زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان و كاریگه‌ریی له سه‌ر خواستي به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان (2024-2030)
2024-01-05 18:02:47
درەو:
د. ڕۆسته‌م جه‌بار مسته‌فا / پسپۆڕی جوگرافیای سیاسی
سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی - گۆڤاری ئاییندەناسی
به‌رایی
هه‌رێمی كوردستان(*) له چوارچێوه‌ی وڵاتی عێراقدا به‌شێكه له وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو و ڕۆژبه‌ڕۆژ ژماره‌ی دانیشتووانی زیاد ده‌كات، به‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كی گشتی خواست له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان زیاتر ده‌بێت. هه‌رێمی كوردستان ژینگه‌یه‌كی گونجاوی هه‌یه بۆ وه‌به‌رهێنان، به تایبه‌ت له بواری كه‌رتی كشتوكاڵ و زیادكردنی خۆراک به هۆی گونجاویی ئاووهه‌واكه‌ی و شێوازه‌كانی ڕووی زه‌وی و خاكی به‌پیت و هۆكاری مرۆیی وه‌كوو ده‌ستی كار و بوونی سه‌رمایه و ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتووان. ده‌توانرێت كه‌رتی كشتوكاڵ بكرێت به كه‌رتێكی ئابووریی نیشتمانی بۆ ئێستا و ئایندهی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش پێویستی به پلانی ستراتیژی هه‌یه و به تایبه‌ت ڕۆڵی به‌هێزكردنی كه‌رتی تایبه‌ت له‌م سێكته‌ره‌دا هه‌یه، له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی داهاتی تاكه‌كه‌سی و باشتربوونی داهاتی نیشتمانی و به‌هێزكردنی ئاسایشی خۆراک له هه‌رێمی كوردستان و له ئه‌نجامدا به‌هێزبوونی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان. له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا ئامانج ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان، له ئاینده‌دا تا چه‌ند خۆراک به‌شی پێداویستیی ناوخۆی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات؟ ئایا كه‌رتی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان له ئاینده‌دا ده‌توانێت پێداویستیی خواستی خۆراكی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان پڕ بكاته‌وه؟ ئایا زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان له ئاینده‌دا مه‌ترسییه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی جیهان و خواستی خۆراک
ئاڕاسته نوێیه‌كانی جیهان بریتییه له زیادبوونی به‌رده‌وامی ژماره‌ی زۆری دانیشتووان، زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان ده‌بێته هۆی زیادبوونی خواست له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان له وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو به ڕێژه‌ی (70%)، له وڵاتانی پێشكه‌وتوو به ڕێژه‌ی (55%) خواست له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان زیاتر ده‌بێت. زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان له وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو ده‌بێته هۆی دابه‌زینی ئاستی ژیان و گوزه‌رانی دانیشتووان(1)، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی ده‌بێت له سه‌ر سیستمی ئابووریی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی و شكستی به‌شێكی زۆری پلانی پڕۆژه‌كانی په‌ره‌پێدان، چونكه خۆراک پێداویستییه‌كی سه‌ره‌كیی ڕۆژانه‌ی دانیشتووانه، مافی هه‌موو كه‌سێكه بێ جیاوازیی پێكاتهكان و ئایین و ڕه‌گه‌ز. مافی خۆراک به پێی جاڕنامه‌ی جیهانیی ماڤه‌كانی مرۆڤ كه له ماده‌ی (25) له ساڵی 1948 ده‌رچووه باس كراوه، به‌ڵام دواتر به شێوه‌یه‌كی وردتر له به‌ڵێننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ مافه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كان كه له ساڵی 1966دا په‌سه‌ند كرابوو؛ دیاری كرا. له مادەی (11)ی ئه‌و به‌ڵێننامه‌یه به‌م شێوه‌یه باسی خۆراک ده‌كات: «هه‌موو كه‌سێک مافی خۆراكی هه‌یه له هه‌ر ئاستێكی گوزه‌راندا بێت». هه‌روه‌ها له ماده‌ی (12)ی تایبه‌ت به به‌ڵێننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی مافە ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌م شێوه‌یه باسی ده‌سته‌به‌ركردنی خۆراكی كردووه: «ئه‌و كاته مافی خۆراک ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت كه هه‌موو كه‌سێک، چ تاک یاخود به كۆمه‌ڵ، له هه‌موو كاتێکدا بتوانێت خۆراكی ته‌واو یان هۆكاره‌كانی كڕینی خۆراكی له به‌ر دەستدا بێت(2)». له ئێستادا یه‌كێک له‌و مه‌ترسییه گه‌ورانه‌ی دووچاری كه‌مبوونه‌وه و زامننه‌كردنی ئاسایشی خۆراک بووه‌ته‌وه له جیهاندا، بریتییه له گۆڕانكاریی ئاووهه‌وایی، وه‌كوو وشكه‌ساڵی و لافاو و زریان له جیهاندا و ململانێ سیاسییه‌كان و جه‌نگه‌كان و خراپیی سیستمی بهڕێوەبردن و ناڕێكیی دابه‌شبوونی دانیشتووان و زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان، گه‌وره‌ترین هۆكارن بۆ سه‌ر زامننه‌كردنی ئاسایشی خۆراک له جیهاندا. ئه‌م هۆكارانه ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بووه له سه‌ر زامننه‌كردنی ئاسایشی خۆراک له هه‌رێمی كوردستان، به تایبه‌ت ڕووخاندنی گونده‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نفالكردنی به‌شێكی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان و كیمیابارانكردنی گونده‌كان و و ڕاگواستنی دانیشتووانی گونده‌كان بۆ ئۆردووگا زۆره‌ملێیه‌كان له لایه‌ن حیزبی به‌عسی ڕووخاوه‌وه. دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان له كه‌سانی به‌رهه‌مهێنه‌ری خۆراكه‌وه بوون به كه‌سانی به‌كاربه‌ری خۆراک. ئه‌م هۆكارانه كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان هه‌بووه له سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی كه‌رتی كشتوكاڵ و وه‌به‌رهێنانی خۆراک له هه‌رێمی كوردستاندا. هه‌روه‌ها له ساڵی 2021دا ڕێژه‌ی شارنشین له هه‌رێمی كوردستان (78.5%) بووه و ڕێژه‌ی گوندنشین (21.5%) بووه، كه‌واته ناهاوسه‌نگییه‌ک هه‌یه له پێكهاته‌ی ژینگه‌یی ناوچه‌ی لێكۆڵینه‌وه. كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی گوندنشین شوێنەواری گه‌وره‌ی هه‌بووه، بووەته هۆی زۆربوونی ڕێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری له شاره‌كاندا و زیادبوونی خواست له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراک له شاره‌كاندا و زیادبوونی ڕێژه‌ی كه‌لێنی خۆراكی، ناچار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌لێنی خۆراكییه زیاتر پشت به هاورده‌ی ده‌رەوه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌سترێت، هه‌ر چه‌نده هاورده‌ی خۆراكی زیان به بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت و به‌مه‌ش به‌شێكی زۆری بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌فیڕۆ ده‌ڕوات. هه‌روه‌ها كه‌مبوونه‌وه‌ی زه‌ویی كشتوكاڵیی ده‌وروبه‌ری شاره‌كان و كردنیان بە باڵه‌خانه‌ی بازرگانی و شوێنی نیشته‌جێبوون كاری كردووەته سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی زه‌ویی كشتوكاڵی و وه‌به‌رهێنانی كه‌رتی كشتوكاڵ له هه‌رێمی كوردستان(3).
گرنگینه‌دانی پێویست بە سێكته‌ری كشتوكاڵ له نێو پلانه نیشتمانییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و گرنگیدان به سێكته‌ره‌كانی نه‌وت و وزه و نیشته‌جێبوون، هێزی سه‌ربازی، هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه سیاسییه جیهانییه‌كان و سیاسه‌تی وڵاتانی دراوسێ؛ كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌بووه له سه‌ر وه‌به‌رهێنان و لاوازبوونی كه‌رتی كشتوكاڵ له هه‌رێمی كوردستان، به ئامانجی ساغبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می خۆراكیی وڵاتان له بازاڕه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان. له ئێستادا كه‌رتی كشتوكاڵ و وه‌به‌رهێنانی خۆراک له هه‌رێمی كوردستان له ئاستێكی باش و پێویستدا نییه، ناتوانێت پێداویستیی خۆراكی سه‌ره‌كی بۆ ته‌واوی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات. له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا كێشه‌ی خۆراک زیاتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر كه‌رتی كشتوكاڵ گرنگیی زیاتری پێ نه‌درێت له نێو پلانی ستراتیژیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ڕێژه‌ی پشتبه‌ستن به خۆراكی هاورده له عێراق، به هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له ئێستادا له پله‌ی پێنجه‌مدایه له سه‌ر ئاستی جیهان به ڕێژه‌ی (81.5%)(4). خۆراكی بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاورده ده‌كرێن، به تایبه‌ت خۆراكی هاورده‌كراو له هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیا و به‌شێک له‌و خۆراكانه له ڕووی كواڵتی و جۆره‌وه زۆر شیاو نین، مه‌ترسیی گه‌وره دروست ده‌كه‌ن له ئاینده‌دا بۆ سه‌ر ته‌ندروستیی دانیشتووان. له گرنگترین هۆكاره‌كانی پشتبه‌ستن به هاورده‌ی خۆراكی ده‌ره‌وه، بریتییه له لاوازیی كه‌رتی كشتوكاڵ و سوودوه‌رنه‌گرتن له توانای به‌رهه‌مهێنان و ده‌ستی كاری ناوخۆ، گرنگیدانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به وه‌به‌رهێنانی كه‌رتی نه‌وت، وزه و كه‌رتی نیشته‌جێبوون و گرنگیدان به كه‌رتی سه‌ربازی وه‌كوو ئاسایش، پێشمه‌رگه و پۆلیس.
هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن توانستێكی سروشتی و مرۆیی گەوره و پڕ بایه‌خه بۆ به‌دیهێنانی ئاسایشی خۆراكی، به‌ڵام نه‌بوونی شێوه سیستمێكی سه‌رده‌میانه وای كردووه ئاسایشی خۆراكی زامن نه‌بێت، تاكوو ئێستا به‌شی هه‌ره زۆری به‌رهه‌مه خۆراكییەکان، به تایبه‌ت ستراتیژییه‌كان (وه‌كوو دانه‌وێڵه و جۆره‌كانی گۆشت)، له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێن و پشت به هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیا ده‌به‌سترێت كه ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان له ئێستا و ئاینده‌دا. هه‌رێمی كوردستان به هۆی نه‌بوونی پلانی ستراتیژی بۆ بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ وه‌كوو كه‌رتێكی ئابووریی به‌هێزی نیشتمانی، نه‌توانراوه خۆراكی پێویست به پێی خواست و داوكاری و پێویستیی دانیشتووان دابین بكات، كه ئه‌مه‌ش وا پێویست ده‌كات له‌و پلانی ستراتیژییەدا ڕۆڵی كه‌رتی تایبه‌ت له بواری كشتوكاڵیدا زیاتر بكرێت، به تایبه‌ت كه‌رتی بیانی و هاوبه‌شی و به سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموون و شاره‌زایی وڵاتانی جیهان، به شێوه‌یه‌ک زۆرترین خۆراكی پێویست وه‌به‌ر بهێنرێت بۆ پێداویستیی دانیشتووانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئێستا و ئاینده، پاشان هه‌نارده‌كردنی بۆ ده‌رەوه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواری وه‌به‌رهێناندا وه‌به‌رهێنه‌كانی ناچار نه‌كردووه، یاخود كارئاسانیی بۆ نه‌كردوون به‌وه‌ی كه كار بكه‌ن له بواری كه‌رتی كشتوكاڵ به هه‌ردوو به‌شی «ڕووهكی و ئاژه‌ڵی»، سه‌رمایه‌داره‌كان سه‌رمایه‌كانیان له بواری كه‌رتی كشتوكاڵدا بخه‌نه كار، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ ببێته كه‌رتێكی به‌هێزی ئابووریی نیشتمانی له ئێستا و ئاینده‌دا و ببێته هۆی زامنكردنی ئاسایشی خۆراک و ببێته هێزێكی جیۆپۆلەتیكی بۆ ئایندهی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان كۆمپانیا جیهانییه‌كان له بواره‌كانی كه‌رتی نه‌وت و وزه و پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون وەبەرهێنان ده‌كه‌ن، بۆیه ده‌ستی كاری كشتوكاڵی له كه‌مبوونه‌وه‌دایه به هۆی گرنگیدانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌و كه‌رتانه. گه‌وره‌ترین كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ئێستادا نه‌بوونی دهستیكاری كشتوكاڵی و كۆچكردنی دانیشتووانی گونده‌كانه بۆ شاره‌كان، ئه‌مه‌ش پێویستی به پلانێكی ستراتیژیی به‌هێز هه‌یه بۆ هاندانی جووتیاری نوێ به هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌رچووانی به‌شه زانستی و كشتوكاڵییه‌كاندا له زانكۆ و په‌یمانگاكاندا، به دابینكردنی پڕۆژه و كردنه‌وه‌ی خولی زانستی و پێدانی پێشینه‌ی قه‌رزی بچووک و قه‌رزی گه‌شتیاری و قه‌رزی پیشه‌سازی و قه‌رزی كشتوكاڵی، پاشان فراوانكردنی کێڵگه‌ی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی و به‌پیشه‌سازیكردنی كه‌رتی كشتوكاڵی له ناوچه‌ی لێكۆڵینه‌وه و بهبازاڕكردن بۆ به‌رهه‌می ناوخۆ و هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌می كشتوكاڵی بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به تایبه‌ت بۆ ناوچه‌كانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، یاخود بهبازاڕكردن بۆ به‌رهه‌می خۆماڵی له وڵاتانی كه‌نداو.
به‌شێك له به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان له وه‌رزی پێگه‌یشتنیان له پێداویستیی دانیشتووان زیاترن، به تایبه‌ت له به‌رهه‌می جۆره‌كانی سه‌وزه‌وات و میوه و گۆشتی مریشک. ئه‌م به‌رهه‌مانه پێویستیان به بەبازاڕكردن هه‌یه تاكوو جووتیاره‌كان سوودمه‌ند بن له به‌رهه‌مه‌كانیان، یاخود پێویستیان به پیشه‌سازیكردنی ئه‌م به‌رهه‌مه خۆراكییانهیه تاكوو بڕی خستنه‌ڕووی به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر بێت و به ئاسانی بگه‌ن به ده‌ستی دانیشتووان و ئه‌م به‌رهه‌مه خۆراكییانه به‌دوور بن له به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ و بڕی كه‌مبوونه‌وه‌یان له وه‌رزه‌كانی تری ساڵ. هه‌روه‌ها گۆشتی مریشک هێزێكی ئابوورییه، ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه له زامنكردنی ئاسایشی خۆراک له هه‌رێمی كوردستان، ده‌توانرێت سوودی لێ وه‌ربگیرێت و به‌پیشه‌سازی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كات له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا بڕی خستنه‌ڕووی زیاتر هه‌بێت. گۆشتی مریشک له پێداویستیی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان زیاتره، هه‌نارده‌ی ناوچه‌كانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بكرێت. بڕی به‌رهه‌مهێنراوی گۆشتی مریشكی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له (200000) تۆنه له ساڵێكدا، له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان پێویستی به بڕی (80000) هه‌زار تۆن هەبووه له ساڵی 2023دا(5).
ئایندهی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان له هه‌رێمی كوردستان (2024-2030)
له هه‌رێمی كوردستان سه‌رژمێرییه‌كی نوێ و گونجاو نییه له ئێستادا، به‌ڵام به پێی نوێترین سه‌رژمێری كه هه‌بێت؛ پڕۆسه‌ی گه‌مارۆسازیی ساڵی 2009 هه‌یه، به پێی ئه‌م سه‌رژمێرییه له ساڵی 2009دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان پێك هاتووه له (4662266) كه‌س، هاوكێشه‌ی گه‌شه‌ی دانیشتووان (2.6) به‌كار هاتووه بۆ زانینی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان له ئاینده‌دا، به‌م پێیه له ساڵی 2023دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان (6627534) كه‌س بووه(6).
به پێی پێشبینییه‌كانی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان له هه‌رێمی كوردستان، له ساڵی 2024دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته (6791332) كه‌س، له ساڵی 2025دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته (6955130) كه‌س، له ساڵی 2026دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته (7118926) كه‌س.
له ساڵی 2026دا دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان (7) ملیۆن زیاتر ده‌بێت، به‌مه‌ش پێویستی و خواستی دانیشتووان زیاتر ده‌بێت له دابینكردنی خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانه و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی وه‌كوو پڕۆژه‌كانی ئاو و كاره‌با و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر، لێره‌دا ئه‌ركی حكومه‌ت زیاتر ده‌بێت له بهڕێوەبردن و دابینكردنی زیاتری پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری. هه‌روه‌ها به پێی پێشبینییه‌كانی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان، له ساڵی 2027دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته (7282727) كه‌س و له ساڵی 2028دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته (7446526) كه‌س و له ساڵی 2029دا ژماره‌ی دانیشتووان ده‌گاته (7610324) كه‌س، به‌م پێیه ڕۆژبه‌ڕۆژ ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان زیاد ده‌كات، له ساڵی 2030دا ده‌گاته (7774122) كه‌س. بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانە خشته‌ی ژماره‌ی (1)، زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان له هه‌رێمی كوردستان.
له ئه‌گەری ڕوودانی هه‌ر بارودۆخێكی له‌ناكاوی وه‌كوو ڕوودانی كاره‌ساته سروشتییه‌كان، به پێی پێشبینیی ناوه‌نده زانستییه جیهانییه‌كان و گۆڕانكارییه سیاسی و ئابوورییه‌كان، ئه‌وا ڕه‌نگه له ئاینده‌دا گۆڕانكاری به‌سه‌ر ژماره‌ی دانیشتووانی جیهاندا بێت، هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌كانی ڕوودانی جه‌نگی ناوخۆیی و جه‌نگی هه‌رێمی و جیهانی له ئاینده‌دا، مه‌ترسی زیاتر ده‌كه‌ن له سه‌ر زیادبوون و كه‌مبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی جیهان، كوردستانیش به‌ده‌ر نییه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، بۆیه ئه‌و مه‌ترسییانه كاریگه‌ریی ده‌بێت له سه‌ر كه‌مبوونه‌وه و زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان له ئاینده‌دا. له ڕوانگه‌ی جوگرافیای سیاسییه‌وه، پێویستی به داڕشتنی پلانی ستراتیژیی به‌هێز و تۆكمه هه‌یه بۆ ئێستا و ئاینده له هه‌ر گۆڕانكارییه‌ک ڕوو بدات له بواری زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان و زیادبوونی داهاتی تاكه‌كه‌سی، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رامه‌ته خۆراكییه‌كان زیاتر بكرێت به ئه‌ندازه‌ی زیادبوونی دانیشتووان، به‌مه‌ش پێویستی به پلانی به‌هێزكردن و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازیی خۆراكی هه‌یه بۆ زامنكردنی ئاسایشی خۆراک له هه‌رێمی كوردستان.
خشته‌ی ژماره (1)
پێشبینیی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ( 2024-2030)
سه‌رچاوه: به‌كارهێنانی گه‌شه‌ی دانیشتووانی ساڵانه له ماوه‌ی (2009-2019)دا كه ده‌گاته (2.6) به گوێره‌ی هاوكێشه‌ی پێشبینیی دانیشتووان، هاوكێشه‌كه بریتییه له «تێكڕای گه‌شه‌ی ساڵانه × ژماره‌ی دانیشتووان بۆ ساڵی 2021» ÷ 100 = ئه‌نجام + ژماره‌ی دانیشتووانی ساڵی 2021 = زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان بۆ ساڵی دواتر؛ وزارة التخطيط هيئة أحصاء اقليم كوردستان الاسقاطات السكانية لاقليم كوردستان العراق للفترة (2009-2020)، قسم السكان والقوى العاملة.
شێوه‌ی ژماره (1)
پێشبینیی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان له نێوان ساڵانی ( 2024-2030)
سه‌رچاوه: ئاماده‌كردنی توێژه‌ر به پشتبه‌ستن به خشته‌ی ژماره (1)
ئایندهی زیادبوونی خواست له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان (2024-2030)
یه‌كێك له كاره یه‌كه‌مینه‌كانی هه‌موو وڵاتان بریتییه له دابینكردنی خۆراک بۆ دانیشتووانی وڵاته‌كه كه ئه‌مه‌ش مافی هه‌موو كه‌سێكه بێ جیاوازیی پێكهاته‌ی ڕه‌گه‌ز و ئایین و نه‌ته‌وه‌كان، ده‌بێت خۆراک بۆ ته‌واوی دانیشتووانی وڵاته‌كه دابین بكات. هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا، به هۆی ئه‌و گه‌مارۆیه ئابوورییه‌ی به‌سه‌ر عێراقدا سه‌پێنرابوو، ئاماژه به‌وه كرابوو ئه‌گه‌ر بێت و له ساڵی (1996-1997)دا دۆخه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت؛ كاره‌ساتی مرۆیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. له 14ی نیسانی ساڵی 1995، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆ بوونه‌وه له سه‌ر بارودۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له ڕووی دابینكردنی خۆراكی پێویست و پێداویستییه‌كان بۆ دانیشتووانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، تیایدا بڕیاری ژماره (986) درا كه به بڕیاری نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆراک ناسرابوو. بڕیاره‌كه بریتی بوو له‌وه‌ی كه عێراق بۆ فرۆشتنی نه‌وت به بڕی دوو ملیار دۆلار له ماوه‌ی شه‌ش مانگ به مه‌رجی درێژكردنه‌وه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی مه‌ترسیداری كه‌میی خۆراک و ته‌ندروستیی دانیشتووان، هه‌ر له بڕیاره‌كه‌دا هاتووه به بڕی نزیكه‌ی (260-300) ملیۆن دۆلار بۆ هه‌رسێ پارێزگای (هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆک) ته‌رخان بكرێت بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌م، به سه‌رپه‌رشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له داهاتی نه‌وتی فرۆشراو بخرێته سه‌ر هەژمارێکی بانكی و له ساڵانی (1997-2001)دا بووه. كه‌رتی كشتوكاڵ به‌ره‌وپێشچوونێكی باشی به‌خۆیه‌وه بینی به هۆی هاوكاریی ڕێكخراوی فاو و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری گونده‌كانی هه‌رێمی كوردستان و یارمه‌تیدانی جووتیارانی ناوچه‌كه بۆ به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵ و گرنگیی زیاتر درا به به‌رهه‌می ناوخۆیی و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ له هه‌رێمی كوردستان(7).
پڕۆگرامی هاوكاریی خۆراكی نیشتمانی له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه دابین كراوه و تاكوو ئێستا به‌رده‌وامه، چه‌ندین جۆری خۆراک به‌سه‌ر دانیشتوواندا دابه‌ش ده‌كرێت. به پێی دەیتاكانی حكومه‌تی عێراقی، وه‌زاره‌تی بازرگانی نزیكه‌ی (40360000) هاوڵاتی له كۆی (41000000) ملیۆن هاوڵاتیی عێراقی فیدراڵ له چوارچێوه‌ی پسووڵه‌ی خۆراک مانگانه به‌شه‌خۆراک وه‌رده‌گرن له ڕێگای بریكاره‌كانه‌وه. هه‌روه‌ها بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ كڕینی مادده خۆراكییه‌كان له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه بۆ نۆ مانگی ساڵی 2022 بریتی بووه له بڕی پێنج ترلیۆن و (225) ملیار دیناری عێراقی(8).
له ئێستادا حكومه‌تی عێراق كۆتا وڵاته ئه‌م به‌شه‌خۆراكی مانگانه دابه‌ش ده‌كات، به پێی ڕاپۆرتی پڕۆگرامی ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی نزیكه‌ی (930000) هه‌زار دانیشتووانی عێراق كێشه‌ی كه‌میی خۆراكیان هه‌یه. له ساڵی 2021دا به نه‌مانی به‌شه‌خۆراكی مانگانه، ئه‌وا ژیانی خۆراكی نزیكه‌ی (7) ملیۆن كه‌س له عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، واته به ڕێژه‌ی زیاتر له (17%)ی دانیشتووانی عێراق به بڕینی به‌شه‌خۆراكی مانگانه ژیانیان ده‌كه‌وێته بوارێكی خراپ و مه‌ترسیداره‌وه. به بڕینی به‌شه‌خۆراكی مانگانه، مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق دروست ده‌كات. جگه له‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق له ئێستادا له هه‌وڵی بڕینی به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستانه، هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی بڕینی به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ی ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی حكومه‌تن كه بڕی مووچه‌كه‌یان له ملیۆنێک و پێنج سه‌د هه‌زار دینار زیاتره، له ئه‌نجامدا نزیكه‌ی (10) ملیۆن كه‌س بێبه‌ش ده‌بن له به‌شه‌خۆراكی مانگانه(9).
هه‌ر چه‌نده له ڕووی جۆر و چۆنێتیی و بڕەوە به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ی حكومه‌تی عێراقی زۆر باش نییه و به پێی پێویست ناتوانێت بۆشایی خۆراكی هه‌موو دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان پڕ بكاته‌وه، به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌ک كاریگه‌ریی له سه‌ر زیادبوونی خستنه‌ڕووی خۆراک و دابه‌زینی نرخی خۆراک هه‌یه له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا و كاریگه‌ریی هه‌یه بۆ باشتربوونی ئاستی گوزه‌ران و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی خۆراكی چینه كهمداهات و چینی مامناوه‌نده‌كان، كه ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی قورسایی دارایی و ئابووری له سه‌ر ژیانیان. له‌گه‌ڵ نه‌مانی به‌شه‌خۆراكی مانگانه، ئه‌وا دۆخی ئاسایشی خۆراک له هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا ده‌كه‌وێته قۆناغێكی مه‌ترسیداره‌وه، چونكه سه‌ره‌ڕای كه‌میی قه‌باره‌ی خۆراكه‌كان و خراپیی چۆنێتیی زۆرێک له مادده خۆراكییه‌كان، به‌ڵام ڕێژه‌یه‌كی زۆری دانیشتووانی ناوچه‌ی لێكۆڵینه‌وه و دانیشتووانی عێراق پشت به به‌شه‌خۆراكی مانگانه ده‌به‌ستن، به تایبه‌ت له چینی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و چینی مامناوه‌ند و به‌شێک له چینی ده‌وڵه‌مه‌ند.
به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی داهاتی تاكەكهس كاریگه‌ریی زۆری هه‌یه له سه‌ر زیادبوونی خواست له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان. تاكوو داهاتی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر بێت، به شێوه‌یه‌كی گشتی خواست له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان زیاتر ده‌بێت، به تایبه‌ت ئه‌و جۆره خۆراكانه‌ی كه سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی وزه‌به‌خشن و له پڕۆتین و چه‌وری پێک هاتوون. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، هه‌ر چه‌نده داهاتی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان كه‌متر بێت، ئه‌وا توانای كڕین و پێداویستیی خۆراكی كه‌متر ده‌بێته‌وه.
به‌ركه‌وته‌ی هه‌ر تاكێک له به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كانی به‌رهه‌می «ڕووهكی و ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ر و ماسی»
به ركهوتهی هه‌ر تاكێكی عێراقی، به هه‌رێمی كوردستانه‌وه، بۆ خۆراک جیاوازه له جۆری خۆراكه‌كان، به‌م شێوه‌یه، بۆ نموونه: گه‌نم بڕی (136 كگم) بۆ هه‌ر ساڵێک، به‌ركه‌وته‌ی هه‌ر تاكێک له برنج بڕی (36 كگم) بۆ ساڵێک، به‌رهه‌مە پاقله‌مه‌نییه‌كان (وه‌كوو فاسۆلیا و نیسك و نۆک و لۆبیا) بڕی (17 كگم) پێویسته بۆ هه‌ر تاكێک له ماوه‌ی ساڵێكدا، بڕی سه‌وزه و میوه بۆ هه‌ر تاكێک له ماوه‌ی ساڵێكدا (145 كگم) پێویسته، به‌رهه‌مه‌كانی ڕۆن (ڕۆنی ڕووهكی و ڕۆنی ئاژه‌ڵی) بڕی (11 كگم) پێویسته بۆ هه‌ر تاكێک له ماوه‌ی ساڵێكدا. سەبارەت به‌رهه‌می ئاژه‌ڵی و به‌رهه‌می په‌له‌وه‌ر و گۆشتی ماسی، به‌ركه‌وته‌ی هه‌ر تاكێک له ماوه‌ی ساڵێكدا به‌م شێوه‌یەیە: به‌ركه‌وته‌ی هه‌ر تاكێک له گۆشتی سوور بڕی (15 كگم)، به‌ركه‌وته‌ی هه‌ر تاكێک له گۆشتی مریشک بڕی (10 كگم) بۆ ساڵێک، گۆشتی ماسی بڕی (6 كگم) بۆ هه‌ر تاكێک له ماوه‌ی ساڵێكدا. بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانه خشته‌ی ژماره (2)، به‌ركه‌وته‌ی هه‌ر تاكێک له به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كانی به‌رهه‌می ڕووهكی و ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ر و گۆشتی ماسی.
خشته‌ی ژماره (2)
به‌ركه‌وته‌ی ساڵانه‌ی تاک له به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان
سه‌رچاوه: الحكومة العراقية، وزارة التخطيط والتعاون الانمائي، الجهاز المركزى اللاحصاء، البيانات الزراعية، 2020؛ نبيل طه علي بلال الشمري، الامكانات والمحددات المكانية للاكتفاء الذاتي من الغذاء في محافظة الانبار، أطروحة دكتورا، كلية التربية للعلوم الانسانية، جامعة الانبار، غير المنشورة، 2022، ص173؛ أبراهيم أحمد، نظرة أقتصادية لمشكلة الغذاء في العراق، دارزهران، عمان، 2008، ص14؛ ڕۆسته‌م جه‌بار مسته‌فا، هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاسایشی خۆراک له هه‌رێمی كوردستان، تێزی دكتۆرا، كۆلێژی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان، زانكۆی سلێمانی، بڵاونه‌كراوه، 2023، ل182؛ كاوه مەحموود عەبدولڕەحمان، پاشكۆیه‌تیی خۆراک و كاریگه‌ریی له سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی كوردستانی عێراق، نامه‌ی ماسته‌ر، كۆلێژی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان، زانكۆی ڕاپه‌ڕین، بڵاونه‌كراوه، 2021، ل89، 91، 92.
ئایندهی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان و زیادبوونی خواست له سه‌ر به‌رهه‌می خۆراک له هه‌رێمی كوردستان ( 2024-2030)
- به‌رهه‌مه ڕووه‌كییه‌كان
له گرنگترین به‌رهه‌مه ڕووه‌كییه‌كان، وه‌كوو گه‌نم و برنج و بهرهەمه پاقله‌مه‌نییه‌كان و سه‌وزه و میوه و به‌رهه‌مه‌كانی ڕۆن، به پێی پێشبینییه‌كانی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاینده، پێشبینی ده‌كرێت له ساڵی 2024دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان بگاته (6791332) كه‌س، خواستی دانیشتووان بۆ به‌رهه‌می گه‌نم بگاته بڕی (923621) تۆن، بۆ برنج بگاته بڕی (244488) تۆن، سه‌وزه و میوه بڕی (984743) تۆن، به‌رهه‌مه‌كانی ڕۆن بڕی (729029) تۆن؛ پێویسته بۆ ته‌واوی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان له هه‌مان ساڵدا. كۆی گشتیی خۆراک له به‌رهه‌مه ڕووه‌كییه‌كان له هه‌مان ساڵدا ده‌گاته بڕی (2924607) تۆن بۆ هه‌موو دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان پێویسته. له ساڵی 2026دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان به پێی پێشبینییه‌كان بۆ ئایندهی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته (7118929) كه‌س، واته (7) ملیۆن تێپه‌ڕ ده‌كات، به‌مه‌ش خواست زیاتر ده‌بێت له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان بۆ به‌شی به‌رهه‌می ڕووهكی. به هه‌مان شێوه، له ساڵی 2030دا به پێی پێشبینییه‌كان، ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئایندهی ده‌گاته (7774122) كه‌س، به‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خواست له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان زیاد ده‌كات. به پێی پێشبینییه‌كان بۆ خۆراک، بڕی (1057281) تۆن گه‌نم پێویسته بۆ هه‌موو دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان، بڕی (279868) تۆن برنج پێویسته بۆ دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان، بڕی (132160) تۆن پاقله‌مه‌نییه‌كان پێویسته، هه‌روه‌ها بڕی (1127248) تۆن سه‌وزه و میوه و بڕی (837136) تۆن ڕۆن پێویسته، كۆی گشتی بڕی (3433692) تۆن به‌رهه‌می خۆراكی ڕووهكی پێویسته بۆ هه‌موو دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان. بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانه خشته‌ی ژماره (3).
خشته‌ی ژماره (3)
پێشبینیی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان و زیادبوونی خواست له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان (بە تۆن) له هه‌رێمی كوردستان له نێوان ساڵانی (2024-2030)
سه‌رچاوه: به‌كارهێنانی گه‌شه‌ی دانیشتووانی ساڵانه له ماوه‌ی (2009-2019) كه ده‌گاته (2.6)، به گوێره‌ی هاوكێشه‌ی پێشبینیی دانیشتووان ده‌رهاتووه. هاوكێشه‌كه بریتییه له «تێكڕای گه‌شه‌ی ساڵانه × ژماره‌ی دانیشتووان بۆ ساڵی 2021» ÷ 100 = ئه‌نجام + ژماره‌ی دانیشتووانی ساڵی 2021 = زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان بۆ ساڵی دواتر؛ وزارة التخطيط هيئة أحصاء اقليم كوردستان الاسقاطات السكانية لاقليم كوردستان العراق للفترة (2009-2020)، قسم السكان والقوى العاملة، 2014؛ پشتبه‌ستن، خشته‌ی ژماره (2)؛ ڕۆسته‌م جه‌بار مسته‌فا، هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاسایشی خۆراک له هه‌رێمی كوردستان، تێزی دكتۆرا، كۆلێژی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان، زانكۆی سلێمانی، بڵاونه‌كراوه، 2023، ل261.
- به‌رهه‌می ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ر و گۆشتی ماسی
به‌رهه‌می ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ر و گۆشتی ماسی؛ خۆراكی ڕۆژانه‌ی دانیشتووانن، سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ و وزه‌به‌خشن بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ. له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژبه‌ڕۆژ خواست زیاتر ده‌بێت له سه‌ر جۆره‌كانی گۆشت. به پێی پێشبینییه‌كانی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاینده، پێشبینی ده‌كرێت له ساڵی 2024دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان بگاته (6791332) كه‌س، كۆی گشتیی پێداویستیی خۆراكی له به‌رهه‌می ئاژه‌ڵی و به‌رهه‌می په‌له‌وه‌ر و گۆشتی ماسی بۆ ساڵی 2024 به پێی به‌ركه‌وته‌ی تاک بۆ هه‌موو دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته بڕی (1643502) تۆن پێویسته بۆ هه‌موو دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان. له ساڵی 2026دا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان به پێی پێشبینییه‌كان بۆ ئایندهی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته (7118929) كه‌س، واته (7) ملیۆن تێپه‌ڕ ده‌كات، به‌مه‌ش خواست زیاتر ده‌بێت له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان بۆ به‌شی به‌رهه‌می ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ر و ماسی به هه‌مان شێوه. له ساڵی 2030دا، به پێی پێشبینییه‌كان ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئایندهی ده‌گاته (7774122) كه‌س، به‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خواست له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان زیاد ده‌كات. كۆی گشتیی پێداویستیی گۆشتی سوور بڕی (116612) تۆن پێویسته بۆ هه‌موو دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان، كۆی گشتیی بڕی (777412) تۆن گۆشتی مریشک و بڕی (69967) تۆن هێلكه پێویسته و هه‌روه‌ها بڕی (46645) تۆن گۆشتی ماسی و به‌رهه‌مه‌كانی شیر بڕی (870702) تۆن پێویسته بۆ هه‌موو دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان له هه‌مان ساڵدا. بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانه خشته‌ی ژماره (4).
خشته‌ی ژماره (4)
خستنه‌ڕووی پێشبینیی زیادبوونی ساڵانه‌ی ژماره‌ی دانیشتووان بۆ زیادبوونی خواستی به‌رهه‌می ئاژه‌ڵی، په‌له‌وه‌ر و ماسی له ساڵی (2021-2035) (به تۆن)
سه‌رچاوه: به‌كارهێنانی گه‌شه‌ی دانیشتووانی ساڵانه له ماوه‌ی (2009-2019) كه ده‌گاته (2.6) به گوێره‌ی هاوكێشه‌ی پێشبینیی دانیشتووان. هاوكێشه‌كه بریتییه له «تێكڕای گه‌شه‌ی ساڵانه × ژماره‌ی دانیشتووان بۆ ساڵی 2021» ÷ 100 = ئه‌نجام + ژماره‌ی دانیشتووانی ساڵی 2021 = زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان بۆ ساڵی دواتر؛ وزارة التخطيط هيئة أحصاء اقليم كوردستان الاسقاطات السكانية لاقليم كوردستان العراق للفترة (2009-2020)، قسم السكان والقوى العاملة، 2014؛ پشتبه‌ستن به خشته‌ی ژماره (2)؛ ڕۆسته‌م جه‌بار مسته‌فا، هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاسایشی خۆراک له هه‌رێمی كوردستان، تێزی دكتۆرا، كۆلێژی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان، زانكۆی سلێمانی، بڵاونه‌كراوه، 2023، ل264.
له ڕوانگه‌ی جوگرافیای سیاسییه‌وه و به پێی پێشبینییه‌كانم بۆ ئایندهی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان له ئاینده‌دا، ئه‌گه‌ر كه‌رتی كشتوكاڵ له نێو پلانه نیشتمانییه‌كاندا گرنگیی زیاتری پێ نه‌درێت و نه‌توانرێت بڕی ئه‌و خۆراكانه دابین بكات بۆ دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا دابینكردنی ئه‌و بڕه خۆراكه ده‌بێت هاورده بكرێت له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی خۆراكی، بڕی بودجه‌ی پێویستی بۆ دابنرێت، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش بۆ هاورده‌ی خۆراک زۆر زۆره و كاریگه‌ریی له سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌نگه نه‌توانێت بڕی ئه‌و بودجه‌یه دابین بكات، ناچار ده‌بێت پشت به قه‌رزی ده‌ره‌كی ببه‌ستێت بۆ كورتهێنانی بودجه و هاورده‌ی خۆراكی، به‌مه‌ش ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قورس‌تر ده‌بێت و مه‌ترسیی گه‌وره‌ی له سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی زیاتر ده‌بێت و له‌و كاته‌دا هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته دۆخێكی ناهه‌موار و دژواره‌وه و ده‌بێته پاشكۆی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی بیانی و دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان له بارودۆخێكی خراپ‌دا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، تووشی دڵه‌ڕاوكێ و نه‌بوونی متمانه ده‌بنه‌وه له ئه‌گه‌ری كه‌مبوونه‌وه‌ی خۆراكی هاورده و تێكچوونی بارودۆخی ئارامی و زامننه‌كردنی ئاسایشی خۆراكدا.
له ئه‌نجامی گۆڕانكارییه سیاسییه جیهانییه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی ناوخۆیی و گۆڕانكارییه سیاسییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و تێكچوونی بارودۆخی ئارامی و ئاسایش له به‌شێک له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری عه‌ره‌بی و جه‌نگی ناوخۆیی سووریا و سه‌رهه‌ڵدانی گرووپی چه‌كداریی داعش و هاتنیان بۆ خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ڕێژه‌یه‌كی زۆر له ئاواره و په‌نابه‌ر ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كرد و نیشته‌جێ بوون له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان.
به هۆی كاریگه‌ریی جه‌نگی ناوخۆیی سووریا، تاكوو ساڵی 2014 نزیكه‌ی دوو سه‌د هه‌زار په‌نابه‌ر ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه. به هۆی هاتنی گرووپی چه‌كداریی داعش بۆ سه‌ر خاكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2014، ژماره‌ی ئاواره له هه‌رێمی كوردستان گەیشته ملیۆنێک و سه‌د هه‌زار ئاواره له هه‌رچوار پارێزگای هه‌رێمی كوردستان، لە هه‌ریه‌ک له پارێزگاكانی (هه‌ڵەبجه، سلێمانی، دهۆک و هه‌ولێر) نیشته‌جێ بوون، به‌شێكیان له كه‌مپه‌كان و به‌شێكیان له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان، (18%)ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستانیان پێک ده‌هێنا و به ڕێژه‌ی (45%) ئاواره‌كان ته‌مه‌نیان له خوار هه‌ژده ساڵییه‌وه بوو(10)، به‌مه‌ش پێویستیان به دابینكردنی خۆراک و خزمه‌تگوزاری و ته‌ندروستی و ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزاریی تر هه‌بووه. به هۆی ئه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ و بهرهەمهێنانی خۆراكی ناوخۆ ناتوانێت پێداویستیی ته‌واوی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان پڕ بكاته‌وه، ناچار به‌شێكی زیاتر خۆراک له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاورده كرا بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه خۆراكییه.
له ئاینده‌دا له ئه‌گه‌ری ڕوودانی گرژی و ئاڵۆزییه‌كان له وڵاتانی دراوسێ، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی ده‌بێت له سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستان، به تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردستان به‌سه‌ریاندا دابه‌ش كراوه، وه‌كوو وڵاتانی توركیا و سووریا و عێراق و ئێران، چونكه نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌شێكه له پێكهاته‌ی ئه‌م وڵاتانه. له ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌ر بارودۆخێكی نه‌خوازراو له وڵاتانی دراوسێ، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی ده‌بێت له سه‌ر ئاسایشی نه‌تەوه‌یی هه‌رێمی كوردستان.
له ئێستا و ئاینده‌دا گرنگیدان به كه‌رتی كشتوكاڵ وا ده‌كات مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستان كه‌متر ده‌كاته‌وه و ڕۆڵی گه‌وره‌ی ده‌بێت له زامنكردنی ئاسایشی خۆراكی هه‌رێمی كوردستان و پاشان ده‌توانرێت به‌رهه‌می خۆراكی زیاتر له پێداویستیی خواستی دانیشتووان وه‌به‌ر بهێنرێت و هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان بکرێت، به تایبه‌ت بۆ ناوچه‌كانی ناوڕاست و باشووری عێراق و ولاتانی كه‌نداو، هه‌ر چه‌نده له ئێستادا خواستێكی زۆر له سه‌ر به‌رهه‌می خۆراكیی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه له وڵاتانی هه‌رێمی و جیهانی، باشترین شوێنن بۆ بهبازاڕكردن بۆ به‌رهه‌می خۆراكی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌ش جووتیاره‌كان سوودمه‌ند ده‌بن له به‌رهه‌مه‌كانیان و دووچاری فڕێدان نابنه‌وه له وه‌رزی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانیان.
ده‌رئه‌نجام
هه‌رێمی كوردستان ڕۆژبه‌ڕۆژ ژماره‌ی دانیشتووانی زیاد ده‌كات، به شێوه‌یه‌كی گشتی خواست زیاتر ده‌بێت له سه‌ر به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان. هه‌رێمی كوردستان له ئێستادا له توانایدایه دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئێستای ژماره‌ی دانیشتووان له‌خۆ بگرێت، به‌و پێیه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان بكرێت و له ڕوانگه‌ی پێكهاته‌ی ژینگه‌ی دانیشتووانه‌وه به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان یاخود نزیک له یه‌كسان دانیشتووان دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر شار و گونده‌كاندا، به شێوه‌یه‌ک هاوسه‌نگی هه‌بێت له نێوان شار و لادێ‌دا، كه‌رتی كشتوكاڵ بكرێت به كه‌رتی ئابووریی نیشتمانی و له نێو پلانه ستراتیژییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و جۆره خۆراكانه وه‌به‌ر بهێنرێت كه زۆرترین خواست و پێداویستیی ڕۆژانه‌ی دانیشتووان دابین ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش هه‌رێمی كوردستان وا ده‌كات كه‌متر خۆراک له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاورده بكات و ده‌توانێت له ئاینده‌دا له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان؛ خۆراک بۆ به‌شێک له بازاڕه‌كانی ناوچه‌یی و هه‌رێمی و جیهانی دابین بكات.
پێشنیار و ڕاسپاردە
١. گۆڕینی شێوازی كشتوكاڵ له شێوازێكی كۆنه‌وه بۆ شێوازێكی مۆدێرن و سه‌رده‌میانه، تاكوو زۆرترین به‌رهه‌می كشتوكاڵی وه‌به‌ر بهێنرێت له هه‌رێمی كوردستان و پێداویستیی دانیشتووان پڕ بكاته‌وه.
٢. زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان له ئاینده‌دا پێویستی به پلانی دوورمه‌ودا هه‌یه و پێویسته وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ر بنه‌مای زیادبوونی دانیشتووان؛ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ ناوچه جیاجیاكان دابین بكات، تاكوو كێشه‌ی خزمه‌تگوزاری له ئاینده‌دا زیاتر نه‌بێت.
٣. پێویسته هاوسه‌نگییه‌ک هه‌بێت له نێوان پێكهاته‌ی ژینگه‌ی دانیشتووان له شار و لادێ‌دا، به گرنگیدان به لادێكان و ئاوەدانكرانهوهیان و گێڕانه‌وه‌ی به‌شێک له دانیشتووانی شاره‌كان بۆ گونده‌كان له سه‌ر بنه‌مای پێدانی پێشینه‌كانی وه‌كوو قه‌رزی بچووک و گه‌شتیاری و پیشه‌سازی و پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری به دانیشتووانی گونده‌كان.
٤. له چاندنی به‌رهه‌می كشتوكاڵیدا پێویسته ئه‌و جۆره خۆراكانه بچێنرێت كه زۆرترین خواستی دانیشتووانی له سه‌ره و زۆرترین بۆشایی خۆراكی پڕ ده‌كه‌نه‌وه، پاشان بتوانرێت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.
٥. دانانی یاسای پارێزگاری له به‌رهه‌می ناوخۆ، به شێوه‌یه‌ک له وه‌رزی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆ ڕێگه نه‌درێت به‌رهه‌می خۆراكی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاورده بكرێت، تاكوو زۆرترین ده‌رفه‌ت بۆ بهبازاڕكردن بۆ به‌رهه‌می ناوخۆ دروست ببێت.
٦. پێویسته سه‌رژمێرییه‌كی گونجاوی دانیشتووان بكرێت له هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ زانینی ژماره و ڕه‌گه‌ز و پێكهاته‌ی دانیشتووان له هه‌رێمی كوردستان، له سه‌ر بنه‌مای سه‌رژمێری ده‌توانرێت پلان بۆ چه‌ندین ساڵ دابنرێت بۆ ئایندهی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رچاوه و پەراوێزەكان
* له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا باسی هه‌رێمی كوردستان كراوه، واته ته‌نها ئه‌و ناوچانه‌ی له ژێر ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوەبردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن كه پێك هاتوون له هه‌رچوار پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و هه‌ڵه‌بجه. له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان باس نه‌كراوه.
١. ڕۆسته‌م جه‌بار مسته‌فا، هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاسایشی خۆراک له هه‌رێمی كوردستان، تێزی دكتۆرا، كۆلێژی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان، زانكۆی سلێمانی، بڵاونه‌كراوه، 2023، ل64.
٢. حسين عبدالمجيد حميد الزهيري، الوزن الاستراتيجى لمحافظة ديالى في الامن الغذائي العراقي، دراسة في الجغرافية السياسية، أطروحة دكتوراه، كلية التربية للعلوم الانسانية جامعة ديالى، غير المنشورة، 2019، ص31.
٣. ڕۆسته‌م جه‌بار مسته‌فا، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل82.
٤. ڕۆسته‌م جه‌بار مسته‌فا، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل191.
5.حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیی گشتیی سامانی ئاژه‌ڵ و فێترنه‌ری، به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی پلاندانان و به‌دواداچوون، به‌شی په‌له‌وه‌ر، ڕاپۆرتی بڵاونه‌كراوه، 2023.
٦. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی پلاندانان، ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان، به‌شی دانیشتووان و هێزی كار، 2022.
٧. عبدالعزيز طيب، و تيلي أمين، القرار 986 لسنة 1995 وتطبيقاتة في كوردستان، طبعة الاولى، مطبعة خبات، دهوك، 1997، ص5.
٨. منظمة الاغذية والزراعة اللامم المتحدة، أثر فيروس كورونا المسجد (كوفيد-19) على الأمن الغذائي في العراق، تشرين الأول/اكتوبر، 2022، ص9.
٩. ڕۆسته‌م جه‌بار مسته‌فا، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل174.
١٠. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی پلاندانان، ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان، به‌شی دانیشتووان و هێزی كار، ڕاپۆرتی شیكاری دانیشتووان، 2020