بۆ چی لە پرساندن دەترسن؟
2020-09-24 14:42:55
هیوا سەید سەلیم
پرساندن چەمکێکی داتاشراوی پەرلەمانی کوردستانە لە بەرامبەر پڕۆسەی ئاڕاستەکردنی پرسیار بۆ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرۆک وەزیرانەوە بگرە تا ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و تەنانەت کاربەدەستانی دیکەی حکومەتیش.
ئەم پرسە لە ماددەکانی(٦٩، ٧٣، ٧٤ )ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بە یاسا رێکخراوە، هەر لە چوراچێوەی ئەو بڕگانەشدا ڕێوشوێنی پڕۆسەی ئاڕاستەکردنی پرسیار بۆ سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان، و وەرگرتنەوەی وەڵام لێیان و تەنانەت ئەگەر پێویست بکات وەرگرتنەوەی متمانەش لێیان دیاریکراوە.
هەموو لایەک دەزانین پەرلەمانی کوردستان یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتە، بۆیە کاتێک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەدای حکومەت پرسیاری لا درووست دەبێت، بە پێی یاسا بۆی هەیە پرسیاری نووسراو یان زارەکی لە رێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران یان وەزیرەکان بکات (مادەی ٥٨ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان).
شایانی باسە دوو مانگ دەبێت ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنە جیاجیاکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆی ژمارەی یاسایین بۆ بانگکردنی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی لەسەر پرسی دواکەوتن و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، ئەم داوایە ئەگەرچی وەک لە پێشتر ئاماژەمان پێدا داوایەکی ڕەوا و یاساییە، و ئەرکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانە کە وەڵامیان بۆ پرسی دواکەوتن و لێبڕینی مووچە دەستکەوێت. بەلام لە بەرامبەر ئەو پرۆسەیدا دەسەڵات لە ماوەی ئەم دوو مانگە هەرچی کارتی بەردەستی هەیە بەکاری هیناوە بۆ شکستهێنان بۆ پرۆسەی پرساندنی بەرپرسە باڵاکانی حکومەت لەوانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان بە پۆستەکانیان کرد.
ئاشکرایە کە فشاری لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت بۆسەر پەرلەمانتارانیان تا واژۆکانیان بکێشنەوە بۆ ماوەیەک ئەو پرۆسەی دواخست، چونکە بە پێی مادەی (٧٣)ی لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەندامی پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە واژۆی خۆی بۆ پرسی پرساندن بکێشیتەوە، هەر ئەوەش وایکرد تەواوی ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز کە جاری یەکەم ژمارەیەکیان واژۆیان لەسەر ئەو یاداشتە کردبوو واژۆکانیان بکێشنەوە.
لە کاردانەوەیەکی دیکەی دەسەڵات لە بەرامبەر ئەو پرسە، ئەو جەند رۆژە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕیکەوتنی خۆی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای دهۆک هەڵوەشاندنەوە، ئەمەش لە بەرامبەر هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی لە بەرامبەر پرسی پرساندنی حکومەت.
پرسی پرساندن بریتیە لە پڕۆسەی یەکەم بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حکومەت ئەویش بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی یاسایی تێبپەڕێت دەبێت بۆ پرساندنی سەرۆک وەزیران پێنج یەکی ئەندامانی پەرلەمان واژۆی یاداشتەکە بکەن، و دواتریش بۆ وەرگرتنەوەی متمانە دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەنگی بۆ بدەن، کە لە ئێستای پێکهاتەی پەرلەمان ئەو پرۆسەیە ئاسان نیە سەربگرێت، ئەی کەوایە بەرپرسانی حکومەت بۆ لە پرساندن دەترسن؟
لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە بەرپرسانی حکومەت ترسیان لەوە نیە پەرلەمان بتوانێت متمانەیان لی وەرگرێتەوە، بگرە ترسی جدی ئەوان لەوەیە پەرلەمان بتوانێت بە لایەنی کەمی ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵسێت و چاودێری کاروباری حکومەت بکات، چونکە لایەنەکانی دەسەڵات دەمێکە کار بۆ بێ ئیرادەکردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن .
لە ئێستادا کە رێژەی یاسایی بۆ پرساندنی سەرۆکی حکومەت تەواو بووە، دەسەڵات چاوەڕوانی ئەوەی لیدەکرێت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان نیسابی یاسایی تێک بدات، جا بە ترساندن بێت یان بە ئیغرا ماددی و پۆست و پۆستکاری بێت.
ئەگەر ئەو هەنگاوەی حکومەت سەربگرێت ئەوا ئەوسا ترساندن جێگای پرساندن دەگرێتەوە، و دەبێت پەرلەمانی کوردستان فاتیحەی بۆ بخوێندرێت.