Draw Media

مادەی هۆشبەر بووەتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر هەرێمی كورستان 

مادەی هۆشبەر بووەتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر هەرێمی كورستان 

2023-03-17 13:23:39


درەو:
پێگەی (الجزیرة نت) قەتەری لەڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاریدا, ئاماری مەترسیدار لەبارەی هەڵكشانی بازرگانی مادەی هۆشبەرو زۆربونی ژمارەی بەكارهێنەرانی لەهەرێمی كوردستان و عێراق ئاشكرادەكات:
🔹كۆمەڵگی كوردی لەعێراق پێش نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو ئاشنای مادەی هۆشبەر نەببوو,  بەڵام دوای ڕاپەڕینی (1991)و نەمانی چاودێری ئەمنیی لەسنورەكان, دۆخەكە گۆڕدرا.
🔹 بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لەعێراق و بەتایبەت لەهەرێمی كوردستان, بووتە گەورەترین هەڕەشەیە كە ڕوبەڕوی وڵاتەكە بووەتەوە, بەكارهێنەرانی تەنها لەچەند هەزار كەسێك و لەچەند ناوچەیەكی دیاریكراودا نەماوەتەوە, بەڵكو بەتەواوی ناوچەكانی وڵاتدا بڵاوبووتەوەو بووەتە سەنتەرێكی سەرەكی بۆ ڕەواجدان و بەكارهێنان, لەكاتێكدا دەیەكانی ڕابردوو كوردستان تەنها وەك ڕێڕەوێكی تێپەڕینی مادەی هۆشبەر ڕیزبەند دەكرا. 
🔹بەگوێرەی ئامارەكان, كە سەرچاوەكەی بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمە, زیاتر لە (75)هەزار كەس مادە هۆشبەر بەكاردەهێنن, زۆرینەیان لەنێوان تەمەنەكانی (18)بۆ(64)ساڵیدان, كە نزیكەی (23%)یان ئافرەتن. 
🔹دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكردووە: زیاتر لە(1100) بازرگان و بەكارهێنەر لەحەوت مانگی یەكەمی ساڵی (2022) سزادراون,(985)كەسیان لەگرتوخانەی چاكسازی هێڵدراونەتەوە, كە (231)كەسیان بازرگان بوون و (704)كەسیشیان بەكارهێنەرن.
🔹بەوتەی زێباری, پێگەی جوگرافی هەرێم وایكردووە ببێتە ڕێڕەوی مادە هۆشبەرەكان, لەڕێی سنوری وڵاتانی دراوسێیەوە, ئەوەش وایكردووە ژمارەی ئالودەبوان زیادبكات, بەجۆرێك لەنێوان ساڵانی (2019-2022), (3000) هەزار كەس لەپرسی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر دەستگیركراون.
🔹پێدەچێت دیمەنەكە لەپارێزگاكانی ژێر دەسەلاتی حكومەتی عێراق هاوشێوەو ڕەنگە ئاڵۆزتریش بێت, بەوتەی وەزیری پێشوی ناوخۆی عێراق (50%) گەنجانی عێراق مادەی هۆشبەر بەكاردەهێننن.
🔹بەوتەی بەرپرسێك لەوەزارەتی دادی عێراق, ژمارەی ڕاگیراوان و سزادراوان تاكۆتایی (2022) گەیشتووەتە نزیكەی (60)هەزاركەس, جگە لەهەرێمی كوردستان, كە (1500)یان ئافرەتن, بەسەر (30)گرتوخانەدا دابەشبوون, نزیكەی(40%)یان بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەر سزادراون و ڕاگیراوان.  
🔹ئامارەكان ئاماژە بەوەدەكەن, حاڵەتەكانی ئاڵودەبوون وردە وردە ڕووی لەبەرزبوونەوەكردووە, لەساڵی (2006)دا, لەسەرانسەری هەرێم كوردستان(30)كەس بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەر دەستگیركراون, لەساڵی (2011)دا ژمارەكە بۆ (88)كەس بەرزبووەتەوە, پاشان حاڵەتەكە چەند هێندەبووەو بازی گەورەیداوە لەساڵی (2016) ژمارەی دەستگیركراوان گەیشتووەتە (508)كەس, لەساڵی (2021)دا ژمارەكە بووە بە (1943)كەس, لە(6)مانگی یەكەمی ساڵی (2022)دا(1251)كەس دەستگیركراون.
🔹ئەفسەرێكی باڵا لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاشكرایكردووە, لەساڵی (2022)دا (408)كەس لەپارێزگاكە بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەر دەستگیركراون, (80)كەسیان بازرگان بوون, (328)كەسیشیان بەكارهێنەر بوون,كە(51)كەسیان بیانی بوون.
🔹ئەفسەرێكی تر كە تایبەتمەندە لەبواری مادە هۆشبەرەكان, ژمارەی دەستگیركراوانی بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەر لەهەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك لەساڵی (2022)دا, بە (2500)كەس خەمڵاندووە. 
🔹ئامارە فەرمییەكان دەستبەسەراگرتنی دەیان تۆن و ملیۆنەها پارچەی مادەی هۆشبەریان ئاشكراكردووە لەماوەی ئەم دووساڵەی دوایدا, زیاتر لە (43) هەزار كەسیش بەتۆمەتی پەیوەست بەمادەی هۆشبەر لەنێوان ساڵانی (2019بۆ2022) دەستگیركراون. 
🔹ئەنجومەنی باڵای دادوەری, لەمانگی كانونی یەكەمی (2022)دا, لەناوبردنی نزیكەی (6)تۆن مادەی هۆشبەری هەڵگیراوی لەفەرمانگەی پزیشكی داد ڕاگەیاند.
🔹بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت, دەزگا ئەمنییەكان لەساڵی (2019)دا (6074)كەسیان بەتۆمەتی بازرگانی و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیركردووە, ژمارەكەش لەساڵی (2020) بۆ (7514) بەرزبووەتەوە, لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی زیاتر (300) تۆن مادەی هۆشبەرو زیاتر لە (14) ملیۆن دەنك كیبتاگۆن. 
🔹ژمارەكە لەساڵی (2021)دا بەرزبووتەوە, ئەوانەی دەستگیركراون ژمارەیان (12)هەزارو (822)كەس بووە, كە (60%)بازرگان بوون, لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی (481)كیلۆگرام لە مادەی هۆشبەرو نزیكەی (2)ملیۆن دەنك كیبتاگۆن. 
🔹بەرپرسەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەزیادبونێكی گەورەكردووە لەساڵی (2022)دا, كە ژمارەی دەستگیركراوان بەتۆمەتی بازرگانی و ڕەواجدان بەمادەی هۆشبەر گەیشتووەتە (16)هەزارو(851) كەس, تەمەنی زۆرینەیان لەنێوان (18بۆ30)ساڵیدا بووە, لەنێویاندا (500)كەسیان لەخوار تەمەنی (18) ساڵەوەن بوون, (250)شیان كچ و ئافرەت بوون, لەگەڵ دەستبەراگرتنی (490) كیلۆگرام لەمادەی كریستاڵ و (15) ملیۆن دەنك كیبتاگۆن.
🔹سەرچاوە ئەمنییەكان دەڵێن, هیرۆین و حەشیش و حەبی هۆشبەرو كریستاڵ, زۆرترین ئەو جۆرە باوانەی مادەی هۆشبەرن كە ئەمرۆ لەهەرێمی كوردستانی عێراق بڵاون.
🔹یاسای قەلاچۆكردنی مادەی هۆشبەر لایەنی تێوەگلاوی لەمادەی هۆشبەر (بەكارهێنەرو بازرگان) پۆلێن كردووە, بەكارهێنەران بەپێی مادەی (32) دادگایی دەكرێن, كە سزاكەیان لەنێوان (1)ساڵ بۆ (3)زیندانیكردندایە لەگەڵ پێدانی سزای (5)ملۆن دینار(دۆلار 3400), ئەگەر سزادراو پارەكە نەدات سزاكەی (6)مانگ بۆ درێژ دەكرێتەوە.
🔹سزای بازرگانیكردنیش بەپێی مادەی (28)كە سزادراو لەنێوان (5) ساڵ بۆ زیندانی هەتاهەتایی سزادەدرێت, لەگەڵ پێدانی سزای دارایی كە (10)ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات(6800دۆلار), تا دەگاتە (30)ملیۆن دینار(20هەزارو 400 دۆلار).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand