ئەمریكا بودجەی پێشمەرگە كەمدەكاتەوە
2024-01-05 07:56:32
درەو:
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بودجەی تەرخانكراو بۆ پێشمەرگە كەمدەكاتەوە لە (20) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (15) ملیۆن دۆلار كە مانگانە بۆ پاڵپشتیكردنی موچەی (54) هەزار پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا دەڵێت: وەزارەتی پێشمەرگە چاكسازییەكانی وەك ئەوەی لە لێكتێگەیشتنی 2022 دا هاتووە جێبەجێ نەكردووە.
پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە:
كەمكردنەوەی بودجەی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریكایەوە لە كاتێكدایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لە لە قەیرانی داراییدایە، بەهۆی ناكۆكییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە ، ڕاوەستانی هەناردەی نەوت، خەرجی زیاتر لە ملیۆنێك پەنابەر و ئاوارە كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی پێشمەرگە كە بۆ (ئەلمۆنیتۆر) قسەی كردووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو بڕە پارەیەی كە مانگانە خەرجی دەكات بۆ پێدانی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە (20) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (15) ملیۆن دۆلار كەمكردووەتەوە. كەمكردنەوەكە لە كاتێكدایە كە گرژییە سیاسییە ناوخۆییەكانی نێوان پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی چاكسازیی پێشمەرگە.
یارمەتییەكەی ئەمریكا بۆ پاڵپشتیكردنی مووچەی نزیكەی (54) هەزار پێشمەرگە بەكاردەهێنرێت كە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن. (100) هەزار پێشمەرگەی دیكەش لەو یەكانەدا خزمەت دەكەن كە ڕاستەوخۆ سەربە پارتی و یەكێتین، نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر-ی ڕاگەیاندووە، بڕینی بوودجەكە لە مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ەوە كاری پێكردووە بەپێی ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی كە لە نێوان ئەمریكا و حكومەتی هەرێم واژۆكراوە. تا ئێستا بە ئاشكرا دان بە كەمكردنەوەكەدا نەنراوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: “هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ڕێكخستنەوەی كاروباری كارگێڕی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدان لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە.ئامانجی سەرەكیمان چەسپاندن و ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا”، نووسینگەی ڕاگەیاندنی پێشمەرگە وای وت
بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا بە مۆنیتەری ڕاگەیاندووە، بڕیاری كەمكردنەوەی یارمەتی مانگانە سیاسەتێكی فەرمیی نەبووە. بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە تا ئێستا پێوەرەكانی چاكسازی ناوخۆیی كە لە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەگەڵ واشنتۆندا هاتووە، جێبەجێ نەكردووە، دوو بەرپرسی ئەمریكی كە نەیانویست ناویان ئاشكرا بكرێت بە مۆنیتۆریان ڕاگەیاندووە.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند بەپێی یاداشتەكە، كەمتكردنەوەی یارمەتییەكان "بەردەوام دەبێت".
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: “بێگومان كەمكردنەوەی هاوكارییەكان كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پرۆسەی چاكسازی”.ئاماژەی بەوەشكردووە، “بەردەوام دەبین لە پرۆسەی چاكسازی بە ئامانجی دروستكردنی هێزێكی نیشتمانی سەركەوتوو.
بەمەرجی ئاشكرانەكردنی ناوی، بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە بە مۆنیتەری ڕاگەیاند، بڕینی یارمەتییەكان بەو مانایەیە كە "ئاسان نابێت" بۆ وەزارەتی پێشمەرگە مووچەی پێشمەرگەكانی ژێر فەرماندەیی خۆی دابین بكات.