ئایا هەرێم لە مەترسیدایە؟!

Draw Media

2023-08-18 20:54:54




د. كامەران مەنتك
 
چەندین ساڵە لەسەر دۆخی هەرێم دەنووسم، پێ بە پێی شیكردنەوەم بۆ ئەوگۆڕانكاریانە كردووە، كە لە سیستەمی جیهانیدا روودەدات وپێگەی كوردستانم لەناو ململانێیە هەرێمی و جیهانییەكاندا رونكردۆتەوە، بەڵام لە جیاتی ئەوەی گوێی لێبگرن، ناوە ناوە نامەیەكی هەڕەشە ئامێزم لە ژێر ناوی جیاوازەوە بۆ دێت و دەڵێت:" هیچ حیزبێك گوێ لە قسەكانت ناگرێت، دانیشە هەی داماو!!!".
بەر لە هەموو شتێك من بۆ حیزبەكانی كوردستان نانووسم، لەبەرئەوەی پێم وایە تاوەكو ئێستا لە باشووری كوردستان حیزبی سیاسی بە چەمكە ئەكادیمییەكەی دروست نەبووە، ئەوەی هەیە كۆمەڵێك هێزی خێڵەكین ولەژێر روخسارو بچمی حیزبی سیاسیدا كار دەكەن ولەلایەن هێزە هەرێمی وجیهانییەكان بەكاردەهێنرێن، ئەو هێزانە هێندەی خەریكی جێبەجێكردنی ئەجێندا هەرێمی و دەرەكیەكانن، هێندەی هەوڵدەدەن بۆ مانەوەو هێنانەدی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان، بە هیچ شێوەیەك لە خەمی نیشتمان و وڵاتدا نین و نەبوون وهەرگیز رۆژێك لە رۆژان خاوەنی ستراتیژێكی نەتەوەیی و نیشتمانی نەبووین، نیشتمان لای ئەوان تەنیا ئەو چێرە شیردەرە بووە، كە خەریكی دادۆشینی بووینەو لە پەنای ئەوەوە خۆیان دەوڵەمەند كردووە!
وەك لە زۆر شوێنی تردا ئاماژەم پێكردووە، لەماوەی سی ساڵی رابردوودا، هێندەی ئەوانە بەتەنگ تێكدانی ئەو هەرێمەو ریسواكردنی خەڵك ونیشتمان بووینە، دوژمنەكانی كورد هێندەیان نەكردووە، لەكۆتایشدا بەرهەمیان كوردستانێكی وێران و گیرفانێكی گەرم بووە بۆ ئەوان، میللەت برسی و ئەوان تێرو سەرمایەدار، دیارە ئەمەش ئەنجامێكی سروشتی ئەو هێزە كرێگرتانەیە، كە نە لەملانێیەكان تێدەگەن و نەدەشیانەوێت تێیبگەن، چونكە لەبنەڕەتدا كاری ئەوان نییە لەو بابەتە هەستیارانە تێبگەن، كاری ئەوان تەنیا كاسبی وگیرفان پڕكردن ودادۆشینی وڵات وچرووك كردنی خەونەكانی میللەتە، خۆشیان ئەو راستییە باش دەزانن و لەمەشدا دووچاری پاراداۆكسێكی سەیر هاتوون، لەكاتێكدا راشكاونە نەفرەت لەمێژووی سی ساڵەی خۆیان دەكەن ونایانەوێت ئەو مێژووە لەسەر خەباتی سیاسی بنەماڵەكانی ئەوان حیساب بكرێت، لەهەمان كاتدا كتێبی قەبە قەبەو گەورە دەنووسن، بۆ ئەوەی راستییەكان چەواشە بكەن ووەك هەمیشە خۆیان بە قارەمان و وڵاتپارێز نیشان بدەن!.
لە راستیدا دۆخی هەرێمی كوردستان لەئێستادا  قۆناغی مەترسی تێپەڕاندووەو لە ناو نسكۆو هەڵوەشاندنەوەدایە، پەرلەمان وەك دەزگایەكی یاسا دانان دەرگای داخراوە، كە پێم وانیە جارێكی تر ئەو دەرگایە بكرێتەوە وكورد گەڕاوەتەوە قۆناغی بەر لە راپەڕین، نەك ساویلكەیی، بگرە گەمژەییشە وا بیر بكرێتەوە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی ئێراق هەڵبژاردنی هەرێم بەڕێوەبەرێت، لەكاتێكدا حكومەتی ئێراق شێلگیرانە كار بۆ نەهێشتنی شەرعیەتی هەرێم دەكات، داخستنی دەرگای پەرلەمان دوا قۆناغی ئەو سووكایەتی پێكردنەیە، كە لەماوەی سی ساڵی رابردوودا بەو دەزگایە كراوە، دوا بزمارە لە تابووتی دەنگی خەڵك وئەو دەزگایەی لەرووی یاساییەوە دەیتوانی زۆر هەنگاوی گەورە بنێت!.
حكومەت لەرووی یاساییەوە بۆتە دیكۆرێكی رەزا گران و كاربەڕێكەر، جگە لە بەڕێكردنی كاری رۆژانەی هاوڵاتیان هیچ دەسەڵاتێكی شەرعی تری نییە، نەوت وداهاتەكان، كە سەرچاوەیەكی گرنگی هێزی هەرێم بوو وخراپ بەكارهێنرا، لەدەست هەرێم دەرهێنرا و زۆر ئاستەنگە جارێكی تر بگەڕێتەوە. هێزی پێشمەرگە پەرتەوازەیەو لە ساتە سەختەكاندا ناتوانێت بەرگری لەهەرێم بكات، وەك لەكاتی هێرشی داعشدا بینیمان، كە ئەگەر یارمەتی هاوپەیمانان ودەرو دراوسێ نەبوایە، چەند هەنگاوێكی كەمی مابوو پایتەختی هەرێمیش كۆنتڕۆڵ بكات. جێگەی داخە لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە ئەركی راستەقینەی خۆی لەدەست داوەو لەجیاتی نیشتمان بۆتە پارێزەری دوو بنەماڵەی سیاسی لە هەرێم، هەر بۆیەشە ناتوانێت یەكبگرێت و وەك هێزێكی نیشتمانی وتۆكمە دەركەوێت، سەرباری ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی هەرێم بۆتەوە، ئەگەر هێزی پێشمەرگە یەكبگرێتەوە، ئەو دووبنەماڵەیە بێ چەتر دەمێننەوەو دەكەونە بەر شەپۆڵی هێزی تووڕەی خەڵك.
ئەو دۆخە بەر لەهەموو كەسێك، زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی لەناخەوە رووخاندووە، وەك میللەتێكی سڕ بوو، بەخۆشحاڵییەوە چاوەڕێی نەمانی هەرێم دەكەن، كە دنیایەك خوێنی خۆیانی بۆ رژاندووە، رەنگ بێت هیچ كارەساتێك لەوە گەورەتر نەبێت، كە میللەتێك لەسەر گۆی زەوی رووبەڕووی بووبێتەوە.
ئێستا هەرێم لە مەترسیدا نییە، بەڵكو لە قۆناغەكانی كۆتایی سەرەمەرگدایە، لە قۆناغێكدایە، كە ئەوانەی لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا،  قۆنتەراتی وێرانكردنی هەرێمیان ئیمزا كردبوو، چاوەڕوانی فیتەی ناوبژیوانن، بۆئەوەی رابكەن و گۆڕەپانەكە جێبهێڵن، ئەو گۆڕانكاری قەیرانەی خەریكە روو لەناوچەكە دەكات، هیچ شوێنێك بۆئەوان ناهێڵێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand