Draw Media

رۆژووگرتن لە شارستانییەت‌و ئایینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا

رۆژووگرتن لە شارستانییەت‌و ئایینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا

2019-05-07 13:08:16


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
هەرچەندە رۆژووگرتن یەكێكە لە پێنج بنەما سەرەكییەكەی ئاینی ئیسلام، بەڵام مێژوویەكی زۆر كۆنی هەیە‌و دەگەڕێتەوە  بۆ هەزاران ساڵ پێش دەركەوتنی ئیسلام‌و رۆژووگرتن لە زۆربەی ئاینەكانی تریشدا هەیە.
رۆژووگرتن بە ئامانجی نزیكبوونەوە لە خودا‌و بەدەستهێنانی رەزامەندی، لەلای فیرعەونەكان‌و گریكەكان‌و زەردەشتییەكان‌و ئاینی جولەكە‌و مەسیحیش پەیڕەوكراوە.
فیرعەونەكان( میسرییە كۆنەكان)
میسرییە كۆنەكان چەندین سروت‌و مەراسیمی ئاینییان ئەنجامداوە, بە ئامانجی نزیكبونەوە لە خوداوەند‌و بەدەستهێنانی رەزامەندیی، چەندین جەژنیشیان هەبووە وەك جەژنی بەهار، جەژنی دروێنە‌و جەژنی وەفاداری بۆ نیل و ئامانج لەم جەژنانەش پاكبوونەوەی دەرونیان بووە لە‌و تاوان‌و هەڵانەی كە رەنگە  توڕەیی خوداوەندی لێكەوتبێتەوە و بەوەش لەسەریان پێویست بووە داوای لێخۆشبوون لە خوداوەند بكەن بۆئەوەی بە نیعمەت‌و بەرەكاتەكانی شادببن.
رۆژووگرتن لەلای فیرعەونەكان لە هەڵهاتنی خۆرەوە دەستیپێكردووە تا خۆرئاوابوون، ماوەی رۆژووگرتنیان لە سێ‌ رۆژەوە تا 70 رۆژ بووەو تێیدا خۆیان لە خواردن‌و خواردنەوە‌و جوتبوون گرتوەتەوە.
ئەو كەسەشی ویستبێتی ببێتە خزمەتگوزاری پەرستگایەك لەسەری پێویست بووە حەوت رۆژ لەسەر یەك بەبێ‌ خواردنەوەی ئاو بەرۆژووبێت، جۆرێكی تریش لە رۆژووگرتن هەبووە كە ماوەكەی 70 رۆژ بووە‌و تێیدا رێگە بە خواردنی هیچ خۆراكێك نەدراوە جگە لە سەوزە‌و ئاو.
یەكێك لە جەژنەكانی فیرعەونەكان، جەژنی ( وەفاداری بۆ نیل)ە، كە دەكەوتە ئەو كاتەی بارانێكی زۆر دەباری‌و ئاوی رووباری نیل  بەرزدەبوەوە كە ئەو ئاوە سەرچاوەی ژیانی خۆیان‌و گیاندارەكانیان و كشتوكاڵیان بووە‌و  لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا بەرهەم دەهاتن، هەروەها جەژنی رۆژوو هەبووە كە تایبەتكرابوو بە رازیكردنی رۆحی ئەو مردوانەیان كە بێبەشببوون لە خواردن.
ئاینی زەدەشتی‌و ئێزدیی
ئاینی زەردەشتی زیاتر لە سێ‌ هەزار ساڵ لە وڵاتی فارس‌و دەوروبەری بەربڵاوبووە، بەڵام ئێستا پەیڕەوكارانی ئەو ئاینە لە هەرێمی كوردستان، عێراق، سوریا، توركیا، ئێران، هیندستان، ئەفغانستان، ئازەربایجان‌و چەند ناوچەیەكی تر نیشتەجێن.
رۆژووگرتن لە ئاینی زەردەشتیدا حەرامبووە، چونكە وزەی مرۆڤ بۆ كاركردن كەمدەكاتەوە، هەروەها لەبەر مەترسی توشبووون بە نەخۆشی‌و كاریگەری نەرێنی بۆسەر كۆمەڵگە.
بە پێچەوانەی ئاینی زەردەشتییەوە، رۆژووگرتن لە ئاینی ئێزدییدا پیرۆزە‌و ماوەكەی سێ‌ رۆژە‌و رۆژی سێشەممە دەستپێدەكات‌و رۆژی پێنج شەممە كۆتایی دێت بە گوێرەی رۆژژمێری خۆیان، رۆژژمێری ئێزدیی 13 رۆژ لە دوای رۆژژمێری زاینی خۆرئاواییەوەیە.
رۆژووگرتن لە ئاینی ئێزدییدا بە خۆگرتنەوە لە خواردن لە هەڵهاتنی خۆرەوە دەستپێدەكات‌و دوای خۆرئاوابوون رۆژوو دەشكێنن، بەڵام پیاوە ئاینییە كۆنەكانیان بۆ ماوەی سێ‌ رۆژی لەسەر یەك بەرۆژوو دەبوون و رۆژوەكەیان نەدەشكاند هەتا رۆژی جەژن كە بە " جەژنی ئیزی" ناودەبرێت.
رۆژووگرتن لای ئێزدییەكان دوو جۆرە، رۆژووی خەڵكی گشتی‌و رۆژووی دەستەبژێر( پیاوانی ئاینی) و منداڵان‌و نەخۆش‌و ئەو كەسانەی كە عەقڵیان تەواونییە لە رۆژووگرتن بەخشراون.
رۆژووی دەستەبژێر، كە پیاوانی ئاینی‌و هەندێك لە چینی فەقیر كە نەزریان كردووە پێوەی پابەند دەبن و بەزۆری شەش رۆژی ساڵ دەخایەنێت‌و هەردوو چلەی زستان‌و هاوین لەخۆدەگرێت‌و ئارەزوو مەندانەیە‌و خەڵكی گشتی پێوەی پابەند نابن تەنها ئەوانە نەبێت كە دەیانەوێت بە خودا پەرستی زیاتر خۆیان لە خوا نزیكبكەنەوە.
هەروەها جۆرێكی تر لە رۆژووگرتن هەیە كە پێی دەوترێت " رۆژووی خودان" ئەوەش تایبەت بە ئەولیاكان و پیاوچاكان‌و هەركەسێك لە خەڵكی گشتی كە خۆی بیەوێت.
رۆژووگرتن لە ئاینی جولەكەدا
هەرچەندە كە ئاین‌و بیروباوەڕە ئاینییەكان بۆ هەزاران ساڵ پێش زایین دەگەڕێنەوە، بەڵام زۆرینەی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دان بە سێ‌ ئاینی سەرەكیدا دەنێن كە بە " ئاینە ئاسمانییەكان یان ئیبراهیمییەكان" ناسراون.
ئاینی جولەكە بە یەكەمینی ئاینی ئاینە ئیبراهیمییەكان دادەنرێت، بە گوێرەی كتێبی ئاسمانی ئەو ئاینە كە " تەورات"ە پێویستە تەنها لە رۆژی كیپور ( تەوبەكردن) دا رۆژوو بگیرێت، ئەو رۆژەكەی كە پێغەمبەر موسا بەخۆی‌و پەڕاوەكانی شەریعەتەوە بۆ دووەمجار لە سینا دابەزی‌و رایگەیاند كە خودا لە هەڵەی جولەكەكان ( پەرستنی گوێرەكەی ئاڵتونی) خۆشبووە.
 رۆژی كیپور 26 كاتژمێر دەخایەنێت‌و بە پیرۆزترین رۆژی جەژن‌و مەراسیمە ئاینییەكانی جولەكە دادەنرێت‌و لەم رۆژەدا لە ئیسرائیل رادیۆ تەلەفزیۆنەكان پەخشیان رادەگرن، هەروەها جوڵەی ئۆتۆمبیل رادەگیرێت‌و ژنان واز لە چێشتلێنان و هەموو كارێكی ناوماڵ دەهێنن.
هەروەها لەم رۆژەدا جولەكەكان لە هەموو خۆشییەكانی ژیان‌و كارەكانی دنیا دووردەكەونەوە‌و خۆیان بۆ پەرستن‌و لێپرسینەوە لە خود تەرخاندەكەن‌و خەڵك لەگەڵ خۆرئاوابووندا بەڕۆژوودەبن هەتا هاتنی تاریكی رۆژی دواتر، بۆئەوەی لە خودا نزیك ببنەوە‌و لە هەڵەو تاوانەكانیان خۆشببێت.
بەشێك لەو جولەكانەی كە زۆر ئیماندارن پێش دەستپێكردنی رۆژووگرتن, دەچن بۆ دیواری بوراق لە باشووری مزگەوتی ئەقسا بۆ نوێژكردن, هەروەها جولەكەكان چەند بنەمایەكی تریش پەیڕەودەكەن، لەوانە رۆژوونەگرتن لە رۆژانی شەممە یان لە رۆژانی فێستیڤاڵ‌و مەراسیمە ئاینییەكاندا، بەڵام رۆژی كیپۆر بەدەركراوە لەم بنەمایانە، هەروەها جولەكەكان لە مانگی نیسانیشدا رۆژوو ناگرن‌و نەخۆش‌و ئافرەتانی سكپڕیش لە رۆژووگرتن بەخشراون.
بە گوێرەی لێكدانەوەی نوێ بۆ ئاینی جولەكە، حاخامەكان، مامۆستایان، كارمەندانی ئاسایش‌و لێپرسراوان‌و بڕیاربەدەستدان نابێت بەرۆژووبن بۆئەوەی كاریگەری بۆسەر ئەركەكانیان نەبێت.
هەروەها جۆرێكی تر رۆژووگرتن هەیە لە ئاینی جولەكەدا كە ئەمەیان ئارەزوومەندانەیە‌و ئەو كەسانە بەرۆژوودەبن كە دەیانەوێت بە ئامانجێك بگەن، یان دەخوازن خودا لە تاوانەكانیان خۆشببێت, یان وەك سوپاسگوزارییەك لەبەرامبەر ئەو نیعمەتانەی خودا پێی بەخشیون.
رۆژوو لە ئاینی مەسیحییدا
رۆژووگرتن لە ئاینی مەسیحیدا هاوشێوەی ئاینەكانی پێشووی، ئامانج لێی نزیكبوونەوەیە لە خودا‌و داواكردنی لێخۆشبوون‌و بۆ بەدیهێنانی ئاوات‌و ئامانجەكان و باوەڕبوونە بە رۆژی لێپرسینەوە.
بە گوێرەی كتێبی دانیال:" كەسی مەسیحیی  بەرۆژوودەبێت لەبەر خۆشەویستی خودا‌و ئارەزوو بۆ نزیكبوونەوە لێی‌و ملكەچی و گوێڕایەڵی بۆی".
رۆژووگرتن لەلای مەسیحییەكان پێگەیەی گەورەی هەیە، چونكە پەیوەستە بە رۆحی خودا‌و پابەندبوون بە رێنماییەكانی مەسیح لە رۆژی دروستبووونیەوە تا دەركەوتنەوەی دووەمی وەك بەڵگەیەك بۆ باوەڕ پێی.
ئینجیل كاتێك یان مانگێكی دیاریكراوی بۆ رۆژووگرتن دیارینەكردووە، بەڵكو هەموو تایەفەیەك یان كڵێسایەك وادەیەك بۆ پەیڕەوكارانی دیاریدەكات بۆئەوەی تێیدا بەڕۆژووبن، شێوازێك یان كاتێكی دیاریكراو نیە كە مەسیحییەكانی جیهان لە رۆژووگرتندا پابەندی بن، بەڵكو جیاوازی زۆر لە نێوان مەسیحییەكاندا هەیە لەو بوارەدا، كڵێساكان 40 رۆژ پێش جەژنی هەساتانەوە ( قیامە) وادەی رۆژووگرتن دیاریدەكەن بە گوێرەی نەریتەكانی هەر كڵێسایەك.
مەسیحییەكان لەكاتی رۆژووگرتندا لە رۆژێكدا لانی كەم بۆماوەی 12 كاتژمێر خۆیان لە خواردن دەگرنەوە‌و هەمیشە لە سەرەتای رۆژدا دەستپێدەكات هەتا ئەو 12 كاتژمێرە تەواودەبێت، ئەمەش بنەمایەكی جێگیر نییە‌و مەسیحیی هەیە كاتێكی درێژتر بەڕۆژوودەبێت.
رۆژووگرتن لە ئیسلامدا
رۆژووگرتن لە ئیسلامدا فەرزە‌و یەكێكە لە پێنج بنەما سەرەكییەكەی ئاینی ئیسلام، دەكەوێتە مانگی رەمەزانی هەموو ساڵێكەوە.
رۆژووگرتن لە ئیسلامدا بریتیە لە خۆگرتنەوە لە خواردن‌وخواردنەوە‌و هەموو كردوەیەكی خراپ بۆ خودی كەسەكەو كەسانی تر، ئەوەش بە ئامانجی نزیكبوونەوە لە خودا‌و بەدەستهێنانی چاكە‌و حەسەنات‌و پاككردنەوەی دروون لە تاوان.
مانگی رەمەزان لای موسوڵمانان، مانگی خوداپەرستی‌و نوێژ‌و دوعاو خوێندنی قورئانە، موسڵمانان دوای بینینی مانگی رەمەزان دەستدەكەن بە رۆژووگرتن ‌و بەزۆری 30 رۆژ دەخایەنێت‌و پاشان جەژنی رەمەزان دێت كە سێ‌ رۆژە‌و رۆژووگرتن تێیدا حەرامە، ئەو موسوڵمانانەشی كە بەهۆكاری تەندروستی رێگەپێدراو نەیانتوانیوە هەموو مانگەكە  بەرۆژووبن, دەتوانن دوای جەژنی رەمەزان قەرەبووی بكەنەوە لە هەر رۆژێكدا كە بۆیان دەگونجێت, جگە لە مانگی رەمەزان موسوڵمانان لە چەندین بۆنەی تریشدا بەڕۆژوودەبن.
لە جەژنی رەمەزانیشدا موسوڵمانان سەردانی یەكتر دەكەن‌و پیرۆزبایی لە یەكتردەكەن‌و ئەو كەسانەشی كە لە یەكتر نیگەران بووبن ئاشتدەبنەوە‌و لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوانیان هەڵدەدەنەوە.
راپۆرتی: بی بی سی 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand