دیناری عێراقی لە گێژاوى ململانێکاندا
2024-01-12 18:35:58
درەو:
ئامادەكردن: بارام سوبحى - گۆڤاری گۆڤاری ئایندەناسی
لە ماوەى ساڵى (2023)دا، بەهاى دینارى عێراقى لە بەرانبەر دۆلارى ئەمەریکى سەقامگیریى بەخۆیەوە نەبینى، ئەو دۆخەش حکومەتەکەى سوودانیى خستووەتە بەردەم بەرداشێکى سەختەوە، کە لەسەر ئاستى ناوخۆ خۆى لە ململانێى لایەنە شیعەکان و ئەگەرى هەڵایسانى ناڕەزایى جەماوەرى، لە سەر ئاستى دەرەوەش خۆى لە توندتربوونەوەى ململانێکانى ئێران و ئەمەریکا دەبینێتەوە. ئاسۆکانى چارەسەرى ئەم پرسە چەندە هەڵگرى قەیران و گرفتە تا ئاستى هەڵوەشانەوەى حکومەتى ئێستا، هێندەش دەرفەتى چارەسەر و بەهێزبوونى حکومەت و سیستمى بانکی و دراوى لەخۆ گرتوە.
ئەم ڕاپۆرتە بەدواداچوون بۆ هۆکارەكانى سەرهەڵدان و توندبوونەوەى قەیرانى هەڵکشان و داکشانى بەهاى دینارى عێراقى دەکات، لە هەمان کاتدا سیناریۆ گریمانەکراوەکان و ئاسۆکانى چارەسەر و ئاڵنگارى و دەرفەتەکان ڕوون دەکاتەوە.
لە ڕووپیەوە تا دینار
عێراق تا ئەو کاتەى بەشێک بوو لە ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانى، بە لیرەى عوسمانى مامەڵەى دەکرد. لە دواى داگیرکردنى عێراق لە لایەن بەریتانیاوە لە سەروبەندى یەکەم جەنگى جیهانیدا، ڕووپیەی هیندی جێگەى لیرەى عوسمانیى گرتەوە.
لە دواى دروستکردنى دەوڵەتى عێراق لە لایەن بەریتانیاوە لە هەرسێ ویلایەتى بەغدا و بەسڕە و موسڵ، عێراق هەر بە ڕووپیەى هیندى کارى دەکرد، بەڵام دواى ئەوە بووە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان و لە ساڵی 1932دا سەربەخۆیى وەرگرت، حکومەتی شاهانە دیناری نوێی عێراقیی بە چەندین جۆری کاغەزی و کانزایى خستە بازاڕەوە، تا جێگەی ڕووپیەی هیندی بگرێتەوە کە لە دوای داگیرکاریی بەریتانیاوە لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دراوی نیشتمانی کارپێکراو بوو. دیناری عێراقی تا ساڵی 1959 بە پاوەندی بەریتانییەوە گرێ درابوو، دوای ئەوە بە دۆلاری ئەمەریکییەوە پەیوەست بوو کە یەک دیناری عێراقی بەرامبەر (2.80) دۆلاری ئەمەریکی بوو.
دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 و دامەزراندنی ڕژێمی کۆماری، عێراق لە زۆنی جونەیهى ئیستەرلینى چووە دەرەوە، دۆخی دینار باشتر بوو، لە بازاڕەکانی دراوی نێودەوڵەتیدا مامەڵەى پێوە دەکرا، تەنها لەو قۆناغە پشێوییانەدا نەبێت کە عێراق لە دە ساڵی یەکەمی سەردەمی کۆماریدا پێیدا تێپەڕی، کە نرخەکەی لە بەرانبەر دۆلار و پاوەند و دراوە بیانییەکانی دیکەدا لە هەڵکشان و داکشاندا بوو.
لە نێوان ساڵانی 1971 تا 1973دا، نرخی دیناری عێراقی بۆ (3.38) دۆلار بەرز بووەوە، پاشان بۆ (3.22) دۆلار دابەزی. ئەو ڕێژەیە تا جەنگی کەنداو بەردەوام بوو، هەر چەندە لە بازاڕی ڕەشدا لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨٩دا نرخەکەى نزیکەی شەش هێندە زیاتر بوو. لە کۆتایی ساڵی 1995دا نرخی یەک دۆلار گەیشتە سێ هەزار دیناری عێراقی.
دواى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و زیادبوونى کۆنترۆڵى دەوڵەت بەسەر کەرتى نەوتدا لە دواى ساڵى 1973، نرخى دینارێک گەیشتە سێ دۆلار و حەڤدە سەنت. بەڵام لە سەرەتاى هەشتاکانەوە تا ساتى ڕووخانى ڕژێمى بەعس لە بەهارى 2003، بە هۆى شەڕەکانى عێراقەوە، لەوانە شەڕى هەشت ساڵەى لەگەڵ ئێران (1980-1988)، داگیرکردنى کوەیت و جەنگى کەنداو و گەمارۆى نێودەوڵەتى؛ دینارى عێراقى بە جۆرێک ڕووى لە دابەزین کرد هەر دۆلارێک بەرامبەر سێ هەزار دینارى عێراقى بوو.
بە مەبەستی دەرکردنی دراوی فەرمیی کاغەزی و پاراستنی یەدەگی دراوی نوێی دیناری عێراقی، لە ساڵی ١٩٣١دا دەستەی دراوی عێراق لە لەندەن دامەزرا. لە ساڵی ١٩٤٧دا بانکی نیشتمانیی عێراق وەک بانکێکی حکومى دامەزرا و دەستەی دراو لە ساڵی ١٩٤٩دا هەڵوەشایەوە کە لە لەندەن دامەزرابوو، بانکی نوێ بەرپرسیارێتیی دەرکردنی دراوی کاغەزی و پاراستنی یەدەگەکانی گرتە ئەستۆ.
لە دواى دروستکردنى بانکی ناوەندیی عێراق، دیناری عێراقی بەر فاکتەرەکانی گەندەڵی و بیرۆکراسی کەوت، ئەوەش وای کرد لەو سەردەمەدا دراوێکی ناجێگیر بێت و لە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵەى پێوە نەکرێت، بەڵکوو تەنها بە دراوی بیانی مامەڵەکان ئەنجام دەدران.
دەسەڵاتێکى نوێ و دراوێکى نوێ
لە نیسانى 2003دا هێزەکانى ئەمەریکا کۆتاییان بە دەسەڵاتى بەعسییەکان هێنا، یەکێک لە دیارترین گۆڕانکارییەکانى ئەم قۆناغە نوێیە؛ گۆڕینى دراوى عێراقى بوو. دراوە نوێیەکە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی، بانکی ناوەندی و دەسەڵاتی هاوپەیمانان لە حەوت چاپخانەی جیاواز لە جیهاندا چاپ کرا، بە (27) فڕۆکەی بۆینگ (747) گوازرایەوە بۆ عێراق. لە ماوەى سێ مانگدا (لە 15/10/2003 تا 15/1/2004) بانکە عێراقییەکان و لقەکانیان لە پارێزگاکاندا دراوە کۆنەکانیان بە دراوى نوێ گۆڕى، بەم هۆیەوە نرخی دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاردا بە ڕێژەى (33%) بەرز بوویەوە، چونکە لە سەردەمی سەددامدا یەک دۆلار بەرانبەر (2500) دینار بوو.
هەر لە ساڵى 2004دا، بانکی ناوەندیی عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی ڕزگار کرا، ئەم سەربەخۆییەش بووە هۆی پەرەپێدانی ئەدای بانکەکە و دامەزراندنەوەی بە گوێرەى یاسا و سیستمێکی نوێ.
سەرچاوەى سەرەکیى داهاتى عێراق فرۆشتنى نەوتە بە دۆلار. لە دواى ساڵى (2003)ەوە، داهاتى نەوتى عێراق دەچێتە سەر حسابێکی تایبەتی وەزارەتی دارایی عێراق لە بانکى فیدراڵیی ئەمەریکا. لە ماوەى بیست ساڵى ڕابردوودا، هەر چەندە لە پڕۆسەی فرۆشتنی دۆلاری ئەمەریکیدا باس لە پێشێلکاریی گەورە دەکرا، بەڵام بە مەبەستى ئاوەدانکردنەوەى عێراق و ڕێگرتن لە دروستبوونى ناڕەزایى لە بەرانبەر داگیرکاریى ئەمەریکادا، ئەمەریکا دەسەڵاتەکانى خراپ بەکار نەهێنا و بەبێ هیچ گرفتێک ئەو دۆلارەى ڕەوانەى عێراق دەکردەوە. بەڵام لە سەرەتاى ساڵى (2023)ەوە، ئەمەریکا ڕێژەى ناردنى دۆلارى نەختینەى بۆ نزیکەى (250) ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا کەم کردەوە.
بانکى ناوەندیى عێراقیش ڕۆژانە ئەو (٢٥٠) ملیۆن دۆلارە بە بانکە تایبەتەكان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕى دراو دەفرۆشێت، ئەوانیش بە نرخێکى بەرزتر بە بازاڕە ناوخۆییەکانى دەفرۆشن. بە هۆى جیاوازى لە نێوان نرخى بانکى ناوەندى و نرخى بازاڕ، کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار قازانج دەکەن. زۆربەی خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن لە ساڵى 2003 بەدواوە تا ئێستا، بانکى ناوەندى زیاتر لە (500) ملیار دۆلارى فرۆشتووە.
ڕاپۆرتى میدیا عێراقییەکان باس لەوە دەکەن بەشێک لەو دۆلارەى بانکى ناوەندى دەیخاتە بازاڕەوە، بە قاچاخ بۆ ئێران و تورکیا براوە. لەو بارەیەوە ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لە ساڵی 2022دا بانکی ناوەندی لە ڕێگەى پەنجەرەی فرۆشتنی دراوەوە نزیکەی (37) ملیار دۆلاری فرۆشتووە، بەڵام بەهای ئەو کاڵا هاوردەکراوانەی لە دەسەڵاتی گومرگی عێراق تۆمار کراون؛ لە چواردە ملیار دۆلار تێناپەڕێت، واتە جیاوازییەکە لە نێوان قەبارەی دراوی فرۆشراو و بەهای ئەو شتانەی کە هاوردە کراون؛ لە (٢٣) ملیار دۆلار نزیک دەبێتەوە.
مەبەست لە پەنجەرەى فرۆشتنى دراو، میکانیزمى فرۆشتنى دۆلارە لە لایەن بانکى ناوەندییەوە بە: بانکەکان، فەرمانگەکانی دراو و کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان، کە کەلوپەل بۆ عێراق هاوردە دەکەن. کۆمپانیا و بازرگانەکانیش دەبێت لیستى ئەو کاڵایانەى هاوردەى دەکەن، پێشکەش بە بانکى ناوەندى بکەن، تاوەکوو دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن. بەڵام باس لەوە دەکرێت ئەو کۆمپانیایانەى لە لایەن گرووپە سیاسى و چەکدارییە باڵادەستەکانى عێراقەوە پشتیوانى دەکرێن، بە مەبەستی بەدەستهێنانی دۆلار لیستی هاوردەکردنى ساختەیان داوەتە بانکى ناوەندى، تاوەکوو ئەو دۆلارەى دەستیان دەکەوێت ڕەوانەى هەژمارەکانیان لە دەرەوەى وڵات بکەن.
بە گوتەی ئابووریناسێکی عێراقی، بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا، ئێران، لوبنان و سووریای گرتووەتەوە، تەنانەت بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش فراوان بووە و وڵاتانی وەک ڕووسیا، کوبا و کۆریای باکووریشی گرتووەتەوە.
بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق
یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار لە بەرانبەر دینارى عێراقیدا، بە قاچاخ بردنەدەرەوەى دۆلارە لە عێراقەوە بۆ وڵاتانى هاوسێى ئێران و تورکیا و سووریا. بە وتەى شارەزایانى ئابوورى، ئەمەش بووەتە هۆى کەمبوونەوەى دۆلار لە بازاڕدا و زۆربوونى خواست لە سەرى، بەو هۆیەوە نرخى دۆلار بەرز بووەتەوە.
بە هۆى نەبوونى زانیارى و دەیتاى دروستەوە، لە بارەى بڕى ئەو پارەیەی کە بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە و ئەو لایەنانەی ئەم پارەیەیان دزیوە و ئەو وڵاتانەی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، وای کردووە جیاوازى لە ژمارەکاندا هەبێت. سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بەرهەم ساڵح، ڕایگەیاند کە (١٥٠) ملیار دۆلار بە قاچاخ براوەتە دەرەوەى وڵات، لە کاتێکدا لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکراى کرد قەبارەی ئەو دۆلارەى بە قاچاخ براوەتە دەرەوەى وڵات بە نزیکەی (٣٥٠) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە دەکاتە (٣٢%)ی داهاتی عێراق لە ماوەی هەژدە ساڵدا.
بۆ ساغکردنەوەى ئەو ژمارانەش، جگە لە پەنابردن بۆ کۆمپانیا بەناوبانگ و باوەڕپێکراوەکانی وردبینیی دارایی و دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ دیاریکردنی شوێنی مەبەستی پارە قاچاخەکە و ئەو لایەنانەی کە لێی سوودمەندن؛ هیچ بژاردەیەکى دیکە نییە.
بانکى ناوەندیى عێراق بە فەرمانى ژمارە (9/2/446) لە (6/11/2020)، بە تۆمەتی قاچاخچێتیی دراو و گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، لە سەر بنەمای ڕاسپاردەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بڕیاری دا بە قەدەغەکردنى فرۆشتنى دۆلار بە هەریەکە لە بانکەکانى (ئەلئەنساری، ئەلشەرق ئەلئەوسەت، ئەلقابض، ئاسیا)، کە نیوەی فرۆشی ڕۆژانەی بانکی ناوەندییان وەردەگرت. سەرەڕای جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە، هەرچوار بانکەکە خەریکی پراکتیزەکردنی کاری بانکیی خۆیانن، بەڵام بەشداریکردنیان لە پڕۆسەى زیادکردنی دراودا لێ قەدەغە کراوە. لە هەمان کاتدا بانکى ناوەندى ڕێوشوێنەکانى چاودێریکردنى بەسەر (35) بانکى دیکەدا توندتر دەکردەوە کە بەشدارییان لە زیادکردنی دراودا کردبوو، چونکە پێدەچوو ئەو بابەتە پەیوەندیی بە ناوبانگی بانکی ناوەندی و متمانەی نێودەوڵەتییەوە هەبێت، کە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر فرۆشی دۆلار هەبووە، بووە هۆی کەمبوونەوەى لە بازاڕ و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی.
هەرسێ بانکى (ئەلئەنساری، ئەلشەرق ئەلئەوسەت، ئەلقابض)؛ پەیوەندییان بە بازرگانێکەوە هەیە بە ناوی عەلی غولام، کە پەیوەندیی لەگەڵ سیاسەتمەدارانی باڵای عێراق و بەرپرسانی حکومەتدا هەیە. لە مانگی تشرینى دووەمى ساڵی ڕابردوودا، لە کاتى گەڕانەوەى لە لوبنانەوە بۆ بەغدا دەستگیر کرا، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بە خێرایی ئازاد کرا، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی ڕوون لە بارەی چۆنێتیی ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە و هۆکارەکانی ئازادکرنیشى ئاشکرا بکرێت.
عێراق لە بەرداشى ئێران و ئەمەریکادا
بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئێران لە چەند لایەکەوە هۆکاری ڕاستەقینەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە حکومەتى عێراق بە بەهاى پێنج ملیار دۆلار گازى سروشتیى لە ئێرانەوە هاوردە کردووە، بەڵام بە هۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، عێراق ئەو بڕە پارەیەى بە دینارى عێراقى پێ داوە، ئەوەش بووەتە هۆى کەمبوونەوەى دینار لە بازاڕدا. جگە لەوەى بەشێک لە بازرگانانی ئێرانی دەستیان کردووە بە کڕینی دۆلار لە بازاڕ و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لە سەر دۆلار و کەمبوونەوەی لە بازاڕدا، لەو بارەیەوە بانکی ناوەندیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “فشاری کاتی هەیە کە لە ئەنجامی هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە سەری هەڵداوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار”.
لە لایەن خۆیانەوە کاربەدەستانى ئەمەریکا ڕایدەگەیەنن بەڵگەیان هەیە بەشێک لەو دۆلارە ئەمەریکییەی کە بە کاغەزى دەدرێتە عێراق، بە قاچاخ بۆ ئێران و سووریا و تورکیا و وڵاتانی تر دەگوازرێتەوە، ئەوەش پێشێلکردنی ئەو سزایانەیە کە بەسەر ئێراندا سەپاندوویانە. بۆیە فشاریان خستووەتە سەر لایەنی عێراقی، بە مەبەستى ڕێکخستنەوەی بازاڕی دارایی و مامەڵە بازرگانییەکانیان، بە شێوەیەک ئاسانکاری بۆ بەدواداچوونی جووڵەی دۆلار و شێوازەکانی بەکارهێنانی بکات، ئەو هەنگاوانەش پێویستی بە چاکسازیی ڕیشەیی لە سیستمى بانکی و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاغەزی و پەیڕەوکردنى سیستمى ئەلکترۆنی لە مامەڵە بازرگانییەکاندا هەیە.
سەرۆکی سەنتەری ئەلئەمسار بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و ئابووری؛ دکتۆر ڕائید ئەلعەزاوی، ڕایگەیاند ململانێی توندی نێوان واشنتن و تاران لە ڕووی ئابوورییەوە کاریگەریی خنکێنەری لە سەر عێراق هەیە، هەر چەندە هەنگاوەکانی بانکى فیدراڵیى ئەمەریکا بووەتە هۆی سنووردارکردنی ڕۆیشتنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران، بەڵام “بێگومان بۆ بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران ڕێگەى زۆر هەیە”، ئەلعەزاوى وا دەڵێت.
لە بەرانبەر فشارەکانى لایەنى ئەمەریکى کە پێداگرى دەکات لە سەر ڕاگرتنى حەواڵەى دارایى گەورە و ناڕەوا بۆ ئێران، هەروەها بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە، ئێرانیش فشار لەو لایەنانە دەکات کە بە لایەنگرى دادەنرێن، بۆ هاندانیان لە سەر بەردەوامبوونیان بۆ بە قاچاخ ناردنى دۆلار بۆ ئێران. لەو بارەیەوە ئەلعەزاوى دەڵێت: لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی نییە کە حکومەت بتوانێت خۆى لە ململانێى نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕزگار بکات، چونکە هیچ لایەکیان ئامادە نین دان بە دابەزینى هەژموونى خۆیان لە بەرانبەر ئەوی تردا بنێن، ئەم چوارچێوەیەش کاردانەوەی نیگەرانکەری لە سەر هاوسەنگیی هێز و لە سەر حزب و هاوپەیمانەکانیان دەبێت.
دواى کوژرانى قاسم سلێمانى و ئەبو مەهدیى موهەندیس لە هێرشى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى ئەمەریکیدا لە سەرەتاى ساڵى 2020، لایەنە شیعەکان داواى دەرکردنى هێزەکانى ئەمەریکا و باڵوێزخانەى ئەمەریکایان لە عێراق کرد، لە وەڵامدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتى ئەمەریکا وتى: ئەگەر حکومەتی عێراق کاتەکانی بە دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەسەر ببات، ئەوا ئێمەش ئەکاونتى عێراق لە بانکى فیدراڵی لە نیویۆرک دادەخەین.
لە ئێستادا بە هۆى دۆخى سیاسى و ئابووریى ناوخۆییەوە، ئێران پێویستی بە پشتبەستن بە حکومەتی عێراق هەیە کە واشنتن پاڵپشتیی دەکات. بۆیە پێدەچێت فشارەکانى ئێران لە سەر هێز و میلیشیا عێراقییەکان بەردەوام بێت، تاوەکوو ئەو گرووپانە لەمپەر لە بەردەم هەوڵەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی پابەندبوون بە سیستمە دراوییە نوێیەکان دروست بکەن، بۆ ئەوەى ڕۆیشتنى دۆلار بۆ ئێران بەردەوام بێت.
بانكی ناوەندی لە نێوان کازمی و سوودانیدا
لە ساڵی (2020)ەوە نرخی دیناری عێراقی بە بەراورد بە دۆلاری ئەمەریکی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. کاتێك حکومەتەکەی مستەفا کازمی بڕیاری دا نرخی یەک دۆلار بەرز بکاتەوە بۆ (1450) دینار، لەو کاتەشدا سوودانی و هەموو سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە نەیارانی سەرسەختی ئەو بڕیارە بوون.
یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار، ئاشکراکردنی سکانداڵى “دزی سەدە” بوو کە حکومەتەکەى سوودانى ئاشکراى کرد و خۆى لە دزینی زیاتر لە دوو ملیار و نیو دۆلار لە سامانی باجی عێراق لە سەردەمى کازمیدا دەبینییەوە، لەو ڕووداوەشدا تۆڕێکی فراوانی بازرگانان و سیاسەتمەداران و بەرپرسانی حکومی تێوە گلابوون و بە ڕووپۆشێکى حکومی و پەرلەمانی و دادوەری دایانپۆشیبوو.
دواى ئاشکرابوونى ئەو سکانداڵە، بانکی فیدراڵیی ئەمەریکا هەموارکردنی ڕێکارەکانی حەواڵەکردنى بەسەر عێراقدا سەپاند، بە ئامانجى وردبینیکردنی سەرچاوەی پارەکان و تەنانەت وەرگری کۆتاییش، بەو هۆیەوە خستنەڕووى دۆلار لەچاو خواستى بازاڕ کەمی کرد و نرخەکەى لە بەرانبەر دیناردا بەرز بووەوە.
وەکوو یەکێک لە رێگەچارەکان، سوودانى لە ڕۆژی 23/1/2023دا دەستلەکارکێشانەوەی مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندیی قبووڵ کرد کە لە ڕەوتى سەدر نزیک بوو، لە شوێنى ئەو عەلى عەلاقى دەستنیشان کرد. عەلاق بەڕێوەبەرى پێشووى بانکەکە بوو، لە لایەن مستەفا کازمییەوە لە کارەکەی دوور خرابووەوە، بە کەسێکى نزیک لە نوورى مالیکیى سەرۆکى حزبى دەعوە دادەنرێت. پارێزگاری نوێش بەڵێنی دا کار بۆ گەڕاندنەوەی دۆلار بۆ نرخی پێشووی خۆی بکات.
ئەو گۆڕانکارییەش دەچێتە چوارچێوەی کێبەرکێی توندی نێوان هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە، بە تایبەتی لە نێوان مالیکی و قەیس خەزعەلی لە سەر پۆستە سەرەکییەکان، چونکە مالیکی لە بارەى بەڕێوەبردنی پەنجەرەى دراوەوە ڕێبازێکی کراوەتری لەگەڵ داواکارییەکانی ئەمەریکادا گرتووەتە بەر.
داواکارییەکانى ڕووسیا و یوانى چینى
لێکەوتەکانى قەیرانی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی کاریگەریی لەسەر ڕووسیاش هەیە، چونکە بەهای وەبەرهێنانەکانی ڕووسیا لە عێراق دەگاتە دە ملیار دۆلار و بە شێوەیەکی سەرەکی لە کەرتی وزەدا چڕ بووەتەوە، بەڵام تائێستا ئەو بڕە پارەیە ئاشکرا نەکراوە کە عێراق قەرزاری کۆمپانیا ڕووسییەکانە، بە تایبەتى کۆمپانیاکانی لۆکۆیل و باشنەفت و ڕۆسنەفت و گازپرۆم.
لەو چوارچێوەیەدا لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، سێرگی لاڤرۆڤى وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانى بەغداى کرد. یەکێک لە ئامانجەکانى سەردانەکەى، دانەوەى قەرزى کۆمپانیا ڕووسییەکان بوو بە دۆلار، واتە بەخشینى کۆمپانیاکانى وڵاتەکەى لەو سزایانەى بەسەریاندا سەپێنراوە، هەروەک چۆن واشنتن ئەو لێخۆشبوونەی بە هاوردەکردنی گاز و کارەبا لە ئێرانەوە بە عێراق بەخشی.
لە ئێستادا (75%)ی کارەکانی کێڵگەی نەوتی «قورنە 2ی ڕۆژئاوا» لە لایەن کۆمەڵەیەکەوە بە سەرۆکایەتیی کۆمپانیای لوکۆیلی ڕووسی ئەنجام دەدرێت. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە نزیکەی (14%)ی کۆی بەرهەمی ڕۆژانەى عێراقە (450 هەزار بەرمیل لە کۆى 3.3 ملیۆن بەرمیل)، پلانیش هەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە تاوەکوو بگاتە (800) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەمەریکا لە ڕێگەى سنووردارکردنى بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ ئێران، دەخوازێت ڕێگە لە فراوانبوونی هەژموونى ڕووسیا و چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت، هەروەها کاریگەریی هەر ڕێککەوتنێکى سێ قۆڵیی نێوان تاران، مۆسکۆ و پەکین لە سەر عێراق نەهێڵێت، ئەم خواستەش لە دواى هاوبەشیی ستراتیژی هەمەلایەنەی چین و ئێران (ئازاری ٢٠٢١)، هاوبەشیی دارایی ڕووسیا و ئێران لە دەرەوەی سیستمی سویفت (کانوونى دووەمى ٢٠٢٣) گەشەى کرد.
بە ئامانجى کەمکردنەوەى بەکارهێنانى دۆلار، پارێزگارى بانکی ناوەندی عەلی عەلاق ڕایگەیاند بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاروبارەکانى دیکە، بانکەکەی هەوڵ دەدات کەناڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بۆ بانکەکانی عێراق لەگەڵ هاوتا بیانییەکانیان بکاتەوە. وتیشى «لە ئێستادا کەناڵەکانی حەواڵەکردن بە دراوی جۆراوجۆر لەوانە: درهەمی ئیماراتی، لیرەی تورکی، ڕووپیەی هیندی و یۆرۆ کراوەتەوە».
لە بارەى کاریگەرییەکانى ئەو بڕیارە، نەبیل مەرسوومی پسپۆڕی ئابووری دەڵێت: «ئەو بڕیارە لە ڕووی تیۆرییەوە تێچووی هاوردەکردن کەم دەکاتەوە و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە ناوخۆی عێراق لە مەترسییەکانی هەڵاوسان دەپارێزێت»، بەڵام «ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی بەردەستنەبوونی دراوی چینی و دراوەکانی دیکە لە بانکە عێراقییەکاندا دەبێتەوە». واتە ئەو کاڵایانەی کە عێراق لە چین و وڵاتانى دیکە دەیکڕێت؛ بەهاکەی بە دۆلار دەدرێت، چونکە بانکە عێراقییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی مامەڵە بازرگانییەکانیان؛ دراوی بیانیی پێویستیان نییە».
مەرسوومى لە درێژەی قسەکانیدا وتی: «تا ئەو کاتەی نرخی نەوت بە دۆلار دابنرێت و هەتا هەناردەکردنی نەوت زاڵ بێت بەسەر هەناردەکردنی عێراقدا، ئەوە مەحاڵە عێراق خۆی لە دۆلاری ئەمەریکی ڕزگار بکات. بۆ بەدەستهێنانی دراوی تر؛ عێراق پێویستی بە دۆلارە، هەر بۆیە پشتبەستنی عێراق بە یوان و دراوەکانى دیکە بۆ ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ چین و وڵاتانى دیکە، هیچ شتێک لە بابەتەکە ناگۆڕێت». وتیشى «بۆ ڕزگارکردنى ئابووریی وڵات و پاراستنى لە هەر لێکەوتەیەکى دارایى مەترسیدار، پرسى دۆلار زیاتر لە هەر ڕێوشوێنێکی دیکە پەیوەستە بە کۆنترۆڵکردنی قاچاخچێتیی دۆلارەوە».
بڕیار لە واشنتن و کردار لە بەغدا
لە ساڵی (2003)ەوە کە حسابی عێراق لە بانکى فیدراڵی لە نیویۆرک دامەزراوە، ڕۆژانە تێکڕا (250) ملیۆن دۆلار بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەگوازرێتەوە. لە سەرەتای ساڵی 2020دا وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا داوای لە حکومەتی عێراق کرد پابەندی سیستمێکی ئەلکترۆنی بێت، کە بە وتەى بەرپرسانی ئەمەریکا ئامانج لێی دڵنیابوونە لە شەفافیەتیی مامەڵەی دۆلار و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و “بەقاچاخبردن”ی دۆلارە بۆ ئێران و سووریا و تورکیا. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، بانکى فیدراڵیی ئەمەریکا دەستی کرد بە سنووردارکردنی بڕی ئەو دۆلارانەی کە بۆ عێراق دەگوازرێتەوە.
بۆ بەدەمەوەچوونى خواستەکانى ئەمەریکا، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەرەتای مانگی کانوونى دووەمى 2023دا پلاتفۆرمی ئەلکترۆنی بۆ زیادکردنی دراوەکانی خستە بازاڕەوە، بەڵام سیستمەکە هیچ پێشوازییەکی ئەوتۆى لێ نەکرا، بە هۆی ئەوەی زۆرینەی کڕیاران نەیاندەویست ناسنامەی خۆیان و ناسنامەی بریکارەکانیان ئاشکرا بکەن. هاوکات وەزارەتی دارایی ڕێکارەکانی وردبینی لە ڕەسەنایەتیی بەڵگەنامە و کواڵتیی کاڵا هاوردەکراوەکان توندتر کردەوە، لە دەروازە سنوورییەکانیش لەگەڵ تورکیا و ئێراندا، کۆنترۆڵ و ڕێکارە ئەمنییەکان توندتر کرانەوە.
لە هەنگاوێکى دیکەدا، بانکی فیدراڵیی ئەمەریکا داوا دەکات لیستی ئەو دۆلارانەی فرۆشراون پیشان بدرێت، لەگەڵ ناوی کەسەکان و سوودمەندەکان. هەروەها لایەنی داواکار دەبێت (15) ڕۆژ چاوەڕوانى وەڵامى بانکەکەى ئەمەریکا بکات، تاوەکوو ڕەزامەندى لە سەر داواکەى دەدرێت.
بە گوتەی ئابووریناسێکی عێراقی، ئەو ڕێوشوێنانە ڕۆڵی گەورەیان لە کەمکردنەوەی دابینکردنی دۆلار لە بازاڕی عێراقدا هەبووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، چونکە «نزیکەی (90%)ی داواکارییەکانی کڕینی دۆلار ڕەت کراونەتەوە، بەو هۆیەوە فرۆشی دۆلار گەیشتە (55) ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا».
زۆرێک لەو بانکە عێراقییانەی کە دۆلار دەکڕن، زۆرتر ڕووپۆشێکن بۆ ئەو هێزە سیاسی و گرووپە چەکدارییانەى کە بە شێوەیەکی فەرمی یان نافەرمی بەشێکن لەو هاوپەیمانییەی کە پاڵپشتی لە حکومەتەکەی سوودانى دەکەن، بۆیە هەر پێکدادانێکی ڕوون لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا، ڕەنگە بیانکاتە دوژمن.
بەشێک له هێزه سیاسی و کوتله چەکدارەکان کە لە ڕێکارە نوێیەکانى بانکى ناوەندى زەرەرمەند بوون، دەستیان کردووە به زیادکردنی فشاره سیاسییەکانیان بۆ سەر حکومەت و بانکی ناوەندی، داوا دەکەن پشتبەستنی عێراق به دۆلاری ئەمەریکی و کۆنترۆڵی بانکى فیدراڵیی ئەمەریکا لە سەر یەدەگى دراوى عێراقى کەم بکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی قەرزەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق مەحموود داغر، دەڵێت: “دابڕاندنی ئابووری لە سیاسەت کارێکی قورسە، ناوەرۆکی قەیرانی ئێستاش لە واقیعدا ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە، بە شێوەیەکی سەرەکییش سروشتی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و ئێرانە”. ڕوونیشی کردەوە “چاوەڕوانییەکان لەم جۆرە قەیرانانەدا قورسن، چونکە قەبارەى بازرگانیى عێراق لەگەڵ ئێران نزیکەی دە ملیار دۆلارە، هەر بۆیە مانگانە ملیۆنان دۆلار دەکێشرێتەوە و ئەمەش ئەستەمە بوەستێنرێت”.
داغر دەڵێت: «ئەوانەی پێیان وایە سیاسەتی دراو لە عێراق دەتوانێت بە تەنیا کار بکات؛ هەڵە دەکەن، بەڵکوو دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتی دارایی و بازرگانی کار بکات، چونکە ئێمە هەموو شتێک هاوردە دەکەین و پیشەسازى و کشتوکاڵمان نییە، عێراقیش مامەڵەی بانکیی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا نییە کە مامەڵەى بازرگانییان لەگەڵدا دەکات، بۆیە نرخەکانیان بە دۆلاری ڕەش دەدرێت، ئەمە جگە لە بوونی مەرزی نافەرمی و هاتنەناوەوەی کاڵا بەبێ گومرگ». بە وتەى ناوبراو، تاکە چارەسەر بریتییە لە بەستنەوەی مامەڵەی هەموو وڵاتان بە سیستمى بانکییەوە، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان و هاتنەناوەوەی کاڵاکان.
هەوڵ و هەنگاوەکانى عێراق
بە ئامانجى چارەسەرکردنى قەیرانى دابەزینى بەهاى دینارى عێراق، حکومەتى عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دانوستانى لەگەڵ لایەنى ئەمەریکیدا دەست پێ کردووە. لەو چوارچێوەیەدا لە 3ی شوباتی 2023دا لە ئەستەنبوڵ، کۆبوونەوەیەک لە نێوان برایان نیلسۆن یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ هەواڵگریی دارایی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەنجام درا. لە بەیاننامەى فەرمیی دوای کۆبوونەوەکە، ئاماژە بە خواستی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان کراوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی دژەسپیکردنەوەی پارە و دارایی تیرۆریستی و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیی عێراق. عەلاق بە باشی ئاگاداری وردەکاریی پەیوەندییەکانى عێراقە لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، چونکە لە ساڵی 2014 تا 2020؛ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بووە.
لە 9ی شوباتی 2023دا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکن کۆ بووەوە. دوای کۆبوونەوەکە هیچ بڕیارێکی دیاریکراو ڕانەگەیەنرا، بەڵام پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا “ئێستا زۆر بە چڕی سەرنجی لە سەر ڕەهەندی ئابووری”ی ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵاتە.
ڕۆژی دەی شوبات، والی ئادێیمۆ جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەگەڵ فوئاد حسێن و عەلی عەلاق کۆ بووەوە، باسیان لە سیاسەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستان کرد، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیاریکراو لە بارەى بڕیارەکانى کۆبوونەوەکەوە ڕانەگەیەنرا. مەحموود محێدین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ عەلى عەلاق لە واشنتن، ڕایگەیاند سندووقەکەى ئامادەیە هاوکاریی پرۆسەى چاکسازی لە کەرتی بانکیی عێراقدا بکات.
لە لایەکى دیکەوە جۆ بایدنى سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی 2/2/2023 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، ستایشی هەوڵەکانی کرد بۆ “بەهێزکردنی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق”.
سیناریۆكان
بۆ ڕەوتی قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە عێراق، گریمانەى ئەم سێ سیناریۆیە دەکرێت:
سیناریۆی یەکەم: لە ئاکامى ڕێکارەکانى حکومەتى عێراق و دانوستانەکانى لەگەڵ لایەنى ئەمەریکیدا، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەوەستێت. ئەگەرێکی لەم شێوەیەش پەیوەستە بە سروشتی پەیوەندیی نێوان بەغدا و واشنتنەوە، هەروەها ئایا حکومەتی سوودانى سەرکەوتوو دەبێت لە بردنەوەی واشنتن بۆ لای خۆی و کەمکردنەوەی ئەو تێڕوانینە گشتییەی کە ملکەچی هەژموونى تارانە، ئەمەش واتە بەهێزکردنی هاوپەیمانیی سوودانی لەگەڵ مالیکی لە سەر حیسابی هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ “عەسایب ئەهلی حەق” و ڕێکخراوە نزیکەکان لە ئێرانەوە. خالێكی گرنگ لەم بابەتدا، پەیوەندی بە شێوازی مامەڵە و پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمەریكا لە لایەك و ئێران و ئەمەریكا لە لایەكی ترەوە هەیە، بە شێوەیەك ئەگەر ئێران و ئەمەریكا سەبارەت بە سیاسەت و بەرژەوەندییەكانیان لە عێڕاقدا بگەنە جۆرێك لە رێككەوتنێكی نەنووسراو (هاوشێوەی قۆناغی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما) و پرسی فشاری سەر ئێران لە چوارچێوەی سزاكان چارەسەر بكرێت، پێشبنی دەكرێت بابەتی بەقاچاغبردنی دۆلاری عێراق بۆ ئێران وەك لەمپەرێكی گەورە لە گەڕانەوە بەهای دۆلار، چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.
سیناریۆی دووەم: بە هۆی شکستی بانک و بازرگانەکان لە خۆگونجاندن لەگەڵ ڕێکارە نوێیەکاندا، هەروەها بەردەوامیی توندکردنەوەی مەرجەکانى بانکى فیدراڵیی ئەمەریکا و شکستی سوودانی لە قەناعەتپێکردنی لایەنی ئەمەریکی تاوەکوو نەرمییەکی زیاتر لەم پرسەدا بنوێنێت، ئەوا دۆلار بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانی ئابووری لە وڵاتدا، فشاری کۆمەڵایەتیی زیاتر لە سەر حکومەتی سوودانى دروست دەکات، ڕەنگە شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی لێ بکەوێتەوە، لە هەمان کاتدا پێدەچێت فشارى لایەنە توندڕەوەکانی «چوارچێوەی هەماهەنگی»یش زیاتر بکات، کە داوای گرتنەبەرى ڕێوشوێنی ڕادیکاڵتر دەکەن بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی بانکى فیدراڵیی ئەمەریکا لە سەر سیستمی دارایی و بانکى لە عێراقدا.
حوسام ئەلخەیزەران شارەزای دارایی لە بۆرسەی بەغدا، دەڵێت: «هاوڵاتییان زۆرترین باجى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار دەدەن، چونکە زۆربەی خۆراک و پێداویستییەکان هاوردە دەکرێن و پەیوەستن بە دۆلارەوە نەک دینار، بۆیە ئەگەر دابەزینی بەهای دینار و ناسەقامگیری بەردەوام بێت، ئەوا پێشبینیی بەرزبوونەوەی نوێی ڕێژەی هەژاری دەکەم». ئەوە لە کاتێکدایە بانکی نێودەوڵەتی ڕێژەی بێکاری لە عێراقدا بە نزیکەی (14.5%) لە نێو دانیشتوواندا بە گشتى و بە (27.5%) لە نێو گەنجاندا بە تایبەتى خەمڵاندووە.
سیناریۆی سێیەم: بەردەوامبوونی دۆخی ناسەقامگیریی نرخی دۆلار، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، کاریگەری لە سەر ڕەوتی بازاڕ، بێبڕیاربوون لە جێبەجێکردنی ڕێکارە نوێیەکان، یان نەگەیشتن بە ئەنجامێکى ڕوون و یەکلاکەرەوە لە نێوان لایەنی عێراقی و ئەمەریکیدا. مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار کاتییە و بەم زووانە جارێکی دیکە نرخى دینار بەرز دەبێتەوە. ئاماژە بەوە دەکات نەبوونی زانیاریی بەربڵاو لە نێو عێراقییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی کارتی بانکی بووەتە هۆی ئەم کێشەیە، بۆیە حکومەت دەستی کردووە بە زنجیرەیەک ڕێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی قاچاخچێتی بەو کارتانە و لەم بوارەشدا سەرکەوتوو بووە.
ئەنجام
قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە عێراق نوێنەرایەتیی گەورەترین ئاڵنگاریى بەردەم حکومەتەکەی سوودانى دەکات، چونکە حکومەتەکەى بەو جۆرە ناساندووە کە سەرنجی لە سەر چاکسازیی ئابووری، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی هاوڵاتییانە. لە هەمان کاتدا دەرفەتێکە بۆ سوودانی تاوەکوو لە چاکسازییە سەرەتاییەکان لە کەرتی دارایی و بانکیدا بەردەوام بێت، بە تایبەتى لە بەرەو مۆدێرنکردن و ئۆتۆماتیکیکردنی و ڕزگارکردنی لە هەژموونی مافیا داراییەکان و ئابووریی هاوتەریب.
ئەگەر ئەم قەیرانە پەرە بسێنێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت، ڕەنگە پاڵ بە لایەنەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە بنێت تاوەکوو دەستبەرداری پشتیوانی لە سوودانى ببن و بیکەن بە قۆچى قوربانی، بە تایبەتی ئەگەر قەیرانەکە ببێتە مایەى هەڵایسانى شەپۆلی ناڕەزایى جەماوەرى و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی نوێ. لە هەمان کاتدا سوودانى دەتوانێت بە برەودان بە ڕێبازە میانڕەوەکەی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا، بەرەنگارى فشاری لایەنە توندڕەوەکانى ناو “چوارچێوەی هەماهەنگی” ببێتەوە کە ئێران لە پشتیانەوەیە، ئەوەش لە ڕێگەى زیادکردنی هۆشیارییانەوە دەبێت لە بارەی ئەو هەژموونەى کە ئەمەریکا لە سەر ئابووریی عێراق هەیەتی.
لە سەر ئاستى ئاسایشى ئابوورى، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ حکومەتی سوودانى کە بەرەو پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن هەنگاو بنێت، بە تایبەتی ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی «نرخی دۆلار» لە سەر چینە هەژارەکان و چینی ناوەند، بەڵام لێرەدا ناچار دەبێت ڕووبەڕووی خاوەن بەرژەوەندییە ئابوورییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ببێتەوە، تا لە ئەنجامدا عێراق ببێتە وڵاتێکی هەناردەکار. ئەوەش ڕوونە کە هیچ چاکسازییەک لە سیستمی فرۆشتنی دۆلار لە عێراقدا بەبێ فشاری ڕاستەوخۆی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمەریکا بەدی نایەت.
لە هەر حاڵەتێکدا ئەم قەیرانە ئەوە نیشان دەدات کە هەموو کارتەکانی فشار لە دەستی ئەمەریکادایە، وەک چەکی دۆلار، هەروەها توانای کۆکردنەوە و دەرهێنانی زانیاری، بەرمەبناى ئەو ڕاستییەی کە ژێرخانی زانیاریی وەزارەت و دامەزراوە سەرەکییەکانی عێراق بە تەواوی دروستکراوى ئەمەریکایە، ئەگەر عێراق ملکەچ نەبێت ڕەنگە دوا ڕێگە پەنابردن بێت بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردەی میلیشیاکان و دامەزراوەکانیان. بۆیە ناکرێ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو قبووڵ بکرێت.
لە ئێستادا سیستمی دارایی ئەلکترۆنی وردە وردە جێبەجێ دەکرێت، گرووپەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە دەبێت وەک دیفاکتۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە بەشێکی بەرچاو لە داهاتەکەیان وابەستەی سیستمی کڕینى دۆلار لە بانکى ناوەندى و فرۆشتنى لە بازاڕدا بوو، کەواتە ئەو گرووپانە چەکێکیان دروست کرد کە ئێستا واشنتن دەتوانێت لە دژی خۆیان بەکاری بهێنێت.
سەرچاوەکان:
- مركز الامارات للسیاسات (6/10/2023)، “العراق وأزمة الدولار: معضلة اقتصادية ذات مضمون جيوسياسي”، https://epc.ae/ar/details/brief/aliraq-wa-azmat-alduwlar-mudilat-aiqtisadiya-dhat-madmun-jiusiasi.
- مركز الامارات للسیاسات (23/2/2023)، “على المِحَك: الأبعاد الاستراتيجية والسياسية لأزمة سعر صرف الدولار مقابل الدينار في العراق”، https://epc.ae/ar/details/featured/alabaad-alestiratijia-walsiyasia-li-azmat-sier-sarf-alduwlar-muqabil-aldiynar-fi-aleiraq.
- مركز الامارات للسیاسات (24/1/2023)، “مُعضِلة قديمة وضوابط جديدة: الأبعاد السياسية والاقتصادية لأزمة انخفاض قيمة الدينار العراقي”، https://epc.ae/ar/details/brief/al-abaad-alsiyasia-walaiqtisadia-li-azmat-ainkhifad-qimat-aldiynar-aleiraqi.
- بغداد الیوم (25/9/2023)، “نهاية الحكاية.. العراق أسير الدولار ولا حلول تلوح في الأُفق ‘تُخفض’ من اسعار الصرف”، https://shorturl.at/kxCM8.
- زید عبدالوهاب (11/1/2023)، “تذبذب سعر صرف الدينار العراقي: الأسباب والتداعيات”، https://www.orsam.org.tr/ar/irak-dinari-kurundaki-dalgalanma-nedenleri-ve-yansimalari/.