شیكاری: درەو زۆربەی بەرپرسانی كورد لە رێگەی هەژماری بانكیەوە موچە لە بەغداد وەردەگرن، (44) وەزیر و (4) سەرۆك كۆمارو (430) پەرلەمانتار و (4) جێگری سەرۆكی پەرلەمان و دەیان بەرێوەبەری گشتی و راوێژكار و سوپاسالار و فەرماندە، موچەی حازری و بەشی هەرە زۆریشیان خانەنشینی لە بەغداد وەردەگرن، بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی هەرێم دەیانەوێت هاوشێوەی بەرپرسانی كورد، موچەكانیان لە بەغداد وەربگرن. چەند رۆژێكە كەمپەین و واژۆكۆكردنەوەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هەوڵی پەرلەمانتاران لە ئارادایە بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە رێگەی بەغدادەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) واژیان كۆكردووەتەوەو پێشكەشیان كردووە بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگەی بەغدادەوە بێ، .بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوە كە لە هەمواری یاسای بودجەدا ئەو پرسە جێگە بكاتەوە، بەشێك لە موچەخۆران بایكۆتی دەوامیان كردووەو دەڵێن: بۆچی بەشی زۆری بەرپرسان موچە لەبەغداد وەردەگرن ئاساییەو بۆچی بۆ ئێمە ئاسایی نیە، فەرمانبەرانی بەشێك لە دامەزراوە فیدراڵیەكان لە هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لە بەغداوە موچە وەردەگرن وەك فەرمانبەرانی ( نشینگە، پاسپۆرت، كۆمسیۆن، بەداوەكان، زیندانییەكان، كۆڵێجی سەربازی قەڵاچوالان و زاخۆ، پاسەوانی سنور .... مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند: ئەوانەی داوایانكردووە راستەوخۆ حكومەتی بەغداد موچەی موچەخۆران بدات كە ئەمە پێشێلكردنی مافە دەستورییەكانی هەرێمو لاوازكردنی قەوارەی هەرێمە، موچە لە بابەتەكانی تریش جیابكرێتەوە هەر دەبێت لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێت. لە دوای ساڵی 2003 و روخانی رژێمی بەعسەوە تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری كورد پۆستی باڵایان هەبووە لە عێراق و موچەیان لە بەغداد وەرگرتووەو ئێستاش خانەنشینی لە بەغداد وەردەگرن، لەم راپۆرتەدا ووردەكاری پۆستەكانی كورد لە بەغداد دەخەینە روو. # كورد لە (20) ساڵی ڕابردوودا بە (44) وەزیر بەشداری لە (8) كابیەی حكومەتی عێراقیدا كردووە. # (18) ساڵە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار لای كوردە. # (4) جار جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق لای كورد بووە # (18) ساڵە جێگری سەرۆكی پەرلەمان لای كوردە. # یەك جار پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لای كورد بووە # لە دوای ساڵی (2003)ەوە كورد (430) ئەندامی گەیاندووە بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەردەوام جێگری ئەنجومەكە لای پێكهاتەی كورد بووە. # سەرەڕای ئەو پۆستانە زیاتر لە سەد بریكاری وەزیر و باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون بە كورد. زیاتر لەوانەش زۆرتر لە 30 پۆستی سوپا سالار و فەرماندەی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگیری عێراق لە پشكی كورد بوون. یەكەم؛ كورد لە ئەنجومەنی حوكمدا لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە 9ی نیسانی 2003 سەركردایەتی كورد بە دوو ئیدارەیی هەرێمەوە چووە بەغداد، ئەنجومەنی حوكم دروستكرا لە (12ی تەمووزی 2003 بۆ 1ی حوزەیرانی 2004) كە لە (25) ئەندام پێكهاتبوو، لەناویاندا (5) ئەندامی كورد بوون ئەوانیش: (مەسعود بارزانی - سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەلال تاڵەبانی - سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، سەلاحەدین بەهادین - ئەمینداری یەكگرتوی ئیسلامی، د مەحمود عوسمان - سەربەخۆ و دارا نورەدین - سەربەخۆ). لە ئەنجومەنی حوكمدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بەشێوەی خول هەر مانگەی یەكێكیان دەبووە سەرۆك كە (12) یان بۆ سەرۆكایەتی دیاریكران، لەناویاندا (مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی) كوردی تێدابوو. هەر لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا كوردا بە (5 وەزیر) بەشداری لە وەزارەتەكانی ئەنجومەنی حوكمدا كرد ئەوانیش؛ (هۆشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، نەسرین بەرواری - وەزیری شارەوانییەكان، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، محەمەد تۆفیق رەحیم - وەزیری پیشەسازی و عەبدوڕەحمان سدیق كەریم - وەزیری ژینگە). لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا بڕیاری نوسینەوەی دەستورو داڕشتنەوەی سیستمی نوێی عێراق درا، بە وتەی بەرپرسێكی باڵای كورد كاتێك گفتوگۆكرا بۆ داواكاری كورد، بەرپرسانی كورد نەیاندەزانی لەكوێوە دەست پێبكەن، هیچ نوسین و دۆكییۆمێنتێكی رەسمیان بەردەست نەبوو، ناچار گەڕانەوە بۆ رێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970، بەتایبەتیش ئەو مادانەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنران هەمان مادەی رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970 بوو، بۆ نمونە: - كورد زمانی كوردی كرد بە زمانی رەسمی لە پاڵ زمانی عەرەبی، لە مادەی یەكی ریككەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە "زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی رەسمی دەبێت"، بەهەمان شێوە لە دەستوری عێراقیشدا 2005 هاتووە. - لە مادەی 2ی رێككەوتنی 11ی ئازاردا نوسراوە "كوردەكان بەشداری تەواوی حوكم دەكەن بە سوپاشەوە". - لە مادەی 6ی رێككەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە بودجەیەكی پێویست بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان تەرخان دەكرێت، بە هەمان شێوەی بودجەی هەرێم بەرێژەی 17% دیاریكرا. - لە مادەی 8ی بەیانی 11ی ئازاردا هاتووە "كوردەكان و عەرەبەكان دەگەرێندرێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان"، بەهەمان شێوە لە مادەی 58ی دەستوری كاتی و لە ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەییدا واهاتووە، لەدوای ئاساییكردنەوەی ئینجا بڕیاری لێدەدرێت. واتا ئەوەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، بە دەستكاریەكی كەمەوە لە رێككەوتننامەی 11ی ئازارەوە وەرگیراوە. دووەم؛ حكومەتی كاتی عێراق بەسەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) 2004 حكومەتی كاتی عێراق بە سەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) لە حوزەیرانی 2004 پێكهات، كورد بەشداری لەم حكومەتە كردو تێیدا؛ (د.فوئاد مەعسوم، بووە سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق (پەرلەمان)و لەگەڵ 75 ئەندامی كورد لەو ئەنجومەنە لەكۆی 275 ئەندامی كۆمەڵەی نیشتیمانی عێراق، د. رۆژ نوری شاوەیس كرا بە جێگری سەركۆماری عێراق. لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران و 5 وەزیری كورد لەم كابینەیەدا بەشداربوون ئەوانیش؛ (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح - جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، وشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، نەسرین بەرواری - وەزیری شارەوانی، نەرمین عوسمان – وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ژنان و بەختیار ئەمین كرا بە وەزیری مافی مرۆڤ). سێیەم: حكومەتی كاتی عێراق بەسەرۆكایەتی (ئیبراهیم جەعفەری) 2005 لەسەردەمی كابینەی ئیبراهیم جەعفەریدا كە لە نیسانی ساڵی 2005 پێكهات، كورد سەڕەرای پۆستە وزارییەكان، بۆ یەكەم جار پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بەدەست هێنا، لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە، هاوكات عارف تەیفور، بووە جێگری سەرۆكی پارلەمانی عێراق، لەگەڵ 58 پارلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەریەك لە (هۆشیار زێباری - وەزیری دەرەوە، د لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، د بەرهەم ساڵح، وەزیری پلاندانان، عەبدولباست كەریم مەولود - وەزیری بازرگانی، د.جوان فوئاد مەعسوم - وەزیری اتصالات، د.ئیدرس هادی - وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و نەرمین عوسمان - وەزیری كاروباری ژنان) دانران. چوارەم؛ كابینەی یەكەمی نوری مالیكی 2006 - 2010 دوای ناڕازیبوونی كورد لەسەر ئەدای ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالیكی لە مایسی 2006 كابینەیەكی نوێی راگەیاند، كورد بە چەند پۆستێك لەو حكومەتەدا بەشداربوو، سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن تاڵەبانییەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەلایەن عارف تەیفور و د.رۆژ نوری شاوەیس، نوێنەری كورد لە ئەنجومەنی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی عیراقداو 57 پارلەمانتار، هەریەك لە (د.بەرهەم ساڵح بە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، هۆشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، فەوزی حەریری - وەزیری پیشەسازی، بەیان دزەیی - وەزیری شارەوانی، دارا نورەدین – وەزیری داد، عەلی بابان – وەزیری پلاندانان و نەرمین عوسمان بە وەزیری ژینگە) دیاریكران. لەسەردەمی كابینەی یەكەمی نوری مالیكیدا مادەی 140 كە 30ی كانونی یەكەمی 2007 دوا وادەی بوو، كۆتایی هات و جێبەجێش نەبوو، نوێنەرانی كوردیش هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو. پێنجەم؛ كابینەی دووەمی نوری مالیكی 2010 - 2014 كابینەی دووەمی نوری مالیكی كە لە 25/11/2010 دروستكرا، كورد بەچەند پۆستێك بەشدار بوو، هاوكات جارێكی تر رازی بوو بە دووبارە كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی بۆ سەرۆكی حكومەتی عێراق و حكومەتەكە لە شاری هەولێریشەوە پێكهات. سەرەڕای جێبەجێنەكردنی هیچ ماف و داواكارییەكی كورد بە مادەی (140)یشەوە، لەو كابینەیەدا پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن عارف تەیفور لەگەل 57 پارلەمانتاری كوردو د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران هەریەك لە (هۆشیار زێباری - وەزیری دەرەوە، دیندار دۆسكی - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، خەیروڵا عەبدولكەریم - وەزیری بازرگانی و عەبدولمەجید حەمە ئەمین بە وەزیری تەندروستی) دیاری كران. شەشەم؛ كابینەی حەیدەر عەبادی 2014 - 2018 كابینەی حەیدەر عەبادی لە 8/9/2014 لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێدرا كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هات، لەو كابینەیەدا سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن د. فوئاد مەعسوم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئارام شێخ محەمەد، لەگەل 62 پارلەمانتاری كورد، هەریەك لە د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران (هۆشیار زێباری - وەزیری دارایی، د.دەرباز محەمەد - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، فریاد رەواندوزی - وەزیری رۆشنبیری، بەیان نوری - وەزیری كاروباری ژنان و سامان عەبدوڵا بە وەزیری دەوڵەت) دانران. بەڵام بەبیانووی چاكسازی و بچوكردنەوەی حكومەتەوە، حەیدەر عەبادی هەریەك لە د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران و بەیان نوری وەزیری كاروباری ژنان، سامان عەبدوڵا وەزیری دەوڵەتی ئیزنداو هۆشیار زێباری وەزیری دارایش لە پەرلەمان متمانەی لێسەندراوە. حەوتەم؛ كابینەی عادل عەبدول مەهدی 2018 - 2020 دوای ئەوەی لە 12/5/2018 كورد توانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی (58) كورسی بەدەستبهێنێت، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی جارێكی تر مسۆگەر كرد (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش درا بە (بەشیر حەداد)، لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كورد بە سێ وەزیر بەشدار بوو ئەوانیش؛ (فواد حسێن – وەزیری دارایی، بەنگین ڕێكانی – وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكرن و حاكم فاروق ئەمین شوانی بە وەزیری داد) دامەزرێندران، بەڵام كابینەكە تەمەنی خۆی تەواو نەكرد لە ساڵی (2020) سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەستی لەكار كێشایەوه. هەشتەم؛ كابینەی مستەفا كازمی 2020-2022 دوای ئەوەی لە عادل عەبدولمەهدی لە ساڵی (2020) دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە (مستەفا كازمی) وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی پێدرا كە كورد تێیدا (58) كورسی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی تێدا هەبوو جگە لەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی لای (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) بەردەوام بوو، لە كابینەكەی مستەفا كازمی كورد بە سێ وەزیر بەشدار بوو ئەوانیش؛ (فواد حسێن – وەزیری دارایی، نازەنین محەمەد وسو – وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكرن و حاكم سالار حەبدولستار بە وەزیری داد) دامەزرێندران، تائێستا وەك حكومەتی كاربەڕێكەر لە كارەكانیان بەردەوامن چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقن. نۆیەم؛ كابینەی محەمەد شیاح سودانی 2022 تا ئێستا لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە پرۆسەی هەڵبژاردن لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، لە (27ی تشرینی یەکەمی 2022) كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی پێكهات. كورد لە خولی پێنجەم (63) كورسی پەرلەمانی هەیە، بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانیشەوە كە (شاخەوان عەبدوڵا)یە لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق (د. لەتیف رەشید)، هاوكات لە كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی كورد بە چوار وەزیر بەشدارە ئەوانیش؛ (فواد حسێن - وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران، بەنگین رێكانی - وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكرن، خالید شوانی - وەزیری داد، نزار ئامێدی - وەزیری ژینگە) دەیەم؛ پۆستەكانی دیكەی كورد لەبەغداد سەرەڕای ئەو پۆستانەی كورد كە تائێستا بەسەرجەم خولەكانی پەرلەمانەوە (430) پەرلەمانتارو یەك جار سەرۆكی پەرلەمان و (4) جێگری سەرۆكی پەرلەمان و (5) ئەندامی ئەنجومەنی حوكم و سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتیمانی و سەرۆك كۆمارو (44) وەزیرو لەگەڵ زیاتر لە سەد بریكاری وەزیرو باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون به كورد. زیاتر لەوانەش زۆرتر لە 30 پۆستی سوپا سالارو فەرماندەی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگری عێراق لە پشكی كورد بوون. نەوشیروان مستەفا لە وتارێكدا بەناوی (كێ بەرپرسە لە جێبەجێ نەبونی مادەی 140؟ ئەمریكا، عەرەب، یان كورد؟) كە لە 27/8/2007 دا بڵاویكردوەتەوە ئاماژە بەوە دەكات (با لە نوێنەرەكانی كورد كە لە بەغداد بون و ئیستا لە بەغدادن پرسیار بكرێ: چییان بۆ خۆیان كردوەو چییان بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان كردوە؟ بۆ خۆیان، چەندیان پارەی موچەی وەزیری و ئەندام پارلەمانی وەرگرتووەو دوای گۆڕانییشیان، چەندیان موچەی خانەنشینی وەرگرتوە، چەندیان خانو و زەوی وەرگرتوە، چەند سەیارەیان وەرگرتوە، چەند حیمایەیان دامەزراندوە، چەندیان لە خزم و دۆست و ناسیاوی خۆیان دامەزراندوە، چەند جار سەفەری دەرەوەیان كردوە، چەند عەقدیان ئیمزا كردوە... بەڵام بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان چی یان كردوە؟) لە كابینەیەكەوە بۆ كابینەیەكی دیكەو لە خولێكەوە بۆ خولێكی دیكەی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەكی زۆری نوێنەری كورد چۆنەتە بەغدادو بەشداربوون لە جومگە سەرەكییەكانی حكومەت و تەواوی دامودەزگاكانی دەوڵەتداریدا، بەڵام لەگەڵ زۆری و زەوەندی نوێنەرانی كورد لە بەغداد، نەك هەر پرسە سیاسی و ئابورییەكانی كورد یەكلانەكراونەتەوە بەڵكو ئاڵۆزترو پڕ كێشە تر بوون، لە بودجە، مادەی 140، پرسی پێشمەرگەو نەوت و دەسەڵاتەكانی هەرێم!!!. بەشێك لەو بەرپرسانەی كورد كە موچەیان لە بەغداد هەبووەو هەیە: - مەسعود بارزانی ئەندامی ئەنجومەنی حوكم - فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق+ سەرۆكی پەرلەمان - بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق - لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق - سەڵاحەدین بەهادین ئەندامی ئەنجومەنی حوكم - مەحمود عوسمان ئەندامی ئەنجومەنی حوكم - عەلی باپیر ئەندامی پەرلەمانی عێراق -پێشوو - عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق- پێشوو - بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق- پێشوو - شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق - ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق- پێشوو - هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق - پێشوو - عەبدولڕەحمان سدیق وەزیری ژینگەی عێراق- پێشوو - محەمەد تۆفیق رەحیم وەزیری پێشەسازی عێراق - پێشوو - نەرمین عوسمان وەزیری كاروباری ژنانی عێراق- پێشوو - جوان فوئاد مەعسوم وەزیری گەیاندنی عێراق - پێشوو - فەوزی هەریری وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق- پێشوو - دیندار دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەران- پێشوو - دەرباز محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەران- پێشوو - د. عەبدولمەجید حەمەئەمین وەزیری تەندروستی عێراق- پێشوو - بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق - خالید شوانی وەزیری دادی عێراق - بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق - پێشوو - ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق -پێشوو سەرچاوەكان - راپۆرتی سایتی (درەو): پۆستە باڵاكانی كانی كورد لە بەغداد (2004 – 2022) - محەمەد رەوف، خاكی دابڕێندراو، چاپی یەكەم 2017، لاپەرە، 350-365. - وەرزنامەی فۆكەس پرۆسەی حوكمڕانی و هەڵبژاردن لە عێراق (2003 - 2021)، ژمارە 12ی ئۆكتۆبەری 2021.
راپۆرت: درەو توركیا ئامادەیی خۆی نیشاندا لەم هەفتەیەوە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، بەڵام هەرێم هێشتا كێشەی خۆی لەبارەی نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراق یەكلانەكردوەتەوە، ئایا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاریگەریی لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا دەبێت ؟ چارەنوسی قەرزەكانی كەرتی نەوتی هەرێم چی بەسەر دێت ؟ هەرێم ئەگەر نەگاتە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد چۆن كورتهێنانی خەرجی نەوت چارەسەر دەكات؟ ئایا كۆمپانیاكان ئامادەن بە نرخی سۆمۆ نەوت بۆ كوردستان بەرهەمبهێنن ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە دوای زیاتر لە 6 مانگ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، ئاسۆی دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئەمڕۆ دەركەوت. ئاڵپئەرسلان بایراكتار وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەبوزەبی بۆ نەوت ئاشكرایكرد" لە ئەمڕۆوە بۆری نەوتی توركیا - عێراق بۆ دەستپێكردنی گواستنەوەی نەوت ئامادە دەبێتو لەم هەفتەیەدا كار بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت دەكەن". بڕیاری دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دوای ئەوە دێت بەمدواییە وەفدێكی كۆمپانیای (سۆمۆ)و وەزارەتی نەوتی عێراقو هەرێمی كوردستان سەردانی توركیایان كردووەو لەگەڵ لایەنی توركی لەنزیكەوە بۆری نەوتەكەیان بەسەركردووە. توركیا بانگەشەی ئەوەی دەكرد لەدوای بومەلەرزەكەی 6ی شوباتی ئەمساڵەوە، بۆرییەكانی نەوت زیانیان بەركەوتووە، بۆ ئەمەش داوای مۆڵەتی دەركرد بۆ پشكنینی بۆرییەكان، بەڵام ئەم بەهانەیە بەلای عێراقەوە بایەخێكی ئەتۆی نەبوو، چونكە لەدوای بومەلەرزەكەوە، توركیا هەر بەردەوام بوو لە هەناردەی نەوتی هەرێم تا ئەوكاتەی لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاردا بەهۆی بڕیاری دادگای پاریسەوە هەناردەی راگرت. داهاتی نەوتی هەرێم چی لێدێت ؟ لەحاڵی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەم مانگەدا، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە بكات، نەوتەكە لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە بە هەمان نرخی نەوتی عێراق دەفرۆشرێت. فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە نرخی فەرمی عێراق سودی بۆ شایستە داراییەكانی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراقدا نابێت، چونكە پشكی هەرێم لە بودجەكە لەسەر بنەمای ناردنی (400) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دانراوە، نەك لەسەر بنەمای نرخەكەی. بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، جیاوازی نرخی فرۆشی نەوتی هەرێم لەگەڵ نەوتی عێراق 8 بۆ 10 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێك، واتە نەوتی هەرێم بە 10 دۆلار كەمتر لە نەوتی عێراق دەفرۆشرا. داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەپێی ماددەی 13 لە یاسای بودجەی 2023-2024-2025ی عێراق، چیتر ناگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو دەچێتە ناو هەژمارێكەوە كە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانكی ناوەندیی عێراق دەكرێتەوە، بودجە بۆ ئەمەش مەرجی داناوەو دەڵێ: داهاتی نەوتی هەرێم لەم هەژمارەدا نابێت هیچ بڕە پارەیەكی لێ گلبدرێتەوە یان مقاصەی لەسەر ئەنجام بدرێت، وەكو ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێ" تەنانەت نابێت پارەی هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكانو خەرجیی گواستنەوەشی لێ بدرێت". بەر لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاردا، دواین بانك كە بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق داهاتی نەوتی هەرێمی تێدا دادەنرا، (سیتی بانك) بوو لە ئەبوزەبی ئیماراتی عەرەبی، بەڵام كاتێك لە 26ی حوزەیراندا یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتە بواری جێبەجێكردن، ئیتر بەپێی ماددەی 13ی یاساكە ئەم ژمارە حسابییە لە ئەبوزەبی داخراو هەرێم ناچاركرا داهاتی نەوتەكەی لە ژمارە حسابییەكەی بانكی ناوەندیی عێراقدا دابنێت. لەسەردەمی كابینەكانی پێشتردا داهاتی نەوتی هەرێم لە دۆلار دەگەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستانو لە بانكی كوردستان دۆلارەكە دەگۆڕدرایەوە بە دینار، لەسەردەمی كابینەی نۆیەمدا مەسرور بارزانی داهاتی نەوتی لە بانكی كوردستانەوە گواستەوە بۆ بانكی (ئاڕ تی)، بەڵام ئێستا ئیتر دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ كوردستانو حكومەتی هەرێمیش هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر ئەو هەژمارەدا نابێت كە لە بانكی ناوەندیی عێراق بۆ داهاتی نەوتی هەرێم دەكرێتەوە، تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم دەبێت بە داهاتی كۆتایی بۆ گەنجینەی گشتیی عێراقو هیچ بڕە پارەیەكی لێ داناشكێندرێت بۆ هیچ مەبەستێك، ئەمە بەواتای ئەوە دێت ئیتر سەردەمی "مقاصە" بۆ پاكتاوی حساباتی بودجە لەنێوان حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم كۆتایی هاتووە، حكومەتی هەرێم داهاتی خۆی بە كاش رادەستدەكاتو حكومەتی فیدراڵیش دەبێت بە كاش شایستەی دارایی هەرێم دابین بكات، بەبێ پەنابردن بۆ هاوكێشەی لێبڕینو لێدەركردن. داهاتی نەوتی هەرێم بۆ گەنجینەی عێراق چەندە ؟ ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوەو عێراق بە نرخی خۆی نەوتی هەرێم بفرۆشێت، داهاتی نەوتی هەرێم چەند دەبێت بۆ گەنجینەی عێراق. ئەگەر ئەو نرخە وەربگیرێت كە لە یاسای بودجەكە وەكو تێكڕا بۆ نرخی هەر بەرمیلێك دانراوە، واتا (70) دۆلار، ئەوا داهاتی هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بۆ گەنجینەی عێراق بەمشێوەیە دەبێت: • 400 هەزار بەرمیل × 70 دۆلار× 30 رۆژ= 840 ملیۆن دۆلار داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمە بۆ گەنجینەی عێراق • 840 ملیۆن دۆلار × 12 مانگ= 10 ملیارو 80 ملیۆن دۆلار داهاتی ساڵانەی نەوتی هەرێم بۆ گەنجینەی عێراق كێشەكانی نەوتی هەرێم دوای دەستپێكردنەوەی هەناردە گەورەترین كێشەی نەوتی هەرێم دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بریتییە لە خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت. لە یاسای بودجەدا عێراق، خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوتی زۆر بە كەمتر لەو نرخە ئەژماركردووە كە بەشێوەیەكی فعلی لە كوردستان هەیە. یاسای بودجەی فیدراڵ نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی بە هەمان ئەو نرخە ئەژماركردووە كە لە عێراق هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (6) دۆلاری دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێم بڕەكەی (24) دۆلارەو تیچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش (7) دۆلارە، واتا بە تێكڕای خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (31) دۆلار دەكەوێت. یاسای بودجەی فیدراڵ رێگە بەوە نادات لە داهاتی نەوتی هەرێم پارە بۆ هیچ مەبەستێك ببڕدرێت، بودجە بەرپرسیارێتی دابینكردنی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتی لە هەرێمی كوردستانو خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی خستوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق. بودجە پارەی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێمی لە خشتەیەكدا دیاریكردووە كە بڕەكەی (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینارە بۆ یەك ساڵ، ئەم بڕە پارەیە كورتهێنانی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی لێكدانەوەیەك كە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی: • كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ گواستنەوەی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (1 ترلیۆنو 428 ملیار) دینار. • كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ وەبەرهێنانو هەناردەكردنی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (2 ترلیۆنو 448 ملیار) دینار. واتا بە تێكڕا خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2023دا بڕەكەی بە (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینار دیاریكراوە، ئەم پارەیە بڕەكەی بە دۆلار دەكاتە (2 ملیارو 980 ملیۆن) دۆلار. هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 بڕی (6 ترلیۆنو 695 ملیار) دیناری بۆ خەرجییەكانی نەوت خەرجكردووە، بەڵام لە بودجەی عێراقدا (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دیناری تەرخانكردووە، لێرەدا حكومەتی هەرێم توشی كورتهێنانێك دەبێت كە بڕەكەی (2 تریلیۆنو 800 ملیار) دینارە، وەكو سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" ئەم كورتهێنانە هیچ تەرخانكراوێكی بۆ نەكراوە لەناو بودجەی عێراقو هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت پڕی بكاتەوە". ئێستا كە توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نیشانداوە، هێشتا دیار نییە ئایا كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت ئامادەن بەو نرخەی كە عێراق دیاریكردووە (6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك) نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم باسلەوە دەكات كۆمپانیاكان وتویانە ئامادە نین بەو پارەیە كار بكەن. كەرتی نەوتی هەرێم كێشەیەكی تریشی هەیە كە ئەویش قەرزی مانگەكانی پێشووی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتو پارەی وەرگیراوی پێشەكی نەوتی فرۆشراوی پێشوەختەیەو بە تێكڕا بڕەكەی (8 ملیارو 623 ملیۆن) دۆلارەو ئەم قەرزەش هیچ چارەسەرێكی لە یاسای بودجەدا بۆ دیاری نەكراوەو نازانرێت حكومەتی هەرێم چۆن ئەم پارانە دەگێڕێتەوە. داهات دوای رادەستكردنی نەوت بەر لە رادەستكردنی بە كۆمپانیای سۆمۆ، نەوت رێژەی 77%ی تێكڕای داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی پێكدەهێنا، حكومەتی هەرێم لە یاسای بودجەدا لەبەرامبەر وەرگرتنی شایستەی دارایی خۆی، تێكڕای داهاتی نەوتی رادەستی بەغداد كرد، بەڵام ئەو بڕە پارەی كە بەغداد وەكو پشكی هەرێم دیاری كردووە، لەم چەند مانگەی رابردوودا كێشمەكێشی لەنێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ دروستكردووە، هۆكاری سەرەكی ئەم كێشمەكێشەش پەیوەندی بە دیاریكردنی پشكی هەرێمەوە هەیە لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق، نەك خەرجی گشتی، ئەمە سەرچاوەی ناڕەزایەتییەكانی حكومەتی هەرێمە. بەوهۆیەوە دوای سێ مانگ لە جێبەجێكردنی یاسایی بودجە، هێشتا ماددەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان نەكەوتونەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ سێ مانگ (مانگەكانی 9-10-11) هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار وەكو قەرز بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت، تاوەكو بتوانێت بەم پارەیە موچەی موچەخۆران دابین بكات، ئەمە بەو ئومێدەی هەردوو حكومەت تاوەكو سەرەتای ساڵی 2024 ناكۆكییەكانیان لەبارەی یاسای بودجەوە یەكلابكەنەوە. بەشێكی گەورەی ناكۆكی هەرێمو بەغداد لە یاسای بودجە پەیوەندیدارە بە نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان، كە دەبێت ئەمەش چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. لە 26ی حوزەیرانی رابردووەوە كە یاسای بودجە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، لەبری ئەوەی توركیا هەناردەی نەوتی راگرتووە، حكومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجە بڕێك نەوتی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی رادەستی حكومەتی عێراقە، ئەم بڕە نەوتە لە سەرەتاوە 50 هەزار بەرمیل بوو لە هەر رۆژێكداو ئێستا رۆژانە بڕەكەی گەیشتوەتە 85 هەزار بەرمیل، حكومەتی هەرێم ئەم نەوتە رۆژانە رادەستی پاڵاوگەی كۆمپانیای (كار) دەكاتو كۆمپانیا نەوتەكە دەپاڵێوێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی سنوری پارێزگای نەینەوا، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەڵێ:" ئەمساڵ حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ وەبەرهێنانی نەوت رادەستی هەرێم نەكردووە". بەراوردكارییەك لەماوەی 6 مانگدا كە هەناردەی نەوت راوەستاوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تێكڕا بڕی (6 ترلیۆنو 600 ملیار) دینار زیانی بەركەوتووە لەو بەر (54%)ی بۆ خەرجی كۆمپانیا و (46%)ی بۆ خەزێنەی حكومەت دەمایەوە بڕكەی نزیكەی (3 ترلیۆن و 500 ملیار) دینارە ، لەبەرامبەردا لەم ماوەیە بڕی (3 ترلیۆنو 300 ملیار) دیناری وەكو قەرز لە حكومەتی عێراقەوە بەدەست گەیشتووە، واتا ئەوەی ئەوەی لەدەستتی داوە بە نزیكەی ئەوەندەی لە بەغدادەوە دەستكەوتووە، بەڵام ئەوەی بەغداد بە قەرزە، بەوهۆیەشەوە هەرێم لە دابەشكردنی موچەی موچەخۆران دواكەوتووەو لەكاتێكدا ئێستا موچەخۆرانی عێراق موچەی مانگی 10 وەردەگرن، حكومەتی هەرێم هێشتا لە دابەشكردنی موچەی مانگی 7 تەواو نەبووە. • لە (25/3/2023 - 25/9/2023) واتا زیاتر لە (6) مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە. • پاڵپشت بە داتاكانی دیلۆیت، هەرێم لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، بە تێكڕای مانگانە زیاتر لە (12 ملیۆنو 461 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە. • واتا لە ماوەی (6) مانگدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە زیاتر لە (74 ملیۆنو 766 هەزار) بەرمیل نەوت. • تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لەماوەی (25/3/2023 – 25/9/2023) بریتی بووە لە (82 دۆلار و 38 سەنت). • ئەگەر هەرێم بە داشكانی (15 دۆلار) نەوتەكەی بفرۆشتایە، وەك ئەوەی لە چارەكی دووەمو سێیەمی ساڵی (2022) دا رویدابوو. ئەوا؛ - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 38 سەنت). - كۆی بەهای نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (5 ملیارو 51 ملیۆن و 146 هەزار) دۆلار واتا نزیكەی (6 ترلیۆن و 600 ملیار) دینار.
درەو: دوێنی ناكۆكیەكانی ناو كۆنگرەی یەكێتی بەتەواوی دەركەوت، باڵە جیاوازەكان ناڕازین لە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، لەبەر ئەوەش گفتوگۆی پەیڕەو بە خاوی بەڕێوە چوو، تەنیا (12) مادەی پەیڕەو لەكۆی (64) مادە پەسەندكران، ماڵی كۆسرەت رەسوڵ ناڕازی بوون، بافڵ تاڵەبانی شەو چووە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، شەو كێشەكەیان یەكلاكردەوەو رێككەوتن، كاندیدی باڵە جیاوازەكان لەناو لیستێكدا ئامادەكراون، هەركەس لەدەرەوەی ئەو لیستە خۆی كاندید بكات دەرناچێت. ناكۆكیەكان لەسەر چین؟ (درەو) بۆ ئەم پرسە قسەی لەگەڵ چەند ئەندامێكی كۆنگرەكرد لە باڵە جیاوازەكان ئەوان پێیان وابوو، ناكۆكیەكان لەناو كۆنگرەی پێنجی یەكێتی و لە رۆژی دەستپێكردنی كارەكانی كۆنگرەدا سەریانهەڵدا، بەشێكی پەیوەندی بە دەسەڵاتە زۆرەكانی سەرۆكەوە هەیە كە هەموو بابەتەكان و فایلەكان پەیوەستكراون بە سەرۆكی یەكێتیەوە، بەشێكیشی پەیوەستە بە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیەوە. ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكەوە، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكێتیەوە دەركەوتن، كاتێك پەیڕەو چووە بەردەم ئەندامان و گفتوگۆی لەسەركرا دەركەوت تەواوی بڕیار و دەسەڵاتەكان و كۆی حزبەكە دەكەوێتە دەست یەك كەس ئەمەش لەناو كۆنگرە، ئەندامانی باڵە جیاوازەكان گلەیی و گازەندەیان لە سەركردەكانی خۆیان كرد، بۆیە بەشێك لە ناكۆكیەكانی تر لەوێوە سەریان هەڵدا. ئێستا لەناو كۆنگەری یەكێتی تەنیا سێ باڵ و ئاراستەی جیاواز هەیە ئەوانیش ( ماڵی مام جەلال، ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، گروپی كەركوكیەكان) كە پێش كۆنگرە لەسەر چەند خاڵ و بنەمایەك رێككەوتنیان كردووە، بەڵام ئێستا و لە بواری پراكتیكدا دوو باڵەكەی تر بۆیان دەركەوتووە كۆی پرۆسەكە لە بەرژەوەندی ماڵی مام جەلالەو ئەوان جگە لە چەند ئەندامێكی سەركردایەتی شتێكی دیكەیان دەستناكەوێت، كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵ لەم كۆنگرەیەدا: • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیان لەدەستچوو، كە پێشتر كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی بوو. • كارگێری مەكتەبی سیاسیان لەدەست چوو كە پێشتر دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بوو. • سەرۆك، جێگری نابێت، بۆیە جێگری سەرۆكی یەكێتیشیان دەستناكەوێت. • تەنیا دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی كە ئەویش دوای كۆنگرە سەرۆكی یەكێتی دیاری دەكات و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەند دەكرێت. كەركوكیەكانیش بەشێك لە بەرژەوەندییەكانیان لەدەست دەدەن: • بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەدەستدەدەن، كە پێشتر رەفعەت عەبدوڵا بەرپرسی دەستەی كارگێڕی بوو، لەم كۆنگرەیەدا نامێنێت. • هیچ پۆستێكی باڵایان لەدەستدا نامێنێت. • ژمارەیەكی كەم ئەندامی سەركردایەتیان بۆ دیاری دەكرێت(7 – 10) • دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسیان دەبێت كە ئەویش سەرۆكی یەكێتی دایان دەنێت، و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەند دەكرێن. ناكۆكی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی (درەو) قسەی لەگەڵ چەند ئەندامێكی كۆنگرەكرد لە باڵە جیاوازەكان ئەوان پێیان وابوو، بەشێكی دیاری ناكۆكیەكان لە كۆنگرەدا لە سەر شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیە، شێواز و پێوەرەكانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەو شێوەیەی پێشتر رێككەوتنی باڵە جیاوازەكانی لەسەر كرابوو، جێبەجێناكرێت، ئەویش لەناو كۆنگرەدا واقیعەكە شتێكی جیاوازتر دەڵێت وەك لە رێككەوتنەكانی پێش كۆنگرە. بەپێی مادەی (21)ی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی:" هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كۆنگرە، لەسەر بنەمای لیستی داخراو دەبێت ، ئەو لیستەی زۆرترین دەنگی هێنا سەرجەم كورسییەكان دەباتەوە، ئەگەر تەنها یەك لیست هەبوو بە دەنگدانی ئاشكرا دەنگی پێدەدرێت". ئەم شێوازی هەڵبژاردنە پێشتر باڵە جیاوازەكانی یەكێتی لەسەری رێككەوتوون و هەموویان ئەندامەكانیان لە چوارچێوەی یەك لیستدا بێت، بەڵام ئەوەی كێشەكەی درووستكردووە، بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر ئاراستەو باڵە جیاوازەكانە لەرۆژانی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی یەكێتی وای كردووە، گۆڕانكاری لە كاندیدەكانیان و پێوەرەكاندا بكەن و بەتایبەت ماڵی مام جەلال هەوڵ بدەن ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی زیاتر بكەن جێگۆڕكێ بە چەند كاندیدێكیان بكەن، بەشێك لە پێوەری رێككەوتنەكان بگۆڕن بۆیە ئەوە ناكۆكی باڵەكانی تری لێكەوتەوە. دوێنێ كۆڕانی كۆسرەت رەسوڵ زویر بوون، بەتایبەت شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ كۆنگرەی بەجێهێشتوو چووە ماڵەوە، درەنگانی شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی دەرباز كۆسرەت رەسوڵی لەخۆی بردووەو چووەتە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، لەوێ گفتوگۆیان لەسەر ئەو ناكۆكیانە كردووە، ئەوان بەروونی پێیان ووتون ئێوە پەیوەست نەبوون بە رێككەوتنەكەوە، بەڵام لە كۆتاییدا گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و پشكی هەرلایەكیان لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە، كە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ لە (10 - 12) ئەندامی سەركردایەتیان بەردەكەوێت. بۆیە ئەگەر ئەگەر ئەمڕۆ پەسەندكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی تەواو بێت كە لە كۆی (64) مادە تەنیا (12) مادەی پەسەنكراوە ئەوا ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیش هەڵدەبژێردرێن كە (61) ئەندامەو بەسەر باڵە جیاوازەكاندا دابەشكراون، ناوی ئەندامەكانیش دیاریكراون و كراونەتە لیستەكەوە. ئەندامێكی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: خۆم هەڵنابژێرم بۆ ئەندامی سەركردایەتی لەبەر ئەوەی ناوی من لە لیستەكەدا نیەو ئەو لیستە بەتەواوی ئامادەكراوەو رێككەوەتنی لەسەر كراوە، هەركەسێك ناوی لەو لیستەدا نەبێت بێگومان دەرناچێت و شكست دێنێت، وە هەر لیستێكی تریش لەدەرەوەی ئەو لیستە بێت سەرناكەوێت، بۆیە ئەگەر بە روونی بزانین شكست دێنین بۆچی خۆمان كاندید بكەین.
راپۆرت: درەو هاوكات لەگەڵ كارەكانی كۆنگرەی یەكێتیدا، سبەینێ بزوتنەوی ئیسلامی كوردستانیش دەچێتە ناو كۆنگرەیەكی چارەنوسسازەوە، ئەم كۆنگرەیە خاوەندارێتی بزوتنەوە لەنێوان حاجی كامیلو حاجی عیرفان یەكلادەكاتەوە، دوو حاجییەكە بەبێ رێككەوتنی پێشوەختە دەچنە بەردەم دەنگدانی كۆنگرە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 2 هەزار كەس مافی دەنگدانی هەیە سبەینێ چارەنوسی خاوەندارێتی بزوتنەوەی ئیسلامی لەنێوان حاجی (عیرفان عەبدولعەزیز)و حاجی (كامیل حاجی عەلی). هۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگە سبەینێ دەبێت بە شایەتحاڵ لەسەر چارەنوسی ئەو ناكۆكییە ناوخۆییەی كە لەناو بزوتنەوەی ئیسلامیدا سەریهەڵداوە، (2 هەزار) كەس مافی بەشداریكردنیان هەیە لەم كۆنگرەیەدا كە ناوی لێنراوە (كۆنگرەی دامەزراندن). ئەو 2 هەزار كەسەی كە مافی دەنگدانیان پێدراوە، ئەو كەسانەن كە ساڵی 2016 ناویان لەلایەن بزوتنەوەی ئیسلامییەوە نێردراوە بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق. ناكۆكی نێوان دوو حاجییەكە ئایاری ئەمساڵ، دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەركرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، فەرمانی دەستگیركردنەكە لەسەر سكاڵایەكە كە (كامیل حاجی عەلی)ی تۆماریكردووە، حاجی كامیل رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ بەفەرمی خۆی وەكو رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند، ئیتر لێرەوە ناكۆكیی نێوان هەردوو حاجییەكە كەوتە قۆناغێكی نوێوە. كۆنگرەی 12و تەقینەوەی ناكۆكییەكان رۆژی 5ی شوباتی 2022 كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا تەنیا یەك كاندید هەبوو بۆ پۆستی رابەری گشتی كە ئەویش كامیل حاجی عەلی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو سەقفەی بۆ دەنگی رابەر دانرابوو، وەكو رابەر دانەنرا. عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوە دوو خولی خۆی تەواو كرد بوو، بەپێی پەیڕەوی بزوتنەوە مافی ئەوەی نەبوو خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكاتەوە، ئەمە وایكرد تەنیا كامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكات. بەر لە كۆنگرە، حاجی كامیلو حاجی عیرفان رێككەوتنیان كرد لەسەر پێوەرێك، پێوەرەكە ئەوە بوو "ئەو كەسەی دەبێت بە رابەر دەبێت دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەگەر ئەم دەنگەی بەدەستنەهێنا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەر دەمێنێتەوە". ئەم میكانیزمە مشتومڕی دروستكرد لەبارەی ئەوەی بنەماڵەی عەلی عەبدولعەزیز نایانەوێت رابەرایەتی بزوتنەوە تەسلیمی كەسی تر بكەن، بەڵام ئەوكات عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی رابەری ماوەتەواوبوو دەیوت" ئەمە بۆ ئەوەیە پلانگێڕییەكەی مامۆستا مەلا عوسمان دووبارە نەبێتەوە". "مامۆستا مەلا عوسمان (یەكەم رابەری بزوتنەوە) موئامەرەیەكیان لێكردو بە جیاوازی یەك دەنگ (13 دەنگ بەرامبەر بە 12 دەنگ) لە رابەرییان خست، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دەبێت رابەر بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت" ئەوكات حاجی عیرفان بەمشێوەیە باسی لە پیلانگێڕییەكە دژی مامۆستا مەلا عوسمان كرد. بەم میكانیزمە، كامیل حاجی عەلی كە تاكە كاندید بوو دەنگی 50+1ی كۆنگرەی بەدەستنەهێناو عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەكو رابەر مایەوە. ئەم دۆخە ناكۆكییەكی نوێی لەناو بزوتنەوەدا دروستكرد، كامیل حاجی عەلی و لایەنگرەكانی ئەنجامی كۆنگرەكەیان رەتكردەوە، هەردوو تەرەفی ناكۆك كێشەكانیان بردە فەرمانگەو حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كۆمسیۆن هەردوولای ناچاركرد جارێكی تر بچنە ناو كۆنگرەیەكی نوێوەو لەوێدا ناكۆكییەكانیان بەلادا بخەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە جیابونەوەی تەواوەتی، كۆبونەوەیەك لەنێوان هەردوو حاجییەكەدا بەڕێوەچووە، لەم كۆبونەوەیەدا حاجی كامیل تەئكیدی كردوەتەوە كە باڵەكەی ئەو جیابونەوەی خۆیان رادەگەیەنن، ئیتر مشتومڕ دروستبووە، ئێستا حاجی كامیل بانگەشەی ئەوە دەكات لە كۆبونەوەكەدا حاجی عیرفان هەڕەشەی كوشتنی لێكردووەو بۆ ئەمەش لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە. ئێستاش كە كۆمسیۆن ناچاریكردوون لە كۆنگرەدا كێشەكانیان بەلادا بخەن، كامیل حاجی عەلی پێشنیاری كرد، هیچ كامیان خۆیان بۆ پۆستی رابەر كاندید نەكەنەوە، بەڵام حاجی عیرفان ئەم پێشنیارەی رەتكردەوە. لەبارەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لەلایەن مەلا (عوسمان عەبدولعەزیز) لە ئێران دامەزراوەو تا ئێستا (12) كۆنگرەی بەستووە. ئایاری 2001 عەلی باپیرو ژمارەیەك لەسەركردەكانی تری ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوەو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (كۆمەڵی داگەریی كوردستان). دوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعس لە هەرێمی كوردستان، یەكەم شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان ساڵی 1993 لەنێوان بزوتنەوەی ئیسلامیو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا روویدا، لەم شەڕەدا یەكێتی رابەری گشتی بزوتنەوە (عوسمان عەبدولعەزیز)ی دەستگیركردو دواتر لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئازادی كردو بارزانی لە پیرمام پێشوازی لێكردن، لەچوارچێوەی هەوڵێكی ئێرانییەكاندا دوای یەكەمین شەڕی ناوخۆیی، بزوتنەوەی ئیسلامیو یەكێتیی نیشتمانی كۆتاییان بە شەڕ هێناو رێككەوتنیان كرد، لەوكاتەوە تاوەكو ساڵی 2001 ناوچەی هەڵەبجەو خورماڵو هەورامان بوو بە ناوچەی جێ هەژموونی بزوتنەوەی ئیسلامیو لەو ساڵەدا لەچوارچێوەی شەڕی "دژ بە تیرۆر"دا، هێزەكانی ئەمریكا هێرشیان كردەسەر هەندێك گروپ كە لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوبونەوە، (عەلی عەبدولعەزیز) دووەم رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیشیان دەستگیركرد، ئیتر لێرە بەدواوە بزوتنەوە ناوچەی هەژمونو هێزی چەكداری خۆی لەدەستداو كۆمەڵی ئیسلامیشی لێ جیابووەوە. رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ، لایەنگرانی حاجی كامیل لە هۆڵی هونەر لە شاری سلێمانی ویستیان كۆنگرە رێكبخەن، بەڵام رێگەیان پێنەدرا سندوقی دەنگدان دابنێن، بۆیە لە باخچەی هۆڵی هونەردا بەشێوەی "بەیعەت"، حاجی كامیلیان وەكو رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند. لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا كە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی لەژێر ناوی "لیستی ئیسلامی" بەشداریكردو (49 هەزارو 108) دەنگی بەدەستهێنا، كە رێژەی 5%ی تێكڕای دەنگەكانی ئەو هەڵبژاردنەی پێكدەهێنا. ساڵی 2009 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم بزوتنەوەیە (27 هەزارو 147) دەنگی بەدەستهێناو دوو كورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەی دەنگەكانی كەمیكردو تەنیا (7 هەزارو 481) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە. ساڵی 2013 لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بزوتنەوەی ئیسلامی (21 هەزارو 834) دەنگی بەدەستهێناو یەك كورسی بردەوە. بەپێی داتاكانی بەردەستی (درەو)، لە ساڵی 1992 بۆ 2013 دەنگی بزوتنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا لە (49 هەزار) دەنگەوە بۆ (21 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، واتە نزیكەی 50%ی دەنگەكانی خۆی لەدەستداوە. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری كردو هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، لەهەمان ساڵدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەڵبژاردنی كردو بەشداری نەكرد.ش
راپۆرت: درەو شەش ساڵ لەمەوبەر ئەمریكا بەڵێنی بە بارزانی دا ئەگەر ریفراندۆم نەكات، یارمەتی كورد بدات بۆ ئەوەی رێككەوتێكی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵاتو داهات لەگەڵ بەغداد بكاتو ماددەی 140 جێبەجێ بكرێتو كێشەی پێشمەرگەو كێشەكانی تر كورد لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات، بەڵام بارزانی سور بوو لەسەر سازدانی ریفراندۆم. ئەمڕۆ كە یادی (6) ساڵەی سازدانی ریفراندۆم دەكرێتەوە، ماوەی (6) مانگی تەواوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە فشاری حكومەتی عێراق راگیراوە، بەمە حكومەتی هەرێم رێژەی نزیكەی 80%ی داهاتەكانی خۆی لەدەستداوەو توانای دابینكردنی موچەی نییە، بەرپرسانی هەرێم چاویان لە ئەمریكییەكانە نێوەندگیری بكەن بۆ دەربازكردنی موچەی فەرمانبەران لەناو كێشمەكێشە سیاسییەكان. سەعدی پیرە رۆژی ریفراندۆمی دیاریكرد، رۆژێك كە تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش نەیتوانی وادەكەی بگۆڕێت. ئهوكاتهی بڕیاری ریفراندۆم درا حكومهتی ههرێم موچهی فهرمانبهرانی پی دابین نهدهكرا، ریفراندۆم چۆن كرا ؟ ئەم راپۆرتە تیشك دەخاتەسەر وردەكاری گفتوگۆی بارزانیو لایەنەكان لە رۆژانی ئامادەكاری بۆ ریفراندۆمدا. دۆخی كورد لە رۆژگاری ریفراندۆمدا نیسانی 2017 كە وردە وردە شەڕی "داعش" بەرەو كۆتایی هەنگاوی دەنا، پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەفدێكی هاوبەشیان دروستكردو سەردانی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەو سەردانانەدا باسیان لەوەكرد دەیانەوێت ریفراندۆم بكەن بۆ جیابونەوە لە عێراقو دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. ئەوكاتەی كە پارتیو یەكێتیی بابەتی ریفراندۆمیان وروژاند، حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدابوو، مانگانە بە پاشەكەوتیشەوە موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین نەدەكرا، لەڕووی سیاسیشەوە هەرێمی كوردستان لەناو قەیراندا بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانییەوە، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستبوو، بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركردبوو، رێگەی نەدەدات یوسف محەمەد سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەركارەكەی لە هەولێر. كێ چی دەوت ؟ لەم بارودۆخەدا بوو، رۆژی 7ی حوزەیران 2017 لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئامادەبوونی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی قسەی كردو وتی:" من دەزانم لە كوردستان كێشە هەیە، بەڵام ناكرێت ریفراندۆم ببەسرێتەوە بە كێشەكانەوە، ریفراندۆم بابەتێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بە هیچ كەسو لایەنێكەوە نییە.. دەبوو گۆڕانو كۆمەڵ بەشداری ئەم كۆبونەوەیان بكردایە، چونكە پرسێكی چارەنوسسازە، بەڵام بەداخەوە بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بارزانی سەربوردێكی دۆخی كوردی لە عێراق گێڕاوەتەوەو وتویەتی ئێستا گەیشتوینەتە دۆخێك" عەلی غێدان لە كۆبونەوەدا هەڕەشەی كردووە هەولێر داگیربكات، نوری مالیكی پێی وتووە پەلەمەكە تا فڕۆكە (ئێف 16)ەكانمان بەدەستدەگات ئەوكاتە هێرش دەكەین". لە كۆتایی قسەكانیدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئێستا دوو رێگامان لەبەردەمدایە، یان ئەوەی وەكو هاوڵاتییەكی عێراقی بمێنینەوە، یاخود ئەوەی بڕیارێكی مێژوویی بدەین، با ژیانو مردنمان بەیەكەوە بێت، دەرفەت دێتو دەڕوات". سەرباری ئەوەی داوای لە حزبەكان كرد لە كۆبونەوەكەدا رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دیاری بكەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هەر لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دامەزراندنی دەوڵەت نییە". دوای قسەكانی بارزانی، بۆچونی لایەنە سیاسییەكان بەمشێوەیە بووە لەبارەی ریفراندۆمەوە: • كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەوكاتەی یەكێتیی بە نوێنەرایەتی یەكێتیی بەشداری كۆبونەوەكە بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، وتویەتی:" پشتیوانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەم". • مەلا بەختیار كارگێڕی ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی تویەتی:" لەدوای داعش مەترسی هەیە حەشدی شەعبی پەلاماری كوردستان بدات، كێشەی ناوخۆیی بە بچوك مەزانن، ئاسان نییە بەبێ چارەسەركردنی كێشەكانو كاراكردنەوەی پەرلەمان ریفراندۆم بكرێت، پێشنیاز دەكەم وەفدێكی لایەنەكان بەبێ پارتیو یەكێتیی سەردانی گۆڕانو كۆمەڵ بكەن، نواندنی نەرمی لەلایەن كاك مەسعودەوە لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵدا شەرەفمەندیییەكی گەورە دەبێت". • رۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی:" سەرەتا كە سەردانی حزبەكانمان كرد لەبارەی ریفراندۆمەوە هەڵوێستیان باش بوو، ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێكی دیموكراتی عەلمانیداین". • هادی عەلی بە نوێنەرایەتی یەكگرتووی ئیسلامی قسەی كردووەو وتویەتی:" یەكگرتوو بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ ریفراندۆمەكەدایەو پێیانوایە ئەگەر كورد خۆی ئەمری واقیع فەرز نەكات كەس ئەو كارەی بۆ ناكات"، بەڵام نوێنەرەكەی یەكگرتوو داوای كردووە پێداویستییەكانی بەڕێوەچونی ریفراندۆمەكە ئامادە بكرێت، لەپێش هەمویانەوە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان. • كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی باسی لەوەكردووە" ئەوان وەكو حزبی شیوعی داوای دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن، بەڵام بەجۆرێك شوناسی دەوڵەتەكە مەدەنیو عەلمانیو دیموكراسی بێت"، بەپێچەوانەی ئەوەی بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی: ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، سكرتێری حزبی شیوعی لە قسەكانیدا باسی لەوەكردووە:" دەبێت ئەوە یەكلابكرێتەوە ئایا ئێمە ریفراندۆم بۆ چ شتێك دەكەین؟ ئایا ریفراندۆم پەرچەكردارە بەرامبەر بە بەغداد ؟". • كامیل حاجی عەلی كە بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا، وتویەتی:" هەوڵ بدرێت هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمدا مژدە بە خەڵك بدرێت" لەمەدا مەبەستی لەوە بووە حكومەت چەند موچەیەك بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، كە ئەوكاتیش فەرمانبەران كێشەی وەرگرتنی موچەكانیان هەبووە. • بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان:" ئێمە پشتیوانی ریفراندۆم دەكەینو پێویستە پەلەی لێ بكرێت چونكە دواكەوتووە". • مونا قەهوەچی كە بە نوێنەرایەتی حزبە توركمانییەكەی بەشداربوو، بەتوندی پاڵپشتی ریفراندۆمی كردووەو پێی وابووە ریفراندۆم دواكەوتووەو وتویەتی:" دەبوو ساڵی 2003 ریفراندۆم بكرایە". • محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستانو سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستانی ئێستا وتویەتی:" پێویست بوو گۆڕانو كۆمەڵیش بەشداربونایە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدانیم ریفراندۆم دوابخرێت، راستە قەیران هەیە، بەڵام ریفراندۆم لە قەیران گەورە ترە". • مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەوكاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانو سەرۆك وەزیرانی ئێستا وتویەتی:" ریفراندۆم پرۆسەیەكی نەتەوەییەو كەس ناتوانێ دژی بوەستێت". خاڵی ناكۆكی بەگشتی لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی لایەنەكان لەسەر دوو خاڵ هاوڕابوون كە ئەمانە بوون: • هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن لە پرۆسەكەدا بە گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیشەوە. • هەموان بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمدا بوون. • زۆرینەی لایەنەكان داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان دەكرد، ئەبو كاروان وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەداو لەسەر ئەم بابەتە قسەی كردووەو داوای لە بارزانی كردووە پەرلەمان كارا بكاتەوەو رێگە بدات یوسف محەمەد بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بارزانی رەتیكردوەتەوەو وتویەتی یوسف محەمەد سەرچاوەی هەموو كێشەكان بووەو رێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە، بارزانی پێشنیازی كردووە ئەبو كاروان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەبو كاروان رەتیكردوەتەوە، چونكە مەبەستی پێشنیازەكەی ئەبوكاروان بۆ پینەكردن و چارەسەركردنی ناكۆكیەكان بووە نەك بەدەستهێنانی پۆستەكە، بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە 15ی مانگی ئەیلولدا، بارزانی بە پاڵپشتی یەكێتییو ئەو لایەنانەی كە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پاڵپشتییان دەكرد، پەرلەمانی كوردسانی بەبێ گەڕانەوەی یوسف محەمەد كاراكردەوەو پەرلەمان بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی پەسەندكرد. • زۆربەی لایەنەكان باسیان لە چاككردنی دۆخی بژێویو موچەی فەرمانبەرانیان كردووە بەر لە سازدانی ریفراندۆمەكە. ئەوانەی لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ سازدانی ریفراندۆم نەبوون تەنیا دوو لایەن بوون: • ئایدن مەعروف بە نوێنەرایەتی بەرەی توركمانی بەشداربوو لە كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكاندا، ئایدن دوایكردووە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغداد دانوستان بكات، هەروەها داویكردووە رۆڵی پێكهاتەكانی لە ریفرامدۆمدا دیاری بكرێت. • ئاشورییەكان بەهەمان شێوە دژی ریفراندۆم بوون، نوێنەرەكەیان كە كەسێك بووە بەناوی (یەعقوب) وتویەتی:" ئێمە پشتیوانی مافەكانی كورد دەكەین، بەڵام دەبێت رێككەوتن لەگەڵ كلدۆئاشورییەكان بكرێت، چونكە ئاشورییەكان لە كورستان چەوسێندراونەتەوە". بەرەی توركمانو ئاشورییەكان تەنیا لەم كۆبونەوەیەدا بەشدارییان كردو دواتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیان نەكرد. پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە كاتێك قسەوباسەكانی لەبارەی ریفراندۆمەوە تەواوبوون، مەسعود بارزانی كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی دەكرد، رووی لە (هەندرێن محەمەد) سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان كردو لێی پرسی: - چەنێك كاتتان دەوێت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ سازدانی ریفراندۆم ؟". + لەو رۆژەوە بودجە بۆ ریفراندۆمەكە ئامادە دەكرێت ماوەی (120) رۆژ كاتمان پێویستە. - بارزانی بەتوڕەییەوە: ئەمە كاتكوشتنە، ئەو هەموو كاتەی ناوێت، ئەگەر نایكەن با رایبگەیەنین كە ریفراندۆم ناكرێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت من هەر ریفراندۆم دەكەم، ئەگەر ئێوە نایكەن من كاتی ریفراندۆمەكە دیاری دەكەم. لەم كاتەدا بوو كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی پێشنیازی كرد رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بەڕێوەچێت، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بارزانی پێشنیازەكەی سەعدی پیرەی زۆر بەدڵ نەبووەو خوازیار بووە لە رۆژی (1)ی ئەیلول ریفراندۆمەكە بكرێت، بەڵام لەناچاریدا قبوڵی كردووە، سەعدی پیرەش پێشنیازەكەی بۆ ئەوە كردووە هەندێك كاتی ریفراندۆمەكە دوابخات بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر هەبێت بۆ بیكردنەوەو بڕیاردان. هەر لەم كۆبونەوەیەدا بوو كە لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستبكرێتو بۆ رۆژی دواتر هەر لایەنێك نوێنەری خۆی لە لیژنەكەدا دیاری بكات. كۆبونەوەی لیژنەی ریفراندۆم كۆبونەوەی دواتر لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستكراو یەكەمین كۆبونەوەی خۆی رۆژی 2017/8/7 بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كرد، ئەم كۆبونەوەیە لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە تێیدا رۆژی ریفراندۆم دیاریكرا جیاوازتر بوو، بارزانیو نوێنەری لایەنەكان لە لیژنەی ریفراندۆم دوای وەرگرتنی بۆچونی وڵاتانی جیهان، هەندێك لە بڕیارە توندەكەیان بۆ سازدانی ریفراندۆم پاشەكشێیان كردو بەپێچەوانەی كۆبونەوەی لایەنەكانەوە كە هەستو سۆز تێیدا زاڵ بوو، لەم كۆبونەوەیەدا كەمێك وردترو هۆشیارانەتر قسە لەسەر سازدانی ریفراندۆم كراوە. لەم كۆبونەوەیەدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بارزانی باسی لەوەكردووە، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانو باڵیۆزی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو كونسوڵی وڵاتانی بینیوەو هەمویان لەگەڵ ئەوەدانین هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بكاتو دەڵێن كاتەكەی گونجاو نییە. بەپێی ئەوەی باس دەكرێت لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی دوای وەرگرتنی بۆچونی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكانو كونسوڵی وڵاتان بۆچوونی گۆڕاوەو پاشەكشێی كردووەو بە نوێنەری لایەنەكانی وتووە:" خۆتان ئەزانن لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا ئێوە كاتی ریفراندۆمتان دیاری كردووە نەك من"، واتا بەرپرسیارێتییەكەی خستوەتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆبونەوەكەدا بارزانی خۆی فشاری كردووە لە ریفراندۆمەكە لە كاتێكی زوتر لە 25ی ئەیلول بەڕێوەبچێتو تەنانەت وتویەتی تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت، ئەو هەر ریفراندۆم دەكات. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك یەكێك لەوانە بووە كە لە یەكەمین كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا قسەی كردووەو وتویەتی:" بۆ پاڵپشتیكردنی قسەكانی كاك مەسعود، منیش لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا دانیشتم، هەمان قسەیان كرد كە كاتەكە گونجاو نییە، بەڵام وتم ئەگەر ریفراندۆمەكە دابخەین بۆ كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەڵین دەدەن هاوكارمان بن، باڵیۆز بەڵێنی نەدا، كاك مەسعود من لەگەڵ بۆچونی تۆدام لەبارەی ئەوەی عەبادی لە مالیكی باشترە". لەبارەی هەڵوێستی یەكێتییەوە سەبارەت بە ریفراندۆم، نەجمەدین كەریم باسی لەوەكردووە لە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتیی كەس دژی ریفراندۆم نییەو ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیش دەنگی داوە بە ریفراندۆم. لەم كۆبونەوەیەدا هەندێك رەخنە گیرا لەوەی بەتایبەتی لەلایەنی پارتییەوە تەخوینی ئەو كەسانە دەكرێت كە دەڵێ بەشداری ریفراندۆم ناكەنو دەنگ نادەن، بارزانی لەمبارەیەوە وتویەتی:" من لەگەڵ تەخوینكردندا نیم، بەڵام ئەوەی ئەوانەش دەیكەنو دەیڵێن لەبارەی ریفراندۆمەوە راست نییە". دوای ئەم كۆبونەوەیە، بارزانی گەشتێكی ئەوروپای كرد تاوەكو لەوێ لەناوەندە سیاسییەكان بانگەشە بۆ ریفراندۆم بكاتو دۆست بۆ ریفراندۆمەكە كۆبكاتەوە، بەڵام لەوێ پرسیاری لێكرا لەبارەی ئەوەی بۆچی دەرگای پەرلەمانی كوردستانی داخستووە، ئەمە بارزانی نیگەران كردووەو بەشێوەیەكی خێرا كۆتایی بە گەشتەكەی هێناو گەڕایەوە بۆ كوردستان. بارزانیو ئەوانەی پاڵپشتی ریفراندۆمیان دەكرد، بابەتەكەیان بەجددی گرتبوو، تەنانەت لیژنەیەكیان دروستكردبوو بۆ نوسینەوەی دەستوری دەوڵەتی كوردستان، ئەمە ئەوكاتەبوو كە هێَشتا ریفراندۆم نەكرابوو، ئاسۆی كاردانەوەی عێراقو وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی دەرنەكەوتبوو. نامەكەی تیلرسن ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا رۆژی 23ی ئەیلول، واتا دوو رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆم بەڕێوەبچێت، نامەیەكی بۆ مەسعود بارزانی نارد، تێیدا داوای لێكرد، پرۆسەی ریفراندۆم دوابخاتو بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی قبوڵ بكات. مەبەست لە هاوپەیمانەكان ئەوەبوو، بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنساو نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتیوانی ناوەڕۆكی نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان دەكرد بۆ بارزانی. بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كە لەنامەكەی تیلرسۆندا كە لە زیاتر لە (700) وشە پێكهاتبوو، ئەوەبوو، كورد ریفراندۆم نەكاتو لەبری ئەوە بۆ ماوەی ساڵێك بچێتە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدادو ئەگەر هەیە وادەی دانوستانەكە دوای ساڵەكە درێژبكرێتەوە. تیلرسن باسی لەوەكردبوو، ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیاو فەرەنسا هەوڵ دەدەن بەدیلی ریفراندۆم كە دیالۆگە لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەكان، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندبكرێت، ئەگەر بەدیلەكەش ئەنجامی نەبوو، ئەوكات ئەوان پاڵپشتی كورد دەكەن ریفراندۆم بكات، لەبەرامبەردا هۆشداری دابوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەرێم بەیلەكە قبوڵ نەكاتو سوربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئاكامی مەترسیداری دەبێت. نامەكە بەفەرمی دانی بەوەدانابوو كە كورد لە ساڵی 1921ەوە ستەمێكی مێژوویی لێدەكرێت، باسی لەوەكردبوو، بەدیلەكەی ئەمریكا هەلێكی مێژووییە بۆ كورد كە "شایستەی تاقیكردنەوەیە". ئەمریكا لەو نامەیەی تیلرسۆندا، لەبەرامبەر ئەوەی بارزانی ریفراندۆمەكەی دوابخات، ئەمادەیی نیشاندابوو ئەم كارانە بۆ كورد بكات: • رێككەوتنی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵاتو داهات. • جێبەجێكردنی ماددەی 140. • چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی وەك پێشمەرگە، فڕۆكەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی.. هتد. فوئاد حسێن كە ئەوكات سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو (ئێستا وەزیری دەرەوەی عێراقە) لە كۆبونەوەی رۆژی 23ی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا نامەكەی تیلرسۆنی خوێندەوەو وەریگێڕا بۆسەر زمانی كوردی، زۆرینەی ئامادەبوان لەگەڵ ئەوە بوون، ریفراندۆم بكرێتو دواتر لەگەڵ بەغداد دانوستان بكرێت. لەوكاتانەدا كە ئەمریكا نامەكەی بۆ بارزانی نارد، ئێرانیش فشارەكانی لەسەر یەكێتیی توندكردەوە، وەفدێكی یەكێتیی بانگهێشتی تاران كران، لەوێ پەیامی توندیان پێدرا ئەگەر ریفراندۆم بكەن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لێ دەسەندرێتەوە. مەلا بەختیار هەڕەشەكانی ئێرانی لە یەكێتیی، لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا خستەڕوو، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست لەوانەبوو كە پێشبینییەكەی بەوشێوەیە بوو" سەرباری هەڕەشەكان، شیعە یاخود بەدیاریكراوی "حەشدی شەعبی" شەڕی كورد ناكەن". مەلا بەختیار داوای دەكرد بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوون یان نەچوونی ریفراندۆم دوابخرێت بۆ دواین ساتەكان بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی بەدیار بكەوێت، ئەم قسانەشی دوای سەردانی وەفدی یەكێتیی هات بۆ تاران. هەر لەو رۆژەدا بوو، بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردو دوای گەڕانەوەی بە میدیاكانی یەكێتیی راگەیاند، ریفراندۆم ناكرێتو كورد قایل بووە بە پێشنیازەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سەردانەدا بافڵ تاڵەبانی بەتوندی دەستی بارزانی گوشتیوەو داوای لێكردووە لەسەر بەڵێنی خۆی ریفراندۆمەكە نەكات، بارزانی بەڵێنی پێداوە، ئەمە هۆكارەكە بووە كە بافڵ دوای كۆبونەوەكە رایگەیاندووە ریفراندۆم ناكرێت. رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەناو بارودۆخێكی خراپی ئابوریو سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو لەژێر فشاری وڵاتانی ناوچەكە (ئێران، توركیا)و ناڕەزایەتی ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو یەكێتی ئەوروپا، بارزانیو ئەوانەی پاڵپشتییان دەكرد، ریفراندۆمیان كرد، ریفراندۆمەكە لە چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەر بەڕێوەچوو. بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم رێژەی 72%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە ریفراندۆمەكەدا كردووە، دهۆك بەرزترین ئاستی بەشداریو پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە كەمترین ئاشتی بەشدارییان تۆماركرد، بەوتەی كۆمسیۆن رێژەی زیاتر لە 92%ی بەشداربوان بە"بەڵێ" دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوكات جوڵانەوەی "نەخێر لەئێستادا" كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكرد، دەیوت ساختەكاری لە ریفراندۆمەكەدا كراوە. بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كە بەشدارنەبوون لەناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا، لە رۆژی دەنگدانیاندا چونە پاڵ ریفراندۆمەكەو عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بە "بەڵێ" دەنگیاندا بۆ جیابونەوە لە عێراق. رۆژی 1ی ئۆكتۆبەر، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەولێر بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوەو لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا ناوی ئەنجومەنەكە بگۆڕدرێت بە "ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ئەنجومەنە نوێیەكە بڕیاریدا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەستبكرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەغداد رایگەیاند بەبێ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵدا بكات، لەپاڵ ئەمەدا ئێرانو توركیا سنورەكانی وشكانیو ئاسمانی خۆیان بەڕووی هەرێمدا داخستو دەستیان كرد بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان. بەیانی رۆژی 25ی نۆڤێمبەر، دوای كارەساتەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی ناوچە كێشە لەسەرەكان، دادگای فیدراڵی عێراق فەرمانێكی دەركردو كاركردنی بە ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان سڕكرد، هەرێم كە پێشتر لەسەر بانگەوازی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد دەربڕی بوو، فەرمانەكەی دادگای فیدراڵی عێراقی پەسەندكردو بەوەش قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لەپێناو دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ عێراق هەڵگرتنی ئابلۆقە لەسەر دەروازە سنوریو فڕۆكەخانەكانی هەرێم.
ئامادەكردنی: جیهانگیر گوڵپی چهند ڕۆژێكه بهتایبهتیش پاش لێدوانهكانی حهیدهر عهبادی و یوسف كیلابی و چهند كهسێكی تر، لهناو میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردیدا، ئهو قسهیه هاتووهتهوه بهرباس، كه گوایه بهغدا ئامادهیه ڕاستهوخۆ مووچه بدات به مووچهخۆرانی ههرێم، بهڵام حكوومهتی ههرێم ڕازی نییه. چهند پهرلهمانتار و سیاسییهكی كوردیش پێدانی مووچه ڕاستهوخۆ لهلایهن بهغداوه به مووچهخۆرانی ههرێم، به چارهسهری گونجاو دهزانن و به بایهخهوه باس له ههنگاوێكی لهو جۆره دهكهن، باس لهوهیش دهكرێت، كه ههوڵێك بۆ ئهوه له پهرلهمانی عێراق خراوهتهگهڕ. تا ئێستا قسهكردن لهم بابهته لهناو میدیای كوردیدا، تهنیا لهسنوری ڕووكاری بابهتهكهدایه و خۆی لهقهرهی ناواخن و ڕهههنده گرنگهكانی نهداوه. هێشتا ڕوون نییه ئهو قسانهی لهو بارهیهوه دهكرێن، تهنیا لێدوانی پهرلهمانتاران و سیاسییهكانن، یان له ناو پلان و بهرنامهی حكوومهتی بهغدایشدان؟ ئایا تا ئێستا بهغدا به فهرمی ئامادهیی خۆی دهربڕیوه و داوای له حكوومهتی ههرێم كردووه بۆ ئهو كاره یان نا؟ ئهگهر داواكهی كردووه، ئهی میكانیزمهكانی جێبهجێكردنهكهی چۆن دیاری كردوون؟ ئهی ههڵوێستی فهرمیی حكوومهتی ههرێم لهو بارهیهوه چییه؟ پاساوی حكوومهتی ههرێم بۆ ڕهتكردنهوه یان قبوڵكردنی داوایهكی لهو جۆره چییه؟ لهكاتی قبوڵكردندا پێشنیازی حكوومهتی ههرێم بۆ شێواز و میكانیزمهكانی جێبهجێكردنی چییه؟ ئهی لهكاتی ڕهتكردنهوهیدا ئهڵتهرناتیڤ چییه؟ ئهم كاره چهند دروسته و چهند ڕێی تێدهچێت و چهند شیاوی جێبهجێكردنه؟ پێم وایه سیاسی و پهرلهمانتار و میدیا و شرۆڤهكارانی ئێمه له هیچ كام لهو بابهتانه ورد نهبوونهتهوه و، لهمهیشدا تهنیا بهسهرپێیی مامهڵه لهگهڵ ڕووكاری بابهتهكه دهكهن. ئهم بابهته نوێ نییه و ئهوهندهی من ئاگاداربم له ٢٠١٦هوه تاكوو ئێستا چهند جارێكی تریش چهند پهرلهمانتارێكی كورد ههوڵیان بۆ داوه و بۆ ماوهیهك بیری مووچهخۆرانیشیان پێوه سهرقاڵ كردووه و دواجار بێئهنجام بووه. ئێستا، كه گهڕێكی نوێی ئهو باسوخواسه سهری ههڵداوهتهوه، ئهمجارهیان باسی ههژماری بانكی و كارتی زیرهك و میكانیزمه نوێیهكانی پێدان وهك بهشێك له چارهسهری سیحریی كێشهكه بانگهشهیان بۆ دهكرێت. واته ههروهك پێشتر و بگره بهسادهتریش لهو بابهته تێدهگهن و باسی لێوه دهكهن. بهر له ههموو شتێك ئهوه ڕوونه، كه كێشهی بنهڕهتی له پرسی مووچهی مووچهخۆرانی ههرێم بریتییه له نهبوونی تهمویل و تهرخانكراوی دارایی، نهك كێشهی چۆنیهتی پێدان و دابهشكردنی مووچه بهسهر مووچهخۆراندا، تاكوو وابزانرێت لهڕێگهی كارتی بانكی و ههژماری بانكییهوه بهغدا دهتوانێت ڕاستەوخۆ مووچه بداته مووچهخۆرانی ههرێم و ئیدی گرفتهكه چارهسهر بێت. كارتی زیرهك و ههژماری بانكی و وهرگرتنی ڕاستهوخۆی مووچه لهلای ژمێریاری فهرمانگهكهكان تهنیا سێ ڕێگهی جیاوازن بۆ شێوازی پێدان و وهرگرتنهكه و هیچ كاریگهرییهكیان لهسهر جهوههری كێشهكه نییه، كه نهبوونی تهرخانكراو و تهمویله. پێم وایه ئهگهر بهغدا تهمویلی بانكهكان بكات بۆ پێدانی مووچه به مووچهخۆرانی ههرێم، ئهوا دهكرێت زۆر بهئاسانی یهكێك له گونجاوترینی ئهو سێ ڕیگهیه بهكاربهێنرێت، بۆ گهیاندنی مووچه بهدهستی مووچهخۆر، ئهگهر ئامادهیش نهبێت ئهو تهمویله بكات، ئهوا قسهكردن لهو ڕێگهیانه هیچ سودی نییه. بۆ ئهوهی بانكهكان بتوانن به یهكێك لهو سێ ڕێگهیه مووچه بدهن به مووچهخۆرانی حكوومهت چ له ههرێم یان له بهغدا و خوارووی عێراقیش، ئهوه دهبێت لهلایهن وهزارهتی دارایی عێراق یان لهلایهن وهزارهتی دارایی ههرێمهوه پارهدار بكرێن، ئێستا كه حكوومهتی ههرێم ناتوانێت ئهو كاره بكات، ئایا وهزارهتی دارایی عێراق ئامادهیه بهبی ئهوهی بڕی تهرخانكراوهكه بخاته سهر ههژماری وهزارهتی دارایی ههرێم، ڕاستهوخۆ له ڕێگهی بانكهكانهوه مانگانه بڕی پێویست بخاته سهر ههژماری مووچهخۆرانی ههرێم؟ بهپێ دهستووری عێراق، ههرێم قهوارهیهكی دهستوورییه لهناو دهوڵهتی فیدڕاڵی عێراق و، حكوومهتی فیدڕاڵی مامهڵهی فهرمی لهگهڵ دامهزراوهكانیدا دهكات. ئهركی ڕاستهوخۆی بهگهڕخستنی فهرمانبهران و دابینكردن و پێدانی مووچه بە مووچهخۆرانی ههرێم بهگشتی له ئهستۆی حكوومهتی ههرێمدایه، ئهوهی له ئهستۆی بهغدایه بهپێی مادهی ١٢١ی دهستور بریتییه له تهرخانكردنی پشكێكی شایسته بۆ ههرێم، كه بهشی پێویستی و بهڕێوهبردنی كاروبارهكانی و پهرهپێدانی ههرێمهكه بكات. گریمان بهغدا باز بهسهر ههموو بهربهسته سیاسی و دهستوری و یاسایی و داراییهكاندا دهدات و بڕیار دهدات مانگانه خۆی ڕاستهوخۆ بڕی مووچهی ههر مووچهخۆرێكی ههرێم بخاته سهر ههژماره بانكییهكهی، لێرهوه بهربهستێكی كردهنیی گهوره دێته بهردهم پڕۆسهكه، كه زاڵبوون بهسهریدا ئاسان نییه، ئهویش سیستهم و پێكهاتهی كارگێڕی و دارایی و ڕێكاره تهكنیكییهكانه، كه به تهواوی دهبنه ڕێگر لهبهردهم ئهو كارهدا. له سیستهمی دارایی عێراقدا مووچه لهناو دوو بهشی بودجهدا تهرخانكراوی بۆ دابین كراوه، ئهوانیش قهرهبووی فهرمانبهران و چاودێری كۆمهڵایهتیین. كه بۆ دوو توێژی جیاوازن، توێژی فهرمانبهران و توێژی خانهنشین و ئهوانهی چاودێری كۆمهڵایهتی دهیانگرێتهوه، مامهڵهكردن لهگهڵ دیاریكردنی شایستهی مووچه و پێدانی به ههریهك لهو دوو توێژه جیاوازه. دابهشكردنی مووچهی فهرمانبهران پڕۆسهیهكی دینامیكییه، مانگانه گۆڕانكاریی زۆر و جۆراوجۆر له بڕی شایستهی مووچهی فهرمانبهراندا ڕوودهدات، له ئامادهكردنی لیستی مووچهی مانگانهی فهرمانبهرانی ههر فارمانگهیهكدا، ههموو بهشهكانی كارگێڕی و میلاكات و ژمێریاری و وردبینی بهشداری دهكهن له دیاریكردنی بڕی شایستهی ههر فهرمانبهرێك، ههر له دامهزراندن و دیاریكردنی مووچه و دهرماڵهكان و ههژماركردنی ژمارهی ئهو ڕۆژانهی كه فهرمانبهر شایستهی پێدانی مووچه و دهرماڵهكانه، تاكوو لێبڕینهكان، بههۆی دهوام نهكردن و مۆڵهتی بێمووچه و مۆڵهتی خوێندن و نهخۆشی و … هتد، تاكوو گۆڕانكاری له دهرماڵهكان بههۆی لهئهستۆگرتنی ئهركی جۆراوجۆر و یان وازهێنان لێی، هێنانی بڕوانامهی نوێ و سهرمووچه و… هتد. ئامادهكردنی لیستی مووچهی فهرمانبهران لهلایهن خودی فهرمانگهكانیانهوه، ههموو ئهو ڕێكارانه لهخۆدهگرێت، پاشان لیسته ئامادهكراوهكه دهنێردرێت بۆ گهنجینهی تایبهتمهند، پاش وردبینیكردن و پهسهندكردنی لهلایهن گهنجینهوه و لهكاتی ههبوونی تهرخانكراوی داراییدا، لهوێوه نووسراوی تهمویلكردن بۆ بانك دەکرێت، به بڕی دیاریكراو بۆ كۆی مووچهی فهرمانبهرانی ئهو فهرمانگهیه، بهپێی لیسته پهسهندكراوهكه، كه بڕی مووچهی شایستهی ههر فهرمانبهرێكی تێدا دیاریكراوه، لهوێوه ههر فهرمانبهرێك بڕی مووچهی شایسته دهچێته سهر ههژمارهكهی و بانك دهتوانێت بۆی خهرج بكات. واته بڕی پارهی تهرخانكراو و لیستی ئامادهكراو و پهسهندكراو لهلایهن گهنجینهكانهوه دهدرێته بانكهكان، ئینجا بانكهكان دهتوانن بهكاری خۆیان ههستن، كارهكهیشیان تهنیا بریتییه له ڕادهستكردنی بڕی مووچهكه به فهرمانبهران، ئهوهیش چ بهو جۆرهی كه بانك ڕاستهخۆ بیدات به یهك به یهكی فهرمانبهران، یان كۆی مووچهی فهرمانگهكه بداته ژمێریاری فهرمانگهكه و لهوێوه دابهش بكرێت بهسهر فهرمانبهراندا، یان بانكهكه بیخاته سهر ههژماری مووچهخۆران و ئهوانیش لهڕێگهی كارتی زیرهكهوه بهكاریبهێنن. ئهمه نهك تهنیا له ههرێم، بهڵكو له سهرانسهری عێراقیش ههر بهو شێوهیهیه. لێرهدا ئهو پرسیاره سهرههڵدهدات كه ئایا بهغدا دان به لیستی مووچهی فهرمانگهكان وردبینی و پهسهندكردنی گهنجینهكانی ههرێمدا دهنێت و لهسهر ئهو بنهمایه بانكهكان تهمویل دهكات؟ ئهگهر وابێت ئهوه هیچی جیاواز نییه، لهگهڵ ئهو شێوازهی تاكو ئێستا كاری پێ دهكرێت، له كاتێكدا باسهكهی ئێستا ئهوهیه كه بهغدا بهبی حكوومهتی ههرێم و وهزارهتی دارایی ههرێم ڕاستهوخۆ مووچه بداته مووچهخۆرانی ههرێم. گریمان بهغدا دهیهوێت بهسهر ئهو كۆسپهیشدا زاڵ بێت و باز بهسهر ههموو شتێكدا دهدات، بۆ ئهوهی كارێكی لهو جۆره بكرێت، پێویسته سهرهتا حكوومهتی بهغدا چهند بهڕێوهبهرایهتی و لقێكی گهنجینه له شارهكانی ههرێم بكاتهوه، كه سهر به گهنجینهی گشتی بن له بهغدا، له ڕێگهی تۆڕێكی كارگێڕییهوه، فهرمانگهكان و گهنجینهكان و بانكهكان پێكهوه ببهستێتهوه، بۆ ئهوهیش دهبێت یان بانكهكانی ههرێم له ڕووی كارگێڕییهوه بچنه سهر بهغدا، یان بانكهكانی عێراق چهند لقێكیان له ههرێم بكهنهوه، یانیش سوود لهو بانكه بازرگانییانه وهربگیرێت كه لقیان له ههرێم ههیه. لێرهوه بهربهستێكی تر سهرههڵدهدات، ئهویش ئهوهیه ئایا گهنجینهكانی سهر به بهغدا چۆن لیستی مووچهی فهرمانگهكانی ههرێم وردبینی و پهسهند دهكهن و پشت به كام ڕێنمایی دهبهستن، لهكاتێكدا دهیان ساڵه جیاوازییهكی زۆر ههیه لهو بوارهدا، له نێوان ڕێنماییهكانی ههرێم و بهغدا. ئهو لیستی مووچانهی دهنێردرێن بۆ گهنجینهكان گرنگرترین بهشیان بریتییه له لیستی گۆڕانهكان، گهنجینهكان دۆسیهی فهرمانبهرانیان لهلا نییه و خۆیان به وردی ئاگاداری میلاك و گۆڕانكارییهكانی مووچه و دهرماڵه و شایستهكانی تر نین، بۆ وردبینی و پهسهندكردنی لیستی مووچهی ههر مانگێك پشت دهبهستن به لیستی مانگی پێشوو و ئهو گۆڕانكارییانهی كه بهپێی دۆكیۆمێنته هاوپێچهكان دهخرێته بهردهستیان. ئایا وهزارهتی دارایی و گهنجینهكانی سهر به بهغدا دان به لیستی مانگهكانی پێشوو و ئهو گۆڕانكارییانهدا دهنێن، كه مانگانه وهزارهت و فهرمانگهكانی حكوومهتی ههریم ئهنجامی دهدهن؟ بیگومان نهخێر. بۆ دووركهوتنهوه لهو ههموو كێشه و بهربهستانه یان دهبێت واز لهو ڕێكاره بهێنرێت و، تهرخانكراوی پێویست بخرێته سهر ههژماری وهزارهتی دارایی ههرێم و گۆڕانكاری بهسهر ڕێكارهكاندا نههێنرێت، یانیش دهبێت بۆ ههموو دامهزراندن و گواستنهوه و سهرمووچه و موڵهت و گهڕانهوه و گۆڕانكاریی دهرماڵه و خانهنشینكردن و ههر گۆڕانێكی تر، بۆ ههر فهرمانبهرێك ڕهزامهندیی بهغدا وهربگیرێت، بۆ ئهوهیش دهبێت ههموو وهزارهتهكانی حكوومهتی ههرێم ههڵبوهشێنرێنهوه و ههموو فهرمانگهكان وابهستهی وهزارهته جیاجیاكانی عێراق بكرێن. واته به ههموو جۆرێك حكوومهتی ههرێم ههڵوهشێنرێتهوه، كه ئهوكاتیش هێشتا گرهنتی نییه مووچهی ههموو مووچهخۆرانی ههرێم لهلایهن بهغداوه وهك پێویست خهرج بكرێت. بهشی دووهمی مووچهخۆران بریتین له خانهنشینان و ئهوانهی تر كه چاودێریی كۆمهڵایهتی دهیانگرێتهوه، ئهوان مووچهكانیان نهگۆڕه، مانگانه پێویستی بهئامادهكردنی لیستی مووچه و پڕۆسهكانی تر نییه و، له ڕوواڵهتدا وادهردهكهوێت كه تاڕادهیهك مامهڵهكردن لهگهڵ گواستنهوهی مووچهی ئهو توێژانه بۆ سهر بهغدا ئاسانتره، بهڵام له ڕاستیدا ئهویش دهیان كیشهی ههیه، كه زۆر كهمترنین له هیی توێژی فهرمانبهران. لێرهدا لهبهر ماندوونهبوونی خوێنهران، نامهوێت زیاتر درێژه بهو بابهته بدهم و دەکرێت لە دەرفەتی دیکە بەتایبەت هەڵوەستەی لەسەر بکەین.
شیكاری: درەو 🔻 پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق؛ 🔹 تا کۆتایی تەموزی ساڵی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر (67 ترلیۆن و 190 ملیار) دینار بووە، کە (92.8%)ی داهاتی نەوت و(7.2%)ی داهاتی نانەوتی بووە. نزیکەی (2 ترلیۆن) دینار لە داهاتی ئاڵوگۆڕ کورتهێنانی هەبووە، بە پوختی زیاتر لە (65 ترلیۆن و 195 ملیار) دیناری بۆ ماوەتەوە. 🔹 کۆی خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) لە (1/1/2023 – 31/7/2023) بریتی بووە لە (54 ترلیۆن و 842 ملیار و 345 ملیۆن) دینار. 🔹 کۆی سەرڕێژی داهات بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 352 ملیار و 658 ملیۆن) دینار. یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە 1/1/2023 – 31/7/2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی تا تەموزی ساڵی (2023) لە (14ی ئەیلولی 2023) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (67 ترلیۆن و 190 ملیار و 77 ملیۆن و 149 هەزار و 451) دینار، بەجۆرێک بڕی (62 ترلیۆن و 180 ملیار و 417 ملیۆن و 66 هەزار و 186) دیناری بەڕێژەی (92.8%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (5 ترلیۆن و 9 ملیار و 660 ملیۆن و 83 هەزار و 355) دینار، بەڕێژەی (7.2%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕی (ترلیۆنێک و 995 ملیار و 73 ملیۆن و 413 هەزار و 567) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیە) کورتی هێناوە و بە پوختی (65 ترلیۆن و 195 ملیار و 3 ملیۆن و 735 هەزار و 974) دینار، کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. بەم پێیەش و بە تێکڕا داهاتی مانگانە زیاتر لە (9 ترلیۆن و 313 ملیار) دینار بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەر یەک لە مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایاری، حوزەیرانی و تەموزی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). دووەم؛ داهات و خەرجی و رادەی سەرڕێژی داهاتی وەزارەتی دارایی عێراق لە (1/1/2023 – 31/7/2023) پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی تا کۆتایی تەموزی ساڵی (2023) لە (14ی ئەیلولی 2023) بڵاو کردووەتەوە. کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە، بریتی بووە لە (65 ترلیۆن و 195 ملیار و 3 ملیۆن و 735 هەزار و 974) دینار، کە کەمترین بڕی داهات لە مانگی کانونی دووەمی (2023) کۆکراوەتەوە، هاوکات زۆرترین داهاتیش لە مانگی تەموزی ئەمساڵ گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی. لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی سەرجەم خەرجییەکانی بەهەردوو شێوەی خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە بریتی بووە لە (54 ترلیۆن و 842 ملیار و 345 ملیۆن و 68 هەزار و 481) دینار، کەمترین خەرجی لە مانگی کانونی دووەمی (2023) تۆمار کراوەو برەکەی بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 426 ملیار و 560 ملیۆن و 976 هەزار و 291) دینار و زۆرترین خەرجیش لە مانگی ئازار تۆمار کراوەو بڕەکەی بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 644 ملیار و 971 ملیۆن و 552 هەزار و 294) دینار. هەرچی پەیوەندیدارە بە سەر رێژی داهاتەوە دوای لێدەرکردنی خەرجی گشتی لە داهاتی گشتی بۆمان دەردەکەوێت وەزارەتی دارایی تەنها بڕی (10 ترلیۆن و 352 ملیار و 658 ملیۆن و 667 هەزار و 493) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە زۆرترین سەرڕێژی داهاتیش لە مانگی تەموزدا تۆمار کراوەو بڕەکەی بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 352 ملیار و 658 ملیۆن و 667 هەزار) دینار. بۆ وردەکاری تەواوی (داهات، خەرجی گشتی و سەرڕێژی داهات) لە (1/1/2023 – 31/7/2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). سێیەم؛ داهات و خەرجی و رادەی سەرڕێژی داهاتی وەزارەتی دارایی عێراق لە (1/1/2022 – 31/7/2022) پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە سەرەتای ساڵ تا کۆتایی تەموزی ساڵی (2022). کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە، بریتی بووە لە (91 ترلیۆن و 920 ملیار و 654 ملیۆن و 848 هەزار و 302) دینار، کە کەمترین بڕی داهات لە مانگی شوباتی (2022) کۆکراوەتەوە بڕەکەی بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 479 ملیار و 981 ملیۆن و 223 هەزار و 530) دینار، لەکاتێکدا زۆرترین داهات لە مانگی تەموزی هەمان ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و بڕەکەی بریتی بووە لە (16 ترلیۆن و 281 ملیار و 325 ملیۆن و 844 هەزار و 564) دینار. لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی سەرجەم خەرجییەکانی بەهەردوو شێوەی خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە بریتی بووە لە (58 ترلیۆن و 206 ملیار و 45 ملیۆن و 568 هەزار و 198) دینار، کەمترین خەرجی لە مانگی شوباتی (2022) تۆمار کراوەو برەکەی بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 120 ملیار و 344 ملیۆن و 688 هەزار و 35) دینار و زۆرترین خەرجیش لە مانگی حوزەیران تۆمار کراوەو بڕەکەی بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 960 ملیار و 75 ملیۆن و 840 هەزار و 989) دینار. ئەوەشی پەیوەندی بە سەر رێژی داهاتەوە هەیە، دوای لێدەرکردنی خەرجی گشتی لە داهاتی گشتی بۆمان دەردەکەوێت وەزارەتی دارایی لە ساڵی (2022)داو تا کۆتایی مانگی تەموز بڕی (33 ترلیۆن و 714 ملیار و 609 ملیۆن و 280 هەزار و 104) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە، زۆرترین سەرڕێژی داهاتیش لە مانگی ئایاردا تۆمار کراوەو بڕەکەی بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 617 ملیار و 521 ملیۆن و 382 هەزار و 233) دینار. بۆ وردەکاری تەواوی (داهات، خەرجی گشتی و سەرڕێژی داهات) لە (1/1/2022 – 31/7/2022) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). چوارەم؛ بەراوردی داهات و خەرجی و رادەی سەرڕێژی داهاتی وەزارەتی دارایی عێراق لە (1/1/2022 تا 31/7/2022) و (1/1/2022 تا 31/7/2022) پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە سەرەتای هەردوو ساڵی (2022 و 2023) تا کۆتایی مانگی تەموز؛ داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) لە (1/1/2023 – 31/7/2023) بریتی بووە لە (65 ترلیۆن و 195 ملیار و 3 ملیۆن و 735 هەزار و 974) دینار. بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)، داهاتی گشتی وەزارەتەکە بریتی بووە لە (91 ترلیۆن و 920 ملیار و 654 ملیۆن و 848 هەزار و 302) دینار. واتە داهاتی گشتی بڕی (26 ترلیۆن و 725 ملیار و 651 ملیۆن و 112 هەزار و 328) دینار بە رێژەی (29%) بەراورد بە پار ساڵ کەمی کردووە. بۆ بەراوردی سەرجەم مانگەکان بڕوانە (چارتی ژمارە (1)) کۆی خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) لە (1/1/2023 – 31/7/2023) بریتی بووە لە (54 ترلیۆن و 842 ملیار و 345 ملیۆن و 68 هەزار و 481) دینار. بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)، خەرجی گشتی وەزارەتەکە بریتی بووە لە (58 ترلیۆن و 206 ملیار و 45 ملیۆن 568 هەزار و 198) دینار. واتە خەرجی گشتی بڕی (3 ترلیۆن و 363 ملیار و 700 ملیۆن و 499 هەزار و 717) دینار بە رێژەی (5.8%) بەراورد بە ساڵی پێشتر کەمی کردووە. بۆ بەراوردی سەرجەم مانگەکان بڕوانە (چارتی ژمارە (2)) کۆی سەرڕێژی داهات لە (1/1/2023 – 31/7/2023) بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 352 ملیار و 658 ملیۆن و 667 هەزار و 493) دینار. بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)، سەرڕێژی داهاتی وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (33 ترلیۆن و 714 ملیار و 609 ملیۆن و 280 هەزار و 104) دینار. واتە سەرڕێژی داهات بڕی (23 ترلیۆن و 361 ملیار و 950 ملیۆن و 612 هەزار و 611) دینار بە نزیکەی (69%) بەراورد بە ساڵی (2022) کەمی کردووە. بۆ بەراوردی سەرجەم مانگەکان بڕوانە (چارتی ژمارە (3)) سەرچاوەکان؛ یەکەم؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة تموز لسنة 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة تموز لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة
یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق، هەڵكشان و داكشانی پێگەو كاریگەریی هێزو لایەنە بەشدارەكانییەتی، چ لەسەر ئاستی پەرلەمان و چ لە ئاستی حكومەت و كاریگەریی سیاسی و چەكداری. ئەم شڵۆقی و بێسەروبەرییەیش لە پێنج خولی ڕابردوودا (2005_ 2022) بووەتە هۆی گۆڕینی ئینتیمای سیاسیی سەرۆك وەزیران و پۆستی وەزارەتە سیادی و جومگەیییەكان و، هاوكاتیش هەڵكشان و داكشانی ژمارەی كورسی و كاریگەریی لایەنەكان لە دروستكردنی بڕیار. ئەم شرۆڤەیە تیشك دەخاتە سەر دوا پێشهاتی لێكترازانە سیاسییە ناوخۆیییەكانی شیعەو نوێترین هەڵوێست لەگەڵ لایەنە سوننەكان و، هەوڵدەدات دیدو تێڕوانینی هەردوولا بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان بخاتەڕوو. دوو جەمسەرە كاریگەرەكەی شیعە: چوارچێوەو سەدرییەكان لە پاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان لە ناوەڕاستی پار (2022)، خولی پێنجەمی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش لە عێراق بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی یەكلابووەوە، كە چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی گرنگترین هێزو لایەنە شیعەكانی دۆست و هاوپەیمان و شوێنكەوتەكانی ئێران. لەماوەی 15 مانگیش لە هەژموونی چوارچێوەی شیعەو مانەوەی سەدرییەكان لە دەرەوەی خولی پێنجەم و دوورەپەرێزگرتنی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتەكە لە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆتاییی ئەمساڵ (2023)؛ هێشتا ناوەندی سیاسیی شیعی هەر لە دڵەخورتێی ئەگەری گەڕانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی سەدرییەكان یان بەریەككەوتنە توندەكانی سەدرو هێزە خاوەن چەكدارەكانی شیعەدا دەژی. ئەوەیشی ئەم ترس و نیگەرانییانە زیاتر دەكات، نەبوونی هیچ بەرچاوڕونییەكە لەسەر پلان و بەرنامەی سەدر بۆ قۆناغی داهاتوو؛ تەنانەت لای سەركردەكانی ڕەوتەكەیشی كە نایشارنەوە سەرەتاو كۆتاییی بڕیار، بەدەست سەدرەو ئەمان بێئاگان لەوەی چی دەكات. سەدرییەكان كۆمەڵێك گرژی و ناكۆكییان لەگەڵ پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعە هەیە، بەتایبەت لەگەڵ مالیكی و عەسائیب و بە ڕێژەیەكیش لەگەڵ ڕەوتەكەی عەممار حەكیم، لە پاش هەڵبژاردنی 2021، كە ئەمانە كەمپینیان بۆ ڕاگرتنی سەدر دروست كرد؛ ئەویش ناوی نان “سێكوچكەی شووم”[1]. ئەم گرژییەیش لە كۆتایییەكانی ئابی 2022 بە شەڕێكی خوێناوی لە نێوان سەدرییەكان و گرووپەكانی چوارچێوەی شیعە لە ناوچەی سەوزی بەغدا كۆتایی هات و سەرەنجامیش سەدر بڕیاری دا بە كشاندنەوەی ڕەوتەكەی لە هەموو چالاكییەكی سیاسی و هەموو هێڵێكی تەماسی بەریەككەوتن، ئەویش لە دەركەوتنێكی شپرزەو كتوپڕدا لەبەردەم كامێرای میدیاكان[2]. هەرچەندە سەدر زۆر پێداگریی كرد لەسەر دوورەپەرێزی و پاراستنی ئاشتی، بەڵام دوو مانگ بەر لە ئێستا جارێكی تر بەریەككەوتن و گرژیی ناوخۆیی كەوتەوە نێوان لایەنە شیعەكان؛ بەناوبانگترینیان لە تەممووزی ڕابردوودا، كاتێك سەدرییەكان بارەگاكانی حزبی دەعوە و هەندێك لە هێزە چەكدارەكانی تری شیعەیان لە بەغدا و باشوری عێراق سوتاند، چونكە مالیكی و باڵە میدیایییەكانی دەستوپێوەندەكەی، تۆمەتبار كران بە بێڕێزیكردن بە مەرجەعی كۆچكردووی سەدرییەكان، محەمەد محەمەد سادق سەدری باوكی موقتەداو دامەزرێنەری یەكەمی ڕەوتی سەدر لە ساڵانی نەوەدەكان[3]. ئەگەرچی گرژییەكانی سەدرییەكان و حزبی دەعوە بەخێرایی دامركێنرانەوە، بەڵام نوێبوونەوەو سەرهەڵدانەوەیان ئەگەرێكی هەمیشە كراوەیە، چ لەنێوان سەدرییەكان و بەرەی مالیكی یان سەدرو عەسائیب و هێزەكانی تری شیعەی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەتایبەت ئەگەر هەڵمەتی هەڵبژاردن بەبێ سەدرییەكان بەڕێوەبچێت. لەكاتێكدا خۆخواردنەوەو توڕەیی زۆر لە بنكەی ڕەوتەكەدا هەیە دژ بە گۆشەگیربوونیان، ئەوەیشیان بیر نەچۆتەوە، پار بەدەستی باڵە چەكدارییەكانی چوارچێوەی شیعی، نزیكەی 30 كەسیان لێ كوژرا. چەند ڕۆژێك بەر لەئێستایش بەفەرمی یادی قوربانییەكانی مانگرتن و خۆپیشاندانەكانی پاری بەغدایان لە بەردەم پەرلەمان لە كەربەلا كردەوە[4]؛ ئەمە لە كاتێكدا لە هەڵچوونە كتوپڕەكەی پاردا موقتەدا سەدر جەختی كردەوە “بكوژو كوژراوی ئەو خۆپیشاندانانە لە دۆزەخدان”[5]؛ بەڵام دیارە ئێستا كە دۆخەكە هێور بووەتەوە، سەدرییەكان بڕیاریان گۆڕیوەو كوژراوەكانی خۆیان پێ ستەملێكراوەو بەرامبەرەكانیان دەستدرێژیكارو خەتابار! لە نوێترین پێشهاتی ئەو ناكۆكییانەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، كۆمێنتێكی سەدرە بە دەستخەتی خۆی لەسەر سكاڵای كەسوكاری 28 ئەفسەری پاسەوانی بەردەم باڵیۆزخانەی سوید كە سزا دراون لەسەر بەجێنەهێنانی ئەركی پاراستنی باڵەخانەكە، كە كەوتەبەر ڕقی سەدرییەكان لە چوارچێوەی كاردانەوە دژی سوتاندنی قورئان لە سوید. سەدر لە پەراوێزی سكاڵاكەدا حكومەتی چوارچێوەی شیعەی، چواندووە بە “حكومەتی عەباسی” كە “هیچ دۆست و هاوەڵی قورئان نین، هیچ پەیوەندییشیان بە عەقیدەوە نییە.”[6] ئەمەیش ئاماژەنمایەكی ڕوونە لەسەر هەڵكشانی كێرڤی ناكۆكییەكانی سەدرو چوارچێوە، لە سیاسییەوە بۆ دابڕانی عەقیدەیی؛ بەو مانایەیش دێت كە سەدر خۆی بە خاوەنی شەرعیی دەسەڵات دەزانێت لەسەر شێوازی عەلەوییە شیعەكان و، چوارچێوەی شیعەیشی پێ “عەباسی”یەكانە كە بە ناوی “ئالوبەیت”ەوە چوونە سەر دەسەڵات و لە عەلەوییەكان زەوتیان كرد. ئەمەیش دەرگەی كردووەتەوە بۆ ئەوەی هەندێك كەس گریمانی ئەوە بكەن سەدر پلانی ڕاماڵین و قڵپكردنەوەی دۆخەكەی هەیەو جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ بەشداری و شەراكەت لەگەڵ شیعەكان. دابەشبوونە ناوخۆیییەكانی چوارچێوەی شیعی بەپێی دوا ئامار، 134 لیست بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان بۆ كۆتاییی ئەمساڵ پەسەند كراون؛ 39 لەوانە هاوپەیمانێتین و 29 حزب و 66 پاڵێوراوی تاكیش بەشدارن؛ سەرجەم كاندیدە ڕكابەرەكانیش 6 هەزار كەسن[7]. لەناو ئەم قەرەباڵغی و جەنجاڵییەیشدا سەرەكیترین هێزە پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعی بەشدارن كە بریتین لە: دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی مالیكی، بەرەی هادی عامری، سەرۆكی بەدر، حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەممار حەكیم، ئەلنەسر بە سەرۆكایەتیی عەبادی، عەسائیب بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی، لەگەڵ كۆمەڵێكی تر هێزی شیعی لە چەشنی ئیرادەی حەنان فەتلاوی و لیستێكی ئەحمەد ئەسەدی سەرۆكی “جند الإمام”؛ سەرجەمیشیان بەفەرمی لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی 18ی كانوونی یەكەمی 2023 بەشدار دەبن. هەرچەندە هێزە شیعەكان لە هەندێك پارێزگا بە یەك لیست و لە هەندێكی تر بەپەرتەوازەیی دەچنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەو چەترەی كۆیان دەكاتەوە- كە چوارچێوەی شیعییە- بڕیاری هەیە لەپاش هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دیسانەوە هاوپەیمانی دروست بكاتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو[8]؛ بەمەیش بەسەر لێكەوتەكانی فرەلیستیی ئەم بەرە شیعییەدا زاڵ ببێت. بەڵام دابەشبوونەكانی بەر لە هەڵبژاردن ئالۆزو گەرمن و بەفەرمی 11 لیستی شیعییە لە 15 پارێزگا كە 50 حزب و ڕەوت و هێز لەخۆ دەگرێت؛ لە 10 پارێزگادا لیستەكەی مالیكی (دەوڵەتی یاسا) بەتەنیایە، لە باشوری عێراقیش دوو لیستی گەورە هەن؛ یەكێكیان تێكەڵ لەگەڵ چوارچێوەی شیعی و ئەوی تر فرەجۆرە[9]. بەهۆی ئەم دابەشبوونەی هەڵبژاردنەكانیشەوە، خەریكە تای هەڵبژاردن وردە وردە لەناوخۆی چوارچێوەی شیعە گەرم دەبێت، بەتایبەت كە شەڕی گەورە بە دوو ئاڕاستەیە: یەكەمیان پەڕینەوەی زۆر لە هێزە شیعەكان بۆ پارێزگا نوێیەكانی وەك ئەنبارو نەینەواو دیالەو كەركوك، دووەمیشیان پڕكردنەوەی بۆشاییی سەدرو بردنی میراتی كەنارگیرییە سیاسییەكەی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق. هەر لە چوارچێوەی ئەم ململانێیەیشدا لە دیالە بۆ نموونە، كە پارێزگای قاچاخچێتی و گرژیی تائیفی و “خاصرة لاکەلەکە” كەلەكەی ئەمنیی ئێرانە، قەیس خەزعەلی و بزوتنەوەكەی، عەسائیب وەك ڕكابەرێكی سەرەكیی ڕێكخراوی بەدری هادی عامری و فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەركەوتووە كە هەردووكیان خەڵكی ئەم پارێزگایەن. بەم پێیەیش كێبركێی گەرم لەنێوان هاوپەیمانیی عامری/ فەیاز (هاوپەیمانیی نبني) لەگەڵ بزوتنەوەی عەسائیب و وردە هێزەكانی هاوپەیمانی دەبن[10]. لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور چەند لیستێكی تری هەڵبژاردن كێبركێ دەكەن لە چەشنی، “المنتصرون”ی كەتیبەكانی “سید الشهداء”، لیستی “الصدق والعطاء” بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد ئەلئەسەدی، وەزیری كارو فەرماندەی “كتائب جند الإمام” كە لیوای شەشەمن لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، هەروەها بزوتنەوە سیاسییەكەی حەنان فەتلاوی بەشدارە بە ناوی “إرادە”[11]. بەم پێیەیش شێوەیەكی گشتیی ڕكابەرییەكانی قۆناغی داهاتووی شیعە لەنێوان چەند جەمسەرێك دەبێت لە چەشنی مالیكی - خەزعەلی/ عامری - خەزعەلی/ حەكیم - عامری/ حەكیم - خەزعەلی و، سەرجەمیشیان لەگەڵ ڕەوتی سەدردا لە ناكۆكی و ناجۆریدان. لەناو ئەم جەنجاڵییەیشدا یەكێك لەو كەرەستانەی كە سەرجەمیان هەناردەی كێشە ناوخۆیییەكانی پێ دەكەن، مەسەلەی بودجەو موچەو چۆنێتیی مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان. ئەوەیش بەڕوونی لە گوتاری سیاسیی هێزە شیعەكاندا دیارە كە جەخت لە بەشخوراویی پارێزگاكانی باشورو ڕێگرتن لە گواستنەوەی داهاتی نەوت بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە؛ تەنانەت پاش ئەوەیشی كە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە بەبێ ئەوەی چارەسەرێك بۆ دۆخەكە بخاتەڕوو یان ئەم گوتارە بەرامبەر ئەو پارێزگایانەی تر بەكار بهێنێت كە بەرهەمی نەوتیان نییە وەك: ئەنبار یان دیالە بە نموونە. كێشە بۆماوەیییەكانی هێزە شیعەكان و لایەنە سوننەكان كۆتاجار كە شیعەكان لەسەر زاری “محەمەد شیاع سودانی”یەوە گفتیان دا پابەند بن بە مەرج و داخوازییەكانی لایەنە سوننەكان لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت، لە دیداری سودانی و حەلبوسی بوو لەناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوو[12]، بەڵام ئاماژەكان لەسەر ئەوەن جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە بەكردەیی و بەهێمنی بەرەو سڕكردن دەڕوات[13]؛ بەتایبەت كە یەكێك لە بڕگە سەرەكییەكانی ئەو داواكارییانە مەسەلەی لێبوردنی گشتییە بۆ زیندانییەكان كە زۆرینەیان هی ناوچە سوننەكانن بە تۆمەتی تیرۆر. یاساكەیش سەرباری ئەوەی بە فەرمانی سەرۆك وەزیران لیژنەی بۆ پێكهێنراوە، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە كێ دەگرێتەوەو، زۆر لە چاودێرانیش پێیان وایە دەكرێت بەئاسانی پرۆژەكە لە ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵ بكرێتەوەو بە ئاڕاستەیەكی تر ببرێت لەژێر ناوی سوككردنی باری سەرشانی زیندانەكان كە كێشەی قەرەباڵغییان هەیە[14]. هەروەها زۆر لە هێزە شیعەكان نایشارنەوە بەنیازن گیراوەكانی ماددەی 4ی تیرۆر هەڵاواردە بكەن لە لێبوردن كە زۆرینەیان لە ناوچە سوننەكانن. بۆ داواكارییەكانی تر كە ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە سوننە وێرانەكانی پاش جەنگە، لەگەڵ داواكارییەكانی تر، هێشتا هیچ هەنگاوی گەورەی بۆ نەنراوە. لایەنە سەرەكی و فەرمییەكانی سوننە ناتوانن بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن یان لە حكومەت بكشێنەوە، چونكە باوەڕێكی زاڵ هەیە كە “مەرجەعییەتی پێكهاتەی سوننە، دەسەڵاتە”؛ بەو مانایەی هێزێك لێی دوور بكەوێتەوە پەراوێز دەكەوێت. بەڵام لەسەر ئاستی ئەو هێزە سوننە نەیارانەی شیعە كە لە دۆخەكە سودمەند نین یان لە دەسەڵاتدا نین، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە خۆیان نمایش بكەن كە یەكێكیان بانگەشەی هەرێمی سەربەخۆیە، یان هەوڵی ترساندنی شیعەكان بەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا یەكدەگرن بۆ دروستكردنی هەرێمێكی یەكگرتوو. بۆ ئەم مەبەستەیش سەكۆ ئەلیكترۆنی و كەمپینیان لە سۆشیاڵمیدیا بەرپا كردووەو نەخشەسازی بۆ پرۆژەگەلێك دەكەن كە ژێرخان و زەمینەی جێبەجێبوونیان لە واقعدا نییەو زیاتر بۆ دروستكردنی گوشارە[15]. مامەڵەی لایەنە شیعەكان لەگەڵ هەرێم جیاواز لە ویلایەتی دووەمی مالیكی كە گرژی و بەریەككەوتنی ئاشكرا لەنێوان هەرێم و بەغدا ناونیشانی سەرەكیی بوو، لە ئێستادا حكومەتی سودانی، كە هی چوارچێوەی شیعییە، لەسەر ئاستی فەرمی و میدیایی خۆی بەدوور دەگرێت لەوەی بكەوێتە سەنگەری ململانێی ئاشكرا لەگەڵ هەرێم. ئەوەیشی هاندەرە بۆ ئەم تەبایییە ڕووكەشە، زیاتر لە دوو پاڵنەری سەرەكیدا دەردەكەوێت كە یەكێكیان هەوڵی پارێزگاریكردنە لە دەسكەوتەكانی چوارچێوەی شیعەو ئەزموونە حوكمڕانییە نوێیەكەی لەبەرچاوی دنیا، دووەمیشیان شڵۆقیی پێگەی حكومەتی چوارچێوەیە لە بەردەم تەحەددا ئابوری و دارایییەكان (دۆلار بەتایبەتی) لەگەڵ مۆتەكەو تارماییی بەردەوامی سەدر. بەڵام لەسەر ئاستە كردارییەكە ئەوەی بۆ ئەم حكومەتە ڕەخساوە لە ئیحتیواكردنی هەرێمی كوردستان و ئابورییەكەی و كەڵكوەرگرتن لە كێشە كەڵەكەبووە ناوخۆیییەكانی، بۆ هیچ كابینەیەكی پێشووتر بەبەردەوام دەستی نەداوە، بە كابینەی حەیدەر عەبادییشەوە كە لە 2017 كەركوكی گێڕایەوە بۆ چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵ و بەسەر تەنگژەو قەیرانی ڕیفراندۆمدا زاڵ بوو. بەشێك لەو شانس و دەرفەتانەیشی بۆ ئەم حكومەتە ڕەخساوە، لەڕێگەی “دادگەی فیدراڵی”یەوە فەراهەم بووەو بەشەكەی تریشی پۆپۆلیزمی شیعی لەناو پەرلەمان یارمەتیدەرییەتی، بۆ نموونە لە كاتی گفتوگۆی بودجەدا “هەڵۆكانی دارایی”و لەكاتی پێدانی قەرزدا “پەرلەمانتارانی ناوەڕاست و باشور”[16]. هەرەچەندە ئەمانەیش زۆرینەی پەرلەمانتاران نین، بەڵام ڕێژەیەك لە پاڵپشتیی جەماوەرییان هەیەو لەم نێوەیشدا هەندێك ڕاپرسیی سنوردار دەریدەخات كە، نزیكەی زیاتر لە 80%ی بەشداربووانی هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشور، پێیان وایە هەرێمی كوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی نییە؛ هەروەها چیرۆكی كوردستان وەك جاران جێگەی سەرنجی هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشور نییەو 38%یش لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە[17]. هەندێك كەسایەتیی شیعەیش بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن بەغدا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی و بیانیدا بكات بۆ وردبینیی خەرج و داهاتی هەرێم[18]. جگە لەو هۆكارانەی سەرەوەیش لێكترازانی ناوخۆییی هەرێم و كەڵەكەبوونی هەڵەكان بەبێ هەبوونی ئاسۆیەك بۆ چارەسەربوونیان، هاندەری حكومەتی فیدراڵ و هێزە شیعەكانە گوشاری زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكات. لە لایەكی تریشەوە هەناردەكردنی نەوت بۆ توركیا عەیبەكانی ئابوریی بەرخۆری هەرێمی دەرخست و، ئێستا دەگوترێت قەوارەی هەرێمێك كە پشتئەستوور بوو بە نەوت، شڵۆق و لەرزۆكە [19]، لە كاتێكدا ئەم ڕاستییە دەرهەق بە دەوڵەتی عێراقیش هەر هەمان شتەو ئەویش ئابورییەكەی دەوروبەری 95%ی، بەپێی ڕاپۆرتە دارایییە فەرمییەكان پشتئەستوورە بە نەوت. لەناو پێكهێنەرەكانی حكومەتی چوارچێوەی شیعەدا هێزە دێرینەكانی وەك دەعوەو بەدرو حیكمەو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، خۆیان لە بەریەككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەدوور دەگرن، بەڵام پەرلەمانتارو ئاستەكانی خوارەوەیان، لە ئیشی خۆیان بەردەوامن كە هەوڵی چەسپاندنی ناوەندگەراییی دارایی و كارگێڕی دەدەن و كۆدەنگیی نوێنەرەكانیشیان لە لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بڕگەو بابەتەكانی بودجە ئاماژەنمایەكی ڕوونە. لە دەرەوەی حزبە سیاسییە دامەزرێنەرەكانی پرۆسەی سیاسی، هەندێك لە كادرە شیعە باڵاكان تا ئاستی سڕینەوەی ناوی كوردستان لە ئەدەبیاتی سیاسیدا دەڕۆن؛ بۆ نموونە باقر جەبر كە لە چوار كابینەی حكومەتەكانی عێراقدا وەزیر بووەو سەركردەیەكی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە، داوای چەسپاندنی زاراوەی “شمال الوطن” دەكات لەبری كوردستان[20]؛ كە ئەمەیش دووبارەكردنەوەی هەمان كەلتووری بەعسە. بەم دوایییانە هەندێك هێزی سیاسیی شیعەی نوێ هەڵكشاون، لەوانەیش: بزوتنەوەی عەسائیب بە سەرۆكایەتیی خەزعەلی. ئەم هێزە كە یەكێكە لە ڕاگرەكانی حكومەتی سودانی و بە وەزیری خوێندنی باڵا لە كابینەكەدا بەشدارە، نایشارێتەوە لەگەڵ “جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەتی ناوەندییە كە پارێزگاری لە دەوڵەتی عێراق بكات”؛ هەروەها بانگەواز بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی نوێ دەكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان “لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە دەوڵەتی عێراقی یەكگرتوو”[21]. مەترسیی ئەم گوتارە ناوەندگەرایییەیش، هاوكاتبوونییەتی لەگەڵ بارودۆخێكی هەرێمایەتی كە تێیدا سەرچاوە ئەمریكییەكان ئاماژە بەوە دەكەن گرنگیدانی ئەمریكا بە عێراق پاشەكشەی كردووە بۆ نزمترین ئاست لەچاو كۆمەڵێك دۆسیەی تر لە ئۆكراینا و تایوان[22]؛ هەروەها لە كاتێكدایە كە ئێران لە هەڕەشەی بەردەوامەو، گوشار دەكات بۆ دوورخستنەوەی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لە سنورەكانی عێراق و ئێران لەناو هەرێمی كوردستان، ئەگەر نا هێرش و پەلاماری سەربازی ئەنجام دەدات[23]. هەموو ئەمانەیش هاوكات لەگەڵ قەیرانی دارایی، بوونەتە ئەوەی هەرێم لەچوارچێوەی عێراقدا هیلاك و گەمارۆدراو دەركەوێت، كە ئێستا بە شێوەیەكی كاتی و لە دۆخێكی دەگمەن و بێپێشینەدا لەڕووی سیاسی و داراییشەوە جێگیرە، بەتایبەت كە نرخی نەوت لە هەڵكشانە. بژاردەكانی بەردەم هەرێم سەرباری ئەوەی عێراق نەخۆش و كێشەدارە بەڵام وا دیارە لەژێر ناونیشانی “نە بووژانەوە نە ڕووخان” هەر بەردەوام دەبێت، چونكە ئەوە پێویستییەكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییە. بۆ هەرێمی كوردستانیش لە ئێستادا هیچ بژاردەیەكی بەدیل بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق بەردەست نییەو هەموو كێشەكان لە بەغدا كەڵەكە بوون و هەموو ڕێگەكانی چارەسەریش هەر دەچنەوە بەغدا. ئەگەرچی هەرێمیش كارتی زۆری لەدەست داوەو لە ئێستادا لەژێر گوشاری گەمارۆ و لێكەوتەكانی كێشەی ناوخۆیی و خراپیی ئیدارەدانە، بەڵام هێشتا هەندێك دەرفەتی كەمی ئەوەی هەیە بە كاركردن لەسەر دژیەكی و كەڵكوەرگرتن لە كێشەو لێكترازانە عیراقییەكان، هەندێك لە گوشارەكانی سەرشانی كەم بكاتەوە، ئەگەر ئامادەسازی بكات و هەندێك لە كێشەكانی ناوخۆی چارەسەر یان كپ بكاتەوە. تێگەیشتن لە عێراقی پاش داعش ئاڵۆزترەو، نەخشەی هێز هاوشێوەی پاش 2003 نییە، بەتایبەت لەناو پێكهاتەی حوكمڕان؛ بۆیە سەرەتا تێگەیشتن و توێژینەوە و پاشان هەوڵی دروستكردنی ڕایەڵەی پەیوەندیی نوێی پێویستە، بەتایبەت كە ئێستا هێزو دەموچاوی نوێ لەناو شیعە لە هەڵكشاندان لەسەر حیسابی كۆنەكان و، تا ئێستایش لە عێراقدا بەدیلێك بۆ هاوپەیمانێتیی كوردو شیعە نییە بۆ ڕاگرتنی دۆخەكە. بۆیە مامەڵەكردن لەگەڵ یەكتر ناچارییە. [1]https://2u.pw/0RtBXce [2]https://2u.pw/N8ualBh [3]https://2u.pw/H3h2LLS [4]https://2u.pw/lmFhvn0 [5]https://2u.pw/N8ualBh [6]https://2u.pw/H5QM0Qs [7]https://2u.pw/0f6vpI7 [8]https://2u.pw/RNCBNxH [9]https://2u.pw/DelXlOm [10]https://2u.pw/86FptPG [11]https://2u.pw/86FptPG [12]https://2u.pw/LPZHOae [13]https://2u.pw/vubuYbf [14]https://2u.pw/Ygln26o [15]https://2u.pw/W184o0r [16]https://2u.pw/G6D6zjh [17]https://2u.pw/nOFULjd [18]https://2u.pw/lvFJEHY [19]https://2u.pw/RD2FXoh [20]https://2u.pw/ATKomVV [21]https://2u.pw/FGqJu2P [22]https://2u.pw/C4DM1M8 [23]https://2u.pw/1WK9KvE ئهم بابهته له پێنووس _ خانەی هزریی كوردستان وهرگیراوه
درەو: لە ماوەی (90) رۆژی رابردوودا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەنیا یەك موچەیان وەرگرتووە، لە (9) مانگی رابردوودا تەنیا (6) موچە دابەشكراوە، بە تێكڕا حكومەت لە 2023دا بە (45) رۆژ جارێك موچەی دابەشكردووە، تا كۆتایی ساڵ چارەنووسی (2 بۆ 3) موچە دیار نامێنێت، واتا لە سێ مانگی وەرزی هاویندا موچەخۆرێك تەنیا موچەی (یەك) مانگی وەرگرتووە، بەڵام كرێ خانوو كارەبا و ئاوو مۆلیدەی سێ مانگی داوە. بەوەرزێك یەك موچە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی حوزەیرانی 2023ەوە بۆ ئەمڕۆ 21ی ئەیلولی 2023 كە دەكاتە (90) رۆژ تەنیا یەك موچەی دابەشكردووە ئەویش موچەی مانگی (شەش) بووە لە لە 8ی ئابدا. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا 2023 بەم شێوەیە موچەی دابەشكردووە: • لە رۆژی 6ی شوبات موچەی مانگی یەكی دابەشكردووە • لە رۆژی 8ی ئازار موچەی مانگی دووی دابەشكردووە • لە رۆژی 6ی نیسانی موچەی مانگی سێی دابەشكردووە • لە رۆژی 14ی ئایار موچەی مانگی چواری دابەشكردووە • لە رۆژی 24ی حوزەیران موچەی مانگی پێنجی دابەشكردووە • لەرۆژی 3ی ئاب موچەی مانگی شەشی دابەشكردووە ئێستا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نزیك دەبنەوە لە مانگی (10) بەڵام چاوەڕوانی موچەی مانگی (7) دەكەن، واتا لە (9) مانگی رابردوو تەنیا (6) موچەیان وەرگرتووە، واتا لەماوەی (265) رۆژ رابردوودا (6) موچەیان وەرگرتووە كە بە تێكڕا نزیكەی (45) رۆژ جارێك موچەیان وەرگرتووە. خۆ ئەگەر تا كۆتایی ساڵی 2023، حكومەتی هەرێم (3) موچەی تر دابەش بكات، چارەنووسی (3) موچەی تر بە نادیاری دەمێنێتەوە، كە نازانرێت حكومەتی هەرێم وەك پاشەكەوت ئەژماری دەكات، یان وەكو قەرز دەیخاتە ئەستۆی بەغداد. موچەو كرێ و قیست موچەخۆرێك لە وەرزی هاویندا تەنیا (یەك) موچەی وەرگرتووە، بەڵام سێ كرێ خانوو، سێ كرێی كارەبا، سێ كرێی مۆلیدە، سێ كرێی ئاو، سێ قیست و قەرز (ئەگەر لای بێت) داوە. بۆ نمونە. ئەگەر موچەخۆرێك موچەكەی (750) هەزار دینار بێت و كرێچی بێت، ئەو موچەخۆرە یەك جار موچەی وەرگرتووە (750) هەزار دینار، بەڵام سێ جار خەرجی هەبووە: • كرێی خانوو مانگانە (300) هەزار، واتا سێ جار (900) هەزار دینار • كرێی مۆلیدەر ئەگەر (4) ئەمپێری هەبێت بە (10) هەزار واتا لە وەرزی هاویندا (120) هەزار دیناری داوە. • كرێی ئاو (10) هەزاری مانگانە واتا (30) هەزار • كرێی كارەبا (20) هەزار واتا بۆ وەرزی هاوین (60) هەزار • كرێی ئینتەرنێت و مۆبایل (25) هەزار بۆ وەرزەكە (75) هەزار دینار. • ئەگەر كەسێك قیستی لەسەر بێت مانگانە (50) هەزار بۆ وەرزی هاوین دەكاتە (150) هەزار دینار • سەرەرای خەرجی دیكەی ماڵ كە مانگانە (100) هەزار دینار بۆ وەرزی هاوین (300) هەزار دینار. واتا كۆی گشتی موچەخۆرێك لە سێ مانگدا (750) هەزار دیناری وەرگرتووە، بەڵام سێ مانگ خەرجی كردووە، نزیكەی ( ملیۆن و 600 هەزار) دیناری خەرجكردووە. واتا بە كۆی گشتی موچەخۆرێك لە سێ مانگی وەرزی هاویندا تەنیا (یەك) موچەی وەرگرتووە، بەڵام خەرجی سێ مانگی داوە، ئەمەش بارگرانییەكی گەورەیە بۆ هەر خێزانێك و كاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕاو وەستانی كارو كاسبی هەیە. موچەی تەمووز لە پاییزدا بڕیارە لەسەرەتای هەفتەی داهاتووداو دوای گەیشتنی قەرزە (700) ملیار دینارەكە حكومەتی هەرێم دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگی تەمووز بكات. داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم: • مانگانە 700 ملیار دیناری بەغداد • مانگانە (320) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ • مانگانە (25) ملیار دیناری یارمەتی هاوپەیمانان • كۆی گشتی مانگانە: (ترلیۆنێك و 45 ملیار) دینار • مانگانە كۆی موچە: (944) ملیار دینارە • پارەی ماوە بۆ خەرجی (100) ملیار دینار
راپۆرت: درەو رۆژی 5ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رێنمایی تایبەت بە دەنگدانو جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەركردووە، بەپێی رێنماییەكان، دەنگدانو ژماردنی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت نەك شێوازی دەستیی، كارتی بایۆمەتری لەگەڵ رەگەزنامە یاخود كارتی نیشتمانی مەرجە بۆ بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكەدا. هەرێمی كوردستان یەك بازنە دەبێت بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەرێگەی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانی خۆیەوە، بە نوسراوێك رێنمایی تایبەت بە (دەنگدانو جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان)ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەوانەی ئۆفێسەكانی كۆمسیۆن كردووە لە هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی ئەوەی لە رێنماییەكانی كۆمسیۆندا هاتووە، لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموار كراو، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بەشێوەی یەك بازنەیی بەڕێوەدەچێت، واتە هەرێمی كوردستان بەگشتی یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت. دوای زیاتر لە 15 مانگ ناكۆكی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەر لەوەی دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، پارتیو یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتن لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، شێوازی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكەن بە "فرە بازنەیی"، واتە هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە ئۆكتۆبەری 2021دا بەڕێوەچوو، پارتی لەسەرەتاوە جەختی لەسەر ئەوە دەكرد هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی تر شێوازی هەڵبژاردن یەك بازنەیی بێت، لەمەشدا هەریەكە لە حزبی شیوعی كوردستانو پارتی سۆسیال دیموكراتو بزوتنەوەی ئیسلامی پاڵپشتیان دەكرد، چونكە ئەم لایەنانە پێیان وابوو لە شێوازی فرە بازنەیدا دەنگەكانیان دەفەوتێتو توانای سەرخستنی كاندیدەكانیان نابێت، بەڵام لەبەرامبەردا یەكێتییو بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی دادگەرییو یەكگرتووی ئیسلامی پشتیوانیان شێوازی فرەبازنەیی دەكرد، پێیانوا بوو شێوازی یەك بازنەیی دەبێتە هۆی ئەوەی پارتی جارێكی تر زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكات. سەرباری ئەوەی هەردوو بەرە ناكۆكە لەسەر شێوازی فرە بازنەیی رێككەوتنو بڕیاریاندا كوردستان بكەن بە چوار بازنەی هەڵبژاردنو هەر پارێزگایەك بازنەیەك بێت (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتیی لەبارەی دابەشكردنی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن رێگر بوو لەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە بۆ فرە بازنەییو بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵیشەوە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەسەردا هاتو یاسا كۆنەكە وەكو خۆی مایەوە. بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستانیش كاراكردنەوەكەی پەكی كەوتو بەوهۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەنای بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بردو ئەركی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی كوردستانی پێ سپارد. دەنگدانی رەوەندی كوردی سەرباری ئەوەی لە هەڵبژاردنی لەدوای هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە ساڵی 2009، ئیتر رەوەندی دەرەوە لە بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن بێبەشكراون، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جارێكی ترو بۆ هەڵبژاردنی شوباتی داهاتی پەرلەمانی كوردستان جارێكی تر دەنگدانی رەوەندی دەرەوەی جێگیركردووە. لەڕووی یاساییەوە بەشداری رەوەندی دەرەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هیچ گرفتێكی تێدا نییە، بەڵام چەند هەڵبژاردنێكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئەوە رادەگەیەنێت كە توانای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی لە دەرەوە نییە. كێ مافی دەنگدانی هەیە؟ بەگوێرەی رێنماییەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەوانەی مافی دەنگدانیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تەمەنی 18 ساڵییان تەواو كردبێتو كارتی بایۆمەترییان هەبێت لەگەڵ رەگەزنامە یاخود كارتی نیشتمانی. دەنگدانی تایبەت رێنماییەكانی كۆمسیۆنی ئاماژە بەوە دەكات، دەنگدانی تایبەت بەر لە 48 كاتژمێر لە دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێتن دەنگدانی تایبەت ئەمانە دەگرێتەوە: • هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ- پێشمەرگە- سوپا- كارمەندانی نەخۆشخانەكان- كارمەندانی زندانەكانو زیندانیان بەگوێرەی رێنماییەكان، دەنگدانی تایبەتو گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی شوباتی داهاتوودا، لە كاتژمێر (7:00) بەیانی دەستپێدەكاتو لە كاتژمێر (6:00)ی ئێوارە كۆتایی دێت. دەنگدان ئەلیكترۆنی ! سەرباری ئەو ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانانەی كە بەهۆی دەنگدانو ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكانەوە لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی عێراقدا دروستبوو، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریداوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش هەمان میكانیزم پەیڕەو بكات. بەپێی ئەوەی لە رێنماییەكەی كۆمسیۆندا هاتووە، پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی شوباتدا بەمشێوەیە دەبێت: • پرۆسەی دەنگدان بەشێوەە ئەلیكترۆنی بەڕێوەدەچێت، لەڕێگەی بەكارهێنانی ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی، كە لەسەر ئاستی وێستگەی دەنگدان تۆماری دەنگدەرانی تێدا هەڵگیراوەو هەڵدەسێت بە خوێندنەوەی تۆماری كارتی بایۆمەتری دەنگدەرو لەرێگەیەوە بەراوردكاری دەكرێت لەنێوان پەنجەمۆرو خوێندنەوەی (QR)ی كارتی دەنگدان، هەروەك بەراوردكاری دەكرێت لەنێوان تۆماری كارتەكەو تۆماری ئامێرەكەو، كارتەكە دەخرێتە ناو ئامێری جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان بۆ خوێندنەوەو شیكردنەوەی كارتەكە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی. • ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی بۆ هەموو وێستگەیەكی دەنگدان دابین دەكرێتو تەنیا تۆماری ئەو وێستگەیەی تێدا دەبێت. • دەنگدەر بەشێوەی نهێنی دەنگدەداتو بە قەڵەمێكی تایبەت كە كۆمسیۆن بۆ ئەم مەبەستە تەرخانی دەكات، مۆر لەو لیستو كاندیدانە دەدات كە هەڵیاندەبژێرێت. ژماردنی دەنگەكانیش ئەلیكترۆنی دەبێت جیاكرنەوەو ژماردنی دەنگەكان یەكێك لەو قۆناغە هەستیارانەی پرۆسەی هەڵبژاردنە لە عێراقو هەرێمی كوردستان كە بەردەوام كێشەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەهۆی ئەو ناكۆكیانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 2021دا دروستبووە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پەرلەمانی عێراقی پابەند كرد بەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەشێوەیەك هەموار بكاتەوە كە ژماردنی دەنگەكان تێیدا بەشێوەی دەستیی بێت، نەك ئەلیكترۆنی، پەرلەمانی عێراق كە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانو ئەمجومەنی پارێزگاكانی هەموار كردەوە لەبەر رۆشنایی ئەم بڕیارەدا، لەپاڵ بەكارهێنانی ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكاندا، ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی جێگیركرد. بەڵام بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە ئاڕاستەی ئۆفێسەكانی خۆی كردووە لە هەرێمی كوردستان، بۆ هەڵبژاردنی مانگی شوباتی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، میكانیزمی جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان بەمشێوەیە دەبێت: • بۆ جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان پشت بە ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان دەبەسترێت. • سەرجەم تۆمارەكانی دەنگدان (بە ژمارەی نهێنی كارتەكانی دەنگدان/ QR) لە ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنییەوە بۆ ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان لەرێگەی كێبڵێكەوە كە هەردوو ئامێرەكە بەیەكترییەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش بۆ بەراوردكردنی كارتی دەنگدانی ناو سندوقەكان لەگەڵ تۆماری ناو ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی. • لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، پرۆسەی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی لەناو وێستگەی دەنگدان ئەنجام دەدرێت لەرێگەی ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان كە بەستراوە لە سندوقی دەنگدان. • تۆماری ئەنجامی هەڵبژاردن لەناو میمۆری ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنیدا هەڵدەگیرێت. • لەرێگەی (V.SAT)ەوە ئەنجامی ئەلیكترۆنی دەنگدان رەوانەی سەنتەری بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكرێت. • راپۆرتی كاغەزیی ورد لەبارەی ئەنجامی دەنگدان لە وێستگەكان دەردەكرێتو كۆپییەكی دەدرێت بە بریكاری هەموو حزبو لیستەكانو كاندیدەكان. میكانیزمی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆن، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكانو چاپكردنی راپۆرتی ئەنجامەكانو رادەستكردنی بە نوێنەری لایەنەكات، بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان هەڵدەسێت بە راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی تایبەتو گشتیی.
شیكاری: درەو 🔻 پاڵپشت بە چاودێری کردن (رصد)ی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2023 – 25/9/2023)؛ 🔹 (6) کۆمپانیای فڕۆکەوانی (مەلەکی ئوردنی، عێراق ئێروەیس، قەتەر ئێروەیس، فلای دوبەی، ماهان ئێر و فلای بەغداد) گەشتەکانیان ئەنجامداوە. 🔹 ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە (هەزار و 747) گەشتیان تۆمار کردووە، بە جۆرێک (877) گەشتی (هاتن) و (870) گەشتی (رۆشتن)یان ئەنجام داوەو دەدەن. 🔻 بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو (5/4/2022 – 25/9/2022)؛ 🔹 (10) کۆمپانیای فڕۆکەوانی (مەلەکی ئوردنی، عێراق ئێروەیس، قەتەر ئێروەیس، تورکش ئێرلاین، فلای دوبەی، ماهان ئێر، فلای بەغداد، کۆندۆر ئێر، فلای ئەربیل و پێگاسۆس ئێرلاینس) گەشتەکانیان ئەنجامداوە. 🔹 ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە (2 هەزار و 969) گەشتیان تۆمار کردووە، بە جۆرێک (هەزار و 488) گەشتی (هاتن) و (هەزار و 481) گەشتی (رۆشتن)یان ئەنجام داوە. 🔻 کەواتە لەگەڵ دەستپێکردنی گەمارۆکانی تورکیا لە ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو (هەزار و 222) و بە رێژەی (41%) گەشتەکانی فرۆکەخانەی سلێمانی کەمی کردووە، کە (611) گەشتی (هاتن) و (611) گەشتی (رۆشتن) بووە. سەرەتا لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ لە دەسەڵاتی فرۆکەوانی تورکیاوە، ئیمێڵێک ئاراستەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکرێت، بە بیانووی "پرسێکی ئەمنی"یەوە، گەشتەکانی نێوان تورکیاو فرۆکەخانەی سلێمانی رادەگیرێن، وەک ئەوەی لە ئیمێڵەکەدا هاتووە، تەنها گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی نییە، بەڵکو ئاسمانی تورکیا بەڕووی هەموو ئەو گەشتانەشدا دادەخرێت کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بە ئاسمانی تورکیادا دەفڕن بۆ ئەورپاو وڵاتانی تر، یان لە ئەوروپاوە گەشت دەکەن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و لە تورکیادا ترانزێتیان هەیە. بەو هۆیەوە سەرجەم ئەو گەشتانەشی پلان وابوو لە مانگی نیساندا ئەنجام بدرێن هەڵوەشێندرانەوە. زیاتر لەوەش لە ئیمێڵەکەی دەسەڵاتی فرۆکەوانی تورکیا ئاماژە دراوە بەوەی، ئەو گەشتانەی کتوپڕ و پزیشکین پێویستیان بە مۆڵەتی فەرمی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا دەبێت. لە سەرەتادا وا بڕیار بوو راگرتنی گەشتەکان تاوەکو (3ی تەمموز) بخایەنێت، رۆژی (18ی حوزەیران)ی ئەمساڵ )هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی( رایگەیاند، ئەگەر هیچ بارودۆخێکی نەخوازراو نەیەتە پێشەوە مانگی تەمموز، کێشەی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانی چارەسەر دەبێت. بەڵام دواتر )هەندرێن موفتی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی(ئ اماژەی بەوەکرد، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە فەرمی ئاگادار کراونەتەوە کە تا سەرەتای ساڵی 2024 راگرتنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا بەردەوام دەبێت. رۆژی (29ی ئەیلول) )سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم( لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە میانی سەردانەکەی ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان، داوایان لێکردووە گەشتەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە ھۆکاری خۆی ھەیە بۆ راگرتنی گەشتەکان. لەم ڕاپۆرتەدا پاڵپشت بە چاودێری کردن (رصد)ی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2023 – 25/9/2023)، تیشک دەخەینە سەر ژمارەی ئەو گەشتانەی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەنجام دراون، پاشان بەراوردی دەکەین بە ژمارەی ئەو گەشتانەی کە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو ئەنجام دراون، پاشان قەبارەی دابەزینی ژمارەی گەشتەکان روندەکەینەوە. یەکەم؛ گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2023 – 25/9/2023) پاڵپشت بە چاودێریکردن (رصد)ی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2023 – 25/9/2023)، (6) کۆمپانیای فڕۆکەوانی (مەلەکی ئوردنی، عێراق ئێروەیس، قەتەر ئێروەیس، فلای دوبەی، ماهان ئێر و فلای بەغداد) گەشتەکانیان ئەنجامداوەو دەدەن، ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە (هەزار و 747) گەشتیان تۆمار کردووە، کە (877) گەشتی (هاتن) و (870) گەشتی (رۆشتن)یان ئەنجام داوەو دەدەن. بە جۆرێک؛ - کۆمپانیای فڕۆکەوانی مەلەکی ئوردنی (92) گەشتی هاتن و (91) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراق ئێروەیس (435) گەشتی هاتن و (435) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی قەتەر ئێروەیس (184) گەشتی هاتن و (184) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای دوبەی (73) گەشتی هاتن و (75) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی ماهان ئێر (51) گەشتی هاتن و (50) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد (42) گەشتی هاتن و (35) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - هەریەک لە کۆمپانیا فرۆکەوانییەکانی (تورکش ئێرلاینس، کۆنۆدۆر ئێر، فلای ئەربیل و پێگاسۆس ئێرلاینس) هیچ گەشتێکیان تۆمار نەکردووە، بەهۆی گەمارۆکانی تورکیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی. بۆ وردەکاری گەشتەکانی (هاتن و رۆشتن) لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەپێی کۆمپانیا و مانگەکان لە (5/4/2023 – 25/9/2023) بڕوانە خشتەکانی (1 و 2). دووەم؛ گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2022 – 25/9/2022) پاڵپشت بە چاودێریکردن (رصد)ی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2022 – 25/9/2022)، (10) کۆمپانیای فڕۆکەوانی (مەلەکی ئوردنی، عێراق ئێروەیس، قەتەر ئێروەیس، تورکش ئێرلاین، فلای دوبەی، ماهان ئێر، فلای بەغداد، کۆندۆر ئێر، فلای ئەربیل و پێگاسۆس ئێرلاینس) گەشتەکانیان ئەنجامداوە، ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە (2 هەزار و 969) گەشتیان تۆمار کردووە، کە (هەزار و 488) گەشتی (هاتن) و (هەزار و 481) گەشتی (رۆشتن)یان ئەنجام داوە. بە جۆرێک؛ - کۆمپانیای فڕۆکەوانی مەلەکی ئوردنی (91) گەشتی هاتن و (92) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراق ئێروەیس (648) گەشتی هاتن و (642) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی قەتەر ئێروەیس (155) گەشتی هاتن و (156) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی تورکش ئێرلاینس (229) گەشتی هاتن و (230) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای دوبەی (74) گەشتی هاتن و (74) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی ماهان ئێر (75) گەشتی هاتن و (75) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد (111) گەشتی هاتن و (108) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی کۆنۆدۆر ئێر (67) گەشتی هاتن و (67) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای ئەربیل (1) گەشتی هاتن و (1) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. - کۆمپانیای فڕۆکەوانی پێگاسۆس ئێرلاینس (37) گەشتی هاتن و (36) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. بۆ وردەکاری گەشتەکانی (هاتن و رۆشتن) لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەپێی کۆمپانیا و مانگەکان لە (5/4/2022 – 25/9/2022) بڕوانە خشتەکانی (3 و 4). خشتەکانی ژمارە (3 و 4) سێیەم؛ گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2023 – 25/9/2023) بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەپێی ئەو داتایانەی لە بەشەکانی (یەکەم و دووەم) رونمان کردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی گەمارۆکانی تورکیا لە (5/4/2023 – 25/9/2023)، (877) گەشتی هاتن و (870) گەشتی رۆشتن لە لەلایەن (6) کۆمپانیای فرۆکەوانییەوە ئەنجامدراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، (هەزار و 488) گەشتی (هاتن) و (هەزار و 481) گەشتی (رۆشتن) لە لایەن (10) کۆمپانیای فڕۆکەوانییەوە ئەنجام دراوە. بەو مانایەی لەگەڵ دەستپێکی گەمارۆکانی تورکیا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو (هەزار و 222) و بە رێژەی (41%) گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کەمی کردووە، کە (611) گەشتی (هاتن) و (611) گەشتی (رۆشتن) بووە. بۆ وردەکاری بۆ وردەکاری گەشتەکانی (هاتن و رۆشتن) لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەپێی کۆمپانیا و مانگەکان لە (5/4/2023 – 25/9/2023) بەراورد بە ماوەی (5/4/2022 – 25/9/2022) بڕوانە (خشتە (5) و چارتەکانی (1 و 2 و 3).
(درەو): مەسرور بارزانی بە (500 ملیار) دینار قەرز بۆ ماوەی سێ مانگ قایل نەبوو، سودانی قەرزەكەی زیاد كرد بۆ (700 ملیار) دینار بۆ مانگەكانی (9،10،11)، بەڵام قەرزەكە هەر وەكو بڕیاری پێشووی حكومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی (3) مانگ بەردەوام دەبێت نەك (6) مانگ وەكو ئەوەی وەفدی هەرێم داوای كردبوو، بەم (700 ملیار) دینارەی بەغدادەوە، حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی سێ مانگ داهاتەكانی بۆ بڕی (ترلیۆنو 45 ملیار) دینارو بە ئاسانی دەتوانێت خەرجی موچە دابین بكات، بەڵام چارەنوسی موچەی مانگەكانی (8،7) بە نادیاری دەمێنێتەوە. قەرز لە 500 ملیارەوە بۆ 700 ملیار دینار دوای دوو رۆژ چاوەڕوانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، دواجار ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوەو بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار وەكو قەرز بە حكومەتی هەرێم بدات بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران. رۆژی 14ی ئەم مانگە وەفدێكی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتیی دەكردو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ئەندامبوون تێیدا، چووە بەغداد. وەفدی حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو پێشنیازی كرد. پێشنیازی یەكەم: حكومەتی عێراق بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ بۆ هەر مانگێك بڕی (800 ملیار) دینار بە قەرز بە حكومەتی هەرێم بدات بۆ موچەی فەرمانبەران. پێشنیازی دووەم: لە ساڵی 2024دا یاسای بودجەی گشتی عێراق هەموار بكرێتەوە. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێشنیازی یەكەمی حكومەتی هەرێمی خستە دەنگدانەوە، بەڵام لە بری (800 ملیار) دینار، بڕیاریدا (700 ملیار) دینار بە قەرز بنێرێت، هەروەها لەبری ناردنی پارە بۆ ماوەی (6) مانگی ئەمساڵ، تەنیا بۆ ماوەی (3) مانگ قەرزەكە دەنێرێت. بەپێی بڕیاری حكومەتی عێراق، ئەو (700 ملیار) دینارە قەرزە بۆ مانگەكانی (11،10،9)ی ئەمساڵ دابین كراوە، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا فەرمانبەرانو موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگەكانی (8،7)ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووەو ئەمڕۆ لە عێراق وەزارەتی دارایی دەستیكرد بە دابینكردنی موچەی مانگی (9)ی وەزارەتەكانی خۆی. رۆژی 3ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی خۆیدا بڕیاریدا بۆ مانگەكانی (11،10،9)ی ئەمساڵ، بڕی (500 ملیار) دینار بە قەرز بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم بەم بڕە پارەیە قایل نەبوو، ئەوەی ئەمڕۆ رویداوە تەنیا زیادكردنی بڕی قەرزەكەیە لە (500 ملیار)ەوە بۆ (700 ملیار) دینار. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەیەكەم كاردانەوەداو بەشێوەیەكی خێرا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو پێشوازی لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرد، واتا قایل بەو (700ملیار) دینار قەرزەی كە حكومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی تەنیا سێ مانگ بۆی دەنێرێت. داهاتی حكومەت بۆ موچە ئێستا ئیتر دوای ناردنی پارەكە لە بەغدادەوە، داهاتی هەرێم بۆ سێ مانگ بەمشێوەیە دەبێت: • بڕی (700 ملیار) دیناری قەرزی حكومەتی عێراق • بڕی (320 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ هەر مانگێك • بڕی (25 ملیار) دیناری یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە تێكڕای ئەم داهاتانە بۆ هەر مانگێك كۆبكرێتەوە بڕەكەی دەگاتە (ترلیۆنێكو 45 ملیار) دینار، خەرجی موچەی هەر مانگێكی موچەخۆران لە هەرێمی كوردستان بڕەكەی (944 ملیار) دینار، واتا بەم داهاتە حكومەتی هەرێم دەتوانێت خەرجی موچە دابین بكاتو بڕی (100 ملیار) دیناریشی لەبەردەستدا دەمێنێتەوە بۆ خەرجی وەزارەتەكان. میكانیزمی دابەشكردنی موچە چۆن دەبێت ؟ ئێستا حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی (3) مانگ زامنی خەرجی موچەی كردووە، بەڵام موچەی دوو مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی نەداوە كە موچە مانگەكانی (تەموزو ئاب)ە، هێشتا دیار نییە ئایا وەزارەتی دارایی هەرێم یەكەم موچە چۆن دابەش دەكات، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دوو سیناریۆ لەبەردەستدایە: سیناریۆی یەكەم: وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی تەموز رابگەیەنێتو بۆ دوو مانگەكانی تریش بەگوێرەی ریزبەندی مانگەكان موچەی (ئابو ئەیلول) دابەش بكات. سیناریۆی دووەم: هاوشێوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی بۆ ئەو سێ مانگە موچەی مانگەكانی (11،10،9) دابەش بكاتو دوو موچە فەوتاوەكەی مانگەكانی (8،7) فەرامۆش بكاتو هاوشێوەی موچە فەوتاوەكانی تری سەردەمی كابینەی نۆیەم، بەرپرسیارێتییەكەی بخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراقەوە. سیناریۆی سێیەم: وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ گەیشتنی پارە قەرزەكەی بەغدا، بەسەر یەكەوە موچەی مانگەكانی (8،7)ی موچەخۆران دابەش بكات، ئەمە سیناریۆیەكی لاوازەو پێشبینی نەكراوە، بەتایبەتیش كە پێدانی (700 ملیار) دینارەكەی بەغداد تەنیا بۆ ماوەی (3) مانگەو لە باشترین حاڵەتدا پێشبینی دەكرێت عێراق (700 ملیار) دیناری تر بۆ موچەی مانگی (12) بۆ هەرێم بنێرێت.
شیكاری: درەو 🔻 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا؛ 🔹 (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە. 🔹 بڕی (304 ملیار 778 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (61%) بەکاربراوە. 🔹 بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (39%)ی سوتاوەو بەفیڕۆچووە. 🔹 کەمترین بڕی بەفیڕۆچوون لە ساڵانی سەرەتای (1991 بۆ 1997) بووە، بڕی بە فیڕۆچوون نەگەیشتووە (20%). 🔹 ساڵانی (2011 تا 2019) بەردوام بەهەدەرچوون زیاتر بووە لە بەکاربردن و بە جۆرێک لە ساڵی (2015) بەفیڕۆچوونەکە گەیشتووە بە (64%). 🔹 لە ساڵی (2022) ڕێژەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (47%). سەرەتا عێراق خاوەن یەدەگێکی گەورەی غازی سروشتییە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە یەدەگەکەی بە (137 ترلیۆن) پێ سێجا سەلمێندراوە _1 مەتر سێجا = 35.3147 پێ سێجا_ زیاتر لەوەش هەر بەپێی سەرچاوەکان یەدەگی نەسەلمێندراو دەگاتە (332 ترلیۆن) پێ سێجا، ئەم یەدەگە گەورەیەش لە غازی سروشتی وڵاتەکە دەباتە نێو ریزبەندی (10) یەکەمەکەی جیهان لەبوونی یەدەگی ئەم کانزا سروشتییە بە نرخە. ئەو یەدەگە لە غاز سروشتی عێراق دوو جۆرن، بەشێکیان غازی پەیوەست بە نەوتەوەن و لە کێڵگە نەوتییەکاندا چڕ بووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای عێراق بڵاوبونەتەوە، ئەم جۆرەیان بە ڕێژەی (70%)ی غازی سروشتی عێراق پێکدەهێنێت، کە بە بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت رێژەی دەرهێنانی ئەویش زیاد دەکات. جۆرێکی دیکەیان کێڵگەی تایبەت بە غازی سروشتین، بە ڕێژەی (30%)، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای عێراق بڵاوبوونەتەوە. بەڵام تا ئێستا عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی بۆ غازی سروشتی، نەیتوانییەوە پشت بەخۆی ببەستێت، بەردەوامە لە هاوردەکردنی ئەم کانزایە، بەشی زۆری ئەو بەکاربردنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی (85%) وێستگە کارەباییەکانی عێراق بە غازی سروشتی کاردەکەن. بۆیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە، رۆژانە زیاتر لە (40 ملیۆن) پێ سێجا غاز هاوردە دەکات، لە کاتێکدا زیاتر لەو بڕە بەبێ سود دەسوتێت و بەهەدەر دەچێت، بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نزیک، لە عێراق ساڵانە بەبەهای زیاتر لە (2.5 ملیار) دۆلار غازی سروشتی دەسوتێت و بە هەدەر دەڕوات. لەگەڵ ئەوەی هۆکاری زۆر هەیە کە پاڵ بە عێراقەوە دەنێت بۆ سووتاندن و بەهەدەردانی غازی سروشتی، بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەو دۆخەوەن، کە بریتین لە؛ یەکەم؛ کەرتی غاز زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ هەیە، بە تێچوویەکی زۆر بەرزەوە. دووەم؛ هۆکاری شکستهێنانی عێراق لە ئیستغلالکردنی ئەو غازەی کە بەهەدەردەچێت سیاسیە، ئەویش ڕەنگە پەیوەست بێت بە فشارەکانی تاران بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی عێراق، بۆ ئەوەی پشتبەستن بە غازی ئێرانی، کە لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا بەکاردەهێنرێت، بەردەوام بێت. بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن دامەزراوەی وزەی جیهانییەوە سەبارەت بە ئامارەکانی پەیوەست بە بازرگانی غازی سروشتی لە جیهاندا پێشکەش کراوە، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی ساڵانەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە ساڵی ڕابردوودا (2022) "کۆماری ئیسلامی ئێران هەناردەی غازی سروشتی بریتی بووە لە (18.9 ملیار) مەتر سێجا، لەو ژمارەیەش (9.4 ملیار) مەتر سێجای هاوردەی عێراق کراوە، (9.1 ملیار) مەتر سێجای بۆ تورکیا و (0.4 ملیار) مەتر سێجای بۆ کۆماری ئازەربایجان چووە". لە رۆژی (25/4/2023) وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق "ئەحمەد موسا عەبادی" ڕایگەیاند؛ "قەبارەی خەرجی ساڵانە بۆ هاوردەکردنی غاز نزیکەی (8 ترلیۆن) دینارە، کە دەکاتە (6 ملیار) دۆلار". لەم ڕاپۆرتەدا پاڵپشت بە بڵاوکراوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق – دەزگای ناوەندی ئامار (کۆمەڵە ئاماری ساڵانە 2022 - 2023) کە داتاکانی لە وەزارەتی نەوتی عێراق وەرگرتووە. تیشک دەخەیەنە سەر بڕو قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی رێژەی بەهەدەرچوونی لە عێراق لە ماوەی ساڵانی (1991 - 2022). یەکەم؛ بڕو قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، لە دوای ساڵی (1991)ەوە بەردەوام قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی ڕووی لە هەڵکشانە، بەجۆرێک لە ساڵی (1991)دا تەنها بڕی (3 ملیار و 720 ملیۆن) پێ سێجا بەرهەمهێنراوە، بەڵام کێرفی بەرهەمهێنان تا ساڵی (2001) بەرزبوونەوەی بە خۆوە دیوەو گەیشتووە بە (14 ملیار و 758 ملیۆن) مەتر سێجا، بەڵام تا کۆتایی ساڵی (2003) بڕی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دابەزیوەو ڕەنگە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بە جەنگی (عێراق - ئەمریکا)، بەڵام لەدوای (2004)ەوە بەردەوام بەرهەمهێنانی غازی سروشتی رووی لە زیادبوون کردووەو تا لە ساڵی (2019) گەیشتووە بە لوتکە و بڕی (32 ملیار و 699 ملیۆن) مەتر سێجا غازی تێدا بەرهەمهێنراوە، لە ساڵی (2022)شدا بڕی بەرهەمی غازی سروشتی گەیشتووە بە زۆرتر لە (30 ملیار) مەتر سێجا. بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1)) دووەم؛ بڕو قەبارەی غازی سروشتی بەکاربراو (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام تەنها بڕی (304 ملیار و 778 ملیۆن) مەتر سێجای بەکاربراوە، کەمترین بڕی بەکاربراویش لە ساڵی (1991) بووە، کە بریتی بووە لە (3 ملیار و 157 ملیۆن) مەتر سێجا، بڕی بەکاربردن ئەگەر چی لەو کات بەدواوە زیادی کردووە، بەهۆی زیادبوونی قەبارەی بەرهەمەوە، بەڵام لە دوای ساڵی (2003)ەوە تا ساڵی (2015) بەکاربردن (لەکۆی بەرهەم) نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کردووە، لەدوای ساڵی (2015)ەوە جارێکی تر بڕی بەکاربردن هەڵکشاوە، تا ساڵی (2022) گەیشتووە بە لوتکەو بڕی (16 ملیار) پێ سێجای تێپەڕاندووە. بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (2)). سێیەم؛ بڕو قەبارەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای سوتاوەو بەفیڕۆچووە، کەمترین بڕی بەفیڕۆچوونیش لە ساڵی (1991) بووە، کە بریتی بووە لە (563 ملیۆن) مەتر سێجا، بەڵام بڕی بەهەدەردان ئەگەر چی لەو کات بەدواوە زیادی کردووە، بەهۆی زیادبوونی قەبارەی بەرهەمەوە، بەشێوەیەکی ناسروشتی ساڵی (2016) بەهەدەردانەکە گەیشتووە بە لوتکەو بڕی (17 ملیار 700 ملیۆن) پێ سێجای تێپەڕاندووە. لە ساڵی (2022)ش قەبارەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (14 ملیار و 476 ملیۆن) مەتر سێجا، بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (3)). چوارەم؛ رێژەی بەکاربردن و بەفیڕۆچوونی غازی سروشتی (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام تەنها بڕی (304 ملیار 778 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (61%) بەکاربراوە، هاوکات بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (39%)ی سوتاوەو بەفیڕۆچووە، کەمترین بڕی بەفیڕۆچوونیش لە ساڵانی سەرەتای (1991 بۆ 1997) بووە، بڕی بە فیڕۆچوون نەگەیشتووە (20%)، بەڵام لەو کات بەدواوە رێژەی بەفیڕۆچوونەکە ئێجگار گەورەبووەو بەتایبەت ساڵانی (2011 تا 2019) بەردوام بەهەدەرچوون زیاتر بووە لە بەکاربردن و بە جۆرێک لە ساڵی (2015) بەفیڕۆچوونەکە گەیشتووە بە (64%)، بەڵام لە ساڵی (2022) ڕێژەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (47%)، بۆ وردەکاری ئامارو رێژەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (4)). سەرچاوەکان - وزارة التخطیط العراقیة، الجهاز المركزي للإحصاء، المجموعة الاحصائية السنوية 2022 – 2023؛ https://shorturl.at/bEHR3 - د. سمير خلف بندر، مشروع الطاقة المتكامل GGIP، وزارة التخطيط دائرة السياسات االقتصادية والمالية؛ https://shorturl.at/foJQT - شبکة روداو، العراق يستورد أكثر من 9 مليارات متر مكعب غاز من إيران خلال سنة، 4/7/2023؛ https://shorturl.at/bep09 - الطاقة، فاتورة استيراد الغاز الإيراني تكلف العراق 6 مليارات دولار سنويًا، 25/4/2023؛ https://shorturl.at/gktK6 - سبوتنیک، بالأرقام ... هكذا يهدر العراق غاز طبيعي بمليارات الدولارات، 10/10/2020؛ https://shorturl.at/orW16 - الحرة، "مشكلة قديمة" تؤرق العراق.. حرق الغاز بالمليارات و"ضغوط" حالت دون الاستفادة منه، 1/4/2023؛ https://shorturl.at/NTY38 - الجزیرة، تبذير لموارد العراق.. تعرف إلى ثاني أكبر دولة مبددة للغاز الطبيعي في العالم، 14/9/2020؛ https://shorturl.at/O0347
راپۆرت: درەو لەبری پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە رێگای دانوستانی سیاسی هەڵبژارد، بە زارەكی لایەنە عێراقییەكانی قایل كردووە بەوەی یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە، بۆ هەرێمی كوردستان گرنگترین هەموار لە بودجەدا گۆڕینی ئەو بڕگەیەیە كە دەڵێ "پشكی هەرێم لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت"، خەرجی فیعلی چییە ؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا. هەرێم داوای هەموار دەكات دوای زیاتر لە دوو مانگو نیو لە بڵاوبونەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە رۆژنامەی وەقایعو كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا نەكەوتە بواری جێبەجێكردن، لەدواین پەرەسەندندا حكومەتی هەرێم پێشنیازێكی خستوەتە بەردەم حكومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەمواری یاسای بودجە لە ساڵی داهاتوودا. بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی یەكشەممە واتای 17ی ئەم مانگە لە كۆبونەوەی خۆیدا دەنگ لەسەر ئەم پێشنیازە بدات، ئەو سەرچاوانەی كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون ئاماژە بەوە دەكەن، لایەنە عێراقییەكان لەوانە (مالیكی- عامری- قەیس خەزعەلی- حەیدەر عەبادی- خەمیس خەنجەرو حەلبوسی) بەڵێنیانداوە لەڕێگەی وەزیرەكانیانەوە رۆژی یەكشەممە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پشتیوانی خۆیان بۆ پێشنیازەكەی حكومەتی هەرێم بكەن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پێشنیازی هەمواری بودجە لەلایەن هەرێمەوە تەنیا بۆ ئەو ماددەو بڕگانەی بودجە نییە كە هەرێم تێبینی هەیە لەسەریان، بەڵكو هەموو ماددەكانی تریش دەگرێتەوە كە لایەنەكانی تر سەرنجو رەخنەیان هەیە لەبارەیەوە. رێككەوتنی سیاسی لەبری پەنابردن بۆ دادگا 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم یاسایە هەر لەسەرەتاوە پێشبینی ئەوەی تێدا كرابوو كە كێشە لەنێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵدا دروست دەبێت، بۆیە لە بڕگەی (حەوتەم)ی ماددەی (13)ی یاساكەدا رێوشوێن بۆ چارەسەری كێشەكان دەستنیشان كراوەو لەم بڕگەیەدا هاتووە:" لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە مافو پابەندیو میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بۆ ئەوەی لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، پێشنیازو چارەسەرەكانی بەرزبكاتەوە، ئەگەر چارەسەر نەكرا ئەنجومەنی نوێنەران بۆی هەیە بڕیاری پێویست بدات". دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەمدواییە حوكمی خۆی لەبارەی ئەم بڕگەیەی یاسای بودجە دەركردو رایگەیاند" پەرلەمانی عێراق بۆی نییە بڕیار لەسەر كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ بدات، ئەم دەسەڵاتە بەپێی دەستور دراوە بە دادگای فیدراڵی". دوای راگەیاندنی شكستی دانوستانەكان لەبارەی یاسای بودجە لەلایەن هەردوو حكومەتەوە، دەبوو بەگوێرەی ئەم بڕگەی یاسای بودجە، لیژنەی هاوبەشی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ پێشنیازو چارەسەری خۆیان لەناو راپۆرتێكدا ئامادە بكردایەو ئاڕاستەی دادگای فیدراڵییان بكردایە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ناكۆكییەكانیان بدات، بەڵام حكومەتی هەرێم خۆی لە دادگای فیدراڵی بەدوور گرتو رووی لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی كرد، رەنگە هۆكارەكەی ئەوە بێت لە ساڵی رابردووەوە دادگای فیدراڵی عێراق زۆرینەی بڕیارەكانی لە بەرژەوەندی هەرێمدا نەبووە. كوردو هەمواری بودجە ئەوەی بۆ حكومەتی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا زۆر جێگای سەرەنجەو داوای دەستكاریكردنی دەكرێت بابەتی دیاریكردنی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لەناو چوارچێوەی خەرجی فیعلی عێراقدا. وشەی "خەرجی فیعلی" ئەم رۆژانە لەلایەن بەرپرسانی هەردوو حكومەتەكەوە زۆر باسدەكرێت، ئەم وشەیە لە ساڵی 2015دا بۆ یەكەمجار پەڕیوەتە ناو یاسای بودجەوە لە عێراق، واتا لەماوەی ساڵانی 2003 تا 2014 كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە هاتووە، لەسەر بنەمای ئەو ژمارانە بووە كە لە بودجەكاندا دیاریكراوە، نەك لەسەر بنەمای خەرجییە فیعلییەكان. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانو ئەندامی وەفدی دانوستانكاری هەرێم دەڵێ:" ئەگەر خەرجی فیعلی لەناو یاسای بودجەدا نەهاتایە، دەبوو (10 ترلیۆنو 800 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكرایە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی كە بۆ 15 پارێزگاكە خەرجی دەكات لەوە 12,67%ی خەرج دەكات بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمو ئامادە نییە خەرجی فیعلی هەرێمی كوردستانیش بخاتە ناو خەرجی فیعلی عێراقەوە". خەرجی فیعلی چییە ؟ خەرجی فیعلی كە ئێستا سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بریتییە لەو خەرجییانەی كە دوای لێدەركردنی هەردوو خەرجی (سیادی)و (حاكیمە) دەمێنێتەوە. بەپێی ئەوەی لە ماددەی (11) لە یاسای بودجە هاتووە، خەرجی فیعلی بریتییە لە (خەرجی رەوەنو خەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان) دوای لێدەركردنی هەردوو خەرجی (سیادی)و (حاكمە)، پشكی هەرێمی كوردستان لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت. لە دوو مانگی رابردوودا وەفدی حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراق بابەتی خەرجی فیعلی تەوەری سەرەكی ناكۆكییەكانیان بوو لە یاسای بودجەدا. بەپێی لێكدانەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم، مافو شایستەی دارایی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، مانگانە بڕەكەی (ترلیۆنێكو 384 ملیار) دینارە. وەزارەتی دارایی هەرێم پێیوا بوو، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی مانگانەش مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، دەبێت مانگانە (ترلیۆنێكو 174 ملیار) دینار بۆ هەرێم بنێرێت. بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لێكدانەوەیەكی جیاوازتری بۆ ئەم بابەتە دەكرد، لێكدانەوەكەی بەمشێوەیە بوو: * بەپێی یاسای بودجە مانگانە (598) ملیار دینار بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت بەمشێوەیە: - مانگانە (9 ترلیۆنو 976 ملیار) دینار خەرجی عێراقە (مانگی حوزەیران وەك نمونە وەرگیراوە)، ئەمە دوای دەركردنی خەرجی سیادی كە (2 ترلیۆنو 975 ملیار) دینارە لەگەڵ دەركردنی خەرجی حاكیمە كە بڕی (2 ترلیۆنو 280 ملیار) دینارە. - ئەوەی وەكو خەرجی فیعلی مانگانە بۆ عێراق دەمێنێتەوە بڕەكەی (4 ترلیۆنو 721 ملیار) دینارە، رێژەی (12.67%)ی ئەم پارەیە پشكی هەرێمی كوردستانە. - بەپێی ئەم هاوكێشەیە هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی (598 ملیار) دیناری لە خەرجی فیعلی عێراق بەردەكەوێت. سەرباری ئەمە هێشتا حكومەتی عێراق ئامادە نەبوو بڕی (598 ملیار) دینارە مانگانە بۆ هەرێم بنێرێت، چونكە وەكو بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمیان وتبوو، بەپێی یاسای بودجە دەبێت لەو (598 ملیار) دینارە، مانگانە ئەم پارانەی لێ دابشكێندرێت: • مانگانە (53) ملیار دیناری قەرزی بانكی بازرگانی (TBI) • مانگانە بڕی (50) ملیار دیناری قەرزی (400) ملیار دینارەكە (ئەمە تێكڕای بڕی ئەو پارانەیە كە بەر لە پەسەندكردنی بودجە حكومەتی هەرێم بۆ پڕكردنەوەی خەرجی موچەی فەرمانبەران بە قەرز لە حكومەتی عێراق وەریگرتووەو تێكڕای بڕی پارەكە 2 ترلیۆن دینارە) • مانگانە بڕی (65) ملیار دیناری رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان (چونكە داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم مانگانە بەبڕی 130 ملیار دینار خەمڵێندراوەو لەم داهاتە بەگوێرەی یاسای بودجە بەغداد رێژەی 50%ی دەبات) • كۆی گشتی ئەم پارانە دەكاتە (168) ملیار دینارو لە پشكی هەرێم دەبڕێت. بەم پێیە لەكۆی (598 ملیار) دیناری پشكی مانگانەی هەرێم لە خەرجی فیعلی عێراق، عێراق بڕی (430 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەم بڕە پارەیە هێشتا نیوەی ئەو خەرجییەش نەبوو كە مانگانە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانو خانەنشینان پێویستی پێی بوو كە بڕە (944 ملیار) دینارە. لەسەر بنەمای ئەم دانوستانانە، بۆ حكومەتی هەرێم گرنگترین هەموار كە لە یاسای بودجەدا بكرێت ئەوەیە دەستكاری ئەو بڕگەی یاسای بودجە بكرێت كە دەڵێ پشكی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت، چونكە: • بەپێی ئەم بڕگەیەی یاسای بودجە، پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%)ی خەرجییەكانی عێراق دیاریكراوە، لەبەر ئەوەی (53%) خەرجییەكانی عێراق بۆ سیادی و حاكیمە دەڕوات، ئەمە وایكردووە پشكی هەرێم لە بودجەكەدا كەم ببێتەوە. خەرجی حاكیمەو سیادی چییە؟ ئەوەی كاریگەری گەورەی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دروستكردووە، جیاكردنەوەی دوو جۆر خەرجی فیدراڵیە لە كۆی خەرجی فیعلی عێراق (خەرجی سیادیو حاكیمە) كە رێژەی 53%ی كۆی گشتی خەرجییەكانی عێراق پێكدەهێنێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%) خەرجییەكانی عێراق دابین دەكرێت، ئەمەش لە رێژەی فیعلی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە. خەرجی حاكیمە بریتییە لەو خەرجییانەی كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە بۆ هەموو پارێزگاكان بەوانەی هەرێمی كوردستانیشەوە دابین دەكرێنو ئەم بوارانە دەگرێتەوە: • كۆبونی خۆراك (بڕەكەی بە تێكڕا بۆ یەك ساڵی دارایی بە زیاتر لە 3 ترلیۆنو 500 ملیار دینار ئەژمار كراوە، لەمە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 463 ملیار دیناری بەردەكەوێت). • خەرجی سكاڵاكانی ناكۆكی موڵكو ماڵ (تێكڕای ئەم خەرجییە لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی بە بڕی 50 ملیار دینار دانراوە، 6 ملیارو 335 ملیۆن دیناری بەر هەرێم دەكەوێت) • خەرجی كڕینی دەرمان (تێكڕای ئەم خەرجییە بۆ ساڵێك بە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێكو 651 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر لە 209 ملیار دیناری بەردەكەوێت • پاڵپشتی بۆ كڕینی بەرهەمی گەنمو جۆ (3 ترلیۆنو 500 ملیار دینار بۆ ئەم خەرجییە تەرخانكراوە، لەم بڕە 443 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت). • خەرجی هاوردەكردنی وزە (بڕی ترلیۆنێكو 129 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە لەماوەی ساڵێكدا، لەمە بڕی 143 ملیار دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت). • سەرژمێری گشتی دانیشتوان (100 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، بڕی زیاتر لە 12ی ملیاری بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە). • خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان (بڕی 345 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە بڕی 43 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە). تێكڕای خەرجی حاكیمە بۆ ساڵێكی دارایی لە بودجەی عێراقدا بە بڕی (10 ترلیۆنو 438 ملیار) دینارە، لەمە بڕی (ترلیۆنێكو 322 ملیار) دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، مانگی حوزەیران كە یاسای بودجە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی عێراق بۆ ئەو مانگە خەرجی حاكیمەی بە بڕی (2 ترلیۆنو 280 ملیار) دینار دیاری كردووە، مەرج نییە بۆ مانگەكانی تر هەمان خەرجی حاكیمە هەبێت، چونكە بەپێی یاسای بودجە بە تێكڕا نابێت ئەم خەرجییە تا كۆتایی ساڵ لە بڕی (10 ترلیۆنو 438 ملیار) دینار زیاتر بێت. خەرجی سیادی كۆی گشتی خەرجی سیادی لە بودجەی عێراقدا بڕەكەی (58 ترلیۆنو 294 ملیار) دینارە دیارترین ئەو پارانەی كە لەم خەرجییەدا لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بریتییە لە: • بڕی (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دیناری پارەی تەرخانكراو بۆ كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان (بەرهەمهێنانو گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە) • بڕی (288 ملیارو 304 ملیۆن) دیناری تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ موچەی پێشمەرگە • خەرجی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە پشكی كوردەو ئێستا (لەتیف رەشید) سەرۆك كۆماری عێراقە، خەرخی تەرخانكراو بۆ ئەم سەرۆكایەتییە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا كە لە پشكی هەرێمی كوردستان بڕدراوە، بۆ یەك ساڵی دارایی بڕی (94 ملیارو 200 ملیۆن) دینارە، ئەم پارەیە بۆ خەرجی موچەو بەكاربردنی سەرۆك كۆمارو موچەی لیواكانی سەرۆكایەتی كۆمار تەرخان دەكرێت كە كوردنو سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەنیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەو پارەی بۆی تەرخانكراوە بڕی زیاتر لە (25 ملیارو 827 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە. • پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو دامەزراوە فیدراڵییانەی ترە كە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا، پارەی لە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ بڕدراوە، تێكڕای خەرجی پەرلەمانی عێراق بۆ یەك ساڵی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (418 ملیارو 872) دینار دیاریكراوە، 63 پەرلەمانتاری كوردو (شاخەوان عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد لە بەشێكی ئەم پارەیە سودمەند دەبن لەرێگەی موچەو تەرخانكراوی ترەوە، تاوەكو نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق لە كۆی ئەو پارەی بۆی تەرخانكراوە، تەنیا بۆ خەرجی بەكارخستن زیاتر لە (267 ملیارو 600 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە. • سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش خەرجییەكانی لەچوارچێوەی سیادیدا دانراوەو هەرێمی كوردستان لەم خەرجییەشدا پشكێكی تری لێبڕاوە، تێكڕای خەرجی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی، لەیاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (ترلیۆنێكو 228 ملیار) دینار دیاریكراوە، چوار وەزیری كورد كە دوانیان یەكێتییو دوانیان پارتینو یەكێكیان (فوئاد حسێن) جێگری سەرۆك وەزیرانە، لەرێگەی موچەو تەرخانكراوی ترەوە لەم پارەیە سودمەند دەبن، تەنیا لە مانگی شەشی ئەمساڵدا خەرجی بەگەڕخستنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی (522 ملیار) دینار بووە. • وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە وەزیرەكەی كوردە (فوئاد حسێن)، خەرجییەكانی لەناو چوارچێوەی خەرجی سیادی دانراوەو لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، خەرجی ئەم وەزارەتە بۆ ساڵێكی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی (837 ملیارو 318 ملیۆن) دینار دیاریكراوە، واتا ئەم وەزارەتە مانگانە نزیكەی (70 ملیار) دینار لە بودجەی گشتی عێراق دەبات. خەرجی سیادی كە لە پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا بڕاوە، جگە لەو دامەزراوانەی لە سەرەوە باسكران، ئەم دامەزراوانەی تریش دەگرێتەوەو لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت: - ئەنجومەنی نوێنەران - سەرۆكایەتی كۆمار - ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران - سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران - دەستەی حەشدی شەعبی - وەزارەتی دەرەوە - دەزگای دژەتیرۆر - وەزارەتی بەرگریی - دیاریكردنی رێژەیەك لە تەرخانكراوی هێزی وشكانی سوپای عێراق لەبواری وەبەرهێنانو بەكارخستن بۆ هێزی پێشمەرگە بەگوێرەی رێژەی دانیشتوانی هێزی ناوبراو بەوپێیەی بەشێكە لە سیستمی ئەمنی عێراق - دادگای باڵای فیدراڵی - كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە خەرجی هەڵبژاردنەكانیشەوە - دەستەی لێپرسینەوەو دادەپەروەریی - دەستەی سكاڵاكانی موڵكایەتی جگە لە قەرەبووەكان - دەستەی عێراقی بۆ سەرچاوە تیشكدەرەكان - دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق - تێچووی دانوستانو داواكارییە یاساییەكان - پشكداری لە خەرجی وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو - خەرجی بەكاربردن لە وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو و گواستنەوەی لەلایەن هەرێمەوە - بڕی پشكدارییە عەرەبیو نێودەوڵەتییەكان - خەرجی رەوەنی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانیو پاسپۆرتو مانەوەو فەرماندەیی هێزی سنورو پۆلیسی فیدراڵی - پرۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی باری شارستانیو مانەوە لەنێویشیاندا كارتی نیشتمانیو فەرماندەیی هێزی سنور - ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی - پارەداركردنی هاوبەش - پرۆژەی بەندەرەكان - پرۆژەكانی هێڵی ئاسن - پرۆژەی پردو سودی گشتی پرۆژەكانی بەڕێوەبردنی ئاسمانیی - پرۆژەی گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدان - سودی سەر قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتی - سودەكان لەسەر قەرزی جایكا JICA - سودی سەر قەرزەكانی ئیتالیا - سودی قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان - سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە - سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای ما بین النهرین-ی گشتی بۆ بازرگانی بنەتۆو - سودەكان لەسەر قەرزی ئەڵمانی KFW - سودەكان لەسەر قەرزی بانكی ژاپۆن بۆ هاوكاری نێودەوڵەتیی JBICی ژاپۆنی - سودەكانی لەسەر قەرزی سویدی - سودەكان لەسەر قەرزی چین - سودەكان لەسەر قەرزی سیمنسی ئەڵمانی - سودەكانی بیمەی هەناردەكردن - سودەكانی بیمەی سیادی - سودەكان لەسەر قەرزی فەڕەنسا - سودەكان لەسەر قەرزی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی - سودەكانی سەر قەرزی سعودیە - سودی سەر قەرزی ئیتالی SACE - سودی سەر قەرزی كوەیت - سودی سەر قەرزی ئەمریكا - سودی سەر قەرزی فەڕەنسا BPI - سود لەسەر قەرزی بەریتانیا UKEF - سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی كۆری - سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی هیندی - سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی ئەمریكی - سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی یانەی پاریس - سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس - سودەكانی قەواڵەی سڕینەوەی قەرزی كەرتی تایبەت لە دەرەوە - سودی سەر شایستەكانی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری - سودی سەر حەواڵە كۆنەكانی خەزێنە - سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لەلایەن هەریەكە لە بانكی رەشیدو رافیدەینو بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە - سودی حەواڵە داشكێندراوەكانی خەزێنە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی/ 2015و 2016 - سودی سەر قەرزی قەواڵەی دەرەكی- یۆریۆبۆند - سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكانو بانكی بازرگانی عێراق بەپێی یاسای بودجەی ساڵی/ 2015 - پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنەی كۆن - قیستی ئەو قەرزانەی كە لایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە بەخشراوە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2015و 2016 - پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی یانەی پاریس - پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس - پاكتاوی قەرزەكان لە دەرەوە، پاكتاوی خەختینەیی قەرزی بچوكی كەرتی تایبەت لە دەرەوە - پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتیی - پێدانەوەی قیستی قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لەوانە SDR - پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی ئەمریكی - پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی JICA، پێدانەوەی قیستی بیمە سیادییەكان - پێدانەوەی قیستی بیمەی هەناردەكردن - پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی - پێدانەوەی قیستی قەرزی سیمنسی ئەڵمانی - قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان - پێدانەوەی قیستی قەرزی ئەڵمانی KFW - پێدانەوەی قیستی قەرزی سعودیە - پێدانەوەی قیستی قەرزی بەریتانی UKEF - پێدانەوەی قیستی قەرزی چین - پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی SACE - پێدانەوەی قیستی قەرزی JBICی ژاپۆنی - پێدانەوەی قیستی قەرزی سویدی - پێدانی شایستەی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری - پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان - پێدانەوەی قەرزی سندوقی نێودەوڵەتیی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی - پێدانەوەی قەرزی كوەیت - پێدانەوەی قەرزی فەڕەنسی BPI - پێدانەوەی قەرزی فەرەنسی - پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی كۆری - پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی هیندی - پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی ئەمریكی - پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان بۆ سڕینەوەی قەرزەكان - پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەو كۆمپانیای ما بین النهرین بۆ بنەتۆو - پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكانەوە - پێدانەوەی قیستی قەواڵە خۆجێییەكان - قیستەكانی سەر حەواڵەی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەریەكە لە بانكەكانی رەشیدو رافیدەینو بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجەو كرێی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەكراوی گیارە
(درەو): لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە یاسای بودجەی عێراق هەموار بكرێتەوە، تا ئەوكاتە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (800 ملیار) دینار بە هەرێمی كوردستان بداتو سەرباری ئەوە حكومەتی هەرێم (300 ملیار) دیناری مانگانەی ناوخۆ بەكاربهێنێت بۆ تەواوكردنی خەرجی موچە، ئەمە پێشنیازی وەفدی هەرێم بووە لە بەغداد، رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر دەدات. دوو پێشنیازی هەرێم لە چاوەڕوانی بڕیاردا! وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەغداد گەڕایەوە، سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەی بە گەشبینییەوە دەركەوتن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە وەفدی كوردستان دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، وەفدی هەرێم بۆ پرسی پشكی كوردو موچە لە بودجەی گشتی عێراقدا دوو چارەسەری خستوەتەڕوو كە ئەمانەن: • چارەسەری كورتخایەن: بەغداد بۆ مانگەكانی (8،7)و تاوەكو سەری ساڵی 2023 حكومەتی عێراق مانگەكانە بڕی (800 ملیار) دینار وەكو قەرز بدات بە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچە، ئەمە لەگەڵ بەكارهێنانی بڕی (300 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ تەواوكردنی خەرجی مانگانەی موچە كە بڕەكەی (944 ملیار) دینارە، بەپێی ئەم پێشنیازە، حكومەتی هەرێم مانگانە بەتێكڕای پارەكەی بەغدادو داهاتی ناوخۆوە بڕی (ترلیۆنێكو 100 ملیار) دینار داهاتی لەبەردەستدا دەبێت، بڕی (944 ملیار) دیناری بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران تەرخان دەكاتو بڕی (160 ملیار) دیناریش بۆ خەرجی وەزارەتو پرۆژەكان تەرخان دەكات. بۆ جێبەجێكردنی ئەم پێشنیازەو بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، وەفدی حكومەتی هەرێم دوێنێ چاوی بە هەریەكە لە (خەمیس خەنجەر- حەیدەر عەبادی- محەمەد حەلبوسی- نوری مالیكی- هادی عامری- قەیس خەزعەلی)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەو لایەنانە بەڵێنیان بە وەفدەكەی هەرێم داوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لەرێگەی وەزیرەكانیانەوە دەنگ بە پێشنیازەكەی وەفدی هەرێم بدەن. • چارەسەری درێژخایەن: وەفدی هەرێم هەرێم پێشنیاری كردووە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە هەمواری ژمارەیەك لە بڕگەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق، ئەم تەنیا هەمواری بڕگەكانی تایبەت بە هەرێم نەگرێتەوە، بەڵكو داواكاری لایەنەكانی تریش لەبارەی هەمواری یاسای بودجە لەپرۆژەیەكی هەمواردا كۆبكرێتەوە. بۆ كورد تەوەری سەرەكی هەمواركردن لە یاسای بودجەدا لابردنی ئەو بڕگەیە كە دەڵێ سایشتەی دارایی هەرێمی كوردستان لە خەرجی فیعلی عێراقدا، چونكە ئەم بڕگەیە بووەتە هۆی كەمبونەوەی شایستە داراییەكانی هەرێم، تا ئەوكاتەی هەمواری یاسای بودجە دەكرێتەوە، وەفدی هەرێم داوا دەكات بەپێی پێشنیازی چارەسەری كورتخایەن مامەڵەی دارایی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.
