شیكاری: درەو 🔻 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق؛ 🔹 لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا؛ عێراق زیاتر لە (595 ملیۆن و 571 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 290 هەزار) بەرمیل. لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە (597 ملیۆن و 540 هەزار) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 302 هەزار) بەرمیل فرۆشتبوو. 🔹 لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (74.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی پار بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (102.7) دۆلار. 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2023)دا (44 ملیار و 471 ملیۆن و 806 هەزار) دۆلار بووە. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشتبووە (61 ملیار و 486 ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار. واتە لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی (17 ملیار و 114 ملیۆن و 524 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (28%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. یەکەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا بڕی (595 ملیۆن و 571 هەزار و 118) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان ساغکردووەتەوە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 290 هەزار و 746) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (ئایار)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (102 ملیۆن و 463 هەزار و 387) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل. هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (74.54) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (نیسان) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە سەروو (78) دۆلار فرۆشراوە، بە درێژایی بە درێژایی هیچ یەک لەم شەش مانگە تێکڕای نرخی نەوت نەهاتووەتە خوار (71) دۆلارەوە. هەر بەپێی داتاکان کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (44 ملیار و 371 ملیۆن و 806 هەزار) دۆلار. مانگی (نیسان)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکراوەتەوەو گەیشتووە بە سەروو (7 ملیار و 699 ملیۆن) دۆلار، هیچ مانگێکی ساڵەکەش داهاتی نەوتی فرۆشراو دانەبەزیوە بۆ خوار (7 ملیار) دۆلار. دووەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022 بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)دا بڕی (597 ملیۆن و 540 هەزار و 781) بەرمیل نەوتی فرۆشتبوو، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 302 هەزار و 340) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (ئایار)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (102 ملیۆن و 303 هەزار و 20) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 286 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی خاو. هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لە شەش مانگی یەکەمی (2022)دا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (102.72) دۆلاری ئەمریکی فرۆشرابوو، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (حوزەیران) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە (112.21) دۆلار فرۆشراوە، نزمترین نرخێکیش نەوتی پێ فرۆشرابێت مانگی (کانونی دووەم) بووەو بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە (83.8) دۆلار. هەر بە گەڕانەوە بۆ داتاکانی نیوەی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (61 ملیار و 486 ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار. مانگی (ئایار)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکرابوویەوەو گەیشتبووە (11 ملیار و 477 ملیۆن و 496 هەزار) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە نیوەی یەکەمی (2022)دا لە مانگی (کانونی دووەم)دا بووەو بڕی (8 ملیار 322 ملیۆن و 679 هەزار) دۆلار داهاتی گشتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بووە. سێیەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 بەراورد بە نیوەی یەکەمی 2022 وەک ئاماژەمان پێدا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا؛ عێراق لە (595 ملیۆن و 571 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی (3 ملیۆن و 290 هەزار 746) بەرمیل. لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو (597 ملیۆن و 540 هەزار 781) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی لە (3 ملیۆن و 302 هەزار 340) بەرمیل فرۆشتبوو. بەم پێیەش بە تێکڕا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تەنها بڕی (ملیۆنێک و 969 هەزار و 663) بەرمیل بە ڕێژەی (0.3%) نەوتی هەناردەکراو کەمی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2022). (بۆ وردەکاری تێکڕای بڕی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (1)) هەرچی دەربارەی تێکڕای نرخی نەوتی خاوی عێراقە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (74.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی پار بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (102.7) دۆلار. بەو واتایەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوت بڕی (28.17) دۆلار و بە ڕێژەی (27%) بەهاکەی لە دەستداوە. (بۆ وردەکاری تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (2)). بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهان، کاریگەری گەورەی لەسە داهاتی گشتی نەوتی عێراق جێهێشتووە، بە جۆرێک؛ کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2023)دا (44 ملیار و 471 ملیۆن و 806 هەزار) دۆلار بووە. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشتبووە (61 ملیار و 486 ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار. واتە لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی (17 ملیار و 114 ملیۆن و 524 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (28%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. (بۆ وردەکاری داهاتی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (3)). سەرچاوەکان؛ ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛
راپۆرتی: هێمن خۆشناو دوێنی (سێشهممه 11 تهمموزی 2023) له وڵاتی لیتوانیا كۆبوونهوهی لوتكهی وڵاتانی هاوپهیمانی (ناتۆ) دهستی پێكرد. له ئهجندای كۆبوونهوهكهدا كه بڕیاره ئهمڕۆش درێژه بكێشێت، جگه له درێژكردنهوهی ماوهی سكرتێری رێكخراوی ناتۆ (ینس ستولتنبرگ) كه پۆستێكی دیپلۆماسیه، دوای رهزامهندی توركیا بڕیاره ئهم لوتكهیه رهزامهندی بنوێنێت لهسهر ئهندامیهتی وڵاتی (سوید) لهم رێكخراوهدا. بێگومان رهزامهندی نواندنی توركیا لهمهڕ ئهندامیهتی ئهم وڵاته بێ حساب نیه و چهندین كۆدی جۆراوجۆری ههیه، كه دهكرێت بهشێوهیهكی گشتی كۆدهكانی ئهم شێوهیه ریزبهند بكهین: كۆدی یهكهم: ئهندامیهتی سوید تهنیا پهیوهست نابێت به ئاسایشی وڵاتانی ئهسكهندهنافیا، بهڵكو مهسهلهكه پهیوهست دهبێت به سهپاندنی ههژموونی ناتۆ و ئهمریكا بهسهر گهرووی (بیرنگ) كه ههردوو كیشوهری ئاسیا و ئهمریكای باكوور بهیهكهوه دهبهستێتهوه. ئهم گهرووه له كۆنسێپتی دواڕۆژی جهنگی ناتۆ دژ به روسیا گرنگیهكی چارهنووسسازی دهبێت. لهم سۆنگهیهوه ئهگهر توركیا بهردهوام بێت لهسهر بلۆكهكردنی ئهندامیهتی سوید ئهوه خۆی له بهرامبهر كۆی وڵاتانی ناتۆ دهبینێتهوه. له ههمان كاتدا توركیا به رازیبوون لهسهر ئهندامیهتی سوید لهم هاوپهیمانیهدا دهخوازێت چهند دهستكهوتێك بهدهست بێنێت، بۆ ئهوهی لهناو رای گشتی وڵاتهكهیدا چهندین چیرۆكی سهركهوتنی دیكه بئافرێنێت. كۆدی دووهم: دوای دهستبهكاربوونی (هاكان فیدان) وهكو وهزیری دهرهوه، پهیوهندی نێوان توركیا و ناتۆ گۆڕانكاری بهسهردا هاتووه. ئهنقهره دهخوازێ به رهزامهندی نواندن لهسهر ئهندامیهتی سوید ههندێك ئهنجام بگڕێت. فیدان دهخوازێت گۆڕانكاری له هاوسهنگیهكاندا بكات، بۆ ئهم مهبهستهش تا رادهیهك ئهو ستایله دیپلۆماسی فیدان كاری پێدهكات له ستایلی دیپلۆماسی سهركۆماری توركیا جیاوازتر دهبێت. كۆدی سێیهم: ئهنقهره لهسهر ئهندامیهتی سوید به دوای رێگای گۆشهگیركردنی (پهكهكه) دهگهڕێت. لهمبارهیهوه سوید تا ئاستێك بهدڵی ئهنقهره ههنگاو دهنێت و داواكاریهكانی توركیا جێبهجێ دهكات. بههۆی ئهوهی هاوپهیمانیهتی ناتۆ پهكهكه وهكو رێكخراوێكی تیرۆریستی دهناسێت، سوید ناچاره ههندێك رێوشوێن دژ به پهكهكه بگرێتهبهر. بهڵام نهمومكینه سوید ههموو رێكخراوه مهدهنیهكانی كورد لهسهر خاكی خۆی قهدهخه بكات كه ئهنقهره جهختی لێ دهكاتهوه. كۆدی چوارهم: ههرچهنده توركیا مهسهلهی ئاستهنگكردنی سوید به جمۆجۆڵی پهكهكه لهم وڵاته دهبهستێتهوه، بهڵام خهمی گهورهی توركیا پاراستنی پێگهیهتی لهناو هاوسهنگیه سهربازیهكانی ناتۆ و ناوچهكهدا، بۆیه مهرجی سهرهكی توركیا بۆ قهبوڵكردنی ئهندامیهتی سوید نۆژهنكردنهوهی فڕۆكه جهنگیهكانیهتی له جۆری (ئێف – 16). چونكه دهرخستنی توركیا له پڕۆگرامی فڕۆكهی (ئێف – 35) و قهبوڵكردنی یۆنان له ههمان پڕۆگرامدا، فاكتهرێكی گرنگه له گۆڕینی هاوسهنگی سهربازی له ناوچهی دهریای (ئیجه و سپی) دا، كه پێگهی سهربازی یۆنان لهسهر حاسبی توركیا بههێز دهكات. پێشتر ئیدارهی (جۆن بایدن) به ئهرێنی سهیری ئهم داوایهی توركیا كردووه و داوای له كۆنگرێس كردووه بڕیارێكی ئهرێنی لهمبارهیهوه بدات. كۆمیتهی پهیوهندیهكانی دهرهوهی كۆنگرێسیش ئهم دوایهی توركیای بهستۆتهوه به قهبوڵكردنی ئهندامیهتی سوید له ناتۆدا. كۆدی پێنجهم: چهندین ئاماژه له ئارادایه و دهیسهلمێنێت كه ئهو هاوسهنگیهی ئهنقهره له پهیوهندی لهگهڵ ئۆكرانیا و روسیا دروستی كردووه خهریكه لهبار دهچێت. تا دهچێت وهزیری دهرهوهی توركیا سیاسهتی وڵاتهكهی له ناتۆ نزیك دهكاتهوه، لهمبارهیهوه گوتار و جوڵهی وهزارهتی دهرهوهی توركیا خهریكه تابڵۆكه دهگۆڕێت. بۆ نموونه سهردانهكهی ئهم دوایهی (زیلینسكی) سهرۆكی ئۆكرانیا بۆ توركیا ئاماژهیهكی زهقه بهم راستیهی سهرهوه. لێدوان و بڕیارهكانی سهرانی توركیا لهمهڕ ئۆكرانیا بۆ ههریهك له ئهمریكا، یهكێتی ئهوروپا و روسیا چاوهڕواننهكراو بوون. كۆدی شهشهم: مهرجی نوێی رهجهب تهیب ئهردۆغان بۆ رهزامهندی نواندن لهسهر ئهندامیهتی سوید، قهبوڵكردنی ئهندامیهتی توركیایه له یهكێتی ئهوروپا. ئهم مهرجهی ئهردۆغان پشت به ستراتیژیهتێكی پلان بۆ داڕێژراو نابهستێت، چوونه ناو كۆبوونهوهی ناتۆ بهم مهرجه زهحمهتی بۆ سیاسهتی توركیا دروست دهكات. چونكه سڕكردنی گفتوگۆكانی ئهندامیهتی توركیا له یهكێتی ئهوروپا پهیوهسته به جێبهجێ نهكردنی بهرپرسیاریهتیهكانی توركیا لهم یهكێتیهدا. لهوانه جێبهجێ نهكردنی بڕیارهكانی دادگای مافی مرۆڤی ئهوروپا (AIHM) و بهرتهسك كردنهوهی فهزای دیموكراسی و ئازادیه گشتیهكان. كۆدی حهوتهم: مهسهلهی سهرهكی توركیا لهگهڵ ناتۆ و یهكێتی ئهوروپا زیاتر پهیوهسته به كێشهكانی ئهنقهره لهگهڵ واشنتن. تا دهچێت پهیوهندیه سهربازی و سیاسیهكانی ئهمریكا لهگهڵ هێزهكانی سوریا دیموكراتی (ههسهده) سیمای بهردهوامبوون وهردهگرن. ههرچهنده توركیا ههسهده وهكو رێكخراوێكی تیرۆریستی له قهڵهمیش بدات، ئهوه ههموو وڵاتانی ئهندامی ناتۆ به پێچهوانهی ویستی ئهنقهره ههماههنگیهكانیان لهگهڵ ههسهده بهرفراوانتر دهكهن. له بارهی گۆڕانكاریهكانی ناو سوریا و پاراستنی ئیدارهی خۆسهر له باكووری رۆژههڵاتی سوریا ههموو وڵاتانی ئهندامی ناتۆ جگه له توركیا هاوبیرن. له ئێستادا ئهنقهره درك بهوه دهكات كه ناتوانێ ئهم كێشهیه لهگهڵ ئهمریكا و ناتۆدا چارهسهر بكات. سوپرایزیش نابێت ئهگهر له داهاتوویهكی نزیكدا هاكان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا لهمبارهیهوه سیاسهتێكی نوێ پیاده بكات. كۆدی ههشتهم: له ههمان كاتدا ئاماژهكان پێمان دهڵێت له داهاتوویهكی زۆر نزیكدا، پهیوهندی نێوان توركیا – روسیا تووشی قهیران دهبێت. ئهوهی له ئێستادا ئهنقهره دهیهوێت روونهدات دروستبوونی قهیرانه له پهیوهندیهكانی لهگهڵ روسیادا. بۆ روونهدانی ئهمهش دوورنیه توركیا له سوریادا چهند ههنگاوێك بهدڵی روسیا بگرێتهبهر، وهكو رادهستكردنهوهی ههریهك له عهفرین، ئدلب و ئهلباب به هێزهكانی سوپای سوریا كه رهنگه ئهمه بۆ ماوهیهكی كاتی رێگا له سهرههڵدانی قهیرانێك بگرێت له پهیوهندیهكانی ئهنقهره لهگهڵ مۆسكۆدا. له ئێستادا ئهگهرێكی زۆره كه توركیا دهنگ به ئهندامیهتی سوید له ناتۆ بدات. لهسایهی ئهمهشدا توركیا نۆژهنكردنهوهی فڕۆكه جهنگیهكانی له جۆری (ئێف – 16) گهرهنتی دهكات. جگه لهمه داواكاریهكانی دیكهی توركیا، لهمهڕ ئهندامیهتی له یهكێتی ئهوروپادا به تایبهتی لهم رۆژگارهدا نهمومكینه.
درەو: پرۆژەی (هێڵی سێیەم) پرۆژەو بەرنامەی سیاسی ئەدهەم بارزانی و هاوڕێكانییەتی بۆ دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان، لە بەرنامەكەیاندا هاتووە: هێلی سێهەم ، رەوتێکی سیاسی دیموکراسی نیشتمانی یە تێدەکۆشێ بۆ پەیرەوکردنی پرینسیپەکانی دیموکراسی , بەرەچاوکردنی داب و نەریت و ئایین وکلتوری خەلکی کوردستان لە پێناوی مسۆگەرکردنی دادپەروەری کۆمەلایەتی ، ئازادیەکان، مافەکانی مرۆڤ و پێگەیاندن و گەشەپێدانی تاکێکی وشیار بە ئامانجی بەدیهێنان و گەیشتن بە کۆمەلگایەکی هاوچەرخ کە ئاستێکی شیاوی خۆشگوزەرانی و ئازادیەکان بۆ تاک و خێزان فەراهام بکات . پرۆژەی بەرنامەی هێلی سێهەم پێشەکی ئەم رەشنووسە پرۆژەیەکی سیاسیە بۆ سەرهەڵدان و لەدایك بوونی ووتاریکی سیاسی نوێ و بەرنامەیە کی سیاسی وەك هێلی سێهەم ، بە ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی سیاسی ، کە بتوانێ نوێنەرایەتی خەلکی کوردستان بکات لە چوارچیوەی دەستوری دەولەتی عێراقی فیدرال، کە تیایدا مافی هاولاتی بوونی راستەقینەو دادپەوەری کۆمەلایەتی و چەسپاندنی بنەماکانی کۆمەلگایەکی دیموکرات و بەرجەستەکردنی ئازادیەکان و دیاریکردنی ماف و ئەرکەکانی هەموو هاولاتیانی عێراقی وبە گشت نەتەوەو تایفەو پێکهاتەکانی تیا دەستنیشان بکرێت و دابین بکرێت . رەوتی هێلی سێیە م قەوارەیە کی سەربە خۆی هەیە لە دەوله ت و رێکخراوەکانی حکومی و نا حکومی ، هەروا کەسایەتیەکی ئیعتباری یاسایی سەربەخۆی هەیە و ئە م رەوتە دەگونجێ لەگە ڵ یاسای حیزب و رێکخستنە سیاسیەکان ژمارە ٣٦ ی سالی ٢٠١٥ ، هەروا خۆی دەگونجێنێت لە گە ڵ تەواوی ئە و یاسایانە ی لە عێراقدا بەرکارەو هیچ دژ بە یەکێک نیە لە نێوان پەیرەو پرۆگرام و ئامانجەکانی ئەم رەوتە لەگەڵ دەستوری عێراقی و یاسا بەرکارەکاندا ، پەیوەندی کردن بەم رەوتە کراوەیە بۆ هەردوو رەگەزی نێرو مێ بە بێ جیاوازی ڕەگەزیی و ئاینی و تائیفی. لەم لاوەش ئەو رەوتە ببێتە مایەی بەخشینەوەی هیواو ئومێدێکی تر بە کۆمەلانی خەلکی کوردستان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە چەقبەستووە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و جفایەتیەی بەرۆکی خەلکی کوردستانی گرتووه، چونکە دوای تێپەربوونی زیاتر لە ٣٠ سال لە دەسەلات و حوکمرانی هه ندیك حزب و شازادە سیاسیەکان هەموو سنورێکی بەزاندووە لە پێشێلکردنی یاساو زەوتکردنی مافەکانی خەلکی کوردستان و ، به هه ده ردانی سامانی گشتی و برسیکردنی خەلک و بەکارهێنانی توندوتیژی و زۆربوونی بێکاری و بلاوبوونەوەی دیاردەی هەژاری . ئەم جۆرە حوکمرانیە ناچێتە خانەی پێناسەی حکومەت ، حکومەت نوێنەری گەل و حوکمی گەلە ، بەلام ئەم حوکمرانیە تەنها دەسەلاتی چە ند کەسیکە لە دەسەلاتدارارانی هە ریم کە خەلکی کوردستانیان برسی کردووەو ولاتیان وێران کردووەو سامانی ژێرزەوی و سەرزەمینیان هەراج کردووە وە هەروا لەسەر ئاستی ئقلیمی و نێودەوله تی دا دەسەلاتدارانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیە خۆیان لەگەل هەلومەرجە نوێیەکان بگونجێنن و شیوازێکی دیپلوماسی گونجاو پەیرەو بکەن کە بەشێوەیەک لەگەل بەرژەوەندی یه بالاکانی گەلی کوردستان بگونجێنێت، هەردەم دەسەلاتدارێکی پاشکۆو ملکەچ بووەو بەرژەوەندی خودی خێزان و تاقم و دەستەکانی خۆیان لەسەروی بەرژەوەندی گەل و نیشتمان بووە. ئەم رەوتە سیاسی یە نوێیە وەك هێزێکی دیموکراتیخواز لە کوردستان و عێراق دا هەول ئەدات لە ژیر رۆشنایی دەستوری عیراقی فیدرال دەستوریک بۆ هەریمی کوردستان دابریژیت کە لە گشت دام ودەزگاو دامەزراوەکانی یاسادانان و راپەراندن وبه تایبه تی دادوەریدا لە کوردستان بەرنامەکەی جێبەجێ بکات. تەوە ری یەکەم ئەم رەوتە چی یە؟ هێلی سێهەم ، رەوتێکی سیاسی دیموکراسی نیشتمانی یە تێدەکۆشێ بۆ پەیرەوکردنی پرینسیپەکانی دیموکراسی , بەرەچاوکردنی داب و نەریت و ئایین وکلتوری خەلکی کوردستان لە پێناوی مسۆگەرکردنی دادپەروەری کۆمەلایەتی ، ئازادیەکان، مافەکانی مرۆڤ و پێگەیاندن و گەشەپێدانی تاکێکی وشیار بە ئامانجی بەدیهێنان و گەیشتن بە کۆمەلگایەکی هاوچەرخ کە ئاستێکی شیاوی خۆشگوزەرانی و ئازادیەکان بۆ تاک و خێزان فەراهام بکات . کاردەکەین بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەلەکترۆنی سەردەم لە بەرێوەبردنی رەوتەکەمان بۆ بلاوکردنەوەی پرۆگرامی سیاسی و هەروا لە کاری رێکخستن و نەخشەدانان و پرۆپاگاندەی هەلبژاردن وشرۆڤەی سیاسی دا. تەوەری دووەم ئامانجە گشتیە کان : لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەولەتی ١-تێدەکۆشین بۆ بەدیهێنان و مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی مافە دەستوریەکانی خەلکی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری فیدرالی دا کە شەرعیەتی بە هەرێمی کوردستان داوە وەک هەرێمێکی دەولەتی عێراقی فیدرالی . ٢--عێراق ولاتێکی فرە نەتەوە فرە ئایین و مەزهەبە ، لە پێناوی ژیانی ئاشتیانەی گشت پئکهاتەکانی عیراق تیدەکۆشین لە پێناوی جێبەجێکردنی ئازادی سیاسی و ئازادی ئاینەکان و مەزهەبەکان و وە رێزگرتن لە داب و نەریت و کلتورە جیاوازەکان. ٣-تێدەکۆشین لە پێناوی پتەوکردن و سەرخستنی سیستەمێکی سیاسی فیدرال لەسەر ئاستی هەریم وعێراق بە پشت بەستن بە دەستوری فیدرالی عێراق و دەستوری داهاتووی هەریمی کوردستان كه ببئتە نمونەیەک لەسەر ئاستی رۆژهە لاتی ناوەراست . ٤-ئەم رە وتە نوێ یە ئامادەیە لەگەل گشت حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان و عێراق دا کاری هاوبەش ئەنجام بدات کە تێدەکۆشن لە پێناوی سیستەمێکی دیموکراسی پەرلەمانی کارا کە نوینەری راستەقینەی خەلك بێت. ٥- ئەم رەوته لە کارو چالاکیەکانی دا پابەندە بە جارنامەی نێودەولەتی مافەکانی مرۆڤ . ٦--پشتگیری هەر هەولدان و پرۆژەیەکی ئاشتیانە ئەکەین کە ئامانجی چارەسەری کێشه ی کوردە لە هەر شوێنێک وه پیویستە ریز لە سنووری باشوری کوردستانی عیراق و ولاتە دراوسیکان بگیریت و هەر کیشەیەک لەسەر بنەماکانی دەستوری عیراقی فیدرال چارەسەر بکریت. ٧- پتەوکردنی پەیوەندی لەگەل ولاتانی دراوسێ و کۆمەلگای نێودەولەتی لەسەر بنەماکانی بەرژەوەندیە هاوبەشیەکانی هەردولا. ٨- ئیمە کارئەکەین لەپیناوی گەرانەوەی رەوەندی کوردی بۆ هەریمی کوردستان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونە کانیان بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەشەپیدانی کوردستان . ٩-کارئەکەین بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەلەکترۆنی سەردەم لە پەیوەندیەکان لەگەل رێکخراو دامەزراوە نێودەولەتیەکان و باشکردنی کاری بەرێوەبردن و رێکخستن ل گشت بوارەکان وەك بواری تەندروستی و لەناوبردنی تاوانە کان و کاری دیپلۆماسی و پەیوەندیە نێودەولەتیە کان . تەوەری سێهەم ئامانجە سیاسیەکان ١-کارئەکەین بۆ دارشتنی دەستورێکی هەمیشەیی هەرێمی کوردستان و وه جێبەجێکردنی . ٢-هەول ئەدەین بۆ یەکریزی ناومالی کوردی و هەروا عێراقی لە رێگای دیالۆگ و گفت وگۆی ئاشتیانە دوور لە بەکارهێنانی توندوتیژی و هەرەشە و تێکدانی باری ئاسایش و بلاوکردنەوەی پروپاگاندەی ترس و تۆقاندن .چارەسەرکردنی کێشەکانیش دەبێ لەسەر بنچینەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خەلک بێت . ٣-ئێمە لەگەل گشت هێزە سیاسیەکانی هەریمی کوردستان و عێراق کار ئەکەین کە دیدوبۆچونی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کارو ئامانجی هاوبەشی کورت خایەن و درێژخایەن کۆماندەکاتەوە لە پێناوی بەدیهێنانی داخوازیەکانی گەلەکەمان . ٤- کار ئەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی عێراق لە روانگەی پشت بەستن بە دەستوری فیدرالی عێراق بۆ جێبەجێکردنی مافە دەستوریەکانی خەلکی کوردستان . ٥- کارئەکەین بۆ پاراستنی سەربەخۆیی دەسەلاتی دادوەری و جیاکردنەوەی ئەم دەسەلاتە لە هەردوو دەسەلاتی راپەراندن و جێبەجێکردن هەروا ریزگرتن لە ئەرک و سنورەکانی هەر سێ دەسەلاتەکە. ٦-هیچ کەسێک لە هەر پۆستێکی سیاسی و حکومی بێت وەیان هەر پێگەیەکی کۆمەلایەتی هەبێ لەسەروی یاسا نیە ، هەر بۆیە تێدەکۆشین لە پێناوی سەروەری یاساو چەسپاندنی لە رێگەی وشیارکردنەوەی خەلک و هەروا پەیرەوکردنی لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان . ٧-تیدەکۆشین بۆ جیبەجیکردنی تەواوی یاساکانی که پەیوەستن بە کۆمەلگای مەدەنی ، رۆژنامەوانی و رادەربرین . ٨-تیدەکۆشین بۆ یەکخستنی هێزه چەکدارەکانی هەریمی کوردستان ،لە چوارچیوەی سوپایەکی نیشتمانیدا بەشیوەیەک هیچ هیزیکی تر لە دەرەوەی سوپای نیشتمانی نەمینیت. ٩-کاردەکەین بۆ گەشەپێدانی سوپای نیشتمانی بۆ پاراستنی ئاسایشی خاکی نیشتمان . ١٠-هەوڵ ئەدەین بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ی دەستووری فیدرالی عێراق بە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان . ١١-کارئەکەین لە پێناوی بەهێزکردنی کلتوری پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەسەرتاسەری عێراقدا . ١٢-بایەخدان بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان لە بواری فەرهەنگی و کلتوری و رۆشنبیری دا. ١٣-کارئەکەین بۆ دارشتنی دەستورێکی هەمیشەیی هەرێمی کوردستان و دەنگدان و پەسەندکردنی . ١٤-کاردەکەین بۆ بوونی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان حکومه ت و هاوولاتی لە رێگای بەکارهێنانی گشت ئامرازەکانی تەکنەلۆژیای نوێ لە دەربرینی دیدوبۆچونە سیاسیەکان و نارەزایەکان و بایەخ دان بە راگەیاندنی سیاسی ئەلەکترۆنی و ئەنجامدانی راپرسی ئەلەکترۆنی بۆ زانینی دیدوبۆچونی خەلك سەبارەت بە بریارە سیاسیەکان لە گشت شارو شارۆچکە کان و لادێیە کان . تەوەری چوارەم ئامانجە ئابووریەکان ١-پێویستە بودجەی ساڵانەی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا بریاری لەسەر بدرێت و داهات و خەرجیەکان دیاربکرێت و بەهیچ شێوەیه ك بۆ هیچ کەسێك نەبێت بتوانێت ئەم سامانە گشتی یە بەهەدەربدات و وە نابێ ناکۆکی یە سیاسیەکان ببنه هۆی دواخستن و راگرتنی ، هەروا دەبێ بەپیی سەرژمێری دانشتوانی هەرێمی کوردستان بریار لەسەر بودجە بدرێت . ٢-چارەسەری کێشەی سامانی نەوت و کانزاکان پێویستە بە رێکارە یاسایی و دەستوریەکانی هەرێم و عێراق بێت . ٣-بەفیرۆدانی سامانی نیشتمانی و گەندەلی بووە بە دیاردەیەک و بەرون و ئاشکرا بەرچاومان دەکەوێت پێویستە رێکارە یاسایەکان بۆ سنوردانان و لێپرسینەوە جێبەجێبکرێن . ٤-پەیرەوکردنی سیاسەتێکی دارایی و دابەشکردنی سامانی نیشتمانی بە پێی ناوچە جوغرافیەکانی هەرێم کە ژێرخانێکی بەهێزی ئابوری زامن بکات بۆ خزمەتکردنی هاوولاتیان و خۆشگوزەرانی خەلکی کوردستان . ٥-هەول ئەدەین کێشەی بێکاری بنبر بکەین بە جێبەجێکردنی پرۆژەی گەورە و بچوك لە گشت شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە بواری پیشەسازی و کشتوکال و بازرگانی و پەروردەدا ، هەروا هانی کەرتی تایبەت ئەدەین پێی یاسایەك کە خۆشگوزەرانی خەلک مسۆگەر بکات . ٦-هەول ئەدەین ژێرخانی ئابوری کوردستان گەشه پێبدەین ،سیستەمی باج بە شێوەیەک رێك بخرێت لە گەل ئاستی داهاتی مانگانەی هاولاتیان بگونجێت . ٧-کارئەکەین بۆ گەشه پێدانی کەرتی کشتوکال و هەروا کەمکردنەوەی هێنانە ناوەوەی بەروبومەکانی کشتوکال . ٨- کارئەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی دێهاتەکان بە یارمەتیدانی جوتیارەکان بۆ دروستکردنی خانوو چاندنی زەوی یەکان و دروستکردنی پرۆژەی کشتوکالی و دابینکردنی گشت خزمەتگوزاریەکان. ٩-کارئەکەین بۆ نەهێشتنی گەنده لی و قۆرخکردنی بازگانی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بە پیی دارشتنی یاسایەک کە ناردن و هاوردەی کالاکان ئاسان بکات دوور لە دەستتێوەردانی نایاسایی هەرلایەنێک . ١٠--کارئەکەین بۆ نەهێشتنی گەندەلی دارایی و ئابوری قۆرخکردنی جومگە ئابوری یەکان. ١١-پێویستە یاسای وەبەرهێنانی کوردستان هەموار بکرێتەوە بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی خەلکی کوردستان بێت بۆ نەهێشتنی هەژاری . ١٢- کار ئەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو ،کارەبا، سووتەمەنی لە هەموو کوردستان بە شێوەیەک ئەم خزمەت گوزاریانە بە بەردەوام و بەبێ دابران بە نرخێکی گونجاو . ١٣- کار ئەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتە جێبوون بە نرخێکی گونجاو بە قیستی مانگانە ی درێژخایەن کە لە گەل ئاستی داهاتی مانگانەی کریارەکە بگونجێت ، هەروەها بە برێك پارە لە داهاتی سامانی گشتی هاوکاری کریار بکرێت . ١٤- کاردەکەین بۆ دابینکردن و راکێشانی غاز بە بۆری بۆ گشت شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ، تاوەکو ئەم پرۆسەیە جێبەجێنەکرێت ناکرێ غازی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت . ١٥-کارئەکەین بۆ گەشەپێدانی هەموو کەرتەکانی ئابوری بە کەرتی گەشتووگوزارو بایەخدان بە پاراستنی شوێنە دێرینەکان، وە پاراستنی داب و نەریتە جوانەکان و بلاوکردنەوەی فەرهەنگی رەسەنی کوردایەتی. ١٦-کارئەکەین بۆ جێبەجێکردنی یاسای قەدەغەکردنی کاری بازرگانی لەبەرپرسان و فەرمانبەرانی حکومی و وە بۆ هیچ حزبێک نیە سوود لە سامانی گشتی ببینێت . ١٧-کارکردن بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەلەکترۆنی بە شێوەیەك ببێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئابوری هاوولاتیان و هاندانی هاوولاتیان بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی بازرگانی ئەلەکترۆنی و کرین و فرۆشتنی ئەلەکترۆنی وخزمەتگوزاریە بانکیەکان بە ئەنجامی به رزکردنەوەی ئاستی زانستی هاوولاتیان و گەشەپێدانی ئابوری کوردستان. تەوەری پێنجەم ئامانجە کۆمەلایەتیەکان ١-کارئەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو، کارەبا، سووتەمەنی لە هەموو کوردستان بە شێوەیەک ئەم خزمەت گوزاریانە بە بەردەوام و بەبێ دابران بە نرخێکی گونجاو. ٢-کارئەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون لە رێگای هاندانی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە نرخێکی گونجاو بە قیستی مانگانە ی درێژخایەن کە لەگەل ئاستی داهاتی مانگانەی کریارەکە بگونجێت ، هەروەها بە برێک پارە لە داهاتی سامانی گشتی هاوکرری کریاربکرێت . ٣-کاردەکەین بۆ دابینکردن و راکێشانی غاز بۆری یەوە بۆ گشت شارو شارۆچکەکانی هەریمی کوردستان ، تاوەکو ئەو پرۆسەیە جێبەجێ نەکرێت ناکرێ غازی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت. ٤-کارئەکەین بۆ پشتگیری کردنی مافەکانی ئافرەتان ولە گەیشتن بۆ هەر پۆستێك و بەرێوەبردنی کارەکانیان لە گشت دام و دەزگا کان و رێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی . ٥-کارئەکەین بۆ پشتگیریکردن لە هەموو هەول و تەقەلای داهێنەران ، بەهرەمەندان ، کە گەلەکەمان کە بتوانن لە پانتایەکی زانستی چالاکیەکانی خۆیان ئەنجام بدەن . هەروا بۆ پەرەپێدانی سەنتەری لێکۆلینەوەو تۆژینەوەی زانستی. ٦-چارەسەرکرن و کەمکردنەوەی هەژاری و داکۆکی کردن لە خاوەن پێداویستیه تایبەتیەکان وهەموارکردنی یاسای کار و گەشەپێدانی بەشێوەیەک لەگەل بەرژەوەدیەکانی کرێکاران و زەحمەتکیشان بگونجێت لە کەرتی تایبەت و گشتی دا. ٧-دامەزراندنی سندوقێکی نیشتمانی دارایی لە رێگای تەرخانکردنی بەشێک لە داهاتی سالانەی سامانی نیشتمانی بۆ مسۆگەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو ئەو تاکانەی بێکارن و یارمەتیان بدرێت بۆ کار دۆزینەوەو هەروا دابینکردنی ژیانێکی شایسته بۆ خاوەن کەم داهاتەکا ن و چاوخشاندنەوە بە سیستەمی خانەنشین بە شێوەیەک ئاستی گوزەرانیان لەگەل گرانی بازار بگونجێت. ٨-کار ئەکەین بۆ دارشتنی سیستەمێکی تەندروستی حکومی ، بەدەرهێنانی ئەم سیستەمە لەژێرکۆنترۆلی کەرتی تایبەتی بۆ زامنکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی گونجاو بۆ گشت هاوولاتیان لە ژێر چاودێری حکومی . ٩-کار ئەکەین کە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی بالا بە تەواوی لەژێر کۆنترۆلی دەولەت بێت . ١٠-کار ئەکەین بۆ ئەوەی موچەی هاوولاتیانی سڤیل ئەوانەی بوونەتە قوربانی دەستی رژێمی بەعس لە فەیلیەکان ، بارزانیەکان ،نفالکراوەکان و شەهیدانی کیمیابارانی کوردستان بخرێتە سەر بوجەی حکومەتی فیدرالی عێراق . ١١-کار ئەکەین و گرنگی تەواو ئەدەین بە سەندیکا سەربەخۆکان کە دەربری داخوازیەکانی توێژوو چینەکانی کوردستانن . ١٢-کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی مۆدێرنی گواستنەوە بۆ گشت شارو شارۆچکەکانی کوردستان بە مەبەستی ناچارنەبوونی هاونشتمانیان بە مەبەستی بەکارهێنانی ئوتوموبێلی تایبەتی، ئەم سیستەمە لە ژێر کۆنترۆلی حکومه ت دەبێ. باوەری تەواومان بە راگەیاندنێکی ئازادو سەربەخۆ هەیە، بەمەرجێک پابەندی بنەما نیشتمانی و داب و نەریتە رەسەنە کان بوو. ١٣-هەول ئەدەین لە ریگای دامەزراندنی سندوقی دارایی نیشتمانی یارمەتیەکی مانگانە بۆ هەموو منالان تەرخان بکرێت تاوەکوو دەبن بە ١٨ سال . ١٤-کاردەکەین بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەلەکترۆنی لە هوشیارکردنەوەو لەناوبردنی هەژاری وخزمەتگوزاریەکان لە بواری تەندروستی کە ببێتە هۆی گەشەی کۆمەلگاو باشترکردنی ژیانی کۆمەلایه تی تاکە کەس بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەلایەتی لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەلگا .
شیكاری: درەو پاڵپشت بە داتاکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە کابینەی نۆیەمی حکومەت؛ 🔻 پرۆسەی نەوتی هەرێم؛ 🔹 حکومەتی هەرێمی کورستان بڕی (567 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری و بڕی (3 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکانی ناوخۆ فرۆشتووە. 🔹 بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (54.89) دۆلار و لە ناوخۆ بە (55.95) دۆلار فرۆشراوە. 🔹 کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراو (31 ملیار) دۆلار و لە ناوخۆش (217 ملیۆن و 235 هەزار) دۆلار بووە. 🔹 تێچوو و خەرجی نەوتی هەرێم (17 ملیار) دۆلار بووە. بڕی (14 ملیار) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. 🔻 ڕێڕەوە داراییەکان و خەرجی نەوتی هەرێم؛ 🔹 لە کابینەی نۆیەمدا گەورەترین خەرجی پرۆسەی نەوت شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بووەو بڕەکەی بریتی بووە لە (10 ملیار) دۆلار. 🔹 بڕی (2 ملیار) دۆلار خەرجی گواستنەوەی نەوت بووە لە نێو خاکی هەرێم و دراوە بە کۆمپانیای بۆری کوردستان (KPC)، بڕی (ملیارێک و 586 ملیۆن) دۆلار دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) وەک کرێی بۆری و گواستنەوەی نەوتی هەرێم. یەکەم؛ پرۆسەی نەوت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1. بڕی نەوتی فرۆشراو لە ڕێگەی بۆرییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا (لە ناوەڕاستی ساڵی 2019ەوە بۆ کۆتایی چارەکی یەکەمی 2023) بڕی (567 ملیۆن و 932 هەزار و 43) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بەجۆرێک زۆرترین فرۆشتن لە چارەکی یەکەمی (2020)دا تۆمار کراوەو بڕەکەی بریتی بووە لە (42 ملیۆن و 323 هەزار و 769) بەرمیل. کەمترینیشی لە چارەکی یەکەمی (2023)دا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (32 ملیۆن و 965 هەزار و 523) بەرمیل نەوتی خاو. بڕوانەی (خشتە و چارتی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) 2. بڕی نەوتی خاوی فرۆشراو لە بازاڕی ناوخۆی هەرێم بەپێی داتاکانی دیلۆیت، لە کابینەی نۆیەمدا، بڕی (3 ملیۆن و 929 هەزار و 899) بەرمیل نەوتی خاو لە بازاڕی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە بە پاڵاوگە نەوتییەکان. بەرزترین فرۆشتنیش لە چارەکی سێیەمی (2021) تۆمار کراوە بە بڕی (722 هەزار و 812) بەرمیل، لە چارەکەکانی دووەم و سێیەم و چوارەمی (2020) هیچ بڕێکی نەوت لە ناوخۆ نەفرۆشراوە. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (2)). 3. تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراو بە (54 دۆلار و 89 سەنت) فرۆشراوە، بەرزترین نرخێک کە نەوتی هەرێمی تێدا ساغکراوەتەوە لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022) بووەو تێیدا بەرمیلێک نەوت بە سەروو (100) دۆلار فرۆشراوە. کەمترین تێکڕای نرخی تۆمارکراویش لە چارەکی دووەمی ساڵی (2020) بووەو بەرمیلێک نەوت بە (15 دۆلار 781 سەنت) فرۆشراوە. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3)). 4. تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ناوخۆ هەر بەپێی داتاکان بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی ناوخۆ بە (55 دۆلار و 952 سەنت) ساغکراوەتەوە، بەرزترین نرخێک کە نەوتی هەرێمی لە بازاڕی ناوخۆ پێ فرۆشرابێت، لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا بووەو بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە بە سەرو (84) دۆلار. کەمترین نرخی تۆمارکراویش لە چارەکی سێیەمی (2019) بووە و بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە (44 دۆلار و 338 سەنت). بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (4)). 5. کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، (31 ملیار و 939 ملیۆن و 425 هەزار و 303) دۆلار داهاتی نەوتی هەناردە کراوی هەرێم بووە. زۆرترین داهاتیش لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022)دا بووەو تێدا بڕی (3 ملیار و 776 ملیۆن و 446 هەزار و 251) دۆلار داهاتی نەوت بووە. کەمترین داهاتیش لە چارەکی دووەمی ساڵی (2020) بووە بە تۆمارکردنی بڕی (590 ملیۆن و 349 هەزار و 504) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (5)). 6. کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی ناوخۆ بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، (217 ملیۆن و 235 هەزار) دۆلار داهاتی نەوتی فرۆشراوی ناوخۆ بووە. زۆرترین داهاتیش لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2021) بووەو تێدا بڕی (36 ملیۆن و 28 هەزار و 560) دۆلار داهاتی نەوتی فرۆشراوی ناوخۆ بەدەستهاتووە. جگە لەوەی لە (9) مانگی کۆتایی ساڵی (2020) هیچ بڕە نەوتێک نەخراوەتە بازاڕی ناوخۆوە، بەڵام کەمترین داهاتی نەوتی خاوی ناوخۆ لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2020) بووە بە تۆمارکردنی بڕی (4 ملیۆن و 993 هەزار و 33) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (6)). 7. کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم (هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆری + ناوخۆ) بە کۆکردنەوەی داهاتەکانی نەوت (کە لە دوو خاڵی پێشتر ئاماژەمان پێدا) کۆی بەهای نەوتی هەرێم بە هەردوو شێوەی فرۆشتنی ناوخۆ و هەناردەکردن لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بریتی بووە لە (32 ملیار و 156 ملیۆن و 606 هەزار و 303) دۆلار. زۆرترین داهاتیش لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022)دا بووەو تێیدا بڕی (3 ملیار و 789 ملیۆن و 290 هەزار و 270) دۆلار داهاتی نەوت بووە. کەمترین داهاتیش لە چارەکی دووەمی ساڵی (2020) بووە بە تۆمارکردنی بڕی (590 ملیۆن و 349 هەزار و 504) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (7)). 8. کۆی خەرجی و تێچووی پرۆسەی نەوتی هەرێم لە بەشی دووەمی ئەم ڕاپۆرتەدا کاتێک تیشک دەخەینە سەر ڕێڕەوە داراییەکانی نەوتی هەرێم وردەکارییەکانی تێچوو و خەرجی نەوت ڕوون دەبێتەوە، بەڵام گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە کۆی خەرجی نەوتی هەرێم لە کابینەی نۆیەمدا بریتی بووە لە (17 ملیار و 365 ملیۆن و 125 هەزار و 349) دۆلار بە ڕێژەی (54%)ی کۆی گشتی داهاتی نەوت. زۆرترین خەرجی لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022) بووەو تێدا بڕی (2 ملیارو 217 ملیۆن و 305 هەزار و 4) دۆلار خەرجی نەوت بووە. کەمترین خەرجیش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمی داهاتەوە لە چارەکی دووەمی ساڵی (2020) تۆمارکراوەو بڕەکەی گەیشتووە بە (273 ملیۆن و 45 هەزار و 13) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (8)). 9. سافی نەختینەی وەرگراو لە لایەن حکومەتی هەرێم دوای لێکدانەوەی داهات و خەرجی و تێچووی نەوت داتاکان ئەوە دەردەخەن، کە لە کابینەی نۆیەمدا بڕی (14 ملیار و 791 ملیۆن و 534 هەزار و 954) دۆلار بە ڕێژەی (46%)ی کۆی داهاتی نەوت، وەک نەختینە گەڕاوەتەوە بۆ سەر خەزێنەی گشتی هەرێم، زۆرترین داهاتیش لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022) بووەو تێدا بڕی (ملیارێک و 603 ملیۆن و 88 هەزار و 296) دۆلار لە داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە. کەمترین داهاتی گەڕاوە لە چارەکی دووەمی ساڵی (2020) تۆمارکراوەو بڕەکەی (317 ملیۆن و 304 هەزار و 491) دۆلار بووە. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (9)). دووەم؛ ڕێڕەوە داراییەکان و خەرجی نەوت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1. گۆڕانکاری لە ڕەسیدی حیساباتی کڕیاران بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی گۆڕانکاری لە ڕەسیدی حیساباتی کڕیاران چوار جار (لە چارەکی سێیەمی (2019)، چارەکی یەکەمی (2020)، چارەکی چوارەمی (2021) و چارەکی چوارەمی (2022)) بە گوژەمەی جیاواز پارە گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم و لە سەرجەم ماوەکانی دیکە پارەکان خراوەتە سەر ڕەسیدی کڕیاران و بە تێکرای گشتیش (ملیارێک و 137 ملیۆن و 464 هەزار و 22) دۆلار چووەتە سەر حیساباتی کڕیاران. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (10)). 2. پارەدانی پێشەکی دوورخایەن بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت تەنها چوار حاڵەتی لەم مامەڵەیە ڕوویداوە ئەویش لە (چارەکی سێیەمی (2019)ەوە بۆ کۆتایی چارەکی دووەمی 2020) لەم مامەڵەیەشدا بڕی (820 ملیۆن و 308 هەزار و 607) دۆلار گەڕاوتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (11)). 3. سودو رسوماتی دیکە پەیوەست بە کڕیاران بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەم لە سەرجەم وەرزەکاندا بە بڕی جیاواز سودو رسومات دراوە بە کڕیاریان بە کۆی گشتیش لە چوارچێوەی ڕێڕەوە داراییەکان بڕی (418 ملیۆن و 953 هەزار و 799) دۆلار لە خەرجی نەوتی چووە بۆ ئەم بوارە. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (12)). 4. شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کابینەی نۆیەمدا بە تێکڕا بڕی (10 ملیار و 665 ملیۆن و 484 هەزار و 416) دۆلار چووە بۆ شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە ئەمەش گەورەترین خەرجی پرۆسەی نەوتە لە چوارچێوەی تێچووە داراییەکان. گەورەترین خەرجکردنیش لە چارەکی دووەمی (2022)دا بۆ ئەم بوارە بریتی بووە لە بڕی (ملیارێک و 632 ملیۆن و 695 هەزار و 597) دۆلار، کەمترین خەرجی شاستەی کۆمپانیاکان لە چارەکی چوارەمی (2019) تۆمار کراوە بە بڕی (240 ملیۆن و 975 هەزار و 290) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (13)). 5. خەرج و کرێی گواستنەوەی نەوت لە نێو خاکی تورکیا بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی پاڵپشت بە داتاکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی لە نێو خاکی تورکیادا لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، بەکۆی گشتی بڕی (ملیارێک و 586 ملیۆن و 787 هەزار و 908) دۆلار بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) چووە. گەورەترین پارەدانیش بۆ ئەم مەبەستە لە چارەکی دووەمی (2022) دا بریتی بووە لە بڕی (214 ملیۆن و 803 هەزار و 23) دۆلار، کەمترین خەرجی گواستنەوە بۆ کۆمپانیا تورکییەکە لە چارەکی سێیەمی (2020) تۆمار کراوە بە بڕی (47 ملیۆن و 715 هەزار و 717) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (14)). 6. خەرج و کرێی گواستنەوەی نەوت لە نێو خاکی هەرێم بۆ کۆمپانیای بۆری کوردستان بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی لە نێو خاکی هەرێمدا بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەم، بەکۆی گشتی بڕی (2 ملیار و 140 ملیۆن و 336 هەزار و 466) دۆلاری دراوە بە کۆمپانیای بۆری کوردستان (KPC). گەورەترین پارەدانیش بۆ ئەم مەبەستە لە چارەکی دووەمی (2021)دا بۆ ئەم بوارە بریتی بووە لە بڕی (238 ملیۆن و 932 هەزار و 863) دۆلار، کەمترین خەرجی گواستنەوە بۆ کۆمپانیای بۆری کوردستان لە چارەکی چوارەمی (2022)دا تۆمار کراوە بە بڕی (100 ملیۆن) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (15)). 7. دانەوەی قەرزی کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) و کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی تورکی (TPCI) بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چوار گوژەمە لە (چارەکی سێیەم و چوارەمی (2019)، چارەکی یەکەمی (2020) و چارەکی یەکەمی (2022)) بڕی (435 ملیۆن 162) دۆلار لە بری قەرز دراوەتەوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) و کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی تورکی (TPCI). بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (16)). 8. پارەدان بۆ لایەنی سێیەم پارەدان بە لایەنی سێیەم یەکێکی دیکەیە لە بڕگەکانی خەرجی نەوتی هەرێم و لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەت، بە کۆی گشتی بڕی (759 ملیۆن و 741 هەزار و 359) دۆلار لەم بوارەدا بە خەرج دراوە گەورەترین پارەدانیش بۆ ئەم مەبەستە لە چارەکی دووەمی (2021) دا بۆ ئەم بوارە بریتی بووە لە بڕی (159 ملیۆن و 425 هەزار و 317) دۆلار، لە چارەکەکانی (دووەم، سێیەم و چوارەمی (2020)) هیچ خەرجییەک بۆ لایەنی سێیەم تۆمار نەکراوە. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (17)). دوا بڕگەی ڕێڕەوی دارایی نەوتی هەرێم بریتی یە لە "داهاتی سەرباری بەدەستهاتوو" کە حکومەتی هەرێم بۆ یەک جار و لە چارەکی سێیەمی (2019) بڕی (3 ملیۆن و 562 هەزار و 302) دۆلاری بۆ گەڕاوەتەوە، بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەم. پاڵپشت بەو داتایانە لەم بەشەدا خرانەڕوو، دوای خستنەڕووی سەرجەم ڕێڕەوە داراییەکان خەرجی و تێچووی نەوت، داتاکان ئەوە دەردەخەن، کە لە کابینەی نۆیەمدا بڕی (17 ملیار و 365 ملیۆن و 125 هەزار و 349) دۆلار بە ڕێژەی (54%)ی کۆی داهاتی نەوت بۆ خەرجی بووە، وەک لە خاڵی (8)ی بەشی یەکەمی ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەمان بۆ کردووە. تێبینی؛ کۆمپانیای دیلۆیت بۆ چارەکی یەکەمی (2023) هیچ داتاو ڕاپۆرتێکی بڵاو نەکردووەتەوە، بۆیە بۆ داتاکانی ئەو ماوەیە لە بارەی بڕی هەناردەو داهات و خەرجی نەوت پشت بە زانیارییە رۆژنامەوانییەکان بەستراوە. سەرچاوەکان 1. ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە سەردەمی کابینەی نۆیەم (چارەکی سێیەمی (2019) تا چارەکی چوارەمی (2022)) کە ژمارەیان (14) ڕاپۆرتە. 2. نەوتی هەرێمی کوردستان؛ شیکاری، لێکدانەوەی ژمارەو داتاکان، سلێمانی، چاپی یەکەم (2023) (کتێب؛ بەرهەمی دامەزراوەی میدیایی درەو). 3. بارگرانی و لێکەوتەکانی ئابوری سەربەخۆ؛ لە ڕووی (یاسایی، دارایی و ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی)یەوە، سلێمانی، چاپی یەکەم (2023) (کتێب؛ بەرهەمی دامەزراوەی میدیایی درەو).
راپۆرت: درەو بەر لە دەستپێكردنی لوتكەی وڵاتانی "ناتۆ"، ئەردۆغان ستراتیژێكی نوێی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سوید خستەڕوو، جارێكی تر پرسی ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتیی ئەوروپا هێنایە پێشەوە، ئۆكراینا لەم لوتكەیەدا داوای ئەندامبوون لە رێكخراوی "ناتۆ" دەكات، بەڵام ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەئەوروپا جارێ نایانەوێ لەمبارەیەوە هیچ خشتەیەكی زەمەنی دیاری بكەن، پێشبینی دەكرێت لەبری باسكردن لە ئەندامبوونی ئۆكراینا لە ناتۆ، ئەمریكا یارمەتییەكی دارایی ساڵانە هاوشێوەی ئەوەی بۆ ئیسرائیلی تەرخان كردووە، بۆ ئۆكراینا دابین بكات. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. لوتكەی ڤیلنیۆس سەركردەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" كە لە پایتەختی لیتوانیا كۆدەبنەوە، زۆر پرس لە بەردەمیاندا هەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەبارەوە بكەن، چونكە ئەم هاوپەیمانێتییە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆكایەتیی دەكات، روبەڕووی ئاڵنگاری بێ پێشینە بووەتەوە. رۆژانی سێ شەممەو چوار شەممە، شاری (ڤیلنیۆس)ی پایتەختی لیتوانیا میوانداری لوتكەی ناتۆ دەكات، بڕیارە پرسی وەڵامدانەوەی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكرایناو داواكاریی ئۆكراینا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ، باڵ بەسەر لوتكەی ئەمجارەدا بكێشێت. لە دیارترین ئەو پرسانەی سەركردەكانی ناتۆ لە لوتكەی ڤیلنیۆس قسەوباسی لەبارەوە دەكەن بریتین لە: ئەندامبوونی ئۆكراینا لە ناتۆ پێشبینی دەكرێت ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا لە سەردانەكەیدا بۆ پایتەختی لیتوانیا، نامەیەك بۆ 31 وڵاتە ئەندامەكەی ناتۆ ببات: دەبێت هاوكات لەگەڵ كۆتایهاتنی جەنگ، ئۆكراینا ببێت بە ئەندام لە ناتۆ. ئۆكراینا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات داوای نەخشەڕێگایەكی ڕوون دەكات، بەو پێیەی گرنگە كیێڤ پەیوەندی بە چەتری "بەرگری" ناتۆوە بكات، ئەمەش بۆ راگرتنی هەر هێرشێكی روسیا لە داهاتوودا. بەڵام دوودڵییەكی روون لەلایەن واشنتۆنو بەرلینەوە هەیە لەبارەی پێدانی بەڵێنی زیاتر بە ئۆكراینا، بەڵێنی زیاتر لەوەی كە پێشتر ناتۆ داویەتیو وتویەتی " رۆژێك لە رۆژان ئۆكراینا دەبێت بە ئەندامی ناتۆ" بەبێ دیاریكردنی خشتەی زەمەنی بۆ ئەم هەنگاوە. دیپلۆماتماران ماوەی چەند هەفتەیەكە سەرقاڵی ئامادەكردنی پەیامێكن كە ئاماژەیەكی "ئەرێنی" بە ئۆكراینا بدات. بڕیارە سەركردەكانی ناتۆ لەڕێگەی دروستكردنی ئەنجومەنی ناتۆو ئۆكرایناوە، پەیوەندییە سیاسییەكانیان بەهێز بكەنو بەرنامەیەكی چەند ساڵە دابنێن بۆ یارمەتیدانی كیێڤ لەپێناو "نزیكبوونەوە"ی لە پێوەرە سەربازییەكانی خۆرئاوا. بەڵام پرسیار هەیە لەبارەی ئەوەی ئایا تەنیا ئەم هەنگاوە بەسە بۆ قایلكردنی سەرۆكی ئۆكراینا، ئۆریسیا لۆتسیفیش لە ناوەندی توێژینەوەی "چاتام هاوس" دەڵێ:" تیمی زیلینسكی تا دوا سات دەجەنگێت لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین ئیمتیاز". گرەنتی ئەمنیی وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەندامبوون، زۆرێك لە وڵاتانی خاوەن قورسایی لە ناتۆدا لەوانە ئەمریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەڕەنسا تاوتوێ پابەندبوونیان دەكەن بۆ ناردنی چەك بەمەبەستی یارمەتیدانی ئۆكراینا بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بكات، بەگوێرەی قسەی سەرچاوە دیپلۆماسییەكان، ئەم پابەندبوونانە لە دەرەوەی چوارچێوەی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" دەبێت. دوای زیاتر لە 500 رۆژ لە دەستپێكردنی هێرشی روسیا، بەبەهای دەیان ملیار دۆلار چەكو كەلوپەل بە ئۆكراینا دراوە، پێشبینی ئەوەش دەكرێت رێككەوتنێك لەگەڵ ئۆكراینا بكرێت هاوشێوەی رێككەوتنی نێوان ئەمریكاو ئیسرائیل، كە ئەمریكا ساڵانە چەند ملیار دۆلارێك لەشێوەی یارمەتی سەربازیدا بە ئیسرائیل دەدات. هەروەك رەنگە رێككەوتن لەبواری ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری، راهێنانو دووبارە بنیادنانەوەی پیشەسازی چەكی ئۆكراینا رابگەیەندرێت، بەڵام هەندێك لە وڵاتان هۆشداری دەدەن لەوەی رەنگە ئەم جۆرە پابەندبوونانە نەبن بە بەدیلی ئەندامبوونی ئۆكراینا لە ناتۆو كارەكە زیاتر دوابخات. كریسجانیس كارینز سەرۆك وەزیرانی لاتیڤیا بەمدواییە رایگەیاند" باشترین گرەنتی بۆ ئۆكراینا ئەوەیە، لەگەڵ كۆتایهاتنی جەنگ، ئەندامێتی تەواوی لە ناتۆدا پێبدرێت". ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ جارێكی تر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە لوتكەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا دەكەوێتەوە بەر رووناكی، بەوپێیەی دژی ئەندامبوونی سویدە لە ناتۆدا. وڵاتانی ئەندام پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن ئەردۆغان لە كۆتایدا دەستبەرداری ناڕەزایەتییەكانی دەبێت سەبارەت بە ئەندامبوونی سویدو ژمارەی ئەندامانی ناتۆ بۆ (32) وڵات زیاد دەكات. سەرباری ئەوەی لە نیسانی رابردوودا، ئەنكەرە گڵۆپی سەوزی بۆ ئەندامبوونی فینلەندا لە ناتۆ هەڵكرد، بەڵام هێشتا بەربەستە لەبەردەم ئەندامبوونی سویددا، لە دۆخێكی لەمشێوەیەشدا پێویستە هەموو ئەندامانی ناتۆ هاوڕابن بەر لە وەرگرتنی هەر ئەندامێكی نوێ لە هاوپەیمانێتییەكەدا. پێشتر بۆ رێگریكردن لە ئەندامبوونی سوید، ئەردۆغان بابەتی پشتیوانیكردنی سویدی لە پارتی كرێكارانی كوردستان كردبوو بە بەهانە، بەڵام ئەمڕۆ ستراتیژێكی نوێ داڕشتو وتی:" دەرگای بەڕووی ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا بكەنەوە، ئێمەش دەرگا بەڕووی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆدا دەكەینەوە". لە كۆبونەوەی لوتكەی پێشووی ناتۆدا كە بەر لە ساڵێك لە مەدرید بەڕێوەچوو، كارەكە چەندین كاتژمێر دانوستانی ویست تا ئەردۆغان قایل بوو بەوەی بانگهێشتی فەرمی ئاڕاستەی سوید بكرێت بۆ ئەندامبوونی لە هاوپەیمانێتییەكەدا، ئەمەش تەنیا وەكو هەنگاوێكی بەرایی. بڕیارە لە ڤیلنیوس، ئەردۆغان چاوی بكەوێت بە هەریەكە لە (ئۆڵف كریسترسۆن) سەرۆك وەزیرانی سویدو (ینس ستۆڵتنبرگ) ئەمینداری گشتی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی، لەم دیدارەدا، بەر لە دەستپێكردنی كۆبونەوەی لوتكەی هاوپەیمانێتییەكە جارێكی تر دۆسیەی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ بكرێتەوە. خەرجی سەربازیی دوای ئەوەی ساڵی 2014 روسیا نیمچە دورگەی (كریمیا)ی خستە سەر خاكی وڵاتەكەی، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەڵێنیاندا لە ساڵی 2024وە بڕی (2%)ی تێكڕای داهاتی ناوخۆییان بۆ خەرجی سەربازی تەرخان بكەن، پێشبینی دەكرێت لەمساڵدا لە كۆی 31 وڵاتی ئەندامی ناتۆ 11 وڵاتیان خەرجی سەربازییان لە رێژەی دیاریكراو زیاتر بەرزكردبێتەوە، ئەمەش بەگوێرەی نوێترین ئامار كە ناتۆ دەریكردووە. لەمبارەیەوە، ینس ستۆڵتنبرگ ئەمینداری ناتۆ رایگەیاند" دڵنیام لەوەی ساڵی داهاتوو ئەم ژمارەیە بەرزتریش دەبێتەوە"، لە ساڵی 2014وە هاوپەیمانان جارێكی تر دانوستانیان كرد لەبارەی ئەم پایەندییەوە، ئەمەش لەرێگەی بەرزكردنەوەی خەرجی سەربازی، بۆ زانیاری رێژەی 2% بۆ خەرجی سەربازیی ئێستا نزمترین ئاستە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا زۆر پرسیار هەن كە وەڵامدانەوەیان یەكلانەبووەتەوە لەنمونەی خشتە زەمەنییەكەو هەندێك لە وڵاتان پێیانوایە ئەم كارە بەدیهێنانی چەندین ساڵ دەخایەنێت. پلانی ستراتیژی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكراینا وای لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی كرد پێداچونەوەیەكی گشتگیر بە سیستمی بەرگری خۆیدا بكات لە بەرەی خۆرهەڵاتەوە. سەركردەكانی ناتۆ پلانێكی ناوچەییان داڕشت لەگەڵ چوارچێوەی جیۆستراتیژی نوێدا بگونجێت، كە بە وردی هەڕەشە سەرەكییەكانو ئامرازە پێویستەكانی بەرگریكردن لە هەموو ناوچەكەو رێڕەوی ئەگەری كاركردن ڕوون دەكاتەوە. دیپلۆماتكاران دەڵێن توركیا ناڕازیەتی لە هەندێك لە پلانەكانی ناتۆ دەربڕیوە، بەڵام دەبێت لە كۆتایداو لە لوتكەكەدا "گڵۆپی سەوز" بۆ پلانەكان هەڵبكات. سەرچاوە: ئاژانسەكان
راپۆرت: درەو ئەم مانگە بۆ پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلاكەرەوە دەبێت، یاسای بودجە تێپەڕی، ئیتر پەرلەمانی عێراق دەستی بەتاڵەو دەیەوێت ئەو یاسایانە تێپەڕێنێت كە شیعەكان لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا بەڵێنیان بە كوردو سوننە داوە، ئەمڕۆ وەرزێكی یاسادانانی نوێ لە عێراق دەستیپێكرد، پێشبینی دەكرێت ئەم وەرزە یاساییە تینو تاوەكەی لە وەرزی هاوین گەرمتر بێت، بۆ كورد دەرچوونی (یاسای نەوتو غاز) گرەوە گەورەكەیە، بۆ سوننەكانیش دەرچوونی یاسای (لێبوردنی گشتی)، شیعەكانیش لەناو خۆیاندا لەبەردەم ئاڵنگاری یاسای دەزگا ئەمنیو هەواڵگرییەكاندا، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. وەرزێكی نوێ دەستیپێكرد سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دەستپێكردنی وەرزێكی یاسادانانی نوێی راگەیاند، پێشبینی دەكرێت لەگەڵ گەرمای هاویندا، لەم وەرزەی یاساداناندا ناكۆكی لایەنەكانیش سەبارەت بە یاساكان گەرم ببێت، بەدیاریكراویش ناكۆكی لەبارەی یاسای نەوتو غازو یاسای دەزگا ئەمنییەكانو لێبوردنی گشتی. فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق لە بەننامەیەكدا رایگەیاند" سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستپێكردنی وەرزی دووەمی یاسادانان لە ساڵی دووەمی یاسادانان لە ئەمڕۆ 9/7/2023 رادەگەیەنێتو لیژنەكانی پەرلەمان كاری یاسادانانو چاودێری خۆیان لەمڕۆوە دەستپێدەكەنو یەكەم دانیشتنی پەرلەمانیش لە رۆژی 15/7/2023 بەڕێوەدەچێت". بەگوێرەی دەستور، وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی عێراق ماوەی (4) مانگ دەخایەنێت، دیارترین ئەو یاسایانەی بڕیارە لەم وەرزەدا گفتوگۆیان لەسەر بكرێت بریتین لە: • ئەو یاسایانەی كە پێشتر خوێندنەوەیان بۆ كراوە. • ئەو یاسایانەی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان دەنێردرێن. • دیارترین ئەو یاسایانەی بڕیارە لەم وەرزەدا خوێندنەوەیان بۆ بكرێت بریتین لە یاساكانی (نەوتو غاز)و (دەزگا ئەمنییەكان)و (لێبوردنی گشتی). كوردو یاسای نەوتو غاز یاسای نەوتو غاز یەكێك لەو یاسایانەیە كە لەبەرنامەی كاری كابینەی محەمەد شیاع سودانیدا بەڵێن درابوو دوای (6) مانگ لە دەستبەكاربوونی حكومەت رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام وادەكە تەواو بوو هێشتا یاسانە نەنێردراوە. لە سەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە، وەفدی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ لەبارەی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوتو غاز چونە ناو دانوستانەوە، بەڵام دانوستانەكان راوەستان. لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە ناوەڕاستی شوباتی 2022دا دژی هەرێمی كوردستانو هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێم، حكومەتی هەرێم ئومێدی لەسەر دەرچوونی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ هەڵچنیوە، دەیەوێت لەم یاسایەدا چارەسەر بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی بدۆزێتەوە، بڕیارێك كە هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی حكومەتی فیدراڵ بكات. محەمەد شیاع سودانی كاتێك لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەكاربوو، بڕیارەكەی دادگا دژی هەرێم دەرچوو بوو، بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئەو وتی: من ناتوانم بڕیاری دادگای فیدراڵی رابگرم، باشترین چارەسەر بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دەربچێت. دەركردنی ئەم یاسایە یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان پارتیو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق. یاسای نەوتو غازی فیدراڵ یەكێك لەو یاسا گرنگانەیە كە دەبوو دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005دا، دەرچوێندرایە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هەرێمو بەغداد لەبارەی چۆنیەتی دابەشبوونی دەسەڵات بەسەر كەرتی نەوتو غازدا، یاساكە پەسەند نەكرا. لەدوای پەسەندكردنی دەستورەوە تائێستا دوو رەشنوسی یاسای نەوتو غاز ئامادە كراوە، یەكەمیان رەشنوسەكەی ساڵی 2007و دووەمیشیان رەشنوسی ساڵی 2011، هەردوو رەشنوسەكە پەكیان كەوتو لە پەرلەمان پەسەند نەكران. دەرچوونی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ زیاتر لە عێراق بایەخی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە نەوتی هەرێمی كوردستان لەنێوان دوو شوباتدا، كەڤەری یاسایی خۆی لەدەستداوەو پێویستی بە كەڤەركردنێكی نوێ هەیە: • 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندەوەو هەرێمی پابەند كردووە بە رادەستكردنی نەوتو غاز بە حكومەتی فیدراڵ. • 13ی شوباتی ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی عێراق دژی توركیا یەكلاكردەوە، بەپێی ئەو بڕیارە توركیا پابەندكراوە بەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق مافی ئەوەی نییە بۆری عێراق بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان بەكاربهێنێت، سەرباری ئەمە بڕی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاندووە، بەهۆی ئەم بڕیارەوە لە بەرەبەیانی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە. واتا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەش نەوتی هەرێمی كوردستان لەژێر فشارو بڕیاری دادگادایە، دەرچوونی یاسای نەوتو غاز رەنگە هەندێك لەم فشارانە كەمبكاتەوە. بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە دانوستانەكانی شوباتی ئەمساڵدا وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراق زۆرینەی داواكارییەكانی وەفدی حكومەتی هەرێمی لەبارەی چۆنیەتی ئامادەكردنو رێككەوتنی لەسەر یاسای نەوتو غاز رەتكردوەتەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم (نەوت بفرۆشێت، هێڵی بۆری نەوتو غازی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەنجومەنی نەوتو غازی هەبێت، یاسای نەوتو غازی هەرێم دوای هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جارێكی تر زیندوو بكرێتەوە)، ئەمانە وردەكاری گفتوگۆی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەندن لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، حكومەتی هەرێم لە (15) خاڵدا پێشنیازی خۆی لەبارەی یاساكە خستوەتەڕوو، حكومەتی ناوەند (10) خاڵی پێشنیازەكانی هەرێمی رەتكردوەتەوە كە دەكاتە (67%)ی پێشنیازەكان. هەموو ئەمانە وادەكات پێشبین بكرێت لەم وەرزەدا پەرلەمانی عێراق نەتوانێت یاسای نەوتو غاز تێپەڕێنێتو جارێكی تر دوابكەوێت. دەرچوونی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ ماوەی 18 ساڵ لە وادەی خۆی دواكەوتووە، ئەمە یەكێك لە بەهانەكانی هەرێمی كوردستان بوو بۆ دەركردنی یاسای نەوتو غاز لە ساڵی 2007دا، یاسایەك كە ئێستا بە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵوەشاوەتەوە. هەندێك لەوانەی لە نزیكەوە ئاگاداری دۆسیەی نەوتن دەڵێن، حكومەتی فیدراڵی عێراقو بەدیاریكراویش لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتو كوتلەی گەورەی پەرلەمان دەیانەوێت نەوتی هەرێمی كوردستان لەم دۆخەدا بهێڵنەوە، بۆیە بۆیان گرنگ نییە هەناردەی نەوت دەستپێ نەكاتەوەو یاسای نەوتو غازیش تێ نەپەڕێت. بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هێزی گەورەی كورد لە عێراق (لەڕووی ژمارەی پەرلەمانتارەوە)، لەحاڵی پەكخستنی یاسای نەوتو غازدا هیچ دەرفەتێكی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە كشانەوەی لە حكومەتی عێراق، بەتایبەتیش كە لە یاسای بودجەی فیدراڵدا، دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوتو وەرگرتنەوەی داهاتەكەی لە حكومەتی هەرێم سەندراوەتەوەو خەرجی پێویستیش بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان تەرخان نەكراوە. یاسای لێبوردنی گشتی ئەگەر بۆ كورد دەركردنی (یاسای نەوتو غاز) مەرجی سەرەكی بەشداریكردن بێت لە حكومەتەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەوا بۆ سوننەكانیش دەركردنی یاسای (لێبوردنی گشتی) مەرجەو رێككەوتنی لەسەر كراوەو لەسەر ئەم بنەمایە محەمەد شیاع سودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستبەكاربووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەناوەندی سیاسی عێراقەوە دزەیان كردوەتە دەرەوە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانیان فشار لە سودانی دەكەن بۆ ئەوەی رێگری لە تێپەڕینی ئەم یاسایە بكات لە پەرلەمان. لە ساڵانی رابردوودا هەزاران كەس لە عێراق دەستگیركراون، زۆرینەیان لەژێر ئەشكەنجەدا دانپێدانیان لێوەرگیراوە، ئەمانە لەلایەن كەسانێكەوە راپۆرتیان لێدراوە كە بە "هەواڵدەری نهێنی" ناودەبرێن، بەشی زۆری ئەم گیراوانە لە پێكهاتەی سوننەی عێراقن، لایەنە سونییەكان دەڵێن ئەمانە لەچوارچێوەی رقی شەخسیو پاكتاوی سیاسیدا لە دادگاكانەوە حوكمیان بۆ دەركراوە، بۆیە دەیانەوێت لەرێگەی یاسای لێبوردنی گشتییەوە ئەم گیراوانە ئازاد بكرێن. خالید شوانی وەزیری دادی عێراق مانگی نیسانی رابردوو رایگەیاند، لیژنەیەك بۆ ئامادەكردنی یاسای لێبوردنی گشتی دروستكراوە، ئەمە لەسەر بنەمای رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی سودانی، كە یەكێك لە یەكێك لە بڕگەكانی دەركردنی یاسای لێبوردنە، بەڵام چەند رۆژێكە هێزە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستیان بە قسەكردن كردووە دژی یاساكەو وەكو "خزمەتێك بە تیرۆرستان" ناوی یاساكە دەبەن، دژی ئەوەن لە پەرلەمان پەسەند بكرێت. دوای ناكۆكییەكی سیاسی دورو درێژ، پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی ئابی 2016دا یاسای لێبوردنی گشتی دەركرد، بەڵام ژمارەیەك لە كوتلەكانی پەرلەمان دەڵێن ئەو یاسایە لە ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵكراوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك لە بەندەكانی ئەم یاسایە سڕدراونەتەوە بەتایبەتی بڕگەكانی تایبەت بە پێداچوونەوە بە دۆسیەی حوكمدراوانو دۆخی دادگایكردنیان. هەمواری یەكەمی یاسای لێبوردنی گشتی لە سەرەتای تشرینی دووەمی 2017دا كرا، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەك هێزی سیاسی (ئێستا ئەم هێزانە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەدان) داوایەكیان پێشكەش كرد بۆ هەمواركردن، دیارترین هەموارەكانی یاساكەش بریتی بوون لە: • ئەوانەی سوڵحیان لەگەڵ خاوەن مافە كەسییەكاندا كردووە، لێبوردن بیانگرێتەوە. • ئەوانەی گەندەڵییان كردووە، ئەگەر ئەو پارانەی بردویانە بیگەڕێننەوە، لێبوردن بیانگرێتەوە. • هەموو ئەوانەی لەدوای رۆژی 10ی حوزەیرانی 2014وە بەگوێرەی یاسای روبەڕووبونەوەی تیرۆر حوكمدراون، لێبوردن نەیانگرێتەوە (10 حوزەیرانی 2014 رێكەوتی ئەو رۆژەیە كە رێكخراوی داعش شاری موسڵی گرت). • ئەوانەی تاوانی رفاندنو دەستدرێژییان كردووە، لێبوردنی گشتی نەیانگرێتەوە. • ئەوانەی یەك لەسەر سێی حوكمەكەیان لە زیندان بەسەر بردووە، لێبوردن بیانگرێتەوە، بەڵام ئەو ماوەی حوكمەكەیان كە ماوە، بۆ هەر رۆژێك بڕی (50 هەزار) دیناریان لێ وەربگیرێت. سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان دەڵێن، رۆژی سێ شەممەی رابردوو هەمواركردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بووە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێتو رەوانەی پەرلەمان بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردن، بەڵام بەهۆی فشاری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران یاساكەی لە دانیشتنی حكومەت كێشاوەتەوە، بەتایبەتیش لە كۆبونەوەكەدا وەزیرەكانی سەربە چوارچێوەی هەماهەنگیی ناڕازیی بوون، بۆیە بڕیاری لەسەر نەدراوەو بۆ كاتێكی تر دواخراوە. هەریەكە لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانو خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە وەكو دوان لە كارەكتەرە سیاسییەكانی پێكهاتەی سوننە، لە پشتەوە لە گفتوگۆدان لەگەڵ سودانیو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەمەبەستی تێپەڕاندنی یاسای لێبوردنی گشتی، ئەمڕۆ حەلبوسی لەگەڵ سودانی كۆبووەوەو بەپێی زانیارییەكان سوننەكان خوازیارن لە كۆتایی ئەم مانگەدا یاساكە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. هاوشێوەی یاسای نەوتو غازی بۆ كورد، یاسای لێبوردنی گشتی بۆ سوننە مەرجی مانەوە یان كشانەوەیە لە حكومەتی چوارچێوەی هەماهەنگیی، لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران لە وەرزی یاسادانانی ئەمجارەدا ئیتر هیچ بەهانەیەكیان بەدەستەوە نەماوەو دەبێت وەڵامی ئەو بەڵێنانە بدەنەوە كە بۆ دروستكردنی حكومەتەكەیانو لەپێناو دورخستنەوەی سەدردا بە كوردو سوننەیان داوە، بەتایبەتیش كە یاسای بودجە تێپەڕیوە ئێستا ئیتر ئەولەویەتی پەرلەمان دەبێت ئەو یاسایانە بێت كە لە بەرنامەی حكومەتدا بەڵێنی دەركردنیان دراوە. یاساكانی ئاسایشو هەواڵگری شیعەكان لەناو خۆشیاندا ناكۆكییان هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە یاساكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیو هەواڵگریی، پێشبینی دەكرێت لە وەرزی یاسادانانی نوێی پەرلەماندا ئەم یاسایانەش بخرێنەڕوو. حكومەتی محەمەد شیاع سودانی لەژێر فشاردایە بۆ ئەوەی پۆستە ئەمنییە هەستیارەكانی دەوڵەت بدات بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بۆیە هەندێك لە چاودێران وا لێكدانەوەی بۆ دەكەن لە بنەڕەتەوە كێشە لەسەر ئەسڵی یاساكان نەبێت، بەڵكو بۆ دەستگرتن بێت بەسەر پۆستە ئەمنییەكاندا. ئەمەش بابەتێكە كە وەكو بۆمبێكی تەوقیتكراوە لەنێوان لایەنە شیعەكان خۆیانداو لە هەر ساتێكدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە. چارەنوسی ئیدارەی دەوڵەت ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت كە بە بەشداری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەو كورد (پارتیو یەكێتیی)و لایەنەكانی سوننە (سیادەو عەزم)و چەند لایەنێكی تر پێكهێنراوە، لە یاسای بودجەدا درزێكی گەورەی تێكەوت، بەتایبەتیش لەلایەن پارتییەوە كە ناڕازییە لە دەستكاریكردنی رێككەوتنی هەرێمو بەغداد لەناو یاسای بودجەدا. خولی یاسادانانی نوێی پەرلەمانی عێراق رەنگە درزی ناكۆكی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت زیاتریش بكات، بەتایبەتی لەنێوان لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەلایەكو كوردو سوننە لە لایەكی تر، ئەمە سەرباری ئەگەری دروستبوونی ناكۆكی لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی خۆشیاندا. دوای ساڵێك پەككەوتنی پێكهێنانی حكومەت بەهۆی ململانێی ناوخۆیی شیعەكان (چوارچێوەی هەماهەنگیو موقتەدا سەدر)، ئەیلولی 2022 ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت بەبێ (سەدر) كابینەی نوێی حكومەتی لە عێراق دروستكرد، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوسراودا، بەڵام لەدوای یاسای بودجەوە ئیتر سەردەمی دەرچوون لە رێككەوتنەكان دەستی پێكردو ئێستا پرسیارو گومان لەبارەی ئایندەی ئەم ئیئتیلافە هەیە، ئایا وەرزی یاسادانانی نوێی عێراق كە لە ئەمڕۆوە دەستیپێكرد، سەردەكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی دەوڵەتو كشانەوەی كوردو سوننە لە حكومەت ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران لەگەڵ خواستنەكانی ئەمە دوو پێكهاتەیەدا راوەستاوە.
راپۆرت: درەو ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر رووداوەكانی 8ی تەموزدا تێپەڕ دەبێت، رووداوێك كە بەتەواوەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانی رادەستی كوڕە گەورەكەی جەلال تاڵەبانی كرد، ئەو دەسەڵاتەی ئێستا بافڵ تاڵەبانی هەیەتی، لەماوەی نزیكەی نیو سەدەدا جەلال تاڵەبانی باوكی لەناو یەكێتیدا بەخۆیەوە نەبینیوە، دوو ساڵ سەرۆكایەتیی بافڵ تاڵەبانی چی لە یەكێتییو زۆنی سەوز كردووە ؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا. 8ی تەموز.. گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ دواینجار كە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایدا دەركەوت رۆژی 24ی حوزەیرانی 2021 بوو، هەردووكیان وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی پێكەوە پێشوازییان لە (خەمیس خەنجەر) سیاسەتمەداری سوننەكانی عێراق كرد، بۆ ئێوارەكەشی بافڵ تاڵەبانی لە باخەكەی خۆی لە "مێرگەپان" میواندارییەكی رێكخست. میواندارییەكەی مێرگەپان وەكو بافڵ تاڵەبانی خۆی لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە لە كۆبونەوە داخراوەكاندا باسی دەكرد، بۆ ئەوە بوو ئاشتەوایی لەنێوان (پولو شاڵاو عەلی عەسكەری)و (پۆڵاد شێخ جەنگی) بكات، ئەم دوانە یەكەمیان ئەوكات یاریدەدەری بافڵ تاڵەبانی بوو (ئێستا بەرپرسی هەواڵگری هێزەكانی 70یە)و دووەمیشیان برای لاهور شێخ جەنگیو سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆر بوو، كێشە كەوتبووە نێوانیان. لە ئێوارە خوانەكەی مێرگەپاندا، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگیو دوو كوڕەكەی كۆسرەت رەسوڵ (دەربازو شاڵاو) بەشداربوون، میواندارییەكە بۆ ئاشتەوایی (پۆلۆ و پۆڵاد) بوو، بەڵام بەجیابونەوەی ئامۆزاكان لەیەكتری كۆتایی هات. بەپێی گێڕانەوەی خۆی، لەم ئێوارە خوانەدا ژەهر كراوەتە ناو شەربەتەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە، تەندروستی تێكچووەو لە نەخۆشخانە خەوێندراوەو 12 بوتڵ ئاوی بۆ هەڵواسراوە. دوو هەفتە دوای میواندارییەكەی مێرگەپان، لە بەیانی رۆژی 8ی تەموزی 2021دا بافڵ تاڵەبانی چووە قەلاچوالانو دەزگای زانیاری كۆنترۆڵكرد، هەمان رۆژ دەزگای دژەتیرۆری گرتو پۆڵاد شێخ جەنگی برای لاهور شێخ جەنگی دورخستەوە، بافڵ تاڵەبانی لەرووداوی ژەهرخواردكردنەكەدا لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای تۆمەتبار كرد، لاهور لە دادگا سكاڵای تۆمار كرد، بەڵام تاوەكو ئێستا راستو دروستی ئەم كەیسە بۆ رایگشتی روون نەبووەتەوە، لاهور وەكو بەهانە بۆ كودەتاكردن لەناو یەكێتیی ناوی دەبات. لێكدابڕانی دوو هاوسەرۆكەكە، یەكێك لە پێشبینییەكان بوو بۆ دەرەنجامی كۆنگرەی (4)ی یەكێتیی، كۆنگرەیەك كە لە دوا رۆژەكانی ساڵی 2019دا بەڕێوەچوو، بۆ یەكەمجار لەدوای مردنی تاڵەبانی باوكەوە دەسەڵاتی یەكێتیی رادەستی كوڕو برازاكانی كرد. یەكێتیی لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا بەبۆنەی یادی دوو ساڵەی رووداوی 8ی تەموزەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نمایشێكی سەربازیی رێكخست، لەدوای 8ی تەموزەوە یەكێتیی زیاتر لەوەی وەكو حزبێكی سیاسی مەدەنی دەربكەوێت، وەكو گروپێكی چەكدار خۆی نمایش دەكات، بافڵ تاڵەبانی زۆربەی دەركەوتنەكانی بە جلوبەرگی سەربازییەوەیە، زیاتر لە سیاسییەكانو خەڵكی مەدەنی، لەگەڵ پلەدارەكانی هێزی دژەتیرۆرو كۆماندۆ دەبینرێت، بافڵ تاڵەبانی خەرجی ئۆرگانە مەدەنییەكانی یەكێتیی كەمكردوەتەوەو خەرجی هێزە چەكدارەكانی زیاد كردووە. لەسەر ئاستی ناوخۆی یەكێتیی، كۆنگرەی 4ی یەكێتیی، كاستی سیاسی كۆنی حزبی لەناو ئەنجومەنێكدا بەناوی (ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەندییەكانی یەكێتیی) خانەنشین كرد، بافڵ تاڵەبانیش لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە سەركردایەتی یەكێتیی ناكاراو بێ رۆڵ كردووە، ئەوەی ئێستا لە پەیكەری یەكێتیی ماوەتەوە تانەنەت مەكتەبی سیاسیش نییە، بەڵكو كارگێڕانی مەكتەبی سیاسییە كە ناو بەناو كۆبونەوە دەكەن. ئەو گروپانەی كە بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز لەناو یەكێتیدا هەبوون، ئێستا لەبەردەم هەژمونی بافڵ تاڵەبانیدا نەماون یان زۆر لاواز بوون، گروپی كەركوكییەكان كە لە كۆنگرەی چوارەمدا وەكو بەهێزترین تەكەتول دەركەوتن، ئێستا ئەو پێگە بەهێزەیان نەماوە، كوڕانی كۆسرەت رەسوڵ بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز خۆیان بۆ بافڵ تاڵەبانی یەكلاكردەوەو چاویان لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتیی بوو، ئەم پۆستەیان وەرنەگرتو ئەوەی بەم دۆستایەتییە پێیان كرا هەر ئەوە بوو لیوا هاوبەشەكانی (3و 7)ی كۆسرەت رەسوڵ لە هەڵوەشاندنەوە یان تێكەڵكردن یان گۆڕانكاری رزگار بكەن، ئەم هێزانەش لەبەردەم هەژموونی هێزەكانی دژەتیرۆرو كۆماندۆدا كە راستەوخۆ لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە فەرمانیان پێدەكرێتو داراییان بۆ دابین دەكرێت، زۆر لاوازن. بەرهەم ساڵح وەكو كارەكتەرێكی سیاسی بەهێزی ناو یەكێتیی، لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە لەپێناو زامنكردنی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی یەكێتیی لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی قبوڵ كردو لە دیداری یەكێتیدا كە كۆتا رۆژەكانی ئایاری 2022 بەڕێوەچوو، بەشداری كردو بەفەرمی بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی یەكێتیی ناساند، بەڵام ئەمە زەمانەتی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری نەكردو بەرهەم ساڵح ئێستا لەماڵەوە دانیشتووەو هیچ قسەیەكی لەبارەی دۆخو سیاسەتەكانی یەكێتییەوە نییە، گروپی "جافەكان" كە بریتین لە هەریەكە لە (مەحمود سەنگاوی- عەدنان حەمەی مینا- حامید حاجی غالی) بەهۆی بەرهەم ساڵحەوە لەناو یەكێتیدا لە پێگەیان دراو ئەوانیش ئێستا ئەو رۆڵو كاریگەرییەیان نەماوە. یەكێتیی لەدوای كۆنگرەی چوارو رووداوەكانی 8ی تەموزەوە، ئەوەندە دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆی كردووە، ئێستا كادیرەكانی بە زەحمەت دواین كۆپی هەمواركراوی پەیڕەوی ناوخۆیان دەستدەكەوێتو لەناو ژمارەیەك رەشنوسدا گیریان خواردووە كە لە بنەڕەتەوە كاریان پێناكرێتو پەیڕەو بەرنامە لە خودی بافڵ تاڵەبانیو قوباد تاڵەبانی برایدا كورت بوەتەوە. جڵەوەی بڕیاری سیاسی، دارایی، پەیوەندییەكان هەمووی لە دەستی بافڵ تاڵەبانیدایە. سیاسەتی بافڵ تاڵەبانی دوو ساڵی رابردوو، خەڵك زیاتر لەوەی لە دوورەوە ناویان بیستبوو، بە كەسایەتی بافڵ تاڵەبانی ئاشنا بوون، ئەو سیاسەتێكی چەسپاوی نییە، لە یەككاتدا وەكو فەرماندەیەكی سەربازی توڕەو هاوكات وەكو كەسێكی كراوەو دڵساف دەردەكەوێت، جارێك وەكو سیاسەتمەدارێكی پراگماتیو هەندێكجاری تر وەكو خواناسێك خۆی نمایش كردووە، دەیەوێت ئاڵای كوردایەتیی لە دەستی بارزانیو پارتی وەربگرێتەوە، باسی مافی 40 ملیۆن كورد دەكات، دۆستی عەبدوللەتیف ئەحمەد رێبەری سەلەفییەكانەو (یونس راوی)شی كردووە بە راوێژكاری خۆی، واتا دژبەیەكی زۆری لەخۆیدا كۆكردوەتەوە. لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانی سەرباری راوەستانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە زۆنی سەوز، لەرووی ئازادی رادەربڕینیشەوە زۆنەكە هەندێك پاشەكشەی كردووە، بەپێی ئامارەكان تەنیا لەرۆژی 6ی ئابی 2022 پێشێلكاری بەرامبەر بە (78) رۆژنامەنووس كراو (27) رۆژنامەنووس دەستگیركرا لەكاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانێكدا لە سلێمانی، هەرلەو ماوەیەدا یەكێتی رێگری لە بەڕێوەچوونی چەندین خۆپیشاندان كردووە، لە ئۆكتۆبەری 2022 لەلایەن هێزی دژە تیرۆرەوە دوو رۆژنامەنووس دەستگیركران و رفێندران یەك هەفتە ئەشكەنجەدران. دوای رووداوەكانی 8ی تەموز، لاهور شێخ جەنگی توركیای تۆمەتبار دەكرد بەوەی لە پشت "كودەتاكەی بافڵ تاڵەبانی"وە بووە، پێشبینی دەكرا لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا پەیوەندی یەكێتییو توركیا بەرەوپێشچوون بەخۆوە ببینێ، بەڵام توركیا زیاتر لە سنوری زۆنی سەوزدا رۆچوو، ئۆپراسیۆنەكانی دژی پارتی كرێكاران لەم سنورەدا زیاتر كردو لە سەرەتای نیسانی ئەمساڵیشەوە ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخستووە. لەدوو ساڵی رابردوودا، لەڕووی سیاسییەوە، بافڵ تاڵەبانی بەتەواوەتی ئاڕاستەی یەكێتیی لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد گۆڕیوە، لەسەردەمی ئەودا یەكێتیی بۆ جاری یەكەم سەرباری ناڕەزایەتییەكانی پارتی، توانی بە پاڵپشتی لایەنە شیعەكانی دۆستی ئێران، بڕگەیەك لە یاسای بودجەی عێراقدا بچەسپێنێت كە رێگەی بە ئیدارەی سلێمانی دەدات لە حاڵی ناڕەزایەتیدا دژی دەسەڵات لە هەولێر، راستەوخۆ لە بەغدادەوە بەشە بودجەی خۆی وەربگرێت، پارتی ئەم هەنگاوە وەكو هەوڵێك بۆ دابەشكردنی كوردستان لێكدەداتەوە. سەرباری ئەمە، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەی عێراقەوە لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021دا، بافڵ تاڵەبانی لەناو دابەشبوونی ماڵی شیعەدا، بەرە سەركەتووەكەی هەڵبژارد كە لایەنەكانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) بوو، ئەوانەی كە بە وەلائییەكانی ئێران ناودەبرێن، ئەم بەرەیە دواجار پاشەكشێی بە موقتەدا سەدر كردو سەرباری ئەوەی هەڵبژاردنی دۆڕاندبوو، كابینەی نوێی حكومەتی لە عێراق دروستكرد، پارتی وەكو نەیارێكی مێژووی یەكێتیی، سەرباری سەقامگیریی دۆخی ناوخۆیی، لە گەمەی سیاسی ئەمدواییەی عێراقدا خوێندنەوەی بۆ هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ موقتەدا سەدر دروست نەبوو، سەدر لەناو ململانێ ناوخۆییەكەی شیعەدا زۆر پشوو درێژ نەبوو، كشایەوەو پارتی بە تەنیا بەجێهێشت، پارتی بەلاوازییەوە پەیوەندی بە بەرەكەی تری شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگیی)یەوە كرد. لەم گەمەیەدا بۆ یەكەمجار، یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی توانی سەرباری بردنی پۆستی سەرۆك كۆمار، هاوتای پارتی پۆستی وزاری لە حكومەتی عێراقدا وەربگرێت، هەندێك دەڵێن ئێرانییەكان رۆڵیان هەبووە لەسەر بڕیارەكانی یەكێتیی، ئەمەش وەكو سزادانێكی بارزانی كە لەگەڵ سەدر هاوپەیمانێتی كردو ماڵی شیعەی عێراقی خستە مەترسییەوە. بافڵ تاڵەبانی بەو پەیوەندییە بەهێزەی كە لەگەڵ بەغداد دروستی كرد، سودی لەوەی بینی كۆتایی بە سكاڵا یاساییەكەی لاهور شێخ جەنگی بهێنێت لەبارەی پرسی هاوسەرۆكایەتیو گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆ. لەسەر ئاستی ناوخۆش، بافڵ تاڵەبانی لەوەدا سەركەوتوو بوو سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوابخات، ئەم دواخستنە بۆ ئەو گرنگ بوو، چونكە لەدوای 8ی تەموزەوە هێشتا بەتەواوەتی حزبەكەی رێكنەخستوەتەوەو ناڕەزایەتییەكانی خەڵكیش لە سلێمانی زیاتر بوون كەم نەبوونەتەوە، سەرباری ئەمە ناڕەزایەتیی لایەنگرانی یەكێتیشی هاتوەتە سەرو هێشتا بایكۆتی هەڵبژاردن بژاردەی بەهێزی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجەیە. بافڵ تاڵەبانیو دۆخی دارایی لەڕووی دارییەوە، بافڵ تاڵەبانی لە دوو ساڵی رابردوودا ئیدارەی گشتی یەكێتیی بە تەواوەتی كۆنترۆڵكردووە، سیاسەتی دارایی ئەو لە ناوخۆی حزبدا بریتیی بووە لە كەمكردنەوەی خەرجی ئۆرگانەكانو زیادكردنی داهاتی ئیدارەی گشتی یەكێتیی لەرێگەی دروستكردنی كۆمپانیای نوێو وەرگرتنی پشك لە كۆمپانیاكان بەبێ لێخۆشبوون. بەڵام سیاسەتی دارایی سەرۆكی یەكێتیی بۆ دۆخی سلێمانی لە جاران باشتر نیە، كێشەی نەمانی نەختینەی دارایی هەیە، گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە ئەوەیە، پرسی نەختینەی دارایی لەلایەن حكومەتەوە بكرێت بە بابەتێكی سیادی، مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر ئەم داواكارییە نیشانداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێككەوتنی پارتیو یەكێتیی رێككەوتنێكی گشتگیر نییە، دیارنییە ئەم بابەتە چارەنوسی بە كوێ دەگات، واتا بەشێوەیەكی گشتی لە دوو ساڵی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی دارایی یەكێتیی لەدەستی خۆیدا گرێداوەو دارایی سلێمانیشی بۆ قوباد تاڵەبانی برای بەجێهێشتووە كە جێگری سەرۆك وەزیرانە، دارایی سلێمانیو داهاتەكانی هێشتا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتە گلەییو گومانی لەسەرە، تۆمەتباریان دەكات بەوەی داهاتی سلێمانیان بۆ مەبەستی تایبەتی بەكارهێناوەو لە دەروازە سنورییەكان قاچاخچێتی دەكەن. لە دوو ساڵی رابردوو چەند حاڵەتێكی بردنە دەرەوەی پارە بە شێوەی كاش لە فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاشكرابوون و یەكێتی ئەم بابەتەی لە رای گشتی شاردووەتەوە، سەرباری ئەمە رووداوی هەڵكوتانە سەر سەرمایەدار و بازرگانەكان زیادی كردووە، بەشێك لە سەرمایەدارەكان، سەروەت و سامانەكانیان بردووەتە دەرەوەی سلێمانی. بافڵ تاڵەبانیو پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی وەكو هێزێكی سەرەكی دەسەڵاتدار، لە دوو ساڵی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی بەردەوام لە نیوە شەڕو نیوە ئاشتیدا بووە، ئەم ناكۆكییە لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوودا دوای كوژرانی عەقید (هاوكار جاف) لە تەقینەوەیەكدا لە هەولێر، گەیشتە حاڵەتی دابەشبوونەوەی كوردستان بەسەر دوو زۆندا، چونكە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانو دواتریش تیمی یەكێتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆت كرد، نێوەندگیری ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا دۆخەكە راگرتو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا تیمی یەكێتیی گەڕانەوە بۆ ناو حكومەت. لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیش كە هاوبەشێكی سەرەكی حكومەتە، لە دوو ساڵی رابردوودا یەكێتیی نەیتوانیوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ گرێ بدات. بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز، یەكێتیی رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كردو پێكەوە چوونە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021، لەم هەڵبژاردنەدا بزوتنەوەی گۆڕان هەموو ئەو كورسیانەی لەدەستدا كە لە پەرلەمانی عێراق هەیبوو، ئەمە بزوتنەوەكەی دوچاری كێشەی ناوخۆیی كردەوە، رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی گۆڕانی ناچاركرد دەست لە پۆستەكانیان بكێشنەوەو لەوكاتەوە تائێستا گۆڕان بێ سەر ماوەتەوە، گۆڕانەكان نیگەرانن لەو رێككەوتنە، پێیانوایە یەكێتییو بە دیاریكراویش بافڵ تاڵەبانیو قوباد تاڵەبانی هۆكار بوون بە شكستی گۆڕان لە هاوپەیمانێتییەكەدا، بەم دۆخەشەوە هێشتا بافڵ تاڵەبانی چاوی لە بزوتنەوەی گۆڕانەو بەمدواییانە پێشنیازی ئەوەی بۆ عومەر سەید عەلی كردووە گۆڕانو یەكێتیی یەكبگرن، ئێستاش خوازیارە گۆڕانو یەكێتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان بە یەك لیست بەشداری بكەن، ئەو نایشارێتەوە كە گۆڕان وەكو بەشێك لە یەكێتیی دەبینێتو ستراتیژیەتی خۆی لەسەر كۆتایهێنان بە گۆڕان داڕشتووە. لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكانیش، سەرباری هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی بەرەیەك لەگەڵ كۆمەڵو یەكگرتوو، بەڵام هێشتا بافڵ تاڵەبانی ئەو متمانەی پێ دروست نەكراوە. یەكێتی.. لە سكرتێرەوە بۆ سەرۆك یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 48 ساڵ تەمەندا تەنیا (4) كۆنگرەو دوو (پلینیۆم)و یەك (دیدار)ی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترسو دابەشبوونو لێكترازانی نێوان هاوڕێو هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی چوارەم لەمەش مەترسیدارتر بوو، چونكە بووە هۆی لێكترازانی ئامۆزاكان (كوڕەكانی تاڵەبانیو شێخ جەنگی برای). ئێستا یەكێتیی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی پێنجەم دەكەن، ئەوانەی ئاگادارن دەڵێن كۆنگرەكە مانگی 12ی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت جارێكی ترو لە كۆنگرەیەكدا یەكێتیی بەوشێوەیە رێكبخاتەوە كە خۆی دەیەوێت. یەكێتی هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبووەو هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەكانیدا پارسەنگ تێكبچێتو حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانەو ناكۆكی فیكری لەناو یەكێتیدا نەماوە، زیاتر پرسی داراییو هێز رۆڵ دەبینێت. رۆژی 28ی ئابی 2022 سەركردایەتی یەكێتیی كۆبونەوەیەكی كردو تێیدا بەزۆرینەی دەنگ سیستمی "هاوسەرۆكایەتیی" هەڵوەشاندەوەو بۆ یەكەمجار لە مێژووی یەكێتیدا ناونیشانی كەسی یەكەمی حزبی لە "سكرتێر"ەوە بۆ "سەرۆك" گۆڕی، مام جەلال نیو سەدە سكرتێری یەكێتیی بوو، بافڵی كوڕی بوو بە سەرۆكی یەكێتیی. دوای نزیكەی (نیو سەدە) لە رەخنەگرتن لە پارتی وەكو حزبێكی بنەماڵەیی، ماوەی ساڵێكە یەكێتیش بەتەواوەتی كەوتوەتە دەست ماڵباتی تاڵەبانیو ئەمە دەرفەتی بۆ حزبە سیاسییەكانی تریش خۆشكردووە هەمان شێوازی بە بنەماڵەیكردنو گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ پەیڕەو بكەن.
راپۆرت: درەو بەشی دووەمی نەوت لە كابینەی نۆیەمدا لە چوار ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا، هەرێمی كوردستان بەبەهای (33) ملیار دۆلار نەوتى فرۆشتووە، بەڵام (14 ملیارو 500 ملیۆن) دۆلار وەكو داهات بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانیو كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتیی+ گۆڕان) بە بەڵێنی چاكسازی حكومەتیان پێكهێنا. كابینەی نۆیەم لە بواری نەوتدا كابینەی بڕیارە قورسەكان بوو دژی هەرێم لەوانە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقو ژوری بازرگانی پاریس، دواجار بەناچاری كابینەی سێقۆڵی نەوتی رادەستی بەغداد كرد، كابینەی نۆیەم چۆن مامەڵەی لەگەڵ نەوتدا كردووە؟ بەشی دووەمی زنجیرە راپۆرتی (درەو) سەبارەت بە كابینەی نۆیەم لە یادی چوار ساڵەی دەستبەكاربوونیدا. كۆرۆنا دۆخی حكومەتی ئاشكراكرد كانونی یەكەمی 2017 حكومەتی عێراق بەفەرمی كۆتایی بە جەنگی "داعش" هێنا، بەر لە دەستپێكردنی شەڕ لە 2014دا نرخی بەرمیلێك نەوت (105) دۆلار بوو، لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕدا لە تەموزی 2015دا نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ (48) دۆلار دابەزی، خەرجی شەڕو دابەزینی نرخی نەوت كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی بە سەرۆكایەتی (نێچیرڤان بارزانی) توشی قەیرانێكی گەورەی دارایی كرد. رۆژی 10ی تەموزی 2017 كابینەی نۆیەمی حكومەت بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سوێندی یاسایی خوارد، بەمە كۆتایی بە ماوەی (17) ساڵ حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی هات. كاتێك كابینەی نۆیەم سوێندی یاسایی خوارد، نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ (65) دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام ئەم بوژانەوەیە زۆری نەخایاند، سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا لە جیهان جارێكی تر نرخی نەوتی توشی داڕمان كردەوە، كۆرۆنا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019دا دەركەوت، لە ئازاری 2020دا نرخی نەوت دابەزینێكی مێژوویی تۆمار كردو بەهای هەر بەرمیلێك بۆ (22) دۆلار دابەزی. بەپێی راپۆرتێكی حكومەتی هەرێم، لە مانگی نیسانی 2020 داهاتی نەوتی هەرێم بەمشێوەیە بووە: • هەرێم رۆژانە (435 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە • نەوتی هەرێم هەر بەرمیلێكی بە (20) دۆلار فرۆشراوە • كۆی گشتی داهاتی نەوت (261 ملیۆن) دۆلار بووە • (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت بووە • (30 ملیۆن) دۆلاری بۆ توركیا بووە لەبری مافی گواستنەوەی نەوتدا • (50 ملیۆن) دۆلاری تری بۆ قەرزی توركیا رۆیشتووە • (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەرجی وەبەرهێنانی نەوت رۆیشتووە بەپێی قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، لە لوتكەی قەیرانی كۆرۆنادا واتا لە نیسانی 2020دا، تەنیا بڕی (30 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە. ئیتر لێرەوە مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم دەستیكرد بە هەڵدانی بەرپرسیارێتی دۆخی خراپی كوردستان بۆسەر شانی كابینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵی عێراقو ئاشكرایكرد، حكومەتی هەرێم هیچ یەدەگێكی نییەو بڕی (27 ملیار) دۆلاریش قەرزارە. سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی توشی شڵەژانی دارایی كرد، ئەمە هەمان شڵەژان بوو كە بەهۆی شەڕی داعشو دابەزینی نرخی نەوتەوە دوچاری كابینەی هەشتەمی نێچیرڤان بارزانی هات. داهاتی نەوت لە چوار ساڵی كابینەی مەسرور بارزانیدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم تەمەنی دەبێت بە (4) ساڵ، لەم تەمەنەدا بەبەهای نزیكەی (33 ملیار) دۆلار نەوتی هەناردە كردووە، هەر بەرمیلێكی بە (55) دۆلار فرۆشتووە (تێكڕای نرخی نەوت لەو چوار ساڵەكەدا)، بەڵام بەهۆی زۆری خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەوە، لەو چوار ساڵەدا بڕی زیاتر لە (14 ملیارو 500 ملیۆن) دۆلار داهاتی نەوت بۆ گەڕاوەتەوە. لەڕووی داهاتی نەوتەوە، 4 ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەم دابەش دەبێت بەسەر ئەم قۆناغانەدا: • كابینەی نۆیەم لە 10ی تەموزی 2019 دەستبەكاربووە، دوای داڕمانە گەورەكەی نرخی نەوت، ئەم قۆناغە سەردەمی بوژانەوەو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بوو. ئەگەر شەش مانگی دووەمی 2019ی لەڕووی هەناردەی نەوتەوە بۆ كابینەی نۆیەم ئەژمار بكرێت، ئەوا لەم ماوەیەدا بڕی (80 ملیۆنو 164 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێك لەم ماوەیەدا بڕی (60) دۆلار بووە، واتا بەتێكڕا لە شەش مانگی دووەمی 2019دا بڕی (4 ملیارو 890 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم بووەو دوای لێدەكردنی خەرجییەكان پرۆسەی نەوت، بڕی نزیكەی (2 ملیار) دۆلار وەكو پوختەی داهات بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ماوەتەوە. • ساڵی 2020 نرخی نەوت بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای (كۆرۆنا)وە توشی داڕمان هات، ئەمە یەكەم گەردەلول بوو كە بەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كەوت، داهاتەكانی زۆر كەمیكرد، بەوهۆیەوە مەسرور بارزانی دەستی بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران برد، مەسرور بارزانی ئەم لێبڕینەی موچەی ناو لێنابوو "خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی"و تەنانەت ئامادە نەبوو هاوشێوەی نێچیرڤان بارزانی ئەم لێبڕینەی موچەی فەرمانبەران وەكو "پاشەكەوت لەسەر حكومەتەكەی ئەژمار بكات"، لەم ساڵەدا حكومەتی هەرێم بە تێكڕا بڕی (157 ملیۆنو 599 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كرد، تێكڕای نرخی نەوت لەم ساڵەدا بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم بڕی (28) دۆلار بوو، واتا بە تێكڕا داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵەكەدا بڕی (4 ملیارو 412 ملیۆن) دۆلاری بووەو پاش لێدەركردنی خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەو پێدانەوەی قەرزەكان، بڕی كەمتر لە (2 ملیار) دۆلار وەكو داهات بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە. • حكومەتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا، زیاتر لە (151 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، بەپێی داتاكان تێكڕای نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان زیاتر لە (70) دۆلار بووە، بەم پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان "پێش لێدەركردنی خەرجییەكانو فرۆشتنی نەوت بەپێی نرخی بازاڕەكانی جیهان" بەبەهای زیاتر لە (10 ملیار 670 ملیۆن) دۆلار نەوتی هەناردە كردووە، بەڵام دوای لێدەركردنی خەرجییەكانیو هەرزانتر فرۆشتنی هەر بەرمیلێك بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان، تەنها بڕی (3 ملیارو 870 ملیۆن) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە. • 2022 ساڵی كۆتایهاتنی پەتای كۆرۆنا بوو، بەهۆیەوە نرخی نەوت بەرزوبووەوە، ئەمە وایكرد داهاتی حكومەتی هەرێمیش زیاد بكات، بەجۆرێك بەپێی ڕاپۆرتەكانی دیلۆیت؛ حكومەتی هەرێم لە تەواوی ساڵی (2022)دا؛ زیاتر لە (144 ملیۆنو 404 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە كردووەو هەر بەرمیلێكی بە بڕی (85) دۆلار فرۆشتووە. لە هەناردەی نەوتدا، ساڵی 2022 دوای لێدەكردنی خەرجی وەبەرهێنانو گواستەوە، كابینەی نۆیەم لە تێكڕای ساڵەكەدا بڕی (5 ملیارو 709 ملیۆنو 704 هەزارو 87) دۆلاری داهاتی بۆ گەڕاوەتەوە. • ساڵی 2023 بۆ نەوتی هەرێمی كوردستان ساڵێكی كارەساتبار بوو، دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی سكاڵای حكومەتی عێراق دژی توركیا یەكلاكردەوە، بەوهۆیەوە توركیا لە بەرەبەیانی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرت. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 25ی ئازار كە هەناردەی نەوت راوەستاوە، حكومەتی هەرێم بڕی (32 ملیۆنو 965 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، تێكڕای نرخی نەوت لەم ماوەیەدا بۆ هەر بەرمیلێك بڕی (77) دۆلار بووە، واتا هەرێم لەو ماوەیەدا هەر بەرمیلێك نەوتی بە بڕی (58) دۆلار فرۆشتووە (چونكە هەرێم بە بەراورد بە نرخی جیهانی، نەوت بە 19 دۆلار كەمتر دەفرۆشێت). داهاتی نەوتی هەرێم كوردستان لە سێ مانگی ئەمساڵدا (تاوەكو رۆژی 25ی ئازاری 2023) بریتی بووە لە نزیكەی (2 ملیار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەكردنی خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت بڕی كەمتر لە (1 ملیار) دۆلار لەم ماوەیەدا داهاتی نەوت بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە. مامەڵەی مەسرور بارزانی لەگەڵ نەوتدا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان رێژەی 0,5%ی كۆی گشتی هەناردەی نەوت لەسەر ئاستی جیهان پێكدەهێنێت، نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی حكومەتی هەرێمەو رێژەی 77%ی كۆی داهاتەكانە. لەساڵی 2005وە لە هەرێمی كوردستان پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دروستكراوە، واتا 18 ساڵە هەرێم وەزارەتی تایبەت بە نەوتو غازو سامانە سروشتییەكانی تری هەیە. لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا ئەم وەزارەتە تەنیا دوو وەزیری بەخۆوە بینیوە، یەكەمیان (ئاشتی هەورامی)یە كە ماوەی زیاتر لە (14 ساڵ) وەزیری بووەو لە كابینەی نۆیەمدا كرا بە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، ئەوی تریان (كەمال ئەتروشی)یە كە تەنیا ماوەی نزیكەی ساڵو نیوێك لە وەزارەت مایەوەو دەستی لەكاركێشایەوە. لەكابینەی نۆیەمدا جارێكی تر پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی وەرگرتەوە، مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دوای ساڵو نیوێك پۆستەكەی پڕكردەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی دەیەوێت لە وردەكاری پرۆسەی نەوتی كوردستان ئاگادار بێت، 24ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی بە زمانی ئینگلیزی نوسراوێكی نهێنی دەركرد، بەگوێرەی ئەم نوسراوە دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەخۆی بەخشی، لە خۆشیەوە دەسەڵاتەكانی گواستنەوە بۆ ئاشتی هەورامی كۆنە وەزیرو یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە لە كابینەی نۆیەمدا. ئەتروشی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 سوێندی یاسایی خواردو دەستبەكاربوو، ئەو كە هەڕەشەی "پارچە پارچەكردنی گەندەڵەكان"ی دەكرد، رۆژی 26ی ئایاری 2022 دەستی لەكاركێشایەوەو هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی هێشتا بە ناڕووی ماوەتەوە، نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ نەخۆشیو وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی گەڕاندەوە، بەڵام هەندێك لە سەرچاوەكانی تر لەناو حكومەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ دەستوەردان لە كاروباری وەزارەتەكەی لەلایەن كەسە نزیكەكانی مەسرور بارزانییەوە گەڕاندەوە، ئەتروشی لەوكاتەوە تائێستا خۆی هیچ قسەیەكی نەكردووە. لەوكاتەوە ئەم وەزارەتە هەستیارەی حكومەتی هەرێم كە سەرچاوەی پەیداكردنی زۆرینەی داهاتی كوردستانە، بەشێوەی "وەكالەت" لەلایەن (كەمال محەمەد) وەزیری كارەباوە بەڕێوەدەبرێت. سەرباری راپۆرتەكانی كۆمپانیای (دیلۆیت)، پرسی شەفافیەت لە دۆسیەی نەوتدا، هێشتا یەكێك لەو بابەتانەیە كە لە هەرێمی كوردستان قسەوباسی لەبارەوە دەكرێت، لە چوار ساڵی رابردوودا سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە جارێك ئاماژەی بەوەكرد ئاگاداری دۆسیەی نەوت نییە، بەشێك لە پەرلەمانتارانیش هەمان رەخنەیان هەبوو، بەڵام قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران خۆی لە قسەكردن لەبارەی ئەم بابەتە بواردووە. دەستكەوتی مەسرور بارزانی لەبواری نەوتدا مەسرور بارزانی لە پرسی چاكسازی لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا، باس لە هەندێك هەوڵو هەنگاوی حكومەت دەكات، لەوانە: • پێداچوونەوەمان بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتیانەدا كردووە كە پێشتر لە كەرتی تایبەتدا لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا هەبوو. • كەمكردنەوەی 16%ی تێكڕای خەرجی پرۆسەی نەوت لە كوردستان. • پابەندكردنی سەرجەم كۆمپانیاكانی بواری خزمەتگوزاریی نەوتو گاز لە هەرێمی كوردستان، كە ژمارەیان (822)، بە پێدانی باج. نەوتی كوردستان لە دادگاكانی بەغدادو پاریسدا لە سەردەمی كابینەی نۆیەمدا، نەوتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی دوو بڕیاری قورسی دادگا بووەوە، یەكەمیان بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقو دووەمیشیان بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەردوو بڕیارەكە بەزیانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات. ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم یەكلاكردەوە، دادگا یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، حكومەتی مەسرور بارزانی بڕیاری دادگای رەتكردەوە، بە بڕیارێكی سیاسی ناویبرد، بڕیارەكە لەكاتێكدا دەرچوو، بۆ جاری یەكەم لە عێراقی دوای سەددامدا، پارتیو یەكێتیی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمو پێكهێنەری حكومەتی كوردستان دابەشبوون بەسەر ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ماڵی شیعەدا، پارتی لەگەڵ سەدر هاوپەیمانێتی كرد، یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی نزیك لە ئێران، بەرەنجامی ئەم دەستوەردانەی پارتیو یەكێتیی لە كێشەی ناو ماڵی شیعە، دەركردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بوو. مەسرور بارزانی بێ گوێدانە بڕیاری دادگای فیدراڵیو هەڕەشەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوام بوو لە هەناردەكردنی نەوت، بەڵام ئەم دۆخە زۆر درێژەی نەكێشاو رۆژی (13ی شوباتی 2023)، دوای 8 ساڵ چاوەڕوانیی، دادگای ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێكی (277) لاپەڕەیی لەبارەی ئەو سكاڵایەوە دەركرد كە حكومەتی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لەسەر توركیای تۆماركردبوو. دادگا بڕی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی خستە ئەستۆی حكومەتی توركیا، بەهۆی ئەم بڕیارەوە، لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵدا توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جەیهان راگرتو لەوكاتەوە تائێستا هەناردە راوەستاوە. تەنانەت ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بدرێت بە پێی یاسای بودجەی عێراق پرۆسەی فرۆشتنی نەوت لەدەستی حكومەتی هەرێمدا نەماوەو كۆمپانیای سۆمۆ ئەوكارە دەكات. نەوت لە بودجەدا بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023ی عێراقدا هاتووە، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت شایستە داراییەكانی خۆی بەتەواوەتی لە بەغداد وەبگرێت، دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، ئەگەر هەناردەی نەوت لەرێگەی توركیاوە دەستی پێ نەكردەوە، بەپێی یاسای بودجە دەبێت هەرێم هەمان بڕە نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات بەمەبەستی بەكارهێنانی لەناوخۆدا. سەرباری ئەمە، بۆ یەكەمجارە لە بودجەی فیدراڵدا وا دانراوە كە داهاتی نەوت بە دۆلار بە هیچ شێوەیەك بۆ حكومەتی هەرێم ناگەڕێتەوەو داهاتەكە دەچێتە ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی عێراقەوە، واتا حكومەتی هەرێم دراوی قورسی دۆلاری لەدەستداوەو لەبری ئەوە دیناری عێراقی وەكو شایستەی دارایی هەرێم لە بودجەدا وەردەگرێت. یاسای بودجە، خەرجی بەرهەمهێنانو هەناردەی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێمی لەسەر بنەمای خەرجی بەرهەمهێنانو هەناردەكردنی نەوت لە عێراق دیاریكردووە، ئەمەش وادەكات حكومەتی هەرێم نەتوانێت خەرجی كۆمپانیا بیانییەكان دابین بكات، چونكە خەرجی كەرتی نەوتی هەرێم بەبەراورد بە عێراق زۆرترە، ئەمە یەكێك لەو خاڵە سەرەكییانەیە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی نیگەران كردووەو ئەگەر ئەم بابەتە لە دادگای فیدراڵی تانەی لەسەر نەدرێت، كۆمپانیا كاركەرەكانی هەرێم بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان روو لە حكومەتی فیدراڵ دەكەن. یاسای نەوت و غازی فیدراڵی كە لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە چەند گەڕێك گفتوگۆی لەسەركرا لە نێوان حكومەتی هەرێم و فیدراڵ، دوایین هەنگاوە بۆ یەكلاكردنەوەی تەواوی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بەسەر نەوتی هەرێم وەكو ناوچەیەكی فیدراڵ، ئەم یاسایە بڕیاربوو لە شەش مانگی یەكەمی تەمەنی كابینەكەی سودانی بگاتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووە، ئەگەر ئەم یاسایە دەرنەچێت، جگە لە یاسای بودجەی عێراق، حكومەتی هەرێم هیچ یاسایەكی بەدەستەوە نامێنێت بۆ مامەڵەكردن بە نەوتەكەیەوە، چونكە یاسای نەوت و غازی هەرێم بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵوەشاوەتەوە. بەشی یەكەم: كابینەی لێكترازان..
د. سەلاح نوری عەبدولحەسەن- ڕاپۆرتی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پالاندانان پوختە - ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەقە دەستوورییەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز کە لە ئاڵۆزترین دەقەکانی دەستوری عێراقن. چونکە ئەو پرسە بە شێوەیەکی پیشەیی دانەڕێژراوە، لەبەرئەوەی بە روون و ڕاشکاوی "خاوەندارێتی گەل" و "خاوەندارێتی دەوڵەت"ی عێراق یەکلانەکراوەتەوە. - لەو وڵاتانەی کە ئابوورییەکەیان لەسەر ڕێچکەی ئابورییەکی "کرێخۆر"ە، وەک ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت، هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی و دەستووری بە هەرێمەکان نادرێت بۆ فرۆشتنی سامانە سروشتییەکان بەشێوەی تاکلایەنە، چونکە ئەم بابەتە نایەکسانی چینایەتی لە نێوان دانیشتوانی هەمان وڵاتدا دروست دەکات، بەهۆی چڕبوونەوەی سەرچاوەو سامانە سروشتییەکان لە شوێن و ناوچە جوگرافییە جیاوازەکاندا. - حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی تاکلایەنە مەلەفی نەوت بەگوێرەی رێککەوتنەکە بەڕێوەنابات، بەڵکو لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"ەوە ئەنجام دەدرێت. - ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی خێراکردنی بەرژەوەندی لایەنەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجەی ساڵانە و بەردەوامی ڕۆیشتنی سەرچاوە داراییەکان بۆ هەرێم، هەروەها توانای هەرێم بۆ فرۆشتنی نەوت بە نرخی بازاڕی نێودەوڵەتی، دوور لە نرخ و فرۆشتنی نەوت لە خوار نرخی بازاڕەکانی جیهانەوە. - ئەو پێشکەوتنانەی لەم ڕێکەوتنەدا بەدەست هاتوون، ئیلهامبەخش دەبێت بۆ بڕیاردەرانی هەردوو حکومەت بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر و خستنەڕووی ڕێکاری زیاتری ڕێککەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان. - حکومەتی ناوەندی و بە تایبەتی بانکی ناوەندی عێراق توانای بەدواداچوونی داهاتی فرۆشی نەوت و هەناردەی هەرێم بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، جگە لەوەش هەژماری دارایی هەرێم لە هەژماری بانکی ناوەندی عێراق بانکێک کە بانکی ناوەندی لەسەر ڕەزامەند دەبێت تۆمار دەکرێت. - ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە ئیرادەی سیاسی لایەنەکانی ڕێککەوتنەکەو ڕادەی خواست و توانای پابەندبوون بەو ڕێککەوتنەوە بۆ درێژترین ماوە، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بۆ لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە لە جێبەجێکردنی دروستی ڕێککەوتنەکەدا دەبێت. سەرەتا رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی، نێوان بەغدا و هەولێر، بایەخی زۆری بۆ سیاسەتە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە، ڕەنگە ئەم ڕێککەوتنە سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بهێنێتە ئاراوە، بە بەرجەستەکردانی ستایلێکی جیاواز لە پەیوەندییە ئابووری و داراییەکانی پێشتر، کە بنەماکەی لێکتێگەیشتنە بەپێی پێداویستییەکانی گەشەپێدان لە بەغدا و هەولێر. گرنگی ئەو رێککەوتنە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە یەکەم رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە لەماوەی بیست ساڵدا، کە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابووری و داراییەکان دادەڕێژێت، هەروەها سنوورێک بۆ دەسەڵاتەکانی هەر لایەنێک بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی رێکدەخات، تەنانەت ئەو سنووردانانە بۆ پەیوەندییە ئابووری و داراییەکان لەلایەک و لایەکی دیکە وەسفکردنی بە ڕێککەوتێکی کاتی لەلایەن هەردوو لاوە تا پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز. هیچیان لە گرنگی ڕێککەوتنەکە کەمناکەنەوە. چونکە لە ئاکامدا کەشێکی کۆدەنگی و تێڕوانینێکی هاوبەشی هەردوو لایەنە پەیوەندیدارەکە دێنێتە ئاراوە، سەبارەت بە گرنگی پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بەردی بناغە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا، ئاکامەکەشی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەهای ڕێککەوتنەکە، هاندانی لایەنەکان بۆ کارکردن لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان و شۆڕبوونەوەی هەوڵەکان بۆ ئەو پرسانەی دیکەش کە ناکۆکییان لەسەرە لە نێوان بەغدا و هەولێر. پایەکانی ڕێککەوتنەکە پرسی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، لەوانەش نەوت و غاز، یەکێکە لەو پرسە مشتومڕاویانەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم و میکانیزمی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکەی، بەو پێیەی حکومەتی ناوەند پێیوایە ئەم گرێبەستانە و پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن هەرێمەوە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت ناوەندی ڕێوشوێنێکی نادەستوورییە. لەسەر بنەمای هەردوو ماددەکانی (111 و 112)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکلایەنە دوور لە دەسەڵاتی بەغدا پرۆسەی نەوتی هەرێمی بەڕێوەدەبرد. لەڕاستیشدا ئەم ناکۆکیانە ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگوزەری ساڵی )2004(، کە جەختی لەسەر ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێمەکان و پارێزگا ڕێکنەخراوەکانی چوارچێوەی هەرێمێک کردووەتەوە، سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، پاشان ئەم ناکۆکییە درێژبووەتەوە بۆ نێو دەستووری هەمیشەیی عێراق. هەروەها دەقەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە ئاڵۆزترین دەقەکانی دەستوورن. چونکە بە شێوەیەکی پیشەیی فۆرمولە نەکراوە، بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بێت، وەک چۆن ئەم دەقانە نەوت و غازیان کردە موڵکی گەلی عێراق، و نەیانکردە موڵکی دەوڵەت، ئەمەش جیاوازییەکی زۆری لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا دروستکرد. بەپێی ئەو دەقە دەستوورییە، هەرێمی کوردستان مافی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی مەلەفی سامانی نەوت لەناو هەرێمدا وەک خاوەندارێتی هەرێم دەبینێت بەو شێوەیەی لە دەقی دەستوریدا هاتووە، لەکاتێکدا ئەم ڕێکارە بە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت دێتە هەژمار، یەکێک لە گرنگترین ئەو شتەکانەی کە ئاگری ناکۆکییەکەی خۆشکردووە، بۆشایی یاسایی و نەبوونی یاسای نەوت و غازی فیدراڵە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ناکۆکیانەی کە ناوبەناو لە نێوان بەغدا و هەولێر سەرهەڵدەدەن و سەریان هەڵداوە، لەسەرو ئەوەشەوە بۆ پاراستنی ئەو سامانە سروشتیانەی کە ئابووری عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی پێ دەبەستێت. جگە لەوەش ناکۆکی لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەسەر هەناردەکردنی نەوت و ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتدا، ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە پەیوەندیدارن بە سەروەری دەوڵەتەوە، بەو پێیەی ئەو سامانە خاوەندارێتێیەکەی گەلی عێراقە، هەر بۆیە پرسەکانی پەیوەست بە سەروەری دەبێ تەنیا بە حکومەتی ناوەندییەوە ببەسترێنەوە، پێچەوانەی ئەوەش پێشێلکردنی دەستوور وڵات دەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیان گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم دەبوو ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی وەربگرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو گرێبەستانە چونکە تایبەتمەندن بە سەروەری عێراقەوە. بەم شێوەیە تا ئەو شوێنەی مەسەلەکە پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی نەوت و گازەوە هەیە، کێشەی زۆر لەناو دەوڵەتی عێراقدا دروستدەکات، چونکە سەرچاوەی گەورەی داهاتن، خاوەندارێتییەکەشیان گەلی عێراقە بە سەرجەم هاوڵاتیانی پارێزگاو هەرێمەکانەوە، ئەمەش بە مادەی (111)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق پشتڕاست دەکرێتەوە. پرۆسەی دابەشکردنی ئەو داهاتانەی کە لە دەرئەنجامی فرۆشتنی نەوت و گازەوە بەدەست دێن ناتوانرێت بە یەکسانی یان دادپەروەرانە دابەشبکرێتەوە، ئەگەر حکومەتە خۆجێیەکان دەست بەسەر ئەم داهاتانەدا بگرن، چونکە جیاوازی گەورە هەیە لە دەستکەوتنی داهات لەنێوان هەرێم و پارێزگاکان. هەرچەند لە هەندێک سیستمی فیدراڵیدا بەشێک لە داهاتەکان بۆ ویلایەت یان هەرێمەکان تەرخان دەکرێت لە نمونەی وڵاتانی ئەمریکاو کەنەدا. بەڵام سەبارەت بە عێراق دۆخەکە تەواو جیاوازە، حکومەتی فیدراڵی ناتوانێت ڕێگە بە هەرێم و پارێزگا ڕێکنەخراوەکانی چوارچێوەی هەرێمەکان بدات سامانە سروشتییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن، چ جای ئیدارەدانیان. ئەمەش بەهۆی چڕبوونەوەی ئەم سامانە سروشتیانە لە هەندێک ناوچەی دیاریکراودا، نەک لە سەرجەم ناوچەو پارێزگاکان. پڕۆسەی بەڕێوەبردنی مەلەفی سامانە سروشتییەکان دەبێت لە چوارچێوەی تایبەتمەندی دەسەڵاتی ناوەنددا بێت، وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا هاتووە، هەر بۆیە بەڕێوەبردنی ئەو کەرتە گرنگە دەبێت لە دەستی حکومەتی ناوەندیدا بێت، وەک نوێنەری گشتی گەلی عێراق. ئەمەش لە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە (15ی شوباتی 2022)ەوە دەربارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم پشتڕاستکرایەوە، کە حوکم لەسەر نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گاز دەدات، کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاساکەشیدا بە بیانووی پێشێلکردنی دەستوورەوە، زیاتر لەوەش پابەندکردنی حکومەتی هەرێمە بە ڕادەستکردنی بەرهەمی نەوتەکەی بە حکومەتی فیدراڵی، سەرباری توانای بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەستوری خۆی سەبارەت بە گەڕان و دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت، هەروەها پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی سەرجەم بەرهەمی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بۆ حکومەتی فیدراڵی، ئەو بڕیارەش بڕیارێکی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس ناسرا بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانەوە لە (25ی ئازاری 2023)ەوە لەسەر بنەمای سکاڵای حکومەتی عێراق. لەسەر ئەو بنەمایە، حکومەتی ناوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ی نیسانی 2023) ڕێککەوتنیان واژۆ کرد، ڕێککەوتنێک کە لە هەندێک لێکتێگەیشتنی سەرەتاییەوە سەرچاوەی گرتبوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، لە پێناو چارەسەرێکی کاتی تا یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو لایەنەکە، کە وەک ناکۆی سیاسی دەردەکەون و لە قوڵایشدا سروشتێکی ئابوریان هەیە. بەگوێرەی ئەو ڕێکەوتنەی لە بەغدا بە ئامادەبوونی هەدوو سەرۆک وەزیران محمد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، دەبێت فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە ئەنجام بدرێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چیتر بەشێوەیەکی تاکلایەنە مەلەفی نەوت بەڕێوەنابات، لە ڕێککەوتنەکەدا ئەوەش هاتووە کە کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق یان یەکێک لە بانکە باوەڕپێکراوەکان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا پێدانی پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بۆ کورد دەستەبەر دەکرێت، بەمەرجێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کەسە دەستنیشان دەکات کە ئەم پۆستەی پێدەدرێت، هەروەها کار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی لە چوار ئەندامی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت، کە ئەرکی سەرەکی چاودێری بەدواداچونە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەپێی میکانیزمی فرۆشتنی کۆمپانیای "سومۆ". لێکەوتە ئابوورییەکانی ڕێککەوتنەکە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت نوێنەرایەتی لوتکەی چەند قۆناغێکی دانوستان دەکات، ئەم ڕێککەوتنە چەندین دەرئەنجامی کاتی دەبێت، چ لەسەر ئاستی ئابوری یان دارایی، بەتایبەتی کە ئەم ڕێککەوتنە لە قۆناغێکی هەستیاری پەیوەندی نێوان ناوەند و هەرێمدا واژۆ کراوە. ڕێککەوتنەکە کلیلی گەیشتن بە چارەسەری کێشەو ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، بە پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە لە بودجەی گشتیدا کە لە ساڵی (2023) بە ڕێژەی (12.67%) جێگیر کراوە و دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی و حاکمە کە نزیکەی (16 ترلیۆن و 609 ملیار) دینارە و هاوتایە بە زیاتر لە (11 ملیار) دینار دۆلار، هەروەها لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان تێچووی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەکراو لەڕێگەی هەرێمەوە بڕی (ترلیۆنێک و 428 ملیار) دینار تەرخان کراوە، هەروەها تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم (2 ترلیۆن و 448 ملیار) دینارە، هاوکات ڕێککەوتنەکە توانای بەدواداچوون بۆ کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە بەغدا دەبەخشێت، تەنانەت ئەگەر تەنها پەیوەندی بە لایەنی فرۆشتنەوە هەبێت، لە بەرامبەردا هەولێر توانای زیادکردنی داهاتی دەبێت بە ڕاگرتنی پێدانی داشکاندنی گەورە لەسەر فرۆشتنی نەوتەکەی وەکو پێشتر دەیکرد، جگە لە دەستەبەرکردنی، دابینکردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، لە بەرامبەردا ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر ڕێگە بە پەسەندکردنی خێرای بودجەی گشتی وڵات دەدات، بەم شێوەیەش دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی پشکی هەرێم لە خەرجییە فیدراڵیەکان لەچوارچێوەی بودجەی گشتیدا. بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی (2023) نرخی بەرمیلێک نەوت (70) خەمڵێندراوە، هەندێک پێیان وایە زیادەڕۆیی لە بودجەی "بەکارخستن"ی حکومەتی هەرێمدا هەبێت، بەمجۆرەش حکومەتی هەرێم زیادەیەکی دارایی گونجاو بەدەست دەهێنێت لە قازانجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بەگەڕخستنەوەینا، بەو پێیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر پێویستی بە بودجەیەک هەیە بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، بەتایبەت دوای تێپەڕاندنی ساڵانێک لە ململانێی ئابووری لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، هەرچەندە ئەم هەلومەجە دۆخێکی نمونەیی "ئایدیاڵ" نابێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە مەرجدران بۆ چاودێریکردن و بەشداریکردنی دەسەڵاتی ناوەندی لە سەرچاوە داراییەکان و چالاکییە ئابوورییەکاندا، چونکە هەرێم پلانی ستراتیژی دادەڕێژێت بۆ پێشخستنی ئابوری خۆبژێوی، زیاتر لەوەش هەرێمی کوردستان پلانی گەشەپێدانی کەرتی غازی هەیە، کە لانیکەم هاوتای قەبارە و سەرچاوەی نەوتە کە ڕۆڵی خۆی دەبێت لە سەقامگیرکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوتدا، کە ئەمەش بابەتێکی ئەستەمە بەبێ ئەوەی ڕێکبکەوێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و بەبێ داڕشتنی بە یاسایەکی ڕوونی نەوت و گاز. سەرەڕای وەسفکردنی ئەم ڕێککەوتنە بە کاتی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە تا دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، ئەم ڕێککەوتنە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی رووی ئابوورییەوە، یاسای بودجەی گشتی میکانیزمی دابەشکردنی سەرچاوەکان بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراقدا لە خۆدەگرێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، جگە لەوەش ئەم ڕێککەوتنە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت، بە شێوەیەکی بەرفراوان، بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز، کە چارەسەری ناهاوسەنگیەکان دەکات. لە خشتەکانی خوارەوەدا تێبینی بڕی نەوتی هەناردەکراو و نرخی بەرمیلێک نەوت دەکەین، کە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ هەناردەیان کردووە. سەرەڕای گۆڕانکاریی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، وەک لە خشتەی سەرەوەدا دەیبینین، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری وەک: بڕی بەرهەمهێنراو و هەڵگیراو و قەبارەی خواست لەسەر بەکارهێنانی ناوخۆیی و جیهانی، ئاستی بەکارهێنان و پەرەپێدانی پاشەکشە لە کێڵگە نەوتییەکان، بڕی بەفیڕۆدراو لە کاتی کارەکانی پاڵاوتن و دووبارە پرۆسێسکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای توانای هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ساڵانە دەگاتە (152 ملیۆن) بەرمیل. سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر ئاستی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئاماری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، بڕی (97.65 ملیۆن) بەرمیل نەوتی خاو بووە لە مانگی ئازاری ساڵی 2023، بە ڕێژەی هەناردەکردنی ڕۆژانەی (3.255 ملیۆن) بەرمیل، بە نرخی فرۆشتنی (73.37) دۆلار. لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022 بڕی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق زیاتر لە (25 ملیار) دۆلار بووە، بە نزیکەی (308 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەکراو، بەراورد بە (296.6 ملیۆن) بەرمیل لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا. هەربۆیە هەژمارنەکردنی داهاتی نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی داهاتە گشتییەکاندا، زیانی بە بودجەی گشتی عێراق گەیاندووە، بە نزیکەی قەبارەی (30 بۆ 35 ملیۆن) دۆلار لە ڕۆژێکدا، بەمانایەکی دیکە نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە مانگێکدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی حکومەتی ناوەندی، ئەمەش کاریگەی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی کورتهێنان دەبێت لە بودجەی گشتی وڵاتدا. وەک لە خشتەی (3)دا بڕی داهاتی نەوت و نرخی بەرمیلێک نەوت لە دواهەمین چارەکی ساڵانی 2021 و 2022ی عێراق نیشان دراوە، بەدەر لە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان. وەک لە خشتەی (3) دا دیارە، گرنگی بەرهەمهێنانی نەوت وایکردووە هەیمەنەی هەبێت بەسەر کۆی داهاتەکانی دیکەدا، لە کاتێکدا هەموو جۆرەکانی تری داهات پێکەوە کەمتر لە (5%) پێکدەهێنن، ئەمەش سیاسەتی دارایی لاواز دەکات، وەک ئامرازێکی پاڵپشت بۆ سیاسەتی دراو، لە بەرامبەر فشارەکانی هەڵاوسان و پاراستنی یەدەگی دراوی بیانی، پشتبەستنی دەوڵەتی عێراق بە نەوت کاریگەری زۆری لەسەر هاوردەی ئابووری وڵات هەبووە، لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، سەرەڕای هەڵاوسانی نرخی نەوت، کەرتی نەوت و گاز لە عێراق زاڵ بوو بەسەر هەموو کەرتە بەرهەمهێنەرەکانی تردا، دوا ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات لێکتێگەیشتنەکان بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت خاڵێکی گرنگن بۆ کۆکردنەوەی داهاتی زۆرتری نەوت، هەربۆیە، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ناکۆکییە بەردەوامەکان لەسەر کۆنترۆڵکردنی نەوت و سەرچاوەکانی وزە لە عێراق، بە دانانی کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی حکومەتی هەرێم لە بانکی ناوەندی عێراق یان یەکێک لە بانکە باوەڕپێکراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق، ئەم هەنگاوەش سەرەتایەکی نوێیە لەنێو ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵی لە وڵاتدا جێبەجێ بکرێن، کە پێشتر جێبەجێکردنیان بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزەوە ئاستەنگی لەبەردەمدابوو، پڕۆسەی بەدەستهێنانی زۆرترین داهاتی نەوت، کە لە ئەنجامی یەکلاکردنەوەی ناکۆکی سیاسی نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی ناوەند، بەشداری دەکات لە بەدیهێنانی گەشەکردن لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، چونکە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) ئەنجام دەدرێت.
راپۆرت: درەو بەشی یەكەم ناكۆكییە سیاسییەكان لە كابینەی نۆیەمدا چوار ساڵی رابردوو ناكۆكی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت لەناو خۆیاندا زۆر گەورەتر بوو لە ناكۆكی حكومەت لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكاندا. لەسەردەمی حوكمدارێتی مەسرور بارزانیدا، ناكۆكییەكان قوڵتربوونەوە، تا ئەو رادەی یەكێتیی هەنگاوی كرداری بۆ جیابونەوەی دارایی سلێمانی لە هەولێر لەناو بودجەی فیدراڵدا هەڵگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی ماجستێری لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان"دا هەیە، سەرۆك وەزیرانێك كە كابینەكەی رۆژی 10ی ئەم مانگە چوار ساڵی تەمەنی خۆی بەڕێدەكاتو لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیشەوە بووە بە حكومەتی "كاربەڕێكەر". كابینەی نۆیەم بە ناكۆكی دەستیپێكردو بە ناكۆكیش دواین رۆژەكانی تەمەنی خۆی بەڕێدەكات، (درەو) لە زنجیرە راپۆرتێكدا لە چەند رەهەندێكەوە باس لە دۆخی كابینەی نۆیەم دەكات. سەرۆك وەزیرانو بڕوانامەكەی رۆژی 10ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، لەدوای كاركردن لە دەزگای پاراستنی پارتیو دواتر سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمە یەكەمجار بوو خۆی لە پۆستی سەرۆكایەتیی حكومەتدا تاقی بكاتەوە. بەهۆی كاركردنی لە بواری هەواڵگریو ئەمنیدا، هەر لەسەرەتاوە پێشبینی دەكرا مەسرور بارزانی كە پارتییەكان بە "برا گەورە" ناوی دەبەن، بەشێوەیەكی پۆلیسی حكومەت بەڕێوەببات، بەڵام ئەو كاتێك سیڤی خۆی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، نوسیبووی: بڕوانامەی ماجستێرم هەیە لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان" لەزانكۆی ئەمریكی لە (واشنتۆن دی سی)، شارەزایم هەیە لە "شێوەكارییو ئەسپسواریو مەلەوانی"، بەمە ویستی بەرگە ئەمنییەكە لەخۆی دابماڵێتو بەرگێكی مەدەنی بپۆشێت. ناكۆكی سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی بڕوانامەكەی لە بواری چارەسەری ناكۆكییەكان، سودێكی ئەوتۆی بە مەسرور بارزانی نەگەیاند، كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتاوە بە ناكۆكی دەستیپێكرد، ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتیی لەبارەی چۆنیەتی دروستكردنی كابینەكە، ماوەی (8) مانگ پێكهێنانی حكومەتی لەوادەی خۆی دواخست، بەتایبەتیش لەوەدا كە یەكێتیی دەیویست پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك ببەستێتەوە بە پێكهێنانی حكومەتەكەوە، پارتی مەرجەكەی یەكێتیی قبوڵ كردو رێككەوتنی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كرد، بەڵام كە حكومەت پێكهات ئەم بەشەی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا. دوای پێكهێنانی حكومەتیش، كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە، بە ناكۆكی نێوان قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی دەستیپێكرد، یەكەم ناڕەزایەتی قوباد تاڵەبانی دژی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكان بوو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، پاش ماوەیەك ناڕەزایەتی هەردووكیان كۆبونەوەیەكیان كردو مەسرور بارزانی وتی"رێككەوتینو هیچ كێشەیەك لەنێوانماندا نییە". بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكییەكان نەبوو، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، قوباد تاڵەبانی ئەم داواكارییەی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆت بكات. لەم كابینەیەدا تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیی گەیشتە ئاستێك كە لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی ناوخۆوە، دۆخی وەهای بەخۆوە نەبینیوە، دوای تەقینەوەكەی 7ی ئۆكتۆبەری 2022ی هەولێر كە عەقید (هاوكار جاف) تێدا كوژرا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی بایكۆت كرد، ئەو ناڕازی بوو لەوەی بەبێ دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە، دانپێدانانی تۆمەتبارانی كەیسی تەقینەوەكە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن نیشان دران، لەپاڵ ئەمەشدا باسی لە "تاكڕەوی" سەرۆك وەزیران دەكرد لە بڕیارداندا. قوباد تاڵەبانی (6) مانگ نەگەڕایەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت، دواترو لە 11ی كانونی یەكەمی 2022ەوە تیمی یەكێتیی لە حكومەت هاوشێوەی قوباد تاڵەبانی بایكۆتی كۆبونەوەكانی حكومەتی كردو (4) مانگ نەچونە ناو كۆبونەوەكانەوە. دۆخەكە گەیشتە ئاستی دوو ئیدارەییو پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لە حكومەت، بەڵام سەردانی (باربارا لیف) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان لە ئایاری رابردوودا، ئاوێكی بە ئاگرەكەدا كردو سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی كۆبونەوەو لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا قوباد تاڵەبانیو تیمی یەكێتیی گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت. نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی كوردستان هەموویان ئاگاداری دۆخی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتیی بوون لەناو حكومەت، دەستوەردانیان كرد بۆ رێگرتن لە دابەشبوونەوەی كوردستان، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر وێنای حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە دروستكرد. هێشتا چەند رۆژێك بەسەر رێككەوتنەكەی مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی تێپەڕ نەبوو بوو، جارێكی تر پەیوەندییەكانی سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی لە بەغدادەوە ئاڵۆزی تێكەوت، یەكێتیی لەرێگەی هاوپەیمانە شیعەكانییەوە توانی بڕگەیەك لە بودجەی 2023ی عێراقدا جێگیربكات، بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، ئەگەر سلێمانی وەكو پارێزگایەكی هەرێم ئەگەر ناڕازی بوو لە چۆنیەتی مامەڵەی دارایی حكومەتی هەرێم، دەتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكاتو پشكی خۆی لە بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداد وەربگرێت، مەسرور بارزانی چەسپاندنی ئەم بڕگەیە وەكو هەوڵدان یەكێتیی بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان تەماشا دەكات، وەكو "ناپاكی" ناوی دەبات. ئێستا پەیوەندی سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی لەناو لێكەوتەكانی چەسپاندنی ئەو بڕگەی بودجەی عێراقدا گوزەر دەكات. كابینەی نۆیەم یەكەم كێڵگەی تاقیكردنەوە بوو بۆ كاركردنی هاوبەشی نێوان مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی، بەڵام ئەم ئەزمونە شكستی هێنا، نەیانتوانی پێكەوە كار بكەن، قوباد تاڵەبانی ئەزمونی كاركردنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەبوو، هەر لە سەرەتاوە بە نابەدڵی بڕیاری كاركردنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، مەسرور بارزانیش كە جاری یەكەم بوو پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت پێشبینی ئەو هەموو گۆڕانكارییەی نەدەكرد كە لەناوخۆی یەكێتییو دۆخی عێراقدا بەگشتی هاتنە پێشەوە، هەموو ئەمانە كاریگەرییان هەبوو لەسەر ئەوەی لە یەكەم ئەزمونی كاری هاوبەشدا، كوڕە گەورەكەی مەسعود بارزانیو كوڕە بچوكەكەی جەلال تاڵەبانی نەتوانن درێژە بە رێككەوتنە ستراتیژییەكەی باوكیان بدەن. كابینە وزارییەكەی مەسرور بارزانی جگە لە خراپی پەیوەندی نێوان سەرۆك وەزیرانو جێگری سەرۆك وەزیران، یەكێك لە سیما دیارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كێشەی وەزارەتەكان بەتاڵەكانو وەزارەتی بەوەكالەتە بۆ نمونە: • پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان كە پشكی پارتی بوو لەناو كابینەكەدا، دوای ساڵو نیوێك لە پێكهێنانی حكومەت پڕكرایەوە، كەمال ئەتروشی كە ئەم پۆستەی لە 6ی كانونی دووەمی 2021دا وەرگرت، دوای ساڵو نیوێك بەشێوەیەكی ناڕوون دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوەو لەوكاتەوە ئەم وەزارەتە هەستیارە بەشێوەی "وەكالەت" لەلایەن (كەمال محەمەد) وەزیری كارەباوە بەڕێوەدەبرێت. • لەم كابینەیەدا (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی لەسەر پشكی (بزوتنەوەی گۆڕان) دوو جارو لە مانگەكانی تەموزی 2021و نیسانی 2022دا بەهۆی نیگەرانییەوە وەزارەتەكەی بەجێهێشتووەو چوەتە ماڵەوە، هۆكاری نیگەرانییەكانیشی بۆ دەستوەردان لە كارەكانی گەڕاندوەتەوەو بە دانوستانی نێوان تیمی گۆڕانو پارتی گەڕاوەتەوە بۆسەر كارەكەی. • پۆستی وەزیری پێشمەرگە نزیكەی ساڵێكە بەتاڵەو پڕنەكراوەتەوە، بەهۆی ناكۆكیی ناوخۆیی یەكێتییەوە، (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە دەستی لەكاركێشاوەتەوەو بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتیشەوە پەرلەمان نەیتوانی گۆڕانكارییە وەزارییەكان پەسەند بكات، بەوهۆیەوە ئەم پۆستە بەبەتاڵی ماوەتەوە، یەكێتیی (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنی (شۆڕش ئیسماعیل) كاندید كردبوو. • پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد زیاتر لە (8) مانگە بەتاڵەو پڕنەكراوەتەوە، خالید شوانی لەسەر پشكی یەكێتیی ئەم وەزارەتەی وەرگرتبوو، خالید لە كابینەی نوێی حكومەتدا لە عێراق پۆستی وەزارەتی دادی عێراقی وەرگرت، بەڵام لەوكاتەوە شوێنەكەی لەناو حكومەتی هەرێم بە بەتاڵی ماوەتەوە، ناكۆكی پارتیو یەكێتیی رێگر بوو لەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەم گۆڕانكارییە وزارەییەش پەسەند بكات، یەكێتیی (ئەحمەد عەسكەری)ی بۆ شوێنی (خالید شوانی) كاندید كردبوو. • پۆستی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری چاكسازی یەكێك لەو پۆستە هەستیارانە بوو كە بزوتنەوەی گۆڕان بەگوێرەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی دەیویست لە كابینەی نۆیەمدا وەریبگرێت، بەڵام ئەم پۆستە تائێستاش دروست نەكراوە. هاوبەشەكانی حكومەت كابینەی نۆیەم كابینەی سێقۆڵییە، پارتیو یەكێتییو بزوتنەوەی گۆڕان پێكەوە دروستیان كردووە، لە فەرهەنگی سیاسیدا بەم جۆرە لە حكومەت دەوترێت "ترۆیكا"، مەبەست لە "ترۆیكا" گالیسكەیەكە كە سێ ئەسپ پێكەوە رایبكێشن، سێ ئەسپەكەی كابینەی نۆیەم هەر لەسەرەتاوە ناكۆك بوون لەبارەی راكێشانی گالیسكەكەی حكومەت، یەكێتیی وەكو پێكهێنەرێكی سەرەكی حكومەت دوای پێكهێنانی حكومەت لە تەموزی 2019دا، كۆتاییەكانی 2019 یەكەم كۆنگرەی خۆی دوای مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژوویی حزبەكە بەست، ئەم كۆنگرەیە ناوخۆی یەكێتیی توشی كێشمەكێش كرد، ئەمە كاریگەریی لەسەر دۆخی حكومەتیش هەبوو، دواترو لە 8ی تەموزی 2021دا ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتیی تەقییەوەو ئەمەش شەپۆلێك لێكەوتی تری لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەت بە جێهێشت، بەتایبەتیش ئەو گۆڕانكارییانەی كە یەكێتیی بەنیاز بوو لە پۆستەكانیدا لە حكومەت بیكات، هەروەها وەستانەوە دژی ئەو سیاسەتە داراییو ئابورییەی كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پەیڕەوی دەكرد. یەكێتیی نەیتوانی گۆڕانكاریی لە پۆستەكانی حكومەتدا بەوشێوەیە بكات كە دەیویست، بەڵام دواجار لەوەدا سەركەوت كە مەسرور بارزانی ناچار بكات چاوخشاندنەوەیەك بە پرسی داراییدا بكات، چونكە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت كراوە، مەسرور بارزانی قایل بووە بەوەی پرسی كۆكردنەوەی داهاتو خەرجی بدرێتە دەست لیژنەی وزاریی، بەدیوەكەی تریشدا مەسرور بارزانی خۆی بە سەركەوتوو دەزانێت كە یەكێتی ناچاركرد رازی بێت بە كۆكردنەوەی سەرجەم داهاتەكان لە یەك خەزێنەدا كە ئەویش خەزێنەی حكومەتە. بزوتنەوەی گۆڕانیش وەكو پێكهێنەری تری سەرەكی كابینەی نۆیەم، هەر لە سەرەتاوە بە دوودڵیی بەشداری حكومەتی كرد، بڕیاریدا بوو دوای شەش مانگ لەم بەشداریكردنە هەڵسەنگاندن بۆ رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بكاتو لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار لەسەر مانەوە یان كشانەوە لە حكومەت بدات، تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ئەم بابەتەی وەكو كارتی فشار لەسەر مەسرور بارزانی بەكارهێنا، چەندجارێك تیمی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی لە حكومەت چونە ناو دانوستانەوە، بەهۆی ئەم دانوستانانەوە ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكاری لە دامەزراوەكانی هەرێم وەرگرتووە، سەرباری ناڕەزایەتییەكان، تیمی گۆڕان لە حكومەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا سەركەوتوو بوون لەوەی رێگری لە كشانەوەی بزوتنەوەكەیان بكەن، بەڵام بەشداری گۆڕان بەپێچەوانەی پێشبینییەكانی پارتییەوە هۆكار نەبوو بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەكان دژی كابینەی نۆیەم كەمتر ببنەوە. بەگشتی كابینەی نۆیەم زیاتر لەوەی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە ناكۆكیدا بێت، لەناو خۆیدا ناكۆكی زیاتر بووە، ئەمە ئەو بابەتەیە كە دەبوو مەسرور بارزانی وەكو خاوەن بڕوانامەیەكی باڵا لەبواری چارەسەری ناكۆكییەكان، چارەسەری بكردایە.
شیكاری: درەو کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوەو لێبڕدراوە دەکاتە؛ # (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو" # (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" # (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" # (900 ملیار) دینار "موچەی مانگی (6)ی 2023" دواکەوتووە # کەواتە سەرجەم ئەو موچە شایستانەی لە کابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە (9 ترلیۆن 63 ملیار) دینارە. پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران. سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، تەنها لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترە لە (9 ترلیۆن) دینار. قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. بەڵام لە کابینەی نۆیەم دا پرسی موچە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە کە ئەویش لە بری پاشەکەوت داهێنانی لێبڕین بوو، لەم کابینەیەدا موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020) خەرج نەکرا (9) موچەش بە لێبڕینی (21%) و موچەیەکیش بە لێبڕینی (18%)ەوە لە ساڵانی (2021 - 2022)ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە. کەواتە ئەگەر کۆی خەرجی موچە بە (900 ملیار) دیناری مانگانە بخەمڵێنین، ئەوا کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوەو بۆیان خەرج نەکراوە بریتیە لە؛ • (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار • (9) مانگ بە لێبڕینی (21%) X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار • (1) مانگ بە لێبڕینی (18%) X (162 ملیار) دینار = (162 ملیار) دینار • لە ئێستاشدا کە مانگی (6)ی (2023) تێپەڕیوە بەڵام موچەی موچەخۆران دابەشنەکراوە کە زیاتر لە (900 ملیار دینار)ە. کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو"+ (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" + (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" + (900 ملیار) دینار "موچەی مانگی (6)ی 2023" = (9 ترلیۆن 63 ملیار) دینار.
درەو: بڕیارە وەفدێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغداد، لەبارەی چۆنیەتی ناردنی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق و پاكتاوی شەش مانگی رابردووی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ بكەن. • شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ موچە مانگانە نزیكەی (906) ملیار دینار و ساڵانە (5 ترلیۆن و 436ملیار) دینارە، ئەمە سەرەڕای بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و خەرجیەكانی دیكە. • پاكتاوی دارایی سەر هەرێمی كوردستانیش بۆ شەش مانگی رابردوو تایبەتە بە ( نەوتی سێ مانگی 2023، 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان، قەرزی بانكی بازرگانی ، قەرزی 400 ملیار دینارەكە) بگەڕێنێتەوە، كە بۆ ئەو شەش مانگە دەكاتە نزیكەی (5 ترلیۆن و 406 ملیار) دینار. یاسای بودجە دوای ئەوەی لە رۆژنامەی (وەقائیع)دا بڵاوكرایەوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە، لەبەر ئەوەی یاسای بودجە (اثر رجعی) هەیە بۆیە لە 1/1/2023ەوە ئەژمار دەكرێت، بۆ هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە پاكتاو هەیە، وەفدەكەی وەزارەتی دارایی كە زیاتر تەكنیكی و ژمێریارییەو پێش پشووەكانی جەژنی قوربانیش سەردانی بەغدادیان كردووە، بەمەبەستی ووردەكاری جێبەجێكردنی یاسای بودجەو پشكی هەرێم و پاكتاوی شەش مانگی رابردووە. كورد لە بودجە دواجار، یاسای بودجەی 2023ی عێراق لە پەرلەمان پەسەند كراو لە رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاوكراوەیەوەو، راستەوەخۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە. ماددەكانی (11، 12، 13)ی بودجە تایبەتن بە هەرێمی كوردستانەوە، ئەمە سەرباری چەندین بڕگەی تر كە لەناو بودجەكەدا هەرێم دەگرێتەوە. بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە: • لە ئەگەری خەرجكردنی رێژەی 100%ی شایستە داراییەكانی هەرێمدا وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بۆ ساڵی 2023 تێكڕای شایستەی هەرێمی كوردستان لەناو بودجەدا بریتی دەبێت لەبڕی (18 ترلیۆنو 310 ملیار) دینار، واتا مانگانە بڕی (ترلیۆنێكو 526 ملیار) دینار. • لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەم شایستە داراییەدا، هەرێمی كوردستانیش پابەندی دارایی دەكەوێتە سەر شانو دەبێت بەپێی یاسای بودجە بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، تێكڕای ئەو پابەندییە داراییەی كە بۆ ساڵێك دەكەوێتە سەر شانی حكومەتی هەرێم بڕەكەی (14 ترلیۆنو 520 ملیار) دینارە، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (ترلیۆنێكو 210 ملیار) دینار. واتا بەگوێرەی ئەم هاوكێشەیە، هەرێم مانگانە بڕی (ترلیۆنێكو 526 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێتو لەبەرامبەردا بڕی (ترلیۆنێكو 210 ملیار) دینار بۆ بەغداد دەگەڕێنێتەوە، لەم جیاوازییەدا بڕی (310) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە. بەگوێرەی حیساباتێك كە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی، تێكڕای شایستە داراییەكانی هەرێم: یەكەم: قەرەبووی فەرمانبەران بە تێكڕا موچەی فەرمانبەران ، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ ساڵی 2023 بڕەكەی دەكاتە (10 ترلیۆن و 876 ملیار) دینار، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (906) ملیار دینار. موچە لەناو بوجەدا تەرخانكراوی موچە یەكێك لە پایە گرنگەكانی پشكی هەرێمی كوردستانە لەناو بودجەی فیدراڵی عێراقدا، سێ جۆر تەرخانكراوی موچە لە ناو بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە كە ئەمانەن: • بڕی (9 ترلیۆنو 300 ملیار) دیناری خەرجی رەوەن (النفقات الجاریە) بۆ موچەی (681 هەزارو 979) فەرمانبەری هەرێم تەرخانكراوە، ئەم بڕە پارەیە بۆ هەر مانگێك دەكاتە (775) ملیار دینار. • بڕی (ترلیۆنێكو 346 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچەی خانەنشینی واتا مانگانە بڕی (112) ملیار دینار. • بڕی (228 ملیارو 304 ملیۆن) دینار بۆ یەك ساڵی خەرجی موچەی پێشمەرگە واتا مانگانە بڕی (19 ملیار) دینار. بەپێی ئەم هاوكێشەیە، بە تێكڕا هەرێم مانگانە تەنیا بۆ موچە بڕی (906 ملیار) دیناری لە بودجەی گشتی عێراق بەردەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین مانگ، تێكڕای خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێمی كوردستان بڕەكەی (912 ملیار) دینارە. بە لێدەركردنی ئەو بڕە پارەی كە مانگانە لە بودجەی عێراق بۆ موچەی هەرێم تەرخان دەكرێت (واتا 906 ملیار دینار) لەگەڵ خەرجی راستەقینەی موچە لە هەرێم (واتا 912 ملیار)، دەردەكەوێت لەدوای جێبەجێكردنی یاسای بودجە، مانگانە حكومەتی هەرێم بڕی (6 ملیار) دینار كورتهێنانی لە دابینكردنی خەرجی موچەدا دەبێت. كورتهێنانی خەرجی موچە چۆن پڕدەكرێتەوە ؟ بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق، هەرێمی كوردستان مانگانە دەبێت رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، تێكڕای داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم لە بودجەدا بۆ ماوەی ساڵێك بەبڕی (ترلیۆنێكو 560 ملیار) دینار دیاریكراوە، واتا هەر مانگێك (130) ملیار دینار وەكو داهاتی دەروازە سنورییەكان دیاریكراوە، ئەم داهاتە بەشێوەی مەقاصە (50%) دەگەڕێتەوە بۆ عێراقو (50%)ی تری بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار) دینارە. سەرباری 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان، لەدوای پەسەندكردنی بودجەوە حكومەتی هەرێم چەند داهاتێكی تریشی هەر لەبەردەستدا دەمێنێت، لەوانە: • بڕی (30) ملیار دیناری مانگانەی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە. • داهاتی تری ناوخۆیی لە باجو رسومات (جگە لە فەرمانگە فیدراڵییەكان) كە مانگانە بە زیاتر لە (100 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت، واتا ئەگەر حكومەتی هەرێم مانگانە بە تەواوەتیش پابەندییە داراییەكانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ بكات، هێشتا نزیكەی (200 ملیار) دینار داهات لە ناوخۆدا كۆدەكاتەوە، ئەم بڕە پارەیەش دەتوانێت بێ كێشە (6 ملیار) دینارەكەی كورتهێنانی خەرجی موچە پڕبكاتەوە. پاكتاوی شەش مانگی رابردوو بەپێی یاسای بودجە، یاساكە لە رۆژی 1/1/2023 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە نەك لەو رۆژەی كە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی عێراقی بڵاو دەكرێتەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت یاسای بودجە (اثر رجعی) تێدایە، واتا شایستەو پایەندی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت. شایستەو پابەندی هەرێم لە یاسای بودجە بۆ (6) مانگی ئەمساڵ چۆن پاكتاو دەكرێت ؟ پاكتاوی (6) مانگی ئەمساڵ لەرێگەی هاوكێشەی (شایستەی موچەی هەرێم – پابەندییەكانی سەر شانی هەرێم) دەردەهێنرێت، با ئەم هاوكێشەیە بكەین بە ژمارە: • تێكڕای شایستەی موچە هەرێم لە ناو بودجە مانگانە بڕەكەی (906) ملیار دینارە، بڕی ئەم پارەیە بۆ ماوەی (6) مانگ دەكاتە (5 ترلیۆنو 436 ملیار) دینار. • تێكڕای پابەندییە داراییەكانی (6) مانگی رابردووی سەر شانی هەرێم كە دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بریتییە لەمانە: - بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجەوە، لە (6) مانگی رابردوودا هەرێم بڕی (ترلیۆنێك و 600 ملیار) دینار وەكو قەرز لە بەغدادەوە وەرگرتووەو بەڵێنیداوە دوای پەسەندكردنی بودجە بیگەڕێنێتەوە - قەرزی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) كە مانگانە بڕەگەی (53 ملیارو 700 ملیۆن) دینارەو بۆ شەش مانگ تێكڕای ئەم پارەیە دەكاتە (322 ملیارو 200 ملیۆن) دینار. - داهاتی بەدەستهاتووی نەوتی هەرێم لە 1/1/2023 بۆ 25/3/2023 كە بڕەكەی مانگانە (ترلیۆنێكو 92 ملیار) دینارە بۆ ئەو سێ مانگە (جگە لە پێنج رۆژی مانگی ئازار) بە تێكڕا دەكاتە (3 ترلیۆنو 94 ملیار) دینار. - كۆی گشتی داهاتی خاڵە سنورییەكان كە مانگانە (130) ملیار دینار دیاریكراوە، رێژەی (50%)ی ئەم داهاتە بۆ بەغداد دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار) دینارە، كۆی شەش مانگی رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەكاتە (390 ملیار) دینار. بە كۆكردنەوەی ئەم ژمارانەی سەرەوە، تێكڕای ئەو پابەندییە داراییانە دەردەكەوێت كە لەناوەی 6 مانگی رابردوودا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێمو دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بڕەكەی (5 ترلیۆنو 406 ملیار) دینارە. پاكتاوی 6ی مانگی رابردوو لەنێوان هەولێرو بەغداد بەپێی یاسای بودجە، لەم هاوكێشەیەدا دەردەهێنرێت: شایستەی موچەی هەرێم - پابەندییەكانی هەرێم= پوختەی پاكتاوكراو 5 ترلیۆن و 436 ملیار- 5 ترلیۆنو 406 ملیار دینار = 30 ملیار دینار واتا لەم پاكتاوەدا دەبێت حكومەتی فیدراڵ بڕی (30 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە. پارەی نەوتی هەرێم لە كوێ دادەنرێت ؟ بەرەبەیانی 25ی ئازاری رابردوو، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگرت، ئەمەش وەكو وڵامدانەوەو كاردانەوەیەك بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سكاڵای عێراق. لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، حكومەتی هەرێم هیچ چارەیەكی تری لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی هەناردەی نەوت رادەستی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان هەولێرو بەغداد. بڕگەی یەكەم لە ماددەی (13)ی بودجەی پەسەندكراوی عێراق دەڵێ: • تێكڕای داهاتی نەوتی هەناردەكراو و فرۆشراو لە ناوخۆدا، لەو كێڵگانەی كە دەكەونە هەرێمی كوردستانەوە، لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لای بانكی ناوەندیی عێراق دەیكاتەوەو هەموو ئەو داهاتانەی تێدا دادەنێت كە لە هەناردەو فرۆشی نەوتی خاوو بەرهەمەكانییەوە بەدەستدەهێنرێن، بەبێ هیچ لێبڕینێك. هەموو حساب بانكییە هاوشێوەكان دادەخرێن. بەگوێرەی ئەم بڕگەی بودجە، سەرلەبەری رێككەوتنی پێشووی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هەڵوەشێندراوەتەوەو لەمەودوا تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم كە بە دۆلار دەگەڕێتەوە، دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراقو وەزارەتی دارایی بە دیناری عێراقی شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت. هەرچی هەژماری بانكیی دووەمە كە لە مادەی 13دا هاتووە، ئەمەیان تایبەتە بە دانانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجە كە ئەم هەژمارەیان بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكێكی باوەڕپێكراوی نێوخۆیی سەر بە بانكی ناوەندیی عێراق دەكرێتەوەو دەسەڵاتی خەرجكردن لەم هەژمارە بانكییە بۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان یان ئەوەی كە ئەو تەخویلی دەكات كە لەم حسابەوە پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەمویل بكات، بەڵام ئیداعی پارە لەم هەژمارە وابەستەیە بە حسابی یەكەم كە حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتەكەیە كە ئەگەر هەژماری بانكیی یەكەم كە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراقە، پارەی تێنەچێت و ئیلتیزامی 400 هەزار بەرمیلەكە جێبەجێ نەكرێت، ئەوا هیچ پارەیەك نایەتە هەژماری دووەم.
درەو: # لە هەرێمی کوردستان (408) دادوەرو داواکاری گشتی لە دامەزراوە دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن کە نیوە زیاتریان دادوەرن. بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (2/1/2022 تا 31/12/2022) ژمارەی ئەو مامەڵانەی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون بریتین لە (116 هەزار و 575) مامەڵە. # ئەنجومەنی دادوەری رۆژی (20/1/2019)ەوە داوا لە ئەنجومەنی پەیمانگای دادوەری هەرێمی کوردستان کردووە، دادگاکانی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی داواکاری گشتی پێویستیان بە (45) دادوەر و (15) داواکاری گشتی هەیە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری بکات، دوای شیاندنی ئەو (60) کەسە لە (2/7/2023) نێچیرڤان بارزانی فهرمانی ههرێمی بۆ دامهزراندنی (45) دادوهرەکە دهركرد. داتاکانی دادبینی و ژمارەی دادوەر و داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان ئەنجومەنی دادوەری بە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت و دەسەڵاتی سێیەمە لە پاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت)، كاروباری ئەم ئەنجومەنە بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان ژمارە (23)ی ساڵی (2007) ڕێكخراوە. پاڵپشت بە زانیارییەکانی ئەنجومەنەکە لە هەرێمی کوردستان (408) دادوەرو داواکاری گشتی لە دامەزراوە دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن، کە نیوە زیاتریان دادوەرن. بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (2/1/2022 تا 31/12/2022) ژمارەی ئەو مامەڵانەی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون بریتین لە (116 هەزار و 575) مامەڵە. بە جۆرێک؛ لە پارێزگای هەولێر؛ (40 هەزار و 81) مامەڵە لە پارێزگای سلێمانی؛ (46 هەزار و 282) مامەڵە لە پارێزگای دهۆک؛ (25 هەزار و 70) مامەڵە لە دادگاکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و گەرمیان؛ (5 هەزار و 42) مامەڵە. بەڵام ژمارەی دادوەر و داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، لە ئاستی پێویستی ئەو خواستەی هاوڵاتیان و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نیە، چونکە بەهۆی کەمی دادوەر و داواکاری گشتی دەیان و سەدان کەیسی دادبینی لە داداگاکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیاندا جێبەجێ ناکرێن، دادوەرو دادگاکان بە فریای ڕایی کردنیان ناکەون، یان ناچارن بەشێک لە دادبینییەکان بەخێرایی تێپەڕێنن. بۆ نمونە بەپێی (یاسای مورافەعاتی مەدەنی) پێویستە هەر دەعوایەک لە دانیشتنێکەوە بۆ دانیشتنێکی دیکەی دادگا ماوەی (20) رۆژە زیاتر دوانەخرێت، بەڵام بەهۆی کەمی دادوەرەوە لە بەشێک لە دادگاکان ئەو ماوەیە زۆر زیاترەو کەمترین دواخستن لە نێوان (3 - 5) مانگ دەخایەنێت جاری واش هەیە دەگاتە (10) مانگ. ئەمە سەرباری ئەوەی فەرمانی کردنەوەی دەیان دادگای بوارە جیاوازەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بە هۆی نەبوونی داوەری پێویستەوە نەتوانراوە بکرێنەوە. پەیمانگای دادوەری بۆ پێگەیاندنی دادوەرو داواکاری گشتی پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەپێ ی یاسای ژمارە (7) ساڵی 2009 دامەزراوە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە (102) لە رێکەوتی 13/7/2009 بڵاوکراوەتەوە، بە شێوەیەکی فەرمی لە 26/6/2011 دەستی بە کارەکانی کردووە. لە ماددەی (دووەم)ی یاسای پەیمانگای دادوەری چەند ئامانجێکی گرنگی دامەزراندنی ئەم دەزگایەی ئاماژە پێکردووە کە بریتیە لە؛ یەکەم: ئامادەکردنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی . دووەم: شیاندنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی، ئەوانەی کە لە پلەی سێهەم و چوارەمن و هێشتا لە وەزیفەدان. سێیهم: شایاندنی كادیره یاساییه جۆربهجۆرهكان لهفهرمانبهرانی ئهنجومهنی دادوهری و وهزارهتی دادو، وهزارهت و دهزگاكانی تری حكومهت و بهرزكردنهوهی كاراییان. وەک لە مادەی سێیەمی یاساکەدا هاتووە؛ پەیمانگەی دادوەری لەلایەن ئەنجومەنێکەوە سەرپەرشتی دەکرێ کە لە (9) کەس پێك دێت و بریتین لە (سەرۆك و جێگر و حەوت ئەندام). ئەم پەیمانگەیە لەسەر خواست داواکاری ئەنجومەنی دادوەری و پێویستی پێگەیاندنی کادر، خول دەکاتەوەو تا ئێستا پەیمانگاکە چوار خولی پێگەیاندنی دادوەران و داواکاری گشتی کۆتایی پێهێناوە . بەپێی توێژینەوەیەکی (د. ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا ئهلمودهڕیس؛ مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین) لە ژێر ناونیشانی "ئاڵنگارییەكانی بەردەم سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان" لە بارەی پەیمانگای دادوەرییەوە نوسیویەتی؛ "ئەوەی جێگەی تێبینییە ئەم پەیمانگایە، كە تاكە كەناڵی یاساییی پێگەیاندنی دادەوەرانە، كەچی سەر بە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەویش پاڵپشت بە یاسای ژمارە (13)ی ساڵی (2007). لكاندنی ئەم پەیمانگایە لە ڕووی كارگێڕییەوە بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بە شێوازێكی دەستوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری هەژمار دەكرێت، چونكە نابێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن هیچ ڕۆڵێكی لە دامەزراندنی دادوەرەكان هەبێت و، پێویستە ئەم ئەركە بە دەسەڵاتی دادوەری بسپێردرێت". دامەزراندنی دەرچوانی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەپێی بە دواداچونێک، تایبەت بە دەرچوانی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان، بە پێی نوسراوێکی ئەنجومەنی دادوەری، کە ژمارە (122) رۆژی (20/1/2019)ی لەسەرە (هاوپێچە)، داوا لە ئەنجومەنی پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان کراوە، دادگاکانی هەرێمی و کوردستان و فەرمانگەی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان پێویستیان بە (60) دادوەر و داواکاری گشتی هەیە (بەو شێوەیەی لە خوارەوە رونکراوەتەوە)، بۆ خولی چوارەمی ساڵی خوێندنی (2019 - 2020). دواتر نوسراوێکی وەزارەتی دادی هەرێم بە ژمارە (6/1296) لە (19/4/2021) بە واژۆی وەزیری داد ئاراستەی (ئەنجومەنی دادوەری) کراوە سەبارەت بە ڕاو بۆچونیان دەربارەی ژمارەی ئەو دادوەرانەی لە پێشتر و لە نوسراوی (122)ی (20/1/2019) دوایان کردبوو هەمان ئەو ژمارەیەیە (هاوپێچە). بۆیە بە نوسراوێکی دیکە کە ژمارە (1/3/1769)ی رۆژی (21/6/2022)ی لە سەرە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دانیشتنی رۆژی (14/6/2022) بە کۆی دەنگ ڕایان سپارد کە هەمان رێژەی دیاریکراو لە ناوەرۆکی نوسراوی ژمارە (122 لە 20/1/2019) بە بێ گۆڕانکاری جێبەجێ بکرێت (هاوپێچە). بۆیە لە (27/6/2022) وەزیری دادی هەرێم بە هامشێک لەسەر نوسراوەکەی ئەنجومەنی دادوەری بۆ (بەڕێوەبەری گشتی داد) دەنوسێت؛ "ئەگەر پەیوەندی لەگەڵیان بکەی هەر کاتەک معامەلە دامەزراندنی دادوەرەکان جوڵان ئاگادارمان بکەن داکو وەزارەت هەمان کار بۆ ئەندامانی داواکاری گشتی بکات". دوای ئەوەی دەرچوانی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری لە (28/3/2022)ەوە، سەرجەم ڕێکارە یاساییەکانی شیاوێتیان بۆ دامەزراندن وەک (دادوەر و داواکاری گشتی) تەواوکردووە. بەپێی ماددهی ههژدهم: یاسای ژماره (7) ی ساڵی 2009 یاسای پهیمانگهی دادوهری ههرێمی كوردستان ـ عێراق "دهرچووی پهیمانگه بهپێی فهرمانی (مرسوم) ههرێم دادهمهزرێ، لهمهنسهبی قازی سنفی چوارهم ئهگهر بۆ قازێتی شیاو كرابوو، یان به وهزیفهی جێگری داواكاره گشتی لهسنفی چوارهم دادهمهزرێ ئهگهر بۆ ئهم وهزیفهیه شایان كرابوو، ئهوهش به مووچه و سنف و ئهو پلهیهی كهبهپێی بڕوانامهكه و خزمهت و ئیش و ئهو (قدم)هی كه بهپێی حوكمهكانی ئهم یاسایه پێی دهدرێ. ماوهی خوێندن له پهیمانگهكهدا به مومارهسه دادهنرێت بۆ مهبهستی دامهزراندن و دیاریكردنی مووچه بۆ كهسێك كه خاوهن وهزیفه نهبێت". دوای تێپەڕبوونی (ساڵێک و سێ مانگ) بەسەر تەواوبوونی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری و پێگەیاندنی (60) کادری شیاو بۆ (دادوەر و داواکاری گشتی). دلشاد شهاب - وتهبێژی سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان (2023/7/2) ڕایگەیاند؛ "ئهمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان، فهرمانی ههرێمی بۆ دامهزراندنی (45) دادوهر دهركرد كه دهرچووی خولی چوارهمی پهیمانگهی دادوهرین و له ماوهی دوو ساڵدا لهڕووی زاستی و پراكتیكییهوه بۆ پرۆسهی دادبینی، ئاماده كراون". هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ "دوای گهیشتنی داواكاریی ئهنجومهنی دادوهریی ههرێمی كوردستان بۆ سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان به دامهزراندنیان، دادوهران له ڕۆژی دهرچوونی فهرمانی ههرێمی و واژۆكردنییهوه لهلایهن بهڕێز سهرۆكی ههرێمی كوردستانهوه، دادهمهزرێن و دوای سوێندخواردنی یاسایی، له دامودهزگاكانی دادوهری له ههرێمی كوردستان، دهستبهكار دهبن". ئەوەشی ئاشکرا کردووە "ههر لهم چوارچێوهیهدا (15) جێگری داواكاری گشتی له ههرێمی كوردستان دهستبهكار دهبن كه پێشتر فهرمانی دامهزراندیان لهلایهن بهڕێز سهرۆكی ههرێمی كوردستانهوه بۆ واژۆ كراوه".
راپۆرت:درەو خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ خۆی خانەنشینكرد، بەپێی یاسا ئەو پەرلەمانتارانەشی كە مەرجی خانەنشینییان تێدا نییە مانگانە لانی كەم بە (ملیۆنێكو 700 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێن، لە خولی پێنجەمدا تەنیا (7) پەرلەمانتار موچەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە، ئەو (6) پەرلەمانتارەی كە لەدوای درێژكردنەوەكەوە سوێندیانخوارد موچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە، بەڵام لە پەرلەمانی داهاتووی كوردستانەوە ئیتر ئەوانەی مەرجی یاساییان تێدا نەبێت، خانەنشین ناكرێن. دیوانی پەرلەمان بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقەوە لە 30 حوزەیرانەوە پەرلەمانتارانی رەوانەی خانەنشینی كردووە، ئەگەر سكاڵای یاسایی تۆمار بكرێت، لە 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێنو موچەی 8 مانگی رابردووشیان لێوەردەگیرێتەوەو بە موچەی خانەنشینیەكەیان مەقاسەیان بۆ دەكرێت، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. پەرلەمان خۆی خانەنشین دەكات پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ دەستیپكرد بە مامەڵەی خانەنشینبوونی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم، دیوانی پەرلەمان لەكۆی (111) پەرلەمانتار، نوسراوی خانەنشینبوونی بۆ (104) پەرلەمانتار كرد، نوسراوەكەی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی كرد لە وەزارەتی دارایی. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دیوانی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30 حوزەیرانی ئەمساڵی وەكو دواین رۆژی كاری پەرلەمان دیاریكردووە، ئەم رۆژەی كردووە بە بنەما بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران، ئەمە بەواتای ئەوە دێت پەرلەمانتاران بۆ مانگی حوزەیرانیش كە هێشتا موچە دابەش نەكراوە، هەمان موچەی خۆیان وەكو پەرلەمانتار وەردەگرن نەك موچەی خانەنشینی. (درەو) زانیویەتی، دیوانی پەرلەمان بە دوو لیست ناوی پەرلەمانتارانی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی كردووە: • لیستی یەكەم لەناوی (104) ئەندام پەرلەمان پێكهاتووە. • لیستی دووەم ناوی (7) پەرلەمانتار لە خۆدەگرێت كە، (5) پەرلەمانتاریان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامینو لە رۆژی 1ی ئازاری ئەمساڵەوە نوسراوی خانەنشینبوونیان بۆ كراوە، (2) پەرلەمانتارەكەی تریش كە بریتین لە هەریەكە لە (عەلی حەمەساڵحو شایان عەسكەری) لە بنەڕەتەوە وەرگرتنی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارییان رەتكردوەتەوە. كێن ئەوانەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە ؟ یاسای چاكسازی كە رۆژی 16ی كانونی دووەمی 2020 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، بۆ رێگریكردن لە موزایەدەكردن، بڕگەیەكی تێیدا جێگیر كراوە كە دەڵێ:" ئەندام پەرلەمان بە ئارەزوومەندانە مافی دەستبەرداربوونی لە مافو شایستە خانەنشینییەكانی وەك راسپێردراو هەیە، بەمەرجێك لە ماوەیەك كە لە (30)رۆژ تێپەڕن نەكات لە رێكەوتی بەركاربوونی ئەم یاسایە، داواكاری پێشكەش بە دیوانی پەرلەمان بكات بەمەبەستی وەرگرتنی رێكاری یاسایی پێویست. لەكۆی (111) ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا (7) پەرلەمانتار فۆرمی رەتكردنەوەی وەرگرتنی موچەی خانەنشینییان پڕكردوەتەوەو موچەی خانەنشینی وەرناگرن، كە ئەمانەن: • عەلی حەمەساڵح • شایان عەسكەری • شیرین ئەمین • كازم فاروق • موژدە مەحمود • كاوە عەبدولقادر • سیپان ئامێدی خانەنشینیی بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی دیوانی پەرلەمان لە رۆژی 30 حوزەیرانەوە پەرلەمانتارانی خانەنشین كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە ماوەی یاسایی تەواوبووەو درێژكردنەوەكەی هەڵوەشاوەتەوە. ئێستا لەسەر بنەمای نوسراوی دیوانی پەرلەمان، بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێم لە رۆژی یەكی تەموزەوە موچەی خانەنشینی بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم دەبەستێت، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران لە 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە رەوانەی خانەنشینی بكرێن بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویست بەوە دەكات لە دادگاكان سكاڵای یاسایی لەسەر ئەم بابەتە تۆمار بكرێت. رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق حوكمی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، دادگا بڕیاریدا درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە رۆژی درێژكردنەوەكەیەوە واتا لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە نادەستورییە. پابەندبوون بەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، دوو لێكەوتی دارایی لەسەر ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەجێدەهێڵت، كە ئەمانەن: لێكەوتی یەكەم: دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانو پەرلەمانتاران لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە موچەی خانەنشینییان بۆ ببەسترێت، چونكە پەرلەمان لەوكاتەوە وادەی یاسایی كۆتایی هاتووە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمانو پەرلەمانتاران ئەو پارانە بگەڕێننەوە كە مانگانە وەكو موچەی پەرلەمانتاریی لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا وەریانگرتووە، واتا بە تێكڕا دەبێت پەرلەمانتاران موچەی (8) مانگ بگەڕێننەوە كە بۆ هەر پەرلەمانتارێك بە تێكڕا بڕی ئەم پارەیە دەكاتە (64 ملیۆنو 680 هەزار) دینار، چونكە موچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێك بڕەكەی (8 ملیۆنو 85 هەزار) دینارە، ئەگەر پەرلەمان پابەند بێت بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوەو موچەی ئەو مانگانە بگەڕێنێتەوە كە دوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە پەرلەمانتاران وەریانگرتووە، ئەوا تێكڕای ئەو پارەیە بڕەگەی دەگاتە زیاتر لە (7 ملیارو 200 ملیۆن) دینار. ئەگەر بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی پەرلەمانتاران موچەی 8 مانگی رابردوویان بگەڕێننەوە، ئەوا دەبێت بۆ ئەو 8 مانگە موچەی خانەنشینیان بۆ ئەژمار بكرێت، ئیتر لەم رێگەیەوە دەتوانرێت پاكتاوی ئەو پارانە بكرێت كە وەكو پەرلەمانتار وەریانگرتووە، ئەمەش بەشێوەی لێبڕینی مانگانە لە موچەی خانەنشینییەكەیان (ئەم حساباتە بۆ ئەو 7 پەرلەمانتارەی موچەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە جیاوازە، ئەمانە دەبێت لەسەر گیرفانی خۆیان پارەی ئەو 8 مانگە بگەڕێننەوە، چونكە موچەی خانەنشینییان نییە تاوەكو مەقاسەیان بۆ بكرێت). لێكەوتی دووەم: هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی كە لەدوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردووە واتا لەدوای رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022، موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریی نایانگرێتەوە، چونكە: - بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان لەو رۆژەوە كە درێژكراوەتەوە هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت ئەوانەی لەدوای 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە سوێندیان خواردووە، سوێندەكەیان هەڵوەشاوەتەوەو نابن بە پەرلەمانتار، ئەمانە ژمارەیان (6) پەرلەمانتارەو موچەی خانەنشینی پەرلەمان نایانگرێتەوە، ئەم كەسانە نەك موچەی خانەنشینی وەرناگرن، دەبێت ئەو پارانەش بگەڕێننەوە كە مانگانە وەكو موچەی پەرلەمانتاریی وەریانگرتووە، ئەم پەرلەمانتارانە بریتین لە هەریەكە لە: • سۆز عەبدولقادر • دلێر عەبدولخالق • مەهدی خاكی • عەبدوڵا وەرتێ • لەیلا عەلی عەبدولعەزیز • بێریڤان فەقێ ئیسماعیل - تەنانەت ئەگەر گریمانە بكرێت بڕیاری دادگای فیدراڵیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی پەرلەمان بوونی نییەو جێبەجێ ناكرێت، هێشتا ئەوانەی لە تەموزی 2020وە بوون بە پەرلەمانتار، خانەنشینی پەرلەمان نایانگرێتەوە، چونكە بەپێی خاڵی (3) لە بڕگەی (سێیەم)ی ماددەی (7)ی یاسای (چاكسازیی لە موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانو خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان)، ئەو كەسانەی لەدوای بەركاربوونی یاساكە وەك راسپێردراو بە خزمەتی گشتی رادەسپێردرێن، موچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە)، یاسای چاكسازی لە رۆژی 1ی تەموزی 2020ەوە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، واتا ئەوانەی لەدوای 1ی تەموزی 2020 وەكو پەرلەمانتار دەستبەكاربوون، موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار نایانگرێتەوە، ئەم بڕگەی یاساكە (6) پەرلەمانتار دەگرێتەوە كە بریتین لە هەریەكە لە: • سۆز عەبدولقادر • دلێر عەبدولخالق • مەهدی خاكی • عەبدوڵا وەرتێ • لەیلا عەلی عەبدولعەزیز • بێریڤان فەقێ ئیسماعیل 48 ملیۆن دینار لە پاداشتی خزمەتدا سەرباری موچەی خانەنشینی، بەگوێرەی یاسای بەركار، هەموو فەرمانبەرێك دوای خانەنشینبوونی بڕی (6) موچەی تەواوی بەسەریەكەوە وەكو رێزلێنان پێدەدرێت، پەرلەمانتاران لەم بڕگە یاساییە سودمەند دەبن. كۆی گشتی ئەو پارەی كە بە یەكجارو وەكو رێزلێنانی خزمەت بە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەدرێت دوای خانەنشینبوونیان، بڕی (48 ملیۆنو 510 هەزار) دینارە بۆ هەر پەرلەمانتارێكی خانەنشین، ئەم بڕە پارەیە ئەو (7) پەرلەمانتارە ناگرێتەوە كە وەرگرتنی موچەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە. ئەم پارەیە كە پێی دەوترێت "تەكریمی" خانەنەنشینیی، بۆ خانەنشینی خولی پێنجەمی پەرلەمان بە تێكڕا بڕەكەی نزیكەی (5 ملیار) دینارە. یاسای چاكسازیو خانەنشینی پەرلەمانتاران 16ی كانونی دووەمی 2020 پەرلەمانی كوردستان یاسای (چاكسازی لە موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانو خانەنشینی) پەسەند كرد، ئەم یاسایە بە گەورەترین دەستكەوتی خولی پێنجەمی پەرلەمانو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم تەماشا دەكرێت. بەگوێرەی ئەم یاسایە هەندێك موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو رێكخرایەوەو بۆ داهاتووش رێگری كراوە لە خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران بەبێ بوونی مەرجی یاسایی. یاسای چاكسازی بۆ خولەكانی داهاتووی پەرلەمان دوو مەرجی دیاریكردووە بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتار كە ئەمانەن: • تەمەنی 45 ساڵی تەواو كردبێت • ماوەی 15 ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت واتا بەگوێرەی یاساكە بەبێ بوونی ئەم دوو مەرجە یاساییە لە داهاتوودا پەرلەمانتاران خانەنشین نابن. یاساكە كە لە خولی پێنجەمدا دەرچووە، هەندێك بواردنی بۆ پەرلەمانتارانی ئەم خولەكە كردووە، ئەمە بۆ ئەوەی دژی یاساكە نەوەستنەوەو دەنگی پێبدەن، بواردنەكە بەوشێوەیە، ئەو ئەندامانەی خولی پێنجەم كە تەمەنو مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بە رێژەیەك كە لە 25%ی تێكڕای خەرجی دوا موچەو دەرماڵەكەی زیاتر نەبێت، خانەنشین بكرێن. تێكڕای موچەو دەرماڵەی پەرلەمانتار بریتییە لە (8 ملیۆنو 85 هەزار) دینار، واتا ئەو پەرلەمانتارانەی خولی پێنجەم كە مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بە بڕی 25%ی تێكڕای موچەكەیان خانەنشین دەكرێنو موچەی خانەنشینییان دەبێت نزیكەی (2 ملیۆن) دیناری مانگانە، ئەمە بە ئەژماركردنی دەرماڵەی بڕوانامەشەوە. نمونەیەك بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێكی خولی پێنجەم كە تەنیا چوار ساڵ كاروباری گشتی راپەڕاندووەو مەرجی (15) ساڵ خزمەتی نییەو تەمەنیشی نەگەیشتووەتە (45) ساڵ، لە بەرزترین ئاستدا ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێت لەگەڵ چوار ساڵی خزمەتی پەرلەماندا، رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی وەكو خانەنشینی بۆ ئەژماردەكرێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لە كۆی (8 ملیۆنو 85 هەزار) دینار كە ئێستا وەریدەگرێت، بە (2 ملیۆنو 21 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، خۆ ئەگەر بڕوانامەشی نەبێت لە كەمترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی بەپێی یاساكە دەگاتە زیاتر لە (ملیۆنێكو 700 هەزار) دینار. تەنیا لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، ئەوانەی ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوەو مەرجی یاساییان تێدا نییە، (77) پەرلەمانتارە لەكۆی (111) پەرلەمانتار، واتای 69%ی ئەندامانی خولی پێنجەم مەرجی یاسایی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، ئەمە هۆكارەكەیە كە لە یاساكەدا بواردنیان بۆ خۆیان كردووەو بەرێژەی 25%ی موچەكەیان خانەنشین دەبن. ئەوانەی خانەنشین بوون پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو كە بەرێژەی 80%ی تێكڕای موچەكانیان خانەنشین بوونو مانگانە بڕی (6 ملیۆنو 464 هەزار) دیناریان وەردەگرت، بەپێی یاسای چاكسازی موچەكەیان كەمكرایەوە. یاسای چاكسازی مەرجی خانەنشینبوونی بەسەردا سەپاندن، واتا تەمەنی 45 ساڵو 15 ساڵ خزمەت، بەڵام یاساكە هەمان دەرفەتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پێداونو ئەوانەیان كە مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بەرێژەی 25%ی تێكڕای موچەكانیان لەكاتی پەرلەمانتاریدا خانەنشین كراون. ئەم توێژە لە پەرلەمانتاری خانەنشین، دوای چەند مانگێك لە بەركاربوونی یاسای چاكسازیش هەر بە پێوەرە كۆنەكە مانگانە زیاتر لە (6 ملیۆن 464 هەزار) دیناریان وەردەگرت، بەڵام ئێستا ئەو پارە زیادەیان لێوەردەگیرێتەوەو مانگانە لە موچەی خانەنشینییەكەیان دەبڕدرێت. خانەنشیی پەرلەمان لە كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، لە هەرێمی كوردستان (394) پەرلەمانتاری خانەنشین هەیە، ئەگەر لیستی خانەنشینی خولی پێنجەمیشی بۆ زیاد بكرێت كە (104) پەرلەمانتارە، ئەوا بە تێكڕا ژمارەی پەرلەمانتاری خانەنشین لە هەرێم بۆ (498) كەس بەرزدەبێتەوە.
راپۆرت: درەو گەنجێكی عێراقی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵمدا قورئانی سوتاند، سەرۆك وەزیرانی سوید دەڵێ" كارەكەی یاسایی بوو، بەڵام گونجاو نەبوو"، بابەتەكە لەناو سویددا لەنێوان پرسی ئاسایشو ئازادی رادەربڕیندا گیری خواردووە. دەسەڵاتدارانی سوید ترسیان هەیە ئەم گەنجە عێراقییە هێندەی تر پرسی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پەكبخات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سوتاندنی قورئان لە جەژندا هاوكات لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا، كۆپییەك لە قورئان، لە خۆپیشاندانێكی بچوكدا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، سوتێنرا. نزیكەی 200 كەس یەكێك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكەیان بینی كە لاپەڕەكانی قورئان دەدڕێنێتو دواتر پێڵاوەكانی پێ دەسڕێتەوەو پاشان لە گۆشتی بەرازی دەپێچێتو ئینجا دەیسوتێنێت. چەند كەسێك لە ئامادەبووان ناڕەزایەتییان دەربڕی، بە زمانی عەرەبی هاواریان كرد " الله أكبر"، پۆلیس پیاوێكی دەستگیركرد كە ویستی بەرد بهاوێژێت، یەكێكیش لە لایەنگرانی خۆپیشاندانەكە هاواری كرد" رێگەی پێبدەن با بیسوتێنێت". دوای ئەوەی دادگای سوید رایگەیاند، پۆلیس بۆی نییە رێگری لەو خۆپیشاندانە بكات كە بەمدواییە داوای ئەنجامدانی كراوە، پۆلیسی سوید رێگای كردەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئەو خۆپیشاندانەی كە بڕیار بوو تێیدا كۆپییەك لە قورئانی بسوتێندرێت. پۆلیسی سوید رایگەیاند، بەگوێرەی یاساكانی ئێستای وڵات، سروشتی ئەو مەترسییانەی كە بەهۆی سوتاندنی قورئانەوە دروست دەبن، نابن بە پاساو بۆ رەتكردنەوەی پێدانی مۆڵەت بە خۆپیشاندانەكە. دادگای سوید لە حوكمی خۆیدا سەبارەت بەو مەترسییە ئەمنییانەی كە بەهۆی ناڕەزایەتییەكەوە دروست دەبن رایگەیاند، ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی رێگری لە مافێكی دەستوریی بكرێت بۆ سازدانی گردبوونەوەو خۆپیشاندانی ئازادانە. هاوكات لەگەڵ خۆپشاندانی ئەوانەی كە قورئانیان سوتاند، دژە خۆپیشاندانێكیش لە نزیك مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵم بەڕێوەچوو. ئەم كێشەیە پرسی داواكاری سویدی بۆ ئەندامبوونی لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" توشی گرێو گۆڵێكی نوێ كرد، داواكارییەك كە هێشتا توركیا وەكو ئەندامێكی رێكخراوی ناتۆ رەتیدەكاتەوە. كانونی دووەمی رابردوو چالاكوانێكی راستڕەوی توندڕەو لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیادا لە ستۆكهۆڵم، كۆپییەك لە قورئانی سوتاند، ئەم كارە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای توڕە كرد. بۆچی پۆلیس قایل بوو؟ بڕیاری پۆلیسی سوید بۆ پێدانی مۆڵەت بە سازادانی ئەم خۆپیشاندانە كە تێیدا كۆپییەك لە قورئان سوتێنرا، دوای دوو هەفتە هات لە رەتكردنەوەی بڕیاری پۆلیسی سوید بۆ رێگریكردن لە سازدانی خۆپیشاندانەكە، لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی سویدەوە. ئەوكات پۆلیسی سوید باسی لە بوونی مەترسی ئەمنیی دەكرد، بەتایبەتیش كە سوتاندنی قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە مانگی كانونی دووەمدا، شەپۆلێك خۆپیشاندانی بەدوای خۆیدا هێناو چەند هەفتەیەك بەردەوام بوو، پاشان سەریكێشا بۆ ئەوەی بانگەواز بكرێت بۆ بایكۆتكردنی كاڵای سویدیو سەرباری ئەمەش هەوڵەكانی سویدی بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پەكخست. ئەوكات پۆلیسی سوید رایگەیاند، خۆپیشاندانەكەی كانونی دووەم وایكردووە سوید ببێت بە "ئەولەویەتی هێرشەكان". بەدیاریكراوی توركیا ناڕەزایەتی نیشاندا لەوەی پۆلیسی سوید رێگری لە خۆپیشاندانەكە نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە ئەنكەرە بەربەستی سەرەكی بوو لەبەردەم ئەندامبوونی سویدا لە رێكخراوی "ناتۆ"، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی سوید هەڵمەتی ئەمنیی لەدژی ئەو گروپە كوردییانە ئەنجام نادات كە توركیا وەكو "تیرۆریست" ناویان دەبات. لەدوای ئەم ناڕەزایەتییەی توركیاوە، پۆلیسی سوید دوو داواكاری بۆ سازدانی خۆپیشاندان رەتكردەوە كە بڕیاربوو تێیاندا قورئان بسوتێندردێت، یەكەمیان كەسێك داوای مۆڵەتی كردبوو، دووەمیشیان لەلایەن رێكخراوێكەوە داوای مۆڵەتی بۆ كرابوو، بۆ ئەوەی لە شوباتی ئەمساڵدا لەبەردەم هەردوو باڵیۆزخانەی توركیاو عێراق لە ستۆكهۆڵم ئەنجام بدرێن. لە ناوەڕاستی حوزەیراندا، دادگا تێهەڵچوونەوەی سوید رایگەیاند، پۆلیس لە رێگریكردن لە سازدانی ئەو دوو خۆپیشاندانەدا بە هەڵەداچووە، ئاماژەی بەوەكرد" كێشەی ئاسایشو سیستم" كە پۆلیس باسی لێوەكردووە "بەشێوەیەكی روونو ئاشكرا وابەستە نەبووە بەو رووداوە پلان بۆداڕێژكراوە یاخود شوێنەكەیەوە". عێراقییەك داوای خۆپیشاندانەكەی كردووە ئەو كەسەی كە داوای مۆڵەتی بۆ سازدانی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ كردووە كە قورئانی تێدا سوتێنرا، هەمان ئەو كەسە بووە كە پێشتر داوای كردووەو پۆلیس داواكەی رەتكردوەتەوە، ئەمەش كەسێكی عێراقییە. سەلوان مۆمیكا كە تەمەنی 37 ساڵە، نوسراوێكی كردووەو تێیدا دەڵێ" دەمەوێت لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵمدا خۆپیشاندان بكەم، دەمەوێت لەبارەی قورئانەوە گوزارشت لە بیروبۆچوونی خۆم بكەم.. كۆپییەكی قورئان دەدڕێنمو دەیسوتێنم"، ئاژانسی فرانس پرێس دەقی داواكارییەكەی سەلوانی بینیوەو بڵاویكردوەتەوە. سەلوان مۆمیكا كە لەعێراقەوە هەڵاتووە بۆ سوید، مانگی نیسانی رابردوو، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "ئەفتۆنبلادیت" دەڵێ:" ئامانجی من ئەوە نییە رێگری بكەم لەوەی سوید بچێتە ناو رێكخراوی ناتۆوە، بەر لە سازدانی خۆپیشاندانەكە بیرم لەوە كردوەتەوە كە سوید چاوەڕوانی ئەوەیە بچێتە ناو پەیمانی ناتۆوە". ئەم كوڕە عێراقییە بە رۆژنامەكەی وتووە:" نامەوێت ئازاری ئەم وڵاتە بدەم كە پێشوازی لێكردوومو شكۆی منی پاراستووە". پۆلیسی سوید ئەمڕۆ رایگەیاند، داوای كردووە رێوشوێن بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی سیستم لە وڵاتدا، بۆیە چەندین ئۆتۆمبیلی پۆلیسی ئەمڕۆ بینران كە لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵمدا راوەستابوون. پێشتر پۆلیسی سوید رێگەی بە (راسمۆس پالودان) دابوو لە مانگی كانونی دووەمدا خۆپیشاندان رێكبخات، ئەم پیاوە چالاكوانێكی سویدی بەڕەگەز دانیماركییەو تۆمەتبار كراوە بە رەگەزپەرەستیی. ساڵی رابردوو پالودان بووە هۆی دروستبوونی چەندین ناڕەزایەتییو كێشمەكێش لە سوید، ئەمەش دوای ئەوەی بە سەرتاسەری سویدا گەڕانی كردو بەشێوەیەكی ئاشكرا قورئانی دەسوتاند. سیاسەتمەدارانی سویدی رەخنەیان گرت لە سوتاندی قورئان، بەڵام هاوكاتیش بە توندی پشتیوانیان كرد لە ئازادی رادەربڕین. "یاسایی بوو، بەڵام گونجاو نەبوو" ئۆڵف كریسترسۆن سەرۆك وەزیران سوید ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" نازانم ئەم خۆپیشاندانە تا چەند كاریگەریی لەسەر پرۆسەی بەئەندامبوونی سوید دەبێت لە رێكخراوی ناتۆ.. ئەم خۆپیشاندانە یاسایی بوو، بەڵام گونجاو نەبوو، ئەم بابەتە لای پۆلیسە بۆ ئەوەی بڕیار بدات لەبارەی ئەو خۆپیشاندانانەوە كە تێیاندا قورئان دەسوتێندرێت". "پێموایە ئێمە لە ساتێكدا دەژین كە دەبێت تێیدا مرۆڤ لەسەرخۆبێتو بیر لەوە بكاتەوە چ باشترە بۆ بەرژەوەندی سوید لە ئاستی دورمەودادا" سەرۆك وەزیرانی سوید وای وت. توركیا ئیدانەی كرد هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە تویتێكدا ئیدانەی سوتاندنی قورئانی كرد لە سویدو بە كارێكی "ناپەسەند" ناوی هێنا. هاكان فیدران نوسی" ئیدانەی ئەو كارە ناپەسەندە دەكەین كە دژ بە قورئانی پیرۆز كراوە لە سوید لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا. رێگەدان بەم كارانە لەدژی ئیسلام بەبەهانەی ئازادی رادەربڕینەوە كارێكە كە جێگای قبوڵكردن نییە، چاوپۆشیكردن لەم كارە قێزەونانە، بەواتای بەشداربوونە تێیاندا". كۆتاییەكانی كانوونی دووەم دوای سوتاندنی كۆپییەك لە قورئان لەلایەن (راسمۆس پالودان)ەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا، توركیا دانوستانەكانی خۆی لەبارەی ئەندامبوون لە ناتۆ لەگەڵ سوید راگرت. ئەوكات تەنیا توركیا نیگەرانی دەرنەبڕی، ژمارەیەك وڵاتی عەرەبیش ئیدانەی سوتاندنی قورئانیان كرد لە سوید، لەوانە سعودیەو ئوردنو كوەیت. ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش ئیدانەی سوتاندنی قورئانی كرد لە سوید، بە كارێكی "زیانبەخشو بێڕێزیكردن" ناویهێنا. پۆلیسی سوید ئەو پیاوە عێراقییەی كە قورئانەكەی سوتاند، تۆمەتبار كردووە بەوەی هاندانی كردووە دژی گروپێكی رەگەزیی یان نەتەوەیی، سەرباری ئەمەش بڕیاری قەدەغەكردنی ئاگركردنەوەی پێشێل كردووە كە لە ناوەڕاستی تەموزەوە لە ستۆكهۆڵم كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. دەكرا بگوازێتەوە بۆ شوێنێكی تر ! مەحمود خەلەفی ئیمامی مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم رایگەیاند، توشی بێئومێدی بوون كاتێك گوێبستی لێدوانی پۆلیس بوون سەبارەت بە رێكخستنی خۆپیشاندانەكە لە رۆژی جەژنی قورباندا. خەلەفی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد" مزگەوتەكەی پێشنیازی ئەوەی بۆ پۆلیس كردووە كە لانی كەم خۆپیشاندانەكە بگوازێتەوە بۆ شوێنێكی تر، ئەمەش كارێك بووە كە دەكرا بەپێی یاسا ئەنجام بدرایە، بەڵام بڕیاریاندا وا نەكەن". بەگوێرەی قسەی ئیمامی مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم، ساڵانە لە جەژنەكاندا نزیكەی 10 هەزار نوێژخوێن روو لە مزگەوتەكە دەكەن.