Draw Media

بۆچی ئەردۆغان لە پێناوی ئیستانبوڵدا دەجەنگێت؟

بۆچی ئەردۆغان لە پێناوی ئیستانبوڵدا دەجەنگێت؟

2019-05-08 20:29:53


راپۆرتی: بی بی سی
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
چەند ساڵێك لەمەوبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا وتی ئەوەی ئیستانبوڵ كۆنترۆڵ بكات، حكومڕانی توركیا دەكاتن لێرەوە دەكرێت تێبگەین كە بۆچی ئەردۆغان لەدەستدانی سەرۆكایەتی  ئەو شارەی قبوڵنەكرد‌و رازی نەبوو بكەوێتە دەست نەیارەكەی. هەروەك چۆن ئیستانبوڵ ئەو گۆڕەپانەیە كە بۆ یەكەمجار ئەردۆغان تێیدا دەستی بە كاری سیاسی كردو ساڵی 1994 سەرۆكایەتی شارەوانی شارەكەی بردەوە.
لەگەڵ دەركەوتنی ئاماژەكانی سەركەوتنی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە"لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئیستانبوڵدا، ئەردۆغان گومانی خۆی بەرامبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە دەربڕی‌و باسی لە پێشێلكاریی و ساختەكاری كرد كە بەوتەی ئەو لەو پرۆسەیەدا روویداوە.
ئەردۆغان، 8ی نیسانی رابردوو رایگەیاند هەڵبژاردنەكان لە ئیستانبوڵ " پێشێلكاریی" بەرفراوانی تێدا كراوە بە شێوەیەكی " رێكخراو"، وتیشی:" هەر تەنها پێشێكاری نەكراوە بەڵكو سەرتاپای پرۆسەكە ساختەكاری و فیڵی تێداكراوە".
هاوكات لەگەڵ ئەوەدا ئەردۆغان داوایكرد جارێكی تر دەنگەكان ئەژماربكرێنەوەو لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانیش داواكارییەكەیان جێبەجێكرد، بەڵاك دوای دووبارە جیاكردنەوە‌و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان، ئەنجامەكان لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی ئەردۆغان( بن عەلی یەڵدرم) گۆڕانكارییان بەسەردا نەهات‌و دوای 17 رۆژ لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن 31ی ئازاری رابردوو سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ رادەستی كاندیدەكەی جەهەپە ( ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو) كرا.
" بەدەستهێنانی كاتی زیاتر"
ئیمام ئۆغڵو، حزبەكەی ئەردۆغانی بەوە تۆمەتباركرد، كە هەوڵدەدات لە رێگەی زیادكردنی تانەكانەوە كاتی زیاتر بەدەستبهێنێت بۆ سڕینەوەی ئەو پێشێلكارییانەی كە لە هەڵبژاردنەكاندا كراون، پارتەكەی ئەردۆغانیش پارتی داد‌و گەشەپێدان ( ئاكەپە) بەتوندی ئەوەی رەتكردەوە‌و عومەر چەلیك وتەبێژی ئەو حزبە ئەو تۆمەتانەی كاندیدەكەی جەهەپەی بە بانگەشەی بەتاڵ‌و ناڕاست وەسفكردو جەختیكردەوە كە حزبەكەی دوای دووبارە جیاكردنەوە‌و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەگرێت، ئەگەر لە بەرژەوەندیشی نەبێت.
بەڵام ئەوەی كە خاوەنی قسەی كۆتاییە لە توركیا ئەردۆغانەوە كەسی تر نیە، چاودێران‌و شەقامی توركیاش دەزانن ئەردۆغان سیاسەتمەدارێكی زیرەكەو بە ئاسانی ناگەڕێتە دواوە‌و نەفەسێكی دوورودرێژی هەیە‌و دوودڵ نابێت لە رووبەڕووبونەوەی نەیارەكانی و وا بە سانایی شكست‌و دۆڕان قبوڵ ناكات، لەبەرئەوەی لە ساڵی 2002ەوە كە حزبەكەی هاتوەتە سەر دەسەڵات ئەوە بەخۆیەوە نەبینیوە.
دوای ئەوەی ئیمام ئۆغڵۆ پۆستی سەرۆكایەتی شارەوانی وەرگرت، ئەردۆغان وتارێكی ئاشتیانەی گرتەبەرو داوای لە لایەنگرانی كرد قبوڵی بكەن‌و بۆ پێشەوە بڕوانن، بەڵام دواتر لەوە پاشگەزبوەوە و پەنای بۆ وروژاندنی دۆخەكە بردو ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئیستانبوڵی رەتكردەوە‌و چەندجارێك داوایكرد دووبارە بكرێتەوەو لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی خستە دۆخێكی قورسەوەو لەسەری پێویست بوو كە وەڵامی خواست‌و داواكارییەكەی ئەردۆغان ببێت‌و بڕیار لەسەر دووباركردنەوەی هەڵبژاردنەكە بدات، كەواتە بۆچی ئەردۆغان سورە لەسەر لەدەستنەدانی ئیستانبوڵ؟.
سەرچاوەی سامان‌و داهات
لەو كاتەوەی لە ساڵی 1994 ئەردۆغان سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵی بەدەستهێنا، ئەو شارە كەوتە دەست ئیسلامییە موحافیزكارەكان‌و لەدەستدانی زیانێكی زۆری هەیە، چونكە ئەو شارە پێگەیەكی ئابوریی‌و سیاسیی‌و مێژووییی هەیە لەلایە ئەردۆغان‌و لایەنگرانی.
لە رووی ئابورییەوە ئیستانبوڵ لە دڵی توركیا‌و بزوێنەری ئابوریی دادەنرێت‌و 31.2%ی كۆی داهاتی نەتەوەیی توركیا بەدەستدەهێنێت كە یەكسانە بە 851 ملیار دۆلار، بە گوێرەی داتاكانی  ساڵی 2017ی سەنتەری ئاماری توركیا و ژمارەی دانیشتوانەكەشی زیاتر لە 16 ملیۆن كەسە، بەڵام ئەنكەرەی پایتەخت تەنها 9%ی كۆی داهاتی نەتەوەیی بەرهەمدەهێنێت‌و تێكڕی داهاتی تاك لە ئیستانبوڵ بە هەمووو شارەكانی تر بەرزترەو دەگات زیاتر لە 65 هەزار لیرەی توركی بە گوێرەی ئاماری 2017، لە كاتێكدا تێكڕای داهاتی تاك لە ناوچەكانی باكوری كوردستان ( باشوووری خۆرهەڵاتی توركیا) لە 14 هەزار تێناپەڕێت.
هەروەها ئیستانبوڵ بە دڵی پیشەسازی لە توركیا دادەنرێت و 29%ی كۆی بەرهەمی پیشەسازی وڵات لەو شارە بەرهەمدەهێنرێت‌و بودجەی شارەوانی شارەكە ساڵی 2018 گەیشتە نزیكەی 10 ملیار دۆلار، بەو بڕە پارەیەش هاوتای بودجەی ساڵانەی وەزارەتی بەرگری توركیایە.
گرێبەستی قازانج بەخش
لەو كاتەوەی پارتی داد‌و گەشەپێدان( ئاكەپە) كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات ئیستانبوڵی كۆنترۆڵكردووە، گرێبەستە گەورە‌و پڕ قازانجەكان دەدرێت بەو كۆمپانیا‌و سەرمایەدارانەی كە لە حكومەتەوە نزیكن، بەوەش هەزاران لایەنگر‌و ئەندامی ئەو حزبە لەو كۆمپانیایانەدا كاریان بۆ رەخسێندرا، لەسەر ئەوەش رۆژنامەكانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام ئاكەپە تۆمەتباردەكەن بە وەرگرتنی بەرتیل لە بەخشینی ئەو گرێبەستانەدا، مەولود ئویساڵ سەرۆكی پێشووی شارەوانی ناوەڕاستی ساڵی رابردوو رایگەیاند كە شارەوانی ئیستانبوڵ‌و لقەكانی 80 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنن.
هەروەها بە گوێرەی  كەشفی دارایی خۆی ، شارەوانی ئیستانبوڵ هەتا ساڵی 2018 150 ملیۆن دۆلاری بەخشیوە بە رێكخراو‌و دامەزراوەكانی نزیك لە ئاكەپەو خانەوادەی ئەردۆغان و پرۆژە زەبەلاحەكانی ئیستانبوڵ كە بەهاكانیان چەندان ملیار دۆلارە، وەك فڕۆكەخانەی نوێی ئیستانبوڵ، پردی سێیەمی شارەكە دراون بە ئەو كۆمپانیایانەی كە لە ئەردۆغانەوە نزیكن، وەك كۆمپانیاكانی كالیۆن‌و كۆلین و لیماك، ئەوەش بەوتەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێت شاری ئیستانبوڵ هەمیشە بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ پارتەكەی ئەردۆغان‌و بەشێك لە بودجەكەشی دەڕوات بۆ ئەو كۆمپانیایانەی كە سەر بە ئەردۆغانن، پرۆژە زەبەلاحەكانیش دەدرێن بە كەسانی نزیك لە ئەردۆغان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand