رۆشنبیری دژە ئازادی
2021-02-22 16:18:26
پێشواز فەیزوڵا
وەڵامێک بۆ مەریوان قانع و ئاراس فەتاح
ووتارەکەیان بە ئەم رستەیە دەستپێدەکات: "لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بەشێوەیەکی گشتی، ژن خاوەنی جەستەی خۆی نییە." لەسەر بنەمای ئەم رستەیە، ئەم ئارگیومێنتە دەخەنەڕوو: ئەگەر ژن خاوەنی جەستەی خۆی نەبێت (مەبەستیان لە کچان و ژنانە کە لە ڤیستیڤاڵی باڵاپۆشییدا بەشداربوون وەک گروپی یەکەم؛ ئەو ژنانەشی کە مۆدێلن و لە ئێستادا بوونەتە جێگەی باس لە کوردستان وەک گروپی دووەم)، کەواتە قسەکردن لەسەر ئازادی هەڵبژاردن لای ئەو ژنانە، بەگوێرەی ووتارەکەیان، "خۆهەڵخەڵەتاندنە". لە دەرئەنجامی ووتارەکەشیاندا باس لەوەدەکەن کە لەدەرەوەی ئەو دوو گروپە لە ژن، گروپی سێیەم هەیە کە ئەو ژنانەن کە خاوەنی جەستەی خۆیانن. هەروەها دەڵێن پێویستە بەرگری لە گروپی سێیەم بکرێت نەوەک لە گروپی یەکەم و دووەم لەبەرئەوەی تەنها گروپی سێیەم خاوەنی تەواوی جەستەی خۆیەتی و هەڵبژاردنەکانی دروستن.
ئەو نووسەرانە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی "ئەوانەی خاوەنی جەستەی خۆیان نین" و "ئەوانەی خاوەنی جەستەی خۆیانن" تێکڕای ئارگیومێنتی ووتارەکەیان داڕشتووە. بەڵام بناغەی ئارگیومێنتەکەیان هەڵەیە. واتە ئەو جیاکردنەوەیە بەو شێوە رەهایە بوونی نیە. لەخوارەوە روونیدەکەمەوە.
خاوەندارێتی جەستەی ژن
یەکێك لە ئارگیومێنتە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی فێمینیستی لە سەرتاسەری دنیادا بریتییە لە داکۆکیکردن لە مافی ژن لە خاوەنداریکردنی جەستەی خۆیدا (واتە سەربەخۆیی ژن لە کۆنترۆڵکردنی جەستەی خۆیدا). کۆنترۆڵکردنی سێکسکردن و سیستەمی منداڵبوون لەلایەن ژن خۆیەوە گرنگترین و سەرەکیتریین بەشی ئارگیومێنتی فێمەنیستەکانە و بناغەی خودخاوەنداریکردنی جەستەی ژنە.
خودخاوەنداریکردنی سیستەمی منداڵبوون واتە تەنها ژن خۆی بڕیاربدات لەسەر رێگەکانی بەرگرتن لە سکپڕبوون، هەروەها لەکاتی روودانی سکپڕبوونی پلانبۆدانەنراودا، ژن مافی بڕیاردانی هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەو سکپڕییە، لانیکەم لە یەکەم سێیەی قۆناغی سکپڕبووندا.
ژنان لە چەندین ووڵاتدا ئەم مافەیان هەیە و ئەم مەسەلەیە یەکێکە لە تەوەرە گشتی و سەرەکییەکانی داکۆکیکاریی بزوتنەوەی فێمێنیستی لە دنیادا لەبەرئەوەی مافی کۆنترۆڵکردنی جەستە دەخاتەوە دەستی ژن خۆی و لەژێر کۆنترۆڵی پیاو و دیین و دەوڵەت و هێز و گروپەکانی دیکە دەرهێنراوە.
ئەگەر پێوەرێکی گەردوونیی مافی ژن بۆ خاوەنداریکردنی جەستەی خۆی بریتیبێت لە مافی ژن بۆ کۆنترۆڵکردنی سیستەمی منداڵبوون، کەواتە دەتوانیین ئەم پێوەرە بەکاربهێنیین بۆ هەڵسەنگاندنی هەمان پرس لە کوردستان.
مەریوان و ئاراس پێماندەڵێن کە گروپی سێیەم لە ژنان لە کوردستان خاوەنی جەستەی خۆیانن. ئەم ڕاگەیاندنە ڕاست نیە.
لە عێراق و لە کوردستان لەباربردنی سکپڕیی تاوانە و ژنی ئەنجامدەر سزای یاسایی دەدرێت بەپێی ماددەی ٤١٧ لە یاسای سزادانی عێراق.
لە ووڵاتێکدا کە ژن مافی کۆنترۆڵکردنی سیستەمی منداڵبوونی بەدەست خۆی نەبێت، کەواتە ژن خاوەنی تەواوەتی جەستەی خۆی نیە. ئەمەش ڕاستییەکی بابەتییە و لە 'ڕا' بەدەرە.
کەواتە ڕستە ڕاستەکە ئەمەیە: ژنان لە کوردستان خاوەنی جەستەی خۆیان نین. کەواتە ژنانی گروپی سێیەمیش کە مەریوان و ئاراس دەستنیشانیانکردوون، خاوەنی تەواوەتی جەستەی خۆیان نین.
بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئەم ناڕاستییەیان کردۆتە بناغەی نووسینەکەیان؟
لەناو مەتنی ووتارەکەی مەریوان و ئاراسدا خستنەڕوویەکی تێروتەسەل هەیە لەبارەی چۆنیەتی کۆنترۆکردنی جەستەی ژن لەلایەن هێزگەلی دەرەوەی ژن و بەو پێیەش پاشکۆکردنی ژن و ئیستیغلالکردنی لەناو کۆمەڵی کوردیدا لەلایەن هزری پیاوباڵایی و ئایینی و دەستەڵاتی مەعریفی و کۆمەڵایەتییەوە. لەم ڕووەوە، ئەوەی خستوویانەتەروو هەمووی سەرنج و شیکاریی یەکجار ورد و گرنگ و دروست و بەسودن و لەسەدا سەد لەگەڵیاندام. ئەگەر مەریوان و ئاراس بەتەنها سەرنجەکانیان لەچوارچێوەی ڕەخنەکردنی ئەو دۆخ و ژینگەیەدا بهێشتایەتەوە کە ئەو ژنانەی گروپی یەکەم و دووەمی کردووە بە قوربانی، ئەوا من ئەم نوسینەم نەدەنووسی.
بەڵام ئەوان لە ڕەخنەکردنی ژینگە و دۆخەکەوە بازیانداوە بۆ ڕەخنەکردنی ئەو ژنانەی کە حیجابیانکردووە و جوانکاریی دەکەن و بوونەتە مۆدێل. بەڵگەش ئەوەیە کە لە کۆتاییدا گروپی سێیەم دەهێننە ناو بابەتەکە و پێماندەڵێن کە دەبێت تەنها بەرگریی لە گروپی سێیەم بکەین. لەم فەتوایەیانەوە دەردەکەوێت کە مەریوان و ئاراس ژنانی گرووپی یەک و دوو یەکساندەکەن بەو ژینگەیەی کە تیایدا هەڵدەسوڕێن، و کاتێک ئیدانەی ژینگەکە دەکەن (کە کارێکی ڕەوایە) بازدەدەن و ئیدانەی ژنەکانی ئەو ژینگەیەش دەکەن (کە ناڕەوایە). لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی مەریوان و ئاراس لە ڕەخنەکردنی جەلادەوە پەڕیوونەتەوە بۆ ڕەخنەکردنی قوربانی؟
بەگوێرەی خستنەڕووەکانی خۆیان، ژنانی گروپی یەکەم و دووەم قوربانیین و ئەم دوو نووسەرە داکۆکیکارە لە مافی ژن چۆن هێرشدەکەنە سەر قوربانییەکان و تێکەڵیاندەکەن لەگەڵ ئەو دۆخەی کە ئەو ژنانەی کردووە بە قوربانی؟
ئینجا لەسەر بنەمای گریمانەیەکی ناڕاستەوە، دەچنە سەر قسەکردن لەسەر ئازادی و ئازادیی بڕیار و ئازادیی هەڵبژاردن و دواجاریش تەحریمکردنی بەرگریکردن لە هەڵبژاردنەکانی گروپی یەکەم و دووەمی ژنان و ژنەکان خۆشیان، ئەمەش چەند گرفتێک دروستدەکات:
یەکەم: لەناو ئەم ووتارە فەتوائاسایەی ئەم دوو نووسەرەدا تەنزێکی شاراوەی ترسناک هەیە کە پێماندەڵێت: لەبەرئەوەی ئەو ژنە جەستە لێزەوتکراوانە ئازاد نین لە خاوەندارێتی جەستەی خۆیان، کەواتە هەڵبژاردنەکانیان ئازادانە نیین، و بەوپێیەش ناکرێت بەرگری لە 'هەڵبژاردنەکان'یان و خودی ئەو ژنانەش بکەین.
بێگومان لە نووسینەکەیانەوە ئەو پەیامە شاراوە چەوتەشمان پێدەدەن کە بەرگریکردن یەکسانە بە تەبەنییکردن. واتە ئەگەر کەسێك بەرگری لە ئازادیی هەڵبژاردنی کەسێک یان گروپێکی دیکە کرد، واتە ئەو کەسە ئەو هەڵبژاردنەی پەسەندە. ئارگیومێنتەکەی ئەم دوو نووسەرە (و زۆرێکی هاوشێوەیان) دەیەوێت وەهای پیشانبدات کە ئەگەر یەکێک بەرگری لە مافی حیجابکردن بکات، کەواتە ئەو کەسە خوازیاری کۆیلەکردنی ژنە؛ ئەگەر یەکێك بەرگری لە مافی ژنێك بکات کە جوانکاریی دەکات و لایەنی جنسی خۆی دەردەخات، ئەوا ئەو بەرگریکردنە برەودانە بەو کردارە؛ بۆ نمونە ئەگەر یەکێک بەرگری لە زەردەشتییەکان بکات بۆ مومارەسەکردنی ئازادانەی دینەکەیان، واتە ئەو کەسە برەودەدات بە بڵاوکردنەوەی زەردەشتییەت. (وابزانم بیرۆکەکە روونبووەوە).
ئەم تێگەیشتنە تێگەشتنێکی چەوتە و لە دواجاریشدا هەزەلییە و بەرمەبنای تێنەگەیشتنە لە خودی بەرگریکردن لە ئازادیی هەڵبژاردن. لە کوردستان بەردەوام گوێمان لە گوتاری ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە دەبێت، و ئێستاش مەریوان و ئاراس هەمان گوتار دووپاتدەکەنەوە.
لەوەش مەترسیدارتر، پێشمەرجێکی ترسناک و دژەئازادی دەخرێتەڕوو ئەویش ئەوەیە کە تەنها مرۆڤی ئازاد و خاوەنداری جەستەی خۆی دەتوانێت بڕیاری ئازادانە بدات لەبارەی جەستەی خۆی، و ئەوانەی تر بڕیارەکانیان هەمووی پووچن، و بەرگریلێکردنیان هەڵەیە. ئەگەر گریمانەی ئەم قسەیە ڕاستیش بێت، دەرئەنجامەکەی چەوتە. ئەوان نایانەوێت لەوەتێبگەن کە کاتێک بەرگری لە مافی ژنێک بۆ حیجابکردن دەکەین، لە راستیدا بەرگری لە مافی ژنێکی دیکەش دەکەین بۆ لابردنی حیجاب.
لەسەرەتادا روونمکردەوە کە لە کۆمەڵی کوردیدا هیچ ژنێك خاوەنی تەواوەتی (رەهای) جەستەی خۆی نیە، کەواتە بەگوێرەی لۆجیکی ئاراس و مەریوان، هیچ هەڵبژاردنێکی ژنانی کورد مایەی بەرگریلێکردن نیە.
دووەم: جوداکاریی لەنێوان گروپەکانی ژناندا لەسەر بنەمایەکی ئایدیۆلۆجی کە مەریوان و ئاراس، بەشێوەیەکی هەڵە، دووانیان بێبەشدەکەن لە مافی بەرگریلێکردن و بۆ سێیەمییان ڕەوایدەکەن، کە لە ڕاستیدا گروپی سێیەمیش لەڕووی ئەو پێوەرەی ئەوان دایانناوە بۆ ئەو پێشمەرجە، کە خاوەندارێتی جەستەیە، جیاوازییان لەگەڵ گروپی یەکەم و دووەمدا تەنها لە دەرجە خاوەندارێتییەکەدایە نەوەک لە هەبوونیدا. لەباشترین حاڵەتدا لەوانەیە گروپی سێیەم بە چەند دەرەجەیەك زیاتر لە گروپی یەکەم و دووەم، خاوەنی جەستەی خۆی بێت، بەڵام خاوەنداریی تەواوەتی نیە. بەڵام ئەمە بناغەی ئارگیومێنتەکەی مەریوان و ئاراس نیە. لە ووتارەکەی ئەواندا جیاوازی لەنێوان هەبوون و نەبووندا کراوە، نەوەک پلەکانی هەبوون.
سێیەم: بەرگریکردن لە ئازادی
مەترسیدارترین تەنزی ووتارەکەی مەریوان و ئاراس بریتییە لە حەرامکردنی بەرگریکردن لەو هەڵبژاردنانەی ژنان کە بەلای ئەم دوو نوسەرەوە بەرمەبنای ئازادی نین و حەڵاڵکردنی بەرگریکردن تەنها لەو گروپەی کە خاوەنی جەستەی خۆیەتی. بەگوێرەی لۆجیکی نوسینەکەیان، مەریوان و ئاراس مەرج دیاریدەکەن بۆ 'ئازادیی هەڵبژاردن' و بەرگریکردنیش لەو ئازادییە سنورداردەکەن بۆ دەستەیەك، نەوەک بۆ گشت.
ئارگیومێنتەکەیان لەگەڵ ئەوەدا کە ناڕاستە، مەترسییەكی دیکەشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە گروپە ئایدیۆلۆجیستە دژە ژنەکانی دیکە دەتوانن بیقۆزنەوە بۆ داکۆکیردن لە سەرکوتکارییەکانیان بەرامبەر بە ژنان. بۆ نمونە هێزە ئیسلامییەکان دەقاودەق هەمان ئەم ئارگیومێنت و میکانیزمەی مەریوان و ئاراس بەکاردەهێنن و دەڵێن ژنی سفور ئازادانە بڕیارینەداوە و ناکرێت بەرگریلێبکرێت و دەبێت تەنها بەرگری لە ژنی حیجابکردوو بکرێت چونکە 'تەنها ژنی حیجابکردوو لە ئازادی ڕاستەقینە تێگەیشتووە'. یاخود دەستەڵاتی سیاسی هەمان ئارگیومێنت بەکاردەهێنێت بۆ قەدەغەکردنی بەرگریکردن لەوانەی دژی دەستەڵاتەکەیین.
تێگەیشتن لە ئازادی
ئازادی لەلای کورد یەکێکە لەو چەمکانەی زۆرترین هەڵەتێگەیشتن لەبارەیەوە هەیە. بۆ نمونە ئازادیی هەڵبژاردن/بیرکردنەوە/بڕیاردان بریتی نیە لە ڕێبازێک/ڕێگەیەك/بەرنامەیەك بۆ کردنی شتی باش یان باشترین.
بەڵکو ئازادی بریتییە لە ژینگەیەك کە تیایدا مرۆڤ بتوانێت هەڵە بکات. ئازادی بوار و کایەیە، نەوەک بەرنامە و پرۆگرام و مەزهەب. کاتێک تاکەکەسەکان ئازادبن لە هەڵبژاردن و کردارکردندا (بەبێ زیانگەیاندنی جەستەیی ئەوانیتر و پێشێلکردنی مافی ئەوانیتر)، ئەوکات کۆمەڵ بەتێکڕا دەتوانێت زامنی ئەوەبکات مافی هیچ کەس پێشێلناکرێت و هیچ کەس سەرکوت و دەمکوتناکرێت. هەر لەناو ئەو ژینگەیەشدا تاکەکەسەکان دەتوانن مومارەسەی ژیانی خۆیان بکەن بەمەرجێک زیانی جەستەیی بە کەسانی دیکە نەگەیەنن و مافیان زەوتنەکەن. بەرگریکردنیش لە ئازادیی کەسەکان لە هەڵبژاردنی ئەو شتانەی بەلای خۆیانەوە باشن، تەنانەت ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە لەلای هەندێك باشیش نەبێت، بناغەی سەرەکی فەراهەمبوونی ئەو کایەی ئازادیەیە. بێبەشکردنی گروپێک لە مافی بەرگریلێکردن بەهەرپاساوێک بێت بێجگە لەوەی تێنەگەیشتنە لە خودی ئازادی، دژایەتیکردنی ئازادییە و دەبێتە مایەی بەرتەسککردنەوەی ئازادی و ماف.
یەکێکی دیکە لە هەڵەتێگەیشتنەکان بریتییە لە یەکسانکردنی ئازادی هەڵبژاردن لەگەڵ هەڵبژاردنی راستترین بژارە. ئەمەش مەترسیدارە لەبەرئەوەی چەمکی 'ڕاست' یاخود 'بژارەی ڕاست' پاساودەدات بە سەرکوتکردنی کەمینە لەلایەن زۆرینەوە، یاخود سەرکوتکردنی خەڵک لەلایەن دەستەڵاتی ستەمکارەوە. کاتێک زۆرینەی خەڵك، یاخود دەستەڵاتی ستەمکار، پێناسەیەك بۆ چەمکی "ڕاست" بە جۆرێك دەکەن کە خۆیان دەیخوازن و سنورەکانی دیاردەکەن، لە ئەنجامدا هەموو ئەوانەی دەرەوەی پێناسەکەی خۆیان بە 'ناڕاست' دادەنێن و شەرعیەتیش دەدەن بە سەرکوتکردنی هەڵاوێردکراوەکان. ئەو شەرعیەتدانە مەرج نیە ڕاستەوخۆ بانگەشەی سەرکوتکردن بکات، بەڵکو دەشێت هاندەر و ڕێگەخۆشکەری بێت، یاخود بێدەنگبوونبێت لە ئاست پێشێلکارییەکاندا، کە دواجار ستەمکاریی لێدەکەوێتەوە.
مەریوان و ئاراس هەمان ئەم کارەیان کردووە لەم ووتارەیاندا. ئەمان وەسفەیەکیان داناوە یاخود پێناسەیەکیان کردووە بۆ ئەوەی کە لای ئەوان 'ڕاستە' و شایەنی بەرگریلێکردنە؛ لەبەرامبەردا ئەوەی دیکەیان بێبەشکردووە لە مافی بەرگریلێکردن لەبەرئەوەی بەڕای ئەوان 'ناڕاستە'. پێدەچێت مەریوان و ئاراس (زۆر کەسانی تریش لە کۆمەڵی کوردیدا) ئازادی و ئازادیی هەڵبژاردن وەک ئیمتیاز تەماشابکەن نەک وەک ماف.
لە تەحریمکردنی بەرگریکردنەوە بەرەو سەرکوتکردن
تەنزێکی مەترسیداری ئەو ووتارەی مەریوان و ئاراس پێماندەڵێت کە بەرگریکردن لە گروپی یەکەم و دووەم ناجائیزە و تەنها بەرگریکردن لە گروپی سێیەم ڕەوایە. پاساوەکەشیان ئەوەیە کە گروپی یەکەم و دووەم هەڵبژاردنەکانیان ئازادانە نەکردووە. پرسیارەکە لێرەدە ئەمەیە: ئەگەر قسەکەی ئەو دوو نووسەرە بە ڕاست وەربگرین، کەواتە بەرگریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ژنانە کارێکی خراپە. و لێرەوە ئەمان لە بواری ئازادییەوە دەچنە ناو بواری بەهاوە، واتە باش و خراپ؛ بەواتەیەکی دیکە دەچنە پانتایی الامر بالمعروف و النهی عن المنکر.
پرسیاری گرنگ ئەمەیە: لەئەگەری بەڕاستدانانی ئارگیومێنتەکەی مەریوان و ئاراسدا: ئایا زیانی گشتیی بەرگریکردن لە ژنانی گرووپی یەکەم و دووەم بەبەراورد بە زیانی گشتیی سەرکوتکردنی ئەو دوو گروپە لەکاتی بەرگرینەکردن لێیاندا، کامیان زیانی زیاترە؟
لە تێکڕای گشتیدا یاخود لە دەرئەنجامی کۆتاییدا (ئەگەر مەریوان ئاراس سەد لە سەدیش ڕاست بن لەبارەی بەهای کردارەکانەوە) بەرگریکردن لە هەڵبژاردنێکی ئەنجامدراو لەسەر بنەمایەکی چەوت و هەڵە هێشتا مەترسیی و زیانەکانی کەمترن لە بەرگرینەکردن لە هەمان ئەو هەڵبژاردانانە. لەبەرئەوەی لە ئەگەری یەکەمدا (بەگوێرەی ئەوان) هەڵبژاردەی چەوت بڵاودەبێتەوە، بەڵام لە ئەگەری دووەمدا ئازادیی هەڵبژارن و ئازادیی دەربڕیین زەوت دەکرێن. ئەگەر ئەم دۆخە بەراوردبکەین بە جەستەی مرۆڤێك، ئەوا لە ئەگەری یەکەمدا وەک ئەوە وایە ئەو جەستەیە تووشی هەوکردنێك بووبێت کە ئەگەری چارەسەری هەیە و لە ئەگەری دووەمدا ئەو جەستەیە تووشی شێرپەنجەیەکی کوشندە دەبێت.
شەڕی من لەسەر فراوانکردنی ئازادییە نەوەک بەرتەسککردنەوەی. دڵنیام مەریوان و ئاراسیش هەمان بانگەشە دەکەن. بەڵام جیاوازیی هەڵوێستی من لەگەڵ ئەوان لە ووشەی "بەڵام"دایە. ووتارەکەی ئەوان دەڵێت لەگەڵ ئازادیداین بەڵام دەبێت بەگوێرەی ئەو مەرجانەبێت کە لە ووتارەکەدا خراونەتەڕوو. منیش دەڵێم دەبێت بواری ئازادیی دەربڕیین و هەڵبژاردن و مومارەسەکردن فەراهەمبێت و خەڵک لەناو ئەو کایەیەدا هەڵبژاردنی ڕاست و هەڵەی خۆیان بکەن و لەهەڵەکانەوە فێرببیین.
بیری دەستەگەرایی و ئایدیۆلۆجی پێیوایە هەموو ڕاستی و باشی و چاکەکان بەشێوەیەکی ڕەها لەلای خۆیەتی و پێوەرە ڕەهاکەی خۆی دیاریدەکات کامە باشە و کامە خراپە. ئەم بیرکردنەوەیە هەمان بیرکردنەوەی دیینە. پیاو و گوتاری دیینی پێماندەڵێن: ڕێگە ڕاستەکە ئەمەیە و دەبێت پێڕەوی بکەن چونکە ڕێگەکانی دیکە چەوتن.
بەڕای من پێویستە لێگەڕێین بوار هەبێت بۆ هەمووان بۆ ژیانکردن و پێگەوەژیان. ئەم تەحریمکردنی بەرگریکردنە لە حیجاببوون و مۆدێلبوون هیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ تەحریمکردنی ئازادیی ژن بۆ خوێندن و خۆشەویستی و سێکسکردن و هەڵبژاردن و بڕیاردان و ژیانکردن. ئەمانە دوو دیوی هەمان دراوی دژە ژن و دژە ئازادیین.
تێبینی: لەم نوسینەدا 'ژن' وەک زاراوە بەکارهێنراوە بۆ وەسفکردنی نیوەی کۆمەڵ و 'کچ' تەنها بۆ ئەو ژنانەیە کە تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵەوەیە، ئەم بەکارهێنانەی زارەوەی گشتیی 'ژن' بۆ رەتکردنەوەی ئەو جیاکاردنەوە سیکسیستیانەیە کە لەناو زمان و کلتوری کوریدا هەیە و ژن لە کچ جودادەکاتەوە لەسەر بنەمای پێشتر سێکسکردن. بەکارهێنانی یەک زاراوە بۆ لەخۆگرتنی هەموو نیوەی کۆمەڵ گرنگە بۆ پرسی ئازادی ژن و دورکەوتنەوە لە سێکسیزم.