Draw Media

فراوانتر له‌ كه‌ركووك

فراوانتر له‌ كه‌ركووك

2020-12-26 07:33:34


 
عارف قوربانی
 

هیچ كات به‌ ئه‌ندازه‌ی ئێستا كه‌ركووك له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه ‌و مه‌ترسیدا نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وكاتانه‌یش كه‌ رۆژانه‌ ده‌یان ماڵی كورد راده‌گوێزران و عه‌ره‌ب ده‌هێنرایه‌ شوێنیان، هێشتا مه‌ترسییه‌كانی به‌ ئه‌ندازه‌ی ئێستا نه‌بووه‌، چونكه‌ ئه‌وكات ئه‌گه‌رچی كورد بێده‌سه‌ڵاتیش بوو، به‌ڵام له‌ ئه‌جێندای كورد و له‌ ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی كورددا كه‌ركووك پانتاییه‌كی زۆری گرتبوو، خه‌مێكی گشتی هه‌بوو بۆ كه‌ركوك. سه‌ره‌ڕای بوونی ناكۆكی و ململانێی زۆر له‌ناو ماڵی كوردی، به‌ڵام كه‌ركووك خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو كورد بوو، هه‌ر بۆیه‌ ئومێدی ئه‌وه‌ش هه‌بوو له‌ هه‌ر هه‌لومه‌رج و ئاڵوگۆڕێكدا كورد هه‌موو ئه‌و هاوكێشانه‌ هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا نه‌ك خه‌مێكی گشتی نه‌ماوه‌ بۆ كێشه‌ی كه‌ركوك، نه‌ك كه‌ركووك خاڵ و خه‌می هاوبه‌شی ناو ماڵی كورد نییه‌، به‌ڵكو كه‌ركووك خۆی بووه‌ به‌ خاڵی ناكۆكی نێوماڵی كورد. ئه‌وه‌تانێ‌ به‌به‌رچاومانه‌وه‌ پرۆسه‌ی ته‌عریب و ته‌شه‌یوع رۆژ له‌دوای رۆژ باسكی خۆی له‌ كه‌ركووك به‌هێزتر ده‌كات، حیزب و ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ هه‌رێمی کوردستان و نوێنه‌رانی كوردیش له‌ناو ده‌سه‌ڵات و جومگه‌ی حوكمڕانی له‌ به‌غدا خۆیان لێكردووه‌ به‌ كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت.

 

له‌نێو ئه‌م كه‌شه‌ بێده‌نگییه‌ی كه‌ركووكدا چه‌ند رۆژێكه‌ باسوخواسی كه‌ركووك گه‌رم بووه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش له‌دوای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ جارێكی دیکە پرسی به‌ هه‌رێمكردنی كه‌ركووكیان وروژانده‌وه‌. بابه‌تی به‌ هه‌رێمكردنی كه‌ركووك نه‌ یه‌كه‌مجاره‌ باس ده‌كرێت و نه‌ ئه‌مه‌ دواجاریش ده‌بێت، گه‌رچی هه‌ركاتی خۆی به‌ مردوێتی له‌دایكبوو، به‌ڵام وروژاندنه‌وه‌ی بۆ جارێكی دیکە كه‌ لانی كه‌م كێشه‌ی كه‌ركووك بخاته‌وه‌ به‌رچاوی خه‌ڵك و به‌بیری ئه‌وانه‌ی بهێنێته‌وه‌ كه‌ كه‌ركووكیان بیرچووەته‌وه‌، بۆ خراپه‌. ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ بكرێته‌وه‌ به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌یه‌ك كه‌ به‌درێژایی ده‌یان ساڵا جه‌وهه‌ری كێشه‌ی كورد بووه‌ له‌ عێراق، گه‌رچی ئێستا كورد ئه‌م كێشه‌یه‌ی له‌بیركردووه‌ و پرسی كورد و خه‌باتی رابردووی و خوێن و قوربانییه‌كانی هه‌مووی له‌ پرسی مووچه‌ی كه‌مینه‌یه‌كدا كۆكراوه‌ته‌وه‌، گۆڕینی سه‌رنجه‌كان و جارێكی دیکە بردنه‌وه‌ی چاوه‌كان بۆ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووك، كارێكی ئێجگار باشه‌.

 

بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ هه‌لومه‌رج و دۆخێكی وه‌ك ئێستای كه‌ركووكدا كه‌ به‌ته‌نیا جێهێڵدراوه‌، بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ركووك له‌م ره‌وشه‌ خراپه‌ ده‌رباز بكرێت، جێگه‌ی ستایشه‌ و ده‌بێت كۆمه‌ك بكرێن، نه‌ك په‌لامار بدرێن و بكه‌ونه‌ ته‌خوینكردنیان. ئاخر له‌ رابردوودا ئه‌م سنووردانان و هێڵه‌ سوورانه‌ وایانكرد كورد ته‌نیا له‌ ده‌وری یه‌ك بژارده‌دا بخولێته‌وه‌ و كه‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێت باسی پرۆژه‌ی به‌دیل بۆ نه‌خشه‌ رێگەكانی دیکە بكات كه‌ به‌ به‌رچاوی هه‌موشمانه‌وه‌ مردار ده‌بووه‌وه‌. بۆیه‌ وروژاندن و ته‌رحكردنی هه‌ر بیرۆكه‌یه‌ك بۆ سه‌رله‌نوێ‌ باسكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی كه‌ركووك پێویسته‌ رامانبكێشێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆیه‌كی عه‌قڵانی مه‌ده‌نییانه‌ و‌ هه‌وڵبدرێت له‌م بارودۆخه‌ سه‌خته‌ سیاسییه‌ی هه‌رێمی كوردستان و له‌م په‌رته‌وازه‌یه‌یی ناوماڵی كورددا، كه‌ركووك بكه‌ینه‌وه‌ به‌ خاڵی هاوبه‌ش كه‌ هیچ پرسێكی دیکە نه‌ماوه‌ پێكه‌وه‌ بمانبه‌ستێته‌وه‌.

 

سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك به‌هۆی بوونی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق، كه‌ركووك دۆخێكی تایبه‌تی وه‌رگرتووه ‌و ئه‌و رێكاره‌ ده‌ستووریی و یاساییانه‌ی بۆ دروستكردنی هه‌رێمه‌كان دیاریكراون، كه‌ركووك ناتوانێ‌ پراكتیزه‌یان بكات. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌قڵییه‌تی حوكمڕان له‌ به‌غداش باوه‌ڕی به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌های ناوه‌ندگه‌رایی هه‌یه ‌و نایه‌وێ‌ فیدراڵی له‌ عێراق بچه‌سپێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ی باسی فیدراڵیش بێت كارێكی باشه‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌رچاویشمان روونه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هیچ له‌مپه‌رێكی ده‌ستووری و یاساییش له‌به‌رده‌م به‌هه‌رێمكردنی كه‌ركوودا نه‌بێت، مه‌حاڵه‌ به‌غدا رێگه‌ به‌ دروستكردنی هه‌رێمی كه‌ركووك بدات. له‌ رابردووشدا پارێزگا سوننییه‌كان و پارێزگای به‌سره‌یش چه‌ند جارێك رێكاره‌ ده‌ستووریی و یاساییه‌كانیان تاقیكرده‌وه ‌و به‌غدا خواسته‌ ره‌واكانیانی به‌ بیانووی جۆراوجۆر فه‌رامۆش كرد. 

 

بۆیه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێكیش ئه‌و مه‌یله‌ی بۆ كه‌ركووك هه‌بێت كه‌ بكرێته‌ هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌سره‌ وه‌ك گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی سه‌رچاوه‌ی داهاتی عێراق له‌ مێژه‌ داوای به‌ هه‌رێمبوون ده‌كات، به‌غدا نایه‌وێ‌ ئه‌و پاساوه‌ش بداته‌ به‌سره‌ و خۆی وه‌ك هه‌رێم رابگه‌یێنێت، له‌وانه‌ش زیاتر به‌هۆی ناكۆكیی نێوان سوننه‌ و شیعه‌ له‌ عێراق و ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی ئێستا بۆ شیعه‌ دروستبوون له‌ ته‌شه‌یوعكردنی ناوچه‌ سوننییه‌كان، مه‌حاڵه‌ رێگه‌ به‌وه‌ بدات ده‌رفه‌ت بۆ زه‌مینه‌یه‌ك خۆشبكات كه‌ سوننه‌ش داوای ئه‌وه‌ بكه‌ن خۆیان حوكمی ناوچه‌كانی خۆیان بكه‌ن. هه‌روه‌ها ئێستا به‌غدا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌یه‌كجاری سیسته‌می فیدراڵی نه‌هێڵێت، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی كه‌ هه‌مووشمان ده‌زانین كه‌ركووك به‌ ته‌نیا كێشه‌ی ناو عێراق و كورد و به‌غدا نییه‌، وڵاتانی دیکەی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیش بوونه‌ته‌ ته‌ره‌ف له‌ كێشه‌كانی كه‌ركووكدا.

 

كه‌واتا پێش هه‌رشت ئه‌وانه‌ی دژی دروستكردنی هه‌رێمی كه‌ركووكن پێویست به‌وه‌ ناكات بكه‌ونه‌ سه‌نگه‌ری دژی ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ داوای هه‌رێمی كه‌ركووك ده‌كه‌ن، حاڵی كورد له‌ عێراق گه‌لێك باش نییه‌ تا ئه‌م پرسه‌ش ناكۆكی زیاتر بخاته‌ نێوانمانه‌وه‌. من كاتی خۆشی كه‌ بیرۆكه‌ی هه‌رێمی كه‌ركووك بەیانکرا له‌دژی بووم، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێم وابوو جیاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی كه‌ركووك له‌ كۆی كێشه‌كانی دیکە، ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌س پێی وابێت رێگه‌ی چاره‌سه‌ره‌، ئه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دواجار ده‌بێته‌ كێشه‌ و گرفتی گه‌وره‌تر بۆ كه‌ركووك و كه‌ركووك به‌ ته‌نیا جێده‌هێڵێت له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن و له‌به‌ر زۆر هۆكار پاش ده‌یان ساڵی دیکە كه‌ركووك ده‌بێته‌ ناوچه‌یه‌كی زۆرینه‌ عه‌ره‌بنشین و كورد تیایدا ده‌بێته‌ كه‌مینه‌. جیا له‌وه‌ی زیان به ‌چاره‌سه‌ری ناوچه‌ كوردستانییه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی دیکەی وه‌ك خورماتوو، ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ناوچه‌كانی كوت و دیاله‌ ده‌گه‌یێنێت. بۆیه‌ پێم وابووه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ته‌نیا به‌دوای چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی كه‌ركووكدا بگه‌ڕێیت باشتر وایه‌ بیرۆكه‌كه‌ فراوانتر بكرێته‌وه‌ و نه‌خشه‌رێگەیه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ین كه‌ له‌ مه‌نده‌لییه‌وه‌ تا شنگال پێكه‌وه‌ بگرێته‌وه‌.

  

بۆیه‌ باشتر وایه‌ كه‌ركووك به‌ته‌نیا نا، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر كورد بتوانێ‌ هه‌ڵوێستی خۆی یه‌ك بخات پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكرێت هه‌رێمێكی دیکە له‌و ناوچانه‌ی كوردستان دروستبكرێت كه‌ له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا كێشه‌یان له‌سه‌ره‌، با كه‌ركووك پایته‌ختی ئه‌و هه‌رێمه‌ بێت، پارێزگایه‌ك له‌ گه‌رمه‌سێر دروستبكرێت بۆ ناوچه‌كانی به‌دره ‌و مه‌نده‌لی و جه‌له‌ولا و خانه‌قین و خورماتوو، له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌واش پارێزگایه‌كی دیکە بۆ ئه‌و قه‌زاو ناحێیانه‌ی دیکە دروستبكرێن و هه‌موویان به‌ هه‌رێمی كه‌ركووكه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك كێشه‌ی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌  پێكه‌وه‌ گرێده‌داته‌وه‌، پێگه‌ی كوردیش تیایاندا به‌هێزتر ده‌بێت وه‌ك له‌وه‌ی ته‌نیا له‌ كه‌ركووك بێت. لانی كه‌م بۆ ئێستا و داهاتوویه‌كی دورتریش كێشه‌ی خاك و سنوور له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌چێته‌ قۆناخێكی دیکەوە‌ و ده‌رفه‌ت بۆ كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ڕه‌خسێنێت ببوژێنه‌وه‌ و سه‌قامگیرتربێت. 

 

سه‌رباری ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسمكردوون، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراق له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی گۆڕینی ده‌ستووردایه‌، ئه‌گه‌ر كورد خۆی بكات به‌ خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌كی به‌دیل بۆ مادده‌ی 140 و‌ كێشه‌ی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ له‌ناو هه‌رێمێكی دیکە له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بخاته‌ڕوو، به‌ مه‌رجی هاوبه‌شیكردنی راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌ ئایینی و ئیتنیكییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌، ره‌نگه‌ سه‌رنجی شه‌به‌ك و ئێزدی و فه‌یلییه‌كانیش رابكێشێت بۆ پشتیوانیكردنی، هه‌روه‌ها سوننه‌ و شیعه‌ی توركمان و عه‌ره‌ب، كلد و ئاشووری و ئه‌رمه‌نییه‌كانی نیشته‌جێی ئه‌و هێڵه‌ له‌ مه‌نده‌لی بۆ شنگال. ئه‌شێ‌ ببنه‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌كه‌، به‌مه‌ ره‌نگه‌ ده‌رفه‌تێك دروستبێت لایەنی هەرێمایەتی و نێوده‌وڵه‌تیش به‌چاوێكی جیاوازتری دوور له‌ هه‌ستیاری لێبڕوانن و هه‌مووان پێكه‌وه‌ عێراق به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ پاڵا بنێن په‌سندی هه‌رێمێكی دیکەی فیدراڵی بكات. به‌مە كێشه‌ی كوردیش چاره‌سه‌ر ده‌بێت و عێراقیش له‌و ئایینده‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ی به‌ره‌و شه‌ڕی تایفی ده‌بات، دوورده‌خاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و عه‌قڵیه‌تانه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئومێدی ئه‌وه‌یان لێناكرێت به‌دوای ژیاندا بگه‌ڕێن بۆ داهاتووی عێراقییه‌كان.

 

rudaw

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand