Draw Media

ده‌بێت یه‌كێك قسه‌ بكات

ده‌بێت یه‌كێك قسه‌ بكات

2023-06-15 08:04:19


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
له‌ بێده‌نگیه‌كی گه‌وره‌داین، ژاوه‌ژاوی سیاسی و شاته‌ شاتی پارله‌مانیش ناچنه‌ خانه‌ی قسه‌كردنی كاریگه‌ره‌وه‌، قسه‌كردنێك مرۆڤ ناچاری هه‌ڵوه‌سته‌ بكات، ئێستا له‌و بێده‌نگیه‌ گه‌وره‌یه‌دا كه‌س به‌ كه‌س نیه‌، هه‌ردوو لایه‌نی به‌ حسێب خاوه‌ن چه‌ك و پاره‌و ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵات رۆژ نییه‌ په‌ڵپ و بیانوو به‌ یه‌كتر نه‌گرن، ئه‌وه‌ی پایته‌ختی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ كار له‌ سه‌ر خنكاندنی ئه‌وانی تر ده‌كات، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو رێگایه‌ك ده‌گرێته‌به‌رو گرتویه‌تی، ئه‌وانی تریش به‌شی سه‌ره‌كیان سه‌رقاڵی ژاوه‌ژاوه‌كه‌ن، هه‌ندێكجار مرۆڤ هه‌ست ده‌كات بێسه‌ریه‌كی گه‌وره‌ لێره‌ هه‌یه‌، ئه‌م بێسه‌ریه‌ بواری ده‌ستوه‌ردان، شێواندن، بێسه‌ره‌و به‌ره‌یی ره‌خساندووه‌و كه‌س نیه‌ له‌ شوێنێكا به‌ ده‌نگێكی به‌رز ژاوه‌ژاوه‌كه‌ بێده‌نگ بكات و قسه‌یه‌ك بۆ بیستن بكات، قسه‌یه‌ك بوونی هه‌بێت، ئه‌م وێرانیه‌ پێویستی به‌ قسه‌یه‌كی تره‌، قسه‌یه‌كی جیاواز، ئێستا ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی تێداین كه‌شتییه‌كه‌ له‌شێوه‌ی تایتانیك، كه‌شتیه‌ك كه‌ ناخودای نیه‌و نه‌ك به‌سته‌ڵه‌ك و شاخی سه‌هۆڵی له‌ پێشێتی بگره‌ بڵێسه‌ی توڕه‌و پڕته‌وژمی ئاگر له‌ به‌رده‌میدایه‌، هاكا گه‌یشته‌ كه‌شتیه‌كه‌و ته‌ڕو وشكی پێكه‌وه‌ كرده‌ سوتماك.
پێویستمان به‌ قسه‌كه‌رێكه‌ ، قسه‌كه‌رێك بتوانێ‌ گوێیه‌ ئاخنراوه‌كانی ده‌سه‌ڵات بكاته‌وه‌و پێیان بڵێت ده‌بێت له‌ شوێنێكا بوه‌ستن، قسه‌كه‌رێك هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ چنگی هه‌فتاو هه‌شتاو له‌ ده‌ستی حزب رزگار بكات، ئه‌و هێزه‌ی تاسه‌ر ئێسك حزبێنراوه‌و له‌بری ئینتیما بۆ نیشتمان و گه‌ل ئینتیمای بۆ حزب و سه‌رانی حزب هه‌یه‌، ئێستا له‌ هه‌ركات زیاتر پێویستمان به‌ قسه‌كه‌رێكه‌ تا ده‌عباكانی حوكمڕانی نوستوو به‌ ئاگا بێنێت و دیلان ئاسا بدا به‌ گوێیاندا " نه‌ك شوشه‌ شكا وا ره‌ز ده‌سوتێ‌" نیشتمان له‌ كه‌ناری كه‌وتنایه‌، ملهوڕه‌كانی حوكمڕانی حزبی نه‌بایان دیوه‌ نه‌باران، سی ساڵه‌ شكست له‌ دوای شكست توشی گه‌ل ده‌كه‌ن و به‌ ڕێژه‌ی كه‌متر له‌ 20%ی ده‌نگده‌ره‌وه‌ حوكمڕانی 100%ی وڵات ده‌كه‌ن و هێشتا پێیان كه‌مه‌، گه‌لیان پارچه‌ پارچه‌و داڕزاو كردووه‌ ، دژی هه‌موو ده‌نگێكی جیاوازن ، خۆیان ده‌ڵێن ئێمه‌ كورسیه‌كی پارله‌مانمان هه‌بێت و سه‌دمان هه‌بێت هه‌ر حاكمین، شانازی به‌ خیانه‌ت و هێنانی ده‌بابه‌و پاسدارو میت و جه‌ندرمه‌و پۆستاڵی به‌عسه‌وه‌ ده‌كه‌ن، شكۆ شكاندنی پایته‌خت به‌ سه‌روه‌ری ده‌زانن، بۆ شكاندنی یه‌كتر ده‌ستی حه‌شدو ئاخوندو سوڵتان و كارداش ماچ ده‌كه‌ن، به‌ سی ساڵ سه‌ت ساڵ كوردی باشوریان برده‌ دواوه‌.
ده‌بێت كه‌سێك هه‌بێت قسه‌ بكات، قسه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز ئه‌مه‌ باوه‌ڕێكی لاواز نیه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا قسه‌كه‌رێك هه‌ڵوه‌سته‌ به‌مانه‌ نه‌كات، سبه‌ی كار له‌ كار ترازاوه‌، ناكرێت بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆی بكه‌ین و سه‌رمان له‌ ئامێزی تاران و ئه‌نكه‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵدا بێت، ناكرێت نه‌وتی خۆمان، نه‌وتی نیشتمانی خۆمان راده‌ستی سوڵتان بكه‌ین و ئه‌و بكه‌ینه‌ وه‌لی ئه‌مری خۆمان و پێمان وابێت خۆری ئێمه‌ له‌ كۆشكی ئه‌وه‌وه‌ هه‌ڵدێت، له‌كاتێكا ئه‌وه‌تا ئه‌و ته‌نانه‌ت له‌ پایته‌ختی عێراقیش شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌كات و ئێمه‌ی هه‌ر بیر نیه‌، نه‌ك بیری نیه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ركات بیه‌وێت سه‌رمان پانده‌كاته‌وه‌، وه‌ك چۆن له‌ سه‌رده‌می ریفراندۆما وای كرد، ئێمه‌ش نه‌وته‌كه‌ی بۆ هه‌ڕاج ده‌كه‌ین، كه‌ ئیدی بڕوام وایه‌ بۆڕی نه‌وته‌كه‌ش زۆر ئه‌سته‌مه‌ جارێكی تر هاژه‌ی نه‌وتی لێوه‌ بێت، ئێستا قسه‌كه‌رێك ده‌بێت بێته‌ سه‌ر سه‌كۆی شانۆكه‌و به‌ده‌نگی به‌رز بڵێت ئیتر به‌سه‌، به‌ڵام ئه‌و قسه‌كه‌ره‌ ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانی تری له‌ دواوه‌ بن، هه‌موو له‌گه‌ڵیدا بن و ده‌سبه‌رداری خه‌ونی سوڵتانی و پله‌و پۆست بن، تا ئه‌و شوێنه‌ی ئیتر گه‌ل ده‌توانێ‌ ئازاده‌ بڕیاری خۆی بدات.
له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌داین، رۆژ به‌ رۆژ زیاتر بچوك و بچوكتر ده‌بینه‌وه‌، ئێستا وه‌ك خێڵێكی سه‌رگه‌ردان و بێسه‌ر دێین و ده‌چین، له‌ به‌غدا به‌ به‌رچاوی شیعه‌و سونه‌وه‌ ده‌ستده‌خه‌ینه‌ بیاقاقای یه‌كتر، به‌ گریانی یه‌كتر شاگه‌شكه‌ ده‌بین، برینی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌و قوربانیه‌كانیشمان به‌حزبی ده‌كه‌ین و كه‌سێك نیه‌ ئه‌م هه‌موو ناشرینیه‌ رابگرێت، ئیدی كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌سێك له‌ پێشه‌وه‌ بوه‌ستێت و ده‌نگبه‌رزبكاته‌وه‌، كاتی ئه‌وه‌یه‌ به‌ دۆسته‌كانمان بڵێین ئه‌رێ‌ به‌س نیه‌ ئه‌و هه‌موو لاواندنه‌وه‌ی ئه‌م ملهوڕیه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت گوێ‌ له‌ ئێوه‌ش ناگرێت، له‌ كه‌ناری دۆزه‌خداین ده‌ستێكی به‌هێزمان پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت بكه‌وینه‌ خواره‌وه‌، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كێ‌ قسه‌كه‌ری ئه‌م قۆناغه‌ بێت، ته‌نها مه‌رجیش ئه‌وه‌ بێت كه‌ له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ تین و تاوی پێببه‌خشین و نیشتمان و گه‌ل و خۆیشمان له‌م كه‌وتنه‌ مسۆگه‌ره‌ رزگار بكه‌ین، ئیتر ئه‌وان نه‌گوێ‌ ده‌گرن، نه‌ده‌توانن گۆڕانكاری بكه‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand