانیی لە ڕۆژانی بانگەشەدا بە دەستەواژەی سادە و زمانی عەوام باسی سوودەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ خەڵك ئەکرد و ئەیچواند بە پەرژینێك کە لە دڕندە و دەعبا ئەمانپارێزێت، لەچەند جێگاشدا وەك دراوسێ و جیرانی باش ناوی عێراقی هێنا، کەچی بەزوویی گەڕایەوە لە گرتەیەکی تۆمارکراودا و بە دەنگێکی نوساو و لەرزۆکەوە وتی: ئەم ڕیفراندۆمە نە بۆ سەپاندنی ئەمری واقیعە و نە بۆ دیاریکردنی سنوورە!
هەرێم خرایە ژێر باری کۆمەڵێك ئابڵوقەی جۆراوجۆر و بارزانیی و تیمەکەشی وەك هەمیشە دەستیان کرد بە سازش کردن بۆ عێراق و بوێریی ئەوەیان تێدا نەبوو هیچ نا، وەك سەرکردە کەتەلۆنییەکان وڵات جێبهێڵن، واوەتر فێری دوو دەستەواژەی پڕ لە عار بوون؛ (ڕیفراندۆم تاپۆیەکی ڕەشە، کورد کەی بیەوێت ئەتوانێت بەکاری بهێنێت)!
لەگەڵ ڕستەیەکی زۆر بێتام؛
( کەی پارە لە بەغداوە هات، دابەشی ئەکەین)!