كۆنە دۆستەكان لە دژی ئەردۆغان دەستبەكاردەبن
2019-05-11 12:33:58
راپۆرت: بی بی سی فارسی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
عەبدوڵا گویلو ئەحمەد داودئۆغلۆ كە رۆژگارێك هەردوكیان لە روخسارە دیارەكانی پارتی دەسەڵاتداربوون، رەخنەیان لە بڕیارەكەی دەستەی باڵای هەڵبژاردن گرت سەبارەت بە دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی لە ئیستانبوڵ.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیا دوای چەندین هەفتە، بڕیاریداوە جارێكی تر هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێتەوە، هەڵبژاردنێك كە كاندیدی نەیارانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا تێیدا سەركەوتوو بووە.
عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشووی توركیاو یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدانە، ئەحمەد داودئۆغلۆ-یش سەرۆك وەزیرانو وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەكەی بەڕێز ئەردۆغان بووە.
بەڕێز گویل رۆژی 7 ئایار لە تویتەری خۆی نوسی:" دوێنێ كە هەواڵی بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانم بیست، هەمان ئەو هەستەم بۆ دروستبوو كە ساڵی 2007 دوای بڕیارە نادادپەروەرانەكەی دادگای دەستوری لەدژم بۆم دروستبوو. جێگەی داخە پێشنەكەوتوین".
بەڕێز گویل باس لەو بڕیارەی دادگای دەستوری توركیا دەكات كە خەریك بوو ببێت بە رێگر لەبەردەمیدا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.
ئەحمەد داودئۆغلۆ-ش ناڕەزایەتییەكانی لەچوارچێوەی چەند تویتێكدا بڵاوكردەوەو نوسی:" گەورەترین شكست بۆ هەر بزوتنەوەیەكی سیاسی، دۆڕاندنی هەڵبژاردن نییە، لەدەستدانی زیاتری ئەخلاقییە لە ویژدانی گشتیدا".
بۆچی دۆستەكانی ئەردۆغان كەوتنە قسە ؟
ساڵی 2001 كە پارتی دادو گەشەپێدان دامەزرا، زیاتر لە بزوتنەوەیەكی سیاسی دەچوو وەك پارتێكی سیاسی. رێبەری ئەو بزوتنەوە سیاسییە رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو، بەڵام سیاسەتمەدارانی بەهەژمونو بەناوبانگی تر لە تەنیشت ئەو بوون، رەخساری وەكو عەبدوڵا گویل، بوڵنت ئارینچ، عەبدوللەتیف شنر، عەلی باباجان، ئەحمەد دادودئۆغلۆو یاشار یاكیش.
لەماوەی ئەو 17 ساڵەدا كە پارتی دادو گەشەپێدان دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە، ئەمانە هەمویان لە لوتكەی دەسەڵاتی حكومەتدا بوون، عەبدوڵا گویل لەماوەی ساڵانی 2007 بۆ 2014 سەرۆك كۆماری توركیا بووە. ئەحمەد داودئۆغلۆ تاوەكو ساڵی 2016 وەزیری دەرەوەو سەرۆك وەزیران بوو، باباجان زیاتر لە 12 ساڵ یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بوو بۆ كاروباری ئابوری، بوڵنت ئارینچ سەرۆكی پەرلەمان بوو.
ئەم گروپە چەند كەسییە رۆڵی جۆربەجۆریان هەبووە لە سیاسەتەكانی پارتی دادو گەشەپێدان لە دەیەی یەكەمی دەسەڵاتدارێتی ئەو پارتەدا، سەردەمێك كە بە باوەڕی زۆر كەس سەركەوتوترین سەردەمی حكومەتی بەڕێز ئەردۆغان بووە لەڕووی ئابورییەوە، هاوكات لەڕووی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەوروپاو پێگەی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا بەڕێز ئەردۆغان بە ئاڕاستەی دەسەڵاتخوازی رۆیشتووەو دۆستەكانی دوێنێی یەك لەدوای یەك لە بازنەی دەسەڵات كردوەتە دەرەوە. لەبارەی خاڵی ناكۆكی نێوان بەڕێز ئەردۆغانو دۆستەكانی دەتوانرێت ئاماژە بەم بابەتانە بكرێت:
• پشتگوێخستنی پرۆسەی چاكسازی ئابوریو دیموكراتی
• لاوازبوونی پەیوەندییە گرنگەكانی توركیا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەكاندا
• جەمسەرگیركردنی كەشوهەوای سیاسی لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارتی دادو گەشەپێدانەوە
• دواخستنی رێوشوێنەكانی چاككردنی پەیكەری ئابوری
ناكۆكی نێوان ئەردۆغانو دۆستەكانی پێشتری، دوای گۆڕینی سیستمی سیاسی توركیا بۆ سیستمێكی كۆماری، توندتر بووەوە، زۆرێك لە نەیارانی دەوڵەتی بەڕێز ئەردۆغان باوەڕیانوایە ئەم گۆڕانكارییە بنەماكانی دیموكراسی- لە نمونەی سەروەری یاساو جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی لەیەكتری، خستوەتە مەترسییەوە.
عەبدوڵا گویلو ئەحمەد داودئۆغلۆ بەمدواییانە توندتر بوون لە رەخنەگرتن لە سیاسەتەكانی بەڕێز ئەردۆغان، دواین نمونە كاردانەوەیان بوو بەرامبەر بە پوچەڵكردنەوەی هەڵبژاردنی خۆجێی ئیستانبوڵ، كە بە بڕوای ئەوان یەك هەنگاو توركیای لە دیكتاتۆریەتەوە نزیكتر كردوەتەوە.
ئەم رەخنەگرانە چی دەڵێن ؟
عەبدوڵا گویل ساڵی 2014 كە خولی سەرۆكایەتییەكەی تەواو بوو، زۆر بەهۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەیارێتیكردنی بەڕێز ئەردۆغاندا دەكرد، بەڵام ساڵی 2018 گەیشتە ئاستێك كە دەیویست لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا بەرامبەر بە بەڕێز ئەردۆغان راوەستێت، بە مەرجێك هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پشتیوانی لێبكەن.
بەڕێز گویل لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە گەیشتوەتە ئاستێكی توندترو هەڵوێستەكانی لەڕێگەی ئەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر (كە زیاتر لە هەشت ملیۆن فۆڵۆی هەیە) بڵاودەكاتەوە.
دواین تویتی ئەو (تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە) تایبەت بوو بە بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا كە هەڵبژاردنی خۆجێی ئیستانبوڵی هەڵوەشاندەوە، هەڵبژاردنێك كە تێیدا كاندیدی نەیاری بەڕێز ئەردۆغان سەركەوتو كۆتایی هێنا بە 25 ساڵ دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدان لە گەورەترین شاری توركیا.
ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوو لە عەبدوڵا گویل چالاكترەوەو لەسەر ئاستی گشتی ئامادەگییەكی زیاتری هەیە، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەكەی 31ی مارس كە بە شكستی پارتی دادو گەشەپێدان لە هەموو شارە گەورەكان كۆتایی هات، بەڕێز داودئۆغلۆ مەنیفێستێكی 15 لاپەڕەیی بڵاوكردەوەو تێیدا هۆشداری دا بە دۆستە حزبییەكانی پێشتری.
ئەو داوای لە ئەندامانی پارتەكەی كرد لەزوترین كاتدا سیستمی سیاسی بكەنەوە بە پەرلەمانیو سەربەخۆییو بێلایەنی بگێڕنەوە بۆ دەزگای دادوەریو پێداچونەوە بكەن بە سیاسەتی دەرەوەدا.
ناڕازییەكانی دەتوانن پارتێكی نوێ دروستبكەن ؟
هەواڵی نافەرمی زۆر بڵاوبونەتەوە لەبارەی ئەوەی كە هەندێك لە ئەندامانی پێشووی پارتی دادو گەشەپێدان دەیانەوێت پارتێكی سیاسی نوێ دروستبكەن، پێدەچێت لەئێستادا تەنیا دوو ئاڕاستە لەم بارودۆخەدا كارا بن، یەكەمیان ئاڕاستەی عەلی باباجان یاریدەدەری پێشووی سەرۆك وەزیرانو ئەندازیاری گەشەكردنی ئابوری توركیا لەژێر چاودێری عەبدوڵا گویلدا، ئەوی تر ئاڕاستەی ئەحمەد داودئۆغلۆیە كە بەپێی هەندێك دەنگۆ دەیەوێت بچێتە پاڵ عەلی باباجان، بەڵام روبەڕووی ناڕەزایەتی عەبدوڵا گویل بوەتەوە.
دەوترێت پارتێكی نوێ لەسەر رێگایەو پێدەچێت راگەیاندنی پارتەكە بكەوێتە كاتێكەوە كە بە تێڕوانینی دامەزرێنەرەكانی، بارودۆخی سیاسی یارمەتیدەر بێت بۆ دروستكردنی پارتێكی نوێ.
كاردانەوەی پارتی دادو گەشەپێدان چییە ؟
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدان بە وردی چاودێری جموجوڵی دۆستەكانی پێشتری دەكات، ئەو بەمدواییە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی خۆی تۆمەتباركرد بەوەی خیانەتی لە ئامانجەكانی پارتی دادو گەشەپێدان كردووە، بەڵام ناوی ئەو كەسەی ئاشكرانەكرد.
هەندێك لە بەرپرسی پلە مامناوەندی پارتی دادو گەشەپێدانو هەندێك لە میدیاكانی سەربە دەوڵەت، بەجۆرێك رەخنە لە عەبدوڵا گویلو عەلی باباجانو ئەحمەد داودئۆغلۆ دەگرن، گومانی تێدا نییە ئەگەر ئەو كەسانە پارتێكی نوێ دروستبكەن، هەڵمەتی میدیاو دەسەڵاتدارانی پارتی دادو گەشەپێدان بۆسەریان توندتر دەبێتەوە.
پارتی نوێ چ گۆڕانكارییەك لە شانۆی سیاسیدا دەكات ؟
هیچ راپرسییەكی باوەڕپێكراو لەبەردەستدا نییەو نازانرێت خەڵك تا چ ئاستێك پشتیوانی پارتی سیاسی نوێ دەكەن، بەتایبەتیش كەسانێك كە ساڵانێكە دەنگ بۆ پارتی دادو گەشەپێدان دەدەن.
لەدواین هەڵبژاردنی خۆجێیدا، پارتی دادو گەشەپێدان 44%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، سەرباری ئەو پاشەكشێ كەمەی كە لەدەنگەكانیدا رویدا، بەڵام هێشتا پارتی یەكەمە لە توركیا. ئیئتیلافەكەی بەڕێز ئەردۆغان لەگەڵ بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست هێشتا بەهێزە، ئیئتیلافێك كە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری 2018دا زیاتر لە نیوەی دەنگەكانی بەدەستهێنا.
هەندێك لە چاودێران لەو بڕوایەدان پارتێك كە عەلی باباجانو عەبدوڵا گویل دروستی بكەن، پێدەچێت هەندێك لە پەرلەمانتارەكانی پارتی دادو گەشەپێدان لە پەرلەمان بەلای خۆیدا كێش بكات، ئەمەش زۆرینەی پارتی دەسەڵاتدار لە پەرلەمان دەخات مەترسییەوە.
بەڵام وا دێتە پێش چاو ئامانجی سەرەكی باباجانو گویل، هەڵبژاردنی پەرلەمانیو سەرۆكایەتی كۆماری داهاتووە، كە ئەگەر بەشێوەی پێشوەخت بەڕێوەنەچێت، دەكەوێتە یۆنیۆی 2023ەوە.