Draw Media

ورده‌كاری دانوستانی هه‌ولێرو به‌غداد بۆ هه‌مواری بودجه‌

ورده‌كاری دانوستانی هه‌ولێرو به‌غداد بۆ هه‌مواری بودجه‌

2024-01-11 18:22:57


راپۆرت: دره‌و
وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان دانوستانی خۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق دابه‌شكردووه‌ به‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ردا، له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت پرسی موچه‌ی موچه‌خۆران له‌ كێشه‌ی نه‌وت جیابكاته‌وه، سێ شه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كۆبونه‌وه‌ی هه‌یه‌، بڕیاره‌ له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا هه‌م ره‌شنوسی هه‌مواری یاسای بودجه‌ په‌سه‌ندبكرێت و هه‌م بڕیار له‌سه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كیش بدرێت بۆ خه‌رجی موچه‌ی مانگی یه‌كی موچه‌خۆرانی هه‌رێم، كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمیش له‌ گفتوگۆدان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌باره‌ی نرخی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی دانوستانی ئه‌مجاره‌ له‌م راپۆرته‌دا.‌

دابه‌شكردنی دانوستان به‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ردا
رۆژی 6ی ئه‌م مانگه‌ وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ به‌غداد بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواری یاسای بودجه‌، وه‌فده‌كه‌ دوو رۆژ دانوستانی كردو گه‌ڕایه‌وه‌.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم راپۆرتێكی پێشكه‌شی به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵ كردووه‌، له‌م راپۆرته‌دا دانوستانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌ دابه‌شكردووه‌ به‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ردا، به‌مشێوه‌یه‌:
•    موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان
•    دۆسیه‌ی نه‌وت
•    دۆسیه‌ی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
وه‌فدی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان داوایكردووه‌، ئه‌م سێ ته‌وه‌ره‌یه‌ به‌شێوه‌ی جیاجیا مامه‌ڵه‌و رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر بكرێت و نه‌به‌سترین به‌یه‌كه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش پرسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم تێكه‌ڵ به‌ دۆسیه‌ی نه‌وت نه‌كرێت و له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجی حاكیمه‌دا دابنرێت و له‌ ناكۆییه‌كانی تر دوربخرێته‌وه‌.

عه‌توان عه‌توانی رێككه‌وتنه‌كه‌ رێكده‌خات
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پرسی رێككه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌ راده‌ستی (عه‌توان عه‌توانی) سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق كردووه‌، عه‌توان سه‌ربه‌ كوتله‌ی ده‌وڵه‌تی یاسای نوری مالیكییه‌و ئه‌و سه‌رپه‌ره‌شتی گفتوگۆو رێككه‌وتنه‌كان ده‌كات، سودانی ده‌یه‌وێت هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان له‌ناو ورده‌كاری رێككه‌وتنه‌كه‌دا بێت بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی ده‌نگدان له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه‌، په‌رله‌مان گرفت دروست نه‌كات.

پرسی موچه‌ له‌ دانوستاندا
له‌ پرسی موچه‌دا، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم داوایكردووه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی پیشتر رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌، خه‌رجی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق جیابكرێته‌وه‌و بخرێته‌ چوارچێوه‌ی خه‌رجی (حاكیمه‌)ی عێراق، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق خۆشی بیرۆكه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت خه‌رجی موچه‌ی عێراقیش بخاته‌ ناو چوارچێوه‌ی خه‌رجی حاكیمه‌وه‌.
خه‌رجی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان (موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران+ خانه‌نشینان+ پێشمه‌رگه‌)‌ به‌ تێكڕا بۆ ساڵێك له‌ بودجه‌ی فیدراڵدا به‌ بڕی (10 ترلیۆن و 867 ملیار) دیناره دانراوهو بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (906 ملیار) دیناره‌‌، خه‌رجی موچه‌ی عێراقیش به‌ تێكڕا بڕی (76 ترلیۆن) دیناره‌‌.
به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان تاڕاده‌یه‌ك قایل بوون به‌وه‌ی پرسی موچه‌ی موچه‌خۆران له‌ بابه‌تی نه‌وت و داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم جیابكرێته‌وه‌. ‌
خەرجی حاكیمە كه‌ بڕیاره‌ خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیشی بۆ زیاد بكرێت، ئه‌م جۆره‌ خه‌رجیانه‌ ده‌گرێته‌وه:
•    كارتی كۆبوونی خۆراك
•    خەرجی كێشه‌ی ناكۆكی موڵكایه‌تیی
•      دەرمان
•    پاڵپشتی گەنم و جۆ
•    هاوردەكردنی وزە
•     سەرژمێری دانیشتوان
•     خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان
یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق كه‌ بۆ سێ ساڵه‌ (2023-2024-2025)، له‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023 كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردن، یاساكه‌ پشكی هه‌رێمی كوردستانی له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق دیاریكردووه‌، له‌گه‌ڵ به‌ركاربوونی یاساكه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم بۆی ده‌ركه‌وت پشكی مانگانانه‌ی زۆر كه‌متره‌ له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی كردووه‌، به‌تایبه‌تیش بۆ مانگه‌كانی سه‌ره‌تای به‌ركاربوونی یاسای بودجه‌، كه‌ خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق كه‌مبوو، به‌هۆیه‌وه‌ پشكی هه‌رێم بۆ هه‌ر مانگێك له‌ (580 ملیار) دیناردا راده‌وه‌ستا، ئه‌مه‌ش بڕه‌ پاره‌یه‌ك بوو كه‌ به‌ته‌نیا به‌شی دابینكردنی خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێمی نه‌ده‌كرد كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (913 ملیار) دیناره‌.
كه‌می پشكی هه‌رێم له‌ كۆی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق وایكرد، حكومه‌تی هه‌رێم ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببرێت، به‌وهۆیه‌وه‌ مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ پشكی هه‌رێم له‌یاسای بودجه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی مانه‌وه‌و حكومه‌تی عێراق تا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ له‌كۆتاییه‌كانی 2023دا بۆ ماوه‌ی سێ مانگ و بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (700 ملیار) دیناری بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ حكومه‌تی هه‌رێم دا.

پرسی نه‌وت له‌ دانوستاندا
له‌ پرسی دۆسیه‌ی نه‌وتدا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ له‌باره‌ی خه‌رجی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ناكۆكن، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌ هه‌رێم بڕی (32) دۆلاری تێده‌چێت، به‌ڵام له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵی عێراقدا ته‌نیا بڕی (6) دۆلار بۆ به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان دانراوه‌.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ له‌ به‌غداد ده‌ست (دره‌و) كه‌وتوون، عه‌توان عه‌توانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانی وه‌فدی هه‌رێمدا، داوای له‌ كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن، كۆمپانیاكانیش 18 كه‌سیان به‌ نوێنه‌رایه‌تی خۆیان ناردوه‌ته‌ به‌غدادو كۆمپانیای (دیلۆیت)یش كه‌ وردبینی له‌ فرۆش و داهاتی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات نوێنه‌ری خۆی ناردووه‌، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان نوێنه‌ری كۆمپانیاكان و دیلۆیت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" كۆبونه‌ته‌وه‌.
(دره‌و) زانیویه‌تی، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كۆمپانیای سۆمۆ داوای له‌ نوێنه‌ری كۆمپانیا بیانییه‌كانی هه‌رێم كردووه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، به‌ (6) دۆلار كاربكه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ یاسای بودجه‌دا هاتووه‌، نوێنه‌ری كۆمپانیاكان ره‌تیانكردوه‌ته‌وه‌و رایانگه‌یاندووه‌ ئه‌و نرخه‌ زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن و ئه‌وان به‌ نرخێكی تر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم گرێبه‌ستیان كردووه‌.
دوای ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری كۆمپانیا بیانییه‌كانی هه‌رێم نرخی (6) دۆلاره‌كه‌یان ره‌تكردوه‌ته‌وه‌، كۆمپانیای سۆمۆ ئۆپشنێكی تری خستوه‌ته‌ به‌رده‌میان، ئۆپشنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م كۆمپانیایانه‌ گرێبه‌ستی كاركردنیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق نوێ بكه‌نه‌وه‌و له‌سه‌ر نرخێكی نوێ رێككه‌وتن بكرێت به‌و شێوه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌، نوێنه‌ری كۆمپانیاكان ئه‌م پیشنیازه‌شیان ره‌تكردوه‌ته‌وه‌.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، ئێستا كۆمپانیای سۆمۆو كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم خه‌ریكی گه‌ڵاڵه‌كردنی رێككه‌وتنێكی نوێن، رێككه‌وتنێك كه‌ نرخێكی تر بۆ به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌نێوان 6 دۆلاره‌كه‌ی عێراق و 32 دۆلاره‌كه‌ی هه‌رێم دیاری بكات.
فەرمانگەی ئابوری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ تێچووی بەرهەمێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی هه‌رێمی بە بڕی (8 هەزارو 960) دینار دیاریكردووە كە دەكاتە (6,9) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی تێكڕای ئەم خەرجییەی بە بڕی (32,91) دۆلار دیاریكردووە، بەمشێوەیە:
•    بڕی (24,32) دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت
•    بڕی (8,59) دۆلار بۆ گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت
ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كه‌رتی نه‌وتی عێراق كۆده‌بنه‌وه‌، ئه‌م كۆمپانیایانه‌ كه‌ خۆیان له‌ناو گروپێكدا به‌ناوی "ئه‌پیكور" رێكخستووه‌، بۆ یه‌كه‌مجار دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی عێراق و سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد، رۆژی 8ی تشرینی دووه‌می 2023 له‌ (دوبه‌ی) له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كۆبونه‌وه‌یان  كرد، له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا نوێنه‌ری كۆمپانیاكان پێشنیازی ئه‌وه‌یان بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كرد كۆمپانیای سۆمۆ ئه‌و نه‌وته‌یان لێبكڕێت كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌می ده‌هێنن، چونكە بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردویانە كە گرێبەستی پشكی بەرهەمهێنانە، ئەم كۆمپانیایانە مافی ئەوەیان پێدراوە پشكی نەوتی خۆیان بفرۆشن، داواكارییه‌كی تری كۆمپانیاكان ئه‌وه‌ بوو " رێككەوتنێكی روون‌و وردو یاسایی هەبێت بۆ فرۆشتن‌و هەناردەی نەوت، لەناویشیاندا پێدانی پارەی فرۆشی نەوت لە رابردوو و داهاتووودا" ئه‌مه‌شیان وه‌كو مه‌رج بۆ ده‌ستپیكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم دیاری كردبووه‌، چونكه‌ وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن ئه‌م كۆمپانیایانه‌ بڕی (یه‌ك ملیار) دۆلار قه‌رزیان لای حكومه‌تی هه‌رێمه‌.
كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم ترسیان هەیە وەكو ئەوەی پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق كاری لەسەركردووە، گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەموار بكرێتەوەو لە گرێبەستی "شەراكەت"ەوە بكرێت بە گرێبەستی "خزمەتگوزاری"، بۆیە لە گفتوگۆكەی دوبەیدا نوێنەری ئەپیكور داوایكرد" مەرجە بازرگانییەكانی ئێستا وەك خۆیان بمێننەوە‌و گرێبەستەكانی پشكی بەرهەمهێنان كاریان پێبكرێت".
له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راوه‌ستاوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی نزیكه‌ی 80%ی داهاته‌كانی خۆی له‌ده‌ستداوه‌، راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وت هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵدا قایل بێت به‌وه‌ی پرۆسه‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی و داهاته‌كه‌شی راده‌ستی به‌غداد بكات ته‌نیا له‌پێناو ئه‌وه‌ی به‌شی خۆی له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق وه‌ربگرێت، ئێستا كه‌ توركیا ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ به‌ ره‌زامه‌ندی عێراق جارێكی تر پرۆسه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستپێبكاته‌وه‌، حكومه‌تی فیدراڵ ده‌یه‌وێت به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌، ناكۆكی چه‌ند ساڵه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی نه‌وته‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش له‌دۆخێكدا كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمدا نییه‌.
ئه‌م دانوستانه‌ی كه‌ له‌باره‌ی نه‌وته‌وه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یكات ته‌نیا تایبه‌ته‌ به‌و بابه‌تانه‌وه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا ناكۆكیان له‌سه‌ره‌، به‌ دیاریكراویش نرخی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ 2024دا دانوستانێكی گه‌وره‌تریشی كه‌ له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌ پرسی ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی یاسای نه‌وت و غازه‌، یاسایه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ عێراقی دوای سه‌ددامدا ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و غازدا یه‌كلاده‌كاته‌وه‌و، ده‌بێت به‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی یاسایش له‌به‌رده‌م دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ هه‌ر ناكۆكییه‌ك كه‌ له‌ داهاتوودا له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد سه‌باره‌ت به‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان دروست ببێت.

داهاتی نانه‌وتیی له‌دانوستاندا
چاودێری دارایی عێراق داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێمی كوردستانی بۆهه‌ر مانگێك به‌بڕی (230 ملیار) دینار دیاریكردووه‌، ئه‌م داهاته‌ بڕی (130 ملیار)ی وه‌كو داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان ئه‌ژماركراوه‌و بڕی (100 ملیار) دیناریشی وه‌كو داهاتی باج و رسومات و داهاتی ناوخۆیی تری هه‌رێم ئه‌ژماركراوه‌، به‌پێی یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ عێراق، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت رێژه‌ی 50%ی تێكڕای داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی خۆی بۆ حكومه‌تی فیدراڵ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌شه‌ بودجه‌ی خۆی له‌ عێراق وه‌ربگرێت، رێژه‌ی 50%ی تێكڕای داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی چاودێری دارایی عێراق خه‌مڵاندنی بۆ كردووه‌ بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (115 ملیار) دیناره‌و ده‌بێت هه‌رێم ئه‌م پاره‌یه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتیی عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه‌.
واتا مانگانه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم بڕی (65 ملیار) دیناری داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و بڕی (50 ملیار)  دیناری داهاته‌كانی ناوخۆ بداته‌وه‌ به‌ به‌غداد.

كه‌ی یاسای بودجه‌ هه‌موار ده‌كرێت
رۆژی 18ی ئۆكتۆبه‌ری 2023 وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و وه‌فدی حكومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق چوونه‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، لێره‌و هه‌ردوو حكومه‌ت گه‌یشته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای بودجه‌ی فیدراڵ، به‌جۆرێك موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق جیابكرێته‌وه‌و له‌ ململانێ سیاسییه‌كان دووربخرێته‌وه‌.
ئه‌م هه‌مواره‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وا رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرا بكه‌وێته‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2024ه‌وه‌، له‌ 14ی تشرینی دووه‌می 2023وه‌ په‌رله‌مانی عێراق كه‌ ده‌بوو یاسای بودجه‌ هه‌موار بكات، خۆی توشی قه‌یران هات، محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی له‌ پۆسته‌كه‌ی دورخرایه‌وه‌، ئیتر له‌وكاته‌وه‌ تائێستا پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه‌و په‌رله‌مان به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ناتوانێت هیچ دانیشتنێك بكات بۆ خوێندنه‌وه‌و په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاساكان، بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو (واته‌ 13ی ئه‌م مانگه‌) په‌رله‌مانی عێراق سه‌رۆكێكی نوێ بۆخۆی هه‌ڵبژێرێت و ده‌ست به‌ دانیشتنه‌كانی بكاته‌وه‌.
رۆژی سێ شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو (واته‌ رۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌) ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كۆبونه‌وه‌ی هه‌یه‌، بڕیاره‌ له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا ده‌نگ له‌سه‌ر ره‌شنوسی هه‌مواری یاسای بودجه‌ بدرێت و دواتر ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی، هه‌ڵبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دواتریش له‌ په‌رله‌مان گرفتی تری بۆ دروست نه‌بێت، پێشبینی ده‌كرێت له‌ دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا په‌سه‌ند بكرێت و چاره‌نوسی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

هه‌رێم بۆ موچه‌ی مانگی یه‌ك چی ده‌كات ؟
سه‌رباری ئه‌وه‌ی تا یه‌كلابوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی له‌باره‌ی یاسای بودجه‌، حكومه‌تی فیدراڵ كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو بڕی (2 ترلیۆن و 100 ملیار) دینار قه‌رزی به‌ حكومه‌تی هه‌رێم دا، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ و بۆ هه‌ر مانگێك بری (700 ملیار) دیناری بۆ دابینكردنی خه‌رجی موچه‌ له‌به‌رده‌ستدا بێت، به‌ڵام به‌م قه‌رزه‌شه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ سێ موچه‌ی قه‌رزی موچه‌خۆرانه‌وه‌ ماڵئاوایی له‌ ساڵی 2023 كرد.
ئێستا كه‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2024ه‌، حكومه‌تی هه‌رێم خه‌رجی موچه‌ی مانگی یه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه‌ بۆ دوو هه‌فته‌ی داهاتووش دوابكه‌وێت، حكومه‌تی هه‌رێم توانای دابینكردنی موچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی نابێت، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه،‌ پێشنیاز كراوه‌ له‌ دانیشتنی سێ شه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدا بڕیارێك په‌سه‌ندبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی (700 ملیار) دیناره‌كه‌ی ساڵی رابردووه‌، حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌م مانگه‌ش بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ حكومه‌تی هه‌رێم بنێرێت، به‌ڵام پاره‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ ناوی قه‌رزی لێ نه‌نرێت، به‌ڵكو وه‌كو سولفه‌یه‌ك بێت و‌ له‌به‌ر رۆشنایی خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دوای هه‌مواری یاسای بودجه‌ دیاری بكرێت.
به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵدا دیاریكراوه‌، خه‌رجی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان (موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران- خانه‌نشینان- پێشمه‌رگه‌)‌ به‌ تێكڕا بۆ ساڵێك بڕی (10 ترلیۆن و 867 ملیار) دیناره، واتا بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (906 ملیار) دینار ته‌رخانكراوه‌، ئه‌مه‌ش بڕی (7 ملیار) دینار كورتهێنانی بۆ خه‌رجی راسته‌قینه‌ی موچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌یه‌ (وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ده‌ڵی خه‌رجی مانگانه‌ی موچه‌ بڕی 913 ملیار دیناره‌)، به‌ڵام كورتهێنانه‌كه‌ زۆر نییه‌و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به‌ داهاتی ناوخۆ پڕی بكاته‌وه‌.  ‌‌

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand