Draw Media

گۆڕانی‌ دوێنێ‌و گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ

گۆڕانی‌ دوێنێ‌و گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ

2020-12-26 07:30:28


ساڵح ژاژڵه‌یی
 
له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێت باسی‌ ئه‌وه‌ بكه‌م بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ڕۆژی‌ دروستبونیه‌وه‌  چی‌ چاندوه‌و تا ئێستا چی‌ دروه‌ته‌وه‌؟واته‌ بزوتنه‌وه‌ی‌  گۆڕان چ به‌ڵێنێكی‌ به‌جه‌ماوه‌رداو تا چه‌ند پابه‌ندی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ خۆی‌ بوو.  واته‌ جه‌ماوه‌ر چ چاوه‌ ڕوانییه‌كیان  له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌كرد بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش چ ده‌سكه‌وتێكی‌ بۆ جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست هێنا؟ ئایا  دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان  لایه‌نی‌ ئه‌رێنی‌ زیاتر بوو یان نه‌رێنی‌؟ له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌م به‌راوردكاریانه‌ی‌ كه‌  له‌خواره‌وه‌  بۆتانی‌ ده‌نوسم، وه‌لاَمی‌ پرسیاره‌كانتان ده‌ست ده‌كه‌وێت.
گۆڕانی‌ دوێنی‌  جێگه‌ی‌ ئومێدی‌ خه‌ڵك بوو، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ جێگه‌ی‌ نه‌فره‌تی‌ خه‌ڵكه‌. گۆڕانی‌ دوێنی‌  پشتیوانی‌ جه‌ماوه‌ر بوو ، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ پشتی‌ له‌جه‌ماوه‌ره‌. گۆڕانی‌ دوێنێ نوێنه‌ری‌ جه‌ماوه‌ر بون، گۆرانی‌ ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری‌ نوخبه‌یه‌كی‌ چاو چنۆك و خۆپه‌رستن.  گۆڕانی‌ دوێنی‌  خۆی‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌  به‌هێز بوو، گۆڕانی‌ ئه‌مرۆِ له‌ به‌ره‌ی‌ دژ به‌ئۆپۆزسیۆن بوندایه‌. گۆڕانی‌ دوێنی‌ داوای‌ گۆڕێنی‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ ده‌كرد، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ پشتیوانی‌ هه‌مان  سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ پێشو ده‌كات. 
گۆڕانی‌ دوێنی‌ هه‌وێنی‌ جۆشدانی‌ جه‌ماوه‌ر بوو، گۆڕانی‌  ئه‌مڕۆ، دژی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ره‌ چونكه‌ به‌شێكه‌  له‌ده‌سه‌لاَتی‌ سه‌ركوت كه‌ر. گۆڕانی‌ دوێنی‌  دژی‌ به‌شداریكردنی‌ حكومه‌ت بون، گۆڕانی‌ ئه‌مرۆِ لایه‌نێكی‌ كارای‌ حكومه‌تن. گۆڕانی‌ دوێنی‌ ده‌یانگوت  ده‌بی خه‌ڵكی‌ شیاو له‌شوێنی‌ شیاو دانرێت، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ شوێن بۆ خه‌ڵك ده‌دۆزێته‌وه‌  بۆ ڕازیكردنیان، نه‌ك بۆ خزمه‌تی‌ میلله‌ت. زه‌حمه‌ت نه‌بێ سه‌یرێكی‌ ئه‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ پۆستیان وه‌رگرتوه‌. ئه‌وكات ڕاستییه‌كانتان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. 
 گۆڕانی‌ دوێنی‌  پارتیش و یه‌كێتیش  لێی ده‌ترسان ، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ  بۆته‌ ده‌سته‌مۆی‌ هه‌ردوكیان. گۆڕانی‌ دوێنی‌ هه‌وێنی‌ دروستبونی‌ جولاَنه‌وه‌یه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ به‌هێز بوو ، گۆڕانی‌ ئه‌مرۆِ  ڕۆحی‌ ئۆپۆزسبونی‌ مراند. گوڕانی‌ دوێنی‌ كاری‌ ده‌كرد بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و  دام و ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ  هه‌مویانی‌ سوك كرد.  گۆڕانی‌ دوێنی‌  دروشی‌ دژی‌ به‌ بنه‌ماڵه‌كردنی‌ حیزبی‌ به‌رز ده‌كرده‌وه‌، گۆڕانی‌ ئه‌مرۆِ خۆشی‌ بۆتی‌ بنه‌ماڵه‌.  گۆڕانی‌ دوێنی‌ له‌ڕێگای‌ ئۆرگانه‌كانیه‌وه‌  بڕیاری‌ ده‌دا، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ له‌ پشتی‌ په‌رده‌وه‌  فه‌رمان به‌ ئۆرگانه‌كانی‌ ده‌درێت  چۆن بڕیار بده‌ن. گۆڕانی‌ دوێنی‌ خاوه‌نی‌ كه‌سانی‌  دڵسۆز و خۆبه‌خش بوو .گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ خاوه‌نی‌ كه‌سانی‌ هه‌ل په‌رست و چاوچنۆك و خۆویسته‌. 
 گۆڕانی‌ دوێنی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ خاوه‌نی‌ كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی‌ به‌رز بون له‌ بواری‌ سیاسی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و  هاوڕێیه‌تی و ڕێزگرتن له‌یه‌كتری‌، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ خاوه‌نی‌ كه‌سانێكه‌ خه‌رێكی‌ قاچ بڕینه‌وه‌ی‌ یه‌كترین  له‌پێناوی‌ ده‌سكه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیاندا. گۆڕانی‌ دوێنی‌  به‌شداری‌ حكومه‌تی‌ ده‌كرد بۆ به‌ده‌ست هێنانی‌  به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌. گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ به‌شداری‌ حكومه‌ت ده‌كات له‌ پێناوی‌ وه‌رگرتنی‌ پله‌و پۆست و پاره‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ شه‌خسی‌. 
گۆڕانی‌ دوێنی‌ به‌رده‌وام جه‌ماوه‌ری‌ له‌ زیادبوندابوو ، چێگه‌ی‌ مه‌ترسی‌ بوو بۆ سه‌ر ده‌سه‌لاَت، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام به‌ره‌و پوكانه‌وه‌ ده‌ڕوات و بۆته‌ كۆیله‌ی‌ ده‌سه‌لاَت . گۆڕانی‌ دوێنی‌ به‌رده‌وام داوای‌ مافه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ده‌كرد ، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ  به‌رده‌وام عه‌یبه‌كانی‌  حكومه‌ت ده‌شارێته‌وه‌ . گۆڕانی‌ دوێنی‌  هه‌میشه‌ هه‌وڵی‌ ده‌دا ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌موار بكرێته‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتیدا ، گۆڕانی‌ ئه‌مرۆِ  ده‌نگ له‌سه‌ر  ئه‌و ماده‌ ده‌ستوریانه‌ ده‌دات كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌  پارتییه‌ 
گۆڕانی‌ دوێنێ بۆ به‌رگری‌ كردن له‌ مافی‌  هاولاِتیان دروست بوو ، گۆڕانی‌ ئه‌مڕۆ ئاگای‌ له‌وگۆڕان خوازانه‌ش نه‌ماوه‌ كه‌ له‌سه‌ر  گۆڕان بون سزادراون و نان بڕاوكراون . هاولاَتیاننی‌ ئازیز ، خوێنه‌رانی‌ خۆشه‌ویست ئێستا  ڕون و ئاشكرایه‌ كه‌ گۆڕان نه‌ك هیچ ئامانجێكی‌ به‌جێ نه‌هێنا  كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌  له‌ پێناویدا دروست بوو په‌یمانی‌ به‌ جه‌ماوه‌رددا ، به‌ڵكو ته‌واو  پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ئه‌نجامدا . 
 له‌ ئێستادا  گۆڕان به‌شداری‌ حكومه‌ته‌و هیچ ڕوڵ و كاریگه‌رییه‌كی‌ نییه‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسیدا و بۆته‌ پشتیوانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌م ده‌سه‌لاَته‌ی‌ ئێستا . خۆی‌ كردۆته‌ شه‌ریكی‌ هه‌موو دزی‌ و تالاَنیه‌كانی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی‌ ئێستا . ئه‌وه‌تا به‌رپرسانی‌ پارتی‌ به‌ ئاشكرا ه‌ڵێن :گۆڕان و یه‌كێتیش ئاگاداری‌ ڕێكه‌وتنی‌ 50ساڵه‌ی‌ نێوان هه‌رێمو توركیان .
سه‌ركردایه‌تی‌ ئێستای‌  گۆڕان پێش ئه‌وه‌ی‌  به‌شداری‌ كابینه‌ی‌ نۆیه‌می‌  حكومه‌ت بكه‌ن ، زۆر باش ده‌یانزانی‌  كه‌ نه‌ده‌توانن هیچ چاك سازییه‌ك ئه‌نجام بده‌ن و  نه‌ هیچ ده‌سكه‌وتێك بۆ جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست بهێنن، چونكه‌  پێش وه‌خت ئه‌وڕاستیانه‌یان  پێ وتراوه‌  . به‌لاَم ئه‌وانه‌ی‌ خاوه‌نی‌ بڕیار بون له‌ناو گۆڕاندا  له‌گه‌ڵ پارتی‌ ڕێك كه‌وتن  بۆ ئه‌وه‌ی‌  یه‌كه‌م پۆست بۆخۆیان وه‌رگرن .دووه‌م پۆست بۆ هه‌ندێكی‌ تر وه‌رگرن بۆ ئه‌وه‌ی‌ قسه‌ نه‌كه‌ن . ئه‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێت  دوای‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌  سه‌رانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌مووشانازیه‌كانیان  ئه‌وه‌بوو ، كه‌ به‌ 12 كورسی‌ په‌ڕله‌مانه‌وه‌  به‌قه‌ده‌ر 24 كورسی‌ په‌ڕله‌مانی‌ پێشو پۆستیان وه‌رگرتوه‌ .كه‌واته‌ سه‌رانی‌ گۆڕان بۆ وه‌رگرتنی‌  پۆست به‌شداری‌ حكومه‌تیان كردوه‌  نه‌ك له‌ پێناوی‌ چاكسازی‌ و گۆڕێنی‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ . نازانن ئه‌م پۆستانه‌ی‌ وه‌ریان گرتوه‌  بۆته‌ مه‌رگی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان .  
ئه‌ی‌ باشه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد  ئه‌گه‌ر له‌ 6 مانگی‌ یه‌كه‌مدا  هیچ چاكسازیه‌ك نه‌كرا ، ئاماده‌ن له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌ ؟. ئه‌وه‌تا بۆ سالێك ده‌ڕوات و موچه‌ش هه‌ر نه‌ماو  ئه‌وان تازه‌ ده‌ستیان له‌ حكومه‌ت گیر كردوه‌ نه‌كا له‌ حكومه‌ت بكه‌ونه‌ خواره‌وه‌. سه‌ركرده‌كانی‌ گۆڕانیش  به‌رده‌وام لێدوان ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن : ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر به‌ده‌ست هێنانی‌ ئامانجه‌كانمان . دیاره‌  ئه‌وان ئامانجه‌كان  به‌ وه‌گرتنی‌ پۆست ده‌زانن . وه‌رگرتنی‌ پۆست له‌ لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌  له‌ناو حكومه‌تی‌ هه‌رێم ، رێك وه‌كو وه‌رگرتنی‌ پۆست وایه‌  له‌ناو حكومه‌تی‌ به‌غدا . 
سه‌یركه‌ن ئێمه‌ له‌ به‌غدا سه‌رۆكی‌ كۆمار و پۆستی‌ وه‌زاره‌تی‌ سیادی‌ و  جێگر وه‌زیر و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌ڕله‌مان و ده‌یان ئه‌ندامی‌ په‌ڕله‌مانمان هه‌یه‌ و به‌ به‌رچاوی‌ هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌  هاولاَتیانی‌ كورد له‌ كه‌ركوك له‌ زێدی‌ باوكو باپیرانیان  ده‌رده‌كرێن . له‌م كاته‌شدا  حكومه‌تی‌ كوردی‌ داوای‌ پۆست له‌ به‌غدا ده‌كات و وه‌كو سواڵ كه‌ریش بۆ پاره‌ ده‌پاڕێنه‌وه‌ . كه‌واته‌ كورد له‌ ماڵی‌ خۆی‌ بێت یان بێگانه‌ ده‌بێ هه‌ر ڕۆڵی‌ سواڵكه‌ر ببێنێت  ، نه‌ك خاوه‌ن ماڵ . 
 ئه‌گه‌ر گۆڕان  له‌سه‌ر ڕێگای‌ ڕاست بوایه‌ و پابه‌ند بویایه‌  به‌و ئامانج و پره‌نسیپانه‌ی‌  له‌پێناویدا دروست ببو ، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئیستا به‌شدار بوایه‌ له‌ حكومه‌تدا ، ده‌بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌ت  بوایه‌و پشتیوانی‌  خۆپیشانده‌ران بوایه‌ ، نه‌ك جه‌ماوه‌ر بێ ئومێد بكه‌ن و  حیزبایه‌تی‌ سوك بكه‌ن و كار بگاته‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رانی‌ پارتی‌   تانه‌ له‌ گۆڕان بده‌ن و بڵێن :
  گۆڕا دوای‌ كاك نه‌وشیروان عاقَڵ  بوه‌ و سه‌رانی‌ گۆڕان له‌به‌ر چاوچنۆكی‌ و به‌رژه‌وه‌ندی‌  خۆیان كاك نه‌وشیروانیشیان له‌كه‌ دار كرد . حه‌یای‌ حه‌یاتان برد چونكه‌ ئه‌گه‌ر مانای‌ حه‌یاتان بزانیایه‌ ده‌بوو به‌و قسه‌یه‌ بمرن و هه‌ڵوێستان هه‌بێت  .   ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ بڵێم : پێشتریش  له‌ نوسێنێكمدا به‌ درێژی‌  ئه‌وه‌م ڕون كردبۆوه‌  ئایا دروستبونی‌  بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌رنامه‌ بوو یان كاردانه‌وه‌ بوو ؟.  ئه‌و كاتیش من بڕوام وابو كه‌ به‌رنامه‌ نه‌بوه‌و ته‌نها كاردانه‌وه‌ بوو .
 به‌لاَم زه‌مینه‌ی‌ دروستبونی‌  له‌و كاته‌دا زۆر له‌بار بوو ، بۆیه‌ ئاوا به‌ زویی گه‌شه‌ی‌ كرد . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر سه‌رانی‌ ئێستای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دوای‌ وه‌فاتی‌ كاك نه‌وشیروان ، ئاوا خۆپه‌رست نه‌بونایه‌و له‌ پێناوی‌ وه‌رگرتنی‌ پله‌و پایه‌و به‌رژه‌ه‌ندی‌ تایبه‌تیدا ته‌سلیم به‌ پارتی‌ نه‌بونایه‌و گوێیان بۆ گۆڕان خوازانی‌ خۆیان بگرتبایه‌ ، بایی ئه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ دڵسۆز هه‌بوو كه‌پشتیوانی‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بكه‌ن و گۆڕان نه‌گاته‌ ئه‌م ئاسته‌ی‌ ئیستا . 
 زۆر به‌داخه‌وه‌  دواجار گۆران حیزبایه‌تی‌ و په‌ڕله‌مان و حكومه‌تیشی‌ سوك كرد . جه‌ماوه‌ر و ئۆپۆزسیۆنیشی‌ بێ ئومێد كرد .    له‌ پراكتیكدا شتێك نه‌ماوه‌  به‌ناوی‌ ئه‌و ئامانجانه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌  بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌  له‌پێناودا دروست بوو . 
كاتێك سه‌رانی‌ پارتی‌ ده‌ڵێن بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان  دوای‌ كاك نه‌وشیروان عاقَڵ بوه‌ ، مانای‌ وایه‌ ئه‌وان  گوڵی‌ خۆیان له‌ گۆڕان كردوه‌  و ئێستا براوه‌ن . بۆیه‌ به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چه‌ن پۆستێكی‌ بێ بایه‌خ له‌م قۆناغه‌دا به‌ گۆڕان بده‌ن ، چونكه‌ ئه‌وان خۆیان باش ده‌زانن  گۆڕان به‌و پۆستانه‌  به‌ هێز نابێت و مه‌رگی‌  گوڕان نزیك ده‌كاته‌وه‌ .  به‌ كرده‌وه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ هه‌ر هێزێك له‌پارتی‌ نزیك ببیته‌وه‌ ، دوایی به‌ره‌و له‌ناو چون ده‌چێت .  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand