ئەنجومەنی ئاسایش لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەتو هەرێمدا
2019-05-04 11:08:57
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ
مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دەیەوێت لەگەڵ خۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەرێتو نێچیرڤان بارزانیش دەیەوێت ئەو دامەزراوەیە وەك چۆن پێشتر سەربە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە هەروا بمێنێتەوە، ئەمەش بەشێك لە ناكۆكییەكان بووە كە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی دواخستووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێدا گۆڕانكاری لە پۆستەكانیدا دەكرێتو بزوتنەوەی گۆڕانیش بە پێی رێككەوتنی چونە حكومەت پشكی دەبێت لەو دامەزراوەیەدا.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان, بەپێی یاسای ژمارە ( 4)ی ساڵی 2011 ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق پێكهاتووەو راوێژكارەكەی تائێستا مەسرور بارزانییە.
ئەم دامەزراوەیە لە دامەزراندنیەوە بەستراوەتەوە بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوەو راوێژكارەكەی پلەی وەزیری هەیە, هەروەك لە بڕگەی یەكەم مادەی دووەمی ژمارە ( 4)ی سالی 2011 ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراقدا هاتووە" ئەنجومەنێك بەناوی ( ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) دادەمەزرێتو بەسەرۆكی هەرێمەوە گرێدەدرێت".
هۆكاری بەستنەوەی ئەو دامەزراوەیە بە سەرۆكی هەرێمەوە، پەیوەست بوو بە خودی مەسرور بارزانییەوە كە رازی نەبوو دامەزراوەكەی بچێتە ژێر دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەربۆیە لە بڕگەی یەكەمی مادەی چوارەمدا هاتووە" ئەنجومەنی ئاسایش راوێژكارێكی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێنرێت"
پێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم
لە بڕگەی یەكەم مادەی دووەمی یاسای ژمارە ( 4)ی ساڵی 2011 ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا ئەنجومەنەكە پێكدێت لە:
- دەزگای ئاسایشی هەرێم
- بەرێوەبەری هەواڵگری سەربازی
- ئاژانسی پاراستنو زانیاری
بەهۆی دابەشبوونی دەزگاو هێزە ئەمنییەكان بەسەر یەكێتیو پارتیدا, هەر یەك لەو دامەزراوانە دوو ئەندامیان هەبووە یەكێكیان یەكێتی و ئەویتریان پارتی، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پێكهاتوون لە :
- راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان / مەسرور بارزانی
- سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان / د. خەسرەو گوڵ محەمەد
- سەرۆكی دەزگای پاراستنو زانیاری- زانیاری / لاهور شێخ جەنگی
- سەرۆكی دەزگای پاراستن و زانیاری- پاراستن/ نەزهەت حالی
- سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 70ی یەكێتی
- سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 80ی پارتی
لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا ئەم ئەنجومەنە بەهۆی ناكۆكیەكانیەوە كۆنەبوەتەوەو هەماهەنگی تەواوەتی لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا نیە.
ئەنجومەنی ئاسایش بە ژمارە
بەپێی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان، ژمارەی كارمەندانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ( 6 هەزار و 476 ) كارمەندەو بودجەكەشی ( 344 ملیارو 630 ملیۆن ) دینارە.
هەربە بەپێی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارەی كارمەندانی ( 31 هەزارو 421 ) و بودجەكەشی ( 487 ملیارو 443 ملیۆن ) دینار بووە.
بەڵام لەدوای ساڵی 2013 ەوە تا ئێستا بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە نازانرێت بودجەی ئەو دەزگایانە چەندەو چۆن خەرجدەكرێت.
چارەنووسی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم
ئێستاو لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چارەنووسی ئەنجومەنی ئاسایش ناڕوونەو نازانرێت مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆی دامەزراوەكەش دەباتە ناو حكومەتی هەرێمەوە یاخود وەك خۆی دەمێنێتەوەو دەكەوێتە ژێر دەستی نێچرڤان بارزانی؟.
بە كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، جموجوڵی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا دەستیپێكرد، مەسرور بارزانی كە دەبێتە سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت، شوێنەكەی خۆی وەكو (راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) چۆڵ دەكات، پڕكردنەوەی ئەم پۆستەش كێشەیەكی تر بۆ پارتی دروستدەكات.
بەپێی زانیارییەكان بڕیارە (وەیسی مەسعود بارزانی) بكرێت بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەپێی یاسا، ئەم پۆستە پلەكەی وەزیرەو سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، مەسرور بارزانی كە خۆی كەسایەتی ئەمنیی ژمارەیەكی پارتی بووە، نایەوێت لەداهاتوودا جڵەوی ئەو دۆسیەیە لەرێگەی یاساوە بكەوێتە دەستی نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم، بۆیە تا ئێستا روون نیە كە ئایا مەسرور بارزانی رازی بووە لەبەرامبەر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەو دەزگا ئەمنییە هەستیارە رادەستی نێچیرڤان بارزانی بكات، یاخود فێڵێكی یاسایی بۆ دەدۆزێتەوە بۆئەوەی جڵەوی سەرۆكایەتیەكەی هەر لای خۆی بمێنێتەوە، چونكە ئەو دامەزراوەیە لە داهاتوودا گۆڕانكاری تیادا دەكرێت و پۆستەكانی ناو ئەو دامەزراوەیە دابەشدەكرێنەوەو بزوتنەوەی گۆڕانیش پشكی دەبێت لەناو ئەو دامەزراوەیەدا، كە دەوترێت بەشێك لە ناكۆكییەكانی دواكەوتنی حكومەت بۆ رێكنەكەوتنی نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دامەزراوەیە.