فەرمانڕەوایی دانا (الحکم الرشید)
2020-12-29 20:55:15
شەپۆل عەسكەری
فەرمانڕەوایی دانا بە پێی پێوەری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەو پێوەرە هەژمار دەکرێ کە ڕێکخراوەکان (میری، نێونەتەوییکان یان کەرتی تایبەت) هەوڵ وکۆشش دەدەن بۆ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و بە چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ لە جومکە پەیوەندیدارەکان، و بۆ ئەم مەبەستە نۆ پرنسیپی سەرکی وەک بەردی بناغەی فەرمانڕەوایی ڕاستەقینە لە نێوان فەرمانرەوایی (دەسەڵات) و کۆمەڵگەی سڤیل وکەرتی تایبەت دەستنیشان کرد:-
تواناسازی،کاریگەری،زڵالی شەفافیەت،بەشداری، بەرسیڤ (بەدەنگەوەچوون)،داد پەروەری، ڕۆڵی یاسا، بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی و بەپرسیارێتی.
کۆمسێۆنی ئەوروپاش ١٢ پرینسیپی وەک شێوازی فەرمانڕەوایی لە ٢٠٠٨ پەسەندکرد و کردنیان بە مەرج لەسەر هەموو وولاتانی بەشدارلە کۆمسێۆن کە دەبێ پابەندبن بە جێبەجێ کردنیان وەک مەرجێکی سەرەکی فەرمانڕەوایی کە بریتین لە:-
دادپەروەری هەڵبژاردنەکان و نوێنەرایەتی و بەشداربوون، بەرسیڤ (بە دەنگەوە چوون)، تواناسازی و کارگەری، بەڕێوەبردنێکی کراوە و زوڵال (شەفاف)، ڕۆڵی یاسا، ڕەفتاری ئێتکی (ڕەوشتی)، شارەزایی و شیاوی، داهێنان و کرانەوە بۆ گۆڕانکاری، بەردەوامی و ڕێنمایی درێژمەودا،( مافی مرۆڤ، کەلتور،جیاوازی و یەکگرتویی کۆمەڵگا) و بەرپرسیارێتی.
هەر دەسەڵاتیک ئەوپرنسیپانەی سەرەوە جێبەجێ بکات جا چ ٩ پرنسیپەکەی گەشەپیدانی نێودەوڵەتی یا خود ١٢ پرنسیپەکەی کۆمسێۆنی ئەوروپا دەکرێ (( پێی بووترێ فەرمان ڕەوای دانا))، کە کۆ ئەنجامی یا ئامانجی خۆشگوزەرانی و دادپەروری و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و وڵات دەبێ.
مەبەستی بەندە لەمە ئەوەیە کە بتوانین تێڕوانینێک لە سەر کۆی شێوازی دەسەڵاتی کوردی بکەین و بزانین ئێمە لە چ ئاستێکی ئەم پێوەرانە داین بە ئەزموونی ٢٨ ساڵ لە فەرماڕەوایی.
یەک بە یەک لەم پرنسیپانە باسبکەین دەکەوینە گێژاوێک مرۆڤ ناتوانێ بە ئاسانی سەری لێ دەربکات، ناشمانەوێ شێووازی فەرمانڕەوایی لە ١٩٩٢تا ٢٠٠٣ باس بکەین هەرچەندە تا رادەیەک لەوەی ئەمڕۆیان باشتر بوو بە هەهەموو خراپەکانیەوە کە خۆی لە شەڕی نەگلیسی ناوخۆ و دووئیدارەیی و ....هتد گرتبو، بەڵام پێشبڕکێیەک هەبوو کە کامیان باشتر خزمەتگوزارێکان پێشکەش دەکەن.
لە دوایی ٢٠٠٣ ەوە و دوای ڕوخانی ڕژێمی صدام زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دۆلاربە فەرمی هاتۆتە هەرێـم، ئەمە جگە لە ئەو بڕە پارەیەی کە بە ناوی نەوت بەرانبەر خۆراک کە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتۆکان بە دووهەلیکۆپتەر کاش پێشکەش بە هەردوو ئیدارە کران، ئەگەر هەڵە نەبم هەر لایەک بڕی ٣٨٠ ملێۆن دولاری وەرگرت.
جگە لە پارەی کاتی تەنکەرە نەوت کە لە ڕێگەی ئێران و تورکیا لە بازاری ڕەش دەفرۆشران، و پارەی گومرگ"نافەرمێکان" کە کۆی گشتیان خۆی نزیک لە ٤٠٠ ملیار دۆلار ئەدا بە فەرمی و نا فەرمیەوە هاوکاری ئەمریکا و ئەوروپا بۆ پێشمەرگە و دەزگاکانی ئەمنی.
ئەم بڕە بووجەیە ئەگەر لە سایەی یاسایەکی پتەو و بە چاودێڕی کەسانێک کە خۆیان بە خاوەنی وڵات دابنایە ئەمڕۆ ئەم هەرێمە لاواز و کەمدەرامەتە لە وڵاتانی کەنداو و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەوڵەمەندتر و باشتر دەبوو لە هەموو بوارەکاندا.
دۆخێکی ئێجگار لەبار بۆ کورد هاتە پێش و چەندین دەرگا کرانەوە کە هەرێمی گەیاندە ئاستێک وڵاتانی خاوەن سیادە و دەسڵات و ئاڵا خەونیان پێوە دەبینی و وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ زلهێزەکان مامەڵەیان لە گەڵ هەرێم دەکرد، نەتان توانی ئەو بارودۆخە بپارێزن و هەوڵی گەشەپێدانی بدەن لە بری ئەوەی دۆستی زێدەتر بۆ خۆتان پەیدا بکەن بە تایبەت لە عێراق ڕۆژ دوای ڕۆژ نەیارتان بۆ خۆتان زیاد کرد.
تا ئێستا لە سیستمی فیدراڵی تێنەگەیشتوون و ناشزانن بە چ شێویەک ڕەفتار بکەن لە گەڵ بەغدا لە چوارچێوەی ئەم سیستمە، لە کاتێکدا ئێوە بۆ خۆتان بەشداری جدی بوون لە نووسینەوەی دەستووری عێراق و ئەوەندە سووربوون و دڵتان پێ خۆش بوو، تەنانەت فشارتان خستە سەر پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بە زووترین کات پەسندی بکات ئەوە بوو نە گەیشتە کاتژمێرێک بە تێکرای دەنگ پەسند کرا.
دەبێ ئێوە هەموو ڕۆژێک لە خۆتان بپرسن کە ئێوە بۆ لە هەموو تاقیکردنەوەکان شکستان هێنا و هەموو کاتێکیش شکستی خۆتان بە شەماعەی بەغدا و ئێران و تورکیا و .....هتد. هەڵئەواسن.
ئێوە لە داوای ٢٨ ساڵ نەتانتوانی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ هەرێم بچەسپێنن،" تێدەگەین کە بۆ ئێوە دەستنادات و دەتانەوێ هەر بەم شێوەیە بمێنەوە رۆژانە یاسا دەرکەن کە بەرژەوەندێکانتان بپارێزێ". تەنانەت لە بەغداش نەتانتوانی ڕۆڵێکی باش و سەرکەوتو ببینن، لایەنی کەم پرنسیپی سازانتان بپاراساتیە بۆ ئەوەی بڕیارەکان نەگەیشتایەتە زۆرینە وکەمینە.
کەستان بەرپرسیارێتی شکستەکانتان نەخستە سەر شان و دەستان لە کار نەکێشایەوە تا خۆتان گەیاندە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ وەک سواڵکەر ئەچن ئەپاڕینەوە بۆ ئەوەی بەغدا تەنها بە شێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرت ئەی نەتان دەزانی کە کێشەی ئێوە لە بەغدایە نەک لە تاران و ئەنکەرە ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەوپەری شەرمەزاریە.