بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوان چی دەگەیەنێت؟
2019-05-02 11:51:51
وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ
جارێكی تر سەرلەنوێ بیرۆكەی پۆلێنكردنیرێكخراوی ئیخوان موسلمین وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لە لایەن ئەمریكاوە سەریهەڵدایەوە، ئەوەش دوای لێدوانەكانی سارە ساندەرز, وتەبێژی كۆشكی سپی كە رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئەو پرسە تاوتوێدەكات.
ساندەرز ئاشكراشیكرد، ترەمپ ئەو پرسە لە نێو تیمەكەی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تاوتوێدەكات، هەروەك چۆن لەگەڵ سەركردەی ئەو وڵاتانەشدا گفتوگۆی لە بارەیەوە كردووە كە هەمان نیگەرانی ئەویان بەرامبەر ئیخوان موسلمین هەیە.
رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز" یەكەمین میدیابوو كە ئەو هەواڵەی گواستەوە, رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەداوە ئیدارەی ترەمپ, جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییو ژمارەیەك دیپلۆماتكارێكی تری راسپاردووە چەند رێگایەك پێشنیازبكەن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو رێكخراوەدا.
ئەم پەرەسەندنە لە دوای كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپو عەبدولفەتاح سیسی هات كە نۆی ئەم مانگە ئەنجامدرا، بەڵام گفتوگۆ دەربارەی پۆلێنكردنی ئیخوان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی، بابەتێكی نوێ نیە، ترەمپ ساڵی 2016 لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا خستیەڕوو، هەروەها جارێكی تر لە دوای هەڵبژاردنەكانو لە ساڵی 2017 گفتوگۆی لێكرایەوە, لەلایەن چەند ئەندامێكی حكومەتەكەی ترەمپەوە، ئەوەش بەوتەی وەلید فارس راوێژكاری پێشووی كەمپەینی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ كە قسەی بۆ كەناڵی " ئەلحوڕە " كردووە.
ئیدارەی ترەمپ ئیخوان دەخاتە لیستی رێكخراوی تیرۆریستییەكانەوە؟
وەلید فارس, راوێژكاری پێشووی كەمپەینی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆن بۆڵتۆن، هەروەها مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە هاوڕان لەسەر ئەوەی ئیخوان بخرێتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە.
بەڵام بە باوەڕی وەلید فارس، ناساندنی ئیخوان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی رووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە لەلایەن " بەشێك لە بیرۆكراتی" نێو ئیدارەكەی ترەمپەوە لەبەر چەند هۆكارێكی جیاواز، لەوانە زەحمەتی پۆلێنكردنی ئەو رێكخراوە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی, چونكە رێكخراوێكی بەرفراوانو نێودەوڵەتییەو" بەشێك لەو رێكخراوە تێوەگلاوە لە كارو رێكخراوی جیهادییە, دەكرێت بسەلمێندرێت، بەڵام بەشێكی تریش لە كەسایەتییەكانی ئەندامن لە حزبە سیاسییەكاندا".
ئەو راوێژكارەی پێشووی كەمپەینی ترەمپ ئاماژە بۆئەوەشدەكات كە " پاشماوەی ئۆباما" ش لە ئیدارەی ئەمریكیدا دژایەتی دەكەنو ئەوان بیروبۆچونیان بەجۆرێكە كە دەتوانرێت ئیخوان لەدژی ئیسلامییە زیاتر توندڕەوەكاندا بەكاربهێنرێت، بەڵام ئەو دیدو بۆچوونەوە لەگەڵ كاتدا نەماوەو وەلید فارس جەختدەكاتەوە بڕیارەكە ئەگەر بدرێت لەناو چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا دەدرێت.
بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوان چی دەگەیەنێت؟
لە كاتێكدا ئەگەر واشنتۆن ئیخوانی خستە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە, ئەوا دەستبەجێ دەبێتە ئامانجی سزاو كۆتو بەندەكانی ئەمریكا لە ناویشیاندا قەدەغەكردنی گەشتو كۆتو بەندەكانی سەر چالاكی ئابوریی.
هەروەها ئەو بڕیارە هاوكاریكردنی مادی رێكخراوەكە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بە تاوان دادەنێتو هەموو مامەڵكردنێكی بانكیو دارایی لەگەڵ ئەو رێكخراوەدا قەدەغەدەكات، جگە لەوەی رێگە بەو كەسانە نادرێت بێنە ئەمریكاوە كە پەیوەندیان لەگەڵ ئیخواندا هەیەو ئاسانكاریش دەكات بۆ دیپۆرتكردنەوەی ئەو كۆچبەرانەی كە كار بۆ ئیخوانو بەرژەوەندی ئەو رێكخراوە دەكەن.
رێكخراوی ئیخوان موسلمین كە ساڵی 1928 لەلایەن حەسەن بەنناوە لە میسر دامەزرێندراوە، دەوڵەتانی وەك روسیاو میسر و ئیمارات بە رێكخراوێكی تیرۆیستیان داناوەو مامەڵەكردنیان لەگەڵیدا بە تاوان داناوە.
تۆم حەرب، ئەندامی گروپی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی پاڵپشتی دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی كەناڵی " ئەلحوڕە" دەڵێت ئەگەر بڕیارەكە بدرێت، ئەوا گورزێكی كوشندە دەبێت نەك بۆ ئیخوان بە تەنها بەڵكو بۆ هەموو جوڵانەوەو دامەزراوەكانی سەر بەو رێكخراوە.
حەرب باوەڕیشی وایە كە بڕیاری پۆلێنكردنی ئیخوان موسلمین وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی چالاكیو رۆڵی ئابوریی ئەو رێكخراوە ناهێڵێت.
بڕیارەكە چی لێدەكەوێتەوە؟
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرایكردووەپێشنیازێك لە نێو ئیدارەی ئەمریكادا كراوە بۆئەوەی تەنها لقی میسری ئیخوان موسلمین بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، بۆئەوەی ئەمریكا خۆی بەدووربگرێت لە روودانی كێشەی دیپلۆماتی لەگەڵ وڵاتی تردا كە ئەو رێكخراوە بە تیرۆریست دانانێن.
بەڵام كیلیان كونوای راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: ئیدارەی ئەمریكا هیچ مەترسییەكی دەربارەی كێشەی دیپلۆماتیو سیاسی نیە كە لە ئەنجامی بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوانەوە سەرهەڵبدات.
هەروەها تۆنی بەدران، توێژەر لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەكان لە واشنتۆن دەڵێت:" ئەگەر بڕیارەكە بەشێوەیەكی گشتگیر بەسەر ئیخوان موسلمین یان لقێكی دیاریكراویدا پیادەبكرێت، ئەوا كێشەو ئاستەنگی لێدەكەوێتەوە".
بەدران دەشڵێت:" جیاوازی هەیە لە نێوان لقەكانی رێكخراوی ئیخوان موسلمین لە جیهاندا، لە غەززە گروپگەلێكی تیرۆریستی هەن پەیوەندییان بە پارەداركردنی تیرۆرەوە هەیە وەك بزوتنەوەی حەماس، بەڵام لە شوێنی تر قورسە پێناسەی یاسایی تیرۆر بەسەر لقەكانی ئیخواندا بسەپێنرێت".
عەبدولڕەحمان یوسف، رۆژنامەنوسی شارەزا لە بزوتنەوەو جوڵانەوە ئیسلامییەكانیش دەڵێت: دەرەنجامەكانی ئەو جۆرە بڕیارە لەوانەیە چەند ئەندامێكی رێكخراوەكەش بگرێتەوە كە لێی دووركەوتونەتەوە، چونكە هەندێك دەوڵەتی عەرەبی هێشتا ئەو كەسانە وەك ئەندامی سەر بە ئیخوان هەژماردەكەن".
ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژە بەوەشدەكات كە ژمارەیەكی زۆر كەس هەن لەسەر ئیخوان ئەژماردەكرێنو لە هەندێك وڵاتی عەرەبیدا لە پۆستی گشتیدان.