کێشەی فەرهاد پیرباڵ، چیە ؟

Draw Media

2023-08-18 20:52:10



 

بەشدار عوسمان
ماوە ماوە دەردەکەوێت و هەموومان نیگەراندەکا و  خەتێکی تۆختر بەژێری هەموو ئەو مەترسییانە دەهێنێت لەسەر ژیان و ئازادی و چارەنووسی هەر تاکێک لە کۆمەڵگایەی دەمێکە دەنگ و ڕەنگی نائەمەنی و ستەمکاری و نادادی،  بەسەر هەموو لایەکەوە دێت و دەچێت .
هەروەکو چۆن چەند ساڵێک چەکهەڵگرتنی کۆمەڵیک کەس بەناوی (شۆرشەوە) زۆر گران لەسەر ئەو خەڵک و کۆمەڵگا کەوتەوە، لەبڕی ئەو (شۆرشەیان) خاک و خۆڵ و عاسمانەکانیشیان لەسەر خۆیان تاپۆکرد، بانقی دنیا نەماوە پڕی نەکەن لەپارەی ئەو خەڵکە،پایتەختی دنیا نەماوەتەوە ریزێک ڤێلا و ئاپارتمان بەناوی کوڕ و نەوەکانیان نەکەن ، لەگەڵ ئەوەشدا چاومان ئەوەش دەبینێت، بەشێکی زۆری نووسەران و رۆژنامەنووسان بوون بەبەشێک لەو سیستەمی دزی و فەرهوودییە بەوەرگرتنی خانوو و زەوی و وەرگرتنی مووچەیەکی زەبەلاح تەنانەت بەدەر لە یاسا و رینماییە لاستیکیەکانی خۆشیان،بوون بەبەشێک لەو سیستەمە چەتەگەرییە،ئێستا ئاسانە تێبگەیت هەر یەک لە دێرەکانی( زمانی حەیزەرانەوە بۆ ملازم تەحسین و شتی تریش،لەهۆتێلی ئەوروپا بۆ قەبری سیگۆشە و حەیوانات و چەندین دەستنووسی تر....) کەم لەسەر خەڵک نەکەوت !
پرسیارەکە ئەوەیە: شەڕی فەرهاد پیرباڵ لەسەر چیە و بۆچیە؟! بۆچی ئەو کۆمەڵگایەی رۆژانە گیرۆدەی دەیان هەواڵی ناخۆشە و لەگەڵ دەیان کەموکوڕی و ناخۆشی گیرۆدەیە، سەرقاڵ بکرێت بە شتێک هیچ پەیوەندی بە ژیان و گوزەران و چارەنوسیەوە نیە ؟!
ئایا شەڕی فەرهاد پیرباڵ لە ناعەدالەتیە لە دەسەڵاتی قەزائی ؟! بە ناڕەوا جەندجارێک لە زیندانیان ئاخنیوە ؟! چەند مەترێک نزیک لە شوێنی ژیانیدا، دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوان بە چوار ساڵ بە حوکمی قەرەقوشی خرانە زیندانی تاکە کەسییەوە، ئەو( بیرمەندەی کورد )چوار ووشەی لەسەر نەگووتن !
 لەکوێ بینیمان، ئەو پیاوە شەڕی فیکر و فەلسەفە و ئەتککردنی ئەدەب زانست و هونەر بکات ؟! دەیان گەنج لەسەر پیرورای جیاواز گوللە نرا بە دەمو سینگ و سەریان، دواکەوتووترین فەرهەنگ و ئەدەب لەم کۆمەڵگا دەرخواردی گەنجان و لاواندرا، زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندن پڕکران لە کادیری نەخوێنەواری حزبی،هەزاران ژن و کچ خەڵتانی خوێنکران لەسەر دڵداری و نامەیەکی خۆشەویستی، ئەو( موفەکیرەی کورد)، لەکوێی ئەو هەڵوێستانە بینراوە و هەبووە ؟!
هەرچی دەزگای مەدەنی و دیموکراسی و موئەسساتی پاراستنی شکۆی ئینسان هەیە،بێ بەها کرا،کەچی ئەو شانازی دەکرد لە دیوەخانەکاندا سێڵڤی لەگەڵ بەچکەکانیان دەگرت و بەشکۆی (نەتەوەیەک) وەسفیدەکردن .
ئەو (جوانناسەی کورد) رۆژانە سرەی شۆفێران بۆ بەنزین، ئاهوناڵەی دایکان و ژنان بۆ تەنەکەیەک ئاو،گیانلەدەستدان و بورانەوەی خانەنشینان لە وەرگرتنی مووچەکانیان، لەرزینی مناڵان لە سەرمای زستان،....هتد نابینێ ! تا ببێتە جیگای نووسین یان هەڵوێستی یان کارێکی ئەدەبی ؟!
لەهەموو بۆڵە بۆڵەکانی، لەهەڵوێست و نووسینەکانی، باش تێدەگەیت ئەو پیاوە خەمی وێرانی ئەو کۆمەڵگایەی نیە بەدەستی چەند خێزانێکی فیوداڵ. خەمی چاککردنی ئەو سیستەمەی نیە پڕە لە نایەکسانی و ناعەدالەتی و ستەم، بۆیە هەموو کەڕەتەکان لەکۆتاییدا بەتەنها دەمێنێتەوە و دەچێتەوە شوێنی ئەسڵی خۆی لە دیوەخانەکان و بارەگاکان .

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand