دروستكردنی مرۆڤی قەرزار
2020-12-27 19:03:00
ئەبوبەكر حەسەن
پەیوەندی نێوان قەرزاری و غەمگینیی و ژێردەستەیی
دەزگای خێرخوازی بارزانی، دەزگای مرۆیی مام و دەیان دەزگای تر
چۆن ژێردەستەیەكی قەرزار دەخولقێنیت تا ژێردەستەو كۆیلە بێت ؟
دەسەڵاتی خێڵەكیی و دروستكردنی سوژەی قەرزار
حكومڕانییەكی مەدەنی كە پەیوەندییەكی عەقڵانی لە سەر (ماف)ی هاونیشتیمانی و هاوڵاتی پەیوەندی بە حكومكراوەكانەوە بینا دەكات، وە هەمیشە ئەركێك لە بەرانبەریاندا جێبەجێ دەگەیەنێت، ئەم پەیوەندییە سەر دەكێشێت بۆ كەمترین هەست و ئیحساسی قەرزارباریی هاولاتی لە بەرانبەر حكومڕانییەكەدا. ئەلبەتە حكومڕانییەكی مەدەنی و عەقڵانیش لە هەناوی خۆیدا دەسبەرداری ئەوە نابێت ئەم ئیحساس و شعورەی هەلنەگرتبێت بەرانبەر هاوڵاتی و هاونیشتیمانییەكانی، بەڵام ئامادەیی هوشیاریی و ئاگایی، ئامادەیی فشاری گروپ و ڕێكخراو دەزگای مەدەنی لە خوارەوە بەردەوام كاری پاشەكشەكردنە بەم كەڵكەلەو مەیل و ئارەزووەی دەسەڵات. لێرەوە لە گەورەیی ئەو جۆرە پەیوەندییە یەكسانە تێدەگەین كە لە كۆمەڵگەیەكی مۆدێرندا بیناكراوە، پەیورندیگەلێك كە هەمیشە بیر لە بیناكردنی پەیوەندی یەكسان و هەڵبژاردەی عەقڵانی و پەیوەندی ئارەزوومەندانەی نێوان كەس و دام و دەزگاكان دەكاتەوەو هەمیشە سەرقاڵی پاشەكشەپێكردنە بە فۆرمەكانی دەسەڵات كە ستراتیژی هەیمەنەخوازی هەیە : پەیوەندی هاوڕێیەتی، پەیوەندی نێوان هاوسەرەكان، پەیوەندی نێوان مامۆستاو قوتابی، پەیوەندی نێوان حزب و ئەندامەكان، پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتی سیاسیی، پەیوەندی نێوان باوك و دایك و منالەكانیان....تەنانەت پەیوەندییەكی ئازادانەی نێوان خودا و بەندەكان... ڕێكخستنەوەو فۆرمیولەكردنەوەی ئەم پەیوەندییە لە سەر بنەمایەكی ئازادو پەیمانێكی ئازاد، مێژوویەكی گەورەی لە پشتەوەیە لە دۆزینەوەی مرۆڤ وەك بوونێكی سەربەخۆو ئۆتۆنۆم و ئازاد، كەشفكردنی فەرد و كەس. با نموونەی ڕۆژهەلات وەرگرین : پەیوەندییەكان هەموویان پاشكۆیەتی و بیناكراون لە سەر هەستی (منەت و منەتكردن و دروستكردنی پەیوەندی لە سەر بنەمای دەبێت ئەویتر هەمیشە هەست بكات قەرزارە. پەیوەندی دایك و باوك، پەیوەندی خێزانی ئێمە بە ئەندامانی خێزانەوە لە سەر بنەمای قەرزارباركردنی ئەندامانەو گەر خێزان نەبێت ئەوا مناڵەكان هەتیو دەكەون. هەمیشە ئامادەیی ترسی لە دەستدانی باوان. پەیوەندی هاوسەرگیریی ئێمە كە دەبێت ژن هەمیشە هەست بكات قەرزارباری مێردەكانیان و ترسی بێوەژن كەوتن سەراپای بوونی دەتەنێت. هەستی قەرزارباری ئەندامانی حزب لە بەرانبەر سەركردەو ڕابەرو سەرۆكەكاندا كە شوانگەلێكن ئەوان نەبن گورگ دەیانخوات، پەیوەندی نێوان شێخ و موریدەكان....
هەر پەیوەندییەكی دیكە كە بە ناچاری سەر دەكێشێت بۆ خولقاندن و دروستكردنی سوژەی قەرزار و ئەمەش بە ناچاری و بە حەتمی سوژەی ژێردەستەو كۆیلەو پاشكۆی لێدەكەوێتەوە
نموونەیەكی ترسناك
دەسەڵاتی خێڵ لە مۆدێرنەو لە ناو پەیوەندگیری و بیناكردنی پەیوەندییەكانی خۆی بە مێگەل و ڕەعیەتەوە دەسبەرداری ئەوە نابێت بەرگری لە مانەوەی ڕەمزە خێڵەكییەكانی بكات و لەوێشەوە پارێزگاری لەم پەیوەندییەو بیناكردنیپەیوەندییەك لە سەر بنەمای سەردەستە/ژێرد دەستە، ئاغا/كۆیلە بكات. چ مانایەكی هەیە هاوڕێ لە گەل حكومەت و دەوڵەت و حكومڕانییەكدا هێشتا كەس و كارێكتەر ئامادەیە دەزگای خێرخوازی هەبێت ؟ هاوڕێ و هاوتەریب لە گەڵ حزبدا دەزگای خێرخوازی بە ناوی ڕابەرو سەركردەكانەوە. حكومەت پارەی نییەو دەزگاكەلێكی خێڵەكیی پارەی هەیەو لێرەیە بۆ هاوكاری دانیشتوان و هاوڵاتیان. ئامادە نییە ئەو هاوكاری و یارمەتیانە ببەخشێتە حكومەت و حكومڕانییەكی مۆدێرن بە شێوەیەك ناوی ونببێت
دەزگای خێرخوازی بارزانی، دەزگای مرۆیی مام و دەیان دەزگای تر. دەبێت (حكومڕانییەكی دام و دەزگایی) سوپاسی ئەو دەزگایانە بكات و ناویان بهێنێت. لێرەدا ئێمە ڕوبەڕوین بە دەسەلاتێكی شوانكارەو دەسەڵاتێكی بیناكراو لە سەر بنەمای (شوان/ مێگەل)، وە بەردەوام بەرهەمهێنانەوەی ئەو پەیوەندییەو دروستكردنی پەیوەندی (قەرزدەر/قەرزار)، ئەمەش ستراتیژێكی دەسەڵاتی خێلەكی ڕۆژهەڵاتە تا ژێردەستە/ سەردەستە بهێڵێتەوە